مارس 08, 2026 Omer ئهنفال, وتار 0
“حەجاج لە ئۆرشەلیمی کوردستان!”
ئیبراهیم سادق مەلازادە

دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردە نازییەکان بەناوی ئەدۆلف ئایشمان لە ئەرجەنتین لەلایەن تیمێکی ئەمنیی تایبەتی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی بۆ قودس “ئۆرشەلیم”، بۆ دادگاییکردنی، حەنا ئارێنت ڕاپۆرتێکی لەسەر دادگاییکردنی ئایشمان نوسی بەناوی “ئایشمان لە ئۆرشەلیم: ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بێبایەخیی شەڕ یان “بێبایەخی خراپە” ” (Eichmann in Jerusalem: A Report on the Banality of Evil) ئامادەکرد، کە یەکێکە لە کاریگەرترین و پڕ مشتومڕترین بەرهەمەکانی خانمی بیرمەند حەنا ئارێنت.ئەوەی حەنا ئارێنت نوسیویەتی، تەنها گێڕانەوەیەک نییە بۆ دادگاییکردنی ئەدۆڵف ئایشمان، کە یەکێک بوو لە ئەندازیارانی هۆلۆکۆست و جێبەجێکارێکی دڵڕەق و کەسێکی سادی خوێنسارد، بەڵکو گەشتێکی فەلسەفی و کۆمەڵناسانەیە بۆ ناو قوڵایی دەروونی مرۆڤ و سروشتی تاوان. دیوە هاوشێوەکانی گەڕاندنەوەی ئایشمان لەگەڵ حەجاج، زۆرن، بەڵام یەک جیاوازی گەورە لەنێوانییاندا هەیە. ئەویش دوای داڕمانی ئەڵمانیای نازی، جووەکان بەڕێبەرێتی بزووتنەوەی زایۆنیزم دەبن بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و ئایشمانیش دەگەڕێننەوە بۆ پێتەختی ئەو دەوڵەتە و لەبەرچاوی دونیا، دادگایی دەکرێت. چەندی کوردە، دوای پڕۆسەی ئەو جینۆسایدەی کە زیاتر لە 22 ساڵی خایاند، بەهۆی بچووکڕوانینیی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ناتەباییان، نەیانتوانی بچنە ئاستێکی باڵا و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنن، نەشییان توانی هەولێر بکەنە چەقی دادگاییکردنەکان و شکۆ بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بگەڕێننەوە. ئێستاش ئەو سەرکردە عێراقییانەی کە زۆربەیان دوێنێ سەربازی ئەو سوپایە بوون کە جینۆسایدی ئەنجام دا، ئەمڕۆ هەر ئەوانن ئایشمانی جەللادی ئەنفال دادگایی دەکەن، لە پێتەختێک کە بەلانی کەمەوە چوار بڕیاری جینۆسایدی دژ بە کوردی لێدەرچوون، بێجگە لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.دەستەواژەی “بێبایەخیی شەڕ” (The Banality of Evil)، گەڕانە بەدوای دیاردەیەک، کە دەکرێت لەزۆر شوێن و سەردەمدا دووبارە ببێتەوە. لێرەدا ئارێنت تێبینی ئەوە دەکات ، کە ئایشمان وێڕای ئەوەی بەرپرس بوو لە ناردنی ملیۆنان مرۆڤی بێگوناهی جوو بۆ کەمپەکانی مەرگ، نە “شەیتانێکی ئەفسانەیی بوو، نە کەسێکیش کە نەخۆشییەکی دەروونی هەبووبێت و تینوو بێت بە خوێنمژینی قوربانییەکانی، بەڵکو پیاوێکی زۆر ئاسایی بوو. بۆیە تاوانی گەورە مەرج نییە تەنها مرۆڤە گۆشتخۆرەکان ئەنجامی بدەن، بەڵکو دەکرێت فەرمانبەرێکی ئاسایی، لە پێگەیەکی ڕەسمی ئاساییدا، بەهۆی ئەو دەستەڵاتەی کە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەیبێت و تەنها “فەرمانەکان جێبەجێ دەکات”، بەڵام بیر لە دەرەنجامە ئەخلاقییەکانی ناکاتەوە. دەکرێت هەمان پێوەریش بۆ کەسێکی نەدیتەی وەکو حەجاج بەکاربهێندرێت.لێرەدا چۆن کێشەی ئایشمان لە چرکەساتەکانی دەستەڵاتیدا لە بیرکردنەوە دادەماڵرێت، لە کۆاتییشدا ویژدان دەبێتە ژەهرێکی قوڕسی ناو ڕۆحی تاوانبار، کە ناتوانێت لە ڕوانگەی قوربانییەکانیشەوە تەماشای دونیا بکات. چۆن زمانی ئایشمان پربووە لە قسەی دووبارە و دروشمی ئامادەکراو، وایلێکردبوو، کەلێنێکی گەورە هەبێت لە نێوان شەپۆڵی ئەو تاوانانەی ئەنجامیی دەدان، لەگەڵ ئەو کەسایەتییە پووچەی کە هەیبووە، لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە ڕق و قین بەدەستییان هێناوە. حەجاج، لەو بەولاوەتر، هەڵگری ناوەمێژووییەکەی یەکێک لە سەرکردەکانییەتی بەناوی حەجاجی کوڕی یوسف سەقەفی، کە لەسەر مینبەرێکی کوفە گوتی “سوێند بەخوا، چەند سەرێک دەبینم پێگەیشتوون و کاتی دروونەوەیان هاتووە. منیش ئەو کەسەم کە دروێنەیان دەکەم. هەر ئێستا وادەبینم وا خوێن لە نێوان مێزەر و ڕیشەکانیاندا دەچۆڕێتەوە”.سیستمی بیرۆکراسیش، یەکێک دەبێت لەو دەستەواژانەی کە ئارێنت بۆ سیستمی تۆتالیتێری نازییەکان بەکاری دێنێت. ئەوان مرۆڤ دەکەنە ئۆرگانێک لە ئۆرگانەکانی جەستەی نازیزم. لێرەدا تاوان دەبێتە پڕۆسەیەکی ئیداری و ئەمنی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی تەنها و تەنها بۆ ڕێکارە ئیدارییەکان دەڕوات، نەک بۆ جۆری جێبەجێکردنەکە. ئایشمان پێی وابوو ئەو تەنها “کێشەی گواستنەوە و لۆجیستی” چارەسەر دەکات، وەکو ڕێکارە ئیدارییەکان، ئیدی مرۆڤ لەو نێوەندەدا دەکوژرێن، پرسێک نییە بیری لێبکرێتەوە. حەجاجیش بەهەمان رێچکە و دەروازەی جێبەجێکردنی دڕندەیی خۆی و بەتاڵکردنەوەی داخ و دڵڕەقییەکانی خۆی بەسەر خەڵکێکی گوندەواری بەستەزمان، لەپێناو ڕازیکردنی ئەژدیهاکانی ناو ڕۆحە دژوارەکەی خۆی و پیشاندانی دڵسۆزی بۆ ڕێکارە ئەمنییەکانی دەوڵەتە جینۆسایدکارەکەی. لێرەدا ئەو جۆرە مرۆڤانە تەنها ئامێرێکن لە فۆڕمی جەستەیەکی مردوودا دەجوڵێنەوە و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا ئەشکەنجەدان و کوشتن بەشێکن لە پڕۆسەکە و جێبەجێکردنییان بە دڵڕەقترین شێوە، پیشاندانی دڵسۆزانەترین ئەرک و پێگە ئیدارییەکەیە.یەکێک لەو کێشانەی کە ئارێنت وروژاندی و ژمارەیەکی زۆر لە جووەکانی هەراسان کرد؛ باسی ڕۆڵی هەندێک لەو سەرکردە و ئەو ئەنجومەنە جووانە بوو، کە هاوکاری نازییەکان بوون بۆ ڕێکخستنی لیستەکان و ئاسانکاری گواستنەوەی هاوخوێنەکانی خۆیان. ئارێنت لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئەو هاوکارییە نەبوایە، ژمارەی قوربانییەکان هێندە زۆر نەدەبوو. ئەمە پڕۆسەیەکی ئیداریی ناوخۆی کەمپەکان بوو، حەتمەن دەبێت ئارێنت بە وردەکاری ئاگاداری ئەو پڕۆسەیە بووبێت. هەمان شت لە پڕۆسە و شاڵاوەکانی ئەنفالدا هاوخوێن و هاوزمانەکان وەکو بەشێک لە جەستەی دەوڵەتی داگیرکەر و وەکو بەشێکیش لە سیستمی میلیشیایی، ڕۆڵێکی پێشەنگ دەگێڕن لە زەمینەسازی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی هاوڵاتییانی کورد و ڕەوانەکردنییان بۆ کەمپەکانی مەرگ و بۆ بەردەستی حەجاجەکان و کەمپە دوورەدەستەکانی وەکو نوگرە سەلمان. ئەگەر هاوکاری جاش و فەوجە سوکەکان نەبوایە، هەرگیز ئەو هەموو حەشاماتە زۆرەی قوربانییەکان نەدەکەوتنە بەردەستی حەجاجەکان و کردنییان بە پرۆژەی مەرگ. ئەوەی کە لێرەدا لەهەموو خاڵەکانی دیکە بۆ ئێمەی کورد نیگەرانکەرترە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکانە. ئارێنت ڕەخنەی لە شێوازی دادگاییکردنی ئایشمان هەبوو، کە وەک شانۆگەرییەک وێنای دەکات، بۆ نیشاندانی هەموو ئەو مەینەتییانەی بەسەر جووەکاندا هاتن، نەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە وەک تاوانی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی. ئەو پێی وابوو ئایشمان دەبوو بەو تۆمەتە لە سێدارە بدرێت، کە “نەیویستووە زەوی لەگەڵ نەتەوە و گروپێکی دیکەدا دابەش بکات”، نەک تەنها وەک تاوانێکی دژە جوو. ئەم تێبینییە ئەگەر جارێک بۆ ئەڵمان و جووەکان گرنگبێت، بۆ کورد دەیانجار گرنگتر دەبوو، ئەگەر هەر لەسەرەتاوە لە 2005 دادگاییکردنەکان ئاڕاستەیەکی بابەتییان وەربگرتبا و لەناو دڵی هەولێر بەڕێوەچووبان. بابەتیی بەو مانایەی هەم دەوڵەت و هەم ئایدیۆلۆژیا بکەوتبانە بەر مەقاشی دادوەر و ئاشی دروستکەری سەددامەکان بە سەروەریی خۆی بمێنێتەوە و چەند هەجەر و گوجەرێکی خوێنمژ بخاتە بەر دەمی بەرداشەکانی ئاش و تەنها وەکو سیمبۆڵ بیانهاڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا، هیچ ڕوونادا. پڕۆسەی جینۆسایدیش دیزەبەدەرخوونە دەکرێت و بۆ قوربانییە سەرەکییەکە کە نەتەوەی کوردە، هەمان تاس و حەمامی دەوڵەتی سەرکوتکەر دادەمەزرێتەوە.چی دەبوو، ئەگەر هەر لە 1991 لەجیاتی شەڕی ناوخۆ، شەڕی مان و نەمان بۆ سەربەخۆیی و سەروەری نەتەوەیی بکرابوایە. دەوڵەتێکی خنجیلانەی کوردستان، بە سیستمێکی هاوچەرخی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەرپابوایە، لەو نێوەندەشدا دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ سەددام و دارودەستەکەی دروستبکرابوایە. تا ئەوڕۆکەش لەڕێی ئۆپەراسیۆنێکەوە هێزێکی ئەمنی کوردستانی حەجاجییان بڕفاندبایە و لە هەولێر دادگایی بکرابوایە، منیش ئەمرۆ بە شانازییەوە دەمنوسی “حەجاج لە ئۆرشەلیمی کوردستان”
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 08, 2026 0
مارس 08, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.