مارس 08, 2026 Omer ئهرشیف, ئهنفال, بڕیارهدادوهرییهكان 0
دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بۆ ناوەڕاستی ئەم مانگە دواخرا
بەغدا، پێنجشەممە، ٧ی ئایاری ٢٠٢٦

ئەنفالستان: ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، دادگای ڕەسافە بڕیاری دا دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، ناسراو بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان، بۆ ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ دوا بخات. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دادگا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا گوێبیستی گوتەی ٢٥ شایەتحاڵ و سكاڵاکار بوو سەبارەت بەو تاوانانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجام دراون.
سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدات، بە تایبەت کە تۆمەتبار پێشتر لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا دانی بە بەشێک لە تاوانەکانیدا نابوو، بەڵام لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لە هۆڵی دادبینی، عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تۆمەتانە کرد کە ئاراستەی کرابوون. هەر بۆیە دادگا بڕیاری دا کاتی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر تەرخان بکات.
عەلی مەلا عەرف یەکێک بوو، لەوشایەتحاڵانەی لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەدا، لەگەڵ نزیکەی ٢٠٠ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە گەرمیان، و هەڵەبجە) لە بەردەم باڵەخانە و لە ناو هۆڵی دادگا ئامادە بوون. ئامادەبووان جەختیان لە دڕندەیی عەجاج و ئەو ئازارانە دەکردەوە کە خۆیان یان کەسوکاریان لەسەر دەستی ئەم ئەفسەرەی ڕژێمی بەعس چەشتوویانە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڤاری ئەنفالستان گەلێک شایەتحاڵی دواندووە و دیداری لەگەڵدا کردوون، کە تێیدا باسیان لە دڕندایەتی و شێوازی ئەشکەنجەدانی ئەو ئەفسەرە کردووە. هەندێک لەو شایەتحاڵانەی کە پێشتر گوتەکانیان لەو گۆڤارەدا بڵاو کرابووەوە، ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی دادگا ڕووبەڕووی عەجاج بوونەوە و شایەتییان لەسەر تاوانەکانی دا.
عەجاج ئەحمەد حەردان لە ساڵی ١٩٨٨ ئەفسەرێک بووە لە زیندانی نوگرە سەلمان، بەوە تۆمەتبارە کە شێوازی قێزەونی بۆ ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان بەکار هێناوە. بە پێی گوتەی شایەتحاڵەکان و دۆسیە یاساییەکان، ناوبراو زیندانییەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەر تیشکی گەرمای بەتین هێشتووەتەوە هەتا مردن. دەیان چیرۆکی تراژیدی لە کوشتن، برسی کردن و ئازاردان، تۆمارکراون کە شایەتی لەسەر ئەم تۆمەتبارە دەدەن ئەوە جگە لە دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتە دەستگیرکراوەکان. کە بوێری گیرانەوەو باسکردنیان نییە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەکە ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٣٠٠ سكاڵا لە دژی ئەم تۆمەتبارە تۆمار کراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە دانپێدانانەکانی پێشووی تۆمەتبار ڕێکارە یاساییەکان ئاسانتر دەکات و ئەم دواخستنەش تەنیا بۆ تەواوکردنی هەندێک ڕێکاری پێویست و بیستنی گوتەی زیاتری ئەو کەسانەیە کە لەو رۆژگارە سەختەدا ڕزگاریان بووە.
شایەنی باسە عەجاج ئەحمەد حەردان لە ٣١ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر کرا. ئەمەش دوای ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریی ورد هات کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند. تۆمەتبار دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سووریا هەڵاتبوو و ماوەیەک لەوێ نیشتەجێ بوو، بەڵام دواجار کەوتە دەست یاسا.
کەسوکاری قوربانیان بە ئومێدەوە چاوەڕێی دانیشتنی داهاتوو دەکەن تا سزایەکی دادپەروەرانە بەسەر ئەم جەلادەدا بسەپێنرێت و بەشێک لە ئازارە مێژووییەکانیان ساڕێژ بێت.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 08, 2026 0
مارس 08, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.