مارس 16, 2026 Omer ئهنفال, وتار 0
خراپەکاریی سادەکردنەوە:ستراتیژی سادەکردنەوەی تاوانەکانی جینۆساید لای دەستەبژێری سیاسی کورد

ئیبراهیم سادق مەلازادە
دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر قووڵ و مەترسیدار لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا سەری هەڵداوە، بەتایبەتیش لەناو دەستەبژێری سیاسی کورد لە کوردستانی باشوور، کە خۆی لە سادەکردنەوەی زۆر پرسدا دەنوێنێت، بەتایبەتیش سادەکردنەوەی تاوانەکانی جینۆسایدی کورد. هەر دوای 2003 و هاتنە سەر دەستەڵاتی عەرەبی شیعە لە عێراق، نیشانەکانی سادەکردنەوەی تاوانەکانی دژ بە کورد و گەورەکردنی تاوانەکانی دژ بە شیعەی عەرەب، لای ئەو دەسەڵاتە نوێیە دەرکەوتن.
تاوانەکانی جینۆسایدی کورد کە خۆی لە چوار کەیسی جینۆساید و چەندین کەیسی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤدا دەنوێنێت، لە ڕێگەی سادەکردنەوە و بێدەنگکردنەوە بە ئاسانی تێپەڕێندران. لێرەدا بە تەنها لەبەردەم سادەکردنەوەی زمانەوانیدا نین، بەڵکو لەبەردەم پڕۆسەیەکی سیاسیی مەبەستدار داین. ئەو سادەکردنەوەیە لەلایەن تازە دەستەبژێری سیاسی عێراق، جێگای سەرسوڕمانی ئێمە نییە، چونکە ئەوانە میراتگری ئەو دەوڵەتەن و نایانەوێت دەوڵەت ئەو بارە قوڕسەی بکەوێتە سەر شان، بەڵکوو ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی هەموو کەسێکی شارەزایە، سادەکردنەوەی تاوانەکانی دەوڵەتی عێراقـە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی کورد لە بەغدا. ئەم جۆرە سادەکردنەوەیە ڕاستەوڕاست پێچەوانەی زێدەڕۆیی یان گەورەکردنی ڕووداوەکانە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی ئیسرائیلی. خوێنی هاوڵاتییەکی ئیسرائیل بەرامبەرە بە خوێنی زیاتر لە هەزار مرۆڤی فەلەستینی. دوابەدوای دادگاییکردنەکانی سەرانی نازی لە نۆرنبێرگ، ئەڵمانیا، کە لە 1945 دەستی پێ کرد بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان، ئیسرائیل هێشتا بەتەواوی دانەمەزرابوو و ڕۆڵی لەو دادگاییکردنانە نەبوو، گەڕاندنەوەی ئەدۆڵف ئایشمانی لە ئەرجەنتینـەوە بۆ ئیسڕائیل بە دەرفەتێکی مێژوویی زانی، بۆ ئەوەی بیتەقێنێتەوە. ڕووداوەکە هێندە گەورە بکات، بچێتە ناو یادەوەری هەموو مرۆڤێکی سەر زەوی و هۆلۆکۆست، ببێتە لەکەیەکی ئەبەدی بە نێوچەوانی ئەڵمانەکانـەوە.
بۆ شیکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە، دەتوانین لە چوارچێوەی تیۆرییەکی سەرەکیدا بەناوی “بەئاڵوگۆڕکردنی دادپەروەریی” (Transactional Justice)، ئەو ئاریشەیە شرۆڤە بکەین. تیۆرییەکە، لە ڕاستیدا، خۆی لە سێ تەوەرەی جیاواز و سێ چوارچێوەی جیاوازدا دەبینێتەوە. هەر لەو سێ چوارچێوەیەشدا باس لە ئاریشەی سادەکردنەوەی تاوانەکان دەکەین. سادەکردنەوەی تاوان کارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە بازرگانیی سیاسیی. کە دەگوترێت دەستەبژێری سیاسی گرنگییان پێ نەدا، بەمانای گۆڕینەوەی دادپەروەریی بە دەستکەوتێکی سیاسیی. ئەو سادەکردنەوەیە هی ئێستا و ڕۆژێک و دووان نییە، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانـەوە دەست پێناکات کە لە 2005 دەستی پێ کرد، تا ئەمرۆش و بە دادگاییکردنی عەجاجـیشەوە نەوەستاوە و ناوەستێت. هەموومان بیرمان دێت هەر دوای ڕاپەڕین سەرکردە کوردەکان چوونە بەغدا و لەگەڵ تاوانباری گەورە و بکوژی سەدان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی کورد، دەستییان بە ماچ و مووچ کرد. بۆیە تێگەیشتن لەو دیاردەیە و گرنگینەدان بە خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان دیاردەیەکی بکوژ و سەرسوڕهێنەرە.
ئەو سادەکردنەوەیە هەر لە ئاستی سەرکردە و دەستەبژێری سیاسییدا نییە، بەڵکوو دەکرێت شۆڕبێتەوە بۆ ناو هەموو تاکێکی کورد و دیاردەیەکی سایکۆلۆژی و مێژوویی بێت. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە سێ ڕوانگەی جیاوازەوە باس لەو جۆرە سادەکردنەوەیە بکەین و ئاماژە بەو بێخەمی و بێدەنگییە سامناکە بکەین کە دەستەبژێری سیاسی کوردی پێیدا تێپەڕ دەبێت.
تەوەری یەکەم: تایبەتە بە چەمکی “دادپەروەری ڕاگوزەر” (Transitional Justice)، کە بوارێکی سەربەخۆیە لە زانستە سیاسییەکان و یاسای نێودەوڵەتیدا. ئەو چوارچێوەیە پێمان دەڵێت چۆن کۆمەڵگەکان مامەڵە لەگەڵ تاوانەکانی ڕابردوودا دەکەن. یەکێک لەو نووسەرانەی بە وردی باس لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئەو سازشانە دەکات، کە لەکاتی گۆڕانی ڕژێمەکاندا ڕوو دەدات بریتییە لە ڕوتی تیتڵ (Ruti Teitel)، خاوەنی کتێبی “دادپەروەریی ڕاگوزەر”. لێرەدا، کە وڵاتێک لە قۆناغی شەڕ و دیکتاتۆرییەتەوە دەچێتە قۆناغێکی تازە و نوێ، زۆرجار دەستەبژێری سیاسی دەکەونە بەردەم دوو بژاردە، کە بریتین لە: دادپەروەریی یان سەقامگیریی. مەترسییەکە لێرەدا ڕەهەندە ستراتیجییەکەیە، بەو مانایەی حاڵەتێک نییە و تێپەڕێت و گوزەر بکات، بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی جینۆساید و دادگاییکردنەکان.
دەستەبژێری سیاسی کورد ستراتیجی سادەکردنەوەیان بەکار هێنا بۆ ئەوەی تاوانەکە لە پرسێکی نەتەوەیی مێژوویی و یاسایی گەورەوە بگۆڕن بۆ پرسێکی تەکنیکی و ئیداری بچووک. لە کاتێکدا دەبوایە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە بینابکرێتەوە، وەک ئەوەی نووسەری دیاری عێراقی کەنعان مەکییە لە کتێبەکەیدا بەناوی “دڵڕەقی و بێدەنگی”، دەڵێت: “عێراقی دوای بەعس ناتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر پەیمانێکی ئەخلاقی نوێ واژۆ نەکات کە بنەماکەی دانپێدانان بێت بەو ستەم و جینۆسایدەی بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە کراوە”.
بەڵام ئەوەی بینیمان دەستەبژێری سیاسی کورد لە بەغدا پێویستییان بەوە بوو قوڕسایی تاوانەکە سادە بکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیکەی نیشتمانی نەبێتە بەربەست لەبەردەم بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکانی ئەو دەستەبژێرە و ئەو حەشاماتەی بەغدای کردبوو بە ڕووگەی ئامانجەکانییان.
خۆ ئەگەر پێداگربان لەسەر پەیمانێکی ئەخلاقی، هەم ئامانجە نیشتمانییەکان مسۆگەر دەبوون و هەمیش بەرژەوەندییەکانییان. بەڵام مەستبوون بە دۆخی تازە و ساویلکەیی بیرکردنەوە وای کرد سادەکردنەوەی پرسە نیشتمانییەکان، هۆکاری سەرەکی بن بۆ هەڵمەتەکەی حەیدەر عەببادی لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، کە سوپای داگیرکەری عێراق بەرەو ناوچە کوردستانییەکان گەڕایەوە و جارێکی دیکە تەنها لەسەر ناسنامە و کوردبوون بەهەزاران کورد لە توزخورماتوو و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەکوژران و ڕاوەدوو دەنران.
هەروەها تێزێکی دیکە هەیە بۆ ئەو ئەقڵییەتەی کە دوای 2023 بەسەر دەستەبژێری سیاسی کورد دا زاڵ بوو، بەرژەوەندی هاوبەش بوو، کە دەکەوێتە چوارچێوەی تیۆرییەک بەناوی تیۆری “بەجێماوەکانی دەستەڵات” (Power Legacy)، کە بەشێکە لە تیۆری دامەزراوەیی نوێ. نووسەرانی ئەم تیۆرییە لە کتێبێک بەناوی “دامەزراوە نافەرمییەکان و دیموکراسی: وانەکان لە ئەمریکای لاتینـەوە”، باس لەو ڕێککەوتنە بێدەنگانە دەکەن کە دەستەبژێری کۆن و نوێ لە پشت پەردەوە ڕێک دەکەون بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی یەکدی نەخەنە مەترسییەوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەستەبژێری سیاسی کورد تیایدا دۆسییە جیاوازەکانی جینۆساید و تاوانە فرەڕەهەندەکانی دەوڵەتی عێراقییان سادەکردنەوە.
چوارچێوەکە باس لەوە دەکات کە دەستەبژێرە سیاسییەکان (تەنانەت ئەوانەی قوربانیش بوون) زۆرجار حەز بە دادگاییکردنی ڕادیکاڵانەی ڕژێمی پێشوو ناکەن، چونکە دادگاییکردنی ورد و قووڵ، ڕەنگە پەلی زۆر کەس بگرێت، لەوانەش موستەشارەکان یان ئەو لایەنانەی لەو سەردەمەدا پشتیوانی ڕژێمیان دەکرد وهاوکار بوون.
لێرەدا سادەکردنەوەی پرسەکە دەبێتە پارێزەر بۆ ئەوەی دەسەڵات بە گشتی لەرزۆک نەبێت. بەو مانایەی هێندەی دەستەبژێری سیاسی کورد بەتەنگ سەقامگیریی دەوڵەتی داگیرکەرەوە بوون، خودی دەسەڵاتی تازەی عەرەبی شیعە هێندە بەوردی لەو ئاریشەیە تێنەدەگەیشتن. هەرچەندە سادەکردنەوەی تاوانەکانی دژ بە کورد لەوانەوە سەرچاوەدەگرێت، کاتێک ڕایانگەیاند “سەدام لە هیچ شتێک دادپەروەر نەبووبێت، لە دابەشکردنی تاوانەکانیدا دادپەروەر بوو”، تاکە مەبەست لەو دەستەواژەیە تەنها و تەنها کورد بوو، بە مەبەستی سادەکردنەوەی تاوانەکان و ڕازیکردنی دەستەبژێری سیاسی کورد بە چوونەناو پڕۆژە سیاسییەکەی خۆیان و بەدەستهێنانی شەرعییەت و پێگەیەکی ڕەسمی نێودەوڵەتی.
سێیەم تێز و چوارچێوە بریتییە لە “نەبوونی هۆشیاری مێژوویی” (Lack of Historical Consciousness). لێرەدا ئێمە لەبەردەم دوو چەمک و چوارچێوەی تیۆریداین، کە دووەمییان بریتییە لە فەرامۆشیی مێژوویی (Historical Amnesia). چوارچێوەی یەکەمییان زیاتر وەک دۆخێکی دەروونی/ کۆمەڵایەتی یان پاشخانێکی فیکری تەماشا دەکرێت، کە مەرج نییە هەمیشە بە ئەنقەست دروست ببێت. ئەمەیان جۆرێکە لە بێباکی، یان ئەوەی لە کوردی دا پێی دەگوترێت “ساویلکەیی سیاسی”، کە تیایدا نە دەستەبژێر و نە خەڵک بە گشتی هەست بە گرنگی مێژوو و ڕووداوەکان و دەرهاوێشتەکان ناکەن.
ئەو تێزە گرنگی بە هۆشیاری مێژوویی دەدات و پێی وایە وەک نووسەری ئیسپانی/ ئەمریکایی، جۆرج سانتیانا، دەڵێت: “هەر نەتەوەیەک خاوەنی هۆشیاریی مێژوویی نەبێت، مەحکوم دەبێت بە دووبارەکردنەوەی ڕابردوو” و ناتوانێت ڕووداوەکانی ڕابردوو ببەستێتەوە بە ئێستا و داهاتووی خۆیەوە. بۆ نموونە کاتێک دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفالی بەلاوە گرنگ نییە، چونکە پێی وایە ئەوە ڕابردووە و تێپەڕیوە، دەبێت تەماشای داهاتوو بکەین، ئەمانە بێئاگان لەوەی کە سادەکردنەوەی ئەم تاوانانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ دووبارەبوونەوە.
ئەم ساویلکەییە، زیاتر دیاردەیەکی ئاسۆیی و بونیادی کولتوورییە، بەهۆی نەبوونی ناوەندی لێکۆڵینەوە و غیابی ئەقڵی فەلسەفەی مێژوو لە پەروەردە و خەریکبوونی خەڵک بە قەیرانە کاتییەکانی بژێوییەوە دروست دەبێت. هەمووشمان ئەو جۆرە خەریکبوونە بە چاوی خۆمان دەبینین. دەبینین هێندەی میدیا سەرقاڵی هاتن و بردنی مووچەیە، بە دەیەکی ئەوەش خەریکی پرسە نیشتمانییەکان و ئاراستەکردنی خەڵک نییە لەپێناو نیشتمانسازی. هەر ململانێی خودی حیزبەکان ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ نەبوونی هیچ ستراتیجییەتێکی نیشتمانی و هیچ ڕوانەگەیک بۆ داهاتووی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی کوردستان.
لەبەرامبەر “نەبوونی هۆشیاری مێژوویی”دا، “فەرامشکردنی مێژوو” (Historical Amnesia)مان هەیە. بەپێچەوانەی نەبوونی هۆشیاری مێژوویی، فەرامۆشکردنی مێژوو پڕۆسەیەکی مەبەستدار و ڕێکخراو و چالاکە. لەو پانتاییەدا دەستەبژێر بە ئەنقەست ڕووداوە مێژووییە گرنگەکان بەتایبەتیش تاوانەکان، لە هۆشیاریی گشتیدا کاڵ دەکەنەوە. ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستەبژێر لەڕێی بێدەنگکردنی میدیایی، فەرمۆشکردنی پەروەردە و گرنگینەدان بە پرسە گرنگەکان لە پەروەردەدا، یان گۆڕینی یادەوەرییەکان بۆ بۆنەیەکی ڕاگوزەری ساڵانە، کار لەسەر سادەکردنەوە دەکەن. ئەم پڕۆسەیە لە سەرەوە بۆ خوارەوە کار دەکات و دەسەپێندرێت. واتە دەسەڵات بە مەبەست دەیەوێت کۆمەڵگە ئەو جۆرە پرسە گرنگانە فەرامۆش بکات بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی مێژوویی، مامەڵە و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی خۆیان بەبێ ئاریشە تێپەڕێنن.
هۆشیاربوون بە قۆناغێک دەکرێت ناوی بنێین قۆناغی “دەرفەت”، دەرفەتێک کە دواتر دووبارە نابێتەوە. بەڵگەش هەڵوەشانەوەی عێراق بوو، هەروەها هەڵوەشانەوەی ئەو سوپایە بوو کە بەرپرسیاری یەکەم بوو لە هەموو تاوانەکانی جینۆساید.
ئەوەی دەستەبژێری کورد لە بەغدا ئەنجامییان دا “فەرامۆشکردنێکی ڕێکخراو بوو”. تاوانەکانییان هێندە سادە کردنەوە، هێنایانە ئاستی یادکردنەوەی ساڵانە و کڕوزانەوەی میدیایی. لەجیاتی ئەوەی عێراق لەسەر بنەمای پەیمانێکی ئەخلاقی بینا بکرێتەوە، پەیمانێک تا ئەو دەوڵەتە ماوە هەست بە گوناه و تاوان بکات لەبەرامبەر ئەو هەموو سەرکوتکردن و وێرناکارییەی کە لە کوردستان پێڕەویان کردبوو. سەرکردە کوردەکان هێندە ناهۆشیار بوون، هەمان ئەو ڕاگەیاندنەی سەرکردە عەرەبەکانییان دووبارە دەکردەوە کە دەیانگوت “سەددام لەهیچ شتێک دادپەروەر نەبووبێت لە دابەشکردنی زوڵم دادپەروەر بوو”. سەرکردە کوردەکانیش کەوتبوونە داوی هەمان ئەم سادەکردنەوەیەی کە سەرکردە عەرەبە عێراقییەکان لافیان پێوە لێ دەدا. لە کاتێکدا کوردستان هەمووی هەڵتەکێندرا بوو. چوار بڕیاری جینۆساید لە بەغدا دەرچوون و ئەو دەوڵەتە بە هەموو دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و ئابووری یاسایی و ئایینییەکانییەوە لەو تاوانانەی جینۆساید و تەعریب و تەرحیلی زیاتر لە 4500 گوند و ئاوەدانی کوردستان بەشدار بوون.
لێرەدا وەکو ئەنجامگیرییەک، فەرامۆشی مێژوویی هۆکارە بۆ چەکەرەکردنی نەبوونی هۆشیاریی مێژوویی. ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆسەیەکدا دروست دەبێت، کاتێک دەستەبژێری سیاسی، لەدوای ڕاپەڕینەوە پێڕەویان لە سیاسەتی “فەرامۆشیی مێژوویی” کرد، کاتێک لە بەرەی کوردستانی لێبووردنی گشتییان ڕاگەیاند و دواتریش سادەکردنەوەی دادگاییکردنی تاوانباران، بە دادگاییکردنی “عەجاج”یشەوە، بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی بۆ لەبیرچوونەوە و نەبوونی هۆشاریی مێژوویی.
هەر بۆ نموونە. دەستەبژێر ئەو داگاییکردنەی “عەجاج”یان بەلاوە گرنگ نەبوو و وەک ڕووداوێکی ئاسایی تێپەڕی و لە دوو دانیشتنی دادگادا چیرۆکی عەجاج بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێهێندرا. بەڵام کە ئیسرائیل ئەدۆڵف ئایشمانی لە 1962 گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و دادگاییکرا، دادگاییکردنەکە بوو بە تەوەرەی سەرەکی هۆلۆکۆست. دادگاییکردنەکە دوای شەش ساڵ لە دادگاییکردنی سەرانی نازی لە نۆرمبێرگ، کە لە 1945 بەڕێوە چوو، ئایشمان لە ئەرجەنتین لە ئۆپەراسیۆنێکی کەموێنەدا دەستگیرکرا و گەڕاندرایەوە بۆ ئۆرشەلیم.
لەو دادگاییکردنەدا کە ئیسرائیل بەخۆی بەڕێوەی برد، نەک وەک دادگاییکردنەکەی نۆرمبێرگ کە هاوپەیمانان سەرپەرشتییان دەکرد، بەڕێوە چوو. هەروەها بیرمەندێکی گەورەی وەک هانا ئارێنت شاکارەکەی خۆی لەسەر دادگاییکردنەکە نووسی و هەتا هەتایە چووە ناو یادەوەری دەوڵەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و کۆمەڵگە مرۆییەکان. بەڵام دوای 21 ساڵ لە دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی کورد لە بەغدا، گەورەتاوانباری تاوانەکانی نوگرە سەلمان، عەجاج دەستگیر دەکرێت، نەک هەر نابێت بە ڕووداو، بەڵکو لەماوەی دوو هەفتەیەکدا دادگاییکردنەکەی تێپەڕ دەبێت و کۆتایی بە پڕۆسەکە دەهێندرێت.
ئەم سادەکردنەوەیەی ڕووداوەکان لەلایەن دەستەبژێری سیاسی کورد هێندە بەئازارە، هەرگیز بەراورد ناکرێت بە مێژووی هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی. هیچ دەوڵەت و دەسەڵات و حیزبێکی سیاسی و خەڵكێک یان گرووپێک؛ هێندە بێباک نیین بەرامبەر تاوانە گەورەکانی دەرحەق بە نەتەوەکەیان کراون.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 11, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.