مارس 10, 2026 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار 0
تاوانبارانی جێنۆساید پۆلێن ناکرێن بۆ گەورەو بچوک

هۆمەر محەمەد
بەرایی :
جێنۆساید وەک “تاوانی تاوانەکان” لە سەرووی هەموو پێشێلکارییەکانەوە دادەنرێت. ئەگەرچی لە ڕووی یاساییەوە، بۆ مەبەستی سزادان، تاوانباران بەپێی ئاستی تێوەگلانیان لەنێوان (داڕێژەری پلان و بڕیاردەر، جێبەجێکار و هاوکار) پۆلێن دەکرێن؛ بەڵام لەڕووی ئەخلاقییەوە، هیچ تێوەگلانێک لە جێنۆسایددا بە “بچووک” هەژمار ناکرێت. لەو شوێنەی باسەکە دەبێتە پرسی سڕینەوەی گروپێکی دەستنیشانکراو، جیاوازیی نێوان بڕیاردەرەی فەرماندەی گشتی بۆ کوشتنی هەزاران و بگرە سەدان هەزار کەس لەگەڵ ئەو جاشە یان ئەو سەربازەی تەنها یەک فیشەکی تەقاندووە، تەنها لە ئاستی چۆنێتی و چەندێتی سزا کەدایە؛ دەنا هەردووکیان لەبەردەم مرۆڤایەتیدا وەک یەک بەرپرسیارن. لە تاوانی جێنۆسایددا، هەمووان چ بڕیاردەرو داڕێژەری پلانەکە چ جێبەجێکار، وەک یەک دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاساییەوە.
لەبەرئەوەی لە فەرهەنگی دادپەروەریدا، جێنۆساید وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەژمار دەکرێ و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی مرۆڤایەتییەوە. بەبروای من پۆلێنکاریی بۆ تاوانبارانی تاوانی بۆ (گەورە و بچووک) لەڕووی یاساییەوە کێشەدارە چونکە بەم شێوەیە دادوەری ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات.
لەکاتی گرتنی “عەجاج” تکریتیدا لەگەڵ هاوڕێم ڕزگار عومەر ووتارێکمان نووسی و وتمان “عەجاج”. دەبێت لەدادگای باڵای تاوانەکاندا دادگایی بکرێت ئەوکاتە هێشتا هەبوون گومانیان دەردەبڕی لەوەی دەستگیرکراوەکە عەجاج بێت ئەوکات ئێمە بەدڵنیاییەوە وتمان گومان هەڵناگرێت خۆشبەختانە ئێستا “عەجاج” لەقۆناغی دادگاییکردن و تەنانەت بەدوری نازانم لە دانیشتنی دواتردا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێ.
لەماوەی کاتی کارکردنمدا لەبارەی تاوانی ئەنفال و لێکەوتەو کاریگەرییەکانی لە ” گەرمیانەوە بۆ کوێستان و لە سۆرانەوە بۆ بادینان” کەسوکاری قوربانیەکانم دیوەو دیدارم لەگەڵیاندا کردووە. ئەوانەی لەنوگرەسەلمان دەستبەسەر بوون و کەوتوومەتە بەرانبەریان هیچ کەسێکیان نەبووە کە باسی دڕندایەتی عەجاج نەکەن “ئەوسا بەگشتی بە حەجاج ناویان دەبرد” هەتا دواتر هاوڕێم سمکۆسابیر ساغی کردەوە کەناوەکەی عەجاجە نەک حەجاج . ئەوانەی دیدارم لەگەڵداکردوون و قسەیان بۆکردووم لەناویاندا ژن و منداڵ و پیرەمێرد بوون، لە ژمارە (٥)ی گۆڤاری ئەنفالستاندا وێنەی ژنێکی بەتەمەنەمان بڵاوکردەوە کە کونێک لەناوچاوانیدایە وەک خاڵێکی ڕەش بە ناوچاوانییەوە دەردەکەوێ. ئەو ژنە ئامینە فەرەج سەعید بوو، کە بە میمکە ئامینە بانگیان دەکرد، خەڵکی گوندی قولیجانی سەرحەد بوو، ئەوسا لەسەرقەڵای کفری دادەنیشت. ئەفسوس ئێستا لە ژیاندا نەماوە. لە دیدارێکی نێوانماندا وتی : ڕۆڵە گیان من کەسم نەماوەو خۆشم لە نووگرەسەلمان، بووم ئەوەی هاو وەناوچاومەوە شوێن کێبڵ (حەجاجە) نوگرەسەلمان کافرسانییەک بۆ دوژمنیش نەی بینێ.
سەعید گۆپتەپەیی ئەوسا منداڵێکی تەمەن دەساڵ بووە باسی دڕندایەتی عەجاجت بۆ بگێڕێتەوە و دەڵێت باسی ئەو زاڵمە بەزمان ناگێڕدرێتەوە. ئاسکە کەریمی خەڵکی گوندی وارانی بەجۆرێک وەسفی دڕندایەتی عەجاج دەکات هیچ سیفەتێکی ئینسانی تێدا نادۆزیتەوە. ئەوکاتە واباس دەکرا کە عەجاج هەڵاتووەو لەسووریایە هەندێکیش دەیانگوت مردووە. بۆیە لەو باوەڕەدا نەبووم ڕۆژێک دێت دادگایی بکرێت و سزا بدرێ.
هەرچەندە ئەوسا خۆشخەیاڵ بووین بەوەی کەوا دادگاو یاسا لە عیراقی نوێدا سەروەر دەبن و هیچ لێبوردنێک تاوانکارانی ئەنفال نابوورێ. لەو باوەڕەدا نەبووم دەسەڵاتدارانێک لە کوردستان و عیراقدا پێشێلکارییەکانیان هەتا ئەو ئاستە بروات کە حساب بۆ ڕێککەوتنامەو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیش نەکەن چونکە داڵدەدانی تۆمەتباران و گومان لێکراوانی جێنۆساید هێڵی سوورەو هیچ برگەو مادەیەک نادۆزیتەوە شەفاعت بۆ ئەو جۆرە تاوانکارانە بکات بەڵام ئەفسوس لە پێش هەمووانەوە دەسەڵاتداری کورد ئەو هێڵەسوورەیان بەزاند. بۆیە هیچ کات ناهەقی خەڵک ناگرم کە دەڵێن بێ عەقڵترین بەشداربووی ئەنفال عەجاجە چونکە ئەگەر عەقڵی هەبوایە دەهات بۆ کوردستان بۆئەوەی ژیانی پارێزراوبێت.
ئەو لیستەی کە دادگای باڵای تاوانەکان لەساڵی ٢٠٠٦ -٢٠٠٧ بڵاوی کردووەتەوە و ناوی (٤٢٣) داواکراوی تێدایە، پشکی شێری بەر موستەشار و ئامرسریەکانی جاش کەوتووە، کە ژمارەیان لە (٢٥٠) کەس تێدەپەڕێت. لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری بۆ من دروست دەبێت: ئایا لە کۆی ئەو ماشێنە گەورەیەی دەوڵەتی عێراق و سەرکردایەتیی حزبی بەعس، هەر لە فەیلەقەکانی سوپای عیراقەوە (پیادە و هێزی ئاسمانییەوە بگرە هەتا هەواڵگری سەربازیی و پۆلیس و سوپای میلی و گاردی کۆماری، کە هەموویان بەشداربووی ڕاستەوخۆی تاوانەکە بوون، تەنیا ئەو ژمارە کەمەی بەرپرسانی بەعس وەک تۆمەتبار دەستنیشان کراون؟ چۆن دەکرێت تاوانێکی وا سیستەماتیک کە هەموو جومگەکانی دەوڵەتی تێدا بەکارهێنرا، لە لیستێکی ئاوا سنوورداردا کورت بکرێتەوە؟ بەتایبەتی دەزگاکانی ئەمن بەڕێوەبەرێتی و معاونیەتەکانیان بەشێوەی زۆر کارا بەشداربوون! ئایا لەرووی یاساییەوە ڕەوایە تەنها چەند کەسێک دادگایی بکرێن لەکاتێکدا کەسانی زۆر لەو تاوانە گەورەیەدا بەشداربوون.
تاوانکارانی ئەنفال شێواز و قەبارەی تاوانەکانیان هێندە گەورە و جەرگبڕە، کە تەنانەت زمان لە ئاست گێڕانەوەی ئەو هەموو دڵڕەقییەدا دەستەوسان و کڵۆڵە؛ وەک بڵێی وشە نەدۆزرێتەوە بۆ وێناکردنی ئەو دڕندایەتییە. عومەر سوبحان هەڵەبجەییەکە ماوەی چەند مانگێک لەنوگرەسەلمان بووە، بەجۆرێک دیمەنی فەقێ سوارەو ئەشکەنجەدانی دەگێڕێتەوە بەدەستی ئەو دڕندانەی نوگرەسەلمان دڕندە کێوییەکانی بیابان لەچاویاندا ئەولیان. دڕندەیی ئەم تاوانبارانە سنووری ئاسایی تێپەڕاندووە، بە جۆرێک قوربانییەکان لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکە بەئازارەکانیاندا توشی بن بەست دەبن عومەر سوبحان هەرچەندە شاعیر کەچی لە گیرانەوەی درندایەتی عەجاجدا وشەی لێ دەبڕێت. یان وشەیەک نادۆزێتەوە بۆ پێناسەکردنی.
عەلی مەلاعارف لە دیدارەکەیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەنفالستان باسی دایکی مامۆستا دلێر دەکات، مەرگی کورە بچوکەکەی مەهروبە یەکێکە لەو دیمەنە تراژیدیانەی لەزاری ئەوەوە بەرگوێم کەوت ئەو ئاوا گێڕایەوە: “کاتێک کورە بچوکەکەی نەخۆش بوو هەتا گیانی سپارد، هەرداوای ئاوی ساردی کرد بەڵام لەنوگرەسەلمان ئاوی سارد کوا ؟ دواجار لە ئامێزی مەهروبەدا کوڕەکە مرد بەئامان و زەمان ئەو دایکە منداڵە مردووەکەی بەرنەدەدا، ئەوە ٢٥ ساڵە ئەو ژنە ئاوی سارد بەگەروویدا نەچووەتە خوارەوە.
هەقە ئیدی گرتن و سزادانی “عەجاج” بکەینەوە بەخاڵی سەرەتا نەک هەر بۆ دۆسێی ئەنفال بەڵکو تەواوی دۆسێکانی تری کورد گەرم بکاتەوە و سزادانی تۆمەتبارانی جێنۆساید لە فەیلیەکانەوە بۆ شەنگال دەستپێبکاتەوە. بۆئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانیش هەمیشە بەکراوەیی بمێنێتەوەو هەڵنەپەسێردرێتەوە.
لە تاوانی جێنۆسایدکردندا تاوانباری گەورە و بچوک نییە ئەوەی بە وشەیەک پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی تاوانکارییەکە بووە و ئەوەی بڕیاردەر و جێبەجێکار بووە وەک یەک تاوانکارن. ڕاستە بەرپرسیارێتیان جیاوازە بەڵام تاوانکارانی جێنۆساید جیاوازنین و هەق نییە سزاکانیانیشیان جیاواز بێت.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 10, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.