مارس 28, 2026 Omer بڕیارهدادوهرییهكان, وتار 0

مەترسی ئەنفالکردنەوەی ئەنفال
دادگایکردنی عەجاج
ئیبراهیم شێخ وەسانی
(١)
قەدەرەک لەمەوپێش، بە کچە سینەماکاری کوردی ئەمریکی «نەژ دێل»م، گوت بۆچی فیلمێک لەسەر جینۆسایدی ئەنفال دروست ناکەی؟پێش ئەوەی باسی سیناریۆ، ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنان و بودجەی فیلمەکە بکات، وەک ئەوەی پێشتر بیری لە وەڵامەکەی کردبیتەوە، پرسیارێکی زۆر سادەی جددی رەخنەئامێزی کرد، گوتی«ئایا دەتوانیین ڤیدیۆی دانپێدانانەکانی عەجاج و فایلەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن بەدەستبێنیین؟!.
(ئەو پرسیارەی«نەژ دێل» دەلالەت لەوە دەکات، لە داهاتوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کێشەیەکی مەترسیداری گەورە رووبەڕووی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال دەبیتەوە، ئەویش ئەوەیە، بەبێ بەڵگەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی تاوانباران، ئەو هەمووتاوانانەی بەرانبەرمان کراو ئەوەی بەسەرمان هات، مەترسی ئەوەیان لەسەرە جیهان بە چاوێکی دیکە لێیان بڕوانێ، بە مێژوویەکی پشتڕاستنەکراوە هەژماریان بکات)
(٢)
زۆربەی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی کوردن بۆ سەلماندنی جینۆسایدی ئەنفال، چیرۆکی قوربانیەکانە لەگەڵ شایەتحاڵەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
(بەڵام بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال پێویستمان بە تۆماری ڤیدیۆیی دانپێدانانی تاوانبارەکان، ئەرشیفی فەرمی، ئیفادەی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامەی یاسایی شەفاف هەیە)
(٣)
نزیکەی چل ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا زۆربەی بەڵگەکانی سەلماندن فەوتاون، روفاتی قوربانیانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان گواستراینەوە، شوێنەواریان نەماوە، زۆربەی ئەو زەویانەی گۆڕەبەکۆمەڵە نەدۆزراوەکانی لێبووە، فرۆشراینە، لەسەر جەستەی زیندەبەچاڵکراوەکان شوێنی نیشتەجێبوون و باڵەخانە دروستکراون.
(بۆیە هەر ساڵێک کە دێتە سەر تەمەنی جینۆسایدی ئەنفال، ساڵێکی دیکە ئێمە نزیک دەکاتەوە لە لەدەستدانی هەتاهەتایەی بەڵگەکانی سەلماندن )
(٤)
تۆماری ڤیدیۆیی تاوانبارێکی وەک عەجاج تەنیا بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی یاساییشە بۆ سەلماندن، مادەیەکی پەروەردەییە بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەتوانرێت دوای سەد سالی دیکەش ببیتە کەرەستەی فیلمی دیکۆمێنتاری، فیلمی سینەمایی و بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، توێژینەوەی جینۆساید و رێکاری یاسایی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت.
((لە هەمووشی گرنگتر دەبیتە یارمەتیدەر بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە چۆن ئەو تاوانانە رێکدەخران، کێ لە پاشیانەوە بوو و یارمەتی دان، چۆن ئەنجامدرا))
(٥)
ئەوە بەرپرسیاریەتی دەزگا، میدیا، لێکۆلەرەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردییە که داوای ئەو بەڵگەنامانە بکەن پێش ئەوەی لەناوببرێن، یان بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە نەمێنن، ئەگەر لەلایەن دادگا و حکومەتی عێراقیشەوە رێگری لە دامەزراوە کوردیەکان بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆی عەجاج و دەستگەیشتن بە مادەی ئەرشیفی کەیسی ئەنفال بکرێت، ئەوە بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبیتە بەڵگەیەک لەدژی عێراق، پرسیاری جددی لەسەر نەبوونی شەفافیەت و هەبوونی بەربەست لە پرۆسەکە دروستدەکات.
((بەڵام ئەگەر کورد خۆی کەمتەرخەمبی، ئەوکات دادگای نێودەولەتی پێتدەڵێت« ئەگەر ئەوان نەیانهێشت، ئەی تۆ بۆچی هەوڵت نەدا؟!»))

(٦)
عەجاج تاوانبارێکی سادەی عێراقی نییە، لە یادەوەری ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لۆگۆی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالە، کەسوکاری ئەنفالکراوان شایەنی دادگایکردنێکی شەفافی ستانداردی عەجاج بوون.
((دەبووایە میدیا، چاودێرانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، توێژەران و رۆژنامەنووسانی کورد بتوانن لە دادگاکە ئامادەبن و مافی ئەوەیان هەبووایە دۆسیە و تۆمارەکان و ئیجرائاتەکانی داگاکەکەیان هەبێت))
(٧)
ئەو پرسیارە جەوهەریانەی لەلای من بێ وەڵامن، ئەوانەن:-
-ئایا حکومەتی هەرێم فایلەکانی لێپرسینەوە و تۆماری دانپێدانانی عەجاج و عەجاجەکانی لەلا هەیە ؟
-ئایا بە ڤیدۆ هەموو شایەتحاڵەکان ئەرشیف کراون؟
-ئایا لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی هاوکاری ئەو تاوانەبوون کراوە؟!
(بۆ گەیشتنیش بە دادپەروەریەکی عادیلانە تەنیا سزادانی چەند کەسێکی وەک عەجاج بەس نیە، بەڵکو تێگەیشتنە لە تەواوی ئەو سیستەمەی کە لە پشت تاوانەکە بووە، ئەرشیفکردنیەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو)
(٨)
ئەوڕۆکە کورد رووبەڕووی مەترسییەکی دیکە بوویتەوە کە جیاوازە لە مەترسی ئەو ئەنفالکردنەی لە ژێر حوکمێکی دیکتاتۆری بەبەرچاوی جیهانەوە بەبێدەنگی روویددا، ئەویش لەناوچوونی بەڵگەکانی تاوانی ئەنفالە لە ژێر حوکمڕانیەک کە کوردیشی تێدا بەشدارە.
(بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەش، پشتگوێخستن، سیاسەتی بیرۆکراسی و یاریکردن بەکاتەوەیە)
(٩)
راستە، ئێستا کەس ناتوانێت ئەو پرسیارە بکات کە ئایا ئەنفال روویداوە یان نا؟
بەڵام ڕەنگە رۆژەک دابێت ئەو پرسیارەش بکرێت، وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر هۆلۆکۆستی جوولەکەکان گومان دروست دەکرێت، ئەوڕۆ وەڵامی پرسیارێکی دیکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە بیزانیین، ئەویش ئەوەیە، ئایا ئەوەندە بەڵگەی سەلماندنی جینۆسایدی ئەنفالمان لەلا هەیە، بیانپارێزین، بۆئەوەی لەداهاتوو نەوەی بکەرانی ئەو تاوانە نەتوانن بیشێوێنن و ئینکاری بکەن.
(پاراستنی بەڵگە و ئەرشیفی روودانی ئەنفال تەنها بۆ ئەوەنیە بڵێین ئەوە لە رابردوو روویداوە، نەوەی بکەرانی پێ شەرمەزاربکرێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە رێگری لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدێکی دیکە لەلایەن نەوەی بکەرانیەوە بکات)
(١٠)
سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو خراپەیە بەرامبەر کورد کراوە، هێشتا نەتوانراوە کەرامەت و ئەخلاقی لێوەرگرنەوە، ئەوە گرنگە.
(بەڵام ئەو نۆڕمالیەی کوردیش لە ئاستی ئەنفال سروشتی نیە، بەقەولی «نەژ دێل»ی هاوڕێم گوتەنی« ئەگەر لەگەڵ ئەوانەی جینۆسایدیان کردیین ئاوا هەڵسوکەوت بکەین، هەر پەنجا ساڵێک، جارەکی دیکە کورد ئەنفال دەکرێتەوە)
وێنەیەک لەگەڵ بکوژی کەس و کار، لەگەڵ بۆمبی ئەو گازی سیانید و خەردەلەی کە باوەگەورە، داپیر ، مام، ئامۆزا و کەسوکارمی کیماباران و ئەنفالکرد….
لەو وێنەیەدا، ئەمن و مێژوویەکی تاڵ رووبەڕووی یەکدی وەستاوین کە ویستی بمانسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانی…
ئەوە وێنەیەکی ئارەزوومەندانە نییە لەگەڵ پاشماوەی جەنگ، بەڵکو شەرمەزارکردنی مەرگی پێش وەختەیە بەسەر ژیاندا.
هەندێک وێنە بۆ نیشاندانی جوانی نین، بەڵکو بۆ پاراستنی حەقیقەتن، چونکە هێێشتنەوەی ئەم یادەوەرییانە، گەورەترین جەنگە دژی شێواندنی مێژوو و لەبیرچوونەوە..
ئێمە وێنە لەگەڵ ئازارەکانماندا دەگرین، نەک بۆئەوەی لە رابردوودا بژین، بەڵکو بۆ ئەوەیە رێگە نەدەین راستی دووبارە ئەنفال بکرێتەوە….
سەیرکەن، ئەو ئامرازە مرۆڤکوژەی دەستی عەجاجەکان ئێستا تەنها پارچە ئاسنێکی سارد و مردووە، بەڵام ئێمە لێرەوە، لە شوێنی برینەکانەوە، دووبارە ژیاینەوە.
، مێژوویەکی نوێ دەنووسینەوە…
هەزارجار سوپاس خودا کە هاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە ئەمڕۆ، ئێمە لێرەین، وەک شایەتحاڵێکی زیندوو کە بەسەر تەرمی ئەو ئامرازانەدا دەڕوانیین کە بۆ سڕینەوەی رەچەلەکی ئێمە دروستکرابوون، بەڵام ئەوانەی دەیانویست بەو چەکانە مێژوومان بسڕنەوە، خۆیان بوون بە مێژوو،
بەڵێ، ئەو پارچە ئاسنە ژەنگاویە ژەهراوییە دەیویست بەچاوساغی ئەو جاشانەی ئەوڕۆ بووینە شۆڕشگێر، کاتی ئێمە رابگرێت و لە رەگ و ریشەوە دەرمانبهێنی، بەڵام ژیان لە دەمارەکانی ئێمە هێشتا بە گەرمی لێدەدات…
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 22, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.