مارس 06, 2026 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار 0
سبەی عەجاج دادگایی دەکرێت.دڵخۆش بین یان دڵتەنگ ؟ هۆمەر محەمەد

بڕیارە سبەی ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ جەلادەکەی نوگرەسەلمان “عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی” لە ناو قەفەسی دادگادا ئامادە بێت بۆ دادگایی کردنی لەبەرانبەر تاوانەکانی وەک دەڵێن دانی بەهەموو شتێکداناوە و نەیتوانیوە نکۆڵییان لێ بکات. بێگومان ناتوانێت چونکە وەک سوڵتانێکی هیچ و پوچ دژ بە مرۆڤی بێدەسەڵات لە نوگرەسەلمان ئەنجامیداون.ئەم ڕووداوە چەندە مایەی دڵخۆشییە دوو هێندەو بگرە زیاتریش مایەی نیگەرانییە بۆ کەسانێک، کە قوڵتر بیری لێدەکەنەوە چونکە ئەوە تەنها پرسێکی یاسایی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ تیڕامان لەو برینە قووڵانەی کە فاشیزم لە ڕۆح و جەستەماندا پرۆسەی جێنۆسایدکردنماندا دروستی کردووە.بەش بەحاڵی خۆم لە گۆشەیەکی ترەوە تەماشای ئەم کەسەو دۆسێیەکەی دەکەم. ئەو هەرچییەک بێت پیاوی دەوڵەت و نوێنەری دەوڵەت و زمان و ڕەفتاری دەوڵەت بووە. بۆیە ئەگەر وەک کەس تاماشام بکردایە دەمگوت: چەندە جێگەی شانازی و شادوومانیمان دەبوو ئەگەر سبەی لەبری ئامادەبوونی تۆمەتبارێکی ئەنفال لە قەفەسی دادگادا، دڵخۆش بووینایە بەوەی هاووڵاتییەک، مرۆڤێک لەپای داهێنانێک یان کردەوەیەکی باش، خەڵاتی داهێنان و ئازایەنەی وەردەگرت. مرۆڤ کاتێک بیر لەو هەموو وزە و تەمەنە دەکاتەوە کە لەپێناو وێرانکاری و بەدڕەفتاری و ئازاردانی ئەوی دیدا بەفیڕۆ دراوە، هەست بە داخێکی گەورە دەکات.خۆزگە تۆ لەبری ئەوەی ئەمڕۆ وەک جەلادێکی نوگرەسەلمان دادگایی بکرێیت، وەک فریادڕەسێک پاداشت بکرایتایە کە مرۆڤەکانی لە دۆزەخی ئەنفال ڕزگار کردووە. ئەگەر ئەوەندە بەشەرەف و خاوەن هەڵوێست بوویتایە، ئێستا لەبری ئەوەی شکاتکار و شایەتحاڵی کورد بەدڵخۆشی سزادانتەوە بەرەو بەغدا بێن، تۆ دەهاتیتە کوردستان و لەلایەن خەڵکەوە وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی پێشوازیت لێ دەکرا. چەندە مەزن دەبوو ئەگەر لە مێژوودا وەک خاڵێکی گەش بمایتایتەوە، نەک وەک پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی نەتەوەکەت و بنەماڵەکەت و خێزانەکەتەوە. لە بەڵگەنامەیەکدا جا ساختەبێت یان ڕاست باس لەوە دەکرێت گوایا بەهۆی بەدمەستی و بەدڕەفتاریتەوە لە کارەکەت دوور خراویتەتەوە. جێگەی سەرسوڕمانە کە پاش ئەو سووکایەتییەی ڕژێم پێی کردیت، و تۆش بەو خەڵکەت کرد. لەبری ئەوەی شکۆی خۆت بپارێزیت و شەقێک لەو وەزیفەیە هەڵبدەیت، چوویت لە بیابانەکانی نوگرەسەلمان شەقت لە پیرەمێرد و پیرەژن و منداڵی بێدەسەڵاتی کورد هەڵدا. ئەوە داوەشین و گزگلییە. خۆزگە دەبوویتە خاوەنی ئەو شانازییەی کە پارێزەری نیشتمان و هاونیشتمانیانی بوویتایە، نەک ئامێرێکی دزێوی دەوڵەت بۆ شکاندن و هاڕینی مرۆڤایەتی. یاخود دوو پێیەکی لەمرۆڤ دەرچوو. سەرباری ئەو هەموو دڕندایەتی و بەدڕەفتارییەی لەبارەی تۆوە بیستوومە و خۆت دانت پێداناوە کەچی دادگاییکردنی تۆ هەستێکی ناخۆشی بۆ دروست کردووم و دڵخۆشم ناکات. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی تۆ شایەنی سزادان نیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەبینین لە عێراقی دوای دەسەڵاتی دزێوی ئێوە، هەزاران کەسی لەتۆ هیچ وپوچ تر و لە ئێوە دڕندەتر. جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیەو بەدادگایی کردنت ڕووی ڕەشی خۆیان سپی دەکەنەوە ئەوانەی ئێستا بە ناوی جیاوازەوە خەریکی تاڵانکردنی نیشتمان و کوشتن و سوک وتڕۆکردن و برسی کردنی هاونیشتمانیانن.ئەم دادگاییکردنەی تۆ ئەگەرجارێک بۆمن مایەی دڵخۆشی بێت سەدجار مایەی نیگەرانیمە چونکە دەسەڵاتی ئێستا هیچ رێزێکی بۆ قوربانیەکانی دەستی تۆ نییە، دادگاییکردنی تۆ لەبەرئەوە نییە کە ڕێزیان بۆ قوربانیانی دەستی تۆو ڕژێمە نەگریسەکەتان هەیە بەڵکو لەبەر تکریتی بوونت و سووننە بوونتە، نەک لەبەر پەرۆشییان بۆ قوربانیانی ئەنفال. ئەوان دەیانەوێت بەبەردێک دوو نیشانە بشکێنن دادگاکە بەردەو تۆ و مەزهەبەکەت نیشانەیەکن و ئێمەی کوردیش نیشانەکەی تر. بۆئەوەیە ئەمە بکەنە تڕو منەت بەسەر ئێمەوە، هاوکات بەدەسەڵاتداری هەولێرو سلێمانیش بڵێین ئێوە هەزاران تاوانبارتان لەبن باڵی خۆتان داڵدەداوەو ئێمە تاوانبارانی ئەنفال دادگایی دەکەین. نیگەرانیم ئەوەیە تۆ دەبوو لەدادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێیت. نیگەرانی ئەوەشم کە لە کوردستان و لەژێر سایەی حوکمی شۆڕشگێڕەکاندا، هەزاران مرۆڤی لە تۆ سوکترو گزگلتری وەک تۆ تاوانبار، لە ئەنفال و شەنگال و بکوژی بارزانییەکان و فەیلیەکان و زیندانییانی زیندانیەکانمان نەک هەر دادگایی ناکرێن، بەڵکو بەکورد و عەرەب و تورکمان و تاوانباری گەورەو بچوکیانەوە کراونەتە خاوەن پلە و سەرمایە و دەسەڵات. تاوانبارانی وەک تۆ عەرەب زمان و سووننەمەزهەب و کۆنە بەعسی بوونە خاوەن ماڵ و سەرمایەی پایتەختی کوردستان. ئەم پارادۆکسە تاڵە وادەکات کە دادگاییکردنی تۆ نەبێتە مایەی دڵخۆشییەکی ڕاستەقینە، چونکە دادپەروەریی کاتێک بەدی دێت کە هەمووان، لەبەردەم یاسادا یەکسان بن. چ ئەوانەی بەعس و چ ئەوانەی پشتیوانییان لێ کردن، بەیەکەوە ڕووبەڕووی یاسا ببنەوە.بۆیە دڵخۆش نیم نەک لەبەرئەوەی تۆ سزادەدرێیت بەڵکو لەبەرئەوەی پێموایە نابێت هیچ کەسێک لەسزا رزگاری بێت تەنانەت ئەگەر بەیەک دێڕ و بەیەک وشە پشتیوانی بەعس و ئەنفالکردن و جێنۆسایدی کوردی کردبێت.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 04, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.