کانونی یەکەم 31, 2020 Omer ئه‌رشیف, وتار 0
یاداشته‌كانی كـچێــكی زیـندانی
به‌رزان عه‌لی مه‌جید
پایز بوو هه‌وایه‌كی نه‌رم ده‌یدا له پرچی سه‌وزی گه‌ڵاكان و ئاسمانیش جوانتر له دڵی عاشقێك به‌سه‌ر دره‌خته‌كانه‌وه له شینایی زه‌وی و جوانی سروشتی ده‌ڕوانی. كچێك به هێواشی و له‌سه‌رخۆ سه‌رقاڵی خۆ جوانكردن و رازاندنه‌وه‌ى خۆیه‌تی، چونكه ئه‌و ده‌یه‌وێت نه‌رمتر له نه‌سیم و ڕوونتر له دڵۆپه ئاو به‌ر خونچه‌ى گوڵ و دیوه جوانه‌كانی ژیان بكه‌وێت.
ئه‌و ئێستا بڕیاریداوه به ئه‌سپایی هه‌ر وه‌ك شنه‌بایه‌كی فێنك ڕێتهى بكات به‌ره‌و ماڵی باپیری، چونكه ده‌یه‌وێ سه‌ر بخاته سه‌ر ڕانی داپیره‌ى و له نزیكه‌وه بۆنی ڕێحانه‌و گووڵه به‌یبوون بكات، ئه‌و كه خۆی گوڵێكه بۆیه نایه‌وێت له‌ودیوی باخچه رازاوه‌كان و گوڵزاره‌كانی ژیانه‌وه درێژه به بوونی خۆی بدات. كاتێك به‌ڕێده‌كه‌وێت ڕووه‌و ماڵی باپیری له په‌نجه‌ره‌ى لاته‌نیشتی ئه‌و پاسه‌وه كه ئه‌و تیایدایه سه‌یری دیمه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كات و به‌چاوى په‌روانه‌یه‌كی عاشقی گوڵ و عاشقی ڕووناكییه‌وه له هه‌موو شتێك ده‌ڕوانێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى بیر له‌وه بكاته‌وه له ده‌ره‌وه‌ى خۆی قه‌ده‌ر چ چاره‌نوسێكی بۆ ئاماده كردووه ، ته‌نیا بیر له ژیان و جوانییه‌كانی ناوى ده‌كاته‌وه. ئاخر كچێك له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌بێت بازاڕه مودێرن و ڕازاوه‌كان بگه‌ڕێت و به‌دواى ماكیاژ و تازه‌ترین مۆدێلی جل و سوراو و بۆندا بگه‌ڕێت و له ڕاقیترین ئارایشتگادا قژی وه‌ك تیشكی هه‌تاو زه‌رد بكات و به چاوێكی كه‌مێك پڕ له شه‌رمه‌وه نیگا بۆ كوڕان بهاوێت، كه‌چی قه‌ده‌ر پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ى له‌هه‌گبه‌دایه، ئه‌م كچه و هه‌موو خه‌ونه‌كانی تێكه‌ڵ به ئازار و تاریكی زیندانه‌كانی به‌عس ده‌كات .
ئه‌و ئێواره ئه‌م كچه ڕه‌نگ و دڵ گوڵه، ده‌یویست سه‌ر بخاته سه‌ر دڵی نه‌نكی و پڕ به سییه‌كانی ئه‌و هه‌وایه هه‌ڵمژێت كه له باخچه بچوكه‌كه‌ى ماڵی باپیره‌وه ده‌هاتن، كه‌چی جه‌للاده‌كانی به‌عس وه‌ك ڕه‌وه كوولـله و قالۆنجه تاریك په‌رسته‌كان له پڕ به ده‌نگه ده‌نگێكی مێشك به ڕه‌وه خۆیان ده‌كه‌ن به ژوورداو مەقهستێك له داواى بیركردنه‌وه‌ى جوان و خه‌ونه‌كانی ئه‌م گوڵه به‌یبوونه ده‌ده‌ن، ئاخر جه‌لاده‌كانی به‌عس هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه وابوون كه تینوێتیان به خوێن و گریانی به‌كوڵ ده‌شكا ، ئه‌وان كه دوژمنی هه‌موو جوانییه‌ك بوون، بۆیه هه‌میشه له هه‌وڵدابوون بۆ زڕاندنی خه‌ونه شیریینهكان، ئێدی ئه‌و ئێواره‌یه وه‌ك شه‌مشه‌مه‌كوێره، ڕۆژی ڕوناكی ئه‌م كچه‌یان كرده شه‌وه‌زه‌نگ و شه‌وی یه‌ڵداى پڕ له تاریكایی. كه جه‌للاده‌كانی به‌عس هاتن بۆ گرتنی، وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك حسابیان بۆ دهكردو ده‌یانویست تۆڵه‌و داخی براكه‌ى به‌م بێتاوانه بڕژن، به‌بێ پرسیار وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌رگاى باستیل بشكێنن، قاپی و په‌نجه‌ره‌ى ماڵیان شكاند‌و چنك له‌سه‌ر سنگ و به پرچ ڕاكێشان كچه‌یان سوارى ئۆتۆمبێلێكی بێجی سه‌ربازیی كرد به‌ره‌و ئه‌منه سوره‌كه‌ى سلێمانی ڕاپێچییان كرد.
له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌وه سه‌یری نه‌نكی كرد‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ر ده‌یووت: هاوار خوایه من بۆ بۆنی ڕێحانه‌و گوڵ هاتم كه‌چی به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی جه‌للاده‌كان ڕاپێچم ده‌كه‌ن، ئاخۆ ئه‌بێت ئه‌مه چ قه‌ده‌رێك بێت وا ڕاپێچم ده‌كات به‌ره‌و نادیاری. ئێدی ئه‌م كچه كه خه‌ونی به شه‌به‌نگ و كڵاو ڕۆژنه‌وه ده‌بینی ئێستا فڕێدراوه‌ته كونجی تاریكی ژوورێكه‌وه كه هه‌ر به ماڵی شه‌مشه‌مه‌كوێره ده‌چێت یان له زیندانه تاریكه‌كانی حەجاج. ئه‌و خۆی پاش ئازادبوونی، دیووت: له‌نێو زینداندا هه‌ر ده‌گریام تا جۆگه‌له‌ى فرمێسكی چاوه‌كانم وشكیان كرد، به‌ڵام زۆرجار بزه‌یه‌ك ده‌هاته سه‌ر لێوم وه‌ختێك گوێم له كچه هاوڕێ زیندانییهكانم ده‌بوو باسی چیرۆكی خۆشه‌ویستی و ڕۆمانی دڵداریی خۆیان ده‌گێڕایه‌وه. یه‌كێك له كچه‌كان پێی وتم ” ئه‌م ئێواره‌یه نامه‌ى عاشقهكهم گه‌یشته ده‌ستم و به خه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ر كاغه‌زێكی كه‌مێك بۆر نوسیبوی (تۆ بڵێی بۆ یه‌ك ببین و رۆژێك بێت له‌ژێر سێبه‌رى كوخێكدا بژین و دوور له هاوار و ناڵه چیرۆكێكی ڕۆمانسی و خۆشه‌ویستی بنووسینه‌وه ؟).. هیچ ساتێك ئه‌و كاتانه‌م بیر ناچێته‌وه كچێك له‌نێو زینداندا عاده بووبێت و خوێنێكی سوور سوور ببینێت و نه‌شتوانێت پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی سپی بدۆزێته‌وه خۆتی پێ سپی بكاته‌وه، سپیكردنهوهیهك كه هه‌ر له‌ناخی خۆت بچێت.
ئه‌و كچه جارجار هه‌نسكی هه‌ڵده‌كێشاو چاوه‌كانی پڕ ده‌بوون له فرمێسكی سوور سوور، له‌و ساتانه‌شدا ئێمه هه‌موو وه‌ك یه‌ك كۆرس و كۆڕاڵێك له پڕمه‌ى گریانمان ده‌دا، گریانێك پیسییه‌كانی ده‌روونی دهشتنهوهو رۆحی تا سنوورى بێگه‌ردبوون و ساوابوونهوه پاك ده‌كرده‌وه.
ئێستا بیرده‌كه‌مه‌وه یه‌كه‌م شه‌وی زیندان، چ شه‌وێك بوو، له‌نێو قووڵایی و بێده‌نگی شه‌ودا، ژنێك هاوارى دهكردو ژان ده‌یگرت، ئێدی زۆرى پێنه‌چوو گریانی پاك و ناسكی منداڵێكی ساواى تازه له‌دایكبوو هه‌موو خه‌ونه‌كانی جوان كردین و سه‌ره‌تایه‌كی نوێی ژیانی پێبه‌خشین، چونكه منداڵێك بوو بۆنی ئازادیی و نوێبوونه‌وه‌ى لێده‌هات و چاوه‌كانی شینێكی تێر بوو كه به‌ره‌و ڕوناكییه‌كی بچوكی په‌نجه‌ره‌كه وه‌ك هێمای ئازادی به‌رزی ده‌كرده‌وه، من ئێستاش گریان و سۆزی ئه‌و دایكه‌م له‌بیر نه‌چۆته‌وه. ئه‌و كاته ئه‌وه‌نده برسی و ڕووت و ڕه‌جاڵ بووین هه‌موو له‌یه‌ك كاتدا له‌وه ده‌ترساین مه‌مكه‌كانی شیریان تێدا نه‌بێت و ته‌نانه‌ت منداڵه بچووكه‌كه‌شی وه‌ك ئێمه هه‌ر دیل و زیندانی بێت. هه‌میشه ئه‌پاڕامه‌وه له خودا و ده‌مگووت: ئیلاهی بۆ ده‌بێت منداڵ له زینداندا له‌دایك بێت؟
ئه‌وسا له زیندان هه‌میشه زینده‌خه‌ونم ده‌بینی و هه‌میشه‌ش بیری ئه‌و ساته وهختانهم نه‌ده‌چووه‌وه كه سه‌رم ده‌خسته سه‌ر ڕانی شیرینی نه‌نكم، نه‌نكیشم وه‌ك ژنێكی میهره‌بان په‌نجه نه‌رمه‌كانی ده‌هێنا به پرچمداو چیرۆك و حیكایه‌تی بۆ ده‌گێڕامه‌وه، جارجاریش فرمێسكه ڕاسته‌قینه‌كانی چاوه‌كانی له ده‌موچاویه‌وه ده‌خزان و ڕوومه‌تی منیان ته‌ڕ ده‌كرد .
ئه‌وسا ئێمه له زیندان هه‌روه‌ك یه‌ك خێزان و یه‌ك بنه‌ماڵه وابووین، هه‌ر هه‌موومان پڕبووین له خۆشه‌ویستی، ئه‌گه‌ر گیانی كوردایه‌تی و سۆزی خۆشه‌ویستی نه‌بووایه، هه‌ر زۆر زوو ئه‌و ترسناكیی و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ى زیندان له‌ناوى ده‌بردین، یان له‌برسا ده‌مردین، كاتێكیش جه‌للاده‌كان ده‌هاتن نه‌ك هه‌ر له مرۆڤ نه‌ده‌چوون به‌ڵكو وه‌ك شه‌به‌حێكی ترسناك و كێوییهكی بێ سۆز و بێ هه‌ست ڕاپێچی ژووره‌كانی ئهشكهنجە دانیان ده‌كردین و منیش هه‌میشه كه ئه‌وانم ده‌بینی له‌به‌ر خۆمه‌وه هه‌ندێك جاریش به ده‌نگی به‌رز هاوارم ده‌كرد، ئیلاهی تۆ بڵێی ئه‌م مرۆڤانه‌ش دروستكراوى تۆ بن ؟!.. تۆ بڵێی ئه‌مانه هه‌ست و سۆزیان تێدا چێنرابێت؟.. ئێدی هه‌موو ڕۆژێك ئه‌م سیناریۆ تاڵ و پڕ تراژیدیایه بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ دووباره ده‌بۆوه تا دواجار كاتێك هات من ئازاد كرام .
جوان به بیرم دێ ته‌نانه‌ت وا ده‌زانم دوێنێیه، كه سوارى زیلێكی سه‌ربازى وشك و ناشرین و شڕییان كردین، ئه‌وه‌نده برسیمان بوو، چاوه‌كانمان ده‌رپه‌ڕیبوون، ته‌نانه‌ت خۆریش وه‌ك دو‌ژمنێك ده‌هاته به‌رچاو، چونكه كه تیشكه‌كانی هه‌تاو ده‌یدا له‌سه‌رمان وه‌ك ژه‌هر به له‌شماندا بڵاودهبۆوهو ته‌واو شه‌كه‌تی ده‌كردین، ئێدی ئه‌وه دوابه‌شی تراژیدیاكه بوو، به‌و شێوه‌یه هه‌ر به عه‌زابه‌وه ئازاد كراین، به‌ڵام ئێستاش كه بیر له‌و ڕۆژانه ده‌كه‌مه‌وه موچڕكهیهكی سارد به جه‌سته‌مدا دێت و سه‌رتاپای له‌شم دادەپۆشێت.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئێمه له زیندان بووین، بهعسیهكانمان وه‌ها بینی ته‌نانه‌ت به‌زه‌ییان به منداڵه بچوكهكانیشدا نه‌ده‌هاته‌وه، له ته‌رازووی ئه‌واندا هه‌موو كوردێك تاوانبار و موسته‌هه‌قی سزاى تاڵ بوو، ئه‌وان هه‌میشه ده‌یانووت: مادام ئێوه كوردن ده‌بێت گه‌وره‌و بچوكتان له‌ناو بچێت، ئێمه بۆیه منداڵه‌كانتان له‌ناو ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆكانه گه‌وره نه‌بن. ئێستا هه‌میشه ئه‌و پرسیاره تاوم بۆ دێنێت بۆچی كچێكی چواره ساڵ سه‌یری ئاوێنه نه‌كات و قسه‌ى خۆی نه‌كات بۆ ژیان و له زینداندا خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ى ره‌فتارى جه‌للاده‌كانی عۆجه بێت؟ هه‌ر ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه نامه‌وێ جارێكی تر گوێم له وشه‌ى(اسعد)بێت، نامانه‌وێت زیل و سه‌ربازه پۆستاڵ ڕه‌شه‌كانی به‌عس به‌سه‌ر زه‌وى پیرۆزی كوردستاندا ته‌راتێن بكه‌ن و په‌نجه درێژ بكه‌ن بۆ مرۆڤی كورد، ئیتر نامانه‌وێت ئه‌م چیرۆكه له هیچ زه‌مه‌نێكی تردا به‌سه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتووماندا دووباره ببێته‌وه، نامانه‌وێت ئازادییه‌كه‌مان به خوێنی هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ى گه‌له‌كه‌مان سوور ببێت .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.