مارس 10, 2026 Omer ئهنفال, وتار 0
لە نێوان قەفەسی ئایخمان و حکومەتی فەرامۆشیدا
د. کامەران محەمەد

چەند بەختەوەر و ئاسوودەین کە خوداوەند حکومەتێکی هێندە خۆبەکەمزان و شەرمنی پێ بەخشیووین! لە کاتێکدا نەتەوەکانی تری جیهان، وەک جووە بێزارکەرەکان، کاتێک جەلادێکی وەک ئەدۆڵف ئایخمان دەگرن، هەموو جیهان تێدەگەیەنن، وەک بڵێی قیامەت هەڵسابێت، دادگاییەکەی بە ڕاستەوخۆ پەخش دەکەن و بیرمەندێکی وەک هانا ئارێنت بانگ دەکەن تا کتێبی لەسەر بنووسێت، کەچی حکومەتەکەی ئێمە، بەتایبەت (وەزارەتی کاروباری فەرامۆشیی و شیوەنی ساڵانە)، هێندە ڕێزی تایبەتمەندی دەگرێت، کە عەجاجی جەلاد بە بێدەنگی دادگایی دەکات، تا نەوەک کاتی پشووی نیوەڕۆی فەرمانبەرە بەڕێزەکانمان تێک بچێت!بە ڕاست چەند کارێکی ناشرین و بازاڕی بوو ئەوەی ئیسرائیل کردی! چۆن دەبێت جەلادێک لە ئەرجەنتینەوە بڕفێنیت و بیهێنیتە بەرچاوی هەموو جیهان؟ ئایا ئەمە تێکدانی ئارامیی جەلاد نییە؟ حکومەتەکەی ئێمە زۆر لەوە ئەخلاقیتر بیر دەکاتەوە، ئەوان پێیان وایە خوێنی کورد شتێکی هێندە تایبەتە، نابێت جیهان بیبینێت. عەجاج ئەو مرۆڤە میهرەبانەی کە لە نوگرە سەلمان خەریکی پاککردنەوەی ڕەگەزی بوو و منداڵ و کچە پاکیزەکانمانی بۆ دۆزەخ دەنارد، ئێستا لەبەردەم دادوەرێکدایە و وەزارەتی شەهیدانی ئێمەش وەک قەشەیەکی بێدەنگ، لە دوورەوە نزا بۆ گیانی فەرامۆشی دەکات.ئای لەو وەزارەتەی کاتێک خوێنی شەهیدانی بیر دەکەوێتەوە کە بیەوێت مەراسیمێکی پڕ لە وێنەی سێلفی و خەرجیی بێسەروبەر بۆ ڕۆژی ئەنفال ڕێکبخات! بەڵام کاتێک دێتە سەر حەقیقەتی دادپەروەریی، وادیارە نووسینگەی وەزیر و ڕاوێژکارە دەوڵەمەندەکانمان هێندە سەرقاڵی دیزاینکردنی ئاییندەن، کاتیان نییە سەیری ڕابردوو بکەن. بۆچی دەبێت گەنجی کورد لە شاشەی مۆبایلەکەیەوە ببینێت کە جەلادەکەی چۆن دەلەرزێت؟ نا عەیبەیە! با گەنجەکانمان سەیری تیکتۆک و خواردنە خۆشەکان بکەن، چونکە بیستنی چیرۆکی جەستەی ئەنفالکراوەکان لە ناو کەڵبەی جەلاددا، ڕەنگە میزاجی سیاسی تێک بدات.وەرن سەیری ئەم بێماناییە بکەن! حکومەتێک کە سەروەریی خۆی لە دابەشکردنی زەوی و پۆستدا دەبینێتەوە، بەڵام توانای نییە یەک کامێرا بباتە ناو هۆڵی دادگا هەتا بە جیهان بڵێت ئەمە ئەو دێوەزمەیە بوو کە ئێمەی دەکوشت، ئایا ئەمە حکومەتی نەتەوەیە یان کۆمپانیایەکی سڕینەوەی مێژوو؟ئەگەر حکومەت خەمی خاک و خوێنی هاووڵاتییانی نەبێت، تەنها یەک وەزیفەی بۆ دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەی کە ببێتە مۆزەخانەیەکی زیندوو بۆ حەماقەت. جیهان ڕێز لەو نەتەوانە دەگرێت کە برینەکانیان دەکەنە بەڵگە، نەک ئەو نەتەوانەی برینەکانیان دەکەنە پاساو بۆ وەرگرتنی بودجە. عەجاج ئەمڕۆ پێمان دەڵێت: من ئێوەم کوشت، بەڵام حکومەتەکەتان منی پاراست بەوەی نەیویست کەس وێنەی ڕاستەقینەی تاوانەکانم ببینێت.لە کۆتاییدا سوپاس بۆ ئەم حکومەتەی کە فێری کردین دادپەروەریی شتێکی زۆر کەسییە و نابێت بڵاوبکرێتەوە! پیرۆز بێت ئەو وەزارەتەی کە شەهیدەکانی خۆش دەوێت بەو مەرجەیتەرم بن و بێدەنگ بن، بەڵام کاتێک جەلادەکە زیندوو دەبێتەوە، وەزارەتەکەش وەک پیاوچاکێکی سۆفی مەشرەب خۆی لە قەرەی قاووقیژی دادگا نادات. بە ڕاست، کاتێک دەوڵەت دەبێتە سکرتێری فەرامۆشی، جەلادەکان دەبنە پاڵەوانی بێدەنگی.

نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
مارس 10, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.