ئایدیاو چەمکسازی لە نێوان داهێنانی فیکری و بەرپرسیارێتیی زانستیدا
هۆمەر محەمەد
نیگەران بووم کاتێک تێزێکی دکتۆرام خوێندەوە بینیم نەک هەر ئایدیاو بیرۆکەکانی منی بردووە بەڵکو خستوومییە ڕیزی هەموو ئەوانەشەوە کە ڕەخنەی لێگرتوون. باش بیرمە کە لە لە رۆژانی ٢-٣ی تەموزی ساڵی ٢٠١٧ بانگهێشتکرابووم بۆ کۆنفرانسی جێنۆسایدی زانکۆی گەرمیان بۆ پێشکەش کردنی سیمنارێک دەربارەی ئەنفال ئەوسا خاوەنی ئەم تێزە خوێندکاری دکتۆرابوو، لەوێ گوێبیستی سیمنارەکەم بوو، کە لەمیانەی گفتوگۆکاندا هەردوو دەستەواژەی (کارەسات) بۆ جێنۆساید و (پاشماوەی ئەنفال) بۆ رزگار بوانی ئەنفال دایە بەر ڕەخنەو پێشتریش بەوردی و تەنانەت بەهێڵکاریی و وێنەوە ڕوونم کردبووەوە، کە بۆچی بەکارهێنانی ئەم دوو چەمکە نەک هەر هەڵەیە بگرە (عەیبە).

بڕوانە وێنەی ژمارە (١) هێڵکارییەکە (ئەنفال= بەتاوانی نێودەوڵەتی تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی) و (کارەسات = بە بومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، لافاو روداوی هاتووچۆ) هاوکات دەشێت هەموو تاوانێک کارەسات بخوڵقێنێ بەلام هەموو کارەساتێک مەرج نییە تاوان بێت و جەلادو بکەری هەبێت. تەنانەت بیرمە وتم فەرموون لەسەر تسۆنامیەکەی ژاپۆن و بوومەلەرزەکەی شاری وان کەزیانی گیانی و ماڵی زۆری لێکەوتووەتەوە کێ دادگایی دەکەن و تۆمەتبارەکانی کێن ؟ کەچی ئەفسوس هەمان ئەو توێژەرە بیرۆکەو ئایدیا رەخنەکانمی دەربارەی ئەو دووچەمکە بۆخۆی قۆستووەتەوە بەبێ ئەوەی بەیەک وشەش ئاماژە بەناوی من وەک خاوەندارێتی بهێنێ.
بەهەرحاڵ نووسین و توێژینەوە لە کایەی جێنۆسایددا، تەنها کارێکی ئەکادیمیی ڕووت نییە، بەڵکوو پێناسەکردنەوەی مێژوو و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی قوربانییانە. لێرەدا تەنها قسەم لەسەر ئەکادیمییەکانە دەنا کەسانێک کە شارەزانین و هۆشیاری ئەوەیان نییە کە مافی ئەوانیدی بپارێزن بەڵام ئەکادیمیەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانیان بەتایبەتیش توێژەران و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، کە پێویستە لە کاتی سوودوەرگرتن لە هەر ئایدیا و دیدگایەکی نوێ، ئەمانەتی زانستی بپارێزن ومافی خاوەندارێتیی فیکری وەک بنەمایەکی ئەخلاقی پەیڕەو بکەن .
مێژووی ڕەخنەگرتن لە چەمکە نادروستەکانی وەک ( کارەسات ) و ( پاشماوەی ئەنفال )، ڕەگێکی قووڵی لە کارە میدیایی و سیمینارە زانستییەکانی ئێمەدا هەیە. ئەم بیرۆکەو ڕەخنانەم لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ یەکەمجار لە ڕادیۆی گەرمیان خستەڕوو، کاتێک لە بەرنامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نووسەر ( تەها سڵێمان ) کە پێشکەشکارەکەی ( ئەحمەد محەمەد ) ناسراو بە مامۆستا ئەحمەدی ئیزاعە بوو، بۆ یەکەمجار ئەو دوو چەمکەم خستە بەر ڕەخنەی توند .لەدوای ئەوەوە لە چەندین وتارو کۆڕو سیمنارو بەرنامەی ڕادیوێی و تەلەفزیونیدا جەختم لەسەر بەکارنەهێنانی ئەم دوو دەستەواژەیە کردووەتەوە.
لە دوای ئەوە لە زۆربەی ژمارەکانی گۆڤاری ئەنفالستاندا ئەم دیدو ئایدیایەم ڕەنگی داوەتەوە بۆنمونە : لە لاپەڕە ٥ ی ژمارە (٩) ی گۆڤاری ( ئەنفالستان ) دا بڵاوکراوەتەوە. لەوێدا لەژێر ناونیشانی ( ڕێگایەکی پەروەردەیی بۆ یادکردنەوەی ئەنفال) بنەماکانی گۆڕینی دیدگای باو و بەکارهێنانی زاراوە دروستەکانم داڕشتووە. تەنانەت لە بەرگی گۆڤارەکەشدا ئەم ئایدیایە ڕەنگی داوەتەوە.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە قاوەخانەی کەلتووریی شاری سلێمانی و لە ڕێگەی چەند سلایدێکەوە بەوردی کارم لەبارەیەوە کردووە. بەردەوام جەختم لە نادروستیی بەکارهێنانی وشەی کارەسات بۆ تاوانی جێنۆساید ڕوون کردووەتەوە. لەگەڵ ستافی ئەنفالستان جەختمان کردەوە کە کارەسات بۆ تاوانی جێنۆساید زمانێکی هەژارەو نوێنەرایەتی تاوانێکی گەورەی وەک هەڵەبجەو ئەنفال ناکات تەنانەت روونمان کردووەتەوە کە دەشێت لافاو یاخود بومەلەرزو لافاو کارەسات بخوڵقێنن و کۆمەڵکوژی و زیانی ماڵی و گیانیان لێبکەوێتەوە بەڵام لەوەها حاڵێکدا تۆمەتبارو بکەری نییە، قوربانی هەیە بەبێ ئەوەی جەلادیان هەبێت بەڵام جێنۆساید هەم قوربانی و هەم جەلادی هەیە .

یەکێک لە بەڵگە هەرە دیارەکانی ئەم تێڕوانینە ڕەخنەییە، بە شێوەیەکی هونەری و بە وێنە لە بەرگی ژمارە ( ١٠ ) ی گۆڤاری ( ئەنفالستان) دا ڕەنگی داوەتەوە. بڕوانە وێنەی ژمارە(٣) بەرگی ئەنفالستان. لەوێدا وەک پەیامێکی بینراو، وێنەی دایکێکی قوربانی دوای مۆڵەت وەرگرتنی بڵاوکردنەوەی وێنەکەی دادە (ڕێژاو)مان بڵاوکردەوە کە هەمان ئەو داواو پێشنیارەی ئێمەی بەرزی کردووەتەوە و داوا دەکات: ( ئاگاتان لە دەمتان بێت، ئێمە مرۆڤین ، پاشماوە نین ) . ئەمە دروشمێک نەبوو ، داڕێژرابێت بەڵکوو داوایەکی فیکری و ئینسانی بوو کە گۆڤاری ئەنفالستان پەیڕەوی دەکرد بۆ پاککردنەوەی زمانی نووسەران لەو دەستەواژە نزم و هەژارانەی کە سوکایەتی بە کەرامەتی ڕزگاربووانی ئەنفال دەکەن .
ئەم دیدگا ڕەخنەییە لە چەندین شارو شارۆچکەی وەک هەڵەبجە و کۆیەو کەلارو هەولێرو سلێمانی و دهۆک هەروەها لە زانکۆی وەک ( گەرمیان ، سلێمانی ، سۆران ، چەرموو ) و لە ناوەندە میدیاییەکانی وەک ( ڕادیۆی نەوا ، ڕادیۆی دەنگی نوێ لەهەڵەبجە، ڕادیۆی گەرمیان، تەلەفزیۆنی کوردسات و گەلی کوردستان و تەلەفزیۆنی ئایندە) لەلایەن نوسەری ئەم بابەتەوە پێشکەش کراوە.
هەروەها ئەم دیدە بەشێویەکی زانستی لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە کتێبی ( دیدێکی نوێ بۆ یادکردنەوەی تاوانەکانی جێنۆساید ) لە لایەن دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاو کرایەوەو لەلاپەرەکانی ٤٤ ،٤٥، ٤٦ دا بەووردی باسکراون و شیکراونەتەوە ، کەبۆچی ئەم دوو دەستەواژەیە بەکارنەهێندرێن .
بۆیە جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە کاتێک دەبینین هەندێک لە توێژەران بە بڕوانامەی بڵندیشەوە دەست بۆ مافی ئەوانیدی دەبەن، تەنانەت لە تێزێکی دکتۆراشدا، بەبێ ئاماژەدان بەم هەوڵە چڕەو بەم مێژووە بە بێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان ، هەمان ئەو بیرۆکە و شیکردنەوە زمانەوانییانە بۆخۆیان دەبەن و بێ باک لەبەرپرسیارێتی زانستی بەکاردەهێننەوە! نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هەندێک جار خۆیان توشی هەڵەی میتۆدی دەکەن، بەوەی ئێمەش کە خاوەنی بیرۆکەکەین دەخەنە ڕیزی ئەوانەوە کە ئەم دوو چەمکەیان بەهەڵە بەکارهێناوە. کورد ووتەنەی (هەتا خاوەن ماڵ بەخۆکەوت دز خاوەن ماڵی گرت) ئەم جۆرە لە کارکردن، جگەلەوەی کەسەکان توشی شەرمەزاری دەکات زیان بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی زانستیش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ماندووبوونی ساڵانەی کەسانی وەک ئێمە نادیدە بگرن و بێمتمانەمان بکەن کە لە مەیداندا بەبێ هیچ پشتیوانییەک خەریکی هۆشیارکردنەوەو چەمکسازین .
ئێ خۆ ئەگەر کەسانێک هەلی ئەوەیان بۆ نەرەخسابێت لە زانکۆ بخوێنن خۆ دەبێت هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا بزانن ئەمانەتی زانستی داوایان لێدەکات کە وەک توێژەرێک پێشەنگ بن لە پاراستنی مافی ئەوانیدی (کۆپیرایت و خاوەندارێتیی ئایدیاکان). دەنا هەموومان دەزانین کە زانست تەنها کۆمەڵێک زانیاری نییە، بەڵکوو ئەخلاق و ڕێزگرتنیشە لەو ڕەنجە فیکرییەی کە لە ڕادیۆ ، تەلەفزیۆن ، سیمینار ، کتێب و بەرگی گۆڤارەکاندا لەلایەن کەسانی ترەوە بۆ مێژوو تۆمارکراون.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.