سینەما وەک پارێزەری مێژوو
کورد ڕزگاربوویەکی بەهێزە، نەک قوربانییەکی زەلیل.

هۆمەر محەمەد
٢٢/٣/٢٠٢٦ سلێمانی
سینەما تەنها هونەری کات بەسەربردن و کەرەستەیەکی هونەری نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، بەڵکو چەکێکی “مەعریفی” و گەورەترین و کاریگەرترین مینبەری سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیش بوو لە سەدەی بیستدا بێگومان لە سەدەی بیست و یەکیشدا. ئەگەر ڕۆڵی زیاتر نەبێ کەمتر نییە بەلای کەمەوە “ئەرشیفێکی زیندووە”. بۆ نەتەوەیەک کە بە ناو دۆزەخی جێنۆسایددا تێپەڕیبێت، سینەما دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و داهاتوویەکی شکۆدار.لەمەموو دۆخێکدا سینەما دوو ئەرکی سەرەکی دەبینێت: یەکەم، گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت بە جیهان؛ دووەم، گۆڕینی “شوناسی قوربانی” بۆ “شوناسی بەرهەمهێن و داهێنەر”. بۆیە ئەم هونەرە ئەفسوناوییە لەتوانیدایە لە ئامرازێکی “تۆمارکردنی ئازار”ەوە بگۆڕێت بۆ بزوێنەرێکی، هەستانەوەی نەتەوەیەکی بریندار
سینەما وەک پارێزەری مێژوو
ئەزموونی جیهانی نیشانمان دەدات کەوا نەتەوەکانی تر توانیویانە لە ڕێگەی تێگەیشتن لەم هونەرە بەتایبەتیش هێزو زمانی وێنە، دۆسێی جێنۆسایدەکانیان لە ڕووداوێکی لۆکاڵییەوە بکەنە پرسێکی جیهانی و ویژدانی. لەکێشەیەکی ناوخۆییەوە بیگۆڕن بۆ کێشەیەکی مرۆڤایەتی.
زۆرن ئەو فیلمانەی کە دۆسێی جوو یاخود هۆڵۆکۆستی جووەکانیان بردە ناو مێژووەوەو لە چیرۆکێکی لۆکاڵییەوە کردیان بە چیرۆکی جیهانی، فیلمی پیانۆژەن لە دەرهێنانی “ڕۆمان پۆلانسکی” (Roman Polanski)، کە خۆشی یەکێکە لە ڕزگاربووانی کەمپەکانی هۆڵۆکۆست کە نازییەکان لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا ئازاری جووەکانیان تێدا دەدا، ڕەنگە هەر هی ئەوەش بێت کە فیلمەکە زۆر بە واقیعی و بەشێوەیەکی کاریگەر دەرهێنراوە. یاخود فیلمی (Schindler’s List) لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگ، نموونەیەکی هەرە دیارە لەسەر هۆڵۆکۆست. ئەمانە دەیان فیلمی تر فیلمی شیندلەرلیست تەنها باسی کوشتنی جووەکان ناکات، بەڵکو گەورەیی ئەو ژیان و شارستانییەتەش نیشان دا کە لەناو چوو، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە جیهان بە چاوێکی پڕ لە ڕێز و هاوسۆزەوە تەماشای ئەو مێژووە بکات. کە فاشیزم لەبەینی بردووە هەروەها فیلمی (The Pianist) ئەوەمان نیشان دەدا کە چۆن هونەر و داهێنان (مۆزیک- پیانۆیەیەک) دەبێتە هۆی مانەوەی پیانۆژەنەکە لەکەشێکدا کەمردنی مرۆڤەکان سادەترین ئاکتێکە لەلایەن ئەفسەران و سەربازانی ئەڵمانیای نازییەوە بەڵام پیانۆیەک ئاواز ژەنینێک دەبێتە ڕایەڵێکی پەیوەندی مرۆڤایەتی لەنێوان ئەفسەرێکی نازی و جوویەک کەدەبوو بمرێت.
لەلایەکی ترەوە، ئەرمەنییەکان لە ڕێگەی فیلمی وەک (The Promise) یان (Ararat) توانییان مێژوویەکی سەد ساڵە بهێننەوە ناو هۆڵەکانی سینەما لە واشنتۆن و پاریس. ئەم فیلمانە نیشانیان دا کە ئەرمەنەکان نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و داهێنانن و ڕووبەڕووی ستەم و جێنۆسایدێکی مەترسیدار بوونەتەوە، کە جیهان لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی دەکات بەڵام ئەم تاوانە گەورەیەی لەیاد کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فشاری سیاسی دروست بکەن بۆ ناساندنی جێنۆسایدەکەیان.
تێپەڕاندنی کەلتووری “زەلیلی” و “قوربانیبوون”
ئەرکی هەرە قورسی سینەما لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستاندا بەتایبەتیش لە دوای جێنۆساید، ئەوەیە کەچیدی خۆی لەبەردەم ئەوانیدی وەک زەلیل و گوناح نیشانی دونیا نەدات، رەنگە باشترین نمونە لە مێژووی نوێدا (شەنگال و کۆبانێ)بن ئەگەر کۆبانێش وەک شەنگال یاخود وەک ئەنفال بچونایەتە مێژووەوە چی لەدۆخی کورد دەگۆڕێ ؟ بەڵام کۆبانێ و ئەنفال دوو چیرۆکی جیاوازی کورد و دوو شوناسی جیاوازن شەنگال هێزی مەڵومییەتەو کۆبانێ هێزی بەرەنگاریی. ئەم شوناسە لەهەردوک بارەکەدا دەکرێت هێزبن بەڵام یەکێکیان هێزی شوناسە کە مەزڵومییەتە ئەوی تریان شوناسی هێزە کە بەرەنگارییە. کۆمەڵگایەک کە تروما (برینی قووڵی دەروونی) هەبێت، زۆر جار پەنا دەباتە بەر نیشاندانی خۆی وەک “قوربانییەکی بێدەسەڵات” بۆ ئەوەی بەزەیی جیهان ڕابکێشێت. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداری و دونیای مۆدێرن، ڕێز لە قوربانی ناگرێت “بەزەیی”یش دادی کۆمەڵگا نادات، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگای جێنۆساید کراو لەوە تێبگات دونیا ڕێز لە “هێز و بەرهەمهێنان و داهێنان” دەگرێت. نەک لەمەزڵومییەت.
دونیا گوێ لەو کەسە ناگرێت کە تەنها دەکڕوزێتەوەو برینەکانی نیشانی ئەوی دی دەدات، بەڵکو سەیری ئەو کەسە دەکات کە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و شتێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی زیاد دەکات. ئەگەر سینەمای ئێمە تەنها لە چوارچێوەی “شیوەن و زەلیلی”دا بمێنێتەوە، جیهان تەنها وەک “کێشەیەکی مرۆیی” سەیرمان دەکات. ئەویش بەشیوەیەکی کاتی و راگوزەر بەڵام کاتێک سینەما نیشانی دەدات کە نەوەی دوای جێنۆساید خەریکی داهێنانن، بەرهەمهێن و جەنگاوەری باشن ئاشنای دونیای مۆدێرن و تەکنەلۆژیان، و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندیان هەیە، ئەو کاتە جیهان ناچار دەبێت وەک “هاوبەشێکی گرنگ” مامەڵەمان لەگەڵ بکات.
سینەما وەک بزوێنەری کۆمەڵگای داهێنەر
برینی جێنۆساید تەنها بە هاوکاریی مادی سارێژ نابێت، تەنانەت ئەگەر قوربانیەکانی بخرێنە باشترین ئاستی خۆشگوزەرانییەوە بەڵکو بە گەڕانەوەی “شکۆی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی” سارێژ دەبێت. مرۆڤی کورد هیچ کات ناتوانێت بەسەرمایەی مادی و خۆشگوزەرانی شکۆمەندی بەدەست بهێنێت ئەگەر خۆی و نەتەوەکەی ئازاد نەبن، چونکە لەهەر کوێیەکی ئەم دونیایە ڕووبەڕووی شتێک دەبێتەوە کە شوناسێتی سینەما دەتوانێت ئامرازێکی گرنگی هوشیاری و بەدەستهێنانی ئەم شکۆیە بێت بەوەی کە:
– لە جیاتی نیشاندانی کارەکتەری زەلیل و ئێسک وپروسک و تەرمی قوربانییەکان، ئازایەتی دایکان و “خەونەکان”یان نیشان بدات، یاخود ئەو هێزە زەینی و کەلتورییەی مرۆڤەکان نیشانبداتەوە کە بێسەروشوێن کران.
– لە جیاتی نیشاندانی مەرگ، “ئیرادەی هەستانەوە” نیشان بدات. یاخود لەبری خۆبەهیچ نەزان و دواکەوتوو نیشانبدات ئەو توخم و رەگەزە کەلتوورییانە نیشانبداتەوە کە پێش چینۆساید هەبوون و بەهۆی تاوانکاریی دەوڵەتەوە لەدەست چوون. دەنا سینەمای کوردی بە نیشاندانی گوند و بەڕەو جاجم بەبێ ئامانج و مەبەست ناتوانێت چیرۆکێک بگێرێتەوە کەنەمربێت.
کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن پێویستی بە جۆرە سینەمایەک هەیە کە متمانە بە گەنجەکانی ببەخشێت. نەک نائومێدو سەرگەردان نیشانیان بدات، نیشاندانی ئەوەی کە کورد سەرەڕای جێنۆساید، توانیویەتی شار بونیاد بنێتەوە، زانکۆ دروست بکات و هونەری مۆدێرن پێشکەش بکات، ئەگەر لەواقعدا زانکۆکان هەر بینابن و بەرهەمهێنەری مەعریفە نەبن دەبێتە ئامرازێکی فریودەر بەپێچەوانەشەوە دەتوانێت وێنەیەک نیشانبدات کە هێزی هەزاران لاپەڕەی نوسراوی هەبێت. بێگومان بەبێ ئەوەی مەبەستمان بێت هێزی نوسین و چاپەمەنی نادیدە بگرین.
قسەکردن لەسەر سینەما کاتی زۆری دەوێ بەڵام بالێرەدا بووەستین ماوەتەوە بڵێم : هەرچەندە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی نالەباریش بێت سینەما بۆ ئێمە وەک ئۆکسجین وایە دەشیت هەرکاتێک بەچالاکی بکەوێتەکار وەرچەرخانێک لە “گێڕانەوەی تراژیدیا” بۆ “گێڕانەوەی سەرکەوتن بەسەر تراژیدیادا” دروست بکات.
ئەوەی گرنگە هونەرمەندی کورد بەتایبەت سیناریست و دەرهێنەران بیزانن ئەوەیە جیهان پێویستی بەوە نییە گەماشای چیرۆکی زەلیلی ئێمە بکات، بەڵکو پێویستی بەو نەتەوانەیە کە دەیسەلمێنن مەرگ کۆتایی ڕێگەکە نییە. هەمیشە وتوومەو لێرەش دەیڵێمەوە کورد چیرۆکی زۆرە بۆشانازی و مرۆڤی زۆرە بۆشانازیی بەڵام زۆربە سەرقاڵن بەوانەوە کە جێگەی شەرمەزاریمانن.
کاتێک ئێمە وەک کۆمەڵگایەکی داهێنەر و کارکەر لە شاشەی سینەماکاندا دەردەکەوین، نەک تەنها دۆسێی جێنۆسایدەکەمان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، بەڵکو ڕێزی جیهانیش بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان و مرۆڤی مسۆگەر دەکەین. سارێژبوونی برینەکان لە تێگەیشتن لەم ڕاستییەوە دەست پێ دەکات: ئێمە ڕزگاربوویەکی بەهێزین، نەک قوربانییەکی زەلیل.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
نیسان 08, 2026 0
نیسان 05, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.