شوبات 27, 2025 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار 0
سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء)
هۆمەر محەمەد
چەند ڕۆژێکە هەواڵی دەرکەوتن و دۆزینەوەی کچێکی ئەنفالکراوی کورد, لەرێگەی سۆشیال میدیاو تیڤیەکانەوە، بڵاوکراوەتەوە، منیش لە وێنەکەی ورد دەبمەوە و تێڕادەمێنم، زۆر بەدیقەتەوە تەماشای جوڵەو هەست و دەربرینی دەکەم. لە نیگای و روخساری و فرمێسکەکانی ورد دەبمەوە. بەڵام نەمتوانی هیچی لەبارەوە بنوسم، چونکە بەو پێیەی بەرکەوتنم لەگەڵ ئەم دۆسێیانەدا زۆرە، پەلەناکەم و بە دوای قەرەباڵغی ناکەوم. ئێستاش کە هەندێک سەرنج وتێبینی دەخەمەڕوو هیچ دادوەرییەک ناکەم. چونکە کچەکە چووەتە مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و داوای وەرگرتنی خوێنی کردووە بۆ (شیکاری DNA) ئیتر ئێمە و مانان دەبێت چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دواتربین، بەهیوام لایەنە پەیوەندیدارەکان پەندیان لە دۆسێکانی پێشتر وەرگرتبێ، پێویست ناکات بکرێتە کاڵای ڕاگەیاندن و سەر لە کچەکەو خەڵک و دادگاو تاقیگەو شیکاریی بشێوێندرێت. خۆشبەختانە ئەمرۆ د. فاتیح سەنگاوی نوسیوێتی : سەرەداوی کچەونبووەکەی ئەنفال لە دەرکەوتندایە. لەراستیدا هەر ئەو نوسینەی بەرێزیان هاندەربوو منیش ئەم سەرنج وتێبینیانە بخەمەڕوو.
ئەوەی بۆمن جێگەی پرسیارە ئەوەیە، د. فاتیح ناڵێت سەرەداوی دۆزینەوەی کەسوکاری لەدەرکەوتندایە! لەبنەڕەتەوە دۆسێی ئەم کچەش پرسیار هەڵگرە، ئایا بۆچی لەکاتی هاوسەرگیرییەکەیدا ئەم راستییە تاڵەی پێدەڵێن ؟ ئەو خانەوادەیە بۆ چەندین ساڵە هەوڵیان نەداوە سۆراخێکی کەسوکاری بکەن ؟ وەک (بەراء) دەڵێت دایکی لە مەرکەز شەبابەکەی دووزدا گیراوە و لەو کاتەدا ژانگرتوویەتی ؟! ئەمەش بەرچاوڕوونیەکی باشە چونکە ئەوانەی لەمەرکەز شەبابەکەی خورماتوودا دەستبەسەربوون لە ئەنفالکراوانی ناوچەی داوێن، واتا بازنەی شوێنی رووداوەکە زۆر بچوک بووەتەوەو بۆ گەڕان بەدوایدا ئاسانترە وەک لەئەوەی نەزانرێت لەکوێ بۆی بگەڕێین. بەو حاڵەشەوە هێشتا چیرۆکەکە بۆمن جێگەی هەڵوەستەو تێڕامانە، بەتایبەتیش کە دەڵێن لەوکاتەدا کە( دایکی ژان بەم کچەوە دەگرێت و لە خەستەخانەکەی دووزدا مناڵەکەی دەبێت)!! بەڵام خۆ دەستبەسەرکراوانی مەرکەزشەبابەکەی خورماتوو (زیندان نەبوو) بەڵکو شوێنی کۆکردنەوەی کاتی بووەو ئەوانەش هەروا بۆچەند کاتژمێرێک ئەوپەڕی بۆ شەوێک هێڵدراونەتەوە، هەتا فەرمانیان بۆبێت بۆکوێیان بەرن ؟ بۆ تکریت یان بۆ تۆبزاوا یان بۆ قەراخی ئەو چاڵانەی لە چیای حەمرین بۆئەنفالکراوان ئامادەکرابوون ؟ هەموو ئەوانەی لەخورماتوو دیدارم لەگەڵدا سازداون و قسەیان بۆکردووم دەڵێن ئێمەیان بردووە بۆ تکریت و دواتریش بردویانین بۆ نوگرەسەلمان.
چیرۆکی بردنی دایکی (بەراء بۆخەستەخانە) بەناراستەوخۆ سپیکردنەوەی ڕووی بەعسیەکانە، چونکە لۆژیکی ئەنفال هیچ نەرمیەکی تێدانەبووە. دەشێت ئەم ژنە جاشێک یاخود چاکە کارێک تەنانەت بەعسیەکی دڵنەرم لەکاتی هەڵکوتانە سەر مەرکەزشەبابەکەی خورماتوو دایکی ئەم کچەی رزگاری کردبێ و بردبێتی بۆ نەخۆشخانە. بەڵام دیسان لەوێ ئاشکرابووبێتەوەو بردبێتیان. دەنا ئەنفالکراوان زیندان نەبوون، هەتا هەندێک مافیان وەک زیندانی کراوێک بۆ دەستەبەرکرابێت و لەکاتی نەخۆشیدا بردبێتیانن بۆ نەخۆشخانە! ئەنفالکراوان بۆ مردن و کوشتنی بەکۆمەڵ کۆکرابوونەوە. لێرەدا نمونەیەک دەخەمەڕوو (ئەفرۆز ئیسماعیل جەلال) خەڵكی گوندی وارانیی خواروو. لەکاتی ئەنفالی گەرمیاندا دووگیان بوو. کاتێک كەوتنە دەست جەیش وجاش بە ئیڤای سەربازی گەیاندیاننە مەرکەزشەبابەکەی خورماتوو، هەر لەناو ئیڤاکە ئەفرۆز ژان گرتبووی، کە گەیشتنە دوزخورماتوو لە مەركەز شەبابەكەدا دەستبەسەریان کردن، دوو كاتژمێر دوای گەیشتنیان پیاوانی ئەمن كەوتنە پۆلێنكردن و جیاكردنەوەیان و بە دەستوبرد هەندێکیان سواری سەیارە كرد و بردیانیانن بۆ شاری تكریت. یەکێکیان (داخل حەسەن)ی هاوسەری ئەفرۆزبوو، لەودۆخەدا ئەفرۆزی ژانگرتوو، بە بەرچاوی خەڵكەوە دوومنداڵی بوو(ئاوات و نەجات). ئەفرۆز جگەلە مێردەکەی ٢٧ كەس لە ماڵی باوكی ئەنفالکران جارێكی تر نەبینرانەوە. لە ناویاندا هەشت برای بە ژن و منداڵەوە
لە بەختی ئەفرۆز و ئەوانەی رزگاریان بوو، جموجۆڵی گوماناویی بەعسییەكان، غیرەتی دابووە بەر جاشێك بە ناوی جەبار (جاشەكە بە جەبارە درێژ ناسراوە) ئەو توانیبووی لەناو خورماتوو پشێوییەك بنێتەوە و هەڵكوتێتە سەر مەركەز شەبابەكە، خەڵكێكی زۆر سودیان لەو کارەی جەبار بینی و ڕزگاریان بوو، ئەفرۆز بوێرانە بە مەلۆتكەكانیەوە، پڕکێشیی ڕاكردنی كردبوو بەمنداڵە تازە لەدایک بووەکانیەوە لە مەرکەز شەبابەکە چووە دەرەوەو خۆی ڕزگارکرد.[1]
جێگەی ئاماژەیە دوای ڕاپەڕین برازایەکی ئەفرۆزە بەناوی “ئاكۆ عیزەدین” دەرکەوتەوە ئەویش پیاوێكی خەڵكی بەغدا دۆزیبوویەوە و لای خۆی داڵدەی دابوو، پاش ئەوەی حوكوومەتی بەعس ڕووخا، ئاشكرای كردو گەڕایەوە بۆخورماتوو، ئێستا ئاكۆ ماڵ و حاڵی خۆی هەیە و باوكی منداڵێكەو هەر لەخورماتوو دادەنیشێت.[2] دەشێت چیرۆکی (بەراء) لەسەر چیرۆکەکەی ئاکۆ بونیات بنێین. بەڵام هێشتا مافی دادوەریمان نیەو ناتوانین بڵێین ئەم چیرۆکە بێ بنەمایە یاخود راستەو بەراء کچی ئەنفالکراوانە.
هیچ هەلومەرجێکی وانەبووە ئەنفالکراوان لەنەخۆشیدا یاخود لەکاتی منداڵ بووندا ببرێن بۆ نەخۆشخانە. بەتایبەتیش لە مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو، چونکە هەموو خەڵکی شارەکەو ئەوانەی کەلەوێ رزگاریان بوو، دەزانن کە جاشەکانی (جەبارە درێژ) پەلاماری مەرکەزشەبابەکەیان داوەو کردوویانە بەتەق وتۆق و پشێوێکیان ناوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەوخەڵکە رزگاریان ببێ، بۆیە هەرگیز رێی تێناچێت بەعسیەکان لەو پشێوییەدا ژنێکی ژانگرتوویان بردبێت بۆ خەستەخانەو دوای لە دایک بوونی منداڵەکەی گێڕابێتیانەوە. خۆ ڕەنگە ئەم چیرۆکەڕاست بەشێکی ڕاست بێت بەڵام بەشێکی ناراست بووبێت. ئەم ژنە ئەنفال نەبووبێ و زیندان بووبن خۆ بەعسیەکان چەندین جۆری زیندانیان هەبوو.
بۆیە من هیچ گومانێک ناخەمە سەر ئەو دوو کارمەندە پزیشکیە تورکمانە، کە کچەکەیان هەڵگرتووەتەوە و هەتا ئێستاش وەک کچی خۆیان تەماشای دەکەن و وەک کچی خۆیان بەخێویان کردووە. بەپێچەوانەوە زۆر جێگەی ڕێزن تەنانەت ئەگەر چیرۆکەکە پەیوەندی بەئەنفالیشەوە نەبێت. ئەم چیرۆکە تۆوی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی لێشین دەبێ و دەبێتە رایەڵێکی گرنگی ئاشتی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیاری منە بۆچی لەکاتی گواستنەوەی بووکێنیدا ئەم راستیەتاڵەی دەدرێت بەگوێدا؟ د. فاتیح سەنگاوی نوسیوێتی (گوێی لە چرپەی خزمانە کە: ئەمە کچی خۆیشیان نییە دەبێت، دوای سووربوونی لەگەڵ دایکی ڕاستییەکەی بۆ دەردەکەوێت. ئێستە ئەو کچە لە سۆراخدایە و خولیای گەڕان و دۆزینەوەی کەسوکارێتی. لەو ڕۆژەوە لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە بەدوای ئەو کەیسەوەم، هەروەک چۆن چەندین کەس و دەزگای تریش سەرقاڵن، هاوشێوەی کاک هابیلی مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و کاک عومەری شەهیدان و کەسانی تریش. بەڕێگەی خۆم گەیشتووم بە سەرە داوێکی گرنگ کە هیوام وایە کەسوکارەکەی ئەو بن…)[3]
بەبروای من نابێت پەلە بکرێت نەلە رەتکردنەوەی نەلەساغ کردنەوەی، چونکە ئەنفال هەزاران چیرۆکی ئاڵۆزی تێدایەو بەعسیش سەدان هەزارجار ئاڵۆزتر، بەعسیەکان تەنها بەئەنفال کوردیان نەکوشتووە و زیندانەکانی بەعس هەر بۆ کەسانی سیاسی نەبوون، بەڵکو زیندانی جۆراوجۆرو زیندانیکراوی جیاوازیشی زۆربوون. بۆیە نەشایەت و ووتی وتی دۆسێکە یەکلایی ناکەنەوە ئەوەی لەهەمووان بڕوا پێکراوترەو دەتوانێت دۆسێکە یەکلایی بکاتەوە (پشکنینی خوێن وDNA) یەکلاکەرەوەن.
دواهەمین پرسیارو گومانم ئەوەیە باشە بۆچی هەموو هەوڵێک ئامادەیە بۆ (دۆزینەوەی کەسوکاری بەراء) بەڵام بۆ (هەژار) نا؟ ئێ خۆ ئەویش هەر لەسنوری چەمچەماڵ و کەرکوکدایەو ئەویش وەک ئەم کچە کەوتووەتە لای پیاوێکی تورکمان و هەرلەکەرکوکیشدایە! ئەی بۆچی کەسێک بۆ ئەو تێناکۆشێ ؟ بۆچی ڕێکخراوەکان و دەسەڵاتداران قسەیەکی لەبارەوە ناکەن و ئامادەی شیکاری دی ئێن ئەی نین بۆی؟ خۆ (هەژار- ئایدن) روون وئاشکرا منداڵێکی گوندی گۆپتەپەیەو کەسوکاری دۆزییانەوە و چونەتە ماڵی (جەمال) پیاوە چاکەکارە تورکمانەکە و قسەشیان لەگەڵدا کردووە و هەمووشتێکیش یەکلایی بووەتەوە ؟
بەهیوام (بەراء)و کەسوکاری
بەیەک شادببنەوە. ئەوسا رێزگرتنی ئەو ژنەی بەخێوی کردووە و شاردوویەتیەوە دەکەوێتە
ئەستۆی هەموومان.
[1] (بۆچیرۆکی ئەفرۆز بروانە گەشتەکانی ئەنفالستان دیدارو بەدواداچوون، عومەرمحەمەد، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم چاپی یەکەم ٢٠٢١، ل٧٦٨)
[2] بۆ چیرۆکی ئاکۆعزەدین بڕوانە ئەنفالستان ژمارە (٥) ل ١٢١.
[3] من وتارەکەی د. فاتیح سەنگاویم لە واڵی فەیسبوکی تایبەتی خۆیدا خوێندەوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.