نیسان 15, 2023 Omer ئهنفال, وتار 0
بۆچی یادی ئەنفال دەکەنەوە ؟
هۆمەر محەمەد —
١٣/٤/٢٠٢٣ سلێمانی
ئەنفال ئەو ئازارەی لەبیرناچێتەوە، ئەنفال زامێکی بەسوێیە، زامی نەتەوەیەکە. ! بەڵام نا، ئەوانە قسەی زۆربەی ئەو کەسانەن، کە تەنانەت نازانن درۆش بکەن .
نا ئەنفال لەکن ئێوە بەسوێ نییە، نەک حزب و سەرۆک و ئەندامانی حزب تەنانەت ئەنفال ڕۆشنبیرانیشی ڕانەچڵەکاندووە، بەڵی وتاریان نوسیوە، قسەیان کردووە و هەر دەیکەن، بە پۆشتەیی لە دیداری میدیایی دەرکەوتوون وهەر دەردەکەون. بەڵام زەق بە بەرچاوانەوەیە، کە هەندێکیان هەرچی بکەن، ناتوانن خوێنساردی و بێهەستی خۆیان بشارنەوە، ئەمە قسەی من نیە بەڵکو روخساریان ئارایشت و جلوبەرگیان، شێوازی ئاخاوتنیان وامان پێدەڵێن وشایەتی دەدەن.
ئەوەش ڕوونە هەندێکیان بەئاشکرا شین بۆ خۆیان و پلەو پۆست و هەندێکیان بۆ حزب کردویانە. رۆژگاریش ئەوەی سەلماند کەچەند هەلپەرست بەسەر پشت وڕۆحی قوربانیەکاندا ڕۆیشتن و گەیشتنە پۆست ودەسەڵات. هەرچەندە دۆسێکە کەسی نییەو تایبەتیش نییە بەکەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵام زیانلێکەوتوان و کەسوکاری شەهیدەکانیش هەنگاوێکیان نەناوە هەتا دۆخەکە خراپ نەبێ و قسەی پوچیش لەکەناڵەکاندا بووەستێنێ، بەپێچەوانەوە خۆیان بەشێک بوون لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە خراپە. کە دۆسێی ئەنفال و مافی مرۆڤ، بوو بەکارتی زۆر باس وبابەت، جا ئەنفالیان نەکردووە بەچی؟ بەکەلوپەل؟ بەکاڵا، بەپاسەپۆرتی پەرلەمانتارو وەزیرو گزیر، بەتکتی سەفەرو گەشتوگوزار. ئاخر هەیە وەک دەڵاڵەکانی حەج بە وەجبە خەڵک دەبات بۆ ئەوروپا! بەبێ ئەوەی هەتا ئێستا تاقە راپۆرتێکی یەک تاقەکەسی ناو ئەو وەجبانەمان دەربارەی ئەنفال دیبێت !
ئەگەر وانەبوایە خۆ دەبوو بەدیدێکی تر بیر لە ژیان و دین و سیاسەت و نەتەوەو نیشتمان بكەینەوە، لە پێش هەمووشیانەوە ژیان و شکۆی ئەو مرۆڤانەی زۆرترین قوربانیان داوە، تکایە تەنها چاوت لەسەر رۆشنبیرانی ناو دەزگا حزبیەکانی یەکێتی و پارتی نەبێت، چاوخورد کەرەوە لە دەرەوەی ئەوانیش بازرگان و خوێنسارد زۆرن، ئەمە بۆ هەموو حزبەکان و ئەندام و لایەنگرەکانیان راستە. خۆ حزبەکانی تریش وەک یەکێتی و پارتی بەشداری ئەم گەندەڵییەن، خۆئەوانیش هەر تاقە رۆژێک قسە دەربارەی ئەنفال دەکەن، خۆ ئەوانیش هەر رۆژێکیان هەیە بۆ بیرکەوتنەوە. ئەمە بۆ تاک بەتاکی کوردیش هەر ڕاستە، کوا ئەنفال و هەڵەبجە و تراژیدیاکانی تر دونیا بینی گۆڕیون؟ ئەگەر وایە چۆنی گۆڕیون ؟ ئەنجامی گۆرانکارییەکە چەندەوچۆنە ؟ خۆهەر ئەوانەی سەرەتای نەوەدەکان بەهاریان لە خۆیان و خەڵک بەشنەبای دیموکراسی هێنابووە چۆکان، ئەمڕۆ قسەخۆشی ناو مەجلیسی خێڵ وعەشرەتن و لە قوڕی فەرهەنگی فیودالیزمدا چەقیون، نەک هەر نەبوونە مرۆڤی دوربین و قوڵ بین، بەڵکو نەبوونە ئەو دیموکراسیە موزەیەفەش کە ئیدیعایان بۆدەکرد. ئیدی بەنیازن ئەم جۆرە مرۆڤە رۆشنبیرە چی بۆئەنفال و کەسوکاری بکات ؟ ئێ خۆمەرج نییە هەرچی ڕۆشنبیر بوو بەئەخلاقیش بێت !؟
کوردی دوای ئەنفال، دەبوو مرۆڤی دوربین و زمان شیرین و دامەزراوبێت، ئازاو بە ئەمەک و بە ئەخلاق بێت. حزبی کوردی دوای ئەنفال، دەبوو پڕۆژەی چارەسەری هەبوایە و بوێرانە سیاسەت بکاو بە وریایی دەستکاری شتەکانی دەوروبەری خۆی بکات، ئەندامی حزبی کوردی دوای ئەنفال نەدەبوو ملکەچ بێت دەبوو مێژوی خۆی و حزب و سەرۆکی حزبکەشی بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر مرۆڤی دوای ئەنفال بەهای ئینسانی خۆی بزانیایە، وڵاتی بە قوربانی حزب و سەرۆک نەدەکرد، ئاینی بە قوربانی حزب و ئەمیری حزب نەدەکرد، ئیمان وعیبادەتی بە قوربانی سەلەفی بازرگان نەدەکرد، بەدیوەکەی تریشدا مرۆڤی بەقوربانی کۆمۆنیزمی فرەرەنگ نەدەکرد !
ئەی کە ماڵەکە بەم ئەندازەیە وێرانە، نازانم بە چ روییەکەوە یادی ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال دەکەنەوە ! مشەخۆرانی حزب بەعەلمانی و ئیسلامییەوە جگەلە فرمێسکێکی درۆزنانە هیچی تریان نیە بۆ یادی ئەنفال، ئەوەی پێیدەوترێت عەلمانی لە یادەکاندا بێشەرمانە بە تەنیشت تاوانبارانی ئەنفالەوە لە ریزی پێشەوە دادەنیشن، هەرگیز شەرمیان لەوەنەکردووە کە خۆیان خۆشگوزەران و بەرانبەر بەستەملێکراوترین مرۆڤ (قوربانیەکان) گێژو هێڕو بێ ئاگا لە دڵی هەلاهەلای ئەوان بەدیار وتاری “سیاسیەکان”نەوە دەمیان داچەقاندووە.!
ئەوانەی گوایا ئیسلام و ئیسلامی و سەلەفین، بەهەمان ئەو دەستەواژانەوە دەدوێن و بە هەمان ئەو ڕەفتارانەوە کە داعش دەرهەق بە مرۆڤ و ژینگە کردووەیەتی دەیانەوێ نەک ئەنفال بەڵکو زمانیش لەبیر کورد بەرنەوە. ئەوەتا رابەرێکی سەلەفیەکان بێشەرمانە دەڵێت : ئەو دایکە موسڵمانەی بەزمانی عەرەبی قسە نەکات، بەهەر زمانێکی تر قسە بکات حەرامە وەڵاهی حەرامە، چونکە دەبێت منداڵەکانی بەزمانی اللە قسە بکەن ” وەک بڵێی (اللە) خودا هێندە لاوازبێت هەر لە زمانی عەرەبی تێبگات !؟
ئەوانەی هاوار دەکەن کە دەبێت چیرۆکی ئەنفال و هەڵەبجە وەک هۆڵۆکۆستی جووەکان بکرێت بەفیلم، رەنگە تەحمولی ماچێک نەکەن لە فیلم و درامای کوردیدا ! ئەوانەی هاوار دەکەن کە دەبێت ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست بکرێت بە دۆسێیەکی جیهانی و بەفەرمی بەجیهان بناسرێت، خۆیان ئامادەنین ئاسانترین بەرپرسیارێتی هەڵگرن، زۆرینە هەر ئەوانەن کە ساڵی جارێک ئەنفال و هەڵەبجەیان بیردەکەوێتەوە ! قسەیەکی بایەخدارە کەدەفەرموون (دەبێت بکرێت) بەڵام ئەفەندی پێمان ناڵێت کێ بیکات؟ دیارە تەنها ئەمرو فرمانیان لەسەرە و خۆیان ئامادە نین ئەرک بگرنە ئەستۆ ! دەنا ئەگەر درۆناکە ئەوە ئەرکی دەوڵەتدارو سیاسەتمەدارو حکومەتە.
باشە ئەوانە بیرناکەنەوە ؟ هەرگیز لە خۆیان هەڵنەڕوانیوە و نەیانزانیوە کە خۆیان خەڵكانێكن تەنها بۆ دەستخۆشی و چەپڵەکوتان و ئەشهەد و بیلای سەروی خۆیان ئامادەن نەک لێپرسینەوە لەسەروی خۆیان !؟ قەت رۆژێک هەوڵیانداوە بزانن خەڵک چۆن و بەچ چاوێک تەماشایان دەکات ؟ ئاخر چەپڵە بۆکێ ؟ ئەوانەی كە لە ئێستاو رابردودا بەهەنگاوە هەڵەکانیان و بەتاوانەکانیان و بە بریارە نالۆژیکیەکانیان، کوردیان توشی تراژیدیاو ماڵ وێرانی کردووە، ئەو خەڵکەش دەبێت بزانێت ئەگەر بەعس ماڵی روخاندون و خوێنی ڕشتوون، ئەوانیش خوێنیان بە هەدەرداوە، ئەگەر بەعس بەختی سوتاندون و شاربەدەرو ئاوارەی کردون ئەمانیش موچەیان بڕیوەو سامانی نیشتمان و رەنجی هاونیشتمانیان دزییوە.
ئێ خۆئەو حیکایەتی شۆڕشگێڕیش کۆتایی هاتووە، ئەو قەوانە کەس گوێی لێناگرێ کە دەیانگوت شۆڕشمان کردووە! ئێستا دەرکەوت ئەوەی لە ڕابوردودا کرا شۆڕش نەبوو، چونکە شۆڕش دەستکەوتی شۆڕشگێڕانەی هەیە، تەنانەت لەشکستیشدا دەستکەوت بەجێدێڵێ، بەڵام ئەمانە لە دەسەڵاتیاندا ئەو دەستکەوتانەشی دۆڕاند کە کورد بە خەباتی کلتوری پاراستبووی، بەعسیەکان بەو هەموو توندرەفتاری و بەو ماشێنە بەهێزەی فاشیزمەوە تەنها توانی گوندەکان بڕوخێنێ، بەڵام ئەمان مرۆڤی کوردیان روخاند ! کەواتە شۆڕشی چی؟ ئایا شۆڕش مرۆڤ دروست دەکات یان دەیروخێنێ ؟ ئەگەر شۆڕش بوایە سازشی لەسەر خوێنی کورد و ئازادی مرۆڤی کورد نەدەکرد، ئەگەر شۆڕش بوایە یادی سوپای وێرانکاری نەدەکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و بەرێوەبەری هەواڵگری و تاوانبارانی ئەنفالی داڵدە نەدا، ئەگەر شۆڕش بوایە هەرکەسەو بەپێی پسپۆڕی خۆی نەک بەپێی خوێن و خێڵ و عەشرەت، بێزمانەکان نەدەبوونە وتەبێژو راوێژکار، فەرماندە سەربازییەکان نەدەبوونە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، دەبونە وەزیری بەرگری . کەسوکاری ئەنفال نەدەبوونە بکوژو کوژراوی مەیدانەکانی شەڕی ناوخۆ، نەدەکرانە پاسەوان و چەکداری بن دەستی موستەشارەکانی دوێنی و فەرماندەکانی ئەمرۆ !
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.