ئازار 18, 2022 Omer ئهنفال, ههواڵ 0
مەراسیمی واژۆکردنی “گەشتەکانی ئەنفالستان” بەرێوەچوو
هۆمەر محەمەد
سوپاس و بەخێرهێنان .
هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز دەمەوێت لێرەوە دوبارە بەخێرهاتنتان بکەم و سوپاستان بکەم بۆ مەراسیمی واژۆکردنی گەشتەکانی ئەنفالستان هاوکات داوای لێبوردن لەو ئازیزانە بکەم کە لەدرورەوە هاتبوون و لەبەر زۆری میوانەکان و سەرقاڵیم بەکارەوە نەمتوانی پێشوازییەکی شایانیان بکەم بەتایبەتیش کەسوکاری ئەنفالکراوان لە شارەکانی چەمچەماڵ و کەرکوک و کۆیەو کەلار یاخود لەدۆڵی جافایەتی و شارباژێڕو شارەزور . بەتایبەت تر تاقانەکانی ئەنفال . یاخود ئەم دوو ڕۆژە نەمتوانیوە وەڵامی پەیوەندییەکانیان بدەمەوە. سوپاس بۆهاتنتان سوپاس بۆ چەپکە گوڵەکانتان.
سەبارەت بەم هەوڵە: لەناو ئەو کەسانەی لە یادیان ناکەم هاوڕێی زێدە ئازیزم فەلاح مورادخان و ڕێکخراوی وادی ئەڵمانیە هەرچەندە لە ماوەی دووساڵدا تەنها سێ مانگ بەموچە کارم بۆکردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەرەفی سەرپەرشتی کردنی پرۆژەیان بەمن سپاردبوو “بەرنامەی فریا گوزاری خێراو دۆزینەوەو هاوکاری بریندارانی چەکی کیمیایی ” بۆیە ئەرکمە پێش هەمووان سوپاسی ئەوان بکەم چونکە لە کاتێکدا کۆمپیتەرێکیان بۆ دابینکردم. کە زۆر پێویستم بوو، جگەلەوەش توانیم بەهۆی پرۆژەکانیانەوە لەناوچەی جیاوازدا دەستم بە شوێنی زیاتر و ناوچەی دورە دەست بگات هەتا دیدارییان تێدا ئەنجام بدەم.
سوپاس:
١- بۆ دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم بەتایبەتی کاک ئازادبەرزنجی و کاک هیوا قادر و کاک دانا فایەق . هەم بۆ کۆکردنەوەو چاپکردن و هەم بۆ مەراسیمە شکۆدارەکەیان، ئینجا بۆخەڵاتە بایەخدارەکەیان، هەرچەندە ئەوە بۆمن سوپرایزێکی جوان بوو، بەڵام هەر چاپکردنی کتێبەکان خەڵات بوو بۆمن و کەسوکاری ئەنفال و هەڵەبجە.٢- بۆکاک ئیدریس عەلی شاعیر کەمەراسیمەکەی بەریوەبرد. ٢ بۆ دکتۆر مەنسوری تەیفوری کە بەشێوەیەکی زانستیانە هەڵسەنگاندنی بۆ کتێبەکەو چیرۆک و دیدارەکە پێشکەش کرد، دڵخۆش بووم کە بەرلەمردنم بینیم خوێنەرێک جوان و قوڵ لە نیازی من و لە دێرانە تێبگاو ڕابمێنێ کە نوسیومن .٣ – کاکە لۆڤان کە زۆر ماندوم کردن، سوپاس بۆ دێرینی هاوڕێ و هاوژینم کە میهرەبانی و خۆراگری لەوەزیاتربوو کە چاوەڕوانی بووم.٤ – سوپاس بۆ کاک سمکۆسابیرو هێمن عەبدوڵا گۆپتەپەیی کە نەک هەر هاوڕێ و هاوکارو یاوەری زۆر لەگەشتەکانم بوون، بەڵکو خۆیان بوونە خاوەنی چەندین نوسین و دیدارو چەندین وێنەی فۆتۆگرافی و سەرئەنجام بوونە کەسی دووەمی گۆڤاری ئەنفالستان.٥ سوپاس بۆ کاک ژیلون سەید ئەحمەدو کاک پێشڕەو تۆفیق کە گەلێکجار لە ناخۆشترین کاری دیمانەسازیدا (تەفریغ- قورسترین قۆناغی کار) فریام کەوتوون و دیدارەکانیان بۆ تەفریغ کردوم.
ئازیزانم : لێرەوە هەندێک خاڵ دەخەمە ڕوو هەم وەک بەرچاو ڕونی و هەم وەک کلیلی چوونە ناوەوەی ئەم گەشتانە بەئامانجی ئەوەی بزانن چی لەم کتێبانەدا هەیەو چۆنیش کارەکان و بەچ ئامانجێک کراون .
بەرایی : سەرەتا کە دەستم بەکارەکانم کرد، هەر هەستێکی سۆزداری بوو، بۆیە کارەکانم وەک ئێستا رێک وپێک وزانستی نەبوون، بەڵام دواتر گرنگی کارەکتەرەکان و چێرۆکەکانیان و خەمی نەفەوتانیان پەلکێشیان کردمە ناو قوڵایی دونیایەکی تاریکەوە کە پێویستیان بەروناکی بوو. تێگەیشتم لەگەڵ مردنی هەرکەسێک لەو ناوچانەدا چیرۆکێکیش دەمرێ
دەنا من نە نوسەربووم و نە لێکۆڵەرەوە، بەڵام پێداویستی کارەکە ناچار بەوکارەی کردم، بۆیە سەرباری هەرکارێک کە کردوومە هێشتا ماف بەخۆم نادەم بڵێم : وەڵامی وردودرشتی ئەم دۆسێیەم داوەتەوە، رەنگە جیاوازییەک کە هەم بێت لەگەڵ نوسەران و ڕۆشنبیران بەتایبەتیش مێدیا ئەوەیە کە هێشتا وێنە گەورەکەی ئەنفال دەبینن و شۆڕنەبوونەتەوەو زۆرئاگاداری وردەکارییەکانی ئەنفال و هەڵەبجە نین. مەگەرچۆنها دەنا وک من گونداوگوندو شارەوشار بەدوای سەرەداوی ئەنفال وحیکایەتی جەلادوقوربانی نەکەوتوون.
لە ڕاستیدا بێباکی حکومەت و نەبوونی سەنتەری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەو هەژاری ناوەند زانستییەکان، لە زانکۆکانی کوردستان لەبەرئەوەی سێکتەرو بەشی تایبەتیان بۆ جینۆساید نییە، ڕێگای بۆ ئێمەومانی (هاوی و نەشارەزا) خۆشکردووە لەوبوارەدا بجوڵێن. بۆیە هەرهەڵەیەکیشمان هەبێ هەر ئەوان لێی بەرپرسیارن دەنا ئەگەر حکومەت و دامەزراوەی زانستی بەرپرسیار هەبوایە رێگەیان بۆ هەموو کەس خۆش نەدەکرد هەرچییان ویست بیڵێن و بڵاوی بکەنەوە. ڕاستە ئێمەو هەرکەسێک و هەر نوسەرێک مافی ئەوەی هەیە قسە بکەین و بنوسین بەڵام لەڕاستیدا هەق نەبوو ئێمەومانان ببینە تاکە دەنگ و ڕوخساری ئەنفال وجێنۆساید. بەڵکو دەبوو ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکان بوونایە.
ئازیزانم کارەکتەرەکانی ناو ئەم کتێبە زۆر جێگەی تێڕامانن، ئەوان وایان لێکردم، یاخیانە نەک هەر بە گژ سیاسەت و دەسەڵاتدا بچمەوە، بەڵکو بەگژ جەلادو قوربانی و تەنانەت خودی خۆشمدا بچمەوە، ئەنفال رێک لەبەردەم دوو ڕێیانێک ڕای گرتم (دەبیتە مرۆڤ یان درندە ؟ دەبیتە بێباک یان خەمخۆر؟ئەو جیهانەی سیاسیەکان وەک بەهەشت وێنایان دەکرد من وەک دۆزەخ دەمبینی، ئەم کارەکتەرانە وایان لێکردم لە شوێنێكدا ئارام نەگرم گەرمیان و کوێستان و سۆران و بادینان بەدوایان بکەوم.
ناوی کتێبەکان (گەشتەکانی ئەنفالستان):
هەرسێک بەرگەکەی ناو ئەم بۆکسە تەنها ئەو دیدارانەن کە من بۆخۆم ئەنجامم داون نەک ئەوانەی لەگۆڤاری ئەنفالستاندا بڵاوکراونەتەوە. دەنا هەموو دیدارەکانی ناو ئەنفالستان و ئەوانەی سمکۆسابیرو هێمن عەبدوڵا و ئەوانەی خۆشم کە هێشتا تەفریغ نەکراون زۆر زیاترن لەم بۆکسەی بەردەستتان. دیمانە لەگەڵدا کراوەکان بەزۆری نەخوێندەوارن، ئەوەش بەمەبەست بووە ئەوانە توانای گێڕانەوەیان هەیە بەڵام ناتوانن یادەوەری و چیرۆکی خۆیان بنوسنەوە. ئەمە بۆ ئەوەی هاندەرێکیش بێت بۆ ئەوخانەوادانەی کە خوێندەوارییان هەیە بۆئەوەی چیرۆکەکانی خۆیان بنوسنەوەو بڵاوی بکەینەوە.
لە هەر بەرگێکدا ٩٠ -٩٥ کەس دیداریان لەگەڵدا کراوەو هەندێک بەڵگەنامەش خراونەتە روو و شیکاریم بۆکردوون . بەڵام نەتوانرا ئاماری ئەنفالکراوەکان دابندرێت هەر کەسوکاری ئەنفال دیداریان لەگەڵدا نەکراوە، بەڵکو جاش و موستەشارەکان و لێکۆڵیاری بیانیش دیداریان لەگەڵدا کراوەتێبینیم لەسەر کتێبەکە
1- بەداخەوە وێنەی سەربەرگەکەیم بەدڵ نییە و وێنەکانی ناوەوەش لەبەرئەوەی بەرەش وسپی چاپکراون هەندێکیان جوان دەرنەچوون. دەنا دەبوو وێنەی بەرگەکەی فۆتۆکانی خۆم بوونایە لەبەرئەوەی بۆخۆم فۆتۆی زۆر سەرنج راکێش و واتادارم هەبوو.
2- بەداخەوە نەمانتوانی لەبەرزۆربوونی لاپەرە فەهرست و ئاماری ئەنفالکراوانی گوندەکان بڵاوبکەینەوە.
3- بەداخێکی زۆرەوە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ٤ دیداری زۆر گرنگ لەکتێبەکەدا بلاونەکراونەتەوە بەتایبەتیش دیدارەکانی عەلی رەحیمی دەربارەی کیمیابارانی سەردەشت و ئەوەی جەمالی ئامۆزام، ئەم دوو دیدارە بۆیە جێگەی ئازارن چونکە کاک عەلی تەندروستی باش نییەو تەمەنی هەڵکشاوە، جەمالیش جگەلەوەی هەتا لەژیاندابوو زۆر پشتیوانم بوو خۆشی بریندارێکی چەکی کیمیایی بوو بەداخەوە ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کرد
تێبینیەک بۆ خوێنەر:ڕەنگە خوێنەر لەهەندێک پرسیاری سەرەتایی ماندوو ببێت و زۆر بەپێویستیان نەزانێت وەک (سەرەتا لەکوێ دەژیای بەچی دەژیان، کەی هاوسەرگیریت کرد، خانووەکانتان چۆن بوون ؟ گوندەکەتان چۆن بوو چەند ماڵ بوو؟) ئەم پرسیارانەم ئامانج داربوون بۆچی (چونکە وێنەی ئەنفال کەمە وەک هەڵەبجە نییە ئامانجم ئەوە بوو بەوشە وێنەم بۆ بەدەستەوە بدەن و ئاسانکارییش بێت بۆ هەرلێکۆڵیارێک یان سیناریست و فیلمسازو توێژەرێکی ئەنترۆپۆلپژی .. هتد.
هەگبەی ئەنفالستان هەر ئەوەنیە کەلەبەردەستاندایە :
بەڵکو هەگبەکەمان هێشتا پڕەهەموو ئەو وێنانەی لەناوچەی ئاغجەلەر کۆکراونەتەوە ئەوانە زۆر تایبەتن دەشێت لەئەلبومێکی جوان و شایاندا کۆبکرێنەوە
هەڵبەت شانازییە ئەو شەرەفەش بدەین بە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەگەر توانای داراییان هەبێت، جگەلەوان ئامادەنین بیبەخشین بەهەموو دەزگایەک، مەگەر شایان بێت و جوان ئامادەو نمایشیان بکات و ماف و خاوەندارێتیمان بپارێزێت.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.