دوو ڕۆژ لەگەرمیانی ئەنفالکراودا
هۆمەر موحەمەد
دوو ڕۆژبوو لەگەرمیان سەرقاڵی تۆمارکردنی چیرۆکەکانی ئەنفال بووم، ڕۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠٠٧ بوو گەیشتمە سەرقەڵای کفری بەوناونیشانەی مەلارەحیمی سەرقەڵا پێیدابووم لەگەڵ هاوڕێکەم چوین و لەدەرگاماندا. وەک عادەتی خۆیان بە پێشوازی و خوڵق و میوانداریی گەرم و گوڕیان، هەرزوو شەرم ونامۆیت دەرەرێننەوە، هەرئەوەندەی دانیشتین ژنە ڕەشپۆشەکە هات جارێکی تر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین، بەدەم یاخوا بەخێربێن وەبانچاوەوە لەگەڵماندا هاتە ژورەوە، بەتیلەی چاوەکانی تەماشایەکی کردین و ئینجا چاوی گواستەوە بۆسەر ڕیکۆردەرو کامێراکەم، ئەوسا تەنها ڕیکۆردەرێکی بچکۆلەی کاسێتم پێبوو، ئێمە ئەو خانەوادەیەمان نەدەناسی بەڵام کاک مەلاڕەحیمی سەرقەڵا بۆی باسی کردبوین، منیش بۆئەوەی چیرۆکەکەیان تۆمار بکەم ببومە میوانی ماڵیان.
خانەوادەکە پێکهاتبوون لە چوار منداڵ و دایکێک، دووان لە منداڵەکان کەرەم و ئەختەر خاوەن پێداویستی تایبەت بوون، هەرچەندە ئەوان قۆناغی منداڵیان تێپەڕاندبوو بەڵام دیاربوو کە بەشێوەیەک پەروەردە کرابوون کەمتر بجوڵێن و ئەرکدارکرابوون ڕێز لەمیوان و لەیەکتریش بگرن، ئەوان لەبەرانبەرمان لەسەر کورسی دانیشتبوون، هەتا پرسیارم لێنەکردنایە خۆیان لە قسەی دایکیان هەڵنەدەقورتاند هەر لەسەرەتاوە سەرسام بووم بە پەروەردەکردنیان. کچێکی ١٦شانزە ساڵ دەهات و دەچوو ئەرکی میوانداریەکەی بەڕێوە دەبرد .ئەوەیان خوێندکاری ناوەندی بوو.
ئەکرەم براگەورەیان بوو مامۆستای قوتابخانەکەی سەرقەڵابوو، دایکیان (هاجەرە کەریم) بێوەژن بوو بەسەر منداڵەکانیەوە بەڕەشپۆشی دانیشتبوو، ژنێکی کراوەو قسەزان بوو، تەمەنی نزیکی پەنجا ساڵ دەینواند، بەڵام ئەنفال هێندە بەزبر بوو هێندە مرۆڤەکانی هاڕی بوو ئاسان نەبوو بتوانیت بەروخسار تەمەنی گەرمیانیەکان مەزندەبکەیت. جل و بەرگی کوردی لەبەردابوو، قنج بەرانبەرم دانیشتبوو سەرتاپای جلەکوردییەکەو سەرپۆشەکەشی ڕەش بوون، هەتا ئەو کاتەی ئێمە هەستاین بۆ ماڵئاوایی ئەو لەجێگای خۆی هەڵنەستاو وەڵامی پرسیارەکانمی دەدایەوە. زۆر دڵی پڕبوو ئەو هەستەی نەدەشاردەوە کە رەنج وخوێنیان بەفیڕۆ چووە، دەیگوت لەگوندەکەی خۆمان هەرچۆنێک بوو دەژیاین، بەو هەژاریی و دەستکەوتە کەمەشەوە کەدەستمان دەکەوت بۆ بژێوی خۆمان دریغمان لەخزمەتکردنی پێشمەرگە نەکرد بەڵام بەرپرسەکانیان کە ئێستا جڵەوی ژیان و مەرگی ئێمەیان بەدەستەوەیە زۆر بێوەفابوون چەند جارێک ئەوەی دوبارەکردەوە حەیف حەیف زۆر بێوەفا دەرچوون .
هاجەرە هیچ کاتێک بۆی نەلوابوو بچێتە قوتابخانەو بخوێنێ بەڵام قسەزان و رەوان بێژبوو بە شێوازی قسەکردنیدا هەستت پێ دەکرد، کە تاوانی ئەنفال جگەلەوەی هاوژینەکەی لێ فڕاندووەو نازانێت لەکوێ گۆڕغەریب کراوە مەکرو نازیشی کوشتووەو هێزو بڕستی لێ بڕیوە، بەڵام هێشتا ئەو نەهامەتیەش نەیتوانی بوو هێزو بڕستی لێ ببڕێت هاجەر زوو خۆشحاڵی دەردەبڕی کە بەمیوانداریمان و دیدارەکەمان لەگەڵیدا زۆرخۆشحاڵە.
منیش هەستم بە دڵخۆشی کرد کە توانییبیتم ئەگەر کەمیش بێت ئەنفالدیدەیەک خۆشحاڵ بکەم بەڵام سەرباری ئەو هەموو زوخاوەی هاجەرو ئەکرەمی کوڕی بۆیان هەڵدەڕشتم هەستم بە خاڵێک کرد کە کەش و هەوای ئەو ماڵەکەیان جوان و پاک وپوخت راگرتبوو، هێشتا دەستیان بەرەگەزەکانی جوانی وماڵدارییەوە گرتبوو، لە خانوویەکی کۆنکرێتی بچکۆلەو سادەو ساکردا سەریان بەیەکەوە نابوو کەشێکی دڵگیریان خوڵقاندبوو.
بەڵام ئەوەی زۆر سەرنج راکێش بوو ڕووخساری ماتەمیی ئەو کوڕو کچە گەنجە (کەرەم و ئەختەر) بوو، هەر لەیەکەم بینیندا هەستم بەو ئازارەکرد کە لەناخیاندایە، تەواو هەستم بەوەکرد ئەوان هێندە پەراوێزخراون بەهەر ئاوڕلێدانەوەیەک هیوایەکیان بۆ دروست دەبوو، هەستم دەکرد هیوایەکیان بەهاتنی ئێمە و پرسیارەکانمان لەلا دروست ببوو بەڵکو ئەمەخوایە دەنگیان بگاتە دەرەوەی ئەم ماڵەو دەستی فریاد رەسێکیان پێبگات .
ئەگەرچی دوای بڵاوبوونەوەی دیدارەکەشمان هەوڵێکی زۆرم بۆدان بەڵام بێ سودبوو.
ئەگەرچی ئەوخانەوادەیە دەژیان بەڵام لەراستیدا هەر بەسەر زیندوو بوون لەسادەترین مافەکانی ژیان بێبەش بوون کە بیمەی تەندروستی بوو،
کەرەم وئەختەر گەنج بوون بەڵام هەردوکیان توشی نەخۆشییەک ببون و بەلارەلار دەڕۆیشتن بەتایبەتی لەماڵئاوایدا زیاتر لێیان وردبوومەوە بەجۆرێک هەنگاویان دەنا وەک بڵێی ئازاری ئەنفال و وونبوونی باوکیان بەدوای خۆیاندا ڕابکێشن و توانای هەڵگرتنیان نەبێت کە ستەمکاری بەعس و دەسەڵاتی بێباکی کورد لەکۆڵیانی ناوە.
ساڵانی دواتر بە جۆرێک لەناو چیرۆکی ئەنفالدا ون بووم هاجەروکەرەم و ئەختەر لەچاویاندا شاهانە دەژیان وام لێهات نەک هەر نەپەرژێمە سەر پرسینەوە لەوان بەڵکو نەپەرژێمە سەرخودی خۆشم، بەڵام ئەنفالم فەرامۆش نەکردو چیرۆکی سەدانی تریانم نوسیەوەو دیدارم لەگەڵدا سازکردن.
بەهیوام کەرەم و ئەختەرو هاجەر ئێستا ساغ ودڵخۆش بن.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.