مارس 18, 2020 Omer ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئەنفال وتایتانیک ……………..بەراورد لە نێوان تاوانی ئەنفال و کارەساتی تایتانیکدا
عومەر محەمەد
ئەنفال وتایتانیک ……………..بەراوردێکی خێرا لە نێوان تاوانی ئەنفال و کارەساتی تایتانیکدا
سلێمانی ١٨ی ئایار ٢٠٢٠
لە لاپەرە ٤ی ژمارە (٩)ی گۆڤاری ئەنفالستان- ساڵی ٢٠١٢ بابەتێکی د.ئارام رەفعەت بڵاوکراوە بە ناونیشانی (هەموومان تاوانبارین) لە ژێر ئەو تایتڵەدا دکتۆر ئارام بەراوردێكی کورت بەڵام بەهێزو پوختی لەنێوان ئەنفال و تایتانیكدا. کردووە، با لەبەرایدا جارێکی تر دەقی بەراوردکارییەکەی دکتۆر ئارام بخەمەوە بەردیدەی خوێنەران د. ئارام ڕەفعەت نوسیوێتی :
(ئەمرۆ ١٤/٤ یادی ٢٤ ساڵەی تاوانی ئەنفالەو بەیانی ١٥/٤ یادی ١٠٠ ساڵەی تایتانیكە. لە تاوانی ئەنفالدا ١٨٢٠٠٠ هەزار كەس و لەرودوای تایتانیكیشدا (١٥٠٠) هەزارو پێنج سەد كەس گیانییان لەدەستدا. واتە ژمارەی قوربانییەكانی ئەنفال ١٢١ جار بەقەد ژمارەی قوربانییەكانی تایتانیكە. بەڵام…..!!! لە گوگڵدا تەنها نیو ملیۆن جار باسی ئەنفالی كورد كراوە .! كەچی ٩٢٢ ملیۆن جار باسی تایتانیك كراوە. واتە تەنها لە تۆڕی ئەنتەرنێتدا تایتانیك ١٨٤٤ جار هێندەی ئەنفال ناوی هاتووە… هەر بەیانی ١٥/٤ (٢٠٠) هەزار دۆكومێنت دەربارەی تایتانیك بڵاودەكرێتەوە، بەڵام لەیادی ئەنفالدا ئێمە هیچیمان بۆ رای گشتی جیهانی بڵاونەكردەوە. ئەمە لەكاتێكدا ئەنفال تاوانێكە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەیەك بوو، لەلایەن رژێمێكی داگیركەوە، بەڵام تایتانیك تەنها نقومبوونی كەشتییەك بووە بەهۆی هەڵەیەكەوە ڕویداو بەس) بروانە ئەنفالستان ژمارە (٩) ل ٤ -٢٠١٢ – ئارام رفعەت لێرە ئیدی قسەی د. ئارام کۆتایی دێت.
هەڵوەستەیەک دەربارەی تاوان وکارەسات
لەبەراییدا هەڵوەستەیەک لەمەڕ چەمکی (تاوان و کارەسات) دەکەم و ئەوە روندەکەمەوە، کە بۆچی لە تایتڵەکەدا ئەنفالم بە تاوان و تایتانیکم بە کارەسات نوسیوە ؟ ئایا ئەم دوو چەمکە جیاوازن ؟ بێگومان جیاوازن، چونکە تاوان بکەرو تۆمەتبارو جەلادی هەیە، بەڵام مەرج نیە هەموو کارەساتێک تاوان بێت، رەنگە بکەرەکانی روداوێکی تراژیدی جەلادو تاوانبارنەبن، ڕاستە هەموو تاوانێک کارەساتبارە بەڵام مەرج نییە هەموو کارەساتێک تاوان بێت.! هەموو کارەساتێک بەهۆی روداوێکی تراژیدییەوە وەک (لافاو بومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە روداوی هاتوچۆ، تسیونامی) دەبن بەڵام مەرج نیە دەستی ئەنقەستی مرۆڤیان تێدابێت، بۆیە وشەی کارەسات لە بری جێنۆساید و ئەنفال هەڵەبجە زمانێکی نازانستی هەژارانەیە، جێنۆساید لەڕوی یاساییەوە تاوانێکی نێودەوڵەتیە، بەو واتایەی سنوری ناوخۆیی دەبەزێنێ و دەترازێتە ناو کێشەی دەوڵەتانەوە، جێنۆساید پلاندانەرو بریاردەرو ئەنجامدەری هەیە، جەلادو وقوربانیان هەیە. باشە بومەلەرزەیەک ئەگەر کۆمەڵکوژی وتراژیدیای لێکەوتەوە کێی لەسەر دادگایی دەکرێت؟ ئەم وردەکارییە بۆ هەموو کەسێک گرنگە، بەڵام بۆ فیلمساز گرنگترە بۆئەوەی رونتر وێنای روداو بکات .
رۆڵی سینەما لە نادیارەوە بۆ دیار
من کە تەمەنێکە لە ئەنفال و چیرۆک و لێکەوتەکانی ئەو تاوانە دەکۆڵمەوە، ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ داوام پێشکەشی زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندنی بەشی فیلمسازی لە کۆلێژی هونەر پێشکەشکرد، پاش برینی ڕیکارە یاساییەکان لە تاقیکردنەوەماندا بۆ وەرگرتنمان لە بەشی فیلمسازی کۆلێژی هونەر، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو، (بۆچی دەتەوێت سینەما بخوێنی) ؟ ئەوەی بیرم بێت وەڵامەکەم بەم شێوەیە بوو، لەبەرئەوەی کورد چیرۆکی زۆرەو سالانێکی زۆرە لە دۆسێی جێنۆسایدی نەتەوەکەم کاردەکەم و سەدان چیرۆکی تراژیدیم دۆکیۆمێنت کردووەو زۆربەیان شایانن بکرێن بە فیلم و سیناریۆی باشیان بۆ بنوسرێ و دەمەوێت لە داهاتودا دۆسێی ئەنفال و جێنۆساید لەم کایەدا رەنگبداتەوە، چونکە دەزانم سینەما پەنجەرەیەکی گەورەترمان بەسەردا دەکاتەوەو خێراترو ئاسانتر سنورەکان دەبڕێ و دۆسێی جێنۆسایدی کوردیش پاڵپێوەدەنێ لە لۆکاڵەوە بۆ دۆسێیەکی جیهانی و گەردونی . ئێستا دەبێت جارێکی تر ئەو بەراوردەی دکتۆر ئارام بخەینەوە بەردەم پرسیارێکی جدی و بە تێڕامانێکی قوڵترەوە بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین، ئایا هۆکاری چییە، کە ئەنفال بەو هەموو تراژیدیاشەوە کە هێشتا ٣٢ ساڵی تێپەراندووەو تایتانیک بەو قوربانیە کەمەشەوە کە ١٠٨ ساڵ بەسەر رودانیدا تێپەڕیوە کەچی تایتانیک ١٨٤٤ جار هێندەی ئەنفال ناوی هاتووە ؟ ئایا هۆکاری ئەم جیاوازییە چییە ؟ سیاسییە یان ئابوریی ؟ کەمتەرخەمی وبێباکی ئێمە و چالاکی ئەوانیدییە؟ هەموو ئەوهۆکارانە ڕاستن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر و لە پێشتر ئەوەیە کە دکتۆر ئارام پەی پێنەبردووە ئەویش ڕۆڵێ هونەرە بەتایبەتیش هونەری سینەما! باشە ئەگەر کاریگەری سینەماو هێزی گواستنەوەو گێرانەوەی سینەما نەبوایە، ئێمەی پەراوێزکەوتووی ناو روداوەکانی مێژوو کە هێشتا تەپ و تۆزی جەنگ، بەروخسارمانەوەیەو برینی ئەنفال وکیمیاباران و شەڕی ناوخۆ بەجستەو ڕۆحمانەوەیە و لەژێر فشاری گەمارۆی ئابوریدا دەناڵێنین ئەگەر سینەما نەبوایە کوا دەمانزانی لە زەریای ئەتڵەسی چی رویداوە ؟ کێ دەیزانی جیمیس کامیرۆن کێیە؟ ئەگەر سینەما نەبوایە کێ چیرۆکی جاک و رۆزی دەناسی؟ چۆن بمانزانیبایە لە ساڵی ١٩١٢ لە زەریای ئەتڵەسی کەشتییەک لەیەکەم گەشتیدا خۆی بەشاخێکی سەهۆڵدا کێشاوەو ١٥١٧ مرۆڤ تیایدا گیانیان لە دەستداوە ؟
وێنەو هێزی وێناکردن
کەواتە ئەوە هێزی هونەرێکە کە ئێمە هێشتا فەرامۆشمان کردووە، ئەوەیە هێزی وێنە کە روداو لە نادیارەوە دەگوێزێتەوە بۆ دیار. ئەوەندەی من بزانم روداوی تایتانیک لەساڵی ١٩١٢ ەوە هەتا پێش بەرهەمهێنانی فیلمی بەناوبانگی تایتانیکی جیمیس کامیرۆن (٨) فیلمی تر لەسەر ئەو ڕوداوە بەرهەمهێنراون، بەڵام نەیانتوانیوە سنوری ناوچەیی ببەزێنن ولە سنوری ناوخۆیی ولۆکاڵی نەپەڕیونەتەوە.[1] هەتا فیلمی بەناوبانگی تایتانیک ١٩٩٧ جارێکی تر ئەوتراژیدیایەی بەبیر جیهان هێنایەوەو هەم بەردێکی گرتە دونیای سەرمایەداری وهەم بەردی بناغەی خۆشەویستیشی دانایەوە. من نامەوێت لێرەدا جگەلە درێژکردنەوەی بەراورد کارییەکەی دکتۆر ئارام و هەندێک وردە سەرنج زیاتر بڵێم، یاخود خۆم لەقەرەی رەخنەو شیکاری بدەم لە نێوان فیلمی تایتانیک و ئەو فیلمانەی دەربارەی ئەنفال دروستکراون و نەیانتوانیوە سنوری کوردستان ببەزێنن. بەڵام دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ هێزی وێنەو هێزی چیرۆک و ڕوانینی ساکارانەی خۆشمان رابکێشم و ئەوەندەی پێویست بێت دەست بەخەمە سەر کەماسییەکانی خۆشمان. یەکێک لەهۆکارەکانی بەجیهانی بوونی چیرۆکی تایتانیک هێزی چیرۆک و هێزی وێنەو گێرانەوەو وێناکردنێتی لە هەست ویادەوەری لێڕوانەر-بینەر، جیمیس کامیرۆن ئەو تراژیدایەمان لە ڕێگەی چیرۆکێکی ڕۆمانسییەوە بۆ دەگێڕیتەوە، ئەو چیرۆکمان بۆ باس ناکات، بەڵکو دیمەن و وێنەمان نیشان دەدات، لەو تراژیدیایەدا بەدوای تۆڵەوە نییە، بەڵکو بەردی بناغەی خۆشەویستی دادەنێتەوە، ئایا کەستان پێشک دێت هاواری لێهەستی و بڵێت لەو تراژیدیایەدا کوا وەختی دڵداری وڕۆمانسێتی عاشقانەی جاک ورۆزە ؟ ڕەنگە ئەگەر لەدەرەوەی خەیاڵی هونەری تەماشای فیلمەکە بکەین فۆکس لەسەر جاک و ڕۆزە نەک لەسەر مەرگی ئەو هەموو ئینسانە ؟ مەرگی جاک دەبێتە رەگەز ئیلمێنتێک و مەرگی ئەوانیدی نابنە مەسەلە بۆ بینەر ! بەڵام دایرکتەر –دەرهێنەر هەموو تراژیدیاکەو مەرگی هەموویان لە خنکان و ژێر ئاوکەتنی جاک دا کۆدەکاتەوەو تراژیدیاکە لەمەرگی پاڵەواندا چڕدەکاتەوە
لەگفتارەوە بۆ کردار
کەم نین ئەو دەنگانەی گلەیی لە فیلمسازانی کورد دەکەن، کە داخۆ بۆچی فیلمێکی وەک تایتانیک یان وەک یەکێک لە فیلمەکانی هۆڵۆکۆست دروست ناکەن، بۆ بینەرانێک کە ئاگاداری تێچو و خەرجی فیلم نین ئەم روانین وگللەییە ئاساییە، بەڵام بۆ کەسانێک کە بەلای کەمەوە دەزانن فیلمێکی وەک تایتانیک بودجەیەکی زۆری گەرەکە نزیکەی ٢٠٠ ملیون دۆلاری پێویستەو بەدیاریکراویش تایتانیک بودجەکەی ٢٠٠ ملیون دۆلار بووە، بەلام ئایا لەکوردستان سەرمایەدار و بەرهەمهێنەر (producer )ی وامان هەیە بچێتە ژیرباری وەها خەرجییەک ؟ فیلم بە قسەو خەیاڵ دروست نابێت، ئەوە هەویرێکی ئاوکێشەو لێرەدا درێژەی نادەمێ بەڵام دەتوانین پرسیارێک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین ئایا لە بری هەموو ئەو پارەو پولەی بۆ بۆنەو یادە ڕۆتینەکان و گەشتی شاندەکان بەهەدەری داون، تەنها یەک فیلمی باشی بەرهەمبهێنایە ئێستا دۆسێی ئەنفال هەنگاوێک نەدەچووە پێشەوەو لەسەر ئاستی دونیاش تەکانێکی نەدەدا ؟ ئەم وەڵامەش بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم و بەبەڵی و نەخێری خۆمی ناسپێرم. بەڵکو دەخوازم قۆناغی گفتار بگوازنەوە بۆکردار. ئەوانەی هێشتا وا تێگەیشتون فیلمێکی باش بەبێ پارەیەکی باش بەرهەم دێت با ئەزییەت بکێشن و بچن گەرانێک بە دوای بودجە و داهات و بەبازارکردنی (Marketing) قازانجی مادی و مەعنەوی فیلمی تایتانیکدا بکەن، ئینجا ئاورێک لەو فیلم و درامایانەی خۆشمان بدەنەوەو هەڵوەستەیەک لە ئایدیاو دیدو تیفکرینی خۆشمان بکەن. تایتانیک کە لە ١٢ی سیپتەمبەری ١٩٩٧ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بەلای کەمەوە ٢٠ خەڵاتی جۆراوجۆرو ١١ خەلاتی ئۆسکاری بردووە، قازانج وفرۆشی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار. لێرەدا خالێک گرنگە ئەگەر ئەم بودجە زۆر نەبێت کوا لەتوانادا هەیە ١٠٠٠ ئاکتەر کەرۆڵ ودیالۆگیان هەیە لەگەڵ ١٠٠٠ ئاکتەری کۆمبارس بەشداری بکەن ؟
لەوەڵامی پرسیارێکدا لە دیداری فیلمی جێنۆساید کە ماوەی دوڕۆژی خایاند لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال لەبان مەقان لە میانەی سیمنارەکەمدا کوری پیاوێکی ئەنفالکراو ئەو پرسیارەی ئاراستەکردم گوتی:( د. دلشاد مستەفا دەڵێت ئێمە چیرۆکمان نیە هەتا بیکەین بەفیلم ! ئایا ڕای تۆ چییە ؟) ئەمە پرسیاری کاک بارام سوبحی بوو، منیش بەم شێوەیە وەڵامیم دایەوە: باوەڕناکەم د. دلشاد مستەفا رایەکی وای هەبێت بەڵکو ئەو هەمیشە لە محازەرەکاندا بەخوێندکارانی بەشی فیلمسازی دەڵێت: ئێمە چیرۆکمان زۆرە بەلام نازانین بیانگێڕینەوە . لەمیانەی ئەم بەراوردە زۆر سادەو ساکارەوە لەکایەی هونەردا رایەکەی د.دلشاد مستەفا شایانی هەڵوەستەو لەسەر وەستانە نەک نیگەرانی چونکە ئەگەر زانیمان هێزی هونەرو هێزی وێنەو چێژی گێرانەوەی هونەری چییە هەرگیز بەخەیاڵماندا نایات ئەنفال وەک کەلوپەل بەکاربهێنین، ئەوسا کەسوکاری ئەنفالیش بیرلەوە ناکەنەوە کەمپەین دروستبکەن بۆ وەستان و راگرتنی دراماو فیلمەکان. چونکە بەرهەم هێنان و فیلمسازی هەر بەتەنها پارەی ناوێ بەڵکو فیکرو ئایدیایەکیشی دەوێ کە هێزو وزەی ئازایەتیمان پێببەخشن. بەڵام ئەفسوس لەکاتێکدا جیمیس کامیرۆن گوێی لە سەدو پەنجاکەس گرتووە دەربارەی روداوەکە، من بەڕاشکاوی و هاوکات بەنیگەرانییەوە دەیڵێم کە تەنانەت زۆربەی خوێندکارانی بەشی فیلمسازیش حەوسەڵەی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەنفال و تراژیدیاکانی تریان نییە. ئەمەش تەنها دیوێکی کێشەکەیە، دیوەکەی تری ئامادەییە بۆ گۆڕینی خودو کۆمەڵ، کیت وینسلت لە پێناوی سەرخستنی فیلمەکەو رۆڵەکەی ئامادەبووە لەبەردەم لیوناردۆ دی کاپریۆ خۆی روت بکاتەوە. کەچی تازە لەسەدەی بیست ویەکدا درامای کوردی یاخود کاری هونەری بە تۆمەتی خۆشەویستی هەڕەشەی لەسەرەو رادەگیریت ؟! لەولاشەوە هەرئەوانەی دەنگ بڵند دەکەن وهاوار دەکەن بۆچی ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست فیلمی دەربارە ناکرێت هەندێکیان تەحەمولی ماچێک ناکەن لە فیلمی کوردیدا. هەر لەکاتی نوسینی ئەم وتارەدا وێنەیەکی خۆم و فەرەجی تۆپخانەم بەمەبەست لە پرۆفایلی فەیسبوکەکەم دانا، نزیکەی ٥٠٠ هاوڕێ لایکیان کردووە، بەڵام لە ناو ٨٨ کۆمێنتدا تەنها ٩ کەس زانیویانە فەرەج کێیە ؟ لەکاتێکدا هەموو هاوڕێیان و زۆربەی خەڵکی کوردستان جاک و رۆز کارەکتەری سەرەکی فیلمی تایتانیک دەناسن، بەڵام کەم کەس فەرەج دەناسن، هەربەراست فەرەج کێیە ؟ ئەو پیاوە دەربازبووی کۆمەڵکوژییەکی ئەنفالە لەپارێزگای ڕومادی و کارەکتەری سەرەکی فیلمی هەزارویەک سێویشە کەتایبەتە بەئەنفال وبەم دەربازبوانەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان !
ئێستا ئێمە لەوە دڵنیاین ئەوەی تایتانیک و روداوە تراژیدیاکەی بە نەمری و زیندویی دەهێڵێتەوە، ئەخلاقی بەرزی مرۆڤایەتی و پەرۆشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەندەکانی جارنامەی گەردونی مافی مرۆڤ نین بەڵکو سینەماو سیحری داهێنان و هێزی وێنەو شارەزایی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئیدی هەقە لە فیلمی تایتانیکەوە فیربین کەوا یادەوەریی ئەنفال و تایتانیک کە دەکەونە یەک رێکەوتەوە ١٤ی نیسان چۆن بخوێنینەوە و چۆن بەراوردیان بکەین ؟ لە روداوی نقوم بوونی کەشتیەکەی تایتانیکدا لەکۆی ٢٢٠٠ کەس زیاتر ١٥٠٠ کەس مردن وگیانیان لە دەستدا، بەڵام ئەوەی کەڕۆحی هەموویان بەزیندویی دەهێڵێتەوەو کردویەتی بە یادەوەرییەکی جیهانی فیلمە (ئاکتین – نواندنی ئاکتەرو روانینی دەرهێنەر- رێنوێن و نوسەری سیناریۆیە) . ئەوەی ئەنفالیشی بە فەرامۆشی سپاردووە هەر سیاسیەکان نین، بەڵکو نا ئامادەیی سینەماشە کە هێشتا سەرمایەداری کورد بودجەیەک بۆ بەرهەم هێنانی بە پێوێست نازانێت.
سەرچاوەکان
[1] بۆ زانینی زیاتر دەربارەی فیلمەکانی تر دەربارەی تایتانیک بروانە ئەم لینکەی خوارەوە : https://www.alwatanvoice.com/arabic/news/2017/04/15/1039045.html?fbclid=IwAR08A2wXs4-aX72l95TGySJZTX_gqylt_TwYS1Rkr9yQrbqsVpfSYG1s3F4
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.