مارس 04, 2020 Omer ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە یادەوەری ئەنفالی چوار………………..پەروین مامە
یادەوەری ئەنفالی چوار
پەروین مامە
سەرەتای ڕۆژێکی ڕەش بۆ ئەو ناوچانەی کەوتینە بەر شاڵاوی وەحشیگەرانەی ڕژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ .لەئێوارەی ڕۆژی ۳/٥/۱۹۸۸ دەنگی فرۆکە بۆمب هاوێژەکان ئاسمانیان تەنیبوو، کات لە سەروی چواری دوانیوەڕۆ بوو، دەتوانرا شەڕی زەمینی بکرێت، بەڵام شەڕ لەگەڵ هەوادا نەدەکرا، بۆیە بڕیارماندا شوێنێک بۆدەرباز بوون دیاری بکەین، خۆبە مردن هیچ خزمەتێک ناکرێت، لەهەمان کاتدا تەمێکی گوماناوی وەک کۆڵکە زێڕینە بەری خۆری گرتبوو هەرچەندە ئێمە لە دۆڵی سورداش بوین ئەو دیومان گوندی عەسکەر بوو، بەڵام بایەکی فێنکی بەهاری ئەوساڵە بۆنی سێوو سیری لەگەڵ خۆی دەهێناو بەتەواوی ناوچەکەدا بڵاوی کردبووەوە. فڕۆکەکان هەردەنگیان دەهات و دەنگی تەقینەوش وەک زەمین لەرزە وابوو، هێندە بەرزنەبوون، تومەز بەچەکی کیمایی لەگوندەکانی گۆپتەو عەسکەرو دەوروبەری و چەمی ڕەزانیدابوو. بۆنەکەی لە ناو هەوادا بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاووبووە. بەداخەوە لەو عەسرەدا تاونیان ئەنجامدابوو کارەساتیان خوڵقاندبوو. هەست ئەکەم کە ئێمەی کورد هەمویمان لە بیرچووەتەوە. هەتا ئێرە ئەوەندەم ئاگا لێبوو ، ئیتر ئەبێ خەڵکی ئەو گوندانە خۆیان نەهامەتیەکانی خۆیان باس بکەن واتا ئەو کەسانەی لەوێ بوون ولە کیمیاباران وئەنفال رزگاریان بووە.
کاکم جوابی نارد کاک ڕەوف شیلەخانی و کاک کوێخا ئەزغەری ڕەحمەتی و پێیانی وت وەرن ئەڕۆینە پشتی شەڕەکەوە، کاک ڕەوف وتبوی باشە . کاک ئەزغر و تبوی ئێمە حسابمان بۆ خۆمان کردووە، بەداخەوە ئەوان گیران و ئەنفالکران، لەوانە کاک شێخ عسمان و حەسەنی برای و کاک لوقمان و کاک عارف بەداخەوە ڕوحیان شاد .
ئینجا کاکم بە زۆر من وخاتو ملیحەی بەڕێکردو دوا بەڵێنی پێدام کە ئەچنە کوێ، بەڕێکەوتین و گەیشتینە خوار ماڵە چۆڵەکانی ناودێی شیلەخان، لەوێ توشی مامۆستا ڕەحمانی مام کریم سوارەو ئامۆزایەکی بوین، دوای ماندوو نەبوونی گفتوگۆیەکی کورتمان بوو، من پرسیم :
بەداخەوە ئەوە دوا گفتوگۆمان بوو ئەوانیش ئەنفالکران وجارێکی تر یەکترمان نەبینیەوە،
لە ڕۆیشتن بەردەوام بووین، بەناو سەدەها تانکو تۆپ و سەرباز و جاشدا گەیشتینە سەرجادەی گشتی سلێمانی دوکان، ئێمە ترسمان لە جاشە کوردەکان ترسمان هەبوو، لە نێوان شێوان و خەوتناندا بوو لە شەقامەکە پەڕیینەوە، سەربازەکان زۆریان پەنجە لێڕاوەشاندین و هەڕەشەیان دەکرد، بەڵام وەک ئەوە وابوو کە چاوپۆشیمان لێ بکەن وبڵێن خرابڕۆن هە.تا هەنگاوێک بۆ پێشەوە ئەڕۆشتین من وەکو خۆم ئەژنۆکانم شکابوون هەناسەم توندبوو، چونکە دڵم هەر لای ئازیزانم بوو، ئەمووت جارێکیدیکە نایان بنمەوە لەوانەیە بە کیمیایی بکوژرێن، چونکە دڵنیا بووم بە ئاسانی خۆیان بە دەستەوەنادەن.
بەو حاڵە هەنگاومان دەناو لە ڕۆیشتن بەردەوامبووین هەتا چوینە ناو دێی سوسێی سەیدان، ماڵی پورە فاتمەی پوری خاتوو ملیحە و ئامۆزازای باوکم لەوێ بوون، کە گەیشتین پورەم چاوی پێمان کەوت هیچ خۆی پێڕا نەگیرا، دەستکرد بەگریان، زۆر گریاو ووتی کوان کوڕەکان هەمویان دەکوژرێن، ناو دێش پڕ بوو لە مەفرەخاصە و جاشو تەواری لە ژوورەوە نەمان دەتوانی بێینە دەرەوە هەتا بەیانی ڕاکە ڕاکیان بوو، تەقەیان دەکرد، لە نێوە شەوەوە هێرشی بەر فراوانی هەمەلایەنە دەستی پێکردو بەجۆرەها تۆپ و ڕاجیمەی چلی و دوانزەیی و شەشی و ئەنواع تۆپی قورس دەستی پێکردبوو، ئینجا دەنگی تەقە نەماو ڕێک بووبوو بە هاژە هاژ… ئەڵێن ڕوژی حەشر بەڵام ئەوە ڕۆژی حەشربووو.
کە ڕوژ بۆوە پورە فاتمە لەگەڵ ئەعزیمە و نەورۆزی کچیدا بردمانی بۆ ناو زەرعاتەکەی و لەوێوە بەڕێی کردین له سەر جادەکە بە ئاستەم بۆشاییمان دەستکەوت و خواو ڕاسان سەیارەیەک لە بەردەممان ڕایگرت بەبێ چەندووچون وتی سەرکەون، ئێمەش سەرکەوتین سایەقەکە پێیوتین لە سەیتەرەکان نەڵێن نەفرین. هەتا تاسڵوجەی بردین لەوێش سەیارەیەکی دیکەی بۆ گرتین بۆ سلێمانی، لە ئاستی کارەباکە دابەزین و ڕۆیشتینە خوارەوە بەرەو ئابڵاخ، بەڵام جەماعەتێک جاش لەو ناوەبوون تەئلیقیان ئەدا و ئەیان وت کچە موخەڕیب، بەداخەوە. هەرووتومە ئەوەنەی کورد کوردی کوشتووە داگیرکەران نا ئیتر لە تاوو کەسوکارو ئازیزان ڕەنگی مرۆڤمان پێوە نەمابوو. نەک لە ترسی ڕووح بەڵکوو لەترسی شەڕەف. کەگەیشەینە ماڵی مامم زۆربەی خزمان کۆبووبوونەوە و وتبوویان پەروین و ملیح گیراون، سەرەڕای خەمی کورەکان کە بەداخەوە کاک عومەری مامم لە ڕۆژی ٤/٥ شەهید بوو. ئەمە کورتەیەکە لەو بیرەوەریە تاڵانەی کە بەسەرماندا هات. ئەگەر بتەوێ ڕاستی و دروستی و وردەکاریەکان باس بکەی دەیان چیرۆکی لە ئەفسانەچووە.
پەروین مامە ۳/٥/۲۰۲۰
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.