شوبات 10, 2020 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە چەند دێرێك لەسەر ئەنفال و كیمیابارانكردنی گۆپتــەپە.
یادەوەری هاوراز شەهید حاكم رێبوار .
لەو رۆژەوەی حزبی بەعس لەعێراقدا دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، ئەویش وەكو حكومەتەكانی پێشخۆی نەك هەر وەكو ئەوانی كرد، بەڵكو بەشیچوەیەكی دلرەقانەترو بەسیستماتیكتر كەوتە كار بۆ دژایەتی كردنی گەلی كورد، تەنانەت بەرنامەی بۆ لەناوبردنیشی دارشت، كە دواجار ئەم بەرنامە رێژیەلەئەنفالدا خۆی بینیەوە .
لەوەرزی بەهاردا خەڵكی گوندی گۆپتەپەش وەكو باقی گوندەكانی ترخەریكی كاروكاسبی خۆیان بوون، گوندنشینەكان زۆربەیان چووبوونە دەم زێ ( چەمە خڕكە، شانزادە، ڕەندی خان) ئەوەش هەم بۆ بەرێوەبردنی كاروباری كشوكاڵ و هەم بۆ ئەوەی خۆیان لەبۆردومان و دەستدرێژیەكانی سوپای بەعس بپارێزن .ئەو كاتە هێزێكی زۆری پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی لە سنورەكەمان بوون، بۆ روبەرووبونەوەی هەرهێرشێكی چاوەڕوانكراوی حكومەتی عێراق، بەڵام ئەوكاتە قۆناغەكانی ئەنفالی یەكی دۆڵی جافایەتی و دوو قەرەداغ كۆتاییان هاتبوو، هەواڵی ئەنفالی سێی گەرمیانیش خەڵكەكەی تۆقاندبوو، هەرچەندە ئەو قۆناغەش تەواو ببوو، گەرمیان وێرانكرابوو بەڵام وەكو ئەوەی رویدابوو نەگەیشتبووە ناوچەكەمان.
ئەوەبوو لەرۆژی 3/5/1988 كە مانگی رەمەزان بوو 17 رۆژی رۆیشتبوو، لەدەمەو ئێوارەیەكدا تاوانی كیمیابارانی هەردو گوندی گۆپتەپە وعەسكەر رویدا، ئەوكاتە ئێمە ماڵمان لەدەم زێیەكە بوو، لە ( چەمەخركە) من ئەو كاتە تەمەنم 15 ساڵان بوو، بیرم دێت كە پۆلێك تەیارە هاتنە ئاسمانی ناوچەكەمان ” قەڵاسێوكە” دواتر هاتنە سەر گوندی گۆپتەپە، من لەگەڵ باوكم بووم، چەند پێشمەرگەیەكی تریش وەستابوون، هەموو سەیری تەیارەكانمان دەكرد، پاش ئەوەی چەند جارێك بەسەر گوندەكەدا سوڕانەوە ئینجا كەوتنە بۆردومان و بۆمبەكانیان بەسەر گوندی گۆپتەپەدا باراندو هەروەها بۆمبێكیشیان ئاڕاستەی ناو زێیەكەكرد، ئەو بۆمبانە دەنگیان زۆر كەم ونزم بوو، بەڵام دوكەلێكی زۆریان لێبەرزدەبووەوە، ئیمە چونكە لەناوزێیەكە بوین و شوێنەكەمان نزم بوو وامانزانی ماڵی سوتاندووە، هاوكات چەند بۆمبێكیان لەگوندی عەسكەرو چەمی رێزانیش دابوو.
ئینجا ئێمە بەپەلەرۆیشتین بەرەو ناودێی گۆپتەپە، بینیمان لەناوزێیەكەدا بۆمبەكان ماسی زۆری كوشتبوو، بەڵام ئێمە تانەگەیشتینەناو گوندەكە نەمانزانی كە ئەو بۆمبارانە كیمیاویە، ئینجا تێگەیشتین كە چ تاوانێك ئەنجامدراوە، لەناو زێیەكەی دابوو بۆئەوەی ئاوەكە ژەهراوی بكات، بۆئەوەی ئەوانەی لێی دەخۆنەوە یان هانای بۆدەبەن رزگاریان نەبێ و ئەونیش شەهیدبن. بەهەرحاڵ ئەوەی من بیرم دێت خەڵكێكی زۆر لەگۆپتەپە مردبوون و لاڵ وپاڵ لەوناوە لەبەردەرگاو كۆڵانەكان كەوتبوون، بەهەر حاڵێك بێت گەیشتینە بۆڵقامیش، لەلای گوندەكەوە ڕەزو باخەكە پێی ئەڵێن سەروكانی، چەند ماڵێكی گوندەكە لەوێ بوون، ئێمە چوینە لای ماڵی خاڵم كە ڕەزو باخیان هەبوو،كاتژمێر(11)ی شەو بووئێمە زۆرمان برسی بوو نانی ئێوارەمان نەخواردبوو، تا بەری بەیان لەناوئەو باخەدا هەبوو بووین چەند ئەشكەوتێك لەخوارووی باخەكانەوە بوون یەكێك لەوانە پێیان ئەوت (گۆزەڵە مردوو) كە تائێستاش هەموو كەسێك نازانێ ئەشكەوتە، زۆر قایم بوو، ئێمە چوینە ئەوێ تا شەو لەوێ بووین جێگەمان زۆر تەنگ بوو، ئەو ڕۆژە جەیش و جاشیش گەیشتبونە ئەوێ، شەو نیوەمان بەڕێ كەوتین بۆ ئەشكەوتێكی تر بەدووری یەك كیلۆمەتر لەبەینی گوندی كڵێسە و بۆگد دا جەیش و جاشێكی زۆری لێبوو، تەنیا زێیەكەمان بەین بوو زۆر بەبێ دەنگی ئەڕۆیشتین تاوەكو پێمان نەزانن، كاتژمێر (10)ی شەو بوو كە گەیشتینە ئەشكەوتەكە تەختیەكی پان بوو لەناوەڕاستی تەختیەكە چاڵێك هەبوو بەقوڵی (8) مەتر پێیان ئەوت ئەشكەوتی چاڵە بروسكە، ئەو شەوە لەوێ بووین كاتژمێر (8)ی بەیانی ڕۆژی 5/5/ جاشێك كە لەتاڵان ئەگەڕا هاتە ناو ئەشكەوتەكە ژن و منداڵەكان لەقوڵایی ئەشكەوتەكەدا بوون ئێمەش لە سەروتر، ئەو ئێمەی نەبینیبوو چونكە زۆر تاریك بوو بەڵام ئێمە بەباشی ئەومان بینی عومەری دادە خاوەر كە خەڵكی بوڵقامیش بوو بەباوكمی ووت تەقەی لێ ئەكەم، باوكم ئیشارەتی بۆكرد كە مەیكوژن بەڵكو بەدیل بیگرن، بەڵام ئەو تەقەی لێكردو كوشتی، نەمانهێشت ژن و مناڵەكان بزانن لاماندایە پەنایەك و بەتانیەكمان پێدادا، ئێمە نەمانزانی كە كەسی تری لەگەڵدا بووە، ڕائەكاتە ناوباخەكە كە كردبویانە مەقەڕ پێیان ئەڵێ چوینەتە ئەشكەوتێكەوە تەقەیان لێكردین ئەونەگەڕاوەتەوە، ئەكەونە گەڕان چەند جارێكیش بەلای ئێمەدا ڕۆیشتبون ئێمەیان نەدۆزیبۆوە دواتر دوو كەس ئەگرن كە نامەوێ ناوەكانیان بهێنم پێیان ئەڵێن ئەشكەوتێك هەیە لەوجۆرە ئەگەر پێمان نەڵێن ئەتانكوژین، ئەوانیش لەترسی ڕۆحی خۆیان ئەشكەوتەكەیان پێ وتبوون نەشیانزانی كەئێمەی تیاین، كاتژمێر (1)ی پاش نیوەڕۆ بوو غەڵبە غەڵب پەیدا بوو جاشەكان هاتن دەوری ئەشكەوتەكەیان تەوق كرد بانگیان ئەكرد وەرنەدەرێ تەسلیم بن ئێمە هەستمان لەخۆمان بڕیبوو، باوكم وتی نەهێڵن منداڵ بگری پەڕۆبخەنە دەمیانەوە،ئەگەربشخنكێن با ئاشكرا نەبین، ئەوان نەیانزانی كەئاوەدانە، منداڵێك گریا ئێمەئاشكرا بووین تەقە دەستی پێكرد، ماوەی سێ كاتژمێر شەڕمان كرد فیشەكیشمان لە كەمبوندابوو، ئێمە ئەمانویست هەرچۆنێك بێ بگەینە شەو تادنیا تاریك ببێت وبتوانین دەرباز ببین، ئەوان بانگیان ئەكرد: ئەگەرنەیەنە دەرێ وتەسلیم نەبن ئەوا لەناو بوڵقامیش شۆفڵی لێیەو ئەیهێنین ئەشكەوتەكەتان بەسەردا پڕئەكەینەوە، باوكم وتی من ئەزانم ئەگەرتەسلیم ببم بێ هیچ شتێك حكومەت ئیعدامم ئەكات، بەڵام من خۆم ئەكەم بەقوربانی ئەو ژن و مناڵانە بائەوان بمێنن، چوینە دەرەوە چەك و تاقمەكانیان لێ سەندین، ئەوان جاشێكی تریشیان لێ كوژرابوو دوانی تریشیان برینداربوون، ئێمەش تەنها مامەم ئیسماعیل بەسەختی بریندارببوو بەلۆكە ئاومان لەدەم ئەكرد ئێمەیان بردوو ئەویان بەجێهێشت وتیان بۆخۆی ئەمرێ، بردمانیانە ناو باخەكانەوە كۆیان كردینەوە، برای یەكێك لەجاشە كوژراوەكان زۆرداخ لەدڵ بوو قسەی سوكی زۆر پێكردین، مستەشارەكە وتی ئەوانەی كەجاشەكانیان كوشتووە ئەیانكوژینەوە، دەستی باوكم و دوانی كەیان بەست وجیایان كردنەوە بۆ ڕەمی كردن، بەبرای جاشە كوژراوەكەیان ووت تۆ بیانكوژە، بەڵام ئەو وتی من نایانكوژم تەسلیم بە حكومەتیان ئەكەم، باوكم وتی من لەساڵی 1976 ەوە پێشمەرگەم هیچ قسورم نەكردووە بەرامبەر بەحكومەت، ئەوەی لەدەستم هاتبێ كردوومە بێ منەتم لێتان لێشتان ناپاڕێمەوە ئێستاش حاكمی سنوری تیپی 25 ی خاڵخاڵانم، ئێوەش چیتان لەدەست دێت بیكەن، دواجار بیستمان كە جاشەكان لەچەمچەماڵ وتبویان ئەوئازایەتیەی لەوحاكمەمان بینیوە تا ئێستا لە هیچ كەسمان نەبینیوە زۆر بەبێ منەتانە قسەی كردوە . دنیا تاریك بوو كە جیایان كردینەوە، من تەمەنم (15) ساڵ بوو بە ژن و مناڵەكان كەوتم، باوكم و ئەوان كە ژمارەیان (35) پێشمەرگە بوو كردیاننە ژورێكەوە تابەیانی كە ڕۆژ بۆوە كۆپتەر هات (17)جار نیشتەوە تا دواجار باوكم و ئەوانیان برد بە ئێمەشیان وت بۆكوێ ئەچن بچن، تا دنیا تاریك بوو لەناو باخەكان بوین، دوایی چوین مامە ئیسماعیلمان بەكۆڵ برد بۆدەم زێ، جاشەكان بەری كلێسە كەڵەكیان بۆ هەڵبەستین، پەڕینەوە بەری كڵێسە، ماممیان بەسەیارەیەك نارد بۆ دوكان بۆ ماڵی كوێخا ئیسماعیلی تەلان، ئێمەش سەرمان لێ شێوابوو نەمانئەزانی چی بكەین، لەلایەك مامم و كۆمەڵێك لەخزمان بە كیمیایی شەهید بوون لەلایەكی تر باوكم و ئەوان دەستگیركرابوون . كەدنیا ڕوناك بوەوە ڕۆیشتین بەرەو گوندی كڵێسە، جاشێك بەڕاكردن هات و وتی ناوكڵێسە جەیشی تیایە، چوینە ناو دۆڵێك كە لەملای كڵێسەوە بوو، خۆمان پەنادا تا جەیشەكە نەمانبینێ، ئەوەندەی پێ نەچوو هێلیكۆپتەرێك هات، باش بوو ئێمەی نەبینی، نەمانئەزانی چی بكەین لەو دۆڵەدا عاسی ببوین لەو كاتەدا كاك فایەق و وەستا تاهیر كە ئامر سریەی جاشەكان بوون هات ئێمەی بەو حاڵەوە بینی زۆری پێ ناخۆش بوو یەكێك لە چەكدارەكانی خۆی نارد بۆ گوندی كڵێسە، گەڵابەیەكیان هێنا ئێمەیان تێكرد هەر لەوێ جاشەكان مەخزەنی سەر تفەنگەكانیان گۆڕی و فیشەكیان خستە بەرو هاتنە ناو گەڵابەكەوە وتیان ئەگەر ئاشكرا ببین ئەوا تەقە ئەكەین، بەڕاستی لەو ڕۆژەدا كاك فایەق و كاك خەلیل كانی سپیكەیی و كاك ئیسماعیل نەدیم بەفریامان كەوتن ئەوان پیاوی حكومەت نەبوون بەڵكو كوردپەروەر بوون ئا لەو ڕۆژەدا بەهەزاران خۆفرۆش هەبوو لەبەرامبەر بڕێك پارەی كەمدا یان ئافەرینێكی بەعسیەكان ڕۆڵەی كوردیان لەناو ئەبرد، داوای لێبوردن لەو كەسانەش ئەكەم كە ناویانم بیرنەماوە، لە كڵێسەوە بەڕێ كەوتین گەشتینە شاخی كلكە سماق لەناو كەلێنەكەدا تایەی گەڵابەكەمان تەقی بەسەرومانەوە ڕەبایەیەك هەبوو، بانگیان كردین تایەی گەڵابەكەتان تەقیوە ئێمە ئەمانزانی بەڵام تا دوور نەكەوتینەوە نەوەستاین ئەوجا ڕایان گرتین، لاندكرۆزیان بۆمان هێناو ئێمەیان تیكرد بەڕێ كەوتین بەرەو تەكیە چوینە ماڵی كاك فایەق تا كەس و كارمان هات و بردیانین بۆ ماڵی خۆیان، بەڕاستی كاك فایەق خزمەتی زۆری كردین، زۆر سوپاسی كاك فایەق و هەموو ئەو كەسانەی كە لەگەڵیان بوون ئەكەین، بەڕاستی لەو ڕۆژەدا كە ئێمەیان ڕزگاركرد قۆناغێك بوو لە خەباتی كوردایەتی لە سەختترین كاتدا، هەر لەكۆنەوە وابوە زەڕوریەت وای كردوە پێویست بخوڵقێنێت بە ئاوات و ئامانجەكانی خۆمان شاد بین ڕۆڵەی باوك ئەنفال و دایكی شەهید فرمێسكی چاوانیان بسڕن و پێكەوە بڵێن بەخۆشی بێت ئەم ئازادیە كە خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و بێسەرو شوێنەكان تۆڵەی هەزاران گوندی ڕوخاو تۆڵەی هەزاران خەڵكی بێتاوانە تۆڵەی ئەوانەیە كەبەرەو بیابانەكانی عەرعەر بران كە تاكە دەوڵەتێكی دنیا ناڕەزاییەكی دەرنەبڕی كە ئێمە ئەنفال كراین تاكە دەوڵەتێكیش سەفارەتی خۆی لە عێراق نەكێشایەوە كە بەبەرچاوی دنیاوە ئەوەمان بەسەرهات كە لەهیچ قاموسێكدا نەبوو منداڵی ناو لانك زیندەبەچاڵ بكرێت و هەزار منداڵ لەبرسا بمرێت كە تائێستا دایكە پیرەكان بە چاوەڕوانیەوە سەر ئەنێنەوە بەڵام ئێستا دایكان و باوكان شادو دڵخۆشن بەم ئازادیەی ئەمڕۆ كە خوێنی ڕۆڵەكانیان، براكانیان، كەسوكاریان بەفیڕۆ نەڕۆیشت ئیستا شادن بەوەی ڕۆڵەیەكی ماندوو كۆڵنەدەری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان هەڤاڵ (مام جەلال) سەرۆك كۆماری عێراقە . شەهیدەكان شادن بەوەی خوێنیان بە فیڕۆ نەڕۆیی، ئازادی ئێمەش بەرهەمی خوێنی ئەوانە، من ئەو كاتە منداڵ بووم كەلای باوكم دائەنیشتم ئەیوت ئێمە نامێنین بەڵام ڕۆژێك ئەبێت ئەبینە حكومەت بەڵام بۆ ئێمە نی یە بۆ نەوەكانمان ئەبێت، ئەو ڕۆژەیان لەبەرچاو بوو، نەیانئەزانی بەڵگە ڕاستیەكانیش ئەوە بوو كە ئەنفال كراین و هاتین بۆ ناو شار، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە گۆپتەپە لانكی پێگەیاندنی چەندین قارەمان بووە، خاوەنی (200) شەهیدی كیمیاباران و (450) ئەنفالكراوە …
شەهید ڕەفیق كریم محمد ناسراو بە (حاكم ڕێبوار)
شەهید علی مجید محمد
شەهید عبدالرحمان ئیسماعیل كریم
شەهید حەسۆ قادر داود
شەهید حمە امین احمد مولود
شەهید ئامانج احمد جمیل
شەهید ئیسماعیل عمر صالح
شەهید رەزا عمر صالح
شەهید سعید عمر صالح
شەهید قادر عمر صالح
شەهید كریم احمد مولود
شەهید مجید احمد مولود
شەهید حامد احمد مولود
شەهید عادل مەلا محمد
شەهید فەرهاد محمود فەرەج
شەهید علی عبدالرحمان
شەهید محمود محمد ئیسماعیل
گوندی گۆپتەپە دەكەوێتە سەر زێ ی بچوك سەربە ناحیەی ئاغجەلەرە خەڵكەكەی ساڵی (1988) خەریكی باخ وباخات و زەرعات و مەڕداری بوون، بەپێ ی هەڵكەوتویی شوێنەكەی شوێنێكی زەراعیە، كاتێك ئەنفالی (1) و (2) و (3) دەستی پێكرد ئێمە بەئاگا بوین ئەمانزانی كە سەركردایەتی گیراوە خەڵكی پاش ماوەی ئەنفالی (1) زۆربەیان ڕویان لە ناوچەكەی ئێمە كرد پێیان ئەوتین سەركردایەتی گیراوە ئێوە چی ئەكەن لێرە بۆ ناڕۆن بۆ شارەكان بەڵام ئێمە قەناعەتی تەواومان بەوە بوو كە لە شوێنەكەی خۆمان بمێنینەوەو بەهیچ شێوەیەك گوندەكەی خۆمان بەجێنەهێڵین بەجێنەهێشتنی ئەو شوێنەی كە باوو باپیرمانی لەسەر ژیاوە بەجێهێشتنی زۆر زەحمەتە وە دڵنیاشم لەوەی كە ئەگەر ڕژێم كیمیایی بەكارنەهێنایە ئامادە نەبوین بڕۆین لە گوندەكەی خۆمان بەڵام كیمیابارانكردنی گۆپتەپە پشتی مەنتیقەكەی شكاندبوو ورەی خەڵكی ڕوخاندبوو ڕژێمیش بۆیە گۆپتەپەی كردە ئامانج چونكە گەورەترین گوندی سنورەكەش بوو ئەو كاتە نزیكەی (500) ماڵی تێدابوو بیروڕای خەڵكی وابوو كە ڕژێم هجوممان بۆ ئەكات و بۆماوەی چەند ڕۆژێك دواتر ئەگەڕێتەوە وەكو ساڵی (1984) بەڵام نەمانزانی دوژمنی داخ لەدڵ ئەمجارەیان بەرنامەكەی خەلاس كردنی گەلی كوردو تەخت كردنی گوندەكانەو بردنی پیاوو ژن و منداڵ و كچ و كوڕی بێتاوانە بەرەو شوێنێكی نادیار .
ئەنفال تاوانێكی گەورەبوو بەرامبەر بەگەلێكی بێدەسەڵات و بێ پاڵپشت و بێكەسكرا ئەوەندە جەرگبڕە قەت لەبیر ناكرێ بەڵام بۆ لە بیرنەكردنی كەسوكارەكانمان ئەركی سەرشانی هەموانە بەسەرهاتی ڕابردومان بنوسینەوە بۆ نەوەكانی داهاتومان بیخوێننەوە و بزانن چیمان بەسەرهاتووە لەسەر خاكی خۆمان بۆردومانیان كردین كیمیابارانیان كردین ئەنفالییان كردین هەرلەبەر ئەوەی كە كوردبوین داوای مافی خۆمان ئەكرد لە ڕژێمی داگیركەر بەڵام هەقی خۆیەتی لێرەشدا باسی ئەو جاشانە بكەین كە خۆیا فرۆشتبوو بۆ پارەو پول دوای ڕژێمی بەعسی كوردكوژ كەوتبوون دۆڵ بە دۆڵ بەشوێنی كوردا ئەگەڕان بۆ ئەوەی بیكەنە دیاری دەستیان بۆ ئاغاكانیان وە بڕێك پارە وەربگرن، ئەوەی جاشەكان كردیان لە ئەنفالدا مەگەر چەپەڵ كردبێتی لە قەڵای دم دم بەرامبەر خانی لەپ زێرین كە كانیەكەی بە خیانەت تەسلیم بە دوژمنان كرد بەڵام خیانەت كردنی جاشەكانی ئێمە زۆر زۆر لەوە گەورەتر بوو من خۆم یەكێك بووم لەوانەی كە جاش لەناو ئەشكەوتدا دەریان هێناوین و پاش جیاكردنەوەمان لەبەر ئەوەی كە منداڵ بووم ئازادیان كردم بەڵام ئەوانەی تر كە لەگەڵمان بوون و لەخۆم گەورەتر بوون تەسلیم بە جاشیان كرد بەسەرپەرشتی ئەشرەت زێباری تاوانبار و خیانەتكار كە ئەگەر ئەوان پێش جەیش نەكەوتنایە ئەوا قەت قەت جەیش ئەو شوێنەی نەئەزانی بەڵام ئەوان كون بە كون دۆڵ بە دۆڵ ئەشكەوت بە ئەشكەوت بەدوای تاڵانی خەڵكی دا ئەگەڕان هەلەكەش بۆ ئەوان لەبار بوو پێشمەرگەش پاشەكشەی كردبوو لە ناوچەكەدا كاتی ئەوەبوو دەنگ مەكەو با ڕەت بێ ئەوانیش بە هەوەسی خۆیان خەڵكیان ئەدۆزییەوە، لەناوچونی ئەو هەموو خەڵكە لە ئەستۆی ئەواندایە، من خۆم یەكێكم لەوانەی كە زیاتر لە (40) كەسم ئەنفالە جگەلەوەی كە مەنتیقەكەمان زەرەرمەندی گەورە بووە لە ئەنفالی (4) دا لەناوچەی قەڵا سێوكەو شوان وشێخ بزێنی كە خەڵكێكی زۆر تیاچوون.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.