نیسان 06, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دەوڵەتیان دەوێ بەلام باسی جینۆساید ناکەن
دەوڵەتیان دەوێ، بەڵام باسی جینۆساید ناكەن !
عومەر محەمەد
سەیرە! میللەتێک جینۆسایدکرابێ و لەباسی ئازادیدی و سەربەخۆیدا دۆسێی جینۆساید فەرامۆش بکات؟! كاتێك رۆشنبیران وسیاسەتمەدارانی كورد دەبینم ولە قسەونوسین و لێدوانە كانیان ورد دەبمەوە تەواو نائومێد دەبم، سەرم سوڕدەمێنێ لەو بێئاگاییەی لەمەڕ دۆسێی جینۆسایدوكۆمەڵكوژی كورد هەیانە؟ ئاخر ئەگەر کورد هەرلەسەرەتای راپەرینەوە بەتایبەتی لەکاتی دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقدا دۆسێی جینۆسایدی بەهەند بگرتبایە، ئێستا ململانێکان لە ئاستێکی تردا دەبوون و کوردیش پێگەیەکی گرنگتری دەبوو، دەنا کازم سەیادی چۆن جورئەتی دەکرد لە گرنگترین ناوەندی دەوڵەتدا بڵێت سەرتان پان دەکەمەوە ؟! ئەو شەکرە دژ بەهەرنەتەوەیەکی تر بشکێندرایە بەتایبەتی لەناو هۆڵی پەرلەمان ئیستا دنیایان لێ پرکردبوون . کەچی ئەفسوس دەبینم قسە گەلیكی ناپێویست لەمەرسەربەخۆیی ودەوڵەت دەهێنرێنە پێشەوە، كەچی عەجایەب ئەوەی پێویستە بکرێت و بوترێت فەرامۆشی دەكەن ! ئاخر ناشێت تۆخەیاڵی دروستكردنی دەوڵەت و سەربەخۆیت هەبێت ودۆسێی جینۆساید فەرامۆش بكەیت، جینۆسایدیش چۆن ؟ زیاد لە جارێک و سەلمێنراو لەدادگا ! من كە هەرگیز بەو وەهمە بە پیر دەوڵەتەوە ناچم كە ئازادیم بۆ دێنێ، بەڵکو دڵنیام لەو راستیەی کە هەرگیز دەوڵەتی كوردی ئازادی بۆ هاوڵاتی كورد ناهێنێ، بەدڵنیاییەوە کورد فریشتە نیەو نابێتە شتێکی جیاواز هەروەك دەوڵەتەكانی دراوسێ دەبێتەوە بەشێک لەسەرکوت ئەودەوڵەتانەی هەرگیز نەیانتوانیوە ئازادی بۆ هاوڵاتیەكانیان دابین بكەن، بەڵام دەوڵەت بۆ كورد پێویستە لەبەرئەوەی لە پەلاماری قڕكردن و جینۆساید بیپارێزی. كورت و كرمانج من هیچ خۆشخەیاڵیەكەم بە دەوڵەتی كوردی نیە كوردستانم بۆ بكات بە بەهەشت و هاوڵاتیەكانی لە یەكسانی و داد پەروەریدا خەنی بكات، بەڵام ئومێدی ئەوەم پێی هەیە لەو ملهورییە ترسناكانە بیپارێزێ كە نەك بەدزییەوە بەڵكو بە ئاشكراو بە پێشچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە جینۆسایدیان کرد و گازی کیمیاییان لەدژی بەکارهێنا و ئێستاش لەدوای روخانی حکومەتە دکتاتۆرەکەی سەدام حوسێن دەستدرێژی دەكرێتە سەر ژیان و كەرامەتی و باس لە جینۆساید كردنەوەی دەكەن، بێگومان ئەمەش نەك هەر لەلایەن گروپە توندرەو یاخیەكانیانەوە، بگرە لەلایەن زۆرێک لە رۆشنبیرانی عەرەب وشاعیرو سیاسەتمەدارانیشیانەوە لەلایەن پەرلەمانتارانیشیانەوە کە تازەترینیان لە ناوهۆڵی پەرلەمان و بەپێشچاوی كامیراوە بوو ! دەلێن و وتویانە ( بەنەوتی كەركوك دەتان سوتێنین، سەرتان پان دەكەینەوە) لەپاش ئەوەش بە ئاشكرا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مالیكی لە رۆژی 3ی تەموزی 2014 ووتی باسكردن و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان قبولكراونیەو ئاژاوە دەخاتە ناوچەكەوە، ئەم قسە هەڕەشە ئامێزانەی مالكی زیاد لە وەڵامێكی پێویستە مەگەر ئێستا ناوچەكە لەسایەی دەسەڵاتی بەرێزیاندا بێ ئاژاوەیە ؟ هەتا جورئەتی وەها قسەیەك بكەیت ؟ مەگەر پێشتر كە كورد بە ناسەربەخۆی لەگەڵتاندا ژیاوە هیچ رێزێكی لێگیراوە ؟ ئەگەر سەدام و رژێمەكانی پێشوو كۆمەڵكوژیانكردووە ئێوە هیچ هەستان بە بەرپرسیارێتی كردووە و دەسەڵاتی ئێوە داوای لێبوردنی لێكردون و هیچ قەرەبوویەكی مادی و مەعنەوی كردووەتەوە ؟
هەموو لایەك چ خۆمان و چ دەسەڵاتدارانی عێراق باش دەزانین كە كورد بە تۆپزی بەعێراقەوە لكێندراوە و ئەگەر ریفراندۆم و هەڵبژاردنی ئارەزومەندانە هەبێت ئەوا كورد لەگەڵ عێراق ناژی، ئەوەندەی لەناو خەڵکدام و تێگەیشتووم ئەوە رای زۆربەی دانیشتوانی كوردستانە و مەگەر بەدەگمەن دەنا پێموانیە كورد مەیلی ئەوەی هەبێ لەگەڵ بەرێزتانداو لە عێراقێكدا بژی كە هیچ مافێكی هاوڵاتی بوونی پارێزراونەبووە و هیچ بەهایەكی ئینسانی بۆ كورد قایل نەبوون، ئەمەش قسەی گیرفان و رمڵلێدان نیە بەڵکو راستیەو ریفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٥ سەلمێنەری ئەم راستییەیەو نزیکەی لەسەداسەدی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا ئەمەش لەکاتێکدا بوو، سەرکردەی حزبەکانیش یەکێتی خاکی عێراقیان دەویست نەک جیابوونەوە.!
رەنگە هەرلەبنەرەتەوە دەستەواژەی یان تێگەیشتنی جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق تێگەیشتنێكی نا تەواو نالۆژیكیش بێت لە راستیدا باشتر دەبێت ئەگەر عێراق دەستبەرداری كوردستان بێت و لێی جیاببێتەوە، چونكە لە بنەرەتەوە ئەگەر بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان نەبوایە شتێك نەبوو لەم ناوچەیە بە ناوی عێراق، واتا عێراق نەپێش كوردستان هەبووە و نەخراویشتە سەر كوردستان، بەڵكو كوردستان وڵاتێکی گەورەی دابەشكراوە و بە زۆرەملێ عێراقیان دروستکردووە بەشی باشوری کوردستانیان پێوەلكاندوە. بە كورتی كوردستان بەشێك نیە لە نەخشەی ولاتانی عەرەبی و بەشێك نیە لە عێراق هەتا لێی جوداببێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق و ئیستاش هەمیشە نوێنەرایەتی شۆڤێنیزمی عەرەبی كوردووە و هەموو ئەو پێكهاتانەی تری بەچاوی سوك و دور لە بەهای هاوڵاتێتی تەماشاكردووە. خاكی كوردستانی وەك بەشێك لە نیشتمانی عەرەبی بینیوە، هەڵبەت ئەوەشی بە زەبری هێزو سەركوتانەوە بووە، تاوانی گەورەیان ئەنجامداوەو ستەمكاریی دەوڵەت و حزبە دەسەڵاتدارەكان سنوری تاوانی ئاساییان بەزاندوەو ترازاونتەتە ناو تاوانی نێودەوڵەتییەوە( تاوانی كۆمەڵكوژی، تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی) ئەمانە كارنامەی حكومەتەكانی عێراق و رەفتاری هەمیشەیی دەوڵەت و حزبە شۆفێنیەكانی ناوچەكە بوون، هەمیشە بەشێكی زۆری داهاتی ولاتی بۆ سوپاو دەزگا سەركوتكەرەكانی خەرج كردووە، هەربۆیەشە خاوەنی سوپای پرَچەك بووەو ئەفسەروجەنگاوەری دڵرەق و توندرەفتاری بەرهەمهێناوە، لەبری پاراستنی نیشتمان وێرانی کردووەو لەبری پاریزەری هاونیشتمان زەبروزەنگی بەکارهێناوەو بۆهەر نارەزایەتیەكیش سوپای وەك ماشێنیكی سەركوت و خوێن رشتن خستوەتە گەڕو پەلاماری درندانەی خەڵكیانداوە، چەندین جار كوردیان خستووەتە هەلومەرجی ترسناك و لێواری پاكتاوی یەكجارییەوە، گازی كیمیاییان بەسەرداكردووە، سیاسەتی تەعریب و سرینەوەی ناسنامەو دەستبەرداربوون لە ناسنامەی نەتەوەییان لەگەڵیدا پیداكردووە، ئەنفالیان کردووە، 6 دۆسێی بەفەرمی لە دادای باڵای تاوانەكان بەتاوانی جینۆساید یەكلایی كراونەتەوە. ئیتر كورد متمانە بەچی عێراق و بەكێی و بە كوێی عێراق بكات ؟عێراقێك نەسیاسەتمەدارەكانی و نەرۆشنبیرەكانی و نەكەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكانی شەرم لەو جینۆسایدە ترسناكانە نەكەن دەرهەق بەكورد ئەنجامدراون ئیدی پێكەوە ژیان چ واتایەكی هەیە ؟
سەركردایەتی حزبەکانی كوردستان، ئەگەر دۆسێی جینۆساید وەک تاوانی دەوڵەتی عێراق نابینن و هەركێشەی دارایی وگرفتی نەوت و غاز ببینن، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا تەنها کێشەی بودجەو نەوت و داراییان هەیە، باشتر وایە خۆیان ببن بەعێراقی ودەستبەرداری كورد ببن و چیتر مامەڵە بە دۆسێ سیاسیەکەیەوە نەكەن، میللەتێک کە تەنها لەپەلامارەکانی ئەنفالدا بە سەدان هەزار مرۆڤی لە بیابانەکانی خواروی عێراق کۆمەڵکوژکراون و هێشتا حکومەتەکەی مالکی ئەرکی ئەوەی نەکێشاوە تەرمەکانیان بگێرێتەوە بۆ کوردستان . کەواتە کێشەکەی سیاسیە و پێویستی بەچارەسەری سیاسی هەیە .
٢/٧/٢٠١٤ – سلێمانی
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.