کانونی یەکەم 28, 2018 Omer ئهنفال, دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حەسەن عەبدولکەریم : بۆخۆم بریندارێكی چەكی كیمیاوی سێوسێنانم و هاسەرەکەم و منداڵەکانیشم شەهیدی کیمیابارانن
حەسەن عەبدولکەریم :
بۆخۆم بریندارێكی چەكی كیمیاوی سێوسێنانم و هاسەرەکەم و منداڵەکانیشم شەهیدی کیمیابارانن
دیدار: عومەرمحەمەد
دیمانە لەگەڵکراو: حەسەن عەبدوڵکەریم
شوێن: سلێمانی – بەرێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان وئەنفالکراوان .
ڕۆژی ١٢/٢/٢٠٠٧
ئەو ڕۆژەی دیدارم لەگەڵ حەسەن عەبدولکەریم ئەنجامدا هەتا ئەوپەڕی بێ تاقەت وبێهیوا بوو، ئەو چ وەک پێشمەرگەیەک وچ وەک بریندارێکی چەکی کیمیایی و چ وەک باوکی چوار منداڵ کە گازخنکاندبوونی خۆی بەشایانی ئەو فەرامۆشکردن و هەڵاواردنە نەدەزانی، لەوسۆنگەیەوە بوو کە هەرلەسەرەتاوە گوتی ئینجا قسەی چی بکەین و باسی چی بکەین ؟ چیمان لەدەستداو چیمان دەستکەوت، قسەکردنی ئێمە چ سودێکی هەیە؟ بەڵام من هەر سوربووم لەسەرئەوەی قسەم بۆبکات و پێم گووت قسەکردن بایەخی خۆی هەیەو ئەگەر بۆ ئەمڕۆش نەبێت ڕۆژێک دێت بایەخ پەیدا دەکاتەوە. سەرئەنجام دڵی نەرم بوو بە زەردەخەنیەکەوە پێشوازی لێکردم و بەقاقایەک پێکەنین کۆتایی هێناو گوتی: کەوایە بادەست پێبکەین، خۆتۆ هەر وازم لێناهێنی دەی فەرموو تۆ پرسیار بکەو منیش لە خزمەتدام .
سوپاس بۆ قایل بوونت کەواتە با لەناوی خۆتەوە دەست پێبکەین
باشە
ناوی سیانیت چیەو چۆن خۆت دەناسێنێ ؟
من ناوم حەسەن عەبدولکەریمەو خەڵکی سێوسێنانم کە ئێستا بووەتە ناحێ تەمەنت چەندە ؟
من لەدایکبووی ساڵی
سێوسێنان ئەوکاتە چەند ماڵ بوون ؟
نزیکەی ١٠٠ ماڵ دەبووین ئەوسا گوندێکی قەرەباڵغ بوو.
بەچیەوە سەرقاڵ بوون بەچی ژیانتان دەگوزەراند ؟
من ئەوسا پێشمەرگە بووم لەلای کاک فایەق گوڵپی .
خەڵکی سێوسێنان بەچی بژێوی خۆیان دابین دەکرد .
بەکشتوکاڵ وئاژەڵداری و مەڕداری .
ئەو کاتەی کە سێوسێنان کیمیابارانکرا تۆ لەکوێ بوویت ؟ لە جەولە بوویت یان لە سێوسێنان ؟
ئەو کاتەی كیمیابارانەكەی سێوسێنان كرا من لەماڵ بووم وەک وتم پێشمەرگە بووم لەلای كاك فایەق گولپی، ئەو ڕۆژەی كیمیابارانەكەی هەڵەبجەش كرا، من لەبەری بەلەكجار بووم، ڕۆژی ١٦/٣ هاتمەوە بۆماڵەوە،فڕۆکەكان زۆربەنزمی بەسەر ئاسمانی سێوسێنانەوە دەڕۆیشتن بۆ هەڵەبجە، ئەوەندەی نەبرد كە بۆمبارانەكەی هەڵەبجەمان بیست،ئەویش لە رێگەی كاك فایەق گولپییەوە بوو، دکتۆر فایەق زۆرماتو بێتاقەت بوو، لێم پرسی دكتۆر ئەوە بۆچی وا ماتو بێتاقەتی؟ هیچی نەگوت، تومەس ماڵو خزمو كەسوكاری زۆر تێداچووبوون.
کەواتە دكتۆر فایەق دەیزانی كەسوكاری بەرگازی كیمیاوی كەوتوون؟
بەڵی دەیزانی .. ئیتر ئەو هەرماتو بێزار بوو، ناهەقیشی نەبوو، بەڵام من وازم نەهێناو جارێكی تر لێم پرسیەوە ئەمجارەیان گوتی: شتیێكی وا رویداوە بەڵام تکایە بەكەس مەڵێن، باخەڵكەكە و رەبەنەداو نەڕوخێ. ئێمە خەمی هەڵەبجەمان بوو کەچی ئەوەندەی نەبرد لەخۆشمان قەوما.
مەبەستت کیمیابارانەکەی سێوسێنانە یان مەبەستت پێشمەرگەیە ؟
بەڵێ مەبەستم کیمیابارانەکەی سێوسێنانە، لێقەومانێک لێمان قەوما کەس نەدیەپەرژایە سەرکەس دەتگوت ڕۆژی حەشرە .
پەلەمەکە تکایە کەمێک بەوردی بۆم باس بکە، چۆن بوو، چ ڕۆژێک بوو؟
ڕۆژەکەی ٢٢ی مانگ بوو، ئێوارە بوو، واتا ٢٢لەسەر ٢٣ی مانگی ئازار بوو، ئێوارەكەی من لە سێوسێنان بووم، ئەو ڕۆژە كاك دكتۆرفایەق رای سپاردم بچم بۆ سێوسێنان بۆئەوەی هەندێک شت بهێنم .
شت وەک چی ؟
ئێمە لەوبەر بووین لەبەلەکجاڕ، منی ناردەوە بۆماڵەوە گوتی : حەسەن بڕۆرەوە بەیانی شتمان بۆ بێنە بۆ خەستەخانەكە، من زوو زوو دەهاتمەوە بۆ سێوسێنان شتم بۆ خەستەخانەكەی شۆرش دەكڕی و دەگەرامەوە بۆ بەلەكجاڕ، ئێتر ئەمە ئیشی من بوو، هاتمەوە شتەكانم كڕیو ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵو حازرم كرد بۆئەوەی بەیانی كەلوپەلەكە بەهێستر بەرم بۆئەوبەری بەلەكجاڕ.
کاک حەسەن تکایە شت وەک چی ؟
وەک سابوون و تایت و زەخیرەی خەستەخانەو هەرچیمان پێویست بوایە .
بۆچی سێوسێنان چی لێبوو ئەو گوندێک نەبوو وەک بەلەکجاڕو ئەوانی تر ؟
کورە کاکە سێوسێنان هەموو شتێکی لێبوو، گوندێکی قەرەباڵغ بوو،لە هیچ پەکت نەدەکەوت، کە هاتمەوە بۆماڵەوە دوایی کەمێک پشوو هاتمەدەر، بەنیازبووم بچم گۆشت بكڕم،عوبید خاڵۆزام بوو، گوتی: بەخوا ئێوارە لێرەنان دەخۆیت، ئێمە ئەوکاتە هاوماڵو دراوسێ بووین، نەیهێشت گوتی: ئێوارە لێرەیتو تەواو،ئێوارەکاتی نانخواردن بوو، كە دووسێ زرمە هات، بەمناڵەكانی عوبیدم گوت: مەترسن هیچ نیە،لەبەرئەوە وامگووت چونكە قومبەلەكان دەنگیان زۆر نەبوو، من لە ژوورەوە بووم (مەلیح ) ژنی عوبێد بەڕاكردن هات و هاواری كرد گوتی: كاك حەسەن فریاكەوە عوبید مرد،منیش لەماڵەوە لەژێر خانەكەماندا مەلجئ (ژێر زەمین) ێكی تۆكمە و قایمم دروستكردبوو. چونکە هەموو ڕۆژێک بۆمباران دەکراین و هەمیشە قەسفمان لەسەر بوو،ڕۆژانە بەتۆپ و راجیمەو كۆپتەر قەسف دەکراین و ئەوە ببووە دیاردەو هەر هەبوو، لەبەر ئەوە مشوری منداڵەكانم خوارد بوو.
ببورە عوبێد چی بەسەرهات ؟
ئا بابێینەوە سەر قسەكانی خۆمان، کاتی بۆمبارانەكە ئێوارە بوو، كاتی نانخواردن كە قومبەلەكان دای لە سێوسێنان، كە بەمنداڵەكان عوبیدم گوت: مەترسن بۆ دڵدانەوەیان بوو، من چوزانم قومبەلەکان كیمیاویین،تومەس دانەیەک لە قومبەلەکان لە نزیك مەلجەئەكەی ماڵی ئێمەی دابوو، بۆمبەكیمیاویەکان دەنگیان زۆرنیە ئەوانەش کەبەر سێوسێنان کەوتن هەروا بوون،من بەدەم هاواری مەلیحەوە ڕامكردە دەرەوە، کە ڕۆیشتم، تەماشادەكەم عوبید بەدەما كەوتووە، بەڵام هیچ خوێنی لێنەهاتووە ! لەوکاتەدا بوو هێمن (..بەهەناسەیەك و بێدەنگی) ئەوە كوڕە گەورەكەم بوو، هات بۆلام.
ئێوە هیچ ڕێنماییەکی خۆپاراستنان نەبوو ؟
با هەبوو، كاك دكتۆر فایەق پێی گوتبووین : ئەگەر كیمیاوی ڕژا ڕاكەن بۆشوێنی بەرزو چەفتەیەكی تەڕبدەن بەخۆتاندا، ئەوکاتە هێندە کاریگەری نابێت و ترسی نیە، من بیرم لەوە دەكردەوە ڕاكەین بۆبەرزایی، چونكە زانیم كیمیاوییە بەڵام تاگەیشتمەوە ماڵ هێمنم هەر لەگەڵدا بوو، بەخوا یەكدوو جار چاوم هەڵگڵۆفت هەستمكرد وەزعم خراپە، ئەوەندەم ئاگا لێبوو منداڵەكان هەمووهاتبوونە دەرەوە، كچێكم هەبوو تەمەنی (٣)مانگ بوو،هەرلەناو بێشكەكەیدا خنكابو، ئەومردبوو، دایكمو خوشكێكی ترم هەرلەوێدا مردبوون، منیش وردەوردە چاوەكانم كزبوونو كوێربووم.
واتە خۆشت برینداری كیمیاویت؟
كورە كاك عومەر هەرمەپرسە من هەموو لەشم دارزیا.. ئێستا ئاوا مەم بینە، من داغان ببووم، هەموو ئازای بەدەنم هەلا هەلا بوو، ئیتر منیش بەو وەزعەوە هیچم پێنەكرا، كارەساتێكی گەورەمان لێقەوما، هەرلە ماڵی خۆمان (١٧) كەس شەهید بوون، ژنەكەم و سێ منداڵ كوڕە گەورەكەم (هێمن، کوڕە ناوەندییەکەم و كچە بچكۆلەكەم “شادی”) دەرودراوسێش كە رایانكردبوو بۆ مەلجەئەكەی ماڵی ئێمە كەسیان نەگەیشتبوونە مەلجەئەكە هەموویان مردبوون، تەنها ماڵی عوبید گەیشتبوونە ناو مەلجەئەكە،بەڵام لەو كاتانەدا مەلجەئەكە لە هەموو شوێنێك مەترسیدارترو خراپترە. ماڵی باوكیشم هاتبوون، ئەوانیش پێوە بوون، ئینجا پێشمەرگە کەزانیان سێوسێنان کیمیایی لێیداوە بەدەنگمانەوە هاتن، (عەلی ڕەشە تووتە)و ئەوان بوون کە هاتبوون هەواڵی منیان پرسیبوو حەسەن چی بەسەرهاتووە؟ ((خەسوم خوا عافوی بكات پارەكە بەكارەساتی سەیارە وەفاتی كرد،ژنێكی زۆر قارەمان بوو، هەتا لە دادگاكەش بەرەوڕوی صدام و عەلی كیمیاوی قسەی كرد)) خەسوم گوتبووی حەسەن ئەوەتا لەو لاوە كەوتووە، دكتۆر فایەق دەستەیەک پێشمەرگەی ناردبوو گوتبووی بڕۆن هەرچی بریندارە بیهێنن بۆئێرە، كە بردمیان بۆ بەلەكجاڕ لەوێ شۆردیانم و تەداویەكی باشیان بۆكردبووم.
تەداوی باش وەكو چی ؟ بۆ كیمیاوی تەداوی باش كوا دەست دەكەوت؟
بەڵی داویی دكتۆر فایەق پێی ووتم : ١٣٠ دەرزیم بۆكردوویت،خۆمن نەچاوم دەبیناو نەهەناسەشم بۆ دەدرا، هیچ وەزعم نەمابوو، عوبیدیش لەوێ تەداوی بۆكراو باشتر بوو، ئیتر تەواوی ماڵی ئێمەو عوبید هەموویان تێداچوون عوبید ژنەكەییو (٦)منداڵی هەر ئەو ئێوارەیە مردن.
دوای ئەوەی لەبەلەکجاڕ تەدواویم بۆکرا، سواری هێسترێكیانكردم بەبرینداری هێنایانم بۆ ئەستێڵ، لەوێشەوە هێنایانم بۆ سلێمانی، من ماوەیەكی زۆر بەو حاڵەوە بەبرینداری لێرە مامەوەو بەنهێنی ژیانم بەسەر دەبرد.
لێرە لەکوێ دەمایتەوە ؟
لە ماڵی پورزایەكم مامەوە ماڵیان لە بەكرەجۆ بوو،ڕۆژی مەنع تجولەكە لەناو (زەرعات) کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا شاردیانمەوە، گوێم لەدەنگی فڕۆکەبوو، گوتیان هیچ مەترسە شوێنەكەت زۆر باشە، سەربازو تەواری سلێمانیان تەواو پشکنی و ئەوێیان تەواو كرد، ئێستا دێن بەكرەجۆش دەگەڕێن. وتیان شوێنەكەت باشەو خەمت نەبێ، بەڵام ئەوە ژیان نەبوو، هەرچەندە كۆمەڵێك خزمم هەیە زۆر هاوكاریان كردم، بەتایبەتی ماڵی (حاجی عەلی قەرەداغ) ئەوان خاڵۆزای خۆمن. هەروەها زۆر مەمنونی كاك( دكتۆر جەمال)م ئەو هەموو ڕۆژێ خۆی دەهات تەداوی دەكردم، دەیگوت مەیجوڵێنن، خۆم دێم بۆلای ئەوە لە كاتی بەعسدا كەم نەبوو، ئێستا وا لە خەستەخانەی منداڵان دەوام دەكات، بەراستی مەمنونیم، زۆر مەرد بوو.
ئێستا سەردانی دەكەیت؟
بەڵێ سەردانی دەكەم، بەڵام جاری واهەیە عیادەكەی ئەوەندە قەرەبالغە ناكرێت تۆش بچیت لەوێ سەردانی بكەیت. سەردانیشی نەكەم من چاكەی لەبیر ناكەم هەتا دەمرم مەمنونی ئەو پیاوەم.
هەتا کەی هەروا مایتەوە ؟
هەتا ڕاپەڕینەکە، دەی برا بەو هەموو برین و نەگبەتیەمەوە چیم بکردایە ئیتر مامەوە هەتا ساڵی ١٩٩١.
ئەی دوای راپەرین وەزعت چۆن دەگوزەرێ ؟
وەزعمان چۆن بێت بەوخوایە هەتا خوا حەزكا خراپە، ئەی كاكە تۆ ئەو هەموو مەینەتیەو ئەوهەموو قوربانیە بدەی، پێشمەرگایەتی و نەگبەتی، بەخوایە تازە خانەنشینیەكی پێشمەرگەیان بۆكردووم مانگی ٢٥٠٠٠٠ دوسەدو پەنجا هەزار دینار وەردەگرم، ئێستاش لە دائیرەی شەهیدان دەڵێن ئەوەی لەسێ ئەنفال یان كیمیابارانكراوی زیاتر هەبێت دوو موچەی دەدەنێ، بەخوا هەتا ئیستا یەك شەهیدیان بۆم نوسیوە، من شەش شەهیدی كیمیابارانم هەیە ئەمە كەسە نزیكەكانی خۆم. بێجگە لەقەومو قیلە١٧ كەسمان شەهید بوون.
شەهیدەکانی ماڵی خۆتان چەند کەس بوون ناوەکانیانم پێ بڵێ ؟
دایکم و خوشکم و هاوسەرەکەم و کورەکانم و کچەکانم
ناوەکانیانم پێبڵێ ؟
زەینەب فەریق محەمەد، کچەکانم شەهلا، شەیما، شەهێن وهێمن وهەردی”
وتت خەسوم چووە بۆ دادگای باڵای تاوانەکان ؟ خەسوت ناوی چی بوو؟
بەڵێ خەسوم ناوی عیسمەت عەبدلقادر ئەحمەد[1]، پار بەکارەساتی سەیارە کۆچی دوایی کرد.
ئەی ئێستا هاوسەرگیریت کردووەتەوە ؟
بەڵی هاوسەرگیریم کردووەو منداڵیشم هەیەو ناوی هەموویانم پڕکردووەتەوە.
چۆن ؟ مەبەستت ئەوەیە منداڵەکانت بەناوی ئەوانەوە ناوناوەتەوە ؟
بەڵێ هێمن بەناوی هێمن وهەردیم بەناوی هەردی وئیتر ئاوا بەریز بروا بکە هێمنم کتومت هێمنە شەهیدەکەمەو تەنانەت سروشت وهەڵسوکەوتیشی لەو دەچێت .
زۆر سوپاس من هیچم نەماوە ئەگەر تۆشتێک هەبێت بیڵێیت ؟
منیش سوپاست دەکەم نەوەڵا هیچم نیە.
[1] – عیسمەت عەبدلقادر ئەحمەد تەمەن لەدایکبووی ١٩٣٢بوو، بیست وهەشتەمین شایەتحاڵی دادگای باڵای تاوانەکان بوو، لەدژی تۆمەتبارانی ئەنفال شایەتیدا، عیسمەت دایکی “زەینەب فەریق مەحمەد”و نەنکی هێمن و هەردی و شەیماو شەهلابوو کە ئێوارەی ٢٣ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ بە گازی کیمیایی لەسێوسێنان شەهید بوون. بەداخەوە ساڵی ٢٠٠٧ بەروداوی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کرد.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.