کانونی یەکەم 25, 2018 Omer هاوپۆلنهكراو لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە محمد حسێن عەزیز رحیم : دەبوایە صمود چۆڵ بكرایە بۆ شوێنی فەلاحەتو گەنمو جۆی لێداچاندرایەتەوە . دیمانەی عومەر محەمەد
محمد حسێن عەزیز رحیم :
دەبوایە صمود چۆڵ بكرایە بۆ شوێنی فەلاحەتو گەنمو جۆی لێداچاندرایەتەوە .
دیمانەی عومەر محەمەد
بەرلەوەی هیچ پرسیارێكی لێبكەم محمد دەستی بە قسەكرد: ( ئێمە خێزانێكی قەرەباغ بووینوبابویاپیرانم هەرخەڵكی ئەم عەزیز قادرەبوونوباوكمو دایكیشم هەرلەم گوندە لە دایكبوون، هەژاری ماڵی خۆیان بوونو لێرە خەریكی ئاژەڵداریو كشتووكاڵ بووین، حكومەتی بەعس غەدرێكی گەورەی لێكردین) ئەوە قسەی محمدی تاكە دەربازبووی خانەوادەیەكی گوندی عەزیز قادربوو.
خۆتان خێزانەكەتان چەند كەس بوون. ؟
ئێمە دەكەس بووین . ئێستا من تەنها من ماوم ئەوانی تر هەموویان ئەنفالكراون.
كەواتە تۆش تاقانەی دوای ئەنفالیت .؟
بەڵی هەرخۆم ماومو ( 9 ) كەسم ئەنفالكراوە بەس لەخانەوادەكەی خۆم .
ئەی چۆن تۆ دەربازبوویت ؟
من لەگەڵ ئاژەڵەكاندا بووم . هەتا ملەسورەش هەرلەگەل دایكمو باوكمو خوشكوبراكانم بووم، ئیتر خواحافیزیمان لەیەكتری كردو رۆیشتین ئەوان لەملە سورەمانەوە . ئێمەش هەر گیرابووین بەڵام كە گەیشتینە بان جادەكە جاشێك فریامان كەوت ناوی سەعید حەمە عەوڵا ئەی شتێكی ئاوابوو.
رۆژەكەی نازانی مەبەستم نازانی چەندی مانگ بوو ؟
رێك بیرم نایەت چی رۆژێك بوو، بەڵام بەهاربوو مانگی چواربوو،
تۆ ئەو جاشەت دەناسی یان ئەو ئێوەی دەناسی ؟
نا نەوەڵا ئێستەش بیبینم نایناسم بەڵام ئەوخەلێكێكی زۆر، زۆری لەئەنفال رزگاركرد..
حەزدەكەی بیناسیتو چاكەی بدەیتەوە ؟ ئەی چۆن ئەرێوەڵا زۆریش حەزدەكەم .
من ناوم ناوە موستەشارێكی سپی ؟ ئەی تۆ دەڵێی چی ؟ ئەو ناوە باشە ؟
وەڵا تەواوە ماڵت ئاوابێ ، ئابرا بەخوا سپی بوو. بۆ ئێمە سپی بوو، زۆر حەزدەكەم بیبینم و قسەی لەگەڵدا بكەم .
ژمارە تەلەفۆنەكەی بدەم پێت ؟
هەر زۆر مەمنونم .
تۆ چۆن لەدایكتو باوكت دابرایت ؟
ئەی نەموت هەتا ملەسورەش هەربەیەكەوە بوین..؟ بەلام چونكە ئێمە بەدیار ئاژەلەوە بووین هەر لەمللەسورە بووین لەگەڵ چەند برادەرێك لەوانە كاك حسن، كەمال، جەلال، ئەوانیش هەر خەڵك ئەم دێی خۆمان بوون، بەئاژەلەكانەوە چوێنەمیلقاسمو لەووێوە چوێنە بان جادەكە ئیتر لەوێ عەسكەر دەوریاندا بووین
واتا ئێوەش هەر گیرابوون ؟
كورە ئا.. ئا ، ئێمەیش گیرابووین، هەموو رانە مەڕێك عەسكەرێك پاسەوانمان بوو چاواروان بوون سەیارە بێتو بارمان بكەنو بمانبەن، ئیتر سەعیدە هات عەسكەرەكانی لێمان دورخستەوەو بەرمانیداو ووتی: برۆن ئیتر هەر ئەوجارە دایكتو باوكتو خوشكو براكانت نەبینیەوە ؟
بەداخەوە هەر ئەو سەرە بوو ئیتر نەمبینینەوە.
ئیتر دوای ئەوە كەس نەیوت بینیومن یان ئەوانەی لە نوگرە سەلمان گەڕانەوە نەیان وت تاكوێ پێكەوە بوون..؟
با با تا قۆرەتوو تۆپزاواش هەرپێكەوە بوون لەوێ لەتۆپزاوا جیایانكردبوونەوە .
ئەی چۆن دایكتوباوكت نەبرابوون بۆ نوگرسەلمان ؟
ئاخر باوكی من گەنج بوو لەدایكبووی 1952 بوو، دایكیشم هەر گەنج بوو .
دایكت ناوی چی بوو ؟
دایكم ؟ ناوی نەعیمە سەعید رەشیدە.
بمبورە تکایە، هەرچەندە برینیشت دەكولێنمەوە بەڵام پێویستە ناوی هەموو خوشكوبرا ئەنفالكراوەكانت بزانم .
خوشكو براكانم بریتی بوون لە : ( تحسین، نەریمان، كامەران، رەمەزان، غەزال، ئەختەر، گەوهەر) .
كورەكان هیچیان پێشمەرگە نەبوون ؟
نەخێر هەموویان لەخۆم منداڵتربوون، كچەكانیش هەموویان لە خۆم منداڵتربوون.
هیچ یادەوەریەكی خۆش یان ناخۆشت هەیە كە هەرگیز لەیادت نەچێتەوە ؟
قەت لەبیرم ناچنەوە تا ئەو رۆژەی دەمرمو دەمنێنە قەبر .
تاكەی چاوەروانی هاتنەوەیانت كرد..؟
تا سەدام روخاو گۆرە بەكۆمەلەكان دەركەوتن. هەر چاوەروان بووم .
كە كەست لەخانەوادەكەی خۆت نەماو هەموویان ئەنفالكرابوون، لەو كاتی چاوەروانیەدا چۆن دەژیای لەكوێ دەژیای كێ داڵدەی دابوویت ؟
لەوكاتەدا لەماڵ مامەیەكم بووم، هەتا ئەو كاتەی لەساڵی( 1991) ژنم هێنا .
خزمی خۆتە ؟
بەلێ ئامۆزای خۆمە . ئێستا سێ منداڵمان هەیە.
كۆمەڵگای كوردی رێزتان لێدەگرن وەكو كەسوكاری ئەنفال ؟
وەلا بەكەمی وەكو پێویست نیە لەهەندێك فەرمانگەو دائیرەی حكومەت هەر وەلامیشمان نادەنەوە.
ئەی لەبەرێوەبەرایەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان ؟
وەڵاهی ئەوان باشن خراپ نین لەگەڵماندا .
ئەی حكومەت بەگشتی چۆنە رات چیە ؟
وەلا ئاوری لێداوێنەتەوە بەڵام وەكو پێویست نیە، ئیمە لەگوندە كەسوكاری ئەنفالمان هەیە تاكو ئێستا زەوی وەرنەگرتووە !! باشە حكومەتێك تاكو ئێستا كە 24 ساڵە زەوی پێدابین نەكرێ مانای چییە ؟
ئەی سەبارەت بە تۆمەتبارانی ئەنفال ؟
ئەوانە دەبێت دادگایی بكرێن بەجاشو موستەشارو ئامر سرێو هەمووی دادگایی بكرێت.
پار بانگەوازێكمان كرد، بۆ ئەوەی رۆژی 14/4 بكەینە رۆژی سەرنەبرین رۆژێك كە تیایدا هیچ ئاژەلو پەلەوەرێ سەرنەبردرێتو هیچ خوێنێك لە ئاژەلو پەلەوەرەكانی كوردستان نەرژێ ..نەك هەرئەوە بەڵكو لەو رۆژەدا لەهەرێمی كوردستان گۆشت نەخورێتو لە چێشتخانەو مالەكانیشدا گۆشتی ئاژەڵو پەلەوەران دەست نەكەوێت ..
زۆر بیرۆكەیەكی جوانە .. من پێوەی پابەندم تەنانەت ئەو رۆژە ئامادەم هەر نانیش نەخۆم . زۆر كارێكی جوانە .
تەنانەت ئەگەر میوانیشتان هات ؟
هەر كەسێك میوانم بێت، ئەگەر نوری چاوم بێت لەو رۆژەدا گۆشتی نادەمێ من پێوەی پابەندم لەم دەقەیەوە بریار دەدەم 14/4 گۆشت نەخۆمو هیچ سەرنەبرم.
سوپاس من هیچم نەماوە
سوپاس بۆ تۆش كارێكی باشت دەست داوەتێ رێزم هەیە بۆ كارەكەت .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.