تەموز 30, 2018 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە سەرمایەی ڕەمزی (قوربانی)دان یادی ٣٥ ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ………………………مەعروف حەسەن
سەرمایەی ڕەمزی (قوربانی)دان
لەکوێدا کەسووکاری بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دەوڵەمەندن؟
یادی ٣٥ ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ٣١.٧.١٩٨٣
مەعروف حەسەن
بەرەبەیانی ٣١ ی ٧، بەرەبەیانی وێستگەیەکی تری قوربانیدانی گەلی ئێمەیە بەگشتی و بارزانییەکان بەتایبەتی. لەدوای ئەو بەرەبەیانەوە ئیدی کەسوکاری جینۆسایدکراوان پێدەنێنە ناو تەپوتۆزی دونیای خودموختاری هێزە سیاسییە کوردەکانەوە. ئەو خودموختارییەی کە ماوە ڕاستەقینەکەی کەمتر لە ٢ ساڵی خایاند و ئیدی بووبە کابوسێکی سیاسی هار، کە ئێستاش هەناسە دەدات و دەژیت. کابوسی سیاسی، کە زمانحاڵ و منداڵی شەرعی شەڕی ناوخۆیە، بەرهەمەکەی فەزایەکی سیاسی قێزەون، سیستەمێکی ئابووری پڕ لە تاڵانی و بەیەکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتی کۆمێدی ئاسابوو. لەناو ئەو فەزا سیاسی، سیستەمە ئابووری و بەیەکەوەبوونە کۆمەڵایەتییە سەیرەدا، کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانی، بە بوونی برینێکی قووڵ لەسەر جەستەیان، بەبوونی داڕمانێکی قووڵ لە دەروونیان، بەبوونی تێکشکانی گەورە لە پەیکەری کۆمەڵایەتییانەی خێزان و بەبوونی بۆشاییەکی مەزن لە دونیای سۆزدارییان، دێنە ناو ئەو دونیا بۆگەنەوە کە هێزە سیاسییە ڕزگارکەرەکانی کورد، بەرهەمیانهێناوە.
لێرەوە ڕۆژگارە هەرە ناشرینەکانی دونیای خۆبەڕیوەبەری ئێمە دەستپێدەکات و هێزە سیاسییە باڵادەستەکانی ئێمە دەکەونە دابەشکردنی ئەرز و ئاسمانی کوردستان بەسەر خۆیاندا. لێرەوە (قوربانیدان) تەفسیری جیاواز لەخۆدەگرێ و لەسەر بنەمای دونیای بەر لە مۆدێرنە خۆی بینادەکات و ئاراستە دەکات. تیوریزەکردنی چەمکی (قوربانیدان) هەموو مانا و ڕامانە سەردەمییەکان لەدەست دەدات و دەخزێتە ناو دونیابینی فەرماندە عەسکەرییەکان و بوارێک ناهێڵێتەوە بۆ تێگەیشتنە عەقڵییەکان لەخۆی. لەم سەرەتا ناشرینەوە بۆ تێگەیشتنێکی نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە لە چەمکی (قوربانی)، ڕۆژگارە هەرە سەخت و ناخۆشەکانی کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایکردنی بارزانییەکان لەدایکدەبێت. لەدایکبوونێک کە ژیان خالیدەکاتەوە لە مانا و لە لەززەت و بەردەوامیدەدات بەو شێوە ژیانە دژوار و سەختە، کە خواستی بەعس بوو خۆی سەرکردەی بووایە.
لەپاڵ هەموو ئەو ناشرینییە سیاسی و ئابوورییانەوە، ژنێکێ نەخوێندەوار بڕیاردەدات کە منداڵەکانی بەسواری پشتییەوە ببات بۆ قوتابخانە و خوێندنگایەکی خاڵی لە کتێب و لەهەر کەرەستەیەکی پێویست بۆ فێربوون. لە ساتە هەر دژوارەکانی شەڕی ناوخۆدا، ژنێکی نەخوێندەواری باوک و برا و هاوسەر جینۆسایدکراو، بڕیاری فرۆشتنی کەلوپەلەکانی ناو ماڵ دەدات، تا دەگا بە فرۆشتنی جل و بەرگیان، لەپێناو کڕینی کتێب و پێداویستی تایبەت بە خوێندن بۆ منداڵەکانیان. ئەوەی حوکمڕانی کوردی نەیتوانی دابینی بکات، ژنانی نەخوێندەوەر بە دەست و بازووی خۆیان دابینیانکرد.
سەرمایەی ڕەمزی قوربانیدانی کەسووکاری بارزانییە جینۆسایدکراوەکان، لە ئێستادا، کۆمەڵێک کچ و کوڕی خوێندەوار و ئاست بەرزن. کۆمەڵێک کچ و کوڕ لەبواری جیاجیادا، لە بڕوانامە و پلەی ئەکادیمی بەرزدا، لە بازرگان و دوکاندار و پێشمەرگەی دلێردا. هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا بەدەستهاتوون، کە دۆخی پەراوێزخستن و بێماناکردنی قوربانیدان بووە. بۆیە لە ئێستادا ئێمە خاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی و ڕەمزی گەورەین. ئەگەر نەگەیشتبین بە پلە بەرزەکانی دونیای ئیداری و حکومی کوردیدا، بەڵام ئاشنای دونیاین و لەنزیکەوە لەپاڵ دونیادا دەژین. ئەگەر نەمانتوانیبێت بە یاسا و ڕێسا باڵادەستەکان ماددە بەدەست بێنین، ئەوا خزاوینەتە ناو دڵ و هەناوی پێشکەوتنەکانی دونیاوە لە بواری هزر و بیرکردنەوە و ڕامان لە شتەکان.
ئێمە هیچمان نیە، جگە لە دایکێکی ماندوو و دەروونێکی بریندار و کتێبخانەیەکی بچووک، بەڵام پڕ لە حیکمەت، لە ژیاندا.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.