تەموز 30, 2018 Omer ههواڵ, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە لە یادی ٣٥ ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا ………………………………….. عومەر محەمەد
لە یادی ٣٥ ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا
٣١ی تەموزی ١٩٨٣
عومەر محەمەد
بەرەبەیانی ٣١ ی تەموزی ١٩٨٣ و رۆژانی دوایی کەهەتا ١٠ی مانگی ئابی خایاند تاوانێکی گەورە لە کۆمەلگاکانی قوشتەپەو دیاناو حەریر دەرهەق بە پیاوانی بارزانی ئەنجامدرا، کە لە تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی کۆمەڵکوژیدا خۆی نواند، ئەم تاوانە پێنج ساڵ پێش پێش تاوانە گەورەکەی ئەنفال بوو، کۆمەڵکوژییەکی تربوو لەدژی کوردەکانی باشور بەگشتی و بەرانبەر بارزانیەکان بەتایبەتی . دنیاش وەک هەمیشە قڕوقەپی لێکردو بێباک بوون لەبەرانبەر کۆمەڵکوژیەکەو ملهوڕییەکانی بەعس!
هێزە سیاسییەکانی باشور کە ئەوساش وەک ئێستا هەر لەژێر هەژموونی ئێراندا بوون و سیاسی خراپ و شەڕکەری باشی پێش سوپای پاسدارانی ئێران بوون، بەبێ ئەوەی نەک لەعێراق جیابووبنەوە بەڵکو دروشمی روخانی رژێمیشیان بەرزکردبێتەوە. ببونە چاوساغی هێزەکانی ئێران بۆسەرعێراق وبەرەبەرە بەخواستی ئێران جەنگی ئێران عێراقیان گواستەوە بۆ چیاکانی کوردستان و سەرئەنجام بە گرتنی چیای حاجی ئۆمەران و گردەمەند کۆتایی هات، گرتنی حاجی ئۆمەران چ سودێکی بۆ کورد هەبوو؟ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتی کەمێک دەستکەوتیشی بۆ ئێران هەبووبێت، ئەوا ماڵوێرانی ومەینەتیەکەی بۆ کورد زۆر گەورە بوو باجەکەی گران لەسەر کورد کەوت، بەتایبەتی بۆ ئەو خانەوادە بارزانیانەی هیچ گایەکیان لەگیرەی ئەو دەوڵەتە ستەمکارانەو حزبە کوردیەکاندا نەدەگەڕا!
هێشتا رون نیە لەشەڕی حاجی ئۆمەراندا چەند سەربازی عێراقی وپاسداری ئێرانی کوژراون بەڵام لەبەرانبەردا ٨٠٠٠ هەزار بارزانی کەهەموویان رەگەزی نێرینەی تەمەن سەرو ١٢ ساڵ هەتا ٧٠ ساڵ بوون، لەماوەی چەند رۆژێکدا گیران و هەرگیز نەبینرانەوە. !
ئەو رۆژانەی بارزانیەکان لێیان قەوماو پیاوەکانیان گیران وژن ومنداڵەکانیان سەرگەردان بوون، نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەرێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نە هێزێکی کاریگەری ئیقلیمی عێراقیان سەرکۆنە نەکرد، تەنانەت حزبە زلهێزەکانی ئەوسای کوردستانی باشوریش لە چیاکان کێبەرکێیان بوو داخۆکامیان دەبنە جێگە متمانەی باشتری ئێران، نەک هەر ئۆفێکیان بۆقوربانیەکانی ئەو تاوانە نەکرد، بەڵکو بۆ قۆناغەکانی دواتریش پەندیان لێوەرنەگرت و هەربەردەوام بوون لەسەر ئەم پێشلەشکریانەو پاساویان دایە بەعس کە ئەوسا درندەترین رژێمی ناوچەکەبوو هەتا لەبازنەیەکی فراوانتردا دەستی تاوان درێژبکات، هەرواشی کرد (٤) ساڵ دوای کۆمەڵکوژی بارزانیەکان تاوانی کیمیابارانی شێخ وەسانان و بالیسان و پێنج ساڵ دواتر گازبارانی هەڵەبجەو ئەنفالی بە دواداهات .
حزبە کوردستانیەکانی باشور کە ئەوساو ئێستاش هێندەی نمایندەی ئێران و تورکیان و ڕوخساری شەڕی ناوخۆن، هێندەش نانیشتمانی و دەستکورتن لەگەمەی سیاسەتدا، هەربۆیە سودیان لە هەلومەرج وگۆرانکارییەکانی دوای راپەرینیش وەرنەگرت، بەپێچەوانەوە هەموو بەرهەم ودەستکەوتی ئەوان جگەلە (فەزایەکی سیاسی قێزەون، سیستەمێکی ئابووری پڕ لە تاڵانی و بەیەکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتی کۆمێدی ئاسا)[1] شتێکی ترنیە کۆمیدیاکەش ئەوەیە ئەم فەزا دزێوەیان ناونابوو دیموکراسی بێوێنە! دیموکراسیەک کە قەرارە کەرامەتی ئینسانی تێدا پارێزراوبێت لەم دیموکراسیە کۆمیدیەدا هێندەی سەروەختی بەعس ژن ومنداڵی بارزانیەکان و ئەنفالکراوان وکۆی شەهیدانی تێدا بێ بەش وبێ شکۆکرا.
راپەرین کە دەرفەتێک بوو تیایدا دەتوانرا هەموو دنیا سەرسام بکەین، بەسیستمێکی جوان، دادپەروەرو پارێزەری مرۆڤ و بنیاتنەری هاوڵاتی، بووە ناشرینترین ئەزمونی حوکمرانی بێوێنەی ناوچەکە، ڕۆژگارە هەرە ناشرینەکانی دونیای ئێمە رۆژگارەکانی دەسەڵاتی ئەم دوحزبەبوون، ئەوان نەک هەر داکۆکیان لە نیشتمان نەکرد بەڵکو هەموو نیشتمان وهەموو بەهاکانی هاونیشتمانیشیان فرۆشت، نەک هەر سۆزی دنیایان نەبردەوە بەڵکو متمانەی کەسوکاری شەهیدان وئەنفالکراوانیشیان دۆڕاند
ئەو ژن و منداڵانەی دڵیان خۆش بوو بە رۆیشتنی بەعس و هاتنی دەسەڵاتی خۆماڵی چیدی هەست بەبێکەسی وبێ پشت وپەنایی ناکەن بەڵام هەرگیز ئەم دڵخۆشییەیان نەبینی ! وەک دیکتاتۆریەت شکۆی شکاندبوون، “دیموکراسیەت” هەرگیز شکۆی بۆنەگێڕانەوە، رەنگە باشتر بێت ئەم یادکردنەوەیە بەقسەی نوسەرێک کۆتایی پێبهێنم کە کوری پیاوێکی جینۆسایدکراوەو منیش هەرچی بڵێم لەوە باشتر بەدەستەوە نەدەم معروف حەسەن لەیادی ٣٥هەمین جینۆسایدی بارزانیەکاندا نوسیوێتی : ” سەرمایەی ڕەمزی قوربانیدانی کەسووکاری بارزانییە جینۆسایدکراوەکان، لە ئێستادا، کۆمەڵێک کچ و کوڕی خوێندەوار و ئاست بەرزن. کۆمەڵێک کچ و کوڕ لەبواری جیاجیادا، لە بڕوانامە و پلەی ئەکادیمی بەرزدا، لە بازرگان و دوکاندار و پێشمەرگەی دلێردا. هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا بەدەستهاتوون، کە دۆخی پەراوێزخستن و بێماناکردنی قوربانیدان بووە. بۆیە لە ئێستادا ئێمە خاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی و ڕەمزی گەورەین. ئەگەر نەگەیشتبین بە پلە بەرزەکانی دونیای ئیداری و حکومی کوردیدا، بەڵام ئاشنای دونیاین و لەنزیکەوە لەپاڵ دونیادا دەژین. ئەگەر نەمانتوانیبێت بە یاسا و ڕێسا باڵادەستەکان ماددە بەدەست بێنین، ئەوا خزاوینەتە ناو دڵ و هەناوی پێشکەوتنەکانی دونیاوە لە بواری هزر و بیرکردنەوە و ڕامان لە شتەکان. ئێمە هیچمان نیە، جگە لە دایکێکی ماندوو و دەروونێکی بریندار و کتێبخانەیەکی بچووک، بەڵام پڕ لە حیکمەت، لە ژیاندا”
[1] ئەم دێرەی ناوکەوانەکە لە نوسینێکی کاک مەعروف حەسەن وەرگیراوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.