تەموز 26, 2018 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە زەینەب كەریم خورشید : لەو كۆمەڵە جلانەی تۆپزاوا هێلەگو كراسێكی براكەمم هاوردووەتەوە ئێستاش ها لەلام
زەینەب كەریم خورشید :
لەو كۆمەڵە جلانەی تۆپزاوا هێلەگو كراسێكی براكەمم هاوردووەتەوە ئێستاش ها لەلام
دیداری : مامۆستای كۆچكردوو نەجیب گەرمیانی
رۆژی ٢٤ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ لەگەشتەکەماندا بۆگەرمیان دوای ئەوەی لەدوزخورماتوو، سەرەداوی کەسوکاری ئەوکچ وژنانەمان دەستکەوت دیسان بەرێکەوتینەوە بۆ شاری کفری، هەرچەندە کاتمان کەم بەدەستەوە مابوو، بەڵام بریارماندا بگەڕێینەوەو چاومان بەچەند کەسێکیان بکەوێت، لە نیوەرۆدا گەیشتین و چاوامان بە کاک عەبدولخالق و مامۆستا یوسف کەوت و دیدارێکی رۆژنامەوانیمان لەگەڵدا سازکردن، ماڵئاوایمان کرد، دواتر چوینە ماڵی زەینەب، ئەویش یەکێک بوو لەوژنانەی کە ئەنفالکرابوو، تۆپزاوای بینیبوو، ماوەی پێنج مانگێکیش لە گرتووخانەی دوبز دەست بەسەرکرابوو، دوای ئەوەی رەزامەندیمان وەرگرت ئەم دیدارەمان ساکرد ، کە سەرەتا مامۆستا نەجیب كەوتە دواندنی زەینەبو لێپرسی:
چەند كەس لە كەسو كارت ئەنفالكراون ؟
ئەونەیدەویست هیچ بلێت، دلی پڕببوو، نەیدەزانی لە كوێوە دەست پێبكات، شریتی كارەسات و تاوانەی هاتنەوە بەرچاو كەئێمە بیرمان هێنایەوە خەمەکانی ئەوەندە قورس بوو، هەرکەسێک لە بەرانبەری بوایە لەروخساریدا هەموو مەینەتیەکانی دەخوێندەوە، زەینەب بەئاستەم دەدواو قسەکانی پچڕپچر بە سەر تاڵەژێی قورگیدا گوزەریان دەكرد، بەڵام هەرچۆنێك بوو، مامۆستا نەجیب گەرمیانی توانی بیهێنێتە قسە. زینەب، لەسەرەتاوە بە قورگێكی گریاناوییەوە ووتی :
لە كوێوە دەستپێبکەم و چی بێژم؟ بەڵێ خەڵكم ئەنفالكراوە، لە بەیانیەوە لە پرسە دانیشتووم، من هەموو پرسەیەك برینم دەكولێتەوە، من نازانم كەسوكارم هان لە كوێ لە كوێ كوژران؟ لەبنەماڵەی خۆمان برای خۆم پێنج برام ئەنفالكراوەو هەتا ئێستا بێسەرو شوێنن، كورمامەم سێیانو مامەم، كچ خالۆمو كوڕخالۆم ئەنفالكراون، من خۆم پێنج مانگ گیرامو حەپس بووم؟
لە كوێ حەپس بوویت؟
من لە ملە سورەوە تەسلیم بووم لەوێ گێراین، من لە دێهاتەكەی ماڵ باوكم هەرخۆی دووماڵ سێ ماڵبوون جوامێراغای ناوە. ماڵ مامەیەكم لە زینانە بوون، ئیتر مامەم هات ووتی كاكە دەور زینانە زۆر قەرەباڵغە خەڵكەكە هەر رائەكا، تۆ بەتەمای چیت ئا لەیرەیا؟ ووتی وەڵا كاكە خەڵكەكە پاك رابكا من بۆ ژور ئەرۆم، من بەتەما نیم رابكەم، من ئەگەر بەتەمای راكردن بوویمایە ئەو كاتەی خەڵكەكە گشتی بووی بەجاش منیش ئەرۆیشتم و ئەبوویمە جاش، من نارۆم، بشرۆم بۆ دوور ئەرۆم، ئیتر ئەو شەوە گشت كەلو پەلمان كۆكردەوەو ئەوکاتە من دوو مناڵم هەبوو، ناردمنەوە، ئەینا من بۆ سەردانی رۆیبووم بۆ ماڵ باوكم، ئیتر چووین بۆ ئاوایی كاكە حەمە هەیە، لەورە سێ شەو ماینەوە، ئیتر پێشمەرگە هاتن ووتیان كاكە بۆ خاتر خوا خەڵكەكە بچێت بەرەو خوار وەزع بەرەو ژوور زۆر خراوە، برۆنە خوارەوە باشترە، ئیتر ماڵ باوكم حەیوانیان زۆر بوو دوان لە براكانم لای حەیوان بوون، یەكیكیان هەروا دانیشتبوو لەلامان چەكی پێبوو، هەروا شتێی رەش هاتە بەرچاوی سەلەیەكی لێی كرد، كەسەلەكەی كرد، براكەم هاواری كرد، ووتی: وەڵا تۆ كوشتمت، كاتێك براكەم چووە سەری تەماشا دەكات ئەو براكەی خۆمە، ئیتر ئێمە وە بۆنەی ئەو كارەساتەوە زۆر دوای خەڵكەكە هاتینە خوارەوە براكەم لەوێ زامدار بوو دكتۆر لەسەری بوو، وەزعمان زۆر خراپبوو، ئیتر كە گەیشتینە ملە سورە، خەڵكەكە زۆر زۆر بوو، تەقریبەن سێسەد تا چوار سەد بەس مەكینەو عارەبانەی خەڵک ئاواییەکان ئاوا سەری نابووە یەكەوە، ئینجا كۆپتەر هاتو جەیشێ زۆر بەرەو پیری خەڵكەكە هات، لەوێ رەسمی خەڵكەكەیان ئەگرت، ئەوەی وا چەكی پێبوو جیایان ئەكردەوە، خەڵكەكە وەزعی زۆر خراپ بوو، بەو حاڵە بەربەرە، هاتینە خوارەوە بەرەو شاریعەكەی هین،.. دووز، ئەوەی بەین دوزوو نازانم چی پێێ یژن، هاتینە خوارەوە لەوێ گردیان كردینەوەو هاوردیانین، بۆ قۆرەتوو، دووسێ شەو لەورە لە قۆرە تووماینەوە، دوای سێ شەوەكە بردمانیانە تۆپ زاوا، پێنج شەو لە تۆپزاوا بووین زەلامەكان( پیاوەكان)مان لەتەكا بوو لە قاعەكاندا، ئیتر عەسكەر هاتن ئافرەت و پیاوەكانی جیاكردەوە، قاعەی چی هەرقاعەیەك 300 بە خوا زۆر زیاتر بەیەكجار ئەوەنەی ژنو منداڵی تێ خزێنریا بوو، وەزعەکە زۆر ناخۆش بوو جێگەنەبوو، كەسی تری بۆ بێنن. ئیتر هەر ژنێك منداڵی پێبوایە هەر ئاوا منداڵەكانی لەباوەشیدابوو، ئیتر تەقوو تۆقیش هەر هەبوو، منداڵ ئەترسیان، بۆ بەیانیەكەی سەیرمان كرد چی ئەبینین ! پشتێن كەوتووە، قەمیس پیاوان كەوتووە، یان شەرواڵ كەوتووە، ئیتر ئەو پشتێنە گشتی كەوتبوو لە دەور قاعەكاندا، من لەو كۆمەڵە جلانە هێلەگو كراسێكی براكەمم هاوردووەتەوە هەتا ئێستا هەرلەلامە.
بۆچی لەلات ماوە؟.. سەبوریت دەدات یان چی؟
( فرمێسكو گریانێكی بەكوڵ لە ناوەوە) ( بێدەنگی بۆماوەیەك) ئەرێوەلڵا سەبورییە بۆم هەر پێمخۆشە.
کە هاتینە ماڵەوە لەپێشەوە تۆباسی شورتەیەكت كرد كە ئە هاتەلاتان، بۆچی ئەهات؟
ئا، شورتەیەك ئەهاتە ناومان تۆزێك قسەی ئەكرد لەگەلمان، هەرئەمانەویست پرسیارێك بكەین بزانین پیاوەكان چیان لێهات؟ ئیتر منیش كورێك بچوك برام لەتەكدا بوو، لە باوەشمدا بوو، پێمووت دەبرۆ تۆزێك دوركەوەرەوە پرسیارێك بكە، بزانن باوكمان چیان لێهات، دوای هاتەوە ووتی باوكمانو ئەوان عەسكەر ها لەتەكیاندا بۆ ئاودەست ئەرۆن، ئیتر باوكم هاواری كرد، ووتی ها دانا چییەتی؟ ووتم وەڵا هیچی نیە باوە. زانا باشە هەر كەمێك تای بووە ئێستا چاكبووە، ئەوەتا وەباوەشمانەوە ( كورەكە ناوی زانا بوو بەڵام ئەو ووتی دانا)
واتا تۆ باوكت بینی لە تۆپزاوا؟
ئا ئا باوكمم بینی لەوێ. ئیتر عەسكەرەكان هاتن بردیان. (بەهەناسەیەكی ساردەوە) ئەرێوەلڵا برا ئەو جارەبینیم.
ئەی دوای ئەوە ؟
ئیتر پێنج شەوێ لە تۆپزاوا ماینەوە بردیانین بۆ (دبس). دوبز و پێنج مانگ لەوێ ماینەوە.
ئەی لە دوبز وەزعتان چۆن بوو؟
وەڵا لە تۆپزاوا باشتر بوو، خەڵكەكە دائەنیشت، ئیسراحەتی ئەكرد، ئیسراحەتی خەفەت، من خۆم كچێكم لە دبس ئەمر خوای كرد، بەس لەوێش هەر بەرەبەرە لێمانیان بار ئەكرد، هەموو شەوێ سێ كۆستر چواریان ئەهاورد لێمانیان بارئەكرد، هەموو شتێكیان لێ ئەسەندین، تەنانەت مەمە شووشەی منداڵیان لێمان ئەساندوو فڕێیان ئەدا، ئیتر ئێمەش هەر ئەپاراینەوە بۆ ئێمەش بار ناكەن، ئەوانیش وەعارەبی پێیانمانیان ئەوت سەبر كەن، ئیتر شەوێك دەور سەعات ١٢ی شەوبوو جەیشی شەعبیەكمان لەلابوو،ماڵ مامەو ئەوانی ئەناسی، خەڵك ئەو ئاواییەكە بوو وا مال باوك سەعدەی لێبووی، “ئەبوو سەباح” ئەو جەیش شەعبیە خەڵك ئەورە بوو،هات بۆلامان ووتی: خەمتان نەبێت عافوی داوە، رەنگە ئێستا ئەمرەكە گەیبێتە تكریتیش.
ئەو جەیش شەعبیە كورد بوو یان عەرەب بوو؟
وەلڵا عارەب بوو، بەس بە كوردی قسەی لەگەڵماندا ئەكرد.
جاراستی کرد لێبوردن هەبوو ؟
ئا هەبوو ئیتر بۆ بەیانی سەیارەیان هێناو ووتیان خۆتان كۆكەنەوە عافووی داوە، ئیمەش كەلو پەل خۆمان خركردەوەو باریانكردین، بەس یەكێك لە دەم قاپی سەیارەكە وەستابوو سەیارەی موقەپەتیش بوو، گشت ئافرەتێك كیبڵێكی ئەدا لێی، جا ئەگەر پیرە ژن بوایە یان گەنج، ئیتر بەو شێوەیە بارمانیانكرد، نەمانزانی بۆ كویمان ئەبەن، بەڵام ژنێك بوو خورشیدی ناوبوو مێردەكەشی هەرخورشیدی ناوبوو، خورشیدی قالە جاف، وەلڵا رۆییە گیان ئەو عەسكەرە كەوا كیبلەكەی لیێدەداین، ووتی ئەوە بۆ لێمان ئەدەن خۆئێمە تازە عافووببوین،با دابرزێین، منەتان نەبێت، ئێمە هەركوردین، ووتی بۆ لێماندەدەن داناوەشێن؟ عەسكەرەكە ووتی وەللە بەدەست ئێمە نیە فەرمانەو هەردەبێت یەكی یەك كیبڵتان لێبدەین.
خورشید ووتی: ئاخر ئەمرەكە لەسەرچییە؟ کابرا ووتی لەبەر ئەوەی وەختی خۆی خزمەتی پێشمەرگەتان كردووە، نانتان داونەتێ، بۆچی جلتان رەشە بۆچی هەمووتان جلتان رەشە؟ كەواتە دەبێت یەكی كێبڵێك بخۆن. ئیستەش ئەلێم خۆزگە ئەو شورتەیەم ئەبینیەوە شەرتبێ بیبینم ئەیناسمەوە محمودی ناوبوو رەشێكی درێژ، ئیتر هەرلەگەڵمان بوو هەتا عەربەت،لە عەربەت بەریانداین.
لەعەرەبەت هەرئاوا بەریاندانو هیچیان نەووت؟
ئەریوەلڵا ئیترهەركێ بڵاوەی كرد، هەركێ كەسی بووبێو هاتبێ بەدوایدا. بەو شێوەیە هاتینەوە بۆ ئێرە.
ئێستا كە رژێمی بەعس رۆخاوە، ئەو سوپایەش هەلوەشاوەتەوە كە ئەنفالی كەسوكاری ئێوەیان كرد، كاتێك دەبینی رۆژی سوپا یادی دەكرێتەوەو پێشمەرگەش بەهەمان ئەو جلە بەڵەكانەوە دەبینی، هەستت چۆنە؟
وەڵا بیژم چی؟ ئەو وەزعەم پێخۆش نیە وا پۆستاڵو ئەوجلانەیان هالە بەردا،نەوەلڵا، هەرچەندە خزمەت خەڵكەكەش ناكەن، بەڵام بە خوا هەرئێسەم پێخۆشترە.
ئەی چی بە جاشەكان ێژی؟
بێژم چی برا خۆ هیچ مەحكەمەیەكیان نەكریا، هەتا منیش بچم قسەیەك بكەم، من خۆم ئیسە، هیچ دور بۆی مەرۆ عەدنان حاج ئاورەحمان، بەخوا خۆم باش ئەیزانم دووپەندیدا.
پەندی وەک چۆن ؟ چی کرد ؟
زۆپەی کەلوپەلەکان و تەلەفزیونی مالی باوكم،ماتۆڕئاوەكەیان ئەو بردی، ماتۆری بیریان هەبوو، چەند جار هاتوون یژن تۆ بۆ دەنگ ناكەیت عەدنان گشت شتەكان مالی باوكتی برد، بەخوا ئەیشیبینم
ئەو تشتەكان ماڵ باوك ئێوەی برد؟
بەلێ ئەوسا مستەشار بوو، هەرچەندە ئەوان جل كوردی لەبەریاندابوو، جل عەسكەریو پۆستاڵ لەبەریاندا نەبوو، هەرئێسكیان تاڵە، ئێسكیان قورسە، هەر وەك بەعس وان لە پێشچاووم.
لەگەشتێکماندا کە رۆژی ٢٠/١/٢٠١١ چووین بۆ گوندی ئۆمەربل سەردانێکی گوندی جوامێرئاغاشمان کرد ئەوە پاشئەوەی حەشارگەی پارتیزانەكانمان لە جەوەڵ مازوو بەجێهیشت بەرەو ناو خانووە روخاوەكانی گوندی جوامێراغا رۆشتین، ئەم گوندە شوێنی نیشتەجێی باوک وبراکانی زێنەبە. کە ساڵی ٢٠٠٦ مامۆستا نەجیب دیداری لەگەڵدا سازکردبوو، بەڵام لەبەر کەم ئەزموونی مامۆستا نەجیب یادی بەخێر پرسیاری ناوی باوک وبراکانی و تەنانەت منداڵەکانی خۆشی لێنەکردووە . گوندی جوامێراغا تەنها چەند لادیوارێک و شوێن تەنورێک مابوو، کاک حەسەن وکاک سەردار باسی ئەم دوبرایەیان بۆدەکردم کە لێرە ژیاون ئەوان دەیانگوت کەریم خورشید تەنها دووکچی ماوە والە کفری دەژی من یەکسەر بیری دیدارەکەی زەینەبم لەگەڵ مامۆستا کەوتەوە، بەڵام ئەوان نەیاندەزانی کەوا کچەکەی ناوی چیە، بۆیە ئێستا دەردەکەوێت کە ئەم جوامێراغایە شوێنی نیشتەجێی باوک ومامی زێنەبەو کچی کەریم خورشیدئاغایەو برازای حاجی فەریق خورشیدە.
گوندی جوامێراغا سەربە ناحێی سەرقەڵایە لەسەروەختی ئەنفالدا تەنها دوو ماڵبوونو بە زۆریش بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون، ئەمەش لەقسەکانی زێنەبدا بەرونی دیارە، دانیشتوانی ئەم گوندە هەرلەسەرەتای دروستبوونەوەی شۆرشی نوێوە داڵدەی زۆر پێشمەرگەیانداوە،پێشە ئەوەی پەلامارەکانی ئەنفال دەست پێبکەن، خەڵكی ئۆمەربل لێیان قەومابوو بەناچاری رویانكردووەتە ئێرەو داڵدەی پێنج ماڵی گوندی ئۆمەربلیان داوە.
ماڵی حاجی فەریقو كەریم خورشید اغا تاقە دوو ماڵبوون، لێرە خەلكی ئۆمەربل زۆر بەرێزەوە لەبارەیانەوە دەدوان، لەوبارەیەوە سەرداری حاجی رەشیدو حەسەن عەلی حاجی فەرەج كە هەردووكیان تەنیا دەربازبووی خانەوادەكانیانن لە تاوانی ئەنفالدا، لەبارەی ئەم گوندنشینانەی جوامێراغاوە بۆ ئەنفالستان دوان هەردوکیان جەختیان لەوە دەکردەوە کەوا : كەریم خورشید كە (باوکی زێنەبە) هەقوایە هەمیشە بەرێزەوە یاد بكرێنەوە خۆی و ژنەكەی و )٥( كوڕی بەناوەكانی ( محمد،ئەحمەد ، سەلیمو غالب و سالب) و دووكچی تریشی ئەنفالكران تەنها خێزانەكەی لەدوای ٦مانگ و ١٢رۆژ لە نوگرەسەلمان گەرایەوە، لەگەڵ دوو کچی کە هاوسەر گیرییان کردبوو ماڵی خۆیان جیا بوو. (ئەو دوو کچەی ئەوان باسیان دەکرد یەکێکیان (زێنەبە)
ماڵی حاجی فەریقیش جگە لەوو كوری بچوكیان کەسیان دەرنەچوون، ئەوانی تر هەموویان ئەنفالكران خۆیو ژنەكەی و كچەكانی لە نوگرە سەلمان گەرانەوە، بەڵام هەرسێ كورەكەی (صالح فەریق، محمەد فەریق، ئەحمەد فەریق) ئەنفالكرانو نەگەرانەوە. شایانی باسە لەبەرئەوەی هەردوو گوندی ئۆمەربلو جوامێراغا لەسەر نەخشەی عێراق نەبوون دوومانگ دوای ئەنفال رژێم هاتووەتەوە سەریان سوتاندونی و تەختی زەوی كردوون.
بە پێی زانیاریەكانی سەردارو حەسەن حاجی فەریق پاشئەوەی لەنوگرەسەلمانگەرایەوە بۆ ماوەیەك لە دوزخورماتوو نیشتەجێبوو، ئیتر لەوێشەوە تەرحیلیانكردبوو بۆ كۆمەلگای كەورگۆسك لەهەولێر ئیتر لەوێ بە بێكەسی سەری نایەوەو كۆچی دوایی كرد.
ئەم دیدارە لە لاپەرە ٣٨ی گۆڤاری ئەنفالستان ژمارە ٤ دابڵاوکراوەتەوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.