مارس 10, 2018 Omer ئهرشیف, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئەدۆڵف ئایشمان و سوڵتان هاشم ئاوارە حسێن
ئەدۆڵف ئایشمان و سوڵتان هاشم
ئاوارە حسێن
سبەی یانزەی مایس، پەنجا و هەشت ساڵ بەسەردەستگیرکردن و دواتر لە سێدارەدانی ئۆتۆ ئەدۆڵف ئایشماندا تێدەپەڕێت. ئەدۆڵف ئایشمان یەکێک بوو لە بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمی نازی ئەڵمانی و تاوانکارێکی دیاری جینۆسایدی جووەکان (هۆلۆکۆست) بوو.
ڕۆڵی ئەو بریتی بوو لە گواستنەوەی جولەکەکان لەو دەوڵەتانەی کە لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەڵمانیا داگیری دەکرد بۆ کامپەکانی جینۆسایدکردن، بەتایبەتی بۆ کامپی ئاوشویتس کە نزیکەی یەک ملیۆن و سەد هەزار جولەکەی تێدا جینۆسایدکرا.
لە دوای شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ئایشمان هەڵهات بۆ نەمساو دواتریش بە ناوێکی هەڵەو پاسپۆرتێکی خاچی سورەوە بەرەو ئەرجەنتین بەڕێکەوت و لەوێ دەژیا. بەڵام ئەوە نەبوەهۆی ڕزگارکردنی ژیانی و ژمارەیەک جولەکە و ڕزگاربووی هۆلۆکۆست خۆیان تەرخانکرد بۆ دۆزینەوەی ئایشمان و نازییەکانی تر. هەرئەوەبوو لە (١٩٦٠/٥/١١) لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین دەستگیریان کرد و بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی ئەرجەنتین هێنایانەوە بۆ ئیسرائیل و لەپاش دادگایکردنی لەدادگای باڵای ڕامەڵا بەپشت بەستن بە سەدان بەڵگەنامە و (١١٢) شایەدحال کە زۆربەیان ڕزگاربووی هۆلۆکۆست بوون، وەک تاوانکاری جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو و لە (١٩٦٢/٥/٣١) لە سێدارەیان داو دواتریش جەسەتەکەیان سوتاند وخۆڵەمێشەکەیان فڕێدایە دەریای ناوەڕاست لەدەرەوەی هەرێمی ئاوی ئیسرائیل.
دەستگیرکردن و هێنانەوەی ئایشمان بەبێ ڕەزامەندی ئەرجەنتین ناکۆکیەکی خستە نێوان هەردوو دەوڵەتەوە و ئەرجەنتین داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەستگیرکردنی ئاشیمان پێشێلکاری مافی سەروەری ئەرجەنتینە. هەر ئەوەش بوو ئەنجومەنی ئاسایش لە (١٩٦٠/٦/٢٣) بڕیاری ژمارە (١٣٨)ی دەرکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە سەروەری ئەرجەنتین پێشێلکراوە و داوای لە ئیسرائیل کرد کە بەگوێڕەی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی قەرەبووی شایستەی ئەرجەنتین بکاتەوە.
سوڵتان هاشم ئەحمەد فەرماندەیەکی دیاری سەربازی و وەزیری بەرگری عێراق بووە لە ڕژێمی سەددامدا، دەستێکی باڵای هەبووە لە جینۆسایدکرنی کورددا. هاشم یەکێک بوو لەو حەوت تاوانکارەی کە لەسەر کەیسی ئەنفال و پاش شەست و یەک دانیشتنی دادگای باڵای تاوانکاری عێڕاقی بە گوێڕەی ماددەی (١١)ی یاسای دادگاکە وەک تاوانکاری جینۆساید، دژبە مرۆڤایەتی و جەنگ لە (٢٠٠٧/٦/٢٤) سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. هەروەها لەسەر کەیسی جینۆسایدی هەڵەبجە یەکێک بوو لەو چوار تاوانکارەی کە پاش سی و چوار دانیشتن لەلایەن دادگاوە سزای پانزە ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
گەر بە کورتی کەیسەکەی ئایشمان بەراورد بکەین بە کەیسەی سوڵتان هاشم. جولەکەکان وەک قوربانی جینۆساید و کورددەکانیش وەک نەوەتەوەیەکی قوربانی جینۆساید. ئەوا سزادانی سوڵتان هاشمەکان نە پێویستی بە دانانی تیمێکی تایبەت هەبوو بۆ دۆزینەوەیان و نە تێکچوونی پەیوەندنی دوو دەوڵەت بۆ دەستگیرکردنیان، بەڵکو تاوانکار و تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد لەناو خۆمان و لەژێر دەسەڵاتی ئەزمونەکەماندان.
لە کەیسی ئایشماندا لەبەرئەوەی جولەکەکان بڕیاریان دابوو بۆ هەتاهەتایە رێگریبکەن لەوەی جارێکی تر جینۆساید نەکرێنەوە و مافەکانیان پێشێلنەکرێتەوە، بە پەرۆشەوە و بە تیمی تایبەت و لەسەر ئاستی حکومەتە بەدوای دۆزینەوە و دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردن و سزادانی ئەوانەوەبوون کە ڕۆلیان هەبووە لە جینۆسایدەکەیان، جا لە هەر شوێنێکی دونیا بوبێت و گەر بوبێتەهۆی ناکۆکی نێوان ئیسرایل و ئەو دەوڵەتەشی کە تۆمەتبارەکەی لێبووە.
بەڵام ئێمەی کورد نەک پێویستی بەو ماندووبوونەی جووەکان ناکات و نەکردووە، حکومەتیش زۆر بێباکە لەم کەیسەدا، تۆمەتبارانی جینۆساید لە ناو کوردستاندا بە ئازادی دەسوڕێنەوە سەرەڕای ئەوەش کە یانزە ساڵە دادگای باڵای تاوانکاری عێڕاقی بەگوێرەی ماددەی (١١)ی دادگاکە وەک تۆمەتباری جینۆساید داوای دەستگیرکردنیان دەکات کەچی نەک تەسلیم نەکراونەتەوە بگرە بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بۆیە بەلای منەوە ڕزگارکردنی سوڵتان هاشم چاوەڕوانکراو بوو، پێشتریش و دەیان جار جێبەجێنەکردنی سزای لە سێدارەدانەکەی لەوانەکانی جینۆسایدی کورد لە بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە ڕونکردووەتەوەو لەگەڵ فێرخوازەکاندا شرۆڤەمان کردووە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.