نیسان 02, 2015 Omer ئهرشیف, دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە نامەیەكم دەربارەی ئەنفال دایە صدام بەنیازم بڵاوی بكەمەوە .
نامەیەكم دەربارەی ئەنفال دایە صدام بەنیازم بڵاوی بكەمەوە .
دیدار : عومەرمحمەد
شوێن –سلێمانی ماڵی دیمانە لەگەڵ کراو .
رێکەوتی ٢٢/١١/٢٠١٠
پاش ئەوەی زانیم (د.مكرم تالەبانی ) چیرۆكی دەربازكردنی ئەنفالكراوێكی لایەو بۆخۆی چووە بۆلای صدام حسین بۆدەربازكردنی، ئیتر كەوتمە سۆراخكردنی ئەوەی كە داخۆ كێ دەرگای ماڵی د.مكرەم تالەبانیم بەڕودا بكاتەوەوببێتە رایەڵەی پەیوەندی نیوانمان، چونكە من وای بۆچووم كە ئەوە چیرۆكی ئەنفال وصدام و شێخ حسینی هەزاركانی بێ، سەرئەنجام كاك محمد مێرگەسووری بوو بە ئەلقەی پەیوەندی نیوان منودكتۆر مكرەم تالەبانی، من هێشتا لە هەوڵی پەیداكردنی ژمارە تەلەفۆنەكەیدا بووم كە رۆژی ٢٠ مانگی 11 ی ساڵی 2010 زەنگێكی نەناسراوم بۆهات، مێرگەسۆریی بوو بێگومان منەتباری كردم بەوەی كە زۆر بەپەرۆشەوە بەپیرداواكەی منەوە هات لەبری ئەوەی ژمارە تەلەفۆنی خۆی بداتە هاوڕێ سوارە ئەو ژمارە تەلەفۆنی منی وەرگرتبوو، خۆی پەیوەندی پێوە كردم، ئیتر دەمەوعەسریكی درەنگوەختی دوو رۆژ پێكەوە چووینە ماڵی د. موكەرەم تالەبانیوئەم دیدارەی لێكەوتەوە.
دكتۆر مكرەم تالەبانی تەندروستی تەواو نیەو دڵی بەجیهاز ئیش دەكات، پێویستە زۆر دەنگ بەرزبكەیتەوە ئینجا گوێ بیستت دەبێو وەڵامت دەداتەوە، بەداخەوە لەبەرئەوەی هەم خۆیوهەم هاوسەریشی گوێیان گرانە، پاشئەوەی لەدەرگای دەرەوە پاسەوانی ماڵەكەی پێشمانكەوت، ماوەی 20 خولەكێكیش زیاتر لەبەردەروازەی ژوری میوانەكەیان ڕاوەستاین، تا گوێیان لێبوو دەرگاكەیان بۆكردینەوە كەچووینە ژوری میوانوهەرپاش یەكتر ناسین من كامیرام دامەزراند، بەڵام هەرلەوەڵامی یەكەمین پرسیاردا ئەوە رون بووەوە ئەوەی من بەسۆراخییەوە بووم ئەوە نەبوو كە داخۆ كێ بووە چووەتەلای صدام بۆ دەربازكردنی شێخ حسێنی هەزاركانی. بەهەرحاڵ دواتر كەوتینە پرسیار لەسەر ئەنفال وئەم دیدارەی لێكەوتەوە.
كاك دكتۆر من بۆیە هاتووم بۆلات، بە سۆراخی چیرۆكی ئازایەتی پیاوێكەوەم كە لەئەنفالی سێدا گیراوەو تۆ بۆی تێكەوتوویتو چوویتەلای صدام بۆ بەردانی دەكرێت بزانین ئەو مەسەلەیە چۆن بووە ..؟
ئەو پیاوە كویخا برایم بوو لەدێی ( هەرچەندی كرد ناوی گوندەكەی بیرنەكەوتەوە بەڵام دەیزانی یەكێكە لە گوندەكانی سەرچەمی ئاوەسپی) چاكەی بە سەرمەوە بوو، خزمەتی زۆری پێشمەرگە شیوعیەكانی كردبوو، كە شیخ عەتای برام بەرپرسیان بوو، ئیتر هاتەلام، ووتی: كوڕەكەم گیراوە بەڵكو هەوڵێكم بۆ بدەیتو ئازادببێت. منیش هەستام چووم بۆلای صدام ناوی كوڕەكەی كوێخا برایمم پێدا، صدامیش سكرتێرەكەی بانگ كرد ناوەكەی دایە دەستی ووتی: لەژێر زەویش بێت بیدۆزنەوە . پێمووت هەربۆیەئەو كوڕە لەوناوچەیە بووە كەعایدی منە، هەربەودا نامەم ناردووە بۆ حزبەكان مراسل بووە لەنیوان منو حیزبەكاندا، ویستی بچێتە كفری دابنیشێ بەڵام من نەمهێشت، وتم هەرلەوێ بمێنەرەوە .. ئیتر ئەوە بوو لە ماوەی دووسێ رۆژدا كورەكەی كوێخا برایمیان دۆزییەوەو بەربوو .
لەكوێ بەربوو ..؟
لەنوگرە سەلمان بوو ، بەڵام ژن و منداڵەكانیان نەدۆزییەوە رۆیشتنو تێدا چوون.
ئەو كورەی كوێخابرایم كە ئازادت كرد ناوی چی بوو ..؟
ناوی هیدایەت بوو .. هیدایەتی كویخا برایمی قەواڵی (لێرەدا ناوی گوندەكەی بیردەكەوێتەوە) هێنایان بۆ ماڵی ئیمە هەرخۆی بوو ئیتر پرسیم ئەی ژنو مندالەكەی ووتیان بەخوا ئەو شوێنانەی ئەم سجنانەی لێیە هەمووی گەڕاوین نەمان دۆزیوونەتەوە(1) ..(ئەمە زۆر پرسیار هەڵگرە چونكە ئاستی مەترسیداری كۆمەلكوژیەكەی گەرمیان دەستپێشخەری لەكۆڵكردنەوەمان پیشاندەدات .
ئێستا ئەو كاك هیدایەتە لەكوێ دەژی ؟
ئەوە كۆچی دوایی كردووە، نەماوە . نەشمزانیبوو ئەم ماوەیە زانیم كە مردووە.
ئەو ئەڵقەی پەیوەندیتان بوو لەگەڵ حزبەكوردستانیەكاندا ..؟
نەخێر هیدایەت پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوو.. شێخ عەتای برام ئامر بەتالیون بوو نازانم چی بوو لەگەڵ شیوعیەكاندا ئیتر ئەوە بوو كەباوكی هیدایەت هاتەلام ئاوای ووت. بەڵام باوكی جارجا نامەی بۆ دەبردم بۆلای مام جەلال و نەوشیروان .
ئەی كەسی تر شك نابەی هەمان چیرۆكی هەبێ لەسەروەختی ئەنفالدا ؟ مەبەستم ئەوەیە بەواستەی كەسێكی وەك تۆ چووبێتە لای عزەت دوریو صدامو بەربووبێ…؟
نا، بەڵام روداوێكم بەچاوی خۆم بینی هینی ئەنفال رۆژێك لەبەغدابووم ماڵمان لە گەرەكی ( حی ملوك ) بوو چووم نان بكڕم مەكتەبی زات سلاسلی ئیبتیدائی پێدەلێن لەوێ بینیم كۆمەڵێك ئافرەت پیاویان لەگەڵدا نەبوو تەنها عەسكەریان لەگەڵدا بوو ئۆتۆمبیلێكیان ..
ببورە عەسكەرەكان جلی چۆنیان لەبەردابوو .. مغاویری یان هەر جلی جەیش بوو ؟
ئەوەندە دیقەتیانم نەدا ئۆتۆمبیلێكیان هێنا ژنێكو پیاوێكی تێدا بوو لەگەڵ كچێك. هەتا ئۆتۆمبیلەكە ( ژمارەكەی هەولێر) بوو دیار بوو ئەوانە لەخانەوادەیەكی (متمكن) دەوڵەمەند بوون، ئیتر ژن و كچەكەیان هێنا پاڵیان پێوەنان بۆلای ( كۆمەڵە ژنەكەی تر ) ئەوانەی لای ( مكتب ژات السلاسل) دیاربوو ئەوكۆمەڵەی تریان پێشتر هێنابوو، كچەكە دەگریاو لەخۆی دەدا منیش كە ئەو دیمەنەم دی چووم بۆلایان ووتم: ئەوە لەخوا ناترسن ئەو ژنانە ئاوا لێدەكەن عەسكەریەكیان ووتی : ئەمانە ئەنفالن فەرمانی حكومەتەو دەبێ ئیعدام بكرێن.
چەند ئافرەت بوون 20 دەبوون ..؟
هەروا دە، دوانزە كەسێك دەبوون بیست نەبوون .
ئەی تەمەنیان لەدەوری چەندا بوو ؟
وەڵاهی ئیتر ئافرەت بوون تەمەنیان هەبوو گوندنشین بوون .
ئەو عەسكەرەی كەتۆ چوویتە لای چی بوو، بەرپرس بوو یان هەر عەسكەری ئاسایی ؟
نازانم بەڵام عەسكەرێك بوو زۆر هەوڵم لەگەلیا دا، ووتی بابە حكومەت منیش ئیعدام دەكات .
جۆر وژمارەی سەیارەكەو ڕەنگی چۆن بوو ..؟ ئەوەی بەژن و پیاوەكە بوو ژمارە هەولێرەكە ؟
ژمارەكەی نازانم، سۆپەرێكی ڕەنگ ڕەساسی بوو . ئەوەندە دەزانم ژمارە هەولێر بوو.
ئەمە مانگی چەند بوو ؟
وەڵا لەدەوری مارس و حوزەیران بوو .
ئەی تۆ خۆت پێ نەناساندن بۆ نمونە بلێیت من كەسایەتیەكم دەتوانم صدام ببینم ..؟
عەسكەرەكان لەمنەوە دووربوون هەرئەوە بوو . دیار بوو پێشتر هێنابوویانن لەپشت مەكتبەكەوە خێمەیان هەڵدابوو دەیانپێچایەوە.
دكتۆر من بۆ سۆراخی شێخ حسێنی هەزاركانی هاتم بۆ لات ئەویش چیرۆكێكی وەهای هەیە .. تۆ هیچ لەو بارەیەوە نازانی ؟
نایناسم من ناوی شێخ حسێنی هەزاركانیم نەبیستووە . با شتێكت بۆ بگێرمەوە، هەروا چەند رۆژێك لەمەو بەر كاغەزێكیان هێنابوو لەژێر دەرگاكەماندا فرێیاندابوو، كوڕێكە من نایناسم لەنامەكەدا نووسیویەتی من (هوشیار بەرزنجی)م قەرزاری دكتۆر مكرەم تالەبانیم لەبەرئەوەی لەساڵی 1989 منی لەمردن رزگاركرد كە سجن بووم ئێ من نایناسم لەخزمەكانم پرسی ووتیان نایناسین.
خۆت بیرت نەماوە ؟
نەوەڵا بیرم نەماوە ئەوەندەشم خەڵك رزگاركردووە ..
کە ئەنفال بوو تۆ تەصوری چیت دەكرد لەسەر ئەو پەلامارانەی بەعس ؟
لەچی ناحیەیەكەوە ؟
مەبەستم ئەوەیە ئایا تۆ هەستت دەكرد ئەو هەموو خەڵكە بكوژرێ ..؟
من بروام وایە لە 99%ی بەعسیش نەیدەزانی ئەو تاوانە ئەنجام دراوە صدام كۆمەڵیكی تایبەتی هەبوو ئەو كارانەیان دەكرد زۆر بەنهێنی ئەو كۆمەڵكوژییەیان كردبوو.
سەروەختی ئەنفال هیچت لەبارەی ئەنفالەوە لە سەدام نەپرسی ؟
ڕۆژێك لەگەڵ تارق عەزیزدا بووە مناقەشەمان بووە دەمەقاڵەمان، پێمگووت: كورد چۆن لەگەڵ ئێوە راست بێت كە ئیوە ژن و كچەكانیان بەخلیج بفرۆشن.. كورد چۆن لەگەڵ ئێوەدا ساغ دەبێتەوە..؟ ئەویش چوو بوو ئەمەی بە سەدام گوتبوو، رۆژێك تەلەفۆنیان بۆكردم ووتیان ئۆتۆمبیلێكت بۆ دەنێرین سەرۆك داوات دەكات . منیش چووم ئەمەپاش لێدانەكانی جەنگی كوێت بوو لەڕێگا دەمبینی هەرچی كۆشك و خانوو بوو ڕوخا بوو، لەدەغەلێكدا بوو چوار ژوور بوو دروستیان كردبوو، سەدام لەوێ دانیشتبوو، نەختێكی پێچوو صدام هات كوڕەكەی لەگەڵدا بوو (قوصەی ) صدام وتی: وات ووتووە ؟ وتم بەڵێ ووتوومە، ووتی بەڵگەیەكی مەلموسم دەدەیتێ ؟ كە ئەمە راستە.. چۆن ئەمانە دەركراون و براون بەكوێت و خلیج فرۆشراون ؟ ووتم بەڵێ هەركە بەغدا بۆمباران كرا من منداڵەكانم برد بۆ سلێمانی و عەینەن رۆژ گەڕامەوە بۆ بەغدا..لەگەرانەوەمدا گوێم لە كوردێك بوو لەگەڵ شۆقێرەكەدا قسەی دەكرد كوردەكە بەرگی سەربازی لەبەردابوو (خەتێكی عەریف) بە قۆڵییەوە بوو، ووتی: ئێوارەیەك لەبرسان چووینە مالێك لەكوێت ..سەرەتا ووتمان ئیمە كوردینو دەسەڵاتمان نیەو بەزۆرهێنراوین بۆ سەربازی ژنی ماڵەكە زۆر بەخولق وخۆ وە پێشوازی كردین و هەر بەزمانی كوردی ووتی بەخێربێن.. بەخێربێن زۆر سەرمان سوڕما سەیرمان كرد ژنەكە كوردە، ئیتر هەروا خەریكی خواردن گەرم كردنەوە بوو كە پیاوەكەش هاتە ژوورەوە ژنەكە ووتی: منیان لەعەمەلیاتی ئەنفال هێناوە و فرۆشتوویانمە ئەم پیاوە. كابراش ووتی ئەوە ڕاستە من بەپارە كڕیوومە بەڵام من ئیسلاممو لەسەر شەریعەتی ئیسلام چووم لەمحكمە مارەم كردووە و ئێستا خێزانمەو منداڵم لێی هەیە، هەركاتێكیش كەسوكاری پەیدابوو ویستیان بیبەنەوە دەسەڵاتم نیە، هەتا ووتی دراوسێكەشمان هەروا ژنێكی كوردی لێیە. ئەمە سەربازەكە دەیگێڕایەوە هەتا ئەوەندە بە بڕواوە باسی دەكرد ناوی گوندەكەشی دەهێنا ووتی خەڵكی (عەلەیانە) ( من خەلكی عەلەیان دەناسمو تەنانەت ئەو ماڵەش دەناسم كەخاوەنی ئەو كچەن- دكتۆر موكەرەم)
تۆ ئەمانەت بە سەدام گووت ؟
من ئەمانەم پێگوت هەتا ئەوەشم پێگوت كەمن دێكەش شارەزام و عائیلەی كچەكەش دەناسم. صدام ووتی بۆم بنوسە، ئیتر نوسیم و دامپێی . سەدام زۆر بەلایەوە نامۆ بوو چونكە ئەو لەناوچەیەكدا گەمارۆی دابوونو دەیویست بەنهێنی هەمووشتێك ببڕێتەوە ئیتر چۆن ئەمانە دەربازبوونو فرۆشراون.
هەتا لە محكەمەكەی ئەنفال كابرایەك باسێكی وای كرد ..
بەڵێ دەیناسم كاك عەبدولخالق، خەلكی كفری بوو .
هەتا پارزێزگارەكەی موصل تاهیر ئەلعانی باسی ئەوەی كرد ووتی: من ئاگام لێی نەبووە و بەمنیان نەگوتووە كە ئەو خەڵكە دەهێنین لەوێ لەپارێزگاكەی تۆ دەیانكوژین. هەتا لەمحكمە ووتی: بچن لەمكرەم تاڵەبانی بپرسن بزانن من پیاوێكی خراپم یان باشم..؟ ئەوەشی ووت .
ئەی تۆ دەڵیی چی تاهر عانی پیاوێكی باش بوو ؟
وەڵا پیاوێكی خراپ نەبوو . ئیتر خۆ سەدام لایدا .
من دەمەوێ پرسیارێك بكەم، ئەو چیرۆكەی لەسەر ئەو ژنانە بۆ سەدامت گێڕایەوە تۆ خۆت باوەڕ دەكەی؟
بەچی باوەڕ بكەم ؟
كە بەعس بەد ڕەفتاری وای كردبێ ؟
ئا .. باوەڕ دەكەم. هەر ئەو ژنانەی من بینیمن لەبەغدا عەسكەر بردنیانن خۆ چیان پێیە سجلاتیان پێ نیە ؟ رەنگە شتی وایان كردبێ .
بەڵام بەڵگەنامەیەك هەیە لەسەر كۆمەڵێك ژن كە فرۆشرابن ..تۆ نەتبینیوە ؟
هیچی
باس لە فرۆشتنی ژنانی ئەنفال دەكات ..
ئەوەم نەبینیوە، من ئەوە دەزانم كە ئەو عەسكەرە گێڕایەوە.
تۆ چی تر دەربارەی ئەنفال و بەعس دەزانی ؟
وەكو چی ؟
هەرچییەك دەربارەی بەعس و ئەنفال بێت، چیت لایە بۆم باسبكەیت ؟
مەسەلەن لەگەرمیان فەتاحی كەریم بەگی جاف هەبوو ڕەئیسی جاش بوو ڕوتبەیەكی عەمیدیشی بەسەرشانەوە بوو ئەفسەری ئیستخبارات بوو، هات سوێند و قورئانی خوارد بوو بەخەڵكەكەی گوتبوو ئێوە وەرنە سەرجادەكە هیچتان بۆ نابێت من سەرۆك بەڵێنی پێمداوە سەدام خوا وە دیاری سەرییەوە بێ هەتا هەموویانی هاوردە سەرجادە و هەموویانی بردوو نەهاتنەوە.
خوا وەدیاری سەرییەوەبێ مەبەست لە _(حفظه الله) كە یە؟
-(بە پێكەنینەوە) ئا ئا حفیزوهوڵاڵا . بە دیار سەرییەوە بێ .. جا ئەوە سەدام ناردمی بۆ لای مام جەلال و كاك مەسعود گەڕامەوە یەكێك لە جافەكان رەفیقم بوو حەمە سەعید جاف، ووتیان ئۆتۆمبیلەكەی دەعمی كردووە لەخەستەخانە بوو، منیش چووم بۆلای هەموویان دانیشتبوون سەردار جاف و فەتاح و ئەمانەبوون باسیانكرد ووتیان ئینشاءاللە چوونەكەت خێری تیابێ .. منیش قسەم دەكرد فەتاح هاتە تەنیشتمەوە دانیشت دەستی كردە قسە بەخوا قایدێكی تاریخیە خوا وە دیار سەرییەوە بێ و ئەم قسانە منیش ووتم: ئەرێ فەتاح بەسە ئەگەر مەبەستتە ئەم قسانە بگەیەنمە سەدام بەخوا لەم ژورە دەرناچێت. دەزانم مەبەستت ئەوەیە ئەم قسانە بگەنەوە بەسەدام .
ووتت فەتاح بەگ ئەفسەری ئیستخبارات بوو ؟
من لە وەزارەتی ڕەی بووم رۆژێك سكرتێرەكەم هات ووتی: زابت ئیستخبارت فەتاح كەریم هاتووە بۆلات ، منیش ووتم ئەگەر فەتاح بەگە با بێت بەخێربێت ئەگەر زابت ئیستخباراتە بانەیەت من ئیشم بە ئیستخبارات نییە.. كەهاتە ژوورەوە ئەو بوو منیش ووتم : جابۆ بە ناوی خۆتەوە نایەیت؟ ووتی: وەڵا ئەوە بۆئەوە وامگوت بۆ ئەوەی دوام نەخەن ئەگینا من ئیستخبارات نیم.
دكتۆر من نامەوێت لەبەر باری تەندروستیت زۆر پرسیارت لێبكەم ئەگینا من پرسیارم زۆرە ..
نانا، قەیناكە وەڵامت دەدەمەوە ..
لەراستیدا من هاتم بۆ سۆراخی ئەو كەسەی كە چووەتەلای سەدام بۆ ئازادكردنی شێخ حسینی هەزاركانی ؟
وەڵاهی من ئەو شێخ حسێنە ناناسم .
ئەی ناتوانی هاوكاریمان بكەیت بزانین كێ بووە چووە بۆلای صدام ..؟
دەپرسم بزانم چۆن بووەو ئەوكەسە كێ یە.
باشە دەكرێت بزانم دەرباەری ئەنفال چیترت لەگەڵ سەدام باسكردووە..؟
نامەیەكم بۆنوسی (و یسألونك عن اڵانفال) ئەوە ناونیشانی ئەو نامەیەیە كەبۆ سەدامم نوسیوە ئەوەم لە قورئانەوە وەرگرتووە، نامەیەكی درێژە هەتا لەو نامەیەشدا باسی فەتاح بەگم كردووە كە سویندی بۆ خواردوون بێنە سەرجادە و هیچیان بۆنابێت كەچی فرێیاندانە ناو سەیارەی عەسكەریو بردنیان بۆمردن.
ئەی سەدام وەڵامی نامەكەی دایتەوە ؟ .
نە وەڵامی نەدامەوە .. فەتاحیش ئەوەتا ئێستا لەكەلار دانیشتووە .
هیچ پەیوەندیتان پێكەوە هەیە..؟
نەوەڵا لەوەو پێشیش هیچ پەیوەندیەك لەنیوانماندا نەبووە، بەڵام لەگەڵ مستەفا بەگی برای لە سەرەتایی پێكەوە بووینو دوایی ڕۆی بووە پێشمەرگەو دوایی رۆیی بۆ ئێرانو دیسان هاتەوەو ئینجا ئەمر خوای كرد.
بێجگە لە سەدام، لە پێشەوایانی بەعس لەگەڵ كێی تریان نێوانت هەبوو ..؟
– وەڵاهی تارق عەزیز ئەلقەی پەیوەندی من و سەدام بوو، كە دەهاتمەوە بۆ كوردستانو دەگەرامەوە بەوم دەگوت هاتوومەتەوە یا ئەی گوت سەرۆك داوات دەكات یان دەیگووت: چی بووەو چییان وتووە بۆمان بنوسە. لەگەڵ عزەت دوری نیوانمان باش نەبوو .
بۆچی باش نەبوو ؟
چونكە وەزیرم بوو، منیش پشكنەری گشتی وەزارەت بووم، جارێكیان لەسەر پرۆژەیەك نێوانمان تێك چوو، ئەو بەعمل شعبی كردبووی كەراپۆرتەكەم بینی رەتمكردەوە، نوسیم ئەمە سەركەوتوونیە. ئیتر لەسەرئەوە ڕقی هەستا هەتا رۆژێك بووە دەمە قاڵەمان، رۆیشت بۆ مجلس وزەرا بروسكەیەك هات بمگوازنەوە، ئیتر من شتەكانم پێچایەوەو ریشتمەوە بۆ ماڵەوە نەچووم بۆ ئەو شوێنەی ئەو بۆی دیاریكردبووم، ئیتر نیوانمان زۆر خراپ بوو، دوو.. سێ جار ئەحمەد حسن بەكر كۆی كردینەوە و ئاشتی كردینەوە سودی نەبوو. نێوانمان هەروا مایەوە. هەر نەمدەبینی بەڵام كاتێك كە لە1991 هێرش كرایەوە سەر ئێرە لە حەویجە بینیم خەریكی هیز كۆكردنەوە بوو هێرش بكەنە سەر سلێمانی ئیتر هەر ئەو جارە بوو نەمبینیەوە.. لەگەڵ تەها جەزراوی پەیوەندیم هەبوو.
ئەو كاتەی كە ئەنفال دەستی پێكرد پەلامار بوو قەت هەوڵت نەدا سەدام ببینی یان هەوڵێك بدەی هەڵمەتەكە رابگیرێ ..؟
– ئەی نەمگوت نامەیەكم بۆ سەدام نووسیووە ؟ كاغەزێكم بۆ نوسیووە كاغەزەكە هەیە ( لە عینوانەكەیدا نوسیوومە: ( بسم اللە الرحمن الرحیم واژا المودودە سویدە، بای ژنب قُتٍلت) نوسیومە جەنابی سەرۆك لەخوا ناترسی سبەینێ بەرامبەر خوا دەوەستی و جواب دەدەیتەوە. بیستووتە لەمێژوودا سەرۆكێك بەم توندوتیژییە لەگەڵ میللەتی خۆیدا بكات)
ئەو نامەیەت ماوە ؟ چۆن دەكرێت كۆپییەكم دەست بكەوێ ؟
ناردوومە بۆ چاپ
چۆن سەدام ئەمەی لێ قبوڵ كردی ..؟
وەڵا هەندێك جار ناكۆكی بووە لەنیوانماندا بەڵام سەدام لەبەرئەوە لێمی قبوڵ دەكرد، لەبەرئەوەی پێچ و پەنام نەبوو، هەتا لە ساڵی 1979 كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ لەنیوان من و سەدامدا بووە بۆئەوەی لەنیوان بەعس و حزبی شیوعی چاو خشاندنەوەیەك بكرێت و پەیوەندیەك دروست بیێتەوە، بانگی كردم ئەو خۆی ووتی: ئیمە تۆمان هەڵبژارد لەبەرئەوەی پێچ و پەنا ناخەیتە گفتوگۆكەوە و دەتوانیت پێمان بڵێیت چیتان ئەوێت، منیشیان هەلبژارد لەبەرئەوەی ئێوە دەزانن من چەندە قسەم دەخوا لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا.
من بەستێكم هەیە دەمەوێ بزانم سەدام كە زۆر لە هاوڕێیانی خۆی لەحزبدا كوشت، زۆر پێشەوای سەربازی كوشت، چۆن ئەم مامەڵەیەی تۆی قبوڵ دەكرد ؟ بۆچی لەگەڵ تۆدا نەرم بوو ؟
ئاخر ئەزانی بۆچی نەرمبوو ..؟ لەبەرئەوەی پێچوپەنام لەگەڵ نەدەكرد. جارێكیان لەكۆبوونەوەیەكدا صدام توڕە بوو پرۆژەیەك بوو من ڕایەكی ترم هەبوو لەسەری ئەو بە توڕەییەوە ووتی: قابیلە هەموو مجلس وزەرا بەپرۆژەكەی تۆوە خەریك بكەین ..؟ منیش توڕبووم فایلەكەم فڕێدایە سەرمێزەكە و وتم: قابیلە خۆخانوو بۆماڵی باوكم دروستناكەم یان بۆ ئەم وڵاتەیە.. ئیتر توڕە بوو كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت . منیش دووسێ كۆبوونەوە نەڕۆیشتم، من پێچ و پەنام لەگەڵ نەدەكرد، هەتا كاغەزێكی بۆ من نوسیووە، وەڵا دوسێ كاغەزن ئێستا وا لەلای مام جەلال و ئەوانن (كتێبێكە) ئەو دەڵێت كوردەكان مەبەستی حزبە كوردستانیەكانە دوای ئەوەی ئێران جەنگی دۆڕاند ئینجا دێن داوای رێككەوتن دەكەن، منیش ووتم نەخێر. بۆم نوسیم نەخێر . ئەوان لەپێش ئەوەی ئیران تەنازول بكات ئامادەبوون گفتوگۆتان لەگەڵ بكەن، ئێوە نەتان كرد..
ئەمە تۆ بۆ سەدامت نوسیووە ؟
بەڵی لەكاغەزێكی تردا بۆی نوسیووم دكتۆر موكەڕەم دەبێت (ئەمین) بێت لە گواستنەوەی راستیەكان و ڕوداوەكان چونكە ئەمانە بەڵگەیان لەسەرهەیە، منیش لە كاغەزێكدا بۆم نوسیووە بەڵێ من ئەمینم لە گواستنەوەی قسەدا، بەڵام جەنابتان دەتانەوێت من پابەندیتان پێوە بكەم من بەخواوە نەبێت پابەند نیم بەكەسەوە، خەڵكێكی زۆر پابەندن بە تۆوە، چ پێویستتان بەپاندی من هەیە، خەڵكی پابەند هەموو چواردەوریان گرتوویت. بریارمداوە لەخوا بەولاوە پابەندی كەس نابم.. ئینجا لەكاغەزێكی تردا لێبوردنی نوسیبوو.
لە راستیدا من بۆ سۆراخێكی ترهاتبووم بەڵام پرسیارەكان شۆڕیانكردینەوە ناو باس وخواسی تر بۆیە ناچارین پرسیاری تر بكەم..؟ پێتوایە سەركردایەتی كورد بەرپرسیارێتی ئەنفالی دەكەوێتە ئەستۆ ..؟
ئەوەیان خۆیان دەبێت دیار (تقدیر)ی بكەن من هینی ناكەم .. من شتێكی تر باس دەكەم جارێكیان لەساڵی 1991 دا كەهاتنەوەو بووە گفتوگۆو درێژەی كێشاو دوایی هیچ نەكرا، چوومە لای سەدام پێی گوتم : ئەوان بەگیانێكی پۆزەتیڤەوە نەهاتن بۆ گفتوگۆ، پێمگوت ئیجابیەت لەوە زیاتر چیە سەد و هەشتا و ئەوەندە هەزار كوردتان لەئەنفالدا كوشتووە . پێنج هەزار كەستان لە هەڵەبجە كوشتووە، مەسعود بارزانی كە سەرۆكی وەفدەكەبووە سێ برایت كوشتووە، (عوبیدیلا و سابیر و لوقمان ) هاتوون لە بەرامبەر عەلی حەسەن مەجید دانیشتوون .. ووتم، وەڵا من بوومایە دانیشتنەكەم بەجێدەهێشت و گفتوگۆم نەدەكرد. ووتی: عەلی حەسەن مەجید رۆلی نەبینیوە تارق عەزیزو عزەت دوری وەفدی سەرەكی بوون، هەتا من بەكاك كۆسرەتو مام جەلالیشم گووت نەدەبوایە عەلی حەسەن مەجید قبوڵ بكەن وەفدی حكومەت بێت.
تۆ قەت لەگەڵ عەلی حەسەن مەجید روبەروو دانیشتوویت ؟
قەت نەمبینیووە (بەپێكەنینەوە) هەر لە مەحكەمەكە لەتەلەفزیۆن بینیم . بەڵام یەكجار بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵدا كردووە . ئەویش ئەوەبوو برازایەكم جارێكیان مدیر ئەمن بانگی كردبوو جنێوی پێدابوو ووتبووی مامت رای كردووە بۆ مۆسكۆ و باوكت چووەتە لای مخربین (منیش لەبەغدابووم و براكەشم بەرێوەبەری شارەوانی كفری بوو ) ئیتر ئەمەم پێگوت ئەویش تەلەفۆنی بۆ كرد بوو ئیتر مدیر ئەمن برازاكەمی بانگ كرد بوو داوای لێبوردنی لێكرد بوو.
پێتوایە دڕەندەیەتی بەعس لە ئەنفالدا هۆكارێكی سەرەكی شكستی گفتوگۆی 1983و هاوپەیمانیتی حزبەكوردیەكان بوو بێت لەگەڵ ئێراندا ..؟
وەڵاهی مەسەلەی سیاسی هەندێك جار تەنازولاتی تێدایە، بەڵام نابێت مەسەلە بنەرەتیەكە لە بیر بكەن .
تۆ زۆر جار وەفدی نیوان كورد و بەعس بوویت نیازەكانی سەدامت چۆن دەبینی، داخوازیەكانی سەركردایەتی كورد لەچ ئاستیكدابوو ..؟
كە راپەرینەكە بوو هەموو شارەكانی كوردستان گیراو كەركوكیش لە مەترسیدا بوو، صدام منی بانگ كرد، ووتی: ئێمە دوو شتمان دەوێت یەكەم نەدەبوایە ئەوان بهاتنایەتە ناوشارەكان ..بائەوان لەچیاكان بونایەو ئیمەش لەشارەكان، دووهەمیش نە دەبوو رێگای نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلیان بگرتایە ئەوە كەلوپەل و پیًداویستی گەلی لێوە دێتە عێراق .. پێیان بلێ ئەو رێگەیە نەگرنو هەندێك پاڵاوگەی نەوتمان ماوە لە كەركوك لێنەدراوە، پێیان بلێ رێگە بدەن بەكاریان بهێنین بۆ پێداویستیەكانی ناوخۆ .. ئیتر من هاتم بۆ كوردستان بۆ ئەو مەبەستە.
هێشتا خەڵك ئاوارە نەبوو بوون ؟
نا..نا، هێشتا خەڵك لە شارەكاندا بوو .. كە هاتم لە ڕێگە بینیم هێز كۆدەكەنەوە نزیكە 250 دەبابەو 150 تۆپیشم ئەژمار كرد عەسكەرێكی زۆریان خڕ كردبووەوە كە هاتمە حەویجە تەماشام كرد 50 دەبابەیەك لایانداوە لە نیوانیاندا دۆشكاشیان دانابوو، لەپردەكە پەریینەوە من برازایەكی خۆمم لەگەڵدا بوو عەسكەرێك هات ووتی: ممنوعە نابێت لێرەوە بڕۆن منیش خۆم پێناساند ووتی: بەڵی بەخێربێیت بەڵام پێشەوا دەیەوێت بتبینێت، كەچووم بارق عەبدوڵا حاج حنتە بوو، ووتی بەرێز جێگری سەرۆك دەیەوێت بتانبینێت .. عزەت دوری دیار بوو زۆر لێیەوە دوور نەبوو تەلەفۆنی كرد بەهەمووی پێنج دەقیقەی نەبرد هاتەلامان، ئیتر باوەشی پێمدا كرد ووتی لەبەغدا یەكتری نابینین، منیش بەگاڵتەوە پێمگوت: ئێمە لەوەزارەتێكدا یەكترمان نەدەبینی…، بەهەرحاڵ ووتی: تۆ دەڕۆیت بۆ باكور ئێمە كەركوك دەگرین، لە گەڕانەوەدا ئەگەر زانیت لێرەوە شەڕە، لەرێگەی موصڵەوە بڕۆرەوە ئێمە عەلی حەسەن مەجید ئاگادار دەكەینەوە كەلەوێوە رێگەت بۆ بكاتەوە ئەو بەرپرسی ئەو قۆڵەیە. ئیتر هەرچۆن بوو گەیشتمە سلێمانی عومەر فتاح و نێچیرڤان و ئەمانەم بینی پێشیانم ووت هەتا نەخشەكانیشم بۆكردن 16 ساروخی ئەرز ئەرز دامەزرابوو.. ووتم ئەوە حاڵەكەیە ئیتر پەیوەندیان بەمام جەلالەوە كرد لە زاخۆ بوو، ووتی: ئەگەر پەلەتە وەرە بۆ دهۆك ئەگەر پەلەشت نیە، بمێنەرەوە دووسێ رۆژ چاوەرێ بكە دیمەوە، من چاوەروانم نەكرد پەلەم بوو چووم بۆ دهۆك لەوێ بینیمن.
كێوكێت بینی؟
-مام جەلال و كاك مسعود و نەوشیروان بوو، كەریم ئەحمەدی حزبی شیوعی بوو، لام وایە رەسوڵ مامەندیش بوو ئیتر پێموتن .. مسعود زۆر معتدل بوو ووتی: ئەو شەڕەی كردمان لەسەرەتاوە هەڵەبوو زۆرجەختی لەمن دەكرد بە زوترین كات بگەڕێمەوە بۆ بەغدا، ئەمان ووتیان ئامادەین بۆ گفتوگۆو بێین بۆ بەغدا، بەڵام جفرەیەكیان داپێم ووتیان ئەگەر وەزع لەبار بوو بەو شفرەیە پەیوەندیمان پێوە بكە، ئیتر كە گەرامەوە ویستم لەرێگەی ئاسكی كەڵەكەوە بگەرێمەوە شەڕ بوو تۆپ باران بوو بە هەزار حاڵ پێچمانكردەوە ئیتر كە گەرامەوە بۆ بەغدا پێشترچوو بونە ماڵەوە وتبوویان هاتووەتەوە یان نا..؟ كەگەیشتم تەلەفۆنم بۆكردن، ووتم: هاتوومەتەوە بەڵام جیهازێكم بۆ بنێرن جفرەیەكیان داومەتێ بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بكەم، بۆئەوەی وەفدیان بێت، ئیتر جیهازەكەیان بۆ ناردم غاندی محمد حسن دزەیی هات ئەوسا نائیب مدیر عام بوو، ووتی : جفرەكەمان بدەرێ نامەیەكمان هەیە بۆ مسعود بارزانی دەنێرین منیش ووتم: وەڵا مسعود بارزانی جفرەی نەداومەتێ بیدەم بە مخابەراتی عێراق چۆن جفرە دەدەم بەئێوە ..؟ ئیتر ووتی: من باوكم رەفیقتەو تۆ من ناناسیت ئیتر هەندیك پرسیاری كرد و رۆیشتنو سەعاتیكی پێچوو سەیرەكەم خۆیو مدیرعامی كۆشكی كۆماری هاتن دوبارە داوای جفرەكەی كردەوە وتیان: سید رەئیس بۆخۆی داوای شفرەكە دەكات ووتم: بەخوا سەید رەئیس بۆخۆی بێتە ئێرە نایدەمێ .. ئیتر رۆیشتنەوە ئەمجارە هاتنەوە ووتیان سەرۆك سەدام داوات دەكاتو دەڵێت بێت بۆلام: ووتم ناتوانم بەخوا نەختێكی تری پێچوو هاتەوە ووتی: سەید رئیس دەلێت قەیناكا ئەمڕۆ بەرۆژووە سبەی بێت بۆ لام .. بۆسبەی چووم بۆ لای بۆ خۆی گووتی: هەڤاڵان زۆر نیگەران بوون لەو قسەیەی كە وتووتە ئەگەر سید رەئیس بێت من جفرەكەی نادەمێ من پێم ووتن ناهەڤاڵان بێتاقەت مەبن ئەوە ئامانەتێكی لایە (جفرەكە) نایدات بە كەس لەبەرئەوەی كەسێكی ئەمینە.. ئەگەر ئامانەتی ئیمەشی لابێت نایدات بەوان ..
وەفدەكە هاتن بۆ گفتوگۆ ؟
ئا.. كەهاتن وەفدەكەیان زۆر بە هێز نەبوو.
كاتەكەی لەبارنەبوو یان وەفدەكە بەهێزنەبوو ؟
-وەڵا مستەوایان نەبوو هەرچەندە لەوەش بەهێزتریان نەبوو، هەرچەندە جار جار خۆشیان مام جەلالو كاك مەسعود و كاك نەوشیروان و دكتۆر محمود عوسمانیش دەهاتن .. بەڵام بۆ نمونە لەوە نەدەچوو مەسەلەی كەركوكیان كردبێ بە (ئەساس) بنەرەت . نەوشیروان لەمنی پرسی ئەگەر هاتو وەزارەتیان دا بەسەرماندا چی هەڵبژێرین باشە.. ؟ هێشتا هیچ نەبوو لە سەرەتای گفتوگۆدابون منیش ووتم: وەزارەتی چی ئێوە باسی كەركوك بكەن ووتی: ئینجا كەركوك چی كردووە بۆكوردستان ئێمە لەسەری بووەستین، ووتم كاك نەوشیروان كەركوك بەقەد هەموو كوردستان قوربانیداوە ئەگەر ئەنفال 180 كەس بن 150 هەزاری لەلیوای كەركوكە . سەرئەنجامەكەشی ئەوە بوو كەهیچ نەكرا.
(1)- هیدایەتی کوێخابرایم هیچ منداڵێکی نەبوو، هاوسەرەکەشی ناوی نەعیمە بوو، ئەویش بەر پرۆسەی ئەنفال نەکەوتبوو، بۆیە هەرچەندێک بەدوایدا گەراون هیچیان دەست نەکەوتووە، خەڵکی ناوچەکەو خزمەکانی هیدایەت ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە وا کەسایەتیەکی ناسراو باش بووەو هەمیشە ئەو نامەی مام جەلال وحزبەکانی تری بۆ مکرەم تالەبانی دەهێناو هی ئەویشی بۆ دەبردنەوە .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.