نیسان 02, 2015 Omer ئهرشیف, دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کە دەڵێن دایک نەدەپەرژایە سەرکوڕی خۆی ئەوە بەڕاستی لە من ودایکم ڕویدا
بەندین عەلی خورشید :
کە دەڵێن دایک نەدەپەرژایە سەرکوڕی خۆی ئەوە بەڕاستی لە من ودایکم ڕویدا.
رۆژی : ٧/١٢/٢٠١٤
کات : ١٠ی سەرلەبەیانی
دیدار: عومەرمحەمەد
هاوکار : ژیلوان ئەحمەد سەید
وێنەگر: ئاوات عەلی شەریف .
شوێن: سلێمانی ماڵی دیمانە لەگەڵ کراو.
پێدەچێت بەندین چاوەڕوانی بەناوبانگترین سینەماکارو بەبڕشتترین قەڵەم بێت هەتا چیرۆکی لە دایکبوونی بنوسێتەوە، دەنا دەبوو وەک ڕۆژنامەنوسێک هەر هیچ نەبێت ستونێک لەبارەی چیرۆکی لەدایکبون وناونانی خۆیەوە بنوسێ ! ئەوە پرسیارێکە کە ڕۆژگار وەڵامی دەداتەوە نەک ئەم دیمانیە .
ئەنفالی کوردی باشور پڕە لە تاوان و ستەمکاری، پڕە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی بەهۆیەوە سەدان هەزار کوژران وبێسەرشوێن کران، سەدانیش هەر لە گوندەکانیاندا بەگازی کیمیایی خنکان وبریندار بوون، بە سەدان هەزار ئینسانی کورد برانە بیابانەکی خواروی عیراق و بە کۆمەڵکوژران، دەیان هەژار ژن ومنداڵ ڕاپێچی کەمپەکانی کۆکردنەوە کران و دوای پۆلێنکردن وجیاکردنەوەیان توشی چارەنوسی ڕەش بوون، زۆرێک لەوانە کوژران وجارێکی تر بە زیندویی نەبینرانەوە زۆریشیان لەبارودۆخێکی نامرۆڤانەدا لە زیندان هێڵدرانەوە، کەم نین ئەو منداڵانەی لەزیندانەکانی دوبزونوگرەسەلمان لەبرسان مردن، تەنانەت کەم نین ئەو منداڵانەی لە زیندان لە دایکبوون و ئێستا ناویان رەنگدانەوەی بارودۆخی لە دایکبونیانە،( ئیڤا، بێناز، بێکەس، بەندی ) بێگومان هەموو ئەو لە دایکبوونانە بەئازارن، بەڵام چیرۆکی لە دایکبوونی هیچیان هێندەی چیرۆکی بەندین بەئازارو پرسیار هەڵگرنین.
دەمێک بوو باسی ئەم کوڕەیان بۆ دەکردم کە لە نوگرەسەلمان لە دایک بووە و لەوێ دایکی ناوی (بەندی) لێ ناوە، ساڵی ٢٠٠٩ یەکەمجار کاک پشکۆ محەمەد ڕۆستەم لەکەلار و جارێکی تریش ساڵی ٢٠١١ خەڵکی تر لە شاری کفری باسی ئەم کوڕەیان لەگەڵدا کردمەوە، یەکێک لەوانە پیاوێک بوو بەناوی عەلی کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان لە پەلامارەکانی ئەنفالی گەرمیاندا گیرابوون و بێسەروشوێن ببوون لەکۆی خێزانەکەیان هەر بەتەنها بۆخۆی مابوو، ئەو ڕۆژە عەلی زیاتر لەهەموویان ناچاری کردم بەدوای چیرۆکی بەندیندا بچم، کاتێک بە خەمبارییەوە قسەی لەبارەی ئەنفالەوە بۆ دەکردم. بەئاهێکی ساردەوە ووتی کوڕە مامۆستا باسی چیت بۆبکەم هەتا دنیا دنیایە چیرۆکەکانی ئەنفالی گەرمیان لەبن نایەن، ئەویش باسی ئەم کوڕەی بۆکردم و هەرلەوێ ژمارە تەلەفۆنەکەی پێدام .
چەند ڕۆژێک دوای ئەوە قسەم لەگەڵدا کردو داوام کرد پێکەوە دیمانەیەک دەربارەی چیرۆکی لەدایک بوونی و ئەنفال ورۆژگارەکانی دوای ئەنفال ساز بکەین، هەرچەندە زۆر بە میهرەبانیەوە پێشوازی لە خواستەکەم کرد، بەڵام ئەفسوس نە ئەو هێندە بەخەمەوە بوو نەمنیش بەهۆی سەرقاڵی خۆمەوە دەپەرژام هەنگاو بنێم، بۆیە هەر لەناو دەفتەری رۆژانەمدا ریز بەندکرابوو، کەچی ئەو دەرفەتەم هەر بۆ نەڕەخسا. هەتا ڕۆژی ٧ی دێسمبەری ساڵی ٢٠١٤ . ئەم دیدارەمان سازکرد.
پێدەچێت بەندین چاوەڕوانی قەڵەمێکی بەبڕشت و فیلم سازێکی ئەفسوناوی بێت هەتا چیرۆکی ژیانی بۆ بنوسێتەوە هەتا لەوێزەی تراژیدیای ئەنفال و خەمی خۆی وخانەوادەکەی و هەزارانی وەک ئەوان بێت دەنا بەندین خۆی نەک هەر خوێندەوارەو قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە، بەڵکو بڕوانامەی لە بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەدەست هێناوەو لەڕوی پسپۆڕییەوە رۆژنامەنوسە، کەچی عەجایەب ..! بەندین نەک هەر چیرۆکەکانی ئەنفال نانوسێتەوە بەڵکو دەستی بۆ نوسینەوەی چیرۆکی لەدایک بوونی خۆی وئەنفالکردنی ناوچەکەشیان نەبردووە ! پرسیارێکە دەشێت لەدەیان رەهەندەوە وەڵام بدریتەوە، یاران دەبێت هۆکاری چی بێت رۆژنامەنوسێک هیچ لەبارەی چیرۆکی خۆی وهەزاران ئەنفال دیدەی وەک خۆیەوە ناڵیت ؟! خەمساردو بێباکە ؟ بێتوانایە ؟ یان دنیایەک هۆکارو فاکتەری جەوهەری لەپشتی ئەم پرسیارانەوە خۆیان مەڵاس داوە ؟ هەربەڕاست بۆچی بەندین چیرۆکی خۆی نەنوسیوەتەوە ؟ بۆچی گەنجێک کەبەشی راگەیاندنی تەواو کردووە، نابێتە چالاکێکی ئەو بوارەو ئەو تراژیدیەی کوردو خانەوادەکەی نانوسێتەوە ؟ بۆچی لەبری ئەوەی فەرمانبەرێکی بەرێوەبەرایتی هاتووچۆبێت، فەرمانبەرێکی دیارو ناسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان نییە؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە ڕەنگە لەناواخنی دیمانەکەشماندا دەست نەکەون بەڵکو هێشتا پرسیاری گرنگتر هەن کە دەبێت کۆمەڵگای بێخەمی کوردو حکومەتە ناکامڵەکەی وەڵامی بدەنەوە .
دەبێت ئەوەش بڵێم لەو دیدارەدا بۆم ڕون بووەوە کە ناوی ئەو کوڕەی واساڵانێکە بۆم باس دەکەن (بەندی) نیە بەڵکو (بەندین)ە ، لە نوگرەسەلمانیش لە دایک نەبووە بەڵکو لە سەربازگەی دوبز کە شوێنی دەستبەسەرکردنی ژن ومنداڵانی گەرمیان بووە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و نەگونجاودا لە دایک بووەو چاوی بەدنیای ستەمکاریدا هەڵهێناوە.
هەر دوای ئەوەی ئاسکەی دایکی منداڵەکەی لێ بووەتەوە سەرباز هاتوون بەزۆرداری و قسەی بەرزونزم زیندانەکانیان لە هۆڵەکە کردووەتە دەرەوەو ڕاپێجی ناو ئەو پاسانەیان کردوون کە بۆ گواستنەوەیان ئامادەکرابوون . ئەم کۆرپەیەش بەبێ ئەوەی پارچە پەرۆیەکیان دەست بکەوێت تێوەی بپێچن لە سەر تاقێکی هۆڵەکەدا بەجێیان هێشتووە. بەڵام لەوەدا بەخت یاوەری بووە کەوا بەرلەوەی کاروانی پاسەکان بجوڵێن و بەڕێ بکەون، سەربازێکی دڵنەرم بەناوی (مەحمود یاخود حمودی) غیرەتی دەجوڵیت و کۆرپە تازە لەدایک بووەکە هەڵیدەگرێت و دەچێت بەناو ژنەکاندا دەگەڕیت و دایکی دەدۆزێتەوەو کۆرپەلەکەی دەداتەوە دەستی، هەربەوەندەشەوە ناوەستێ دواتر دەچێت دشداشەیەکی کۆنی خۆی بۆدەهێنێت بۆئەوەی منداڵە تازە لە دایک بووەکەی تێوە بپێچن. هەموو ریاگوزارییەکی تەندروستی بەندینی تازە لەدایک بوو تەنها ئەو دشداشە کۆنە بوو، کەماوەیەکی زۆر تیایدا مایەوە.
ئەوپاسانەی کە سەرنشێنەمەینەتبارەکانی نەیاندەزانی بەرەو کوێیان دەبەن ماوەی ١٣ کاتژمێری تەواو بەرێگاوە بوو، هەتا لەدوا وێستگە وەستان کە ناوحەوشەی نوگرەسەلمان بوو، یان راستتر بڵێین دۆزەخی ئەنفالکراوەکان بوو.
بەندین هەتا لە نوگرەسەلمان بوو کە ماوەی چوارمانگیان پێچوو، تەنها مرۆڤ وتەنیا منداڵی بێ ناوی سەر گۆی ئەم زەوییە بوو کە هیچ ناوێکیان لێنەنابوو، دایکی دەڵێت لەبەرئەوەی هیچ نەبوو بیدەمێ بیخوات و نە لەو بڕوایەدا بووم ئێمە ڕۆژێک ئازاد ببین و نەلەو بڕوایەشدا بووم کۆرپەکەم بژی . شێرکۆی براشی دەڵێت لەوێ مرۆڤ هیچ بەهایەکی نەمابوو، ئێمەش کەناومان هەبوو هیچ بەهایەک بۆ ناوو ناونیشانمان نەمابوو هەتا ناچاربین ناوێک بۆ براکەمان بدۆزینەوە چونکە جگەلەوەی ڕۆژانە خەڵک بەتایبەتیش پیرەکان و منداڵ دەمردن هەمیشە چاوەروانی مەرگێکی لەناکاومان دەکرد، لەنوگرەسەلمان هێندەی چاوەروانی مەرگ بووین هێندە چاوەروانی لێبوردن ودەرفەتی ژیان نەبووین . بەڵام هەرچۆنێک بوو کورە لەو دۆخە سەختەدا ژیاو دوای ٤ مانگ مانەوە لە نوگرەسەلمان کە گەرانەوە لە کۆمەڵگای ڕزگاری مامی ناوی نا (بەندین) هەرچەندێک بتەوێ قسە لەبارەی مێژوی خوێناوی ئەنفال وتەنانەت لەبارەی خودی بەندین وخانەوادەکەی و ئاسکەی دایکی تەواونابێ بەڵام من ئیتر واز لەقسەکردن دەهێنم و بانگهێشتتان دەکەمە ناو دەقی دیدارێکەوە کە رۆژی ٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ لەگەلیدا سازم کردووە.
دەقی دیدارەکە
زۆرخۆشحاڵم کە ئێستا پێکەوە دانیشتوین و دیدارێک لەبارەی چیرۆکی لە دایکبوننت ساز دەکەین یان پێکەوە گفتوگۆیەک دەربارەی تاوانی ئەنفال و ژیانی تۆدەکەین .
بێگومان منیش خۆشحاڵم .
کەواتە ئامادەی ؟
بەڵێ بێگومان بەخۆشحاڵییەوە .
با لە ناوی سیانی خۆتەوە دەست پێبکەین .
من ناوم بەندین عەلی خورشیدە
بەندی عەلی خورشید . ؟
ببورە من ناوم (بەندین)ە نەک بەندی، بەو واتایەی کە هەموومان (بەندکراویین) هەموومان بەندین نەک هەر من . ڕاستە دایکم هەربەبەندی بانگم دەکات بەڵام من ناوم بەندینە.
دەستخۆش بۆ راستکردنەوەی ناوەکەت و ڕونکردنەوەکەت منیش هەر واتێگەیشتبووم کە ناوت بەندییە، نەک بەندین . دوبارە سوپاس بۆ ڕونکردنەوەکەت .
سوپاس بۆ تۆش .
ئەوە بۆمن ڕونە کە تۆ ساڵی ١٩٨٨ لەدایک بوویت، دایکیشت بەسەرهاتی خۆیانی بۆ گێرامەوە کەچۆن گیراون و ئەنفالکراون و ماوەیەکی زۆر لە سەربازگەی دوبز دەستبەسەر بوون، لە میانەی چیرۆکی گرتن و ڕاگواستنیاندا ئەو دوگیان بووە بەتۆوە، ئەوەشی بۆ باس کردم کە تۆ لە چ بارودۆخێکی نەگونجاودا لەدایک بوویت، هەڵبەت خۆشت چیرۆکی لە دایک بوونی خۆت دەزانیت ؟
بەڵێ بێگومان .
کەواتە ئەوەش دەزانی کە هۆکاری ناولێنانی تۆچییە ؟
بەڵێ دایکم بەدەیانجار باسی ئەوەی بۆ گێڕاومەتەوە.
چی بۆگێڕاویتەوە ؟ بابڵێن چی بۆ باسکردوویت ؟
کاتێک ئەوان گیراون دایکم بەمن دوگیان بووەو من لەسکیدا چوارمانگ بووم، کە ئەوان ئەنفالکراون ، پێشتریش لەگەڵ باوکمدا گونداوگوند گەڕاوەو ژیانێکی زەحمەتیان هەبووە، باوکم پێشمەرگە بووەو لە حکومەت قاچاغ بووە، مامۆستای شۆڕش بووەو ئەو گوندانەی کە حکومەتی ئەوسای عیراق خوێندن و تەنانەت ژیانی تێدا قەدەغەکردوون باوکم لەوێدا وانەی بە قوتابیانی گوندەکان وتووەتەوەو منداڵانی فێری خوێندەواری کردووە. بەڵام ئیتر حکومەتی ئەوسای عێراق هێرشی کردووەتە سەریان وگرتوویانن.
کاک بەندین بەرلەوەی بچینە سەر باسی ئەوەی ئەم ناوە بۆتۆ چی دەگەیەنێت و چەندە کاریگەری لەسەر تۆهەیە، دەمەوێت بزانم تۆ چ کارەی ؟ چی کارێک دەکەیت ؟
مەکتەبم تەواو کردووەو ئێستا لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ فەرمانبەرم .
خوێندنی چیت تەواو کردووە ؟
راگەیاندن .
کۆلیژی ڕاگەیاندن ؟
نەخێر پەیمانگای تەکنیکی بەشی ڕۆژنامەنوسی ئەوەی سلێمانی لەگەرەکی بەختیاری
ساڵی چەند تەواوت کردووە ؟
سێ چوار ساڵ لەمەوپێش تەواوم کردووە .
کەواتە نازانی چ ساڵیک تەواوت کردووە ؟ ئێستاش لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەرکاری راگەیاندن دەکەیت یان ئەرکێکی ترت گرتووەتە ئەستۆ ؟
پێشتر لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆش هەرکاری ڕاگەیاندنم دەکرد، بەڵام ئێستا لەووبەشە نەماوم و ئەرکی ترم لەئەستۆیە .
تۆ بۆخۆت وەک کەسێکی زانستی چۆن لەکاری راگەیاندن دەروانی ؟ بۆچی دۆسیی ئەنفالت فەرمۆش کردووە، چونکە بۆخۆت خاوەنی دۆسێیەکی زۆر گرنگیت چیرۆکێکی تایبەتت هەیە ؟
راستیەکەی بەپێ مەجالەکەم وبەپێی ئیشەکەم زۆر دەرفەتم نەبووە. هەتا لایەنی ژیانم مسۆگەر نەکەم و پاڵپشتێکم نەبێت ناجارم هەستم کارێکی تربکەم.
کەواتە تۆ گرانی ژیان وبژێوی رێگرە لەبەردەمت بۆئەوەی وەک راگەیاندن کارێک لەوبوارەدا کاربکەیت ؟
بەڵێ بێگومان . من کە پۆلی شەشم تەواوکرد (مەبەست ئەوەیە قۆناغی ئامادەیی بڕی) دامەزرام، هێشتا ناوم نەهاتبووەوە هەتا بزانم لە کوێ دەخوێنم کە من دامەزرام . کەدامەزرام و وەک کارمەندێک دەستبەکار بووم، ناوم لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی هاتەوە، دەبوو بەیانیان بخوێنم ئەوەش لەگەڵ کارەکەم نەدەگونجا، ئیتر ناچاربووم ئێواران بخوێنم ئیتر هەم لە فەرمانگە کارم دەکردو هەم لەپەیمانگەش دەمخوێند.
ئینجا ئەوە بۆتۆ گونجاو بوو ؟
دەبوو بیگونجێنم بەیانی کاتژمێر ٧ لەماڵەوە دەردەچوم کاتژمێر ٩ی شەو دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
لەبەرێوەبەرایەتیەکەی خۆتان دەزانن کە چیرۆکی بەندی چییە ؟ بۆچی ناوی بەندییە ؟
بەڵێ بەڕێوەبەریش دەیزانێت . بەشی هەرەزۆری بەرێوەبەرایەتییەکەمان دەیزانێت مەگەر بەدەگمەن .
تێروانینی هاوکارەکانت وبەرێوەبەرەکانت چۆنن بۆتۆ، هەلبەت بۆخودی خۆت ناڵێم وەک کەسایەتی مەبەستم ئەوەیە ئەوانەی کاریان لەگەڵدا دەکەیت چۆن سەیری ئەنفال دەکەن وچۆن لێی تێگەیشتوون و چۆن سەیری هاوکارێکی خۆیان دەکەن کە لەزیندان لەدایک بووە ؟
بەشیوەیەکی گشتی ئەگەر کەسێک خۆی قوربانی نەدابێت ڕەنگە ئەوکاریگەرییەی لەسەری نەبێت، ئەگەر کەسێک خۆی قوربانی دابێت وبزانێت ئازارەکەی چۆنە رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەری.
بەڵام ئەوەمەرج نیە، هەیە قوربانی نەداوەو کەسی ئەنفال نەکراوەو کاریگەری زۆریشی بەسەرییەوە هەیە. ؟
ڕاستە هەیە، بەڵام هەیشە زۆر ئاساییە بەلایەوە . بەتایبەتی ئەم (جیل)ەی ئێمە .ئەوانەی پێش ئێمە تارادەیەک کاریگەری هەیە بەسەریانەوە. دەزانن ئەنفال رویداوەو هەڵەبجە کیمیاباران کراوە .
بەڵام ئەوە زانیارییەکی گشتییە، ئێستا نەک کورد هەموو دنیا وێنەگشتیەکەی ئەنفال دەزانن بەڵام وردەکارییەکانی ناو وێنەکە نازانن، من نمونەی کوڕی موستەشارێکت بۆ باس دەکەم، کە خۆی منداڵ بووە کاتێک باوکی لەتاوانی ئەنفالەوە گلاوە، ئێستا زۆر ئازار دەچێژێت کە باوکی بەشداری تاوانێکی گەورەی کردووە، ئەم کورە بێدەسەڵاتە بەڵام زۆر کاریگەری ئەو بەشداری کردنەی باوکی بەسەرەوەیە. بەهەرحاڵ بالە بابەتەکەمان دورنەکەوینەوە .
منیش بەڕێژەیی باس دەکەم هەمووی وەک یەکنین .
ڕستە بێگومان وایە، بەڵام ڕێگەم بدە پرسیارێکی ترت لێ بکەم، هاوکارەکانت هەتا چەند رێز لەبەندین دەگرن نەک وەک کارمەندێک یان وەک کەسایەتییەک بەڵکو بەندین وەک کوڕێک کە لەئەنفالدا لەدایکبووە؟
هەتا ڕادەیەکی باش.
بیرت لەوە نەکردووەتەوە لە بری ئەوەی کارمەندی بەڕێوەبەرایتی هاتوچۆبێت کارمەندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان بیت ؟ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمە بەخەیاڵتدا نەهاتووە ؟
ناتوانیت .
بۆ ناتوانیت کارمەندێکی وەزارەتی شەهیدان وئەنفالکراوان بیت؟ من پرسیاری ئەوەم کرد بیرت لێنەکردووەتەوە ؟
بیریشی لیبکەمەوە بەراستیی دەیڵێم ئەو کارەی ئێستام باشترە .
بۆچی باشترە ؟
راستیەکەی ئەوەی کەلێرە یان لەم کارەی ئێستامدا دەتوانم گوزەرانی ژیانی خۆمی پێ دابین بکەم لە وەزارەتی شەهیدان ناتوانم .
بەدەرلە گوزەران بۆنمونە لە پشتی ئەو کامێرایەوە لە بری کاک ئاوات یان کاک ژیلوان بەندین بوایە ؟
زۆر زۆریش زیاد لە پێویست بەڵێ وەک ئەولایەنەیان راست دەکەیت زۆر زۆریشم پێخۆشە، بەڵام چیبکەم ژیان هەرئەوەندە ڕێگەم پێدەدات . باش لەمەبەستەکەی تۆ تێدەگەم لە بری ئەوەی پۆلیسێکی هاتوچۆ بومایە کاری راگەیاندنم بکردایەو بەدوای چیرۆکەکانی ئەنفالەوە بوومایەو وێنەیانم بگرتایەو بەخەڵکم بناساندنایە. بەڵام چی بکەم لەگەڵ ڕۆژگاردا .
قەت بەدوای ئەوکەسانەدا نەگەڕوایت کەوەک خۆت لە زیندان لەدایک بوون ولەزیندان ناو نراون ؟
نەخێر نەگەراوم بەڵام حەزدەکەم بزانم .
بەلای کەمەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بیانکەیت بەهاوڕێی خۆت ؟
نەبووە بەڵام حەزدەکەم . کە هەبێت .
خەڵک هەیە نەک لە زیندان بەڵکو لەڕێگە لەناو ئیڤادا لە دایک بووەو ئێستاش ناوی ئیڤایە .
بەڵێ دڵنیام کەهەیە مەبەستەکەی من ئەوەیە کە برادەرم نەبوون . من نەمناسیون .
(شێرکۆی برای هاتە ناو قسەکانمانەوەو وتی هەیە چەند کەسێکی خزمی خۆمانمان لەگەڵدا بوون لە نوگرەسەلمان ودوبز بەندی وەڵامی دایەوە ئاخر خۆ ئەوانە لە زیندان لەدایک نەبوون ئەوان ئەنفال بوون بەڵام لێرەدا مەبەستەکە ئەوانەیە کە لەزیندان وەکو خۆم لە زیندان لە دایک بوون .)
کاک بەندین کەسێک دەناسیت بەناوی ئیڤا ؟ مەبەستم ئەوەیە کەسێکت بیستووە بەو ناوەوە ؟
نەخێر
گەرمیانیەک هەیە لەکاتی پرۆسەکانی تاوانی ئەنفالدا لەناو (ئیڤا)دا لە دایک بووە، بێگومان دەزانیت کە ئیڤا جۆرە ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی ئەوکاتە بوو، ئۆتۆمبیلێکی رەزاگران و دزێوە .
نایناسم نەمبیستووە.
بێگومان کەسیش ناناسیت بەناوی (بێ ناز) من بۆیە ئەمانەت بۆ باس دەکەم کە بیزانیت کەسانی تریش هەن وەک تۆ لەزیندان لەدایک بوون، وەک تۆ ناوەکانیان گوزارشت لە چیرۆکی لە دایکبوونیان وتاوانێک دەکەن کە دەرهەق بەکورد ئەنجام دراون. کەسێک لە بالیسان ناوی (کیمیا)یە لەبەرئەوەی لە کاتێكدا لە دایکبووە کە بۆمبارانی گوندەکەیان بەچەکی کیمیایی دەکرا، بەداخەوە ئەویش نەژیاو گیانی لەدەستدا، کەسیش هەیە لە تۆپزاوا لەدایک بووە ناوی (بێنازە) کەواتە تۆ تەنیا نیت ، بەڵام ببورە هەست ناکەیت وەک راگەیاندنکارێک وەک ئەنفالکراوێک جگەلە ئەرکی ڕۆژانەی خۆت ئەرکێکیشت فەرامۆش کردووە ؟
تۆ راست دەکەیت لە مەبەستەکەت تێدەگەم بەڵام بۆنمونە کچێک لەگەرمیان چیرۆکی ژیانی وەک هی منە، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر ئاسایی نیە، کچ وکوڕێک لە تەمەنێکدا بڵێم وەرە باهاوڕێ بین ویەکتر بناسین رەنگە ئێستا تارادەیەک لە جاران باشتر بێت .
بەڵام کوردستان تائەو ئاستە داخراونییە کەتۆ مەترسیت هەیە لەسەری یان شەرمی تێدا بکەیت .
ڕاستە بەڵام ناوچەکەی ئێمە لەگەڵ ئێرەدا (سلێمانی) جیاوازیان زۆرە. من لەوێش هەڵسوکەوتم لەگەڵ خەڵکدا کردووەو لێرەش هەڵسوکەوتم لەگەڵ خەڵکدا کردووە. بێگومان بۆ ئێرە تۆ راست دەکەیت . بەڵام بۆ لەمەولا هەوڵدەدەم لەبەرئەوەی هاوسەرگیریم کردووە.
کەواتە ئەوەشمان زانی کە هاوسەرگیریت کردووە پیرۆزتان بێت، بەڵام پێمبڵێ ساڵێ چەند هاوسەرگیریتان کرد؟
ئەمساڵ . هێشتا ساڵێکمان پێکەوە تێنەپەراندووە.
کورد وتەنی پێکەوە پیرو خەڕۆبن، هاوسەرەکەت گەرمیانیە یان بابڵێین ئەویش هەر کەسوکاری ئەنفالە ؟
بەڵێ ئەویش کچی شەهیدە، باوکی شەهیدەو دایکیشی کۆچی دوایی کردووە.
بەندین واتا ناوەکەت هەتا چەند کاریگەری بەسەر رەفتارو باری دەرونیتەوە هەیە .؟
خۆت دەزانی من لەزیندان لەدایک بووم، ساڵی لەدایک بوون وساتەوەختی لەدایک بوونم لەبیر نیە، بەڵام دایکم بۆی گێڕاومەتەوە کە چۆن لەدایک بووم، من هەرگیز ئەوەم لە بیرناچێتەوە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە شتێکی ناخۆشە لە یادەوەریمدا.
بامەبەستەکەم ڕونتر بکەمەوە، ئێمە هەموومان مرۆڤین ئەگەری ئەوە هەیە وەک چۆن کاری باش دەکەین کاری خراپیش بکەین، بۆنمونە تۆ گەنجێکیت لەکۆمەڵگادا هەڵسوکەوت دەکەیت، ڕۆژێک ویستووتە هەڵسوکەوتێک بکەیت، رەنگە بەهەڵەشی نەزانی یان گەندەڵییەک بکەیت، بەڵام کاتێک دەتەوێ ئەوەکارەبکەیت شتێک ڕێگرە ئەویش ناوەکەتە کەدەتباتەوە بۆ رابوردوی خۆت بۆ شێوازی لەدایک بوونت بۆ ئەشکنجەی دوبز یان نوگرەسەلمان کە دایکت وبراکەت بۆیان گیراویتەوە ؟
بەڵێ من خۆم ناوم بەندینە، لەماڵەوەش پێم دەڵێن حەمە واتە محەمەد ئەویش ناوێکی پیرۆزە، بەندینەکە ناوی خۆمە تایبەتە بەخۆم . ناتوانم هیچ بکەم .
بەڵام ئەوەبزانە ناوی تۆ گۆزارشت لە ئازاری میللەتێک دەکات، ئەگەر ئەنفال نەبوایەو کۆمەڵکوژی و ئازاری دەستەجەمعی نەبوایە رەنگە ئێستا تۆ ناوت شادمان یان شادی بوایە بەڵام بەندین بە واتای ئێمە بەندکراوین یان بەندکرابووین ؟
وایە ئەوەش ڕاستە .
بێگومان دایکت زۆری بۆ گێڕاویتەوە، بەتایبەت لەوڵاتێکدا کە کارەبا نەبووەو تەلەفزیون نەبووە، بەردەوام ئەو خانەوادانە چیرۆکی خۆیان بۆ خۆیان وبۆ میوانەکانیان و بۆ مندالەکان گێڕاوەتەوە، شیرکۆ یان برایەکی ترت بۆی گێڕاویتەوە، ئایا شادمانی بەوەی ئەوکاتە تۆمندالێکی ساوابوویت وبێ ئاگابوویت لەو ئازارو ئەشکەنجەیە یان هیوات دەخواست تۆش تەمەنت ئەوەندە ببوایە کە ئەو ئازارەیان لەگەڵدا بەش بکەیت وبەشداریان بکەیت ؟
هەرچەندە بیری لێبکەیتەوە قورسە، زۆر سەختە زۆر نازانم چی بڵێم دایکم باسی دەکات من دەست دەکەم بەگریان .
بەڵام پرسیاری من لەتۆ تەنها وەک ئەنفالکراوێک نیە، بەڵکو وەک ڕاگەیاندن کارێکیشە، مەبەستم ئەوەیە قەت ڕۆژێک بیرت لێکردووەتەوە بڵێیت باش بوومن لەو دۆخە مەترسیدارەدا منداڵێکی بێ ئاگابووم؟ باش بووئەوەندە گەورە نەبووم و ئازارو ئەشکەنجەی ئەوخەڵکە بەچاوی خۆم نەبینی ؟
راستی بیرم لێنەکردووەتەوە بەڵام رەنگە ئەو ئازایەتی وخۆراگرییەی ئەوان بویانە من نەمبوایە.
دایکت وتی هەتا لە نوگرەسەلمان بووین وهاتینەوە بەندین هیچ ناوێکمان لێ نەنابوو، لە رزگاری مامت ناوی ناویت ؟ ئەگەر خۆت ناوی خۆتت هەلبژاردایە هەمان ناوت لەخۆت دەنایەوە ؟ یان با بڵێین تۆ لە ناوەکەی خۆت رازیت ؟
بەڵێ .
ئەگەر دەرفەتت هەبێت سەرلەنوێ ناوێکی تر بۆخۆت هەڵبژێریتەوە هەر ئەوناوە بۆخۆت دادەنێیتەوە ؟
بەڵێ
دایکت بۆی باس کردم کە تۆ لە چ بارودۆخێکی سەختدا لە دایک بوویت، هەڵبەت بۆخۆشتی باسکردووە ؟
نەک جارێک دەیان جار بۆی گێڕاومەتەوە . لەو هەلومەرجە سەختەدا من لە دایک بووم هەروا کاتژمێرێک دوای ئەوەی چاوم بەدنیا هەڵهێناوە، زیندانیەکانیان ڕاپێچی ناو سەیارە کردووەو دایکم منی بەجێهێشتووە، بەبێ ئەوەی پەڕۆیەکیشم تێوەبپێچن . لەسەر تاقی پەنجەرەیەک بەجێیان هێشتووم ، دوایی سەربازێک هەڵیگرتوومەتەوەو بردومیی بۆدایکم .
بەڵێ ئەوەی دەمەوێت بپرسم ئەمەیە ئەو چیرۆکەو دواخستنی ناولێنانت چۆن لێک دەدەیتەوە ؟ چۆن بیری لێدەکەیتەوە ؟
بیرلەوە دەکەمەوە ئەو خەڵکە لە چ دۆخێکی سەختدابوون، ئەنفال چ ڕەزالەتێک بووە، ئەگەر وا نەبوبێت دایکم وخوشک و براکانم چۆن بەجێم دەهێڵن ؟ بۆ بەجێیانهێشتووم ؟ دیارە ژیانیان زۆر زەحمەت وسەخت بووە.
کەواتە ئەوەی لەکوردەواریدا دەیڵێن دایک نەدەپەرژایە سەر کوڕی خۆی بەراستی لەنێوان تۆو دایکتدا رویداوە، لەنێوان (ئاسکە)دایک و(بەندین)ی مەلۆتکەدا ڕویداوە .
بەڵێ بەواقعی رویداوە. هەمیشەوەک فیلمێک دێتە پێش چاوم .
قەت بیرت لەوە کردووەتەوە ئەگەر بەجێیان هێشتایتایە چی ڕوی دەدا ؟
ئەی چۆن بیری لێناکەمەوە ئەنفال تەنها من ودایکم خوشکەکانم نەبوون خەڵکێکی زۆر بوون بیر لەخۆمان وئەوانی تریش دەکەمەوە .
مەبەستەکەم رونتر دەکەمەوە . ئەگەر بەندین بەجێبهێڵدرایە، دایکت برۆیشتایە بۆ نوگرەسەلمان ومنداڵێکی تازە لەدایک بووش لەسەر ئەوتاقی پەنجەرەیە بمایتایەتەوە، لەو کاتەدا دوو ئەگەر هەبوو یان لەبرسا دەمردو عەسکەر دەیانشاردەوە یان عەسکەرێک وەک چۆن رەحمی جولاو دشداشەکەی خۆی تێوەپێچا بوو دایەوە دەست دایکت بیدایە دەست خێر خوازێک یاخود بۆخۆی بیبردایەو گەورەی بکردایە ..؟ لەهەردو حاڵەتەکەدا کەسێک ون دەبوو ئەگەر بمردایە مرۆڤێک ون دەبوو، ئەگەر بژیایە هەر رەچەڵک و رەنگە نەتەوەو تەنانەت ئاینیشی ون دەبوو، چونکە رەنگە ئەوەی هەلیدەگرێتەوەو بەخێوی دەکات مەسیحیەک یان ئێزدییەک یاخود کلدۆ ئاشورییەک بێت . ؟
زۆر زۆر ڕاستە بەڵام راستی من وا بیرم لێنەکردووەتەوە .
بەڵام پێویستە هەموو کورد وابیری لێبکەینەوە، دەبێت چەند منداڵ لە قەراغی گۆڕی بەکۆمەڵ لەدایک بووبن، یان بە پێجەوانەوە بەخت دەرفەتی ژیانی داوە بەڵام لەدایکی دابڕێندراوەو عەرەبێک لە ڕوی سۆزی ئینسانیەوە بەخیوی کردووەو هێشتا وەک نهێنیەک ماوەتەوە ؟
ڕاستە . بەڵام منیش زۆرجار بیرم لێکردووەتەوە دەبێت چەند کەس وەک من بوون یان بەهەمان شێوەی من بووبن .
تۆ وەک راگەیاندن کارێک هەست ناکەیت کە کۆمەڵگای کوردی وڕاگەیاندنی کوردی تەنها وێنە گشتیەکەی ئەنفال دەبینێت و وردەکارییەکانی نازانێ ؟
بەڵێ وردەکارییەکان پیشان نادەن . ئەوانەی ئەمساڵ لە راگەیاندن دەیبینین ساڵێکی تریش هەمووی دوبارەیە .
تۆ راگەیاندن کارێکی هەر چیرۆکی خۆت فیلمێکە ئەگەر کورد خاوەنی سینەما بێت هەر تۆ بۆخۆت پاڵەوانی فیلمێکی سینەمایت، فیلمێکی گەورەو نەمر . تۆ وەک میدیا کارێک و وەک کارەکتەرێکی ناو ئەنفالیش ڕۆژێک لەڕۆژان میدیای کوردیت ڕوبەڕوی ڕەخنە کردووەتەوە کە بە کەناڵەکان بڵێیت ئەنفال هەر ئەوەنیە بڵێین سەدوهەشتاو دوو هەزار کەسمان لە دەستچوو، ئەنفال هەر گوندی نەڕوخاند و هەرکوردی کۆمەڵکوژ نەکرد بەڵکو سەدان هەزار چیرۆکی تراژیدی وسەر سوڕهێنەری دروست کردووە. ؟
بێدەنگی ……………………… بێدەنگی .
بۆ بێدەنگیت ؟ دایکت خالێکی زۆر گرنگی باس کرد؟ دوای رزگار بوونتان لە نوگرەسەلمان دایکت لە کوردستانی ئازاددا کاری بۆماڵی بەرپرسێک یان بەرێوەبەرێک کردووە بەڵام کرێی پینەداوە بەڵکو لەبری ئەوە چنگێک ئاردی پێداوە ! دایکت بۆ قبوڵی کردووە بێگومان لە پێناوی ژیانی ئێوەدا ؟ بەڵام لەسەروەختی ئەنفالدا سەربازێک دشداشەکەی خۆی پێداوە بۆ ئەوەی لە تۆیەوە بپێچن ؟ ئەمە ناکۆکییەکی زۆر گرنگە .
وایە
پێت باشە ئەنفال بەچ ئارستەو ئاقارێکدا بەرین ؟ ئایا لەیادی بکەین وبەردێکی بخەینەسەری ؟
ئەوەیان نەبووەو قەد ناکرێت ئەنفال هەمیشە دەبێت یادی بکرێتەوە .
چۆن یادی قوربانیەکانی بکەینەوە ؟
پێویستە بەشێوەیەکی تر یادی ئەنفال بکەینەوە، روداوەکە لە روکەشی دوربخەیەنەوەو بەروکەشی پێشانی نەدەین، یادی ئەنفال ناکریت تەنها لە ١٤/٤ دا بکرێتەوە، تەنها لەو ڕۆژەدا بۆچی ؟ بۆچی ڕۆژی یادی ئەنفال نەبێت سرودەکەی دیاری قەرەداخی سەرناخەن ؟ بۆچی چیرۆکێکی ئەنفال ناگێڕنەوە؟ بەداخەوە تەنها لەو ڕۆژەدا باسی ئەنفال دەکەن وتەواو.
لەیادی ئەنفالدا لەبری ئەوەی تەرمێکی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان پیشان دەدەن چیرۆکی تۆ یان هەرکەسێکی تر بگێڕنەوە باشترنیە ؟ گوناه نیە منداڵەکەی تۆ ئەوهەموو ئێسک وپروسکەی پیشان بدەن ؟
بەڵێ زۆر ناڕەوایە لە بری ئەوە سەردانی ماڵی ئەنفالکراوەکان بکەن زۆر باشترە، جیرۆکەکان پیشان بدەن زۆر باشترە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری بنیاتبنێن زۆر باشترە بەڵێ لەگەڵ تۆم . با ئەوانە قسە بکەن لە لەناو جەرگەی روداوەکاندا بوون ، نمونەی دەیانی وەک من پیشان بدەن .
تۆ بۆچی وەک راگەیاندن کار هاوکار نابیت لەوەی دەزگاکانی میدیاو کۆمەڵگا بێنە ژێر ئەم بارە ؟
بەقسەی من نایەنە ژێر بار.
ئەگەر کاربکەیت کاریگەریت دەبێت . ئەگەر فشار دروست بوو دێتە ژێر بار، پێتوایە بەبێ کارکردن هیچ پێداویستیەک دەستەبەربێت.؟
بەقسەی کۆمەڵگە دێت تەنها بەقسەی من نایەتە ژێربار .
ئەی کۆمەڵگا کێیە من وتۆ نین کۆمەڵگا لەتاکەکان پێک نایات ؟
بەڵێ وایە بەڵام من بەتەنیا هیچم پێناکرێت کۆمەڵگا بەقسەی من نایاتە ژێربار.
بەهەرحال با پرسیارێکی تر بکەم ، بێگومان پێش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هەلومەرجی کەسوکاری ئەنفالکراوان زۆر سەخت بووە، دوای راپەڕین گۆڕانکارییەک هاتە ئاراوە ڕاپەڕین چی بەئیوە بەخشی چی لەژیانی ئێوە گۆڕی ؟
هەرگیز برینی ناخی ئێمە سارێژ نابێت، برینی دایکم بەچی سارێژ دەبێت؟ بەڵام بێگومان تارادەیەکی زۆر ئێستا زۆر لە پێش راپەرین باشترە، بەلای کەمەوە ئەوسا نەمان دەوێرا بڵێین ئێمە کەسوکاری ئەنفالین بەڵام ئێستا بەسەربەرزییەوە دەڵێین باوکمان ئەنفالکراوە. خۆمان ئەنفالکراوین . ناڵیم زۆر باشین بەڵام هەرهیچ نەبێ لەڕوی گوزەرانیشەوە وەزعی ئەنفالکراوان باشتر بووە.
راپەرین تاچەند کاریگەری ئەنفالی لەسەر ئێوەلابرد ؟
کاریگەری بووە پێش راپەرین وەزعی کەسوکاری ئەنفال زۆرخراپ بوو.
چی لەبارەی ئەنفال دەزانی لەمێژودا ؟
ئەوەی من لێی تێگەیشتووم بەکۆمەڵ بردن وبەکۆمەڵ کوشتن و زیندەبەچاڵکردنە.
لەمێژودا دەڵێم ئەنفالی کورد ناڵێم ؟
ناوی سورەتێکی قورئانە.
ئەی نازانیت لەچییەوە هاتووە واتای چییە ؟
راستی لەباری مێژووییەوە هیچی لێ نازانم . یەکدوجاریش بۆیان وەرگێرامە سەر زمانی کوردی بەڵام زۆرلێی تێنەگەیشتم.
بەرای تۆحکومەتی بەعس بۆچی ئەوکۆمەڵکوژی وپەلامارەی ناونا ئەنفال ؟
نازانم بەڵام حکومەتی بەعس کارێکی زۆر ناڕەوای کردووە.
بۆچی ناڕەوایە ؟
لەبەرئەوەی بەناوی قورئانی پیرۆزەوە یان بەناوی سورەتێکی قورئانی پیرۆزەوە زیندە بەچاڵ و کۆمەڵکوژی کردووە.
بەڵام غەزوتالانی پێش هاتنی ئاینی ئیسلامیش لەلایەن عەرەب وخێلە عەرەبەکانەوە هەر لە دژی خودی عەرەبەکاندا کراوە ؟ بۆچی حزبی بەعس سڵی لە قورئانی پیرۆز نەکردەوە کە ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد؟ ئەگەر بەعس کارێکی ناڕەوای کردووە ئەو پەلامارە سەربازییانەی بەناوی ئەنفالەوە ناونا، ئەی بۆچی قورئانی پیرۆز هێزی ئەوەی نەبوو کە ڕێگە لە ئەنفال بگرێت ؟
نازانم .
پێدەچیت ئەم بەشەت لەگفتوگۆکەمان پێخۆش نەبێت ؟
ئەوەیان لایەنیکی دینیەو زۆر پەیوەندی بەحزبی بەعسەوە نیە. ئەوبەهەڵە تەفسیری ئایەتەکەی کردووە بۆیە قەتلوعامی کوردی بەوەوە ناوناوە.
بەڵام تەفسیریش ئینسان دەیکات وئەوانەی تاوانی ئەنفالیان کرد هەر ئینسان بوون وئەوانەشی ئەنفالکران هەر ئینسان بوون، هەردولاشیان هەرئیسلام بوون .
راستە وایە .
یادەوەری خاڵێکی زۆرگرنگی هەر میللەت ونەتەوەیەکە کورد چۆن یادەوەری خۆی دەپارێزیت ؟
پێشتر باسمان کرد هەموو ساڵێک یادی ئەنفال دەکریتەوە بەڵام ئامانجەکەیان نەپێکاوە. پراوپر بەباڵای ئەنفال نییە، هەرلەڕۆژێکدایە .
تۆ لە شێوازی یادەکان نارازیت، بەڵام یادەوەری کورد هەرئەنفال نیە، من باسی یادەوەری نەتەوەیەک دەکەم .
ڕاستە، تۆ ناکرێت تۆ مێژووی خۆت لەیاد بکەیت یادنەکردنەوە هەرنابێت .
بەدۆکۆمێنت کردنی یادەوەری بۆنمونە ئەم دیدارەی تۆ تۆمارکردنی بەڤیدیۆ یان کردنیان بەکتێب هەتاچەند بەگرنگ دەزانیت ؟
زۆر گرنگە و پێویستە بکرێت.
کەواتە هەتا چەند ئامادەیت هەیە هاوکاری ئەو پڕۆژانە بکەیت ؟
هەتا ئەوئاستەی لەدەستم بێت.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان دروشمێکی بەرزکردەوە لە فرمێسکەوە بۆ هیوا تاچەندە لەلای بەندین پەسەندە ؟
تارادەیەکی باش بەلامەوە پەسەندە، ئیتر پێویستە هەوڵ بۆداهاتوو بدەین .
پڕۆژەی بەندین چییە بۆ داهاتوو ؟
ژیانێکی سادەوسکار، فەرمانبەرێکم خەریکی ژیانی خۆمم . بەختەوەری لەگەڵ دایکم وکاکم کە جیگەی باوکمیان گرتەوە بۆم .
رازیت بەوەی ئەم دیدارە بڵاوببێتەوە ؟
بەلێ بەخۆشحاڵییەوە .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.