مارس 14, 2016 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە پێی وتم تۆ پاشماوەی ئەنفالیت
پێی وتم تۆ پاشماوەی ئەنفالیت .. !!
مامۆستا عەلی محەمەد وەلی / خورماتوو
چەند سالێك لەمەوبەر تەكسییەك بووم شۆفێرەكەی، دیار بووئازارووغەمی زۆری لەژیاندا بینیبوو، پاش سلاو بەخێرهاتن بەڕێكەوتین، شۆفێرەكە لێ پرسیم: تۆ مامۆستا (علی محمد وەلی)ت ؟ بەبەڵی وەڵاممدایەوە ! وتی ئێمە وەكو كەسوكاری ئەنفالكراوەكان زۆر سوپاسی بەڕێزت دەكەین، چونكە زۆر باسی تاوانی ئەنفال دەكەیت وهەمیشە داكۆكی لە كەسوكاریان دەكەیت , منیش وتم ئەوە ئەركەو دەبێ هەموومان كار بكەین بۆئەوەی تاوانی ئەنفال لەیادەوەری و ویژدانی میللەتەكەماندا بچەسپێ، بەتایبەتی نەوەی داهاتوومان, لە درێژەی قسەكانماندا داوای كرد ڕوداوێكی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێتەوە كە بە سەری هاتبوو, منیش سەری رەزامەندیم بۆباداو ئامادەی گوێگرتنی بووم, دەستی بەقسەكانی كرد وتی: پاش تەواوبوونی پرۆسەكانی تاوانی ئەنفال كە هەموو كەسوكارم گیران و ئەنفالكران تەنها خۆم ڕزگارم بوو، بەرنەكەوتم، بۆیە پەنام بردە لای خزمەكانی خۆم لە شاری خورماتوو لەلایان مامەوە، ویستم درێژە بەخوێندن بدەم چونكە پێشڕوخانی گوندەكەمان خوێندكار بووم, بۆیە خوێندنگایەكم هەڵبژاردو ڕۆشتمە لای بەڕێوەبەری خوێندنگاكە، بۆیەش ئەو خوێندنگایەم هەڵبژارد چونكە زانیم بەڕێوەبەرەكەی كوردە ئەو كاتە لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال كۆتایی هاتبوو بەڵام پیاوەكانی ڕژێم هەر بە دوای كەسوكاری ئەنفالكراوەكاندا دەگەڕان و دەستگیریان دەكردن، منیش لای خۆمەوە وتم ئەم بەڕێوەبەرە كوردەو چاوپۆشیم لێ دەكات و بەگرتنم نادات، بەڵام خۆزگە بەگرتنی بدابام و ئەوەی كە بینیم وبیستم ڕووی نەدایەو ئەوهەڵوێستەم لێ نەبینیایە !! (پێموت بۆچی مەگەر چ هەڵویستێكی هەبوو و چیت لێ بینی ؟ ) بە چاوێكی فرمێسك و بە دڵێكی تەنگەوە وتی : كە چومە ژوورەوە بۆ لای بەڕێوەبەرەكەوپێموت هاتووم بۆ ئەوەی لە خوێندنگاكەتان وەرمبگرن و درێژە بەخوێندن بدەم , بەڵام وا دیاربو بەڕێوەبەرەكە تێگەیشت كە من كەسوكاری ئەنفالم، بەزمانێكی ناشایستەو برینداركەرو روشێنەر پێیوتم: تۆ پاشماوەی ئەنفالیت و مافی خوێندنت نییە، ئەو وەڵامە زۆر كاری تێكردم و لە دڵی خۆمەوە دەمگوت خۆزگە منیش لە شاڵاوەكانی ئەنفال ڕزگارم نەبوایەو لەگەڵ كەسوكارەكەمدا لەناوبچوومایە، لە هەموو ئەوانە زیاتر ئەوەی كە ئازاری زیاتر بوو ئەوە بوو كە ئەو بەڕێوەبەرە كورد بوو، من لە كوردێكەوە ئەو قسانەم بیست و ناچار خوێندنگاكەم جێهێشت و گەڕامەوە و لەگەڵ هەموو هەنگاوێكدا شێوەی گوند وخوێندنگاكە و كەسوكارە ئەنفالكراوەكانم بیردەهاتەوە، من بەو هۆیەوە لەخوێندن بێبەش بووم، هەموو شەوێك خەوم بە خوێندن و خوێندنگاكەمانەوە دەبینی و بەم ئازارەوە دەژیام، تاوەكو ڕۆژگار تێپەڕی و پڕوسەی ئازادی و ڕوخانی ڕژێمی بەعس دلێ خۆش كردم چونكە دەمبینی خوای گەورە تۆڵەی ئەو هەموو ئازار و مەینەتییەی بۆ كردینەوە.
گەنجەكە وتی بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی سەرلەنوێ جارێكی تر برینم كولایەوە، منیش وتم بۆ !!؟ وتی : مامۆستا گیان پاش پڕۆسەی ئازادی ڕۆژێك لەپاسێكدا بوم بەرەو ماڵ دەڕۆشتمەوە،گوێم لێ بوو باسی كوردایەتی و سەردەمی پێشمەرگایەتی و شاخ دەكرێت، منیش بۆ دواوە ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی بزانم ئەو كەسە كێیە كە ئاوا باسی كوردایەتی و خەباتەكانی خۆی دەكات، بینیم ئەوەی كە ئیستا لافی كوردایەتی لێدەدات هەمان ئەو بەڕێوەبەرەیە كەدوای پرۆسەی ئەنفال منی لە خوێندن بێبەشكردو پێی وتم تۆ پاشماوەی ئەنفالیت ومافی خوێندنت نییە كەچی وا ئێستا خۆی وەها دەردەخات كە ئەو كوڕی شاخ و ئەندامی ڕێكخستنی ناو شار بووەو هەر ئەو بووە هەمیشە خزمەتی كەسوكاری ئەنفالی كردووە, كە ئەو قسانەم لەو كەسە بیست و شێوەیم بینی و ناسیمەوە ئەو ڕۆژانەم بیركەوتەوە و سەرلەنوێ پاش پازدە ساڵ برینەكانم كولایەوە و زۆر ئازاری دام و چەند جارێك ویستم قسەی لەگەڵ بكەم و ئەو ڕۆژانەی بیربخەمەوە بەلام لەبەر ڕێزی پیشەكەی نەمتوانی و بێ دەنگیم هەڵبژارد و لە ناخی خۆمەوە وتم ئەوەیە نمونەی مرۆڤی دوو ڕوو.
ئەم چیرۆكە زۆر كاری تێكردم و ئازاری دام بۆیە لە یادی بیست و پێنج ساڵەی تاوانی ئەنفالدا هەزاران سڵاو لەڕوحی پاكی بێ تاوانی (182) هەزار پەپولەی وڵاتەكەم بێت، و داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی زیاتری پاشماوە و كەسوكاری ئەنفال كراوان بكات.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی شاخ و زیندان وشەهیدانی تاوانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كورد وكوردستان، مردن و ڕیسوایی بۆ دوژمنانی كورد و كوردستان
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.