مارس 10, 2016 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ڕاستیەكان لەزاری ئێمەی بێتاوان و وشەیەكی باشی تاوانبارێكەوە
ڕاستیەكان لەزاری ئێمەی بێتاوان و وشەیەكی باشی تاوانبارێكەوە
هیوا محمدأمین جەلەمۆردی
ئاشكرایە گەلی كوردلەسەر دەستی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراق هەر لەسەرەتای هاتنە سەردەسەڵات لەلایەن بەعسیەكانەوە لەساڵی (1958) بیریان لە زوڵم و ستەم سەركوت كردنی گەلی عێراق كردەوە بەتایبەتی شیعەو كورد, چەندین تاوانیان بەرامبەر بە كورد ئەنجام دا, یەكێ لەو تاوانەگەورەیەی دەرهەق بە میللەتەكەمان ئەنجامیان دا شاڵاوەكانی ئەنفال بوو, پرۆسەی ئەنفال بەراورد ناكرێت بەهیچ تاوانێكی تر لەبەر ئەوەی حكومەتی بەعس ئامانجی قڕكردن و لەناوبردنی گەلێكی مەبەست بوو, واتا ڕوداوێكی سروشتی نەبوو ,وەهەمان ئەو نەخشەیەیە كەنازییەكان بەرامبەر بەجولەكەكان ئەنجامیان دا یان ئەمریكیە سپی پێستەكان بەرامبەر بەهنودە سوورەكان ڕەش پێستەكان ئەنجامیان دەدا, لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی سیستەماتیك و بەپێ ی بەرنامەیەكی تۆكمەی سەربازی وە بەهەشت قۆناغ بەناوی پرۆسەكانی (ئەنفال) ەوە دەستی پێ كرد, من نامەوێ لێرەدا باسی تەواوی ئەو تاوانە بكەم لەبەر ئەوەی ئەگەر بمانەوێ وەك خۆی بیگێڕینەوە ئەوا بەسەدان كتێب تەواو نابێت . ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە باسی بكەم هاوكاری جاش و موستەشارەكانە لەتاوانی (ئەنفال) دا كەبەداخەوە بونە چاو ساغ و ڕێ نیشاندەری بەعس بۆ گرتن و لەناو بردنی ژن و مناڵ و پیاوی میللەتی خۆیان , چینیكە لەو كەسانەی هاوكاری بەعس بون جاش نوسەرێك وجاش مەلایەكی كورد بوون كەبە فتواو نوسین وهۆنراوەكانیان لایەنگیری بەعس بون,لاپەڕەكانی ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی بەعسیان پڕكردبوو لەشانازی پێ كردنی بەئەنفال و جینۆ سایدكردنی دانشتوانی كوردستان , ئەوكاتەحكومەتی عێراق خاوەنی حەوت فەیلەق بوو ئەم چینەی بەفەیلەقی هەشت ناودەبرد لەبەر دەور و كاریگەریی باشیان لە شاڵاوەكەدا, دوای ئەوەی ڕژێمەكەیان لەگۆڕ نرا بەهەمان نەغمەی بەعسیانە لەكوردستاندا دەنگیان بەرزو خەریكی پاداشتن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە, باشترین ئیمتیازات و پۆست و پلەیان پێ دەدرێت هەندێكیشیان بەپلەی باڵا خانەنشین كراون هەندێكیشیان دیوەخانانەو پاسەوانی تایبەتیان بۆ دابین كراوە ,دەبینین یان دەبیستین جەلادو قوربانی پێكەوە لەنیشتیمانێكدا هەناسە دەدەن, بانەبێتە بێ ئینسافیش زۆر جاش هەبوون یارمەتی خەڵكیان داوە لە دەربازبون و پەنا دانی خەڵك لەوكاتەدا من خۆم یەكێكم لەوكەسانەی لەكاتی ئەنفالكردنی گوندی (جەلەمۆرد) یەكەم جارئەوەبوو لە 3/5/1988 گۆپتەپە كیمیا باران كرا وە بریندارەكانیان گواستەوە بۆلای ئێمە لەشیوێك بوین پێ ی دەڵێن چەمی (بابەڕوشە) كەپێشوتر گوندەكەمان چۆڵ كردبوو خۆمان لەوێ حەشاردابوو خەڵكی چەن گوندێكی تریشی لێ بوو بریندارەكانیان لەوێ تەداوی و چارەسەر دەكرت وەلە ڕۆژی 10/5/1988 قوات و جەیش و جاش لەسێ قۆڵەوە دابەزینە چەمەكەو كەوتنە قەسفی ناوچەكە بە چەكی قازیفەو كڵا شینكۆف بۆترساندنی خەڵكەكە ئیمەش لەترسی قەسف و كیمیایی هەمومان هاتینە دەرەوە, جاشەكان لەگەڵ جەیشەكەیا دۆڵ بەدۆڵ و قامیش بەقامیش دەگەڕان بۆ گرتنی خەڵكەكە ئیتر ئەوەبوو ئێمەیان كۆكردەوە لەبن دارەبەنەكانی ئەو شیوە و پاشان سەرمانیان خست و هێنامانیانەوە بۆ ناو گوندەكە, لەوكاتەدا شۆفڵ خانوەكانی تەخت دەكردو هەمووی ئاگر دا بوو,پاشان لەپشت گوندەكە كۆكراینەوە لەچەمێك پێ ی دەڵێن چەمی (پورەزارا) (ئیفا)ی عەسكەریان دەهێنا خەڵكەكەیان لێ بارئەكردو لەخاڵخەڵانەوە بەرەو ناحیەی تەق تەق بەڕێ یان دەكرد من خۆم و سێ برام و سێ خوشكم لەگەڵ دایكم و لەگەڵ (6) عایلەی دیكەدا لە ئیفاكە جێمان نەبۆوە شەوێك ماینەوە, بۆ بەیانیەكەی ئیفایەكیان هێنا پێش و تر حەیوان و وڵاغیان لێ باركردبو زۆر پیس بو لەو ئیفایەدا باركراین وبەهەمان شێوە ئێمەشیان برد بۆ تەق تەق كەگەیشتینە سەر پردەكەی تەق تەق ئێمەیان لەسەیتەرەكە وەستاند, كەوتنە سەر ژمێری كردنمان,لەوكاتەدا جاشێك لە تەق تەقەوە دەهات لەهەورازەكە سەرەكەوت گەیشت پێمان وتی ئەوە چیەكەن لێرە دایكیشم جوابی دایەوە وتنی ناو نوسمانەكەن نازانم دوای بۆ كوێمانەبەن , ئەویش گوتی ڕاكەن خۆتان بشارنەوە بەخوا هەموتان بۆ كوشتن دە بەن! كە گوێمان لەو قسەیەی ئەو جاشە بوو ئێمەش خۆمان فڕێ داو بەرەو ناو ناحیەی تەق تەق ڕامان كرد, سەیتەرەكە لەناحیەكەوە تەقریبەن(1كم) دورە كەوتنە دەس ڕێژی تەقەو بەعەرەبی هاواریانەكرد نەڕۆن ئێًمە گوێمان پێ نەدا,خۆمان كرد بە كۆڵانەكانی شارەكەدا وئێمە ڕزگارمان بوو بەڵام بەداخەوە باوكم و مامەم و باپیرم و داپیرم وخوشك و برایەكی دایكم بەمناڵەكانیانەوە لەگەڵ سێ خوشكی باوكم بەمناڵەوە بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن .
پاشان دوای ئەنفال تا ساڵی 1991 و دەست پێكردنی ڕاپەڕین ئێمە ژیان و گوزەرانمان زۆر ناخۆش بوو, ئەوەی سەرچاوەی ژیان بێت نەمان بوو تەنها دایكم بو كرێكاری دەكرد هەنجیر چنین و گێژەی گەنمی بۆخەڵك دەكرت بەكرێ, تا ئێرە گێڕانەوەی بارودۆخێكی زۆر ناهەموار بوو،كەبەزۆر بەسەرماندا سەپێنرابوو تەنها باجی كوردبون و كوردایەتیمان دەدا،ئەوكات مرۆڤەكان زۆر جیاواز بوون ئێمەی كوردان لای جەلادەكانی بەعس ئاژاوەگێڕو زیادە بووین! بەڵام لەبەرامبەردا عەرەبی سوونە هاوڵاتی پلەیەك بوو لای بەعسیەكان،مەبەستی من لێرەدا جیاكردنەوەی كەسە باش و خراپەكانە، دەبێت ئێمەی ڕزگاربوی شاڵاوی ئەنفال بۆ مێژوو راستیەكان وەك خۆی بگێڕینەوە، هەرچەندە دەزانین گێڕانەوەی ئەم ڕاستیانە ڕاستیەكی تاڵە كەجاشێك ڕۆڵی باشی هەبووە، ئەكەر بەوشەیەكش بووبێت،بووە هۆی ئەوەی چەندین كەس لە زیندەبەچاڵكردن ڕزگاریان بێت.
ئەم بابەتە لە ژمارە (٠)ی ساڵنامەی بابە روشە بڵاوکراوەتەوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.