نیسان 27, 2016 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە یادی ئەنفال تەواو بوو، بەڵام من قسەم ماوە
یادی ئەنفال تەواو بوو، بەڵام من قسەم ماوە
عومەر محەمەد
٢٤/٤/٢٠١٦ – سلێمانی
یادی ئەنفال تەواو بوو، بەڵام من هێستا قسەم زۆره بۆ وتن، تەواو جێگەی تێرامانە هێشتا راگەیاندنی کوردی لەو بروایەدایە کە نوسەران و بەناو چالاکانی ئەنفال گرنگترن لە قوربانیەکان بۆئەوەی بیهێننە سەرشاشەو روپەڕی ڕۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەرەکانیان، هێشتا پێیانوایە (عارف قوربانی و عەدالەت عومەرو لەتیف فاتح فەرەج و من ) باشتر قسەدەکەین،لە (عوزێر یان فەرەج یاخود هاشم) لەکاتێکدا ئەوان دەربازبوانی کۆمەڵکوژی ئەنفالن..! ڕەنگە زۆر دەزگای ڕاگەیاندن ئەو شاهیدیەم بۆ بدەن کاتێک ویستویانە میوانداریم بکەن پێموتوون باشترە قوربانیەک دەربازبوویەکی گۆری بەکۆمەڵ یاخود دەربازبوویەکی تۆپزاواو نوگرەسەلمان و قەڵای نزارکێ بانگ بکەن هەتا قسەتان بۆبکات، ئەوان باشترو پرزانیاری ترن و لەباری سایکۆلۆژیەوە بۆ ئەوان و لەباری ئەخلاقیشەوە بۆ ئیوە تەندروستترە.
نازانم چۆن بەرپرسان و وەزیرو راوێژکارو ئەوانی دی ماف بەخۆیان دەدەن،لە بەردەم قوربانیانی ئەنفال وتار لەمەر ئەنفال بۆ ئەوانە بخوێننەوە، کە خۆیان ئەنفالدیدەو دەربازبووی کۆمەڵکوژی ئەنفالن، بۆیە دەڵێم دەیخوێننەوە چونکە زۆرجار بۆیان دەنوسرێت و ئەوان تەنها ئەرکی گواستنەوەیان لەنەردەم مایک وکامێراکان لەئەستۆ نراوە، ئاخر بروا بکەن زۆر ئەستەمە وەزیرێک یان گزیرێک بێت و باسی ئەنفال بۆکەسانێک بکات، کە خۆیان ئازارەکەیان چەشتووەو خۆیان کارەکتەری ئەو تاوانە بوون ! ئاخر هەتا فەرەجی تۆپخانە وەستابێ کوا قسەکردن بۆمن هاتووە باسی ئەنفال بکەم ؟ با بەشیک لەژیانی خۆشم بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەمەر ئەو تاوانە تەرخان کردبێت، ئەوە ئەرکی منە، بەڵام مافی قسەکردن لە پێشەوە هی ئەوە نەک هی من .
گۆڤاری ئەنفالستان لەوەشدا هەنگاوێکی باشی ناوە کە دیداری لەگەڵ ئەوکەسانەدا کردووە کە راگەیاندنکاری کوردی هێشتا پەی پێنەبردوون ونەیدۆزیونەتەوە یان نایەوێ بیاندۆزێتەوە، بەزۆری ئەو کەسانەی دواندووە کە خوێندەواریان نیەو ناتوانن چیرۆکەکانیان بنوسنەوە بەڵام دەتوانن بیگێرنەوە، ئەنفالستان بەپێی توانا دواندوونی ودیدارەکانی لەدەنگەوە گواستووەتەوە بۆسەرکاغەزو بڵاوی کردوونەتەوە . ئەمەش سەرباری کۆسپ وئاڵۆزییەکەی کێشەیەکی تری بۆناوینەتەوە، بەلای کەمەوە هەندێک خۆ بەرۆشنبیر زانی لێکردووینەتە نەیار، لەبەرئەوەی ئەنفالستان نەبووەتە مینبەرو مەیدانی قسەکردنی ئەوان .
زۆر نیگەرانم کاتێک دەزگایەکی راگەیاندن دەپرسێت، کێ دەربارەی ئەنفال باشە بانگی بکەین بۆ ستۆدیۆ ؟ بەراستی عەیبە راگەیاندنکارو نوسەر هەبێت هێشتا عەقڵی وابێت تەیمور گرنگترە لە زمناکۆ (عەلی هەلەبجەیی) یان پێیوابێت عوزێر گرنگترە لە رەمەزان ؟ لەکاتێکدا هەردوکیان لەناو خوێن و گۆری بەکۆمەڵی بیابانەکانی رومادی ولەیەک کۆمەڵکوژی رزگاریان بووە..! ئاخر ئەوە نیشانەی ئەوەیە دەزگاکانی راگەیاندن هێشتا هێندەی بێگانەیەک دەربارەی ئەنفال نازانن ، زۆر نیگەرانم لەوڵاتێکدا کە نیوەی ئەنفالکراوە، ماوەی ٢٤ ساڵە هەر چەند دەموو چاوێک لە شاشەوە دەردەکەون لە قوربانی ولە چالاکوان ؟ ئاخر ئەمە چ ئیتیکێکی رۆژنامەوانیە، پیاوێک یان ژنێک کە لە تۆپزاوا یان نوگرەسەلمان گەراوەتەوە ٢٤ ساڵە لەشاشە دەردەکەوێ، بەڵام سەدان گەرواوەی نوگرەسەلمان وتۆپزاوا بۆجارێکیش بەسەر نەکرابنەوە .
ئەمە چ کۆڵەوارییەکی میدیای کوردییە چالاکوانێک رۆژنامەنوسێک بێنێتە سەرشاشەو بەو پەری لەخۆرابینیەوە بڵێت : ( لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالدا، هەشت هەزار پیاوی بارزانی گیران و جینۆساید کران) ئاخر هەی سەلامەت بن، هەشت هەزاری پیاوی بارزانی پێنج ساڵی ڕەبەق لەپێش تاوانی ئەنفال گیران و کۆمەڵکوژکران ئەوە چ زانیاری بەخشینێکە ؟
تێبینی : بۆهەر دیاردەو هەڵەیەکی میدیا بەڵگەم هەیە، بەڵام پێمباش نەبوو ناوی هیچ دەزگایەک بهێنم
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.