ئازار 19, 2016 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە گەڕانەوە لەمەرگەوە بۆ ژیان
گەڕانەوە لەمەرگەوە بۆ ژیان
چیرۆكی دەربازبوونی سەلام والی
سۆلاڤـ عبدالسلام والی
Solavsalamm@gmail.com 2014-01-13
بەهاری 1988 لە مێژووی كورددا ساتەوەختێكی تەواو تراژیدیاو شووم وپڕ لە نەهامەتی بوو بۆ گەرمیانیەكان. هەرگیز ناكرێت بە چەند دێڕێك و تەنانەت بە كتێبێك یاسبكرێت, چونكە تاوانێك ڕوویدا كە هیچ ویژدانێك وئەقڵێك قبوڵی ناكەن. قەڵەمەكان بە دوای شیاوترین وشەدا
دەگەرێن بۆدەربڕین. ئەنفال تاوانێكی دڕندانەیەو ناخرێتە ڕستەوە .
باسەكەی ئێمە تاوانی جینۆساید ( ئەنفال) ی گەلی كوردە لە ساڵی 1988 لە ناوچەی گەرمیان كە بە ئەنفالی (سێ) ناودەبرێت. ئەم قۆناغەی ئەنفال دڕندانەترن تاوان بوو لەچاو قۆناغەكانی تردا ئەمەش لەبەر چەند هۆیەك بوو كە زیاتر دەگەڕیتەوە بۆ ستەمكاری حكومەتی(بەعس) و هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكەو دوا سنوری كودستان و عێراق. گەرمیان زۆرترین زیانی ماددی و مەعنەوی بەركەوت لەم تاوانەدا. لەپشت ئەم تاوانەشەوە چەندەها چیرۆكی هەستپێكراو جیاوازو ڕاستەقینەی مرۆڤەكان هەن كە دەكرێت چەندەها ڕۆمان و بەسەرهاتی لێ بنوسرێتەوە. راستە زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی ناوچەكە بەرئەم شاڵاوە كەوتن, بەڵام هەندێك خانەوادەی بە تەواوی لەبەریەك هەڵوەشاند، هەیە هیچ تاكە كەسێكیان لەژیاندا نەماوەو هەیشە تاكە كەسێك لەخانەوادەكەی دەربازبووەو ئەویش بۆ مەینەتیەكانی رۆژگار مایەوە.
(عبدالسلام والی فارس) خەڵكی گوندی سەرەرەشی ناوچەی گەرمیان یەكێكە لەوكەسانەی لەخانەوادەكەی تەنها خۆی دەربازی بووەو ناوی لە لستی تاقانەكانی ئەنفالدایەو زنجیرەی ژمارە (68)ی پێدراوە كە سەباح نەجمەدینی تاقانە ئامادەی كردووە.
سەلام خەڵكی دێی(سەرەرەش)ی سەر بە ناحیەی (ئاوەسپی- قەزای كفری) یەو ئێستالە ناحیەی( ڕزگاری) گەرمیان یان راستترە بڵێین لە مەملەكەتی ئەنفالكراوان نیشتەجێیە. چونكە “ڕزگاری جێگەی نیشتەجێكردنەوەی زۆربەی كەسوكاری ئەنفال كراوەكانە.” لە خێزانەكەی خۆی نزیكەی 20 كەسیان ئەنفالكراوە.بێگومان مەگەر تەنها چاوە ڕاستەقینەكان بتوانن گوزارشت لە دڕندەیی تاوانەكە بكەن ئەوچاوانەی كە بینیویانە. تەنها ئەوان دەتوانن دەربڕی ڕاستەقینەی ڕووداوەكان بن گێڕەرەوەی چیرۆكە تراژیدیاكانی خۆیان بن لە میانەی ئەوتاوانە, چونكە ئازارەكانیان مەگەر زۆر بەدەگمەن دەنا تەنها لە ناخی كەسوكارەكانیاندا پەنگیان خواردووەتەوەو وا بۆ چارەكە سەدەیەك دەچێ هەڵگیراون. مەگەر نرخی ئازادی و ژیان تەنها ئەوان بزانن كە چۆنە.
عبدالسلام باسی ژیانی خۆی دەكات كە لە پێش ئەنفال چۆن ژیاوەو هەروەها لە پاش تاوانی ئەنفالیش كەخۆی بەتەنیاو بێكەس ماوەتەوە چونكە هەموو خێزانەكەی ئەنفالكراون ئەو لەدوای ئەنفال هەرچۆنێك بووە توانیوێتی لە ژیان بەردەوام بێت.
چیرۆكی ژیانی سەلام زۆر تراژیدییە، ئەو كاتەی ئەنفال گەیشتە گەرمیان ئەو پێشمەرگەیەك بووە لە سەنگەری بەرگری نیشتیمان، بەڵام كاتێك دەبیستێ لەگەرمیان چی رودەداو هەواڵی رۆژی حەشری پێدەگات لە سۆنگەی تاوانی ئەنفالدا بۆسۆراخ و هەواڵی ئازیزانی دەگەڕێتەوە. بەڵام مخابن بەسەر هەواری خالیدا دەگەڕێتەوەو دەبینێت ماڵ چۆڵەو كەسیان لەماڵ نەمابوون پاشان خۆی دەگەیەنێتە دێی (كوڵەجۆ) كە زۆربەی خەڵكە بەندكراوەكان لەوێ نزیكی مللە سورە كۆكرابوونەوە لەوێ كەسوكارەكەی بینووە زۆری هەوڵداوە كە هیچ نەبێت چەند كەسێكیان لێدەرباز بكات، بەڵام هەوڵەكەی بێهودەو بێسود بوو دواجار بێ هیوا بووە چونكە چواردەوری گوندەكە بەسوپای عێراق دەوردرابووە لەبەرئەوەی هیچ كەسێكیان توانای دەرباز بوونی نەبووە. سەلام چۆن دەربازبوو ؟
دەڵێت ( بە راِكردن توانیم دەربازبم تاكە هۆَكاری دەربازبوونی من خوای گەورە بوو, چونكە تەقەی زۆرم لێكرا وبریندار بووم ئیتر كەوتمە ناودۆڵێكەوە و لە هۆش خۆم چووم وایان زانی مردووم بۆیە بەجیانهێشتم من ئاوا لەئەنفال دەربازم بوو) .
سەبارەت بە ژیانی دوای ئەنفال دەڵێت ( دوای ئەوە توانیم بژیم بەڵام چۆن ژیانێك” بێكەس, بێكار,بێماڵ و حاڵ, پڕ پڕ لە نەهامەتی .هتد. بێبوونی هیچ شتێك جگە لەخوای تاقانە ئەمە ناخێكی پڕ لە ئازاروخەم هەموو شتێكمان لەدەستدابوو، تروسكایەك بوونی نەمابوو، نەمدەزانی لە كوێوە بتوانم ژیان دەست پێبكەمەوە؟ ئەوهەموو مەینەتیە هێشتا زیندووبووم ئەوەی هەم بوو تەنها هیوا بوو بەخوای گەورە .
بێبەشی نەكردم لە سۆزی خۆی بۆیە پاش تێپەڕینی چەند سالێك بە هەمان دەرد وئازارەوە لاپەڕەیەكی سپی لە ژیانم هەڵدایەوەو خێزانم دروستكرد، هەرچەندە ناتوانرێت قەرەبوو بكرێنەوە بەڵام ئەمە تا ڕادەیەك هیوا بوو بۆ من توانیم خۆم دروست بكەمەوە.)
ئێستا سەلام گوزەرانێكی هاكەزایی دەژی بەڵام هەرگیزاو هەرگیز ناتوانێت ئازاری چاوەروانی و لە دەستدانی كەسەكانی لە خۆی دوربخاتەوەو ئارام ببێتەوە، زۆرجار دڵی خۆی دەداتەوە بەوەی ئەوەی رویدا چارەنووسە. بەڵام هەرگیز بۆ تەنها چركەیەكیش ناتوانێت لە بیریان بكات .
دەڵێت هەمیشە بەهیواوە ئەژیم هەرچەندە دڵنیام لە نەمانیان بەڵام تاوانێكی لەوجۆرە قابیلی قبول نیە خواش بۆی هاتە دەنگ هەموو مرۆڤایەتی بۆیە دەكرێت ئەوە ئیتر جینۆساید بیت نەك ئەنفال. هەروەها سەبارەت بە ئەوەی كە ئایا بوونی پێداویستیەكانی ژیان دەتوانێت تا چەند لە ئازارەكانتان كەم بكاتەوە. لە وەڵامدا وتی:-ناتوانم بڵیم ناتوانن چونكە گەر ژیان بەردەوام بێت پێویستمان بە شت ئەبێت بۆ ئەوەی بژین لە ئازار كەم ناكەنەوە بەڵام هەرگیز ماددە ناتوانێت جێگەی كەسەكانم بۆ بگرنەوە هەرگیزاو هەرگیز. لە كۆتاییدا تەنها ئەوە گرنگە بیڵیم هیوادارم بە هەموومانەوە بتوانین مێژووی پڕ خوێناوی گەلەكەمان بنوسینەوە وسود لەچیرۆكەكان وەربگرین بۆ ئەوەی سەرجەم نەوەكانی داهاتوو لە ئازارەكانمان تێبگەن و بەها بۆ ژیان و ئازادی دابنێن و ببنە داكۆكیكار لە خاك ونەتەوە.ئەمە كورتەیەكی چیرۆكی ژیانی تاقانەیەكی ئەنفالی گەرمیانە بە هەزاران كەسیش هاوشێوەی ئەون. بێگومان چیرۆكی ئەنفال و تاوانە خوێناویەكانی كورد كۆتاییان پێنایەت تا مرۆڤایەتی مابێت. نوسینەكان بەردەوامن لە كاری خۆیان بەڵام ناتوانن گێڕەرەوەی تەواوی بن. بۆ سەرجەم كەسو كاری سەربەزی شەهیدان و سەرجەم مرۆڤایەتی ژیان بۆ كەسمان ناوەستێت بەڵام ئێمە ئەبێت خۆمان ڕوناكی بدۆزینەوە ئەبێت سەربەرزانە بژین بۆ ئەوەی بمرین.ئەوە گرنگە بەهێز بین و دوای هەموو تاوانێك هەوڵبدەین بگەڕێینەوە بۆ ژیان, بە و هەستەوە دەتوانین دوژمنانمان ببەزێنین.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.