مارس 10, 2015 Omer دەربازبووان لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر …… دیدار لەگەڵ دەربازبووی گۆڕی بەکۆمەڵ -عارف قوربانی
لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر
دیدار لەگەڵ دەربازبووی گۆڕی بەکۆمەڵ
عارف قوربانی
پێشكەشە:
بە (عەبدوڵڵا خەرابەیی)
كە هاوڵاتیەكی گوندی خەرابەی دەشتی كۆیە بوو لە ئەنفالی چواردا كاتێك هەزاران ژنو مناڵی ناوچەكەیان دەستگیركرد.. (عەبدوڵڵا) لەناو حەشارگەیەكدا خۆی حەشاردابوو نەكەوتبووە دەستی سوپا، لە حەشارگەكەوە چاوی لێبوو كە دوو سەرباز لەناو قامیشەڵانێكدا كچێكی كورد راودەنێنو دەیانەوێ پەلاماری بدەن، سەربازەكان بەزۆر جلەكانی لەبەردا دەدڕێنن.. ئەم دیمەنە وا لە عەبدوڵڵا خەرابەیی دەكات چاو لەمەرگی خۆی بپۆشێو لەحەشارگەكەی دێتە دەرەوەو هەردوو سەربازەكە دەكووژێ.. لەدەنگی تەقەكان هێزەكانی تری ناوچەكە بەئاگا دێنو پەلاماری ئەو شوێنە دەدەنەوە، شەڕ لەنێوان سوپای ئەنفالكەرو عەبدوڵڵادا دروست دەبێت كە هێزی پشتگیری بوو.. شەڕ دەكاتو چەند سەربازێكی تریش دەكوژێ، دوای ئەوەی فیشەكی پێنامێنێت دەستگیری دەكەنو (بارق عەبدوڵڵا) سواری كۆپتەرەكەی خۆی دەكاتو لەبەرزایی ئاسمانەوە بەریدەداتە خوارەوەو شەهید دەبێت.
پێشەکی :
زۆر زۆربوون ژمارەی ئەوانەی بەر شاڵاوی بەدناوی(ئەنفال) كەوتن..زۆرن ژمارەی ئەوانەی پڕیشكی ئاگری ئەنفالیان بەركەوت و زۆریشن ئەوانەی ئاگایان لە كارەساتی ئەنفال هەیە.. بەشێكی زۆریش شایەتحاڵمان هەیە كە وردەكاری دەربارەی چۆنیەتی كۆكردنەوەی گوند نشینەكان و گرتن و گواستنەوەیان لەناوچەكانی خۆیانەوە بۆ سەربازگەكان و دواجار بۆ كەمپەكانی دەست بەسەراگرتن بۆ دەگێڕنەوە.. تا ئەوانەی خوشك و براو ئازیزانیان بەبەر چاویانەوە دەست و چاویان بەسترایەوە و خرانە ناوسەیارەی(موقەپەتەوە) و بەرەو شوێنی نادیاربران.. تا ئێرە شایەتگەلێكی زۆرمان هەیە گەرچی قسەو باسێكی كەمیان نووسراونەتەوە و بوونە بە بەشێك لە مێژووی ئەنفال، بەڵام ژمارەی ئەوانە زۆر كەمن كە شایەتحاڵی گوللەباران و چۆنیەتی زیندە بەچاڵكردن و لە گۆڕی بەكۆمەڵدا كوشتنی ئازیزانمان بێت..زۆر كەم و دەگمەنن، ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكاتو تەنها(5)شایەتحاڵی زیندوومان هەن كە خۆیان ئەنفالكراون تا دیار چاڵەكانی مەرگ هاوسەفەری ئەنفالەكانمان بوون و خۆشیان كەوتونەتە بەر لوللەی چەكی بێ بەزەییانەی جەلادەكانی بەعس و بە رێكەوت دوای بریندار بونیان و خۆ دزینەوەیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە گەڕانەوە.. تا ئەو تراژیدیاو دیمەنە سامناكانەی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكان بگێڕنەوە و ئەو بۆشاییە گەورەیەی بە مێژووكردنی ئەنفال پڕ بكەنەوە كە جگە لەوان كەسی تر بەو نهێنیانەی نەزانیوە..(فەرەج)یەكێكە لەو (5) كوردە ئەنفالكراوەی دوای گوللەباران كردن، خوا زیندووی كردەوە و گەڕایەوە نیشتمان تا ئەم بەسەرهات و مەرگەساتە بۆ مێژوو و بۆ ئێستا و بۆ نەوەكانی داهاتوو بگێڕێتەوە.
*كاك فەرەج من زۆر دەمێكە بە ئاواتی ئەوەوە بووم كە چیرۆكی ژیانی تۆ و هاوڕێكانت ئەو چوار كەسەی تر كە وەك تۆ لە گوللەبارانكردنی ئەنفال رزگاریان بوو بینووسمەوە، وا رێكەوت كە تۆ شەرەفی كەسی یەكەمت بەركەوت..
-باشە، بەخێر بێی بەڵام وەك وتم بەمەرجێ رەچاوی ئەو تایبەتمەندیەی وەزعی من بكەی.
*بە چاوان رازیم..! یەكەم پرسیاریشم لێرەوە دەست پێدەكەم كە ناوی سیانی و ساڵ و شوێنی لە دایك بونت بڵێی..!؟
-ناوم فەرەج محەمەد عەزیزە لەدایك بووی ساڵی 1950 گوندی تۆپخانەی سەربە ناحیەی قادركەرەمم.
*هەر بە ئەسڵ خەڵكی تۆپخانەبوون یان لە شوێنی ترەوە چوونەتە ئەوێ..؟
-وەڵاهی نازانم بەڵام گۆڕی باوك و باپیرم لەوێیە ئیتر نازانم پێشتر لەكوێ بوونە..
*تۆپخانە دێیەكی چەند ماڵی بوو..؟
-10 بۆ 12 ماڵ.
*قوتابخانەی تیابوو یان حوجرەی ئاینی ..؟
-نەخێر..
*تۆ خوێندەواریت هەیە..؟
-نەمخوێندوە و خوێندەواریم نەبووە بەڵام ئێستا خەریكم فێری ئینگلیزی دەبم..!
*كاك فەرەج من دەمەوێ هەندێ بیرەوەریت بگێڕمەوە بۆ سەردەمی مناڵی و لەوێ وە دێینەوە بۆ سەردەمی ئەنفال.. حەز دەكەم لەخۆت بپرسم لەكوێ وە دەست پێبكەین..!؟
-من نازانم لەكوێ وە دەست پێبكەم، تۆ چی ئەپرسی من بیزانم وەڵامت ئەدەمەوە و نەشیزانم خۆ نامكوژی..
*مەبەستم ئەوەیە بیرەوەریت لەكەیەوە دەست پێدەكات یاخود هەست دەكەیت چی شتێكت لە بیرماوە كە هەست بكەی شتی تری پێش ئەو تەمەنەت لەبیرنیە..!؟
-هەروا دێتە بیرم مناڵ بووم ماڵمان لە تۆپخانە باری كرد بۆ (حەسەن پرچن)..
*نازانی ساڵەكەی كەی بوو یان گەر باسیان كردبێ ئەوكات تۆ چەند ساڵان بووی..!؟
-وابزانم ساڵی 1956 بوە..
*نازانی بۆچی بارتان كردووە لەكاتێكدا ئەڵێی گۆڕی باوكم و باپیرم لە تۆپخانەبوون..؟
-من ئەوكاتەم بەوشێوەیە لەبیرنیە بزانم بۆچی بارمان كردوە.. بەڵام وابزانم بەهۆی ئەوەوە بووە كە بەشێكی زۆری خزمەكانمان لە(حەسەن پرچن)بووە.. هەرچەندە من هەر مناڵ بووم تەمەنم نۆ ساڵان بوو لەوێش بارمان كرد بۆ(قشڵاخ كۆن)چونكە هەندێ ئاغای لێبوو لەسەر زەوی و زار ناكۆك بوین ئێمە لە ئاوایی بارمان كرد..
*لەماڵەوە چەند سەر خێزان بوون..؟
-خێزانێكی زۆر بوین، باوكم سێ ژنی هێناوە، ئێمە(6) خوشك و (2) برا بوین بەڵام دوایی باوكم ئەمری خوای كرد دایكم شووی كردۆتەوە بە مامێكم (4) برای تریشم هەبوو كە دایك برام بوون..
*گەرچی ئەوكات خەڵك بەگشتی هەژاربووە.. دێتە بیرت كە ئێوە گوزەرانتان چۆن بوو..؟
-بەوخوایە برا نازانم بەڵام ئەزانم مەعیشەتمان لەسەر مەڕداری و كشتوكاڵ كردن بوو زەوی و زارمان هەبوو گەنم و جۆمان لێ ئەكرد و مەڕداریش بووین..
*ساڵی 1963 كە لای كورد بە ساڵی (بەعسیەكە) ناسراوە ئەوكات تۆ تەمەنت 13 ساڵان بووە، بێگومان بیرەوەری ئەوكاتەت باشتر لەیادە..!؟
-ئا،ئا، ئەوكاتە هەراش بووم..
*هەست ئەكەی چی رووی دا لە دێیەكەی ئێوە و ناوچەكەتان..!؟
-ئەوكاتە تازە تاك و تەرا پێشمەرگە پەیابوو بوو بەڵام ئێمە چونكە نزیك بوین لە لەیلانەوە كەمتر ئەهاتنە لای ئێمە.. هەروەها(حەرەس قەومی) یش هەبوو ئەوانیش ئەهاتن بەڵام چونكە نزیك بوین لە لەیلانەوە ئەمانە زۆرتر ئەهاتن..ئەوكاتەی تاڵانیەكە دەستی پێكرد نازانم هۆی چی بوو وابزانم ئەیانوت(حكومەت گۆڕاوە) عەرەب پێ پەتی هاتن وەك رەوە كوللە لەگەڵ حەرەس قەومی و جەیش دا دایانە سەرناوچەكەدا، بەڵام ئەوكاتە وەك ئەم دواییە نەبوو هەر لە ئاوایی دەرچویتایەتە ئەو هەردە و هەڵەتانە خۆت لە بەڵا ئەپاراست.. ئێمە چوینە ئەو(جەوەڵە) تا دایانە سەر دێیەكەدا و رۆیشتن و كاتێ گەڕاینەوە ئاوایی سەیرمان كرد هەرچی هەیە تاڵانیان كردووە ئاگریان ناوەتە خانوو و ماڵەكانیشەوە..مەڕ و ماڵاتیان گشت بە تاڵان بردبوو یەك دوو (كەر) لە ئاوایی بوو كوشتبویان.. من ئەو كاتە(بەچكە ئاسكێكم هەبوو) كە هاتینەوە نەمابوو بردبویان بەقەدەر ماڵ و هەموو كەل و پەلەكانمان بۆ ئەو بەچكە ئاسكە پێم ناخۆشبوو.. ئیتر ئەو ساڵە ساڵێكی ناخۆشبوو ماڵی هەموو كورد فەرهود كرا و خانوی هەموو ماڵێكیان سوتان.. بەچەند مانگ دوای ئەوە ئەوسا هەركەس خانووی دروست كردەوە..بەڵام بە رەزالەت خەڵك فەقیر بوو.
*جگە لە ئەنفال ئەوە دواجار بوو ماڵتان بسوتێ..!؟
-نەوەڵا لە ساڵی 1965 جارێكی تر جەیش دایە سەر دێیەكەدا سووتانیان..
*هەموو ناوچەكەیان سوتان یان هەر گوندەكەی ئێوە..؟
-وابزانم هەر دێیەكەی ئێمەبوو پێشتر پێشمەرگە هاتبوونە ئەوێ لەبەر ئەوەبوو..
*كەی خێزانت پێكەوە ناوە و لە ئەنفال دا چەند مناڵت هەبوو..!؟
-ساڵی 1967 ژنم هێناوە.. سێ چوار ساڵ مناڵمان نەبوو، یەكەم مناڵم لە ساڵی 1971 بوو كچم بوو ناوی ( نەخشین)ە . دوا مناڵیشم ساڵی 1987 بوو كوڕە و ناوی(كاروان)ە (9) مناڵم هەبوو لەكاتی ئەنفال دا.
*سیستەمی ئەم وڵاتە وابوو لە 18 ساڵیدا دەبوو نێرینە بچێتە ریزی سەربازی.. كەی بووی بەسەرباز..؟
-من سەربازیم نەكردووە..
*بەهۆی چیەوە..؟
-هەر فیرار بووم..
*تاكەی
-كە موالیدم هاتەوە بۆ سەربازی نەچومە پێشەوە فیرار بووم تا ساڵی (1975) ئەوكاتە بە (عائدون) خەڵكیان تەسریح دەكرد منیش بەو شێوەیە رزگارم بوو لە سەربازی..
*دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول .. رژێم دەستی كرد بە راگوێزانی گوندێكی زۆری كوردستان چ لە ناوچە سنوریەكان و چ لە ناوچە نزیك بە عەرەب نشینەكان و لە ئۆردوگادا خەڵكەكەی نیشتەجێ كرد .. ئەم پرۆسەیە تا شەڕی عێراق –ئێران بەو شێوەیەبوو گوندەكەی ئێوەی بەرنەكەوت..!؟
-نەخێر تا ساڵی 1987 گوندەكەمان مایەوە..
*هیچ جارێكی تر پەلاماری سوپای عێراق نەكراوەتە سەرتان..!؟
-هەر ئەو دووجارەی(63و65)سوتاو تاڵان كراین. ئیتر تا ساڵی 1980 لە مەترسی بەدوور بووین بەڵام لە 80 بۆ 87 چەند جارێك تەیارە لە دێیەكەی داوە یان تۆپ باران كراوین ماوەیەكیش بەرلەوەی دێیەكە بروخێنن هەموو هاتوچۆكردنێك قەدەغە بوو لەدێوە بۆشار و لە شاریشەوە بۆ دێیەكان بەشەو و بەرۆژ چاودێری رێگاو بانەكان ئەكرا كۆپتەر هەرچی بەدی بكردایە رەمی لێدەكرد ئەو ماوەیەش وەزعمان زۆر خراپ بوو..
*بەشێوەی رەسمی تەبلیغ كرابوون كە هاتو چۆكردن قەدەغەیە..؟
-ئارەوەڵا..
*كێ تەبلیغی كردن..!؟
-حكومەت..
*چۆن پێی راگەیاندن بە نووسراو یان هەر بە راگەیاندنی زارەكی..؟
-چۆن یەعنی..!
*یەعنی كەسێك هات نووسراوێكی پێبێ و بڵێ ئەم نووسراوە حكومەت ناردویەتی كە ئاگادارتان بكەمەوە هاتووچۆكردن قەدەغەیە.. یان بەجۆرێكی تر تەبلیغ كران..!؟
-نا، كەس نەهات پێمان بڵێ..!
*ئەی چۆن زانیتان كە ئیتر هاتوچۆكردن قەدەغەیە..كە كەس تەبلیغی نەكردبوون..!؟
-ئێ كاكە تەبلیغ چیە، ئەو بەئاشكرا جاش و عەسكەری ئەهاتنە سەر رێگاوبانەكان رێگای هاتوچۆیان نادا ، كۆپتەر لەئاسمانەوە سەیارە و تەرەكتەر و بەخوا شوانیشی بدیایا رەمی لێ ئەكرد ئیتر تەبلیغ چیە لەوە زیاتر..
*ئەم حاڵەتە ماوەی چەنێ بەر لە روخانی گوندەكەتان بەردەوام بوو..؟
-لە سێ ساڵ پێش ئەنفالەوە ئێمە ئاوا ژیاین تا بەو دەردە چوین ..
*ماوەی ئەو سێ ساڵە چۆن پێداویستیەكانی خۆتان دابین دەكرد بەتایبەتی ئەوانەی كە زەروری بوون و هەر دەبوو لەشاربەدەستی بێنن..!؟
-بەدزییەوە و بەقاچاغ زۆرجاریش بەرتیلمان ئەدایە ئەو جاشانەی كە مەفرەزە بوون و لەسەر رێگاو بانەكانمان یان رەبایەیان هەبوو ئەوان ئەیانهێنا و بە پارەی زیاتر پێمانیان ئەفرۆشتەوە و خۆشمان بەبێ عاری خۆمان هەر هاتوچۆمان ئەكرد..
*ئەگەر كەسێكیان لە حاڵەتێكی وادا بگرتایە چیان لێدەكرد..!؟
-ئەیانگرت..
*كەس هەبوو لەگوندەكەی ئێوە بەو شێوەیە گیرابێ..!؟
-بەڵێ، من خۆم گیرام
*كەی..!؟
-لە ساڵی 1985 لە قشلاخ كۆنەوە چوم بۆ كەركوك تەرەكتەرێكم پێبوو(ئاڵفم) بۆ حەیوان كڕیبوولە گەڕانەوە لە رێگە گرتمیان..
*ئەوانەی گرتتیان چی بوون..!؟
-مەفرەزەی تایبەت هەبوو بۆ ئەو كارانە پێك هاتبوو لە(عەسكەر، جاش ، ئەمن و ئیستخبارات)..
*سجنیان كردی..
-هەر ئەو سەعاتەی گیرام بردمیانە(ئەمنی كەرامەی كەركوك)دوو مانگ لەوێ هێشتمیانەوە تەعزیبمیان دا دوای دامیانە مەحكەمەی تایبەت،(5) ساڵ حوكمی زیندانیان بەسەردا سەپاندم و تراكتۆرەكەشم(حجز)كرا..(15)مانگ لە ئەبو غرێب بووم دواتر گواستمیانەوە بۆ موسڵ (16) مانگیش لەوێ بووم.. لێبوردنێك دەرچوو بەر ئەو لێبوردنە كەوتم و گەڕامەوە بۆ(قشلاخ)
*كاتێ گیرای.. هیچ كەلو پەلێكی قاچاخ یان چەك و تەقەمەنی، بڵاوكراوەی دژ بە بەعس، لە تراكتۆرەكەتدا نەبوو..!؟
-نەخێر..
*تەنها لەسەر ئەوە گیرایت(ئاڵفت) پێبوو..؟
-لەسەر ئەوە گرتمیان كە لە دێوە بۆ شار و لە شارەوە بۆ لادێ ئەچم.. ئەوە لای ئەوان قەدەغە كرابوو..
*تۆ خۆت هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە..؟
-ئەوان هەر كەس لە شارەوە هاتوچۆی دەشتی بكردایە ئەیان ووت ئەوە یارمەتی پێشمەرگە ئەدات بەوشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵمان دەكرد وە ئەوەش لە دەشتەوە بۆ شار بچوایە ئەیانوت بۆ(تەنزیمات) ئەچێ.. ئەیانویست كورد لەناوبەرن ئیتر بەهەر جۆرێك بوایە ..
*دوای ئەو ماوە زۆرەی زیندانی بووی كە گەڕایتەوە گوندەكەت و ناوچە ئازادەكانی ژێر دەسەڵاتی(پێشمەرگە) چۆن ئەو دوو جیاوازیەت بەراورد ئەكرد..؟
-كە بەربووم و چومەوە وەزع خراپتر بوو كۆمەڵێ دێهاتی ناوچەكە روخێنرابوون و سوتێنرابوون.. چەندین جار هەلیكۆپتەر خەڵكی لە دێهاتەكان كوشتبوو سەیارەی سوتاندبوو.. خەڵك زۆر لە رەزالەتدابوو دنیا هەمووی مەترسی بوو..ماوەیەكی زۆر كەمی پێچوو تەیارە دای لە دێیەكەمان خێزانەكەم بریندار بوو بە پارچەی بۆردومانی تەیارەكان و دوای گوندەكەمانیان روخان خەڵك پەرتەوازە بوو.. سەرمان لێ شێوابوو ئەوەی خزمێ كەسێكی بوو لەشار یان لەناو حكومەت جوابی بۆ ئەنارد ئەی ووت بێن بۆ(موجەمەع) هەبوو ئەڕۆی بەرەو شارەكان ئەچووە(موجەمەعات) بەڵام ئێمە نەچوین بۆ شار.. ئاوایی بوینە دوو بەشەوە بەشێكیان باریان كرد بۆ شار و بەشەكەی تری كە ماڵی ئێمە و سێ ماڵی تریش بووین بارمان كرد بۆ (تۆپخانە) ئەو گوندەی لێی لە دایك بووم و گۆڕی باو و باپیرمی لێبوو.. كە چوین مانگی چواری 1987 بوو بەهاربوو هەر زوو ماڵمان دروست كرد..
*دوای ئەوەی گوندەكەتان روخاو هەستان بەوەش دەكرد رۆژ لەدوای رۆژ رژێم پەلاماری توند تر دەكاتە سەر گوندەكان بۆچی لە نێوان (ئۆردوگا و تۆپخانە) دا تۆپخانەت هەڵبژارد..؟
-ئەوان بە ئێمەیان نەوت خۆتان ئازادن كوێ هەڵدەبژێرن.. كە هاتن بۆ روخاندنی گوندەكەمان ئێمە لەترسا پێشتر چۆڵمان كردبوو كە گەڕاینەوە سەر ماڵە روخاوەكان خۆمان ئەو بڕیارەمان دا هەبوو ئۆردوگای پێ باشتر بوو هەبوو پێی خراپ بوو..
*تۆ خۆت چۆن بڕیاری ئەوەتدا نەچی بۆ ئۆردوگا..؟
-من لەبەر ئەوەی تازە لە(سجن) بەرببوم ئەوەندەم رەزالەت بینیبوو ئەوەندە ئازار و ئەشكەنجەیان دابوون ئەگەر كونێكم لە ئاسمان شك ببردایە بۆی ئەچوم ناهاتمەوە بۆژێر دەستی حكومەت.. ئێ مەڕداریش بوین ئەوەم بە باشتر زانی..
*پێت وابوو(تۆپخانە) ئەو شوێنەیە لەو مەترسیە رزگارت كات..؟
-تۆپخانە لە قشلاخ كۆنەوە كە ئێمەی لێبوین (10) سەعاتە رێ بەپێ دوور بوو، ئومێدمان وابوو كە حكومەت هەرناگاتە ئەوێ و ئەمانگوت رەنگە حكومەت هەر نەزانێ تۆپخانە لەكوێ وەیە..
*كەلە تۆپخانە نیشتەجێ بوون، مەترسی لەسەرتان كەمبوەوە..!؟
-ئا، كەچوینە تۆپخانە وەك وتم دوور بوو لە قوڵایی گەرمیاندا بوو ماوەیەكی زۆر ئاگامان لە هیچ دەنگوباسێ نەما.. لەمەترسی سوپای رژێم دوور كەوتینەوە، بەڵام دوای ماوەیەك وتی وتی ئەوە پەیابوو كە حكومەت هەر رۆژەی پەلاماری گوندێ ئەدات و هەواڵ ئەهات كە فڵانە دێیان سوتان و تەیارە لە فڵانە گوند لە سەیارە و تەرەكتەری داوە یاخود شوانی كوشتوە.. بۆیە هەر ترس و دڵڕاوكێ بەردەوام بوو..
*كێ ئەو هەواڵانەی بۆ ئەهێنان..؟
-كام هەواڵ..!!!؟
*ئەوەی كە دەڵێی هەواڵ ئەهات كە فڵانە دێیان سوتان و كۆپتەر خەڵكی كوشت؟
-هاتوچۆی شار قەدەغە بوو بەڵام لە نێوان دێهاتەكاندا هاتوچۆ هەر هەبوو، پێشمەرگەش بەردەوام لەناوچەكە بوون و جەولەیان دەكرد..(تۆپخانە) دوور بوو لەشارەوە وەك قشلاخ كۆن نەبوو لە بندەست لەیلان بوو پێشمەرگە كەم دەهاتن.. بەڵام لێرە بە پێچەوانەوە بوو، جەیش نەیئەوێرا بێتە ناوچەكە..
*كەواتە زیاتر بەهۆی جەولەی پێشمەرگەوە ئاگاتان لەو روداوانەبوو كە رویان ئەدا..؟
-بەڵێ.. بەشێكیشی بەهۆی هاتوچۆی خەڵك لە دێیەكانی ترەوە بوو..
*هیچ كات لە پێشمەرگەكانتان ناپرسی بۆچی حكومەت دێیەكان دەروخێنێ..؟ یاخود لێیانتان ناپرسی ئەگەر سوپا بێت و پەلامارمان بدات ئێوە چی دەكەن.. دەمانپارێزن..!!؟
-پێشمەرگەیش هەروەك ئێمە ئەیزانی.. كاتێك ئەمانبیست كە سوپا گوندێكی سوتاندووە..
*من مەبەستم ئەوەبوو ئێوە ئەتانپرسی..!؟
-نەمانئەپرسی، بەڵام خۆمان ئەمانزانی كە ئەگەر سوپا بێتە سەرمان ئەوە پێشمەرگە لێی ئەدات و تێكی ئەشكێنێ..
*خۆیان هیچ كات ئەو قسەیەیان بۆ كردبوون، كە ئەگەر سوپا هات ئەوا تێكی ئەشكێنن؟
-بەڵێ كردبویان و بەچاوی خۆشمان چەندین جار بینیمان كە سوپا پەلاماری گوندێكی ئەدا چۆن پێشمەرگە بەرگریان لە خەڵكی گوندەكە ئەكرد و خۆیان ئەدا بەكوشت لە پێناو پاراستنی خەڵكی گوندەكەدا..
*ووتت ئاگامان لەوە هەبوو كە رۆژ لەدوای رۆژ رژێم زیاتر پەلاماری چڕتر ئەكرد و گوندی زۆرتری دەسوتان.. بیرتان لەوە نەكردەوە بەدوای رێگا چارەدا بگەڕێن و خۆتان لەدەستی سوپا بپارێزن..!؟
-ئێ كە بارمان كرد بۆ تۆپخانە بۆ ئەوەبوو خۆمان لەدەستی سوپا و جاش بپارێزین..!
*مەبەستم دوای چونتانە بۆ(تۆپخانە) كە ئێوە لەوێ بوون ئاگاتان لە سووتانی گوندەكانی تر هەبوو..؟
-ئەوكات بڕوامان وانەبوو حكومەت بگاتە (تۆپخانە) وامان ئەزانی هەر گوندەكانی نزیكە و شار و جادەكان ئەروخێنێ.. هەربۆیە زۆرێك لە خەڵكی ئەو گوندانەش كە ئەڕوخێنران خەڵكەكەی زۆر بەكەمی رێگای شار و ئۆردوگای ئەگرتە بەر هەمووی هەر بۆ گوندە دوورە دەستەكان ئەڕۆیی.. وامان ئەزانی حكومەت ناگاتە ئەوێ..!
*ئەی ئەوكاتەی كە پێشمەرگەی ناوچەكەتان هەمووی بانگ كران بۆ سەركردایەتی روون بوەوە كە رژێمی بەعس ئەیەوێ پەلاماری ناوچەكانی سەركردایەتی شۆڕشەكە بدات.. ئەوكاتەش هەستان بەمەترسی گەورە نەكرد..!؟
-ئەوكاتە، نەوەڵا.. لەبەر ئەوەی چەند ساڵێكی زۆر بوو شەڕی نێوان كورد و عێراق هەر بەردەوام بوو زوو زوو سوپا پەلاماری هێزی پێشمەرگەی ئەدا.. ئەوكاتەش كە پێشمەرگەی ناوچەكەمان چوون بۆ سەركردایەتی وەك زۆربەی جارەكانی تر ئێمە هەر وامان ئەزانی شەڕەكان وەك جاران وایە حكومەت پەلامارێك ئەدات و پێشمەرگە تێكی ئەشكێنێ و شەڕ كۆتایی دێت..! بەڵام چوزانین ئەمجارە پێچەوانەی جارەكانی ترە و ئەمجارە سوپا پێشمەرگە تێك ئەشكێنێ و پەلاماری خەڵك ئەدات..
*پێشتر قەناعەتتان وابوو كە پەلاماری خەڵك نادات، تەنها پەلامارەكانی لە دژی پێشمەرگەیە..!؟
-ئەی زوتر زۆرجار شەڕبوە، مەگەر خەڵك لەكاتی شەڕەكاندا پێوە بوبێت یان گیرابێ دوای بەردراوە.. كە كۆپتەر و تەیارەش چەند ساڵێك بوو هاتوچۆكردن و ئاگری سەیارەی بدیایە تەقەی دەكرد هەر وامان ئەزانی وا ئەزانێ پێشمەرگەیە بۆیە لێی ئەدات.. بەڵام ئەمجارە وانەبوو هیچ جیاوازی نەكرد لە نێوان پێشمەرگە و مناڵی ناو بێشكەدا..
*كەی زانیتان كە مەترسیەكان زۆر لەوە گەورەترن كە ئێوە تەسەورتان دەكرد..!؟
-ئەوكاتەی پێشمەرگەی ناوچەكە بانگ كران بۆ سەرەوە ئیتر هەواڵی ئەوە بڵاو بۆوە كە حكومەت جەیشێكی زۆری كۆكردۆتەوە و پەلاماری ئەو ناوچانە ئەدات كە سەركردایەتی(ی.ن.ك)ی لێیە.. دەنگ و باسی شەڕ بڵاو بۆوە بەهۆی (ئیزگەی شۆڕشەوە) ئەمانزانی كەچی رووئەدات چونكە رۆژانە هەواڵەكانی ئەخوێندەوە، ئێمەش تەنها شتێ كە وەزعەكەمان بۆ باس بكات ئەو(رادیۆیە)بوو.. بەهۆی ئەو رادیۆیەوە ئەمانزانی كە رۆژ لە دوای رۆژ پەلاماری سوپا و جاش و كۆپتەر زیاتر دەبێت.. بەڕاستی خەمی گەورەمان بوو كە پێشمەرگە نەشكێ چونكە مانەوەی خۆمان لە سەركەوتنی پێشمەرگەدا بەدیدەكرد.. رۆژانەش كە هەواڵی شكستی پێشمەرگەمان دەزانی ئەمانزانی كە لە مەرگی خۆمان نزیك دەبینەوە.. كاتێ كە پێشمەرگەكانیش بە شپرزەیی هاتنەوە و باسی شەڕەكانیان بۆمان كرد كەچۆن حكومەت دەستی لە ژن و مناڵ، تەنانەت لە ئاژەڵیش نەپاراستوە و بە تۆپ و تەیارە لە خەڵكی داوە ، ئیتر بە جارێ زراومان چوو، هیچ ئومێدێكمان نەما.. بەڵام دڵی خۆمان بەوە ئەدایەوە كە حكومەت هەر پەلاماری ئەو ناوچانەی داوە وا بارەگای سەركردایەتی لێبوە و كە ئێستا گرتویەتی ئیتر واز ئەهێنێ و هیچ لە سنوورەكەی ئێمە ناكات.
*هەست ناكەیت ئەوە جۆرێك لە خۆ هەڵخەڵەتانن بوو..!؟
-هیچ چارەیەكمان نەبوو تروسكەی ئومێدیش نەمابوو دەبوو خۆمان ئومێدێك بۆ ژیانمان دروست بكەین..خۆهەڵخەڵەتانن نەبوو، دڵخۆدانەوەیەكی ناچاری بوو..
*كە قەناعەتتان وابوو یاخود ئەو قەناعەتەتان لای خۆتان دروست كردبوو دڵی خۆتان پێی ئەدایەوە كە حكومەت تەنها پەلاماری ئەو ناوچانە ئەدات كە بارەگای پێشمەرگەی لێیە لەم كاتەدا چۆن لە پێشمەرگەكانتان ئەڕوانی كە لەناوچەكەتان دا بوون..؟
-دودڵ بوین لەلایەك ئەمانووت بەهۆی پێشمەرگەوە ئەترسین پەلاماری ئێمەش بدات و ئەشترساین كە ئەگەر پێشمەرگە نەبێ جاش و جەیش چاومان دەرئەكەن ئەوەندە دێتە سەرمان..
*رونت نەكردەوە لەوكاتەدا هەڵوێستتان بەرانبەر بە پێشمەرگە چۆن بوو..!؟
-ناڵێم دوودڵ بوین .. جارێك ئەترساین و لەترسا حەزمان ئەكرد پێشمەرگە لەلامان بێ تا بمانپارێزن و جارێكیش لەوە ئەترساین بەهۆی ئەوانەوە تیابچین.. كە خۆیشیان لەو ژوورە هاتبونەوە و باسی دەربەدەری و پەتپەتی ئەو خەڵكەیان دەكرد لەوە ئەترساین ئێمەش وەك ئەو خەڵكەمان لێبێ ، بۆیە لە ترسی روحی خۆمان حەزمان ئەكرد كە پێشمەرگەكان بچنە ئەو هەڵەت و جەوەڵانە كە ئەگەر جەیش هات دوور لە ئێمە شەڕی بكەن، نەك بەهۆی ئەوانەوە ئێمەش لە ئاوایدا تیاچین..
*ماوەی چەنێ بەم حاڵەوە مانەوە تا ئەوكاتەی ئەنفال گەیشتە لاتان..؟
-زۆری پێنەچوو.. هەر ماوەیەكی زۆر كەم دوای گەڕانەوەی پێشمەرگەكان هەواڵی ئەوەیان هاوردكە جەیش داوێتیە سەر قەراخدا و خەڵكی قەراخ و پێشمەرگەی ئەوێ بەشێكی خۆی گەیاندە گەرمیان ئیتر بەجارێ توقین و وتمان دیارە لەو ژوورەوە رایدەماڵێ و ئەو جەیشەی ناردویەتی بۆگیان سەركردایەتی بەسەر ئەم ناوچەیەدا ئەیگەڕێنێتەوە بۆ عەرەبستان وەك لافاو هەرچی بەركەوێ رایدەماڵێ و ئەیبات.. لەترسا لای خۆمەوە لێكم ئەدایەوە و ئەموت خۆزگە خەڵكی ئەم گوندانەی ناوچەی گەرمیان نەبوایەم، وام ئەزانی تەنها ئێمە بەو دەردە چوین چوزانین هەموو میللەتەكە بەدەردی ئێمە چووە..
*ئەی كاتێ پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەی قەراخیش گەیشتنە ناوچەكانی ئێوە كە بێگومان ئەوەی دیبویان بۆ ئێوەیان گێڕاوەتەوە ، ئەوكات چۆن بیرتان لەخۆ دەربازكردن نەكردەوە..!؟
-ئێ كاكە ئەوكات كار لەكار ترازابوو ئەو خەڵكە كاتێ گەیشتە لای ئێمە سوپا بەدوایانەوە بوو پەلامارەكان وەك بازنە لە هەموو لایەكەوە هەموورۆژێ توند تر دەبوو.. دوای ئەوە رێگای دەربازبوون كوا مابوو.. ئەو لە هەموو لایەكەوە چوار دەوری ناوچەكەی تەنی بوو.. بەڵام كورد ئەڵێ(مرۆڤ كەوتە ئاوەوە دەست بۆ كەفی سەر ئاوەكە ئەبات) بەراستی ئێمەش سەرباری ترس و دڵەڕاوكێ و ئەو هەموو قسەوباسانەی دەكران ، بەڵام بڕوامان ناكرد بەو دەردە بچین كە تێی كەوتین.. چونكە پێشتر ئێمە دێمان سوتێنرابوو ماڵمان روخێنرابوو.. كە زۆر ئەترساین ترسەكەشمان هەر ئەوە بوو كە سوپا دێت و جارێكی تر ماڵمان كاول دەكات و دەربەدەر ئەبین..
*پێشتر باسی ئەوەت كرد كە پێشمەرگەكان گەڕانەوە لە شەڕەكانی سەركردایەتی باسی ئەوەیان بۆ كردین كە رژێم بەهەموو جۆرە چەكێك پەلاماری خەڵكی داوە و تەنانەت جیاوازی لە نێوان مرۆڤو ئاژەڵیشدا نەكردووە..!؟
-ئا،ئا،.. ئەوانەیان پێمان ووت بەڵام ناڵێم ئەمانووت رەنگە بەهۆی ئەوەوە بوبێ كە بارەگای پێشمەرگەی لێبووە.
*كەواتە سەرباری مەترسیەكانی سوپا، هەستت بەوەنەكرد كە مەترسیەكە بەو شێوەیەیە كە ئەنفالی لێكەوتەوە..؟
-نەخێر.. نەك من هیچ كەس نەبوو لەم كوردستانەدا رۆژێك لە رۆژان بە بیریدا هاتبێ كە میللەتەكەی بەو دەردە دەچێت..
*بۆ، چەند جاریتر هەر ماڵی خۆت روخێنراوە..!؟
-هەزار جاریش ماڵمانی كاول كردبێ و خەڵكی دەربەدەر كردبێ ، كەس نەیئەزانی ئەم حكومەتە ئەوەندە زاڵمە..؟
*تۆ خۆت بێخەتا تەنها لەسەر چوونت بۆ كەركوك و گەڕانەوەت چەنێ زیندانی كرای.. زاڵمی لەوەزیاتر چی..؟
-كورە لە چاو ئەنفالەوە ئەوە كوا زوڵم بوو كە لەمن كرابوو.. ئەوەی لە ئەنفالدا كرا قەت نەبوە و قەتیش زوڵمی وا لە دنیادا دووبارە نابێتەوە..ئەوەی من لە ئەنفال دیم جورئەتی ئەوێ بیگێڕیتەوە.
*ئەوە وردە وردە دەچینە سەری ،ئەتوانی پێم بڵێی كەی پەلامارەكانی ئەنفال گەیشتە سەر ئەو گوندەی كە تۆی تیا ئەژیای، مەبەستم تۆپخانەیە..؟
-وەڵاهی ئاوا نازانم بە تەواوی چی رۆژێك بوو.. بەڵام كە پەلامارەكە بۆ سەر ناوچەی گەرمیان دەستی پێكرد ئێمە هەر ئەوكات ماڵ و مناڵمان خستە تەرەكتەرەوە بەرەو(نەحێكە) قادركەرەم ناردیانمان..تەرەكتەرەكەمان پڕكرد لە ژن و مناڵ شەوبوو كەوتنە رێ بەرەو قادر كەرەم و لەترسا بێ لایت و بە تاریكی رێمان دەكرد لەپڕێ لای(تیلەكۆ)تەرەكتەرەكە هەڵگەڕا و هەر خوا رەحمی پێیان كردبوو، ئەو هەموو ژن و مناڵە كەوتبونە ژێر عەرەبانەكەوە یەك دوانێ شەل و شیت بون بەڵام كەس نەمردبوو.. ئەوان بەو حاڵەوە ئاخری گەیشتبوونە قادر كەرەم و ماڵ و مناڵی من چوبوونە ماڵ(حاجی حەسەن) لەناو(ناحێكە).
*لەكاتێكدا ئەو هەواڵانەتتان ئەزانی كە پێشتر چی بەسەر ئەو خێزانانەدا هاتوون كە بەرەو شارەكان دەچوون و ئەوەشتان ئەزانی كە سوپا دەوری ناوچەكەی ئێوەشی وەك بازنە تەوق كردوە چۆن وێراتان یاخود بڕیارتان دا ماڵ و مناڵەكانتان بەرەو رووی ئەو ئاگرە بنێرن و لە خۆتان جیایان بكەنەوە..؟
-كە جەیش دەوری ناوچەكەی گرت و دێ بەدێ پەلاماریان ئەدا و ئەیان روخان و دەشت و دەر هەمووی جەیش و جاش گرتبووی و بەقەدەر نازانم بڵێم چەنێ هەلیكۆپتەریش بە ئاسمانەوە ئەسوڕانەوە و رەمیان ئەكرد.. ئیتر ئێمە هیچ دەروازەیەكمان نەمابوو هەموو ئەو خەڵكەش وەك یەك سەری لێ شێوابوو كەس نەبوو لەوی تر زیاتر ئەقڵی بە شتێكدا بشكێ .. گشت ئەو خەڵكە سەرگەردان بویمان.. وتیان مەلای مزگەوتەكان (قادر كەرەم) بە سەماعەی مزگەوتەكان بانگەوازی كردوە كە(عافواتە) و هەركەس خۆی بێتەوە تەسلیم بێت ئەوە هیچی بۆ نابێت و ئەوی كە سوپا بیگرێت وەك (ئێرانی) مامەڵەی لەگەڵدا ئەكرێت.. ئیتر بۆیە بڕیارمان دا ماڵ و مناڵ بنێرینە (ناحێكە) وتمان خوا ئەكات ئەوان ناگیرێن خۆمان هەر چۆنێك بێت لەو(كەڵوەزانە خۆمان ئەشارینەوە) تا بزانین خوا چی ئەكات..
*كێ پێی ووتن مەلای مزگەوتەكانی قادر كەرەم بانگەوازی(عافواتی) خوێندۆتەوە..؟
-ئەو خەڵكەی لەوێ وە ئەهات..!
*كەس هەبوو لەكاتی پەلامارەكاندا بتوانێ هاتوچۆبكات..!؟
-وەك رۆژی حەشر وابوو هەموو ئەو خەڵكە بەیەكدا ئەهات و ئەچوو لەناو ئەو بازنەی سەربازیەی كە بەدەوری ناوچەكەدا بوون و رۆژ لەدوای رۆژ تەسك تر دەبۆوە هاتوچۆكردن هەبوو لەم دێ بۆ ئەو دێ لەم پەل بۆ ئەو پەل..
*كێ بوون ئەوانەی هاتووچۆیان ئەكرد..؟
-پێشمەرگە و خەڵكی دێیەكان.. هێزی پشتگیری و لە(ناحێكە)یشەوە ئەو جاشانەی خزم و كەسیان لە لادێكان بوو ئەهاتن بە هەواڵی كەس و كاریانەوە..
*رژێم چۆن رێگای بە جاشەكان ئەدا بێن بۆ ئەو ناوچانەی كە هاتوو چۆكردن تیایدا( قەدەغەبوو)..؟
-وەڵاهی لەوە ئەچو حكومەت خۆی بیانێرێتا بێن دیعایە بڵاو بكەنەوە، چونكە كە هەریەكێ ئەهات و قسەی لەگەڵ خزمەكانی خۆیدا ئەكرد تا بیانباتەوە ئەو خەڵكەی هەمووی ئەتۆقان..ئەیوت ئەوەندە جەیش هاتووە دار و بەرد نایگرێ و بەخوا لە كونە تەیارەشدابن هەر ئەتانگرێ، خۆتان بێنەوە باشترە و عافواتەكە تەنها سێ رۆژە..
*كەس هەبوو بەقسەی جاشەكان بڕواتەوە..؟
-ئەروەڵا، ئەوەندە خەڵك بەقسەی جاش قوڕی كردە سەر خۆیداهەر مەپرسە..
*بۆ ئەوانەی كە چوونەوە بەرەو ناو رژێم و بە حیساب بەپیری بانگەوازی عافواتەكەوە چوون هەموو گیران و ئەنفالكران..!؟
-وەڵا ئەویش دوو بەختی بوو هەبوو رۆیشتەوە لە(ناحێكە) لەناو خزم و ناسیاودا خۆی حەشار دا و دوای رزگاری بوو هەیشبوو كە تەسلیم بۆوە قوڕ كرایە سەریا و هەتا ئێستاش بێسەر و شوێنە..
*تۆ وردتر بۆم باسكە.. ئەوانەی بەقسەی جاشەكان و بەپیری عافوات و بابڵێم بەپیری بانگەوازی مەلاكانی قادر كەرەمەوە چوون.. ئەوەی كە چوە ماڵەكان و خۆی تەسلیم نەكرد رزگاری بوو.. وە ئەوەی كە تەسلیم بووە وە ئەنفالكرا..!؟
-نا،نا.. شەرت نیە هەموو ئەوانەی چوونە ناحێكە و ماڵان رزگاریان بووبێ ئەوەش تەسلیم بۆوە ئەنفالكرابێ..هەبوو لەماڵەكانیشدا دوای گیراو ئەنفالكرا.. هەبوو لە فەوجی جاشیشدا خۆی تەسلیم كردبوو خۆی ناونوس كردبوو بۆ جاشێتی و كەچی ئەویش هەر ئەنفالكرا..
*كەواتە ناتوانرێ لەیەك جیابكرێتەوە.. یاخود چوونەوە و نەچوونەوە ناكرێت بە پێوەر بۆ ئەنفالكردنیان..!؟
-ئەی ناڵێم دوو بەختی بوو.. بەقسمەت بوو بەقسمەت.. ئەوەی قسمەتەكەی رۆیبوورۆیی و ئەوەش كە خوا لە چارەی نووسیبو بمێنێ ئەوە رزگاری بوو.. وەك من خۆ ئەنفالیش كرام و بەحیساب گوللەبارانیش كراین لە گۆڕی بەكۆمەڵدا ئەوەتا هاتیشمەوە..
*دوای ئەوەی ماڵ و مناڵەكانتان ناردە قادر كەرەم خۆتان چیتان كرد..؟
-هەردەكەی نێوان(قادركەرەم و بنەكە) لەوێ كەڵۆزی لێبوو لە ژێر هەندێ قامیشەڵاندا خۆمان پەنادا و چاوەڕێی قەدەر بووین..
*چەند كەس ئەبوون..؟
-من خۆم و(5) برام ، برایەكی دایك و باوكم و(4)دایك برام و (10)زەلامی تریش كە هەمووی ناسیاو و كەس و كاری یەكتری بووین..
*پێت وابوو تا چەند ئەتوانن لەوێ بمێننەوە.. یان بڕوات بەوە هەبوو كە لەناو قامیشەڵاندا بتوانن خۆتان حەشاردەن تاكو پەلامارەكە كۆتایی دێت..؟
-یاخوا كەس نەكەوێتە رۆژە رەشی واوە.. بێ نان و ئاو بێ جلو جۆڕ وا شەوێ دوان ئیدارەمان كرد.. بەڵام ترسەكە ئەوەندە زۆر بوو ئەگەر بتزانیایە هەر شوێنێ سەعاتێ لە مردن دوورت دەخاتەوەبۆی ئەچووی..ئێمەش هەروامان ئەزانی وەك ئەو هەموو جارەی تر كە پەلاماری ناوچەكەی داوە هەروا رۆژێ دوانە و ئەڕوات..
*ئەی پێشتر باسی ئەوەت كرد كە بەهۆی گەڕانەوەی پێشمەرگەكان و بەشێك خەڵكی دەربازبووی قەرەداخەوە هەواڵی ئەوەتان زانیوە كەچی بەناوچەكانی تر كردوە.. چۆن وات ئەزانی هەر رۆژێ دوانە و كۆتایی دێت..!؟
-ئێ ئەوخەڵكەیش كە هاتبوو لە قەرەداخ و پێشمەرگەكانیش خۆیان لە دەست سوپا رزگاریان ببو.. ئێمەش وامانزانی هەروەك لافاو دێت و هەرچی بەردەست كەوێرایدەماڵێ و دەیبات و وامان ئەزانی ئێمە بەو شێوەیە رزگارمان ئەبێ..
*تاكەی لەو هەردەیا مانەوە..؟
-هەر ئەو شەو و رۆژە لەدەشتا بووین و زەلام ناسیاو هات بەشوێنماندا وتیان حكومەت لاقەی كەس ناكات و ئەوەی گەڕاوەتەوە رزگاری بوە ئێوەش وەرنەوە..
*ئێوە بڕیاری چیتان دا..؟
-ئێ وا بۆت ئەگێڕمەوە.. ئیتر كە ئەو زەلامانە هاتن وەعدی ئەوەشیان لە مستەشارێك وەرگرتبوو بمانگرێتە خۆی، هەر كە خۆر ئاوا بوو كەوتینە رێ لەهەردەكەوە بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبین نەكەوینە دەست سوپا زۆر بەهێمنی و پەناپەنا بە سێ سەعات لە نێوان سوپاو دێیەكان و رەبیەكانی پشتردا كەلەسەر جادەكان بوون خۆمان گەیاندە قادر كەرەم و هەر ئەو شەوە من گەیشتمە لای مناڵەكانم لەماڵ(حاجی حەسەن).
*ئەی ئەوانەی تر واپێكەوە بوون ئەوان چیان كرد..؟
-هەر یەكەو چوە ماڵە خزم و ناسیاوێ.
*وەك بزانی خەڵكی تر هەبوون وەك ئێوە بە پیری بانگەوازی عافوات و بەڵێنی موستەشارەوە هاتبێتن بۆ قادر كەرەم..؟
-قادركەرەم جمەی ئەهات، خۆی چەنێ مەخلوقی تیابوو ئەوەنەی دێیەكانیش رووی تێكردبوو ماڵ وا هەبوو چەن ماڵ هاتبۆ سەریان..
*دواتر ئەو خەڵكە چییان بەسەر هات رزگاریان بوو لە ئەنفال..؟
-ئەوەی لە دێوە زوو بەدزییەوە خۆی گەیاندە شارەكان باشتر بوو بەڵام ئەویتری دوای هەمووی لە قادركەرەمەوە سواری سەیارە كران بەرەو چەمچەماڵ و دواتر بۆ تۆپزاوا و ئیتر بۆ شوێنی نادیار بران..
*تۆ خێزان و ماڵ و مناڵەكەت چیان بەسەر هات..؟
-لە قادر كەرەمەوە ئەوان خزم و ناسیاو گەیاندیانیانە كەركوك و ئەوان رزگاریان بوو بەڵام خۆمان قوڕكرا بەسەر ماندا..
*دوای ئەوەی لە قادر كەرەم و لەماڵی(حاجی حەسەن) یەكتان گرتەوە بۆچی جارێكی تر لە مناڵەكانت دابڕای..!؟
-كە لە ئاوایی لەیەكتر دابڕاین و ئەوانم نارد بۆ قادر كەرەم ، مەترسی لەسەر ئەوانبوو ئەموت خوا ئەكات ئەوان رزگاریان ئەبێ و ناكەونە دەستی زاڵم، خۆمان لەو دەشت و دەرەخۆمان حەشار ئەدەین.. كە هاتینە قادركەرەمیش وەزعەكە كۆتایی نەهاتبوو هەتا دەبوو خراپتر دەبوو.. لەوێش كەلەیەكتری جیابوینەوە هەر لەخەمی ئەوەدا بوین كە ژن و مناڵەكانمان نەكەونە دەست سوپاوە.. چونكە ناموس گرانە.. ئێمە هەر چۆنێ بوایا باشتر بوو ئەگەر بمانگرن بمانكوژن.. بەڵام ژن و مناڵ بكەوێتە بەردەست ئەو سوپا زاڵمە وەك ئەوە وابوو بەرخ بكەوێتە بەردەستی گورگ بۆیە خەمی گەورەمان ئەوانبوو كە ئەوانیشمان نارد بۆ شار كەوتینە مشوری ئەوەی كە زوو چارەسەرێكی خۆمان بكەین..خزمێكمان ناوی(فەرهاد)بوو جاش بوو رائیدێكی برادەری هەبوو تەگبیرمان كرد بەیانی زوو ئەو بچێتە لای ئەو رائیدە و قسەیەكی لەگەڵ بكات بزانێ چی ئەڵێ.. هەر بەیانی زوو چوبۆلای و گەڕایەوە ووتی وتویەتی هەر چۆنێكە عیلاجی خۆیان بكەن وەزعەكە زۆر پڕ مەترسیە و من هیچم پێناكرێ..
*ئەی چیتان كرد..!؟
-پەلەمەكە ئەوەنیە وا بۆت ئەگێڕمەوە.. ئیتر نائومێد بوین لەوەی بتوانین لەماڵاندا خۆمان بشارینەوە..
*تۆ وتت كە لە كەڵوەزەكە بوین هاتن بە شوێنماندا و بەڵێنیان لە مستەشارێك وەرگرتبوو كە بمانگرێتە خۆی، ئەی بۆ نەچوون بۆلای..!؟
-ئەوەی راستی بێت ئێمە ئەگەر زۆر لەناچاریدا نەبوایە و دەرویەكی ترمان شك ببردایە ناچوینە لای مستەشار .. چونكە لای مستەشار دەبوو ببین بە(جاش) كە لای ئێمە جاشێتی زۆر عەبێكی گەورەبوو، بۆیە سەرەتا ویستمان بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێین، بەڵام كە نائومێدبوین(حاجی حەسەن)مان نارد چوە لای (شێخ موعتەسەم) برای شێخ جەعفەر.. كە فەوجی خەفیفەی هەبوو فەوجی(64).. ئەو بەڵێنی دا كە ئەمانپارێزێ، بەڵام یەك مەرجی هەبوو كە هەریەكی چەكێ كڵاشینكۆف بكڕین و بە چەكەوە تەسلیمی بین..
*ئەو مەرجەتان قبوڵ كرد..؟
-هەر گەلێ مەمنونیش بووین، هیچ چارەیەكی تر نەبوو..
*چۆن چەكتان دابین كرد..؟
-ئێمە زۆر كەس لە لادێ چەكی خۆی هەبوو ئەوەشی نەیبوو ناچار كڕی.. چونكە ئەگەر چەكت پێنەبوایە وەریان نەئەگرتی..
*تۆ خۆت چۆن چەكت دابین كرد..؟
-من هەر لە ئاوایی چەكم هەبوو، هەر ئەو چەكەم پێبوو بەو چەكەوە تەسلیم بووم بەفەوجی(64) و بە حساب و وەعدی (شێخ موعتەسەم) كە هەر تەسلیمی بوین لای خۆی ناونوسمان ئەكات و ئەمانكات بە(جاش) و بەهۆی جاشێتیەوە ترسی گرتنمان نامێنێ و لەم لافاوەش رزگارمان ئەبێ..
*چۆن تەسلیم بوون، یان چۆن لە ماڵەكانەوە توانیتان بگەنە لای شێخ موعتەسەم..؟
-سەیارە هاتە شوێنمان لەماڵی(حاجی حەسەنەوە) بردمانی بۆ (چەم ئالیاوا) فەوجەكەیان بارەگاكەی لەوێ بوو..
*ئێوە چەند كەس ئەبوون بەوشێوەیە چونە لای مستەشار ..؟
-ئێمە كەچوین یەكەمجار وامانزانی هەر ئەوەنە كەسەین و دڵمان بەوە خۆش بوو ئەم(دە پانزە) زەلامە لەناو فەوجەكەدا هەر بە ئاسانی بزر ئەبین و ئەتوانێ هەر یەكی لەگەڵ كۆمەڵێ جاشی تردا لە رەبایەیەك دامان بنێ و كەسیش نەزانێ، بەڵام كاتێ چوینە بارەگای فەوج تەماشامان كرد دنیایەك خەڵكی لێیە..ئەتوت زەلامێ تر لە قادركەرەمدا نەماوە و هەمووی هاتۆتە ئەو فەوجە ئەوەنە گەنجی لێبوو هەمووی بەچەكەوە كە ئەگەر پەلاماری ئەو جەیشەیان بدایە بەهەموو حكومەت بەرگەی نەدەگرت..!
*جگە لەئێوە كە لەناچاریدا پەناتان بۆ بارەگای فەوجی (64) برد, تەنها چەكداری كوردی لـێ بوو. واتا تەنها جاش لەوێ بوون؟
-تا دوو رۆژ بەڵـێ..
*ئەی دوای ئەو دوو رۆژە؟
-هەندێ عەسكەری هاتن بۆ لای فەوجەكەو تێكەڵا بەفەوجەكە بوون..
*ئەو دوو رۆژەی كەهیچ عەسكەری لای فەوجەكەتان نەبوو, هیچ بیرتان لەوە نەكردەوە كە لەوێش خۆتان رزگار بكەن؟
-ئێ بۆ كوێ بچین ئەوە باشترین شوێن بوو كەهەڵمانبژارد بوو..!
*ئەی لەو دوو رۆژەدا هیچ جارێك قسەتان لەگەڵا مستەشارەكەدا نەكرد كەچیتان لـێ دەكات..؟
-زۆر خەڵكی لـێ بوو ئێمە هەر نەدەگەیشتینە موستەشارەكە تا ئەو پرسیارەی لـێ بكەین..
*ئەگەر بتانوویستایا بچن ئەو پرسیارەی لـێ بكەن كەس هەبوو رێگربێ لەبەردەمتان..؟
-وەڵاهی نازانم, ئێمە هیچ بیرمان لەوە نەكردەوە كەبچین ئەو پرسیارەی لـێ بكەینو لێیشی بەگومان نەبووین تا پرسیار بكەین, ئێمە مەمنون بووین كە داڵدەمانی دابوو.. چیمان لـێ دەكات, ئێمە پەنامان بۆ برد بوو لەدەستی سوپا بمانپارێزێ ئەویش مەرجی ئەوەبوو كە بەچەكەوە بچینو دەمانپارێزێ, ئەو كاتەی لەوێش بووینو كەس بەلامان دا ناهات, لای ئێمە ئەوەبوو كەئەو پیاوە (موستەشارەكە) وەعدی خۆی بردۆتە سەرو پاراستوومانێتی..
*لەو دوو رۆژەدا هیچ گومانێكت لا دروست نەبوو كەموستەشارەكە ئێوەی هەڵخەڵەتاندبێ كەوتویەتی بەچەكەوە تەسلیم بن بۆ ئەوەی بووبێ كەوەك پێشمەرگە تەسلیمتان بكات..؟
-لەوە ئەترسام بەڵام داڵغەی ئەوەم نەبوو كەئەوەنیەتی موستەشارەكە بێت..
*دوای ئەو دوو رۆژە كەئەڵێی (سەرباز) هاتنو تێكەڵا بە(فەوجەكەتان) بوون.. هەستت بەوە نەكرد كەئەم سەربازانە بۆ گرتنی ئێوە بێ..!؟
-ئێمە هەر چەندە چەكیشمان پێ بوو لەناو فەوجی جاشیش دا بووین بەڵام هەر لە(عەسكەر)ی ئەترساین كەئەوانیش هاتن ئێمە ئەو ترسەمان لـێ نیشت كەبۆ گرتنی ئێمە بێت بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەك خۆیان وا نیشان نەدا كەبۆ كارێكی لەو جۆرە هاتوون.
*ئەی وەك ئاگادار بی موستەشارەكە هیچی لەو بارەیەوە نەووت, قسەیەك بكات یاخود بەسەربازەكان بڵێ بۆچی هاتوون بۆ ناو فەوجەكەی ئەو،یان بەرنامەتان چییە..؟
-ئەگەر وتبێتیشی من نازانم.
*لەو ماوەیەی كەسەربازەكان لەوێ بوون تا ئەو كاتەی دەستگیركران لەو دوو نێوانەدا كەسی تر نەهات كەوەك ئێوە پەنای بۆ (موستەشارەكە) هێنابێ..؟
-بەردەوام خەڵكی تر ئەهاتو لەدواجاردا وای لـێ هات ئەو (چەمە) هەمووی پڕ بوو ئەوەندە خەڵك خۆی گەیاندبوووە لای شێخ موعتەسەم و داوایان لـێ كردبوو كەپەنایان بدات..
*جگە لەشێخ موعتەسەم هیچ موستەشارێكی تر هەبوو خەڵك بگرێتە خۆی..؟
-موستەشارەكانیش بوو بوون بەدوو بەشەوە هەبوو خەڵكێكی زۆری گرتە خۆیو چەكو تاخمی پێیان كڕی كەبەحساب بەو شێوەیە بیانپارێزێو دواتر هەموویان وێنەیان گیراو درایە تەلەفزیۆن كەئەمانە بەكرێگیراوی ئێرانن تەسلیم بوونەتەوە..
*بەكرێ گیراوی ئێران مەبەستیان لەچی بوو..؟
-مەبەستیان پێشمەرگە بوو..
*ئەی بەشەكەی تری موستەشارەكان..؟
-ئەو بەشەی تریان كە كەمترینیانە كەسیان نەگرتە خۆیان..!
*تۆ پێت وایە كە كەسیان نەگرتە خۆیان زانیوویانە كەدوایی ناتوانن بیانپارێزنو زانیوویانە كەئەنجامەكەی چییە.. یاخود بۆیە كەسیان ناگرتە خۆیان تاكەس رزگاری نەبێو هەموویان بكەونە بەردەستی سووپاوە.. یان لەترسا بووە كەنەبا رژێم بزانێو بەچاوی ئەوان تێیان بڕوانێ..؟
-ئەوەیان مەگەر خوا بیزانێ كەنیەتی ئەوان چی بووە… تۆ بۆ ناچی مقابەلەی خۆیان بكەی بڵێ لەئەنفال دا بۆچی كەستان نەگرتە خۆتان, وەڵامەكەی لای ئەوانە ئەوان خۆیان ئەزانن..!! یان بۆ چەكتان بەو هەموو گەنجە كڕی و تەسلیمتان كرد..!؟
*راستە بەڵام قسەمان بۆ ناكەن..!؟
-ئێ ئەوان خۆیان قسە ناكەن منیش ناتوانم لەجێی ئەوان وەڵامت بدەمەوە..
*كەی هەستتان بەوە كرد كە مەترسیتان لەسەرە و دەستگیر دەكرێن..!؟
-دوای ئەوەی عەسكەری هات و هاتوو چۆی تر دروست بوو بۆ لای سەربازەكان..رۆژێك هەلیكۆپتەرێك هات نیشتەوە(بارق)بوو.. لە لایەن شێخ موعتەسەم موستەشارەكەو ئامر سریەكانەوە پێشوازیان لێكرد (دوو بۆ سێ) سەعات (بارق)لایان مایەوە ئەوان پێكەوە بوون قسەیان دەكرد، ئێمە بێ ئەوەی بزانین باسی چیدەكەن وەك ئەوەی لە دڵمانی دابێ كە بۆ گرتنی ئێمە هاتبێ ئاوا ئەترساین چونكە ئەو (بارق)ە گەلێ زاڵم بوو..ئەمانووت هەر بۆ گرتنمان هاتووە.. بەڵام دوای كەوتنە نیشان نانەوە..
*كێ..؟
-بارق و شێخ موعتەسەم نیشانیان نایەوە و تەقەیان لێدەكرد.. دیاربوو كەیفیان پێدەهات هەر (حیلكە حیلكیان بوو) پێدەكەنین.. تا ئەوكاتەی (بارق)رۆیی دوای ئەوە كەوتنە ناونوس كردن و تەحقیق كردن لێمان.. ژمارەی چەك ناوی سیانی.. پیشە و كۆمەڵێ پرسیاریان كرد و ئەیاننوسی و دوای ناونوسینەكە(مصور)هات كەوتە وێنەگرتنمان بە كامێرای تەلەفزیۆنی ئیتر بەجارێ زراومان چوو وتمان بەخوا دیارە ئەمجارەیان تیا ئەچین..!
*كاتێ وێنەتان گیرا، چەكەكانتان پێبوو..؟
-ئا، ئا.. بەچەكەوە رەسممانیان گرت..
*هەستتان بەچی كرد..؟
-وەڵایی هەرچەندە هێشتا هەر چەكمان پێبوو بەڵام هەستمان كرد كە ئێمەزیندانین..
*ئەی هەستتان بەوە دەكرد كە وەك زیندانی وان بۆچی بیرتان لەخۆ رزگاركردن نەكردەوە لە كاتێكدا كە هێشتا چەكدارن..!؟
-ئەمە تۆ دوو سێ جارە باسی خۆ رزگار كردن بكەی، چۆن خۆمان رزگار بكردایە..!؟!
*ئێوە كە هەستتان بەوە كرد كە دەستگیر دەكرێن و باسی ئەوەت كرد كە ژمارەمان زۆر بوو ئەو هەموو چەكدارە پێكەوە بڕیاری ئەوەتان بدایە كە ئەوە قبوڵ نەكەن..!؟
-بەخوا پرسیارێ سەیرە.. كاكە، ئەو هەموو پێشمەرگەیەی ناوچەكە هیچی پێنەكرا و زۆری وەك ئێمە تەسلیم بوونەوە، ئیتر ئێمە چیمان پێدەكرا..
*پێشمەرگەش هەبوو تەسلیم بەو فەوجە بوبێت..!؟
-بەڵێ، زۆریش هەبوو..
*ئەوانیش وەك ئێوە وابوون، چەكداریش بوون و چاوەرێی قەدەر بوون..؟
-هەموومان وەك یەك وابووین.. تەگبیر كەرمان نەبوو تەگبیركەر..!
*ئەگەر كەسێك هەبوایە رێنمایی ئەو خەڵكەی بكردبا بە بۆچونی تۆ ئەنجامەكەی چۆن دەبوو..!؟
-هەر چۆنێك بوایە وەك ئێستا نەدەبوو..
*مەبەستت چیە وەك ئێستا نەدەبوو..!؟
-ئێ ئەو خەڵكە هەمووی تیاچوو.. ئەگەر هەرچیەكمان بكردایە ئەنجامەكەی لەوە خراپتر نابوو كە ئێستا ئەیبینی..
*كەواتا بەهۆی سەرگەردانی خۆتانەوە واتان بەسەر هات..؟
-بەهۆی سەرگەردانی خۆمانەوە نەبوو، بەرنامەی حكومەت بوو، بەڵام ئەگەر هەموومان ئاوا سەرمان لێ نەشێوایا بەشێكی ئەو خەڵكە هەر رزگاری ئەبوو..
*بۆ نمونە خەڵكەكە چیبكردایا رزگاری دەبوو..؟
-وەڵای نازانم ئێستا وادەڵێم، بەڵام ئەوكاتە و لەكاتی رووداوەكاندا بەقەدەر كونی دەرزییەك روناكی نەمابوو.. ئەو هەموو خەڵكە لە فەوجێكدا كۆببوینەوە ئەگەر هەر بڕیارێكمان بدایا رەنگە هەر تیابچوینایا.. چونكە سەرباز هەموو ناوچەكەی گرتبوو نەك تەنها نزیك و دەورووبەری فەوجەكەی ئێمە، بەڵام ئێستا ئەڵێم رەنگە هەمومان تیانەچوایاین.
*ئەی لەو حاڵەتانەدا كە وێنەتان گیرا و هەستتان بەوە دەكرد كە كار لەكار ترازاوە و دەستگیر دەكرێن.. هیچ قسەیەكتان لەگەڵ مستەشارەكەدا نەكرد.. پێی بڵێن كوا بەڵێنەكەت ..!؟
-بەو وەزعەی ئێمە مستەشارەكەیش وەك ئێمە سەری سوڕمابوو، چونكە ئەویش چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد كە روویدا..
*خۆی وای ووت..؟
-كێ..؟
*موستەشارەكە(شێخ موعتەسەم)..!؟
-نەخێر، خۆی وای نەووت بەڵام دیاربوو ئەویش وەزعەكەی بەلاوە سەیر بوو..
*چۆن ئەزانی وەزعەكەی بەلاوە سەیر بوو.. كێ ئەڵێ ئەوە رێكەوتنی نێوان(شێخ موعتەسەم و بارق) نەبووە..؟
-نا، ئەزانم كە فێڵیشیان لە شێخ موعتەسەم كردبوو..
*كێ فێڵی لێ كردبوو..؟
-حكومەت..
* بۆ..؟.
-بەویان نەوتبوو ئەو خەڵكەی ئەیگرنە خۆتان دوای ئەبێ تەسلیم بكرێن..
*كاك فەرەج ئەمە مەسەلەیەكی گرنگە.. رۆژێك دێت مەسەلەی ئەنفال بایەخی زۆری پێ ئەدرێ و وەك ئێستا بەفەرامۆشكراوی نامێنێ..بە وردی لەلایەن كورد خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.. مەسەلەیەكی زۆر گرنگە رادەی بەشداری كردنی كورد خۆی لە ئەنفالدا بزانرێ.. بە تایبەتیش موستەشارە كوردەكان، كە یەكیان(شێخ موعتەسەم)بوو ئەوەی ئێوەی تەسلیم كرد.. بۆیە داوات لێدەكەم لەم وەڵامانەدا زیاتر خۆت لەگەڵ (زاكیرەتدا) ماندوو بكە بۆ ئەوەی باشتر شتەكانت بیر بێتەوە.. من پرسیارەكەم ئەوەبوو كە ئێوەبە (شێخ موعتەسەم)تان ووت مەترسیمان لەسەرە.. بۆ ئەو وێنانە دەگرن.. بۆ ناومان دەنووسن.. بۆ تەحقیق دەكەن.. ئەم سەربازانە چین.. ئەم شتانەتان نەپرسی..!؟
-ئێمە لەبەر ئەوەی پێمان وترابووكە بەچەكەوە تەسلیم بین نەشر دەكرێن و لەفەوجەكەدا وەك جاشەكانی تر حیساب دەكرێن.. راستیت دەوێ تا ئەوكاتەی چەك كراین و خراینە سەیارەشەوە، هەر بڕوامان بە بەڵێنەكەی موستەشارەكە هەبوو تا ناو لیواكەی چەمچەماڵ ئەوكاتەی بەیەكجارەكی نائومێد بووین..
*من جارێكی تر دەپرسمەوە لە شێخ موعتەسەمتان پرسی ..!؟
-خەڵكەكە زۆر زۆر بووین لەناو خۆماندا شتمان زۆر لێك ئەدایەوە و هەزار و یەك پرسیارمان دەكرد، هەموو ئەوانەی تۆ ئەیڵێ و ئەبێ چیمان لێ بكەن، سەد جار ئەمانەمان لەیەكتری پرسی..
*من مەبەستم خۆتان نیە.. ناڵێم لەیەكتریتان پرسی یان نا..ئەڵێم لە شێخ موعتەسەمتان پرسی ..؟
-من خۆم نەمپرسی..
*ئەی كەسێك هەبوو لای تۆ بڵێ خۆم بە شێخ موعتەسەمم ووت و ئەو وەڵامەكەی وابوو..!؟
-نەْ ْ..
*ئەی ئیتر چۆن ئەزانی شێخ موعتەسەم وەك ئێوە حاڵەتەكەی بەلاوە سەیر بوو.. چۆن ئەزانی ئەو ئاگای لە هەموو شتەكان نەبوو..؟
-ئاخر ئەو زۆر شپرزە بوو بوو.. لەگەڵ یەك دوو زابتدا هەر بەیەكدا ئەهاتن و قڕەقڕیان بوو..
*لەوكاتەدا كە شێخ موعتەسەم وزابتەكانی وەك تۆ دەڵێی قڕەقڕیان بوو.. تۆ چەنێك لێیانەوە دوور بووی..؟
-وەڵای ئێمە دوور بوین لێیانەوە، بۆ..؟
*مەبەستم ئەوەیە بزانم گوێت لە قسەكانیان بوو باسی چیدەكەن..؟
-نەوەڵا ئەوان دوور بوون لە ئێمەوە.. گوێمان لەقسەكانیان نەبوو تەنها چاومان لێبوو..
*ئەی چۆن ئەزانی كە قڕەقڕیان بوو.. كێ ئەڵێ بۆخۆیان قسەی خۆشیان نەكردووە..؟
-نا، دیاربوو.. ئەوكاتەی بارق لەوێ بوو خۆ هەر لێمانەوە دوور بوون بەڵام ئەمانزانی كە(پێدەكەنن). ئەمەشیان ئەمانزانی كە توڕەن و دەست بادان و قسەكانیان دیاربوو (قڕەقڕ)بوو..
*تا كەی ئەو حاڵەتە لەنێوان(شێح موعتەسەم و زابتەكاندا) بەردەوام بوو..؟
-تا ئەوكاتەی گەیاندمانیانە(مەفرەقەكەی بانی مەقان) لەوێش سێ چارەك بۆ سەعاتێ ئێمەیان راگرت و هەر(قڕەقڕیان بوو) دوای ئەوە ئێمەیان برد بۆ چەمچەماڵ..
*بە چەكەكانتانەوە بردتانیان..؟
-نا، نا.. هەر لە(چەم ئالیاوا) چەكمانیان كرد..
* ئەوانەی چەكتانیان كرد هەر ئەو سەربازانە بوون كە پێشتر هاتبوون بۆ لاتان یان سەربازی تر هاتن..؟
– كە بارق هات ئیتر هەروا سەیارەی سەربازی بوو ئەهات و سەربازی هەڵ ئەڕشت، تا ئەوەنە زۆر بوون هەریەكێ لە ئێمە دە سەربازی بەردەكەوت..
* چۆن چەكتانیان كرد هەركەس لە راستی خۆیەوە پەلاماری دان یان بەو ناونووسینەیكە پێشتر ناونووس كران..؟
-دوای ناونووسینەكە تا ئەو كاتەی چەكمانیان كرد ئەوەندەی نەبرد.. كە ناونووس كراین و هەمووی تەواو بوو ئەوەندەی پێنەچوو كە چەكمانیان كرد..
*ناڵێم چەند دوای ناونوسینەكە چەك كران، مەبەستم ئەوەیە چۆن چەك كران..؟
-كە ناومانیان نووسی كۆمەڵ كۆمەڵ كراین.. چونكە تەنها لەیەك شوێن ناومانیان نانووسی.. لە چەندلاوە ناویان ئەنووسی و تەحقیقیان دەكرد و ریز دەكراین.. دوای ئەوەی تەواو بووین ئەو جا دەبوو هەر كۆمەڵە و لەبەردەم خۆیاندا یەكە یەكە بچن چەك و تاقمەكە دابنێن و لە لایەكی ترەوە ریزبن..
*كێ ئاوا ئیعازی ئەدا پێتان.. وا ریزبن.. چەكەكانتان لەوێ دانێن..؟
-ئەوانەی فەرمانیان ئەكرد ئەفسەربوون.
*ئەی كاتێ چەك كران، شێخ موعتەسەم لەكوێ بوو..؟
-ئەویش لەوێ بوو..
*بەدیارتانەوە بوو كاتێ چەكیان كردن..؟
-نا، نا.. ئەو هەر لەشوێنەكەی خۆی بوو لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی تردا.. بەڵام چاوی لێبوو.. دواتر هات بۆلامان.
* دوای ئەوەی چەك كران موستەشارەكە هات بۆلاتان..؟
– بەڵێ.
* هیچ قسەیەكی نەكرد..؟
– با، وتی ئەتانبەم بۆ سلێمانی و نەشرتان ئەكەم.
* ئەی كەس پێی نەوت وا چەك كراین و زیندانی دەكرێین..؟
– گوێم لێ نەبوو كەس وابڵێ.
* ئەی دوای ئەوە چیتر رووی دا.؟
– سەیارەیان هێنا و كەوتنە باركردنی ئێمە..
* سەیارەكان چی بوون.. سەربازی..؟
– نەْ ْ .. هەمووی كۆستەر بوو..
* ئەی شۆفێرەكانیان..؟
– هەر مەدەنی بوون..
* هەر سەیارەی چەند كەسیان تێكرد..؟
– سەیارەی 21 نەفەری بوون هەر سەیارەی دوو سەرباز سەركەوت لەگەڵماندا و ئیتر هەموو كورسیەكانی تری بۆ ئێمە بوو..
* چەند سەیارە ئەبوون..؟
– زۆر زۆر بوو.. نازانم..!
* كاتێ دەخرانە ناو سەیارەوە كە سەرباز لەگەڵتان سواربوو.. ئەمجارە شێخ موعتەسەم چیدەووت.؟
– ئەوكاتەی كە بەڕیز دەمانیان خستە ناوسەیارەوە هەر ئەیوت مەترسن بۆ سلێمانیە و قسەیەكی تریشی كرد..
* وتی چی..؟
– وتی كاكە كێ چەكی نیە من كەفالەتی ناكەم..
* كەس هەبوو بێچەك هاتبێ..؟
– بەڵێ، هەرچەند هەر یەكەم رۆژ پێمانی ووت كەس بێچەك وەرناگرم بەڵام هەبوو چەكی پێپەیدا نەكرابوو. من برایەكم چەكی بۆ دابین نەكرا بوو پێش ئەوەی سواری كۆستەرەكە بین بە شێخ موعتەسەمی ووت من چەكم نەهێنناوە..
* شێخ موعتەسەم وەڵامی چی بوو..؟
– وتی چاوت دەرچێ خوا ئەكا ئیعدام ئەكرێی.. پێتانم نەوت كەس بێچەك نەیات و من كەفالەتی ناكەم..
* كەواتا شێخ موعتەسەم پشت ئەستور بوە بەوەی كە ئەوی چەكدار بوبێ توانای پاراستنی هەیە..؟
– وای ئەوت بەڵام دوای وا دەرنەچوو..
* كەی بوو لە فەوجەكە بەڕێخران..؟
– دوای عەسر بوو..
* لەناو سەیارەكە هیچ قسەیەكتان لەگەڵ سەربازە حەرەسەكان نەكرد.. بڵێن بۆ كوێمان ئەبەن.. یاخود بڵێن بۆ زیندانمان دەكەن..؟
– ئەوان حەرەسی ئێمە بوون..ئێمەش نەمان ئەزانی سجنین.. هەر وامان زانی بۆ سلێمانی بۆ نەشر كردنمان ئەبەن تا ئەوكاتەی گەیشتینە بانی مەقان شێخ موعتەسەم خۆی لەگەڵ قافڵەی سەیارەكانمان دابوو لە بانی مەقان لە مەفرەقەكە زابتەكان ئەیانویست بەرەو كەركوك بمانبەن.. شێخ موعتەسەم ئەیویست بەرەو سلێمانی دیاربوو لەچەم ئالیاوا لەبارەگای فەوجەكەبە شێخ موعتەسەمیان وتبوو كە ئەیانبەین بۆ سلێمانی بۆیە وتم فێڵیان لەویش كردبوو چونكە لە(بانی مەقان) كاتێ ئەیانویست بەرەو كەركوك بەڕێمان كەن شێخ موعتەسەم زۆر پێی تێك چوو.. لەسەر جادەكە سێ چارەك بۆ سەعاتێ هەر لەگەڵ زابتەكاندا هەرای بوو لەسەر ئەوەی كە نەهێڵێ بۆ كەركوك بمانبەن.. بەوەیا ئەڵێم رەنگە موستەشارەكان نەیانزانیبێ كاتێ خەڵكیان گرتە خۆیان ئەنجامەكەی وا ئەكەوێتەوە.. چونكە شێخ موعتەسەم لە فەوجەكە لە(چەم ئالیاوا) كە سەركەوتین وتی مەترسن ئەتانبەین بۆ سلێمانی و نەشرتان ئەكەم لەبانی مەقانیش زۆر(قڕەقڕی كرد) لەسەرمان كە ئەگەر خۆی ئاگای لە هەموو شتێ بوایا و رازی بوایا لەسەری هەر لەبارەگای فەوجەكە كە سوپا هات و چەكمانیان كرد خۆی ئەدزیەوە..
دیاربوو لە(بانی مەقانیش)كە نەیهێشت بەرەو كەركوك بچین و بەرەو چەمچەماڵ هێنامانیان هەر لەسەر پێداگری(شێخ موعتەسەم)بوو رەنگە پێان وتبێ وا ئەیان بەین بۆ سلێمانی. چونكە دوای ئەوەی بەرەو چەمچەماڵ بوینەوە ئیتر (شێخ موعتەسەم) خۆی رۆیشت.. سەیارەكان لەمەقان هاتنە خوارەوە و لەبەردەم لیواكەی چەمچەماڵ كە سەربازی زۆری لێبوو رامانیان گرت و بەریز بەدوای یەكتریدا هەموو قافڵەی سەیارەكانیان بردە ناو لیواكەی چەمچەماڵەوە.
* كە ئێوەیان بردە ناو لیواكەی چەمچەماڵ خەڵكی تری لێبوو مەبەستم لە خەڵكی گوندەكانە كە دەستگیركرابێ..؟
– خەڵكێكی زۆری لێبوو.. پڕی ژن و مناڵ بوو.. تەرەكتەرێكی زۆری لێبوو شەرواڵی ژن كرابۆ چەنچی عەرەبانەی تەرەكتەرەكەوە، كە ئەو دیمەنەم بینی وەك ئەوە وابوو گوللەیەك بەسەر دڵمەوە بنێن.. ئیتر هەمومان نائومێد بوین نەك لەوەی كە نەشر ناكرێین. بەڵكو لە ژیانیش، وتم تازە تەواو چاومان بەدونیای رۆشن ناكەوێتەوە.. چونكە بەدیمەنی ئەو هەموو ژن ومناڵە كە لەناو لیواكەی چەمچەماڵدا خڕكرابوونە یەكتریدا.. ئیتر دڵنیابووم لەوەی كە ئەو هەموو قسەیەی دەكرا كە گوایە دەستی لە ژن و مناڵ نەپاراستووە و هەموو خەڵكەكەی گرتوە لەوێ كە چاوم بەو ژن ومناڵە كەوت ژن ومناڵەكانی خۆم بیركەوتەوە ترسی ئەوەم لێ نیشت كە ئێستا ئەوانیش گیراون.
* ئەی سەربازی زۆری لێبوو..؟
– هەر لە ئەقڵدا نەبوو.. نازانم ئەم حكومەتە سەگبابە ئەو هەموو سەربازەی لەكوێ بوو.. خوا ئاگادارە ئەتوت دەنكە تەزبیحە بەدوای یەكتریەوە بەڕیز وەستابوون و پاسەوانی لیواكە بوون كە پڕبوو لەژن و مناڵ و قوڕ بەسەری وەك ئێمە.
* چەنێ لە لیواكەی چەمچەماڵ هێشتانیانەوە.؟
– نزیكەی 3 چارەكە سەعاتێ.
* لە لیوای چەمچەماڵ تێكەڵ ئەو ژن و مناڵانەتانیان كرد یاخود بەجیا لەوان ئێوەیان دانا..؟
– ئێمە هەر لەناو سەیارەكان بوین.
* داتانیان نەبەزاند..؟
– نەخێر.
* ئەی بۆچی ئەو سێ چارەكە سەعاتە راتانیان گرد..؟
– نازانم..
* سەیارەكان وا ئێوەی تیابوون برانە كوێی لیواكەوە..؟
– ناو لیواكە هەمووی پڕی ژن و مناڵ بوو هەر لەسەر ئەو جادەیە رامانیان گرت وا ئەچوو بۆناو لیواكە..
* هەستت بەهیچ شتێ نەكرد، یا ئێستا چۆنی لێك ئەدەیتەوە پێت وایە بۆچی ئێوەیان بەو شێوەیە لە سەیارە راگرتووە..؟
– شوێن نەبوو دامان بگرنە كوێ..
* ئەی كە شوێن نەبوو بۆچی براونەتە ئەوێ..؟
– وەڵای رەنگە بۆ ئەوەبوبێ كە بەچاوی خۆمان ئەو هەموو ژن و مناڵە ببینین و بزانین كەچییان بەسەر هاتووە.
* لەماوەی ئەو سێ چارەكە سەعاتەدا هیچ كەسێك نەهاتە لاتان یاخود هیچ قسەیەكتان لەگەڵ سەربازە پاسەوانەكانی ناو سەیارەكەتاندا نەكرد..؟
– ئێمە خۆمان قسەمان نەكرد ئەگەر قسەشت بكردایە ئەوان جوابی ئێمەیان نادایەوە بەڵام هاتنە لامان و سەر لەنوێ ناومانیان نووسییەوە..
* كێ بوون ئەوانەی ناوەكانیان ئەنووسی..؟
– هەر سەرباز بوون.. نازانم پلەیان چیبوو بەڵام عەسكەری بوون.
* چۆن ناویان ئەنووسی.. داوای ناسنامەیان دەكرد یان هەر كەسێ لە راستی خۆیەوە ناوی خۆی دەوت..؟
– ئەوان لەناو دەرگای سەیارەكە بوون و بەریز یەكە یەكە ناوی خۆمان دەوت و ئەیاننوسی..
* هیچ قسەیەكی تریان لەگەڵتان نەكرد..؟
– بەرەوەڵا پێمانی ووت هەموتان رەمی دەكەین..
* ئەوكاتە قسەكەی ئەوتان چۆن وەرگرت..؟
– ئەوان دیاربوو بەراستیان بوو كە ئەیان ووت هەموتان رەمی دەكەین.. بەڵام ئێمە وامان ئەزانی هەر بۆ ئەوە ئەو قسەیەدەكەن كە بمانترسێنن..
* دوای ناونووسینەكە خستانیانە رێ..؟
– ئەوەنەی پێنەچوو.. ئا هەردوای ناونووسینەكە دێوریان بەسەیارەكانمان كرد و كەوتینەرێ..
* سەیارەكانیشان نەگۆڕی..؟
– یەعنی چۆن..!؟
* مەبەستم ئەوەیە هەر بەو سەیارانەی لەچەم ئالیاواوە هێنرابوون بەو سەیارانە بران یاخود خرانە ناو سەیارەی ترەوە..؟
– هەر ئەو سەیارانە بوون..
* تەنها ئەو وەجبە سەیارەیەی ئێوە بوون بردتانیان یان كەسی تریان خستە تەكتان..؟
– با، حیمایەی تر و كۆمەڵێ سەیارەی تریش كە پڕبوون لە خەڵك ئەوانیشیان خستە ناو قافڵەكەی ئێمەوە.
* جگە لە سەرباز چەكداری كورد لە لیوای چەمچەماڵ نەبوون..؟
– ئێمە هەر لە سەیارەدا بوین، ئەوەی لە ئێمەوە دیاربوو هەمووی سەرباز بوو ئیتر نازانم كورد بوون یان عەرەب..
* مەبەستم لە جاش بوو..؟
– نا، نا.. كەسم نەبینی..
* كەی بوو لە لیواكەی چەمچەماڵ بەڕێخران..؟
– دوای مەغریب بوو..
* تاریك داهاتبوو..؟
– ئا.. چونكە سەیارەكان لایتیان داگیرساندبوو.
* بەرەو كوێ بردتانیان..؟
– لە چەمچەماڵەوە جارێكی تر بەرەو مەقان سەركەوتن..
* هەستت بەچی دەكرد..؟
– هەست بەچی بكەین، وڵایی خۆشمان نازانین.. لە حاڵەتی وایە لەیەك دەقەدا هەزار داڵغە لێ ئەدەی بیرت بۆ هەموو شتێ ئەچێ.. نازانم بڵێم هەستمان بەچی ئەكرد.. وڵایی هەستمان بەوە ئەكرد كە زوڵممان لێ ئەكرێت..
* ئەی دوای ئەوەی گەیشتنە بانی مەقان بۆ كویێ تر بران..؟
– بۆ كەركوك.. هەر بە جادەكەیا بردمانیان بەرەو كەركوك.. لەناو سەیارەكە ئەمووت دیارە یان ئێمەیان تەنها بۆ ناونووسین بردووە بۆ چەمچەماڵ یان هەر لەیەكەم جار بە نیاز بوونە بمانبەن بەرەو كەركوك بەڵام شێخ موعتەسەم نەیهێشتووە..
* ئێستا قەناعەتت وایە كامیان بوبێ..؟
– وەڵایی مەگەر خوا بزانێ
* بردتانیانە ناو كەركوك..؟
– نەخێر، هەر یەكسەر بردمانیان بۆ تۆپزاوا.. ئاخ تۆبزاوا..!!
* كەی بوو گەیشتن..؟
– شەو بوو..
* مەبەستم كاتەكەیەتی نازانی سەعات چەند بوو..؟
– رەنگە لەدەور (9)ی شەو بووبێ
* باشە خۆ نێوان چەمچەماڵ و تۆپزاوا زۆر نیە بۆ..؟
– سەیارەكان چونكە بە قافڵە بوو خێرا نەدەرۆیشتن..
* تۆبزاوا خەڵكی تری بۆ برابوو كاتێ ئێوەیان برد..؟
– دنیایە خەڵكی لێبوو..
* چی بوون..!؟
– گشتی وەك ئێمە لە دێیەكانەوە هێنرابوون..
* مەبەستم لەوەیە ژن و مناڵ بوون یاخود تەنها پیاو بوون..؟
– تۆبزاوا بەخوا هەموو نەوعێكی لێبوو.. لەمناڵی(قنۆركە)وە تا بەساڵاچووی سەدساڵە..
* چۆن بردتانیانە ژوورەوە بە سەیارەكانەوە یاخود داتانیان گرد..!؟
– من نازانم شوێن چی بووە.. دێ بووە یان شار ، ئەیان ووت مەعەسكەری تەدریبی جەیش شەعبی بووە..زۆر گەورەبوو دەشتاییەكی زۆر گەورە هەمووی تەلبەند كرابوو كۆمەڵێ قاعەی زۆر گەورەشی لێبوو هەر لە تەلبەندەكەوە ئەیانكردە ژوورەوە ئیتر لە سەیارەكان دایان ئەبەزاند و عەسكەری دنیای لێبوو ئیتر وەك رەشە وڵاخ ئەتیان دایە پێش بەرەو قەعەكان لە ساحەیەكی گەورەدا ئەو خەڵكە هەمووی كۆمەڵ كۆمەڵ كرابوو، ژن بەجیا.. پیاو بەجیا، مناڵ بەجیا.. یەك هاتوهاوارێك بوو هەر مەپرسە بڕوابكە رەنگە قیژ و قاو ئەو خەڵكە رۆژە رێیەك رۆیشتبێ.. خەڵكەكە گەلێ زۆربوون تەقدیر ناكرێ چەنێ ئەبوو..
* ئیوەیان بەجیا وەك كۆمەڵێكی سەربەخۆ هێشتەوە یاخوا تێكەڵ بە خەڵكی ترتانیان كرد..؟
– تێكەڵ كۆمەڵێ زلاممانیان كرد..
* خەڵكی كوێ بوون..؟
– ئینجا خەڵكی كوێ نەبوون . وەڵایی ئەگەر بڵێم خەڵك هەموو دێیەكی تیابوو درۆ نیە، لە هەر كەسێكت ئەپرسی خەڵكی كوێی هەر یەكی ناوچەیەكی ئەوت..
* ئەوان چەنێ پێش ئێوە برابوونە ئەوێ..؟
– هەبوو هەر ئەو رۆژە برابوو هەبوو ئەیوت وا چوار رۆژە لێرەم و هەر بۆی دەهێنن و پەیتا پەیتا لێی بار ئەكەن..
* تۆ كەسێكت ناسی لەناو ئەو خەڵكەدا كە پێش تۆ برابونە تۆبزاوا..؟
– رەنگە(30)كەسم تیا ناسی بێت خەڵك ئەو دێیانەی دەوروبەرمان بوون
* ماوەی چەنێ لەو ساحەیە هێشتانیانەوە..؟
– وەڵایی لەوە ئەچوو ئێمە شانسمان هەبوبێ هەر ئەو شەوە نۆرەی ناونوسینمان بەركەوت وخراینە قاعەوە، بەڵام هەبوو ئەیوت چوار رۆژە لەم ساحەیەم هەر لە سەرما خەریك بوو رەق بینەوە..
* ناونوسینەكە چۆن بوو.. ئێوە ئەچون بەرەو شوێنێ بۆ ناونووسین یاخود خۆیان ئەهاتن ناوتانیان ئەنووسی..؟
– لەیەك شوێن ناویان نانووسی.. لە دە لاوە ریز دەكراین بۆ بەردەم ناونووسەكان.
* چیان ئەپرسی..؟
– هەر لەناوی خۆتەوە تا ماڵ و مناڵ و كەس و كار و بڕوابكە پرسیاری ناوی دراوسێ و خزمی دانیشتووی شاریشیان ئەكرد..
* دوای ناونووسینەكە..؟
– دوای ناونووسینەكە لە شوێنێ تر كۆمەڵ كراین و بەپێی ئەو ناونوسینە كۆمەڵ كۆمەڵ كرابوین بەرەو قاعەكان بردمانیان هەر قاعەی لە(500 بۆ 600) كەسیان تێ ئەكرد..
* تەنها زەلام بوون..؟
– ئێمە ئا.. بەڵام قاعەی تر هەبوو هەمووی ژن بوو هەبوو هەمووی مناڵ بوو هەبوو هەمووی پیرەكان بوو.. بەڵام ئێمە هەمووی گەنج بوو.
* لەناونووسینەكەدا جیادەكرانەوە گەنج بەجیا و پیرەكان بەجیا..؟
– ئا.. ئا.. ئەوكاتەی ناوەكەیان ئەنووسی ئەوەی گەنج بوو هەر تەحقیقی تەواو ئەبوو دوو سەرباز ئەیانكرد بەباڵیدا بەرەو كۆمەڵی گەنجان و پیریش بەرەو كۆمەڵی پیرەكان.. كابرایەكم ئەناسی خەڵكی(حەسەن ئاوا) بوو ناوی(غفور حاجی توفیق) بوو لەگەڵ ناونووسەكەدا كردبویە موناقەشە ئەیوت من موالیدەكەم گەورەیە تا تێكەڵ بە پیرەكانم كەن. بەڵام ئەوان خستیانە ناو ئێمەوە بە حیساب گەنجەكانەوە..
* دیارە هەر لەوێ هەستتان بە مەترسی ئەوە دەكرد كە گەنجەكان چارەنووسێكی خراپ چاوەرێیانە..؟
– هەبوو بڕوای ناكرد بەو دەردە بچین كە تووش بوین، هەبوو ئەیوت رەنگە هەر گەنج بكوژن.. هەبوو ئەیوت هەرچی نێرینە هەیە ئەیكوژن.. هەبوو ئەیوت بەرمان ئەدەن .. ئەو كابرایەش دیاربوو وای ئەزانی ئەوەی بكرێتە ناو كۆمەڵی پیرەكانەوە رزگاری ئەبێ..
* قاعەكان گەورەبوون..؟
– ئەرەوەڵا لەم سەرەوە ئەو سەریت بە ئاستەم ئەبینی..
* ژمارەی قاعەكان زۆربوون..؟
– زۆربوون.. بەڵام خەڵكەكەیش گەلێ زۆر بوو لە قاعەكاندا هەمووی جێی نابوەوە، چەنێكی لەقاعەبوو دە ئەوەنەی بەو دەشتەوە بوو..
* ئێوە كاتێ خرانە قاعەكانەوە، كەسی تر لەناو قاعەكە هەبوو..؟
– هەندێ مناڵ و ئەختیاری لێبوو ئەوانیان دەركرد تەنها ئێمە ماینەوە كە گەنجەكان بوین..
* ئەی ئەوانیان بۆ كوێ برد..؟
– نازانم..
* بردیانیانە قاعەی تر یان سواری سەیارە كران.. خرانە گۆڕەپانەكەوە، چیان لێ كرا..؟
-وابزانم بردیانیان بەرەو قاعەكانی ژورتر كە ئەوانەیان ژن و مناڵ و پیرەمێردی تیابوو..
* كاتێ خستتانیانە قاعەكەوە هیچ قسەیەكیان لەگەڵتان نەكرد..؟
– وەك چی..!؟
* هەر قسەیەك بێت ئەفسەرێك یان سەربازێك قسەیەكی لەگەڵ كردبن..؟
– ئەوەبڵێی.. هەزار قسەیان ئەكرد.. جنێویان ئەدا كورە وەك سەگ ئەڕشانەوە..!!
* ئەگەر هەندێ لەو قسانەت لەبیر مابێ..؟
– هەموویم لەبیر ماوە.. هەمووی هەر جنێو بوو..
* جنێویان تەنها بەخۆتان ئەدا یان بەژن و خوشك و دایكیشتان..!؟
– بەخۆمان و خوشك و دایك و ژن و باو و باپیرمان و مام جەلالیش..
* مام جەلال بۆ..؟
– وەڵا نازانم، پێمانیان ئەووت با جەلال تاڵەبانی بێت رزگارتان كات..
* ئێوە هیچتان ناووت..؟
– كێ ئەیوێرا قسەبكات.. وەڵا فزە لە دەممان بهاتایەتە دەرەوە زمانمانیان ئەبڕی..
* هیچ كەس قسەی كرد و وایان لێكردبێ..؟
– كەس نەیئەوێرا قسە بكات ئەگینا خراپتریشیان ئەكرد..
* تا ئەوكاتەی لە تۆبزاوا گواسترانەوە.. هیچ خواردنیان دا پێتان..؟
– ئەو شەوەی كردمانیانە قاعەكانەوە كە ئێمە لەدوای نیوەرۆكەیەوە گیرابووین ئەو شەوە و رۆژەكەیشی تا ئێوارە هیچیان نەدا پێمان.. هەر خەریكبو لەبرساو لە تینودا بمرین.. هەموو لە ترسا قورگمان ووشك بوو بوو تا ئێوارەكەی رۆژی دواتر ئەوجا هەندێ شۆربایان هێنا نازانم بڵێم چیبوو ئەگەر وەك ئێمە لەناچاریدا نەبوایا مرۆڤ تەبیعەتی ناچوە سەری بەڵام ئێمە لەبرسا شەڕمان بوو لەسەری چونكە كەمیان هێنابوو دیاربوو هەر بۆ ئەوەش كەمیان هێنابوو تا بەشێكی بەری نەكەوێت..
* ئەی ئەو خەڵكەی لە حەوشەكە بوون ئەوان نان و ئاویان دا پێیان..؟
– نازانم.. خۆ ئەو خەڵكە یەك كۆمەڵێ نەبوو تا ئێمە بزانین نان و ئاویان ئەدەنێ یاخود نا وەك(رانەمەڕ) بەسەر یەكدا ئەهاتن بەردەوام هەروا قافڵەی سەیارەبوو خەڵكی تری ئەهێنا و دایان ئەگرت و ئەیاندایە پێش بۆ ناو خەڵكەكە و جار نەجارێكێش قافڵەیەك سەیارە ئەهاتن و كۆمەڵێكیان لێ بار ئەكرد.
* تۆ لەناو قاعەكەدا لەكوێ وە بووی..؟
– چۆن لەكوێ وە بووم.. لەناو قاعەكە بووم..!!
* مەبەستم لای دەرگاوە بووی تا لە درزی دەرگاوە دەرەوەت لێوە دیاربێ..!؟
– قاعەكان بە باڵای زەلام پەنجەرەی تیابوو ، رەنگە هەر قاعەی پەنجا پەنجەرەی وای تیابوبێ.
* كەواتە تۆ خۆت لە پەنجەرەكانەوە دەرەوەت ئەبینی..؟
– هەمومان ئەمانبینی..
* تۆ خۆت بینیت خەڵك باركەن و لە تۆبزاواوە بیبەن بۆ شوێنێكی تر..؟
– ئێ كەس هەیە چوبێتە تۆپزاوا و چاوی لێ نەبوبێ ئەو عالەمەیان چی لێكرد..!
* خۆت چەند وەجبەت بینی كە لە سەیارە بار بكرێن..؟
– وەڵایی ئەتوانم سوێند بخۆم لەو دوو شەو و رۆژەدا وامن لەوێ بووم پەنجا وەجبە زیاتریان باركردووەو خەڵكی تریان هاوردۆتە شوێنیان..
* چۆن باریان ئەكرد.. بەریز و ناونووسین بوو یاخود هەروا بە پاڵ و ئەوی بەری بكەوتایا..؟
– هەموو ئەو خەڵكەی براوەتە تۆبزاوا ناو هەمووی نووسراوە بڕوا ناكەم یەك كەسێ هەبێ ناوی نەنووسرابێ وەجبە وەجبە ناویان ئەنووسرا و ئەكرانە كۆمەڵێك و قافڵەیەك سەیارە ئەهات ئەو كۆمەڵەی بار ئەكرد و وەجبەی تر ئامادە دەكرا..
* چۆن پێدا رائەگەیشتن ناوی ئەو هەموو خەڵكە بنووسن ئاوا بەخێرایی..؟
– ئێ كاكە لە سەد لاوە ناونووس ناوی ئەنووسی خۆ یەك كەس نەبوو.. بەخوا رەنگە سەد دەفتەر بەدەست خەریك ناونووسین بوبێ..
* ئەوانەی بە بەرچاوی تۆوە باركران.. چی بوون..؟
– گشتی خەڵك بوو وەك ئێمەی قور بەسەر..
* مەبەستم لەوەیە ژن و مناڵ بوون.. گەنج بوون.. پیر بوون..!؟
– هەمووی .. هەمووی بوو..
* هەر بە تێكەڵی ئەیانبرد..؟
– نا، نا.. كە لە دێیەكانەوە خەڵكەكەیان هێنابوو تا(تۆپزاوا) پێكەوە بوون لەوێ جیاكرانەوە ژن و مناڵ بەجیا.. كچی گەنج گشتی جیاكرایەوە و بەجیابوون.. پیرە ژن و پیرە مێرد بەیەكەوە زەلامی گەنجیش هەمووی بەجیا باركران..
* ئەی بۆ كە ئەپرسم ئەڵێی هەمووی بوو..!؟
– ئێ هەموویم بینی بەڵام ئاوا بەجیا جیا باردەكران..
* ئەو سەیارانەی كە دەهاتن بۆ بردنیان چی جۆرە سەیارەیەك بوون..!؟
– دوو جۆر بوون( سەوز و سپی) شێوەیان وەك ئیسعاف وابوو هیچ پەنجەرەی نەبوو..
* هەر قافڵەی چەند سەیارە ئەبوون كە ئەهاتن بۆ گواستنەوەی ئەو خەڵكە..؟
– رەنگە هەر بیست بۆ بیست و پێنج سەیارە بوبێ..
* لە قاعەكان خەڵكیان بارئەكرد یان لە گۆڕەپانەكە..؟
– لە هەردووكی.. جاری وابوو كە سەیارەكان ئەهاتن لەبەر ئەوەی لە گۆڕپانەكە وەجبەی بۆ جیا نەكرابۆوە ئەهاتنە دیار قاعەیەك و باریان ئەكرد.. جاری وایشبوو هەر لە ساحەكە كۆمەڵ كۆمەڵ كرابوو بۆیان باریان دەكرد..
* خەڵكەكە خۆی سوار دەبوون.. یان بەزۆر سەریانیان دەخست..؟
– ئێمە گشتمان رەزیل بوین لەبەردەستیان .. كەس نەبوو بەقسەیان نەكات، بەڵام ئەوان چونكە زاڵم بوون هەر پەلاماری خەڵكەكەیان ئەدا.. بەخوا بینیم پیرەژنی سەرسپی بەقژ رایان ئەكێشا.. پیرەمێردم ئەدی بەشەق لێیان ئەدا.
* دەست یان چاوی خەڵكەكەیان نابەستەوە كاتێ باردەكران..؟
– زۆر سەیربوو هەبوو دەست و چاویان دەبەستەوە و جلەكانیشیان لەبەریان دائەكەند تەنها كراس یان ژێر كراسێك و شەرواڵەكەیان لەپێدا ئەهێشتەوە و دەست و چاویانیان دەبەستەوە.. وەجبەی وایش بوو هیچیان لێیان ناكرد و سواریانیان دەكرد..
* زۆرتر كامەیان دەست و چاوی دەبەسترا.. گەنجەكان.. یاخود پیرەكان..؟
– نا، ئەوەی چاویان دەبەستەوە تەنها گەنجەكان بوون.. بەڵام وەجبەی گەنجەكانیش هەبوو كە دەست و چاویان نابەسترایەوە..
* هەستتان ناكرد بۆچیە وا هەندێكی چاوی دەبەستن..!؟
– نەوەڵا.. بەڵام ئەمانوت دیارە ئەوانەی وا دەست و چاویان ئەبەستن بۆ گوللەباران كردنە.. بۆیە ئەمان ووت خوایە رەحممان پێبكەیت و دەست و چاومان نەبەستن..
* ئەی ئەوەنەی لە تۆپزاوابووی چۆن ئەو خەڵكە ئەچوونە سەر ئاو..!؟
– ریزێ(ئاودەستی لێبوو) بە نۆرە ئەو خەڵكانەیان لە قاعەكانەوە ئەبرد بۆ سەر ئاو.. بەڵام هەتا ئەتیان برد و ئەتیان هێنایەوە لە دواوە بە قۆناغە تفەنگ لێیان ئەدای.. بەخوا هەبوو لەتاوا میز و پیسیەكەی ئەكرد بەگیان خۆیا..
* تۆ سەرەتا باسی ئەوەت كرد كە لە(چەم ئالیاوا) براكانت لەگەڵ بوون كاتێ گیران.. من بیرم چوو بپرسم تا كوێ لەگەڵ براكانت پێكەوە بوون..؟
– شەو و رۆژی یەكەمیش كە لە تۆپزاوا بوین و تا ئەوكاتەی بەقایمە و ناو خوێندنەوەوە هاتن و ناوی من دەرچوو بۆ رەمی كردن.. لەوێ لەیەكتر جیا كراینەوە..!
* بە هۆی چیەوە ناوی تۆ دەرچوو بۆ گوللەباران كردن ولە براكانت جیاكرایتەوە كەهەمووتان پێكەوە گیرابوون..؟
– نازانم بە هۆی چیەوە بوو.. دووەم شەو بوو لە تۆپزاوا بوین سەعات 12ی شەو هەندێ سەربازی بەرگ سەوز هاتنە ناو قاعەكەیئێمەوە كەوتنە ناو خوێندنەوە و ناوی هەر كەسێكیان بخوێندایەتەوە لە قاعەكە ئەیانكردە دەشتەوە.. ناوی من و ئامۆزایەكمی تیابوو وەك ئەو خەڵكەی تر كراینە دەرەوەی قاعەكە و براكانم لەو وەجبەیەدا ناویان نەخوێندرایەوە و ئەوانیش وەك ئەو خەڵكەی تر كەناوی دەرنەچوو لە قاعەكەدا هێشتیانیانەوە.
* كاتێ ناوەكانیان دەخوێندەوە، هیچ شتێكیان ووت.؟
– نەخێر.. تەنها وتیان ناوی هەركەس خوێندرایەوە بێتە دەرەوە..
* ناوی تۆ و ئامۆزاكەت پێكەوە خوێندرایەوە، یاخود ناوی تر زۆر لە نێوانتانا بوو..؟
– بەدوای یەكتریدا ناوەكانمان دەرچوو.
* ئەی شەوی پێشتر بەرلەوەی بكرێنە قاعەكانەوە پێكەوە ناونووس كران..؟
– ئا، هەمومان ئەو شەوە ناونووس كراین.
* ئەزانم ئەو شەوە هەموتان ناونووس كران.. بەڵام كاتێ ناونووس كران تۆ و ئامۆزاكەت لە ریزەكەدا بەدوای یەكتریەوە بوون..؟
– بەڵێ.
* ناوی چی بوو..؟
– ساڵەح ئەمین ئەحمەد
* چەند كەس ئەبوون ئەوانەی ناوتان خوێندرایەوە و كرانە دەرەوەی قاعەكەتان..؟
– رەنگە (100)كەس بوبێتین..
* كاتێ هێناتانیانە دەرەوە، تێكەڵ ئەو خەڵكەی تری گۆڕەپانەكەیان كردن..!؟
– نەخێر.. دامانیانە پێش بەرەو قاعەیەكی تر.
* خەڵكی تری تیابوو یان چۆڵ بوو..؟
– سەرەتا كەمی تیابوو بەڵام چەند وەجبەیەكی تریان بۆ هێناو پڕیان كرد . ئەوەندەیان بۆ هێنا بڕوا بكە تا بەیانی یەك كەس نەیتوانیوە بخەوێ چونكە زۆری هەر بە پێوەبوو تا بەیانی رێگەنەبوو هەر لە شوێنی خۆت دابنیشی ئەوەنە خەڵكیان تێكردبوو..
* لە كوێ وە ئەو خەڵكانەیان هێنا.. لەناو گۆڕەپانەكەوە یان ئەوانە بوون كە تازە ئەهێنران و كرانەقاعەكەی لای ئێوەوە..؟
– هیچیان نەبوو.. ئەوانیش وەك ئێمە هەر (100)كەسیان لە قاعەیەكەوە هێنابوو..
* سەرجەم قاعەكە چەند كەسی تیابوو..؟
– بەخوا رەنگە(700)كەسی تیابوبێ. چونكە قاعەكەی یەكەمجار (500)كەسیان تێكرد جێگامان سەغڵەت بوو.. بەڵام ئەم قاعەیە ئەوەنەی تێكرابوو جێی پێت بە ئاسانی نابووەوە..
* ئەم قاعەیە بچوكتر بوو لە و قاعەیەی یەكەمجار تیایدا زیندانی كران..؟
– نەخێر هەمویان بەقەدەر یەكتری بوون..
* لەگەڵ خەڵكەكەدا بێگومان قسەتان كردووە.. ئەوانیش وەك ئێوە هەر كۆمەڵێك و لە قاعەیەك هەڵبژێردرابوون یان جیاكرابوونەوە.. خۆتان چیتان ئەووت..! بۆچونتان چیبوو لەبارەی ئەو جیاكردنەوەیەوە..؟
– یەكەمجار كە ئێمە جیاكراینەوە و بردمانیانە ئەو قاعەیەی تر.. من ووتم دیارە بەزەییان پێماندا هاتوەو لەو قاعەیە جێگامان نابۆوە بۆیە هێنامانیانە ئەم قاعەیەی تر تا بتوانین تیایدا بخەوین ..بەڵام كاتێ ئەو خەڵكەی تریان هێناو ئەوەندەیان تێكرد كە جێی پێمان نەبێتەوە.. ئیتر ترسم لێ نیشت و سەد پرسیارم لادروست ئەبوو كە بۆچی جیاكراینەوە و بۆچی لەهەر قاعەیەك كۆمەڵێكیان هێناوە.. ئەمووت رەنگە بمانكوژن.. بەڵام دوایی ئەمووت باشە ئەی بۆچی ئەو خەڵكەی تر ناكوژن خۆ ئەوانیش وەك ئێمە وان.. ئەمووت رەنگە ئێمە(نەقڵ) بكەن بۆ شوێنی تر..! ئەمووت بەڵكو خوابكات بەرمان بدەن. هەزار و یەك پرسیارمان ئەكرد.. ئەو شەوە نازانم بڵێم چۆن رۆژبوەوە.. چی لەتاو دەردی خۆمان و چی لەتاو ئەو خەڵكەی وا ئەمان بینی كە چیان پێدەكرا لەو گۆڕەپانەدا، ئیتر نازانم چۆن لەتاوا روحمان دەرناچوو.. دڵمان ناتەقی.. لەداخا نەمردین..!!
* تاكەی لەو قاعەیەدا هێشتانیانەوە..؟
– سەعات 9.20 ئەبوو كۆمەڵێ سەیارەیان هێنایە بەردەركی قاعەكەمان و دەرگایان لەسەرمان كردەوە و بەناو خوێندنەوە جارێكی تر بانگ كراینە دەرەوە بۆ ناو سەیارەكان.
* چەند سەیارە ئەبوون..؟
– وەڵایی نەم ژمارد بەڵام لە دەوری(20)بیست سەیارەدا ئەبوون.
* سەیارەكان چی بوون..؟
– هەر عەینەن ئەو سەیارانەی كە باسم كرد ئەهاتن خەڵكیان تێ ئەكرد و ئەیانبرد.. هەر وەك ئەوانەی تر وابوو..
* ئاخر چی سەیارەیەك بوون..؟
– وەڵاهی من تا ئەو رۆژە سەیارەی لەو جۆرەم نەبینیبوو وەك ئیسعاف وابوون بەڵام نازانم ناوی چی بوو..
* هەستت نەكرد ئەوكاتەی سواریان كردن لەناو خۆیاندا ناوی سەیارەكە بهێنن، شتێكی وات بەرگوێ نەكەوت..؟
– نەْ ْ
* رەنگی سەیارەكان چۆن بوو..؟
– هەندێكی سەوز بوو.. هەندێكی سپی..
* تۆ سواری كام جۆریان كرای.. سەوز یان سپی..؟
– سەوز بوو..
* چەنەم سەیارەبوو كە باركران..؟
– بەوخوایە برا ئەوانە نازانم..
* لەو سەیارەیەی تۆی تێدابووی كەسێكی تری تیابوو كە تۆ بیناسی..؟
– ئامۆزاكەم و كوڕێكی تریش ناوی(ئەدیب كوڕی شێخ حەكیم فەیم تاڵەبانی) بوو خەڵكی بنار گل بوو لەگەڵ مندا پێكەوە لە سەیارەیەكدا بووین..
* سەیارەی چەند كەسیان تێكرد..؟
– سەیارەكە كورسیەكانی وەك كورسی دواوەی توێتا وابوو ریز ریز بوو نەفەرەكان پشتمان ئەدا بەیەكتریدا، نازانم چەند ریز كورسی بوو بەڵام هەر سەیارەی(50 بۆ 60)كەسیان تێ ئەكرد..
* ئەو(50 بۆ 60) كەسە پێكەوە لەیەك سەیارەدا بوون كەسیان هەبوو بڵێ من جاری تر لەم سەیارەیەم بینیوە..؟
– لە رێگە لەناوخۆماندا قسەمان دەكرد زۆر باسی ئەم جۆرە سەیارەیەمان كرد گشتی ئەیووت پێشتر لەم سەیارەیەم لە عێراق دا نەبینیوە.. لەوە ئەچوو لە وڵاتی ترەوە هێنابێتیان
* تەماشای ژمارەی سەیارەكەتان نەكرد..؟
– نە ْ
* ئەتوانی پێم بڵێی ئەوكاتەی تۆ سواری سەیارەكە كرای كەی بوو..؟
– كاتژمێر 10.30 بوو
* پێشتر ووتت سەعات 9.30 سەیارەكەیان هێنا..!؟
– ئێ،ئێ وابوو سەعات 9.30 سەیارەیان هێنا بەڵام بەناو خوێندنەوە بوو تا ناوەكەت بەری دەكەوت و باردەكرای و ئەو سەیارەیە پڕ دەبوو دەڕۆی و لەو لاترەوە ئەوەستا و یەكێكی تر ئەهاتە شوێنی ئەو تا ئەو پڕ ئەكرا و بەم شێوەیە كاتێ نۆرەی من هات كات گەیشتبووە 10.30
* خەڵكی تر دوای تۆ مابوون لە قاعەكەدا و چاوەڕێ بن ناویان بخوێندرێتەوە..؟
– بەڵێ مابوو.. خەڵكیش مابوو سەیارەی بەتاڵیش مابوو..
* سەیارەكە پەنجەرەی تیابوو..؟
– پەنجەرەی چی، بەخوا كونێكی تیانەبوو بۆ نەفەسیش..
* كەواتە ئەوكاتەی سەر خران ئیتر ئاگاتان لە دەرەوە نەما..؟
– چونكە هەمووی قەپات بوو كورسیەكانیش وابوون پشتمان كردبۆ یەكتری هەر نەمان ئەزانی بەرەو خوار ئەڕوات یان بەرەو ژور..
* كاتێ خستتانیانە سەیارەكانەوە دەست و چاویان نەبەستن..؟
– لەوێ نەیان بەست بەڵام لەدیار چاڵی گوللەباران كردنەكە و پێش ئەوەی رەمیمان بكەن چاومانیان دەبەست و دوو دوو دەستمانیان دەبەستە یەكتریەوە..
* دوای ئەوەی سواری سەیارەكان كران هەست دەكەی چەنێكی تری پێچوو تا سەیارەكان كەوتنە رێ..؟
– وا هەست دەكەم كە نیو سەعات بوبێ.
* كاتێ كەوتنە رێ بەسەر جادەی قیردا بردتانیان یان رێگای خۆڵ..؟
– لە تۆپزاواوە بەسەر قیردا بردمانیان تا رەنگە هەر نیو سەعات دوور لە شوێنی گوللەباران كردنەكەمان ، ئەو نیو سەعاتە بەرێگای خۆڵ و زۆر چاڵ و چۆڵیدا ئەرۆیشت چونكە بە تاسەكانی دیاربوو ئەمانزانی كە رێگاكە چۆن بوو..
* سایەقی سەیارەكە سەرباز بوو یان مەدەنی..؟
– نازانم چونكە كاتێ ئێمەیان باركرد هەر لەناو دەرگای قاعەكەوە بۆ دەرگای سەیارەكە و سەرباز دەورمانی گرتبوو دوو سەربازی تریش باڵمانی دەگرت و بۆ ناو سەیارەكە.. كاتێ سواریش بووین سەیارەكە شۆفێرەكەی لە ئێمەوە دیار نەبوو..چونكە سەیارەكە لەنێوان ئێمەو شۆفێرەكەدا(خانێكی) هەبوو وەك هۆڵێكی جیاواز لە نێوان ئێمەو شۆفێرەكەشدا.. سەربازێك لەو(خانە جیاوازە) سوار بووبوو..
* هیچ قسەیەكتان لەگەڵ سەربازەكەدا نەكرد..؟
– ناڵێم ئەویش خانێكی جیاواز بوو لە ئێمە.. ئێمە تەنها ئەوكاتەی سەرخراین و ئەوكاتەی داگیراین بەو خانەدا رۆیشتین.. سەربازەكە لەوێ دانیشتبوو..
* كاتێ سەیارەكان كەوتنە رێ، یاخود كە سەیارەكەتان كەوتە رێ هەستت بەوە كرد كە قافڵەی سەیارەكان هەموو پێكەوەن..؟
– وەڵایی كە ئێمە چوینە سەیارەكەوە ئیتر وەك كوێر وابوین هیچ شوێنێكمان لێوە دیارنەبوو بەڵام ئەمانزانی كە هەموو قافڵەكە پێكەوەین..
* بەچی ئەتانزانی..؟
– بەوە ئەمانزانی ئەوكاتەی كە هەر سەیارەیەك پڕ ئەكرا ئەچوە ریزەوە و چاوەڕێی ئەوەی ئەكرد كە سەیارەكانی تر پڕبن..
* بەر لەوەی سوارتان كەن هیچ نان و ئاوێكیان دا پێتان..!؟
– نان و ئاوی چی ..!
* كاتێ ئاوا بینیت كە خرانە سەیارەی(موقەپەتەوە) پێت وابوو بۆكوێ تان ئەبەن.. یا چیتان لێ دەكەن..؟
– بەخوا من هەر لەناو لیواكەی چەمچەماڵدا كاتێ یەكەم شت شەرواڵی ژنی كوردم بە چەنچی عەرەبانە و ئیڤای عەسكەریەوە بینی هەر ئەوكاتە وتم تەواو ئیتر چاومان بەدنیای رۆشن ناكەوێتەوە.. ئەوە كۆتایی هەموو شتێ بوو..بەڵام ئەڵێی چی روح لە جێی سەختە و دەرناچێ، مردنیش بەدەست خۆت نیە تا هەر ئەوكاتە بڵێی بمرم و رزگارم بێت.. من لەوێ حاڵی بووم كە رۆژەكە گەلێ رەشە، بەڵام مرۆڤ بەدەستی خۆی نیە ناتوانێت بێ ئومێدبێت لە ژیان بۆیە سەرباری ئەوەی كە قەناعەتی تەواوم هەبوو كەئەم حكومەتە زاڵمە هەمومان ئەكوژێ بەڵام هەر بەتەمای ژیانیش بووم چی لەناو قاعەكانی تۆپزاوا ئەوكاتەی لە پەنجەرەكانەوە چاوم بەناو ئەو ژن و مناڵانەدا ئەگێڕا و ژن و مناڵەكانی خۆمم بیر ئەكەوتەوە كە بیریانم ئەكرد و چی ئەوكاتەی خراینە سەیارەی سەر داپۆشراوەوە كە بۆ ئێمە وەك(تابوت)وابوو چۆن مرۆڤ كە ئەمرێ ئەیخەنە ناو تابوتەوە تا گۆڕستان ئەو سەیارانەش بۆ ئێمە وەك ئەو تابوتە وابوو خستمانیانە ناویەوە تا دیار چاڵەكانی مەرگ … شوێنی گوللەباران كردنەكەمان.. بەردەوام لەوماوەیەشدا بەخەیاڵ لەگەڵ ژن و مناڵ و كەس و كارمدا ئەژیام.. چونكە زۆرجاریش ئەوەم بیستبوو كە بەر لەمردن وێنەی كەس و كارت دێنە پێش چاوت.. ئیتر منیش چونكە بڕوام بەوە نەبوو كە ئازادمان بكەن و دام نابوو كە بۆ مردنمان دەبەن بۆیە زوو زوو وێنەی كەس و كارم وێنەی كەس و كارە مردوەكانیشم ئەهاتەوە بەرچاو..
* لەناو سەیارەكە لەگەڵ ئامۆزاكەت و نەفەرەكانی تر(زیندانیەكانی تر) پێكەوە قسەتان ئەكرد..؟
– ئا قسەمان ئەكرد..
* تۆ پێت ئەوتن كە بڕوا ناكەی ئازاد بكرێن و رەنگە هەموتان بكوژن..؟
– با، وام ئەووت، ئەمووت گشتمان رەمی ئەكەن
* ئەوان چیان ئەوت..؟
– پێمیان ئەوت تۆ ترسنۆكی..
* تۆ هەستت بە ترس ئەكرد، كاتێ ئاوا دڕندانە لەگەڵتان مامەڵەیان دەكرد و بۆ خۆشت قەناعەتت وابوو گوللەبارانتان ئەكەن..!؟
– وەڵایی وەك ترس ناترسام بەڵام زۆرم پێناخۆش بوو كە بەو دەردە چوبوین خەفەتم پێ ئەخوارد كە ئەو هەموو خەڵكە ئەو هەموو ژن و مناڵە گوناهیان چیە وامان لێ ئەكەن.. ئاخر وای دانێ هەموو زەلام و ژنەكان تاوانبارن ئەی ئەو هەموو مناڵە تاوانی چی بوو، بەخوا چەندین ژنم بینی مناڵە قنۆرەكە بە باوشیەوە بوو هەبوو تەمەنی پێنج شەش رۆژ بوو كورە هەبوو كە لە دێیەكەدا سواری زیلی عەسكەریان كردبوو لەناو زیلی عەسكەری لەدایك ببو ئاخر ئەوان گوناهیان چی بوو.. نازانم ئەوكاتەش و تائێستاش كە بیر لەوانە دەكەمەوە تێناگەم ئەم سەدامە زاڵمە لەپای چی وای بەو خەڵكە كرد.. چۆن ویژدانیان رێگەی داون مناڵی سێ رۆژە بكوژن، نازانم ناترسام بەڵام زۆرم بە زەیی بە خۆماندا ئەهاتەوە..
* كەسی تر هەبوو قەناعەتی وەك تۆ وابوبێ كە بۆ گوللەباران كردن ئەتانبەن..!؟
– هەر یەكە و قسەیەكی ئەكرد.. هەبوو ئەیوت ئەمانبەن بۆ بەغدا لەوێ بەرمان ئەدەن.. هەبوو ئەیووت ئەمانبەن ئەمانكەن بە عەسكەر.. هەبوو ئەیووت گشتمان ئەبەن بۆ وڵاتانی تر و ئیشمان پێ ئەكەن.. هەیشبوو ئەترسا و بیری كەس و كارەكەی وای لێكردبوو ئەگریا و ئەیوت ئەمانكوژن ومەیتەكانیشمان نادەنەوە كەس وكارمان و هەتا هەتایە ئەبێ ئەوان هەر چاوەڕێ بن كە بگەڕێینەوە هەبوو ئەیوت گشتمان ئەخەنە بەحرەوە و ماسی و گیانلەبەری ناو ئاو ئەمانخوات.. هەیشبوو بەتەمای بەردان بوو..
* هەستت بەچی دەكرد كەوا ئەتزانی ئەو سەیارەیە بەرەو پیری مەرگ ئەتانبات.. سات لەدوای سات زیاتر دڵتەنگ تر و نائومێد تر نەدەبووی..؟
– لەناو ئەو سەیارەیە كە هەر موقەپەتیەكەی وەك تەعزیب وابوو هەوا كێشێكی نەبوو خۆیشمان هەتا دەبوو زیاتر گەرمامان دەبوو زیاتر تینوو دەبوین و برسیمان دەبوو.. تەنگە نەفەس ئەبوین كە ئەگەر نەك بۆ گوللەباران كردن بیان ووتایە وابۆ ئازادكردنیشتان ئەبەین ناو ئەو سەیارەیە هەر بۆخۆی مایەی عەزاب بوو.. بڕوابكە وەك ئەوە وابوو لە تەنووری ئاگردابی و دەقە لەدوای دەقە هەستت بە گەرمای زیاتر و تەنگە نەفەسی زیاتر و تینوێتی زیاتر دەكرد.. هەمومان قوڕگمان وشك ببوو هەر بە ئاستەم هەناسەمان پێ ئەدرا..زۆر كەسیش كە تەنگاو بوو میزوو پیسیەكەی كردبۆ ناو سەیارەكە، هەر خەریك بوو بمانكوژێ..!
* ئەوانەی لەناو ئەوسەیارەیەدا پێكەوە بوون نازانی خەڵكی چی ناوچەیەكی تیابوو..؟
– بەزۆری خەڵكی لای سەنگاو و ناو زەنگەنە و قادر كەرەم بوون
* تەمەنی هەموتان نزیك بوو لەیەكتریەوە.. چونكە ئێوە لە تۆپزاوا بە حیسابی ئەوەی گەنجن جیاكرابونەوە..؟
– نەوەڵا.. هەمومان تەمەنمان لەیەكەوە نزیك نەبوو.. لە توپزاوا كە گەنجەكانیان جیاكردەوە لە گەنجی(15)ساڵەوە تا(50) پەنجا ساڵ هەر حیساب گەنجیان بۆ دەكرد.. ئەو سەیارەیەی ئێمەش دوو كوڕی گەنجی تیابوو مویان لێ نەهاتبوو هەر زۆر مناڵبوون هەر سەریان كردبوو بەیەكدا لەوە ئەچوو خزم و كەسی یەكتریش بوبن زۆر ئەترسان و كابرایەكیشی تیابوو كامڵیش بوو هەر ئەگریا و ئەیووت من خۆم وام لەخۆم كرد لای موستەشارێك بوم وتویەتی بڕۆ عیلاجی خۆت بكە من ناتوانم داڵدەت بدەم.. بەملی شكاوم هاتم تەسلیم بووم.. لەسەرنی ئەو وەزعەی خۆمەوە زۆرم بەزەیی بەو دوو كوڕە مناڵە و بەو كابرایەدا ئەهاتەوە.. زۆر بەزەیم بەكابرایەكی تریشدا ئەهاتەوە كە تینوێتی تەنگی پێ هەڵچنیبوو هەر ئەپاڕایەوە هاواری بوو ئەیوت خنكام فریام كەون قومێ ئاو..ئێ ئێمەش هەمومان هەر وەك ئەو وابوین ، بینیم پێڵاوەكانی لەپێی خۆی داكەند و میزەكەی خۆی تێكرد و لە تینوا خواردیەوە.. ئەو دیمەنەش زۆر ئازاری دام ..
* سەیارەكان لە رێگە نەوەستان.. یا هەست بكەی لابدەن بۆناو سەربازگەیەك..؟
– ئێمە لەناوەوەی سەیارەكە ئاگامان لەدەرەوەی سەیارەكە نەبوو نەشمان ئەزانی روەو كوێ ئەچێ.. بەڵام لە شوێنێك كەمێك راوەستا نازانم هۆی چیبوو ئێمە وامان دانا كە رەنگە بەنزینخانە بێت و بەنزینی تێبكەن..
* ماوەی چەنێ بەرێگاوە بوون تا گەیاندتانیانە شوێنی گوللەباران كردنەكە..؟
– نازانم چەند سەعات ئەكات لە چێشتەنگاوەوە لە توپزاوا خستمانیانە رێ هەرووا چارەكێ بۆ نیوسەعات خۆری مابوو كە گەیشینە ئەو شوێنەی رەمیمانیان كرد..
* سەیارەكان لە رێگا خێرا ئەڕۆیشتن..؟
– ئەرێ وەڵا ئەتوت تەنها لەبەر ئەوە وا لێ ئەخوڕن كە ئێمە ئازار بچێژین.. چونكە ناو سەیارەكە گەرم و تەنگە نەفەس بوو خۆیشمان تینو و برسی كە لە تاسەیەكی ئەدا وەختبوو روح و دڵمان دەرچێ سەرمان گێژی ئەخوارد.. جاری وابوو وا هەستمان ئەكرد بە ئاسماندا بڕوات ئەوەنە خێرا ئەڕۆیی دیاربوو پەلەی ئەوەیان بوو كە زوو ئێمە بگەێننە شوێنی مردنەكەمان و بگەڕێنەوە وەجبەی تر بەرن..
* تا ئەو شوێنەی كە بۆ مەرگی ئەو هەزاران گەنجە كوردە ئامادە كرابوو لە توپزاواوە بۆ ئەوێ بەسەر جادەی قیردا رۆیشتن..؟
– هەمووی قیربووتەنها بەمەزەنە بیست دەقە بۆ نیوسەعات بەسەر خۆڵدا رۆیشتین..
* كاتێ لەجادەی قیر لای دا و چووە سەر خۆڵ هەستتان پێ كرد..؟
– سەیارەكە وردە وردە خاوی كردەوە سەرەتا وامانزانی رائەوەستن هەستمان پێكرد كە ئاراستەكەیشی گۆڕی و چوە سەر رێگای خۆڵ چونكە تاسەی گەلێ زۆر بوو دیاربوو رێگاكە چاڵ و چۆڵی بوو ئەو ماوەیەی بەسەر ئەو رێگایەدا چوو بەقەدەر هەموو رێگاكە سەغڵەتیمان بینی وەك بێشكە رامانی ئەژەن سەرمان ئەیدا بەیەكدا، هەبوو لەتاوا ئەكەوت ئیڵنجیان ئەدا..
* بەر لەوەی بگەنە شوێنی گوللەبارانكردنەكە لەو ماوەیەی بەسەر رێگای خۆڵدا ئەڕۆیشتن جگە لەوەی كە خۆتان بڕواتان وابوو ئەتان كوژن هەستتان بەهیچ ئاماژەیەكی تر نەكرد كە لە مەرگ نزیك ئەبنەوە..؟
– دە دەقیقە ئەبوو بەسەر خۆڵدا ئەڕۆیشتین دەنگی تەقە كردن ئەهات تەقەیەكی زۆر بەڵام ئێمەوامان ئەزانی تەقەتەقی سەیارەكانە چونكە رێگاكە تاسەی زۆر بوو ، سەرەتا وامان لێك ئەدایەوە بەڵام تا ئێمە زیاتر ئەڕۆیشتین زۆرتر دەنگی تەقە ئەهات ئەوكاتە نەمانزانی چیە بەڵام دواتر بۆم دەركەوت كە هەموو ئەو تەقە كردنانە تەقەی گوللەبارانكردنی كورد بوو..
* كەواتە سەیارەكانی پێشەوە ئەوانەی هاوسەفەرەكانی تۆیان باركردبوو ئەوانیان داگرتبوو گوللەباران دەكران..؟!
– نەخێر.. ئەو تەقانە گوللەباران كردنی قافڵەكەی ئێمە نەبوو .. ئێمە دەور چارەكە سەعاتێ بە شوێنێكدا بردمانیان خەڵكی تر لەوێ رەمی دەكرا.. سەیارەكانی ئێمە بەناویاندا تێ ئەپەڕی و ئەوان هەر لەسەر تەقەكردنی خۆیان بەردەوام بوون..
* ماوەی چەنێ سەیارەكان رێگایان كرد و هەر گوێتان لەتەقە بوو..؟
– ئەی نەموت نزیكەی چارەكە سەعاتێ..
* كەواتە ئێوە بەسەیارە بەدرێژایی چارەكە سەعاتێ رێگاتان بڕی و بە درێژایی ئەو ماوەیە خەڵك گوللەباران ئەكرا..!؟
– ئەوكاتەی تەقەكان ئەكرا ئێمە نەمانزانی كە خەڵك رەمی ئەكەن.. من دوایی ئەوانەم بۆ دەركەوت كە چەنێ گەنجی كوردیان خستبووە ئەو چاڵانەوە.. كە هەر چاڵێكی بە باڵای زەلام پڕ كرابوو لەلاشەی لەسەر یەك..
* ئەو حاڵەتت لەیاد ماوە كە سەیارەكان چۆن راوەستان و چۆن ئێوەیان داگرتە خوارەوە بۆ گوللەباران كردن..؟
– بەڵێ لەبیرم ماوە و لەبەرچاومە و هەتا ئەو رۆژەی لوتم ئەدا لە بەردی ئەلحەد لەبیرم ناچێتەوە.
* زۆر داوای لێبوردن ئەكەم رەنگە بەیاد خستنەوەی ئەو حاڵەتانە ئازاری دەرونیت بدەم.. بەڵام بۆ مێژووی نەتەوەكەمان زۆر پێویستە بە وردی هەمویان تۆمار بكەین بۆیە داوات لێدەكەم كە بە وردی بۆمی بگێڕیتەوە..!؟
– ئەوەی من بینیم و بەسەرمانا هات هی گێڕانەوە نیە.. بڕوا ئەكەی لە 1988 وە تا ئەو رۆژەی بەرەو ئەمریكا ئەچوین لەناو سەفارەتی ئەمریكا لە توركیا لەوێ بۆ ژن و مناڵەكانم گێڕاوەتەوە ئەویش دوای زیاتر لە (9) ساڵ بەسەریدا تێپەری بوو.. حەزم ناكرد ئەوەی من بینیبووم لەچاوی منەوە كەسی تر بیبینێ..!
* كاك فەرەج من سەرەتا بەر لەوەی دیدارەكەمان دەست پێبكەین زۆر باسم بۆ كردی كە بە گێڕانەوەی ئەوەی لەو كارەساتەدا بەسەرت هاتووە.. چی خزمەتێكی گەورە بە كورد دەكەیت.. راستە بیرخستنەوەیان ئازارت ئەدات بەڵام ناشكرێ تۆ لەگەڵ خۆتدا ئەو هەموو زانیاریە بەریتە گۆڕەوە.. میللەتەكەت پێویستی بەو زانیاریانە هەیە.. من پێم وتی خوا ئێوەی بۆ ئەوە بە زیندوێتی هێشتەوە تا روداوەكە بگێڕنەوە.. بۆیە تكات لێدەم بۆمی باس بكە.. چۆن لە سەیارەكان داتانیان گرت..؟
– وەك ووتم دەنگی تەقە ئەهات كە خەڵكی تر رەمی دەكران دیاربوو ئەو شوێنە هەمووی ئامادە كرابوو بۆ گوللەباران كردنی ئێمە و پێش ئێمەش خەڵكی تریان بۆ بردبوو.. كە سەیارەكان راوەستان هەر دەنگی دەستڕێژی گوللە ئەهات.. ئیتر هەموومان ئەوانەی لەناو سەیارەكە بوین واقمان وڕمابوو هیچ قسەیەكمان بۆ ناكرا تەنها تەماشای یەكتریمان دەكرد.. ئەوەی كە پێشتر لەترسا ئەگریا هەمووی بێ دەنگ بوون وەك ئەوەی ماڵ ئاوایی لەیەكتر بكەین بەچاو هەموو قسەیەكمان ئەكرد.. ئەمانزانی وا پاش كەمێكی تر بە ناهەقی گوللەبارانمان ئەكەن.. ئەمانزانی ئەو تەقە كردنەش ئەو گوللانە ئەنرێنە برا و كەس و كاری ئێمەوە.. ماوەی(5) دەقە ئێمە هەر لەناو سەیارەكە بوین و دەرگایان لەسەرمان نەكردەوە و چاوەڕێ بوین نۆرەمان بێت تا بمانبەن گوللەبارانمان بكەن.. وەك سەرەتا باسم كرد سەیارەكان لە نێوان ئێمە و شۆفێرەكەدا خانێكی هەبوو وەك هۆڵ وابوو دەرگایەكی هەبوو لەلا تەنیشتەوە لەوێوە سوار كراین ئەو دەرگایە كرایەوە و دەرگاكەی ئێمەشیان كردەوە و دوو سەرباز هاتنە ناو ئەو(خانەی نێوان ئێمە و شۆفێرەكە) دوو كەسیان لە سەیارەكەی ئێمە بردە ئەو دیودا و دایان گرتە خوارەوە چاوم لێبوو كە بە جامانەكەیان چاویانیان بەست و بە پشتوێنەكەیان لە پشتەوە دەستی هەردوكیانیان بەستەوە و دوو سەرباز بردیانیانە پێشتر و لەسەر دەم پاڵیانیان خست و دەستڕێژی گوللە كرا.. ئەوە بە بەرچاوی ئێمەوە بووئیتر دڵنیا بوین پاش چەند چركەیەكی تر هەمومان ئاوا بەڕیز و بەدوای یەكتریدا رەمی دەكرێین..
* ئەو كاتەی دەرگاتان لەسەر كرایەوە.. یەكەم دیمەن بەرچاوت كەوت چی بوو..؟
– دوو سەرباز..
* جلەكانیان چۆن بوو..؟
– سەوز بوو..
* سەرشانیان ئاماژەی ئەوەی پێوەبوو كە پلەدارن..؟
– نە ْ
* چەكەكانیان چی بوو..؟
– كڵاشینكۆف
* مەخزەنەكەی ..؟
– مەخزەنەكەی چی ..؟!
* جۆری مەخزەنی كڵاشینكۆفەكانیان چی بوو(75)ی بوو(40)ی بوو یان (30)یی..!؟
– مەخزەنی(30)یی لەسەر بوو بەڵام ئاسن نەبوو داری قاوەیی بوو مەخزەنی پلاستیكی بوو.
* سەربازەكان رەنگیان چۆن بوو مەبەستم شێوەیانە..؟
– نازانم، لەبەرچاو ئێمە ناشرینترین و دڕندەترین و ترسناكترین شت بوون.
* بەر لەوەی نۆرەی تۆ بێت بۆ گوللەباران كردن چەند كەسی تریان لەسەیارەكەی ئێوە داگرتە خوارەوە و گوللەباران كران..؟!
– هەشت كەس..
* ئەی ئەو كاتەی وا لە سەیارەكەی ئێوەدا بۆ گوللە بارانكردن پەلكێشتانیان كرد سەیارەكانی تر لەكوێ بوون.. لە ریزدا وەستابوون تا نۆرەیان بەركەوێ ..؟
– نەخێر وەك رۆژی حەشر وابوو لەچەند لایەكەوەهەر زرمە ئەهات و لە هەموو لایەكەوە گوێت لە دەنگی دەستڕێژی گوللە بوو.. سەیارەكانی تریش كە لەگەڵ قافڵەكەی ئێمەدا پێكەوە بوین هەریەكە لەلایەكە وەستێنرابوو لە دیار چاڵەكان و دەستەی گوللە بارانكردن خەریكی رەمی كردنیان بوون..
* لە سەیارەكە دوو دوو دایان ئەگرتن..!؟
– بەڵێ دوو كەس دووكەس پێكەوە دا ئەگیراین و دەستمان پێكەوە ئەبەسترا پێكەوە گوللە باران ئەكراین و پێكەوە فرێ ئەدراینە ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانەوە..
* كاری داگرتن و دەست و چاو بەستنەوە و گولە بارانكردنی دووكەس چەنێ كاتی پێویست بوو تا نۆرەی دوانی تر ئەهات..!؟
– وەڵایی خۆی ئەوان بە(10)كەسەوە ئەیانتوانی لە(5) دەقەدا هەزار كەس بكوژن ئەیانتوانی گشتمان دابگرنە خوارەوە هەمومان بكەنە ناو چاڵەكەوە و لە هەموو لایەكەوە دەستڕێژمان لێبكەن تا هەموومان تەواو دەبووین.. بەڵام من قەناعەتم وایە كەبۆیە بەو شێوەیە گوللە بارانمانیان دەكرد تا زۆرترین ئازار بچێژین.. راستە ئازاری هەموو گوللە بارانكردنێك یەك ئازارە، بەڵام تۆ لەكوێ لە حاڵەتی وادا لە چركە ساتێكدا كۆتایت بێت و رزگارت بێ، لەكوێ بە بەرچاوتەوە یەكە یەكە بیكوژن و تۆش نۆرەت بۆی گرتبێ.. هەر دەقیقەیەكی ئەو چاوەڕوانیە ئازاری دەیان ساڵ ناخۆشی تەمەنت هەیە.. دەوەرە تۆ سەعاتێك تەماشای ئەو دیمەنانە بكە بزانە هەموو لەحزەی چاو تروكاننێكی ئازاری مردنێك نیە..؟
* وەڵامی پرسیارەكەمت نەدایەوە كە تا دووكەسیان گوللە باران دەكرد و دەگەڕایەوە بۆ دوانی تر چەنێكی پێ ئەچوو..؟
– ئا، زۆری ئەبرد.. چونكە كە دوو كەسیان لەسەیارەكە دائەگرد هەموو لەشیان ئەگەڕان لە پێیانەوە تا ناو كڵاوو جامانەكەشی بە وردی ئەیانپشكنی ئەگەر شتت لە گیرفان هەبوایە زووتر لە پشكنیكە دەبوونەوە چونكە دەریان دەهێنا و ئیتر ئەوەندە نەدەگەڕان.. بەڵام گەر كەسێك هیچی پێ نەبوایە زۆر بە وردی ئەگەڕان وایان ئەزانی كە لە شوێنی تردا شاردویەتیەوە. دوای ئەو پشكنینە پشتوێنەكەی و جامانەكەیان لێ ئەكردەوە و چاوی هەردوكیان دەبەست و بە پشتوێنەكە لە پشتەوە دەستی هەردوكیانیان دەبەستەوە.. هەروا پێنج مەتر لە سەیارەكە ئەتیان بردە پێشەوە چاڵەكان ئامادە كرابوون و لەسەردەم هەردووكیان پاڵدەخست و پێتیان ئەووت(شایەتمان)بێنە و دوای ئەوە تۆ شایەتمانت دەهێنا هەردوو سەربازەكەش بە عەرەبی شتێكیان دەخوێند نازانم وەك ئایەت وابوو ئەوجا هەردوكیان دەستڕێژیان لێ دەكردی و تاوێك بە دیارتەوە رادەوەستان دواتر تەرمەكانیان رادەكێشایە لێواری چاڵەكە كە شۆفڵ بەدرێژی هەڵی كەندبوو بە باڵای زەلام زیاتر قوڵی كردبوو لەو لێوارەوە تەرمەكانیان بەر ئەدایەوە ئەوسا ئەهاتن بەشوێن دوانی تردا بۆیە ماوەی گوللە بارانكردنەكە زۆری پێدەچوو كە هەست ئەكەم تەنها بە ئارەزوو ئاوا لەسەر خۆیان خەڵكەكەیان دەكوشت كە گەورەترین عەزابی روحیمان بوو.. هەموومان حەزمان ئەكرد لەیەك چركەدا بمانكوژن و زوڵمی زیاتر نەبینین..
* ئەگەر لێت بپرسم لەسەرجەم ئەو دیمەنانەدا كە بە گێڕانەوەشیان مرۆڤ موچوڕكە بەگیانیدا دێت چ جای ئەوەی بە بەرچاوتەوە رووبدەن.. لەناو ئەو دیمەنانەدا كامیان لە هەمووی زیاتر ئازاری داوی..!؟
– لەناو سەیارەكەی ئێمەدا دوو كوڕی مێرد مناڵی تیابوو.. دوو گەنجی زۆر جوان و سەرنج راكێش بوون كە مرۆڤ هەرچەندە زاڵم بێت و ئەم دوو گەنجە دووژمنیشت بن دەستت تێناچوو بیانكوژی.. لەناو سەیارەكە لەپێش من و ئامۆزاكەمەوە دانیشتبوون دوای ئەوەی كە ووتم هەشت كەسیان برد بۆ گوللە باران كردن، نۆیەم و دەیەم كەس ئەو دووگەنجە جوانە بوون كاتێ كە ئەیانزانی ئەم جارە كە سەربازەكان گەڕانەوە نۆرەی ئەوانە خۆیان ئەنووسان بەسەر ئەو تەختەیەوە كە لەسەری دانیشتبوون و هەڵ ئەلەرزین رەنگیان نوری لێ ئەباری، نەم ئەتوانی تەماشایان بكەم.. كە سەیرم ئەكردن هەستم ئەكرد ئەمەوێ هەتا ئەتوانم هاوار بۆ خوا بكەم..لەتاوا هەر ئەپاڕامەوە و ئایەتولكورسیم ئەخوێند.. ئەمبینی لەگەڵ هەر هەناسەدانێكدا هەناسەیان كورت تر دەبوو.. دەستی ئامۆزاكەمم گرت و ووتم با ئێمە لە پێش ئەم دوو گەنجەدا بمرین.. توخوا با مەرگی ئەم دوانە نەبینم بەزۆر پەلی(صاڵح)ی ئامۆزامم راكێشا و هاتینە پێشیانەوە.. ئەمجارە كە تەماشایانم كرد هەستم كرد لە سیمایاندا خۆشحاڵیم بەدی دەكرد دیاربوو زۆر بەوە دڵخۆش بوون كە مەرگیان چەند دەقیقەیەك دوا ئەكەوێت، لەوە ئەچوو هەر بەئومێدی ئەوە بوبن كە خوا دەگاتە فریایان و ئاوا بە رەزیلی نامرن.. كە دوو سەربازە جەلادەكە گەڕانەوە من و صاڵح لەبەردەمیاندا ئامادەبوین بۆ مەرگ و توند هەر یەكێ كردیان بە قۆڵی یەكێكماندا و دامانیان گرتە خوارەوە.
* ئەوكاتانەی كە دووكەسیان ئەبرد بۆ گوللە بارانكردن تا ئەگەڕانەوە بۆ دوانی تر كەس هەبوو پاسەوانیتان بكات..؟
– ئا، دوو سەربازی تر بە تفەنگەوە لەناو ئەو خانەیەی سەیارەكەدا بەرەوو روومان وەستابوون..
* لەوكاتەدا كە ئامادەییت تیابوو نۆرە بڕی لەگەڵ دوو گەنجەكەدا بكەی بۆ مەرگ تا مەرگی ئەوان نەبینی هەستت بەچی كرد..!؟
– سەرەتا وا هەستم ئەكرد كە بەوەی گیانی خۆم ببەخشم گیانی ئەو دوو گەنجە رزگار ئەكەم.. بەڵام ئەوەی من ئەمویست بەچاوی خۆم نەیبینم ئاخری هەر بینیم..
* تۆ و صاڵحی ئامۆزات كامتان لەپێش ئەوی ترتانەوە لە سەیارەكە دابەزین..؟
– من..
* یەكەم دیمەن لەدوای ئەوەی دایانگرتن بینیت و سەرنجی راكێشایت چی بوو..؟
– كە دامیان گرد سەرباری ئەوەی كە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مەرگ ئەچووم بەڵام ئەوەندە لەناو سەیارەكە تەنگە نەفەس ببووم و ئەوەندە خۆزگەم خواستبوو یەك جارێ ترروناكی دەرەوە ببینم، دڵم بەو ساتە خۆش بوو كە روناكیم بینی و چاوم بەزەوی كەوتەوە.. لەوساتە كەمەی كە لە سەیارەكە دامیان گرت و تا ئەوكاتەی چاومیان بەستەوەزۆر شتم بینی و زۆر شت سەرنجی راكێشام چاڵی درێژ درێژم بینی شۆفڵم بینی.. سەربازی زۆرم بینی.. جەنازەی زۆرم بینی
* ئەتوانی بە تەئكید پێم بڵێی كەی بوو ئەو ساتەی كە چاویان بەستیتەوە بۆ گوللەبارانكردن..؟
– خۆر ئاوا بووبوو خەریك بوو تاریك دائەهات..
* رۆژەكەی نازانی چەند شەم بوو..؟
– نەوەڵا..
* ئەی مێژووی رۆژەكە چەنی مانگی چواری هەشتاو هەشت بوو..؟
– نازانم چەنی مانگ بوو بەڵام دوو شەو و سێ رۆژ بوو لە (چەم ئالیاوا) باركرابوین گەیاندمانیانە ئەو شوێنەی وا تیایدا ئەو هەموو گەنجە كوردەیان رەمی كرد..
* ئەوكاتانەی كەچاویان دەبەستی تەماشای سەربازەكەت نەكرد.. بزانی لە چاویدا چی دەخوێنیتەوە..؟
– ئەوان كە قۆڵی ئێمەیان گرتبوو یەكسەر لەدواوە دەستمانیان بەست و هەر لەدواوە توند چاومانیان بەست من پشتم لێی بوو..
* دوا دیمەن بینیت بەر لەوەی چاوت ببەستن ..!؟
– لایتی شۆفڵەكە بوو كە لە دوورەوە ئیشی ئەكرد..
* ناسنامە و كەل و پەلی گیرفانتان دوای ئەوەی دەستانیان بەست بردیان..؟
– بەڵێ.. دوای ئەوەی دەست و چاومانیان بەست گیانمان گەڕان، من جنسیە و پارەی زۆرم پێبوو ئەوەی لە گیرفانەكانم بوو دەریان هێنا و چونكە لە گیرفانم دا بوو ئیتر زۆر نەگەڕان بەڵام پێش ئەوەی بمانبەن بۆ تۆپزاوە هەندێ پارەم لەناو(دەرپێ كوڵەكەم) شاردەوە لەوێ نەیاندۆزیەوە و ئەو پارەیەم پێ مایەوە..
* دوای ئەوەی پشكنین تەواو بوو ئیتر تەواو دڵنیابووی كە لەچەند چركەیەكی تردا ئەمری باری دەرونی و ئەوەی بە خەیاڵت دا ئەهات چی بوو..؟
– لەوكاتەدا ئەوەی بەخەیاڵم دا ئەهات خوێندنی ئایەتولورسی بوو.. مەولویەكیشم قەولدا كە ئەگەر رزگارم بێ(گوێلك)ێك ئەكەمە خێر..ئیتر نازانم چۆن باسی بكەم بڕوا بكە رەنگە بڵێم لەیەك دەقەدا هەزار دیمەن هاتە بەرچاوم هەر لە دێیەكەی خۆمانەوە و ژن و مناڵەكانم و براكانم و كەس و كارم و شێخ موعتەسەم و چەم ئالیاوا و چەمچەماڵ و تۆپزاوا و ئەو عالەمەی لە قاعەكان و دوو گەنجەكەی ناو سەیارەكەمان و هەموو ئەم شتانە ئەهاتنەوە پێش چاوم ئەمە تەنها لە رێكردنی بەردەم سەیارەكەمان تا ئەو پێنج مەترەی دوورمانیان خستەوە و پێمانی دەووت(ئوگعود)پاڵمانی خست لەسەردەم و پێمانی ووت شایەتمان بهێنن.. ئێمە هەر شایەتمانمان ئەهێنا و لەبەر خۆمانەوە ئەپاڕاینەوە .. ئەوانیش بەعەرەبی شتێكیان خوێند نازانم چی بوو ئایەت بوو نازانم قسەی سەدام بوو ئەیانخوێند نازانم چی بوو..
* بە چ شێوەیەك لەسەر زەویەكە پاڵتانیان خستبوو..؟
– ئەی نەموت لەسەر دەم.. دەستی هەردوكمان لەپشتەوە بەسترابوو بەیەكەوە توند توند بەستبویان چاومانیش بە جامانەكانی خۆمان بەسترابوو گیانمانی نوساندبوو بەیەكەوە.. ناوچەوانمانی نوساندبوو بە زەویەوە و چاوەرێ بوین كە پەنجە بخاتە سەر پەلە پیتكەی تفەنگەكانیان و فیشەك لە پشتی سەرمان بدات و لە ناوچەوانمانەوە دەرچێت..
* كەسێكی تر هەبوو لە نزیكتان وەستابێ و فەرمان بداتە سەربازەكان بڵێ دەست پێبكەن..؟
– زۆری لێبوو گوێم لێ نەبوو كەس فەرمانی وابدات.. هەر دوای ئەوەی ئێمە لە شایەتمانهێنان بوینەوە و دوای ئەوەی ئەوانیش شتێكیان خوێند ئیتر تەنها گوێم لە تەقە بوو..
* تەقەی سەربازی تر كە لە تەنیشتانەوە خەڵكی تری گوللە باران ئەكرد..؟
– نەخێر تەقەی ئەو دوو سەربازەی كە ئێمەیان گوللە باران كرد..
* ئەكرێ ئەو حاڵەتەم بۆ باس بكەی كە تەقەكان دەستی پێكرد و چی روویدا..؟
– من هەرچەند چاوم بە جامانەكەی خۆم بەسترابوو بەڵام لەگەڵ یەكەم فیشەكدا هەستم كرد كە دوای ئەوەی لە ئەملا و ئەولای سەرم و شان و گشت گیانمدا ئەیدا بە زەویەكەدا و قوڕ و خۆڵی هەڵ ئەدایە ئاسماندا و هاوار و یەك دوو جار لرخە لرخی صاڵح ئامۆزاشم گوێ لێبوو كە كاتێ فیشەكەكان دای لێی و لەتاو ئازار هاواری دەكرد و گۆشت و خوێن بەرگیانی منیش دەكەوت.. لەبەر ئەوەی گیانمان پێكەوە نووسابوو لە كاتی گوللە بارانكردنەكەشدا كاتێ صاڵح ئامۆزام بەركەوت و لەگەڵ فیشەكەكەدا هەڵبەزیەوە كەوتبوە سەر لایەكی من و خوێنەكەی رژابوە سەر مندا.. بەڵام من دوای تەقەكان ئیتر وا هەستم كرد كە منیش كوژراوم.. هەست ئەكەم ماوەیەكیش ئاگام لەخۆم نەمابوو، چونكە دوای تەقەكان تا ماوەیەك دوای ئەوە نازانم چی رویداوە.. بەڵام هەندێ دوای ئەوە هاتمەوە سەرخۆم هەستم كرد من نەمردووم و ماوم بەڵام هۆشم بەخۆم نەبوو حەپەسابووم هەر دەنگی تەقەی تر دەهات و گوێم لە هاوار و ناڵە بوو گوێم لە ئاخ و ئۆف و شایەتمان بوو ئەمزانی من كە نەمردووم ئەمزانی كە برینداریش نیم بەڵام وا هەستم ئەكرد كە رۆحم زامداربێ.. جوڵەم لێ بڕابوو وەك جەنازە وابووم ئەمویست بجوڵێم بزانم ماوم، نەم ئەتوانی بجوڵێم.. كاتێكم زانی بەسەر زەویەكەدا هەردووكمان رادەكێشن و لە لێوارێكی بەرز بەرمانیان دایەوە كەوتینە سەر كۆمەڵێ جەنازەی تردا فیشكەی خوێن دەهات هاوار هاوار بوو هەبوو بریندار بوو هێشتا نەمردبوو لەتاو ئازاری گیانی ئەیناڵاند ئەپاڕایەوە.. وردە وردە هەستم دەكرد خەریكە دێمەوە سەرخۆم ئەزانم من ئێستا لە كوێم شتەكانم بیر كەوتەوە ئەزانم ئەم كۆمەڵە جەنازەیە كە كەوتون چین و ئەشمزانی یەكێك لە لاشەكانی تەنیشتم ساڵحی ئامۆزامە.. هەستم ئەكرد ئێستا وا باشتر گوێم لە دەنگیدەستڕێژی گوللەیە و گوێم لە نەڕە نەڕی شۆفڵە وا ئێش دەكەن بەڵام هێشتا نەمتوانیوە دەستم بكەمەوە و چاویشم هەر بەستراوەتەوە.. ئەمزانی كە ئەمە ئەو شوێنەیە كە ئیتر بە شۆفڵ خۆڵ ئەكەن بەسەرماندا و وام دانابوو كە جوڵە لەخۆم ببڕم تا نەزانن من زیندووم كەی شۆفڵ خۆڵی كردە سەرماندا و ئەوان رۆیشتن من لەژێر خۆڵەكەدا دەرچم.. بەڵام وردە وردە زیاتر فكرم دەكەوتە كار لەخۆمم دەپرسی كە من ئێستا ناتوانم لاشەیەك لەسەر خۆم لابەرم چۆن ئەتوانم بە باڵای زەلامێك خۆل لابەرم..كە ئەوەم لێك ئەدایەوە وردە وردە هێزم ئەدایە خۆم هەستم كرد كە ئێستا ئەتوانم بجوڵێم هەندێ خەریكی دەستم بووم توانیم دەستم بكەمەوە و بە هێواشی جامانەكەشم لەسەر چاوم لابرد بەڵام بڕوا بكە تا پێنج دەقیقەش جامانەكەم لابردبوو توند چاوی خۆم نوقاندبوو نەم ئەوێرا چاوم بكەمەوە.. لەم ماوەیەشدا چەند لاشەیەكی تریان بەردایەوە سەرمان كەمن كاتێ چاوم كردەوە هەرچەند دونیا تەواو تاریك ببوو ناو چاڵەكەش تاریكتر تەماشای ئەملاو ئەولای خۆمم كرد هەموو لاشە بوون لەناو لاشەكاندا تەرمی ئەو دوو كوڕە گەنجەم بینی كە ئێستاش ئازاریان وا لەناو دڵمدایە و بەقەدەر براكانی خۆم زیاتر خەفەتم بۆ خواردن.. من پێشیان كەوتم تا مەرگی ئەوان نەبینم كەچی لاشەی هەردوكیان لەبەر دەستم بوو.. چاوم لێبوو لەوسەری چاڵەكەوەشۆفڵ ئیشی ئەكرد لایتەكەی لەناو چاڵەكە ئەدا بەدرێژاییەكی زۆر هەمووی لاشەی لەسەر یەك بوو ئاگام لێبوو دوو سەرباز هاتن بەناو لاشەكاندا ئەگەڕان ئەوەی كە بریندار بوو ئەجولایەوە و هاواری بوو دەستڕێژیان لێ ئەكرد و ئەیانكوشت.. ئەمجا وەخت بوو زراوم بچێ ئەمجارە زۆر ئەترسام زۆر لەو حاڵەتە ناخۆشتربوو.. ئەمجارە ژیانم زۆر لا خوشەویستربوو ئەپاڕامەوە ئایەتولكورسیم ئەخوێند كە هەست نەكەن ماوم.. هەناسەم لەخۆم بڕیبوو.. هەرچەندە هیچ ئومێدێك نەبوو بۆ رزگار بوونم و ترسی ئەوەم هەبوو كەپاش كەمێكی تر بە شۆفڵ خۆڵ بكەن بەسەرمدا كەچی زۆر ئەپاڕامەوە ئەم دوو سەربازە نەمكوژن.. خواكردی ئەوانیش بەسەرمدا تێپەڕین و كە بەسەر لاشەكاندا ئەرۆیشتن گوێم لە قرچەی شكانی ئێسك بوو لە ژێر پێیاندا كەبەسەر لاشەكاندا ئەچوون.. دوای ماوەیەك كە رەنگە سەعاتێكی پێ چووبێ هەر ئاوا لەناو لاشەكاندا بووم..تەواو تاریك ببوو ئەمجارە سەرم بەرز كردەوە تەماشای ئەملاو ئەولام ئەكرد بە بیرمدا هات كە ناوی خوا بهێنم و هەوڵدەم لەناو لاشەكان دەرچم بەڵام لەشم هەمووی هەر خوێنە بەناو لاشەكاندا هەندێ لەسەر چۆك و هەندێ بەزگە خشێ رۆیشتم هەستم كرد كەس ئاگای لێ نیە بەوشێوەیە چاڵەكەم بڕی كە بە پانایی چوار مەتر و درێژیەكەی زۆر زۆر بوو دیاربوو شۆفڵ بەناویدا رۆیشتبوو چونكە ئەوسەری قوڵیەكەی كەمبوو شۆفڵەكە لەوێوە سەركەوتبوو منیش بەشوێن شۆفڵەكەدا دەرچووم بێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دواوە بدەمەوە رامكرد ماوەیەكی زۆر كەم رۆیشتم كەوتمە چاڵی لاشەی ترەوە ئەویشم بڕی چەندین چاڵی پڕ لاشە و چاڵی تری ئامادەكراوم بینی هەر رام ئەكرد و ناوەستام یەكەمجار ئاوڕم بۆ دواوە دایەوە هەستم كرد ماوەیەكی باش دوور كەوتومەتەوە و لایتی سەیارەكانم لێوە دیاربوو ناوچەكە وەك ئەوە وابوو ناو دۆڵێكی پان بێت ئیتر ماوەی زیاتر لە سەعاتێ رێگەم بڕی ئەوجا دانیشتم و كەمێك پشوومدا..لەبەر ئەوەی لەناو سەیارەكەدا كە لە تۆپزاواوە بردمانیان و ناو سەیارەكە زۆر گەرم بوو ئەوجا لەتاو گەرما پێڵاوەكانم داكەندبوو كاتێ دامانیان گرد بۆ گوللە بارانكردن پێم پەتی بوو.. دوای ئەو سەعاتە راكردن و بەپێ برَینە هەستم كردكە پێم ژان ئەكات.. هیلاك و ماندووم تینووم ئازارم هەیە ئەترسام.. ئیتر خۆیشم نەم ئەزانی بۆ كوێ ئەچم هەر رێگەم ئەكرد بێ ئەوەی بزانم رووم لەكوێ یە.. لە هەر شوێنێ ئاوەدانی دیار بوایە لە ترسا رووم تێناكرد و خۆشم نەم ئەزانی ئەمەوێ بۆكوێ بچم.. چونكە گیانم بە خوێنەوەبوو نازانم بۆنیان كردبوو چی بوو هەندێ سەگ بە وەڕە وەڕ بۆم هاتن دەستم بۆ زەوی ئەبرد و هەمووی لم بوو هیچم شك نەبرد پەنای بۆ ببەم زۆر ئەترسام كە سەگ بمخوات سەد خۆزگەم ئەخواست وەك ئەو خەڵكە منیش فیشەكەكان بەرم بكەوتایە و بمردمایە و رزگارم نەدەبوو.. ناشوكریم ئەكرد و ئەمووت خوا بۆ نەگبەتی منی هێشتەوە سەگەكان زۆر تەنگیان پێم هەڵچنی لەتاوا خۆم وەك ئاژەڵی چوارپێ لێكرد و هەتا هێزم تیابوو ئەمنەڕاند و مۆڕەم لە سەگەكان ئەكرد.. هەستم كرد كەوامكرد سەگەكان هەڵوێستەیان دەكرد و ئەگەڕانە دواوە.. فرسەتم بینی و زیاتر ئەمنەڕاند و ئەمجارە من بەرەو رویان چووم سەگەكان لە ترسا رۆیشتن و لە دوورەوە پێم ئەوەڕین ئیتر ئەو شەوە تا رۆژ بۆوە من هەر رێگام بڕی لەكوێ لایتی سەیارە دیاربوایە بۆی ناچووم ئاوەدانی لە هەر شوێنێك دەركەوتایە ئاراستەی رێگەكەم ئەگۆڕی تا رۆژم لێ بۆوە.. ئیتر بەرچاوم رونتر بوو هەرچەند نەمدەزانی ئەم شوێنە كوێ یە بەڵام كە رۆژ بۆوە و روناكی خۆرم بینی هەر لە خۆمەوە ئومێدم لا دروستبوو كە پشت بەخوا رزگارم بوە زۆرم برسی بوو كەوتمە(جۆ) خواردن.. لە دوورەوە جۆگە ئاوێكم بینی منیش هیلاك و تینوو وا كوێر ئەبم بۆ قومێ ئاو رۆیشتم ئاوم خواردەوە دەست و پێ و دەم و چاوم شۆری هەندێ جلەكانم پاكردەوە كە بە خوێنەوە بوون هەموو لەشی خۆمم تەڕكردبوو تا خوێنەكە لەگیانم بێتەوە خۆمم دابوە بەرخۆرەكە كاتێكم زانی كابرایەكی ئەختیار وا بەرەو لای من دێت و دیاربوو ئەو منی بینیبوو هیچ چارەیەكم نەماو شوێنێ نەبوو خۆمی لێ بشارمەوە و زۆر ترسم لێ نیشت لەم دەشتە چۆڵەدا ئەم كابرایە چیە پەیدابوو.. كاتێ هات و نزیكەوە بوو كە سڵاوی لێم كرد و كەوتە قسەكردن لەگەڵمدا تەماشام كرد (كورد)بوو شوان بوو.. ئیتر وەك ئەوەی تازە لەدایك بم ئاوا هەموو ناخۆشیەكم لەبیرچووەوە.. وەك ئەوە وابوو خوا لە ئاسمانەوە ئەم پیاوەی كردبێ بە فریشتە و بۆمنی ناردبێ.. لێمی پرسی بۆ وا كەوتویتەتە ئەم دەشتە بۆ گیانت بە خوێنەوەیە بۆچی پێت پەتیە.. هەستم كرد زۆر بە پەرۆش و خەمخۆریەوە ئەم پرسیارانەی كرد، منیش زوتر لای خۆمەوە تەگبیرم كردبوو كە ئەگەر توش هەر ئاوەدانیەك بووم ئەڵێم سایەق سەیارەی ئیشغاڵم و وەرگەڕاوین لەسەیارە و هاوڕێكانم مردوون و رێگام لێ گۆڕاوە.. كە ئەمەشم بە كابرا ووت زۆر بەزەیی پێمدا هاتەوە.. منیش لە ئەوم پرسی كە ئەو چی دەكات لێرە و ئێرە كوێ یە من چیبكەم.. ووتی ئێمە كوردی ئێرانین دەمێكە لێرەین و لە كەمپێكداین لە نزیك(رومادی) ئیتر زۆر دانیشتین و دڵی دامەوە و رێگای بۆ كێشام كە چۆن بچم بۆناو ئۆردوگاكە و ناونیشانی ماڵێكی داپێم كە تەكسی هەیە و ئیش ئەكات تا ئەو بمبات بۆ (رومادی) و لەوێوە بۆ بەغدا بچم..
كاتێ بەرەو لای ئەو شوێنە دەچووم كە پیرەمێردەكە ناونیشانەكەی دابووپێم تووشی رەبایەیەك بووم كە هەموویعەسكەری بوو زۆر ترسام وام ئەزانی ئەوان بە وەزعەكەی من دەزانن و ئەمناسنەوە و ئەمگرن بەڵام ئەوان هەر لە دوورەوە تێمیان خوڕی كە نزیكی رەبایەكە نەبمەوە و دوور بگرم..كەمێك هۆشم هاتەوە و شوكرانەیەكی خوام كرد كە ئەمجارەش رزگارم بوو.. نزیكی بانگی نیوەڕۆ بوو گەیشتمە ئەو ئۆردوگایەی كە پیرەمێردەكە ناونیشانی داپێم.. سەرەتا توشی هەندێ گەنج بووم(خشتیان ئەبڕی) سڵاوم لێیان كرد بە كوردی وەڵامیان دامەوە و ئەوان زۆر بەسەر سامیەوە تەماشامیان ئەكرد كە غەریب بووم و بەپێی پەتی و سەرو ملێكی شێواوە وە چومەتە ئەوێ و جلی كوردیم لەبەرە بەلایانەوە سەیر بوو هەركەس ئەیپرسی هەر ئەو قسەیەی یەكەمجارم دەكردەوە كە سایەقم لە ئیشغاڵ و سەیارەكەم وەرگەڕاوە، بە پرسیار ماڵەكەم دۆزیەوە كەپیرەمێردە شوانەكە ناونیشانی داپێم..
لە دەرگای ماڵەكەم دا ژنێك دەرگای كردەوە سڵاوم لێكرد و چومە ژوورەوە، زۆر سەرسام بوو بێ ئەوەی خوڵكم بكات خۆم كردە ژووردا.. دانیشتم و پرسیاری ئەو ناوەم كرد كە ناونیشانیان دابووپێم.. وتی نیە لەماڵ و وەزعی خۆم جارێكی تر باس كرد كە چۆن وەرگەڕاوم و شەوو رۆژێكە رێگەم لێ تێكچوە و نانم نەخواردووە.. ژنەكەیش بەزەیی پێمدا هاتەوە نانی بۆ هێنام و چایی بۆم كرد و نیو سەعاتێ دوای ئەوە(مێردەكەی) هاتەوە.. ئەویش كاتێ چاوی بەمن كەوت سەرسام بوو كە ئەم كابرایە چی دەكات لەماڵیان.. سەر لەنوێ ئەو وەزعەی بۆ خۆمم رێكخستبوو بۆ ئەویشم گێڕایەوە و داوای هاوكاریم لێكرد كە بمبات بۆ شوێنێ كە بتوانم بگەڕێمەوە بۆ كوردستان.. وتی من ناتوانم بتبەم چونكە منیش كە سەیارەم هەیە رۆژی یەكجار بە كارت بۆمان هەیە لەم ئۆردوگایەدا دەربچین من نۆرەی خۆم تەواو كردوە و ناتوانم جارێكی تر دەربچم لە ئۆردوگاكە چونكە ئێمەش وەك زیندانی واین.. ئیتر زۆر نائومێد بوومو دیاربوو بە روخسارمەوە .. كە هەستاین و بینی پێم پەتیە بەلایەوە سەیر بوو وتم ئێستا پێڵاو ئەكڕم رازی نەبوو لەماڵی خۆیان(جوتێ نەعل)یان داپێم دیاربوو ئەم حاڵەتە بۆمن باش بوو زیاتر بەزەیی پێمدا هاتەوە و ووتی بابڕۆین ئێستا رێگەت بۆ دەكێشم چی بكەیت.. كە هاتینە دەرەوە لەگەڵم هات تا دەرەوەی ئۆردوگاكە ووتی ئەم ئۆردوگایە مراقەبەی زۆری لەسەرە بانەتگرن دیاربووكابرا هەستی بەشتی تر كردبوو پێمی ووت لەناو ئۆردوگاكە سواری سەیارە مەبە چونكە ئەوە سەیتەرەیەكە لەوێ یە نەوەك داتبگرن و رێگەیەكی تولەرێی نیشاندام كە بە پێ بەو رێگایەدا بڕۆم تا دەگاتە سەر رێگا سەرەكیەكە و لەوێدا راوەستم تا ئەو كاتەی سەیارەی ناو ئۆردوگاكە كە نۆرەیەتی بچێت بۆ رومادی دێت و دەستی ڵی رابگرم و لەگەڵی سەركەوم..ویستی پارەم بداتێ پێم ووت كە پارەم پێیە.. چونكە ئەو پارەیەی لە نێوان چەمچەماڵ و تۆپزاوا لەناو(دەرپێ كورتەكەم)شاردبوومەوە هەرمابوو.. وەك ئەم كابرایە رێی بۆ كێشام بە رێگاكەدا رۆیشتم و لەسەر رێگا سەرەكیەكە راوەستام ماوەیەكی پێچوو سەیارەیەكی(18نەفەری) لە دوورەوە كە لە ئۆردوگاكەوە دەرچووبوو دەهات.. ئیتر تا سەیارەكە گەیشتەلام هەر دەپاڕامەوە خوایە هەڵم بگرێ و زۆریش ئەترسام كێ ئەڵێ(ئەمن و پیاوی حكومەتی تیانیە) و نازانێ من وام بەسەر هاتووە و نامگرن.. زۆر ئەترسام و دڵی خۆشم ئەدایەوە خۆ قابیلە غەیبیان پێ نیە بەچی ئەزانن..
سەیارەكە هێشتا زۆری مابوو بگاتەنزیكم دەستم بۆی راگرت.. ئەموت نەك من دەست رابگرم و سایەقەكە ئاگای لێ نەبێ ..بۆ ئەوەی بمبینێ با هەر لەدوورەوە ئیشارەتی بۆبكەم..
كاتێ گەیشتە راستم راوەستا.. زۆر بەترسەوە ئەو دوو هەنگاوەم بڕی كە لەنێوان من و سەیارەكە دابوو ئەویش دەرگاكەی لە تەنیشتەوە بوو بێ ئەوەی بەدەست خۆم بێت كە دەستم بۆ دەرگای سەیارەكە برد دەستم گەڕاندە دواوە دیمەنی ئەو سەیارەیە هاتەوە پێش چاوم كە بەر لەم سەیارەیە دوا سەیارەبوو بینیبووم و سواری بووم بۆ ئەوەی بمانبەن بۆ گوللەبارانكردن.. ئەترسام وەك ئەوەی لەناو سەیارەكە لاشەی دوو كوڕە گەنجەكە و ساڵح ئامۆزامی تیابێ.. وەك بڵێی لەناوەوەی سەیارەكە هەستیان بەم هەڵوێستەی من كردبێ كەسێك لەناوەوە دەرگاكەی كردەوە.. بە كردنەوەی دەرگاكە ترسەكەم شكا و یەكسەر سەركەوتم.. تەماشام كرد زۆربەی كورسیەكانی گیراوە.. سڵاوم كرد یەكێك لەناو هەمویاندا سڵاوەكەمی سەندەوە و ووتی فەرەج بێرە ئێرەوە..
* لەناو هەژدە نەفەریەكە كەسێك ناسیتی..”؟
– ئا،ئا.. هەر دوای ئەوەی سڵاوم كرد یەكێك لەناو سەیارەكەوە بانگمی كرد كە بچمە تەنیشتیەوە..
* لەو كاتەدا هەستت بەچی ئەكرد..!؟
– یەكەمجار زۆر ترسام و وام ئەزانی لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانەوە بە شوێنمەوەیە و هاتووە من بەرێتەوە بۆ شوێنی رەمی كردنەكە بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر دڵم خۆشبوو من ئەوەی دیبووم وا هەستم ئەكرد كە ئیتر كەسێك نەماوە من بیناسم بۆیە موچڕكەی خۆشی بە گیانمدا هات كەوا كەسێك هەیە لەم دنیایەدا فەرەج ئەناسێتەوە..
* تۆ ئەو كەسەت ناسی كە بانگی كردی بچیتە تەنیشتیەوە..؟
– سەرەتا نەمناسی و چومە تەنیشتیەوە دانیشتم هەندێ تەماشای یەكتریمان كرد ناسیمەوە كە(عوزێر)بوو خەڵكی ناوچەی لەیلان بوو ئەویش وەك من گیرابوو ئەویش لە گوللەبارانكردنەكە رزگاری ببوو..
* چیتان ووت كە چونە تەنیشت یەكتریەوە..؟
– ئەو وتی چی ئەكەی لێرە.. منیش وتم وەك تۆ ، كە وام ووت ئیتر ئەویش حاڵی بوو لەناو سەیارەكە بۆ ئەوەی خەڵكەكە بە وەزعەكەمان نەزانن هیچ قسەیەكی ترمان لەو بارەیەوە نەكرد..
* پاسەكە بۆكوێ ئەچوو هەر بە رێكەوت سواری ببوون بێ ئەوەی بزانن بۆ كوێ ئەچێ یان شوێنێك هەبوو سەیارەكە بۆ ئەو شوێنە دەچوو ئێوەش بە هیوای رزگاربوون رووتان لەوێ كردبوو..؟
– ئێمە بۆ هەر شوێنێ بچوایە سواردەبوین گرنگ ئەوەبوو لە شوێنی گوللەبارانكردنە كە دوورمان بخاتەوە و بەرەو ئاوەدانیمان بەرێت تا بگەڕێینەوە بۆ كوردستان بەڵام ئەمانزانی بۆ رومادی ئەچێ..
* لە ئاوەدانی ناترسان..؟
– زۆریش ئەترساین بەڵام چارەیەكی ترمان نەبوو
* هەستت ناكرد بەوەی تێكەڵ خەڵك بن بەهۆی ئەوەی وتت گیانم بە خوێنەوە بوو خەڵك شك بكاتە سەرتان و بناسرێنەوە یا ئاشكرابن…؟
– من هەر لەسەر ئاوەكە گیانی خۆم شۆرد بە رووكەش پێمەوە دیارنەبوو كە خوێن بەگیانمەوە بوبێ بەڵام هەستم ئەكرد بۆنی خوێنم لێدێت.. عوزێریش لەوێ گیانی بەخوێنەوە نەبوو ئەویش خۆی پاكردبۆوە.. بەڵام چونكە خۆمان ئەمانزانی لەكوێ وە دێین هەر لە خۆمانەوە بەشك بوین كە بمان ناسن و بمانگرن بۆیە زۆر ئەترساین ئەمانوت ئەگیرێین..
* ماوەی چەنێ بە رێگاوە بوون تا گەیشتنە روومادێ..؟
– نیو سەعات ئەبوو..
* كەستان جاری تر روومادیتان بینیبوو..؟
– من نەمبینیبوو بەڵام ماڵی خوشكێكی عوزێر لەوێبوو بەوە دڵمان خۆش بوو كە ئەچینە ماڵ ئەوان تا رێگا چارەیەك ئەدۆزینەوە..
* تۆ پێشتر ئەتزانی ماڵی خوشكی عوزێر لە رومادیە..؟
– بەڵێ عوزێر لە رێگە لەناو سەیارەكە وتی ئێستا ئەچینە رومادی ماڵی خوشكێكم لەوێیە ئەچینە ماڵ ئەوان . من سەرەتا وامزانی بۆ ئەوە ئەو قسەیەی كرد كە خەڵكەكەی ناو پاسەكە شك نەكەن ئێمە غەریبین بەڵام دوایی زانیم كە بە راستیەتی .. خوشكەكەی ناوی(نایل) بوو ژنی كابرایەك بوو ناوی (حاجی حەسەن)بوو..
* لەو بارە پڕ مەترسیەتاندا هەستت بەچی كرد كە دڵنیابووی ماڵی كەسێكی ئازیزی هاوڕێكەت لەو شارەدایە..؟
– ئومێدی زۆرم لادروست بوو كە ئەژێمەوە، ناگیرێین، بە ئاسانی ئەگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان و ئەو ماڵە هەموو هاوكاریەكمان دەكەن.. بەڵام بۆ نەگبەتیەكەی ئێمە زۆر گەڕاین ماڵیانمان نەدۆزیەوە ئیتر تەواو بێ ئومێد بووین وتمان دیارە چارەیەكی رەش لە ناوچەوانمان نووسراوە ئەشترساین كە بە جلی كوردیەوە ئەوەندە سوڕاینەوە لەناو رومادی بمانگرن.. بەڵام چونكە ئیشغاڵ خەریكی رێگەوبان بوون و كوردیش بەهۆی سایەقی و كرێكاری ئیشغاڵەوە هاتووچۆی هەبوو كەس گومانی نەخستە سەرمان و ماڵی كوردیشی تیابوو بەهۆی ئەوەوە كەس پرسیاری لێمان نەكرد بەڵام كەسمان(جنسیە)مان پێ نەبوو ئەگەر یەك شورتەمان توشبوایە ئەمانی گرت..
* وتت لەناو سەیارەكە لە ترسی ئەوەی نەبا ئاشكرابن لەگەڵ (عوزێر)دا زۆر قسەتان نەكردووە.. بەڵام كاتێ دابەزین لەناو(رومادی) كاتێ كەسی ترتان لا نەبوو ئەمجا نەتپرسی ئەو چۆن رزگاری بووە..؟
– با، هەردووكمان پرسیارمان لە یەكتری كرد و هەردوكمان بەسەر هاتەكەمان بۆ یەكتری گێڕایەوە..
* ئەو چۆن رزگاری ببوو..!؟
– من نازانم لە تۆپزاواوە بەرەو شوێنی گوللەبارانكردنەكە پێكەوە بوین یان نا.. بەڵام عوزێر ئەیوت منیش لەناو قافڵەكەی ئێوەدا بووم.. هەرچەندە باسی ئەكرد ئەو سەیارەیەی ئەویان پێ بردبوو لەوانەی ئێمە جیاواز بوو.. شێوازی گوللەبارانكردنەكەشی وەك عوزێر دەیگێڕایەوە لەو شێوەیە جیابوو كەمن بینیم و ئێمە كاتێ گەیاندمانیانە شوێنی گوللەباران كردنەكە خۆری مابوو.. كەچی عوزێر ئەیوت كە ئەوان گەیشتوون دونیا تەواو تاریك بووە، بۆیە من قەناعەتم وایە كە لە دووكات و دوو قافڵە و شوێنی جیابوبێتین.
(عوزێر) ئەیوت دوای ئەوەی گەیشتوینەتە شوێنی گوللەبارانكردنەكە تەواو دڵنیابوین لەوەی كە هەموومان گوللەباران دەكەن و لە درزی دەرگای سەیارەكەوە چاومان لێبوو كە ئەوانەی ناو سەیارەكانی تریان داگرتۆتە خوارەوە و رەمی كراون،لەناو سەیارەكەی خۆماندا تەگبیرمان كردووە كە ئەوكاتەی دێن و دەرگای سەیارەكەی ئێمە دەكەنەوە و ئەیانەوێ دامانگرن بۆ گوللەبارانكردن.. ئێمە پەلاماری سەربازەكان بدەین ، هەرچەندە برسێتی و تینوێتی هێزی لەبەر بڕیبووین بەڵام تەگبیرمان وابووە كە بە دوو سێ كەسمان پەلاماری ئەو سەربازە بدەین و چەكەكەی لێ وەربگرین و بەرگری لەخۆمان بكەین.. ئەیوت یەكەمجار كوڕێكمان لەگەڵ بووە ناوی(سەلام) بووە كە یەكەمجار سەربازەكە دەرگاكەی كردۆتەوە ئەم (سەلام)ە شەقێكی بۆ داوەشاندووە بەڵام سەربازی دووەم لەناو دەرگاكەدا(سەلامی كوشتووە)و دەرگاكەیان داخستۆتەوە.. جارێكی تر دەرگاكەیان كردۆتەوە و سەربازەكە هاتۆتە ژوورەوە بۆناو سەیارەكە تا یەكێك پەلكێش بكات بۆ گوللەبارانكردن لەوكاتەی وا چاوی گەنجێكی كوردی بەستۆتەوە ئەمان پەلاماریان داوە و بەهەر حاڵێك بوە چەكەكەیان لێ سەندووە بەڵام سەربازەكە توانیویەتی مەخزەنی تفەنگەكەی دەركات و فرێی بداتە دەشتەوە ئیتر هەر لە دەرەوەی سەیارەكەوە لە هەموو لایەكەوە سەیارەكەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و ئەو جەلادەی خۆشیان كە هێشتا لەناو سەیارەكە بووە كوژراوە و یەكسەر كۆمەڵێكی هاوەڵەكانی عوزێر هەر لەسەر ئەو كورسیانەی لەسەری دانیشتوون كوژراون و لەترسا ئەوەكانی تر خۆیان كردۆتە ژێر كوشنەكانەوە .. ئەیوت ئەوەندە گوللەیان ناوەتە سەیارەكەوە وەك(بێژنگ)كون كون بووە و خوێن بەناو سەیارەكەدا خوڕەی ئەكرد كە ئەو هەموو گەنجەیان كوشتبوو، وەك(عوزێر) ئەیووت كە دونیا تاریك بووە دوای ئەوەی تەقە كردنەكە كۆتایی هاتووە سەربازەكان دڵنیابوونە لەوەی كە هەموو ئەوانەی ناو سەیارەكەیان كوشتووە و كاتێ عوزێریش دڵنیابووە لەوەی كە سەربازەكان دوور كەوتونەتەوە لە سەیارەكەیان دابەزیوە و خۆی دزیوەتەوە و بەناو تاریكیەكەدا رایكردووە سەرەتا كەوتۆتە چاڵێكی پڕ لە لاشەوە ئەیوت كەوتمە سەر لاشەیەكدا هێشتا گیانی تیا مابوو خوێن لە دەم و لوتیەوە دەرئەچوو.. رێگای كردوە تا دەمەو بەیان گەیشتۆتە هەمان ئەو ئۆردوگایەی كە من بۆی چووم و چەند ماڵێكی كردووە تا جێیان كردۆتەوە نانیان داوە پێی و دوای بەسەرهاتەكەی بۆ ماڵەكە گێڕابۆوە لەترسا نەیانوێرابوو داڵدەی بدەن و رێگایان بۆ كێشابوو كە سواری ئەو سەیارە بێت بەرەو(رومادی) تا لەوێوە بگاتە بەغدا و پاشان بەرەو كوردستان..
* تۆ پێت وانیە خەڵكی تریش هەبوبێ وەك تۆ و عوزێر ئەویش لە گوللەبارانكردنەكە رزگاری بوبێ و دواتر رێگای دەرباز بوونی نەدۆزیبێتەوە لەو دەشت و دەرەدا گیان لەبەری كێوی خواردبێتی یا لەبرسا مردبن و دووریش نیە گەیشتبێتنە ئاوەدانیو جارێكی تر بەردەستی كاربەدەستانی بەعس كەوتبێتنەوە و كوشتبێتیان.. تۆ ئەڵێی چی,..!؟
– وەڵا بەدووری نازانم حاڵەتی وا زۆر بوبێ چونكە ئێمە بێ ئەوەی ئاگامان لە كارەساتی یەكتربێ، بە رێكەوت لەگەڵ (عوزێر)دا یەكمان بینی و رزگارمان بوو دوو سێ كەسی تریش هەر گەڕابوونەوە و رزگاریان بوو ئێستاش ماون.. رەنگە خەڵكی تریش هەبوبێ دوای جارێكی تر تیاچوبێتەوە.
* لە رومادی چونە گەراج سواری سەیارەبوون یاخود سەیارەیەكی تایبەتی تان گرت بۆ بەغدا..؟
– چوینە گەراج، كە ئێمە چوین سەیارەیەكی (21)نەفەری ئامادەبوو سواربوین تەماشامان كرد (ئینزیباتی)تیابوو.. زۆر ترسام هەر لە خۆمەوە وام لێك ئەدایەوە كە ئەمانگرن و كەوتمە دڵە راوكێ و وا هەستم ئەكرد كە خوا لە چارەی نووسیوین نابێ رزگارمان بێ و ئەوەتا بەپێی خۆمان كەوتینە ناویانەوە.. لەبەر ئەوە نەمانوێرا زۆر سەیر بكەین تا بزانین لەكوێوە جێگای چۆڵ هەیە تا هەردووكمان پێكەوە دانیشین و نەشمان وێرا دابەزینە خوارەوە، لەترسا هەریەكی لەلایەكەوە دانیشتین.. من دوو ئینزیبات لەملاوئەولامەوە دانیشتبوون نەم ئەوێرا تەماشای هیچیان بكەم، هەرچەندە گیانم خوێنی پێوە نەمابوو بەڵام وا هەستم ئەكرد كە بەگیانی خوێناویەوە لە تەنیشتیان دام و ئێستا ئەمناسنەوە.. جوڵەم لەخۆم بڕیبوو.. هەندێ سەربازی تریش هاتن سواربوون و جگە لەمن و عوزێر ئیتر هەموو نەفەرەكانی ئینزیبات و سەرباز بوون.. لە رومادیەوە كەوتە رێ بەرەو بەغدا و تا ناو بەغدا بەچەند سەیتەرەدا رۆیشتین كە لە هەریەكیاندا خەریك بوو زراوم بچێ ئەموت ئێستا داوای ناسنامەمان لێدەكەن و ئاشكرا دەبین و دەمانگرن.. بەڵام دیاربوو لەبەر ئەوەی هەموو پاسەكە جگە لە ئێمە سەرباز بوون و جلی نیزامیان لەبەر بوو لە هیچ كام لەو سەیتەرانە نەمانیان پشكنی و بەسەلامەتی گەیشتینە بەغدا و كاتێ لەسەیارەكە دابەزیم ئۆخەیەكم كرد و هەستم كرد هەناسەیەكی خۆشیم هەڵمژی.. ئەمجارە شوكرانەی خوام كرد و وتم ئەمانە بۆ ئێمە بوونە فریشتە و بە هۆی ئەوانەوە لەو هەموو سەیتەرەیە رزگارمان بوو ئینشائەڵا خوا رەحمی پێمان كردووە..
* بەرنامەتان چیبوو كاتێ گەیشتنە بەغدای پایتەخت.. ئەو شوێنەی بڕیاری گرتن و كوشتنی ئێوەی تیادرابوو..؟
– بەرنامەمان چیبێت.. ئێمە لە ئیرادەی خواوە نەمردبوین و رزگارمان ببوو ئەمانویست بگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان بۆ ناو كەس و كارەكانمان..
* كە گەیشتنە بەغدا یەكەم شت چیتان كرد..!؟
– كە لە كۆستەرەكە دابەزین وەك ئەوە وابوو لە سجن ئازاد بوبین.. یەكسەر سواری تەكسیەك بوین و بۆ (باب ئەلشێخ) بۆ تەكێی شێخ عبدالقادر گەیلانی.
* بۆچی چون بۆ ئەوێ..؟
– چوین نوێژمان كرد و گەلێ لەخوا پاڕاینەوە و شكور بووین بەو حاڵە و سوپاسی خوامان كرد كە رزگارمان بوو بوو.. دە پاڕاینەوە كە خوا رەحممان پێبكات و بە سەلامەتی بگەینەوە لای كەسوكاری خۆمان..
* ئاگات لەوە هەبوو كەسوكارت لەكوێن..!؟
– نەوەڵا هەر لە قادر كەرەمەوە ئیتر من ئاگام لێیان نەمابوو.. ئەمزانی بەرەو كەركوك چون بەڵام دڵنیا نەبووم كە ئایا رزگاریان بووبوو یاخود گیرابوون.. هەر خۆم ئومێدم لای خۆم دروست كرد كە پشت بەخوا نەگیراون..
* دوای ئەوەی نوێژتان كرد و پاڕانەوە لە باب شێخ چی ترتان كرد..؟
– پشویەكمان داو تاوێ بیرمان كردوە چیبكەین و چۆن بڕۆینەوە.. دواجار بڕیارماندا بە پشتیوانی خوا بەرەو گەراجی(نەهزە)بڕۆین و یەكسەر سواری سەیارەی كەركوك بین..
* پێشتر (بەغدا)ت بینیبوو..؟
– ئا، ئا.. بینیبووم..!
* بەچی رۆیشتن بەپێ یاخود بەسەیارە لە باب ئەلشێخەوە بەرەو نەهزە..!؟
– تەكسیمان گرت.. چوینە گەراج.. زۆر برسیمان بوو بەڵام هەردووكمان وامان بەچاك زانی كە نەچینە چێشتخانەو كەباب خانە بۆ ئەوەی بە درەنگ نەكەوین و چونكە(جنسیە)مان پێنەبوو زۆریش ئەترساین.. بەغدایش سامی گران بوو هیچت لە هیچا نەبوایە لێی ئەترسایی.. ئیتر ئێمە ناهەقمان نەبوو كە زۆر ئەترساین.. هەرچەندە جگە لەخوا كەسیتر نەی ئەزانی ئێمە كێینو لە كوێ وە هاتویین.. بەڵام خۆمان ئەمانزانی كە ئێمە چەند خەتەرین بەقەدەر ئەوە ئەترساین ،بۆیە هەر لەناو گەراجەكە(لفە)مان كڕی و بردمان وتمان لەناو سەیارەكە ئەیخۆین كە چوین سەیارەكە نەفەری تیانەبوو سوار بوین و كەوتینە(لفە)خواردن..
* سەیارەكە چیبوو..؟
– 21 نەفەری..
* لەكەستان پرسی كام سەیارە ئەچێت بۆ كەركوك.. یاخود خۆتان ئەتانزانی كامانە سەیارەی كەركوكن..!؟
– گەراجی(نەهزە) زۆر قەرەباڵغ بوو، نازانم خەتی چەند شاری لەسەر بوو بەڵام ئەتوت شارە مێرولەیە.. مەگەر تۆپزاوا ئاوا سەیارە بەیەكدا هاتبێ لە دە لاوە خەڵك سەر ئەكەوت و خەڵك دا ئەبەزی.. كە پرسیارمان كرد كامە سەیارەی كەركوكە. ئیتر چوین و كابرایەك لە نزیك سەیارەكان راوەستابوو بانگی نەفەری ئەكرد لەو كابرایەمان پرسی كام سەیارە دەرئەچێت، ئەویش سەیارەیەكی 21 نەفەری نیشان داین ئەوەبوو كە سەركەوتین..
* ئەی یەكەمجار لە كێتانپرسی كامانە سەیارەی كەركوكن..!؟
– لەو كابرایەی(لفە)كەمان لێی كڕی..
* پێی سەیر نەبوو كە ئێوە جلی كوردیتان لەبەر دایە و پرسیاری سەیارەی كەركوك دەكەن..!؟
– ئەگەر بەلایەوە سەیریش بوبێت.. ئەو هیچی لەو بارەیەوە نەووت و ئێمەش هەستمان بەهیچ نەكرد..
* لەناو پاسەكە خۆت و عوزێر لەسەر كورسیەك پێكەوە دانیشتبوون..؟
– كە سوار بوین ئا، پێكەوە دانیشتین تا هەر یەكی یەك دوو تیكەمان لە لفەكە خوارد..!
* ئەی دوای ئەوە..!؟
– لفەكانمان فڕێدا و دابەزین و رامان كرد..!
* بۆ..!؟
– ناو گەراج(نەهزە) بەردەوام مراقەبەی لەسەر بوو.. پڕی ئینزیبات و ئەمن و پیاوی حكومەت بوو كاتێ سواربوین هەستمان بەهیچ شتێ نەكرد كە چاودێری كرابین، بەڵام كە لفەكانمان دەرهێنا و كەوتینە خواردنی، كابرایەك هات پشتی دایە كۆستەرەكەوە و یەك دووجار تەماشای ئێمەی كرد.. كابراكە جلی سەربازی لەبەر بوو سەر شانی ئەستێرەی پێوە بوو (عوزێر) ووتی ئەو كابرایەت بینیوە.. منیش سەرم هەڵبَڕی و تەماشام كرد زۆر ترسام بە عوزێرم ووت چیە ..؟ عوزێر ووتی ئەم زابتە بۆیە هاتۆتە ئێرەوە و سەیرمانی كرد ئەوە ناسیمانێتی ،ویستم قەناعەت بەعوزێر بكەم كە كابرا خۆ غەیبی پێ نیە چۆن ناسیومانێتی.. عوزێر ووتی ئەم كابرایە ئەوەبوو لە(تۆپزاوا) ناوەكانمانی ئەنووسی و بەخوا ئەیناسمەوە ئەوە و دڵنیام شكی خستۆتە سەرمان.. بەخوا هەر كە عوزێر وای ووت من لفەكەم فڕێدا و لە پاسەكە دابەزیم و عوزێر بەدوامەوە ئیتر بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە بۆی دەرچووم..
* راتان ئەكرد..؟
– نە ْ .. رامان نەكرد چونكە ئەگەر رامان بكردایە ئەو خەڵكە هەمووی تەماشامانی ئەكرد و ئەو هەموو ئەمن و عەسكەریە ئەكەوتە سەرمان..بەڵام بەخێرایی بۆی دەرچووین.. ماوەیەك رۆیشتم وا هەستم ئەكرد كە ئێستا لەناكاو لە دواوە ئەكەنە پشت ملمدا، ئەوە بۆكوێ ئەچی.. بۆیە نەم ئەوێرا بەر بكەمە دواوە مەسافەیە باش رۆیشتم و هیچ نەبوو ئەوجا ئاوڕم دایەوە تەماشام كرد(عوزێر)بەدوامەوە نیە.. ئەملا و ئەولا عوزێر نەبوو.. ئیتر بەجارێ زراوم چوو وتم بەخوا دیارە ئەو گیراوە و ئێستا بەدوای مندا ئەگەڕێین (كونە مشكم لێبوە قەیسەری) خۆشم نەم ئەزانی ئەمەوێ چیبكەم هەر ئەڕۆیشتم.. نەم ئەوێرا سواری سەیارە بم.. نەم ئەوێرا راوەستم.. تا خۆر ئاوابوو من هەر لەترسا بەناو ئەو بەغایەیا رێم كردووە..
* تۆ خۆت ئەو ئەفسەرەت بینی..؟
– ئەی چۆن نەمبینی شانی دابووە قەت كۆستەرەكەدا..
* مەبەستم لەوەیە كەبینیت هەستت كرد جارێ تر بینیوتە..؟
– من نە ْ .. عوزێر ئەیووت ئەمە ئەو زابتەیە كە لە تۆپزاوا ناومی نووسیوە و تەحقیقی لێم كردووە..
* تۆ پێت وا نیە هەر لەبەر ئەوەی كە ئەفسەر بووە و ئێوەش خۆتان ترساون بۆیە عوزێر بەو شێوەیە شكی كردبێ كە ئەفسەرەكەی تۆپزاوایە..؟
– وەڵاهی ئەوە نازانم.. بەڵام ئێمەی تۆقان.. چونكە یەك دووجار وەك ئەوەی چاودێری ئێمە بكات تەماشای ناو كۆستەرەكەی كرد..
* ئەی پێت وانیە ئەویش ئەوەی بەلاوە سەیر بوبێ كە لەناو سەیارەكە لفە ئەخۆن..؟
– بەخوا ئیتر هەرچیەك بوبێ ئێمەی ئەوەندە ترسان لە شوێنی گوللەبارانكردنەكە و لەو كاتەی وا تەقەشیان لێمان ئەكرد ئەوەندە نەترساوین..
* بۆ پێت وابوو ئەگەر بگیرانایا سزای لەوە خراپتر ئەدران كە ئێوە بەرێكەوت رزگارتان بووبوو..؟
– ئاخر ئەوە جیابوو ئێمە كە لە تۆپزاوا بەو شێوەیە بردمانیان ئەمانووت بەرە و مردن ئەچین.. ئومێدمان نەمابوو كە رزگارمان بێت بۆیە كەمتر ئەترساین لەوەی كە ئەمجارە لەو وەزعەوە گەیشتبووینە بەغدا و بە ئومێدی ئەوە بووین بگەڕێینەوە و نەجاتمان بووبێ بۆیە لەم كاتەدا یەك عەسكەر بەقەدەر هەموو ئەو سەربازانەی دیار چاڵەكان سامی گرانبوو..
* ئیتر عوزێرت نەبینیەوە..؟
– نەمبینیەوە ووتم سەد لەسەد ئەو گیراوە..
* ئەی دوای ئەوە چیت كرد..؟
– شەوم بەسەرداهات.. ئێ خوایە چیبكەم تازە ناوێرم بەنزیك گەراجی(نەهزە)دا بڕۆم هەموو دنیام لەسەر تاپۆ بكەی.. بڕیارم دا كە شەو لەبەغدا بمێنمەوە و بەیانی كە رۆژ بۆوە خوا گەورەیە بیرێكی لێ ئەكەمەوە چیبكەم.. بەخوا بەو شەوە سێ ئوتێلم كرد لەبەر ئەوەی (جنسیە)م پێ نەبوو جێمیان نەكردەوە..ئیتر بە جارێ ئەوەندەی تر ترسام و ئەمووت ئەمشەو ئەمگرن روو لەكوێ بكەم.. ناچار روومكردەوە(باب ئەلشێخ) شوێنی شێخ عەبدولقادری گەیلانی پەنام بۆ ئەو بردەوە.. چونكە درەنگ بوو دەرگاكانی داخرابوو منیش ئەترسام نەم ئەوێرا زۆر لێی بدەم و بیكەم بە زرمەزرم ئەمزانی مجێورەكان لە ژوورەوەن بەڵام گوێیان لەدەرگا نەبوو ئەگەر گوێشیان لێ بوبێ نەیان كردەوە.. هەیوانێكی هەبوو لەدیو دەشتەوە شەو لەوێدا خەوتم زۆر سەرمام بوو هەڵدەلەرزیم كە ئەگەر هیلاكی و ماندویەتی و شەو نخونی ئەو چەند شەوەی پێشوو نەبوایا بەو سەرمایە خەوم لێ نەدەكەوت بەڵام هیلاكیەكە وایكرد كە بخەوم.. نیوەشەو لە مڕەمڕی سەگ بەخەبەر بوومەوە سەگ خەریك بوو بمخوات بۆنی خوێنیان كردبوو .. چونكە من هەرچەندە جلەكانم لەخوێن پاكردبۆوە بەڵام جلەكانی ژێرەوە و گیانیشم خوێنی پێوەبوو.. سەگەكان بەبۆنی ئەو خوێنەدا هاتبوون.. ئیتر بەو ترس و هیلاكی و ماندوێتیەوە چاوم ئەچوە خەو و خەبەرم ئەبۆوە.. زۆریش ئەترسام كە مەفرەزە و شتی حكومەت بمگرن و بڵێن چی ئەكەی لێرە.. خۆم حازر كردبوو كە ئەگەر پیاوی حكومەت پەیابوو خۆم بكەم بەشێت بۆ ئەوەی شك نەخەنەسەرم.. بەو شێوەیە ئەو شەوەم رۆژ كردەوە..
* ئەی كە رۆژ بووە وە چیت كرد.. شەو بیرت لەوە كردەوە كە سبەی چیبكەی بۆ ئەوەی بگەڕێیتەوە..؟
– شەو تەنها فریای ئەوە دەكەوتم كە خەفەت لەو شەوەم بخۆم.. بەڵام كە بەیانی خوا رۆژی كردەوە بڕیارم دا كە بچم بۆ (دەلاك) سەر و ریشم چاك بكەم ئەوجا بیر لەوە بكەمەوە چۆن بگەڕێمەوە.. چوم سەر و ریشم تاشی و چوم بۆ(عەلاوی) گەراجی لۆرییە ووتم بەسەیارەی بار و حەیوانات ئەڕۆم جێگای شك نیە و رەنگە بەو هۆیەوە بتوانم لە سەیتەرەكان دەربازبم.. كاتێ چوم هەندێ كوردم بینی خەڵكی سلێمانی و هەولێر بوون قسەم لەگەڵیان كرد و هەمان ئەو چیرۆكەی رێكم خستبوو بۆ ئەوانیشم گێڕایەوە كە لەبەر ئەوەی جنسیەم پێ نیە دەمەوێ لەگەڵ بارێكدا بچمەوە كەركوك، دیاربوو ئەوانیش ئەترسان نەیانوێرا وەعدم پێ بدەن وتیان لێرە بە نۆرە دەرئەچین نۆرەی ئێمە نیە .. ئاماژەیان بۆ كابرایەك كرد وتیان نۆرەی ئەوە كە چووم بۆلای وتی ئەگەر بارێك بێت نۆرەی منە و لەگەڵ خۆم دەتبەم.. كابراكە خەڵكی هەولێر بوو پیاویكی باش دیاربوو.. زۆر بەزەیم بەخۆمدا ئەهاتەوە وام ئەزانی ئێستا ئەوان لەخۆم دڵسۆزانە تر ئەیانەوێ رزگارم بكەن لەبەر ئەوەی كوردم.. بەڵام ئەوان خەریكی كەسابەتی خۆیان بوون گوێیان لەوە نەبوو كوردێك جنسیەی پێ نیە و ترسی گرتنی لەسەرە، بەڵام هە رخۆیشم دڵی خۆمم ئەدایەوە كە ئەمووت ناهەقیان نیە و رۆژە رەش بوو كێ ئەیوێرا پێیەكی چەوت دابنێ.. ئەمووت ئەڵێی ئێستا بۆیان بگێڕمەوە چیم بەسەر هاتووە، بەڵام نەم ئەوێرا.. ئیتر لەپەنای دیوارێكدا لەناو گۆڕەپانی سەیارەی بارەكان چاوەرێی باریك بووم بێت و تا ئەو كابرا هەولێریە هەڵم بگرێت و وەك ئەوەی كە خاوەن سەیارەكە بم و رزقم لەسەر ئەو بارەبێ هەر ئەپاڕامەوە خوایە زوو بارێك بێت. خوا كردی نزیك عەسەر بوو بارێك پەیابوو كابرایەك بوو داری هەبوو بۆ هەولێر چوین بارمان كردمنیش كەوتمە باركردنی .. داری نەجاڕی بوو لۆریەكەش (ئیسكانی بوو) دارەكەمان باركرد كابرای خاوەن دار خۆی لەگەڵمان نەهات دیاربوو سایەق لۆریەكە شوێنی داگرتنەكەی دەزانی لە هەولێر بۆیە منی لەگەڵ خۆی هەڵگرت و كەوتینە رێ، من بۆ كەركوكو ئەویش بۆ هەولێر.. بە درێژایی رێگای نێوان(بەغداد-كەركوك) بەر لەوەی بگەینە هەر سەیتەرەیەك كابرا شارەزابوو ئەوەستا منی ئەكردە ناو دواوەی لۆریەكە و خۆی بە تەنها لە پێشەوە بوو تا شك نەكەن.. چونكە ئەویش ئەترسا كەمن لە سەیارەكەیدا بگیرێم ئەویش حسابی منی بۆ دەكرێت.. بەو شێوەیە رێگای دووری نێوان بەغداد –كەركوكمان بڕی و لە رێگە پێم ووت كە ئەگەر بگەینە (شۆریجە)ماڵی خزمی لێیە.. لە رێگە زۆر قسەمان كرد هەر چەندە من هەر نەچوومە ژێر باری قسەیەكی تر و هەر ئەو چیرۆكەی رێكم خستبوو هەر ئەوەم دەگێڕایەوە..بەڵام دیاربوو كابرای سایەق شكی كردبوو چونكە كاتێ شەو گەیشتینە كەركوك و چوینە شۆڕجە كاتێ چاوم بەو جادەیە كەوت كە چوار شەو لەوەوپێش لەگەڵ ئەو هەموو خەڵكەدا پێیدا تێپەڕین ئیتر بێ ئەوەی بتوانم خۆم راگرم لەرزم لێ نیشت ویەكە یەكەی ئەو سەیارانەم دەهاتەوە بەرچاو و براكانم و ساڵح ئامۆزام و هەموو ئەو ژن و مناڵەی سجن بوون.. ئیتر بەو هۆیەوە رێگەكەم لێ تێكچوو كابرای شۆفێر لە شۆرجە لێمی پرسی ئەمە شۆرجەیەو لەكوێ دائەبەزی.. وتم من تەنها لەوێوە سەردەردەكەم بچین لای بەنزینخانەكەوە بێینەوە ،كابرای شۆفێر ماڵی ئاوابێ رۆیشت و سوڕایەوە دیاربوو ئەیزانی كەمن وەزعەكەم خراپە لەشوێنێك نزیك(لەتیف ئاوا) پێم ووت لێرە راوەستە ئیتر خۆم شارەزام.. كاتێ راوەستا ویستم پارەی بدەمێ كابرا توند دەستمی گرت و رازی نەبوو پارەی بدەمێ ووتی من پارەت ئەدەمێ چونكە ئەزانم تۆ توشی كارەساتێ بویتە.. وتی منیش كوردم ئامادەم بە هەموو شێوەیەك هاوكاریت بكەم بەس پێم بڵێ چی كارەساتێكت بەسەر هاتووە.. منیش هەر لەناو سەیارەكە هەرچیم بەسەر هاتبوو ئەوەی بینیبووم هەموویم بۆی گێڕایەوە و پێم گووت هەرچی خزم و كەس و كارت هەیە ئاگاداریان بكەرەوە كە تەسلیم نەبن و ئەوەی بگیرێت هەمووی دەكوژرێ..
ماڵی خوشكێكم لە لەتیف ئاوابوو چووم لە دەرگام دا ئەوان خەوتبوون خەبەریانم كردەوە هەموویان حەپەسان بەم نیوە شەوە لەكوێوە هاتووم و چۆن لەسجن رزگارم بووە..من پرسیاری ماڵ و مناڵ و ئەوان پرسیاری براكانی ترمیان ئەكرد.. پێیانم ووت عافواتە و بەیانی هەموویان دێنەوە..
* شەو لە ماڵی خوشكەكەت خەوت لێكەوت.. كە لە رووی دەرونیەوە جارێكی تر تێكەڵ بە بنەماڵەكەت بویتەوە بێگومان براكانت بیردەكەوێتەوە..!؟
– لەبەر ئەوە زۆر هیلاك و ماندووبووم زۆر كفت بووم تا بەیانی خەوتم.
* ئەی كە رۆژ بۆوە تۆ پێت وتبوون عافواتە و بەیانی براكانت دێنەوە.. چیت كرد.. یا ئەوان تاكەی چاوەڕێی گەڕانەوەی براكانت بوون!؟
– وەڵا ئەوان تا سەدام روخا هەر بەتەمابوون بێنەوە، بەڵام هەر ئەو رۆژە كاتێ ئاویان بۆ گەرم كردم و خۆم شۆری.. جلەكانی ژێرەوەم خوێنی پێوەبوو. ئەوان زۆر ترسان و كەوتنە پرسیار كردن.. ناچار وتم كە بردومانیانە بۆ سجن سەیارەمان وەرگەڕاوە.. بەڵام گەڕانەوەكەم بۆمن قورس بوو مایەی مەترسی بوو چونكە كە بڵاوبێتەوە من گەڕاومەتەوە هەرچی كەس و كاری ئەنفال هەیە رووی پرسیار ئەكەنە من كەس و كارەكەیان چی بەسەر هاتووە بەمەدا ئاشكرا ئەبم و حكومەت ئەمگرێتەوە كە چۆن گەڕاومەتەوە.. ئەشمزانی گەر لەماڵ ئەو خوشكەم بمێنم ئەوە هەموو دوو رۆژی ترەو هەموو خەڵكی ناوچەكە ئەزانن من لەوێم بۆیە لەترسا ناچار بووم كە ماڵی ئەوان جێبهێڵم و چومە ماڵێكی تر(كاك عەبدوڵا برای كاك عەبدولكەریم حەسەن) لە باڵەخانەیەكدا شوێنیان بۆ چاكردم و شاردمیانەوە(20)رۆژ لەو باڵەخانەیە بووم..
* هەر لە كەركوك..؟
– ئا..ئا.. هەر لە كەركوك..
* ئەی دوای ئەو بیست رۆژە چیت كرد..؟
– دوای ئەوە چومە ماڵی كوڕێكی خزممان لە(لەیلان) ئامر سریەی جاش بوو دوو سێ رۆژ لەوێ مامەوە و دوای لەگەڵ مەفرەزەیەك جاشدا بردمیانەوە بۆ چەمچەماڵ و دوای بۆ شۆڕش و ئیتر لە خانوویەكدا لەگەڵ مناڵەكاندا یەكمان گرتەوە..
* كەس و كارە نزیكەكانی خۆت كە دەربارەی برا و كەسەكانی خۆتان پرسیاریان دەكرد چۆن وەڵامت ئەدانەوە..؟
– من چۆن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە تا كەركوك یەك چیرۆكم رێك خستبوو كە سایەقی سەیارەی ئیشغاڵ بووم و سەیارەمان وەرگەڕاوە.. كاتێ گەڕامەوە ماڵ و دواتریش هەر ئەوە قسەم بوو كەمن پێش ئەوەی بگەینە تۆپزاوا من لە سەیارەكان دابەزیوم و ئیتر هەواڵی كەس نازانم..
* بڕوایان پێت ئەكرد..!؟
– لەوە ئەچوو بڕوایان كردبێ چونكە هەموو ئەو سەفەرەی من چوار شەو و پێنج رۆژی پێچوو.. زۆری نەخایاندبوو.. بۆیە بڕوایان ئەكرد و بەوەش وا ئەزانم كە بڕوایان كردبوو چونكە ئیتر هەواڵی تریان ناپرسی..
* ئەی ترسی ئەوەت نەبوو كە (عوزێر) راستیەكان بگێڕێتەوە..!؟
– وەك ترس بەردەوام ئەترسام و هەموورۆژێ ئەمووت ئێستا دێن و ئەمگرن هەر بۆیە شوێنی خۆ حەشاردانم دروست كردبوو بە زۆری لەو شوێنەدا ئەژیام..
* لای خێزانەكەی خۆت و مناڵەكانت راستیەكەت بەوانیش نەوت..؟
– خوا ئاگادارە بۆ ژنەكەشم نەگێڕابۆوە تا ئەوساڵەی چوین بۆ ئەمریكا لە توركیا بۆیانم باس كرد..
* هۆی چیبوو كە نەتگێڕایەوە..؟
– ئەترسام..
* لەماڵ و مناڵەكەی خۆشت ئەترسای ..!؟
– ئا، لەوە ئەترسام دوای لەزمانی ئەمانیشەوە بگاتە دەم كەسێكی تر و بڵاوبێتەوە.. چونكە من براكانم و كۆمەڵێ خزم و كەسم بەر ئەو شاڵاوە كەوتن كەسوكاری هەمویان و خوشكەكانم و برازاكانم هەمیشە بە ئومێدی ئەوەبوون كە رۆژێك ئەوانیش وەك من چۆن هاتمەوە لەناكا و پەیائەبن ئێ ئەگەر من تەنها لای ژنەكەی خۆم بموتایە دڵنیام هەرچەندێ بیویستایە نەیگێڕێتەوە بەڵام پێوەی دیار ئەبوو كە ئومێدی ئەوەنەبێ بگەڕێنەوە..
* تۆ پێشتر ووشەی ئەنفالت بیستبوو.. بەر لەوەی خۆت ئەنفال بكرێی..؟
– ئێ كوا ئەنفال پێشتر روویدابوو..!؟
* مەبەستم لەووشەی ئەنفالە ..!؟
– نە ْ..
* ئەی كەی بۆ یەكەمجار بەر گوێت كەوت..؟
– ئەوكاتەی خەڵك گیرا و گوندەكانیان سوتان نەمان ئەزانی پێی ئەڵێن چی.. بەڵام كاتێ من گەڕامەوە ئەیانووت ئێوە ئەنفالن..
* كاتێ گەڕایتەوە ناو ماڵ و مناڵ و كەسوكارەكەت و بەتایبەتی كە لە شۆڕش بوی كە مەڵبەندی سەرەكی كەس وكاری ئەنفال بووی و ئەتزانی ئەو خەڵكە هەمیشە چاو لەڕێی هەواڵێكن كە بۆیان بێت و هەواڵی كەسوكارەكانیان بێنێ.. هیچ كات بیرت لەوە نەكردەوە كە گەر بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ئاشكراش نەبێ بە نهێنی ئەوە بڵاوبكەیتەوە كە ئەنفالەكان نەماون بۆ ئەوەی ئەوخەڵكە بەردەوام ئەو ئازارە نەچێژن..؟
– نەوەڵا، نەم ئەویست لە زمانی منەوە بیبیستن كە ئەنفالەكان نەماون..
* بۆ..؟
– ئەی ناڵێم لەلایەك ئەترسام لەلایەكی تریشەوە پێم گوناه بوو ئەو خەڵكە هیوابڕاوبكەم..
* تاكەی ئامادە نەبووی ئەو راستیە بگێڕیتەوە..؟
– وەڵا لای خۆم وام دانابوو هەتا سەدام ئەروخێ و هەمووشتێ بۆ خەڵك دەرئەكەوێت تا ئەوكاتە نەیدركێنم..
* ئەی هەست ناكەی گوناهباری بەوەی كە حەقیقەتێكت شاردبۆوە كەمیللەتەكەت پێویستی بە ئاشكرابوونی هەبوو..؟
– بۆ گوناهبارم، خۆمن ئەنفالم نەكردووە..
* لەدوای ئەوەی گەڕایتەوە شۆڕش تا راپەڕین كە ئیتر ترسی سەدام و رژێمەكەی لەسەرت لاچوو لەو دوو ساڵەدا هیچ جارێكی تر مەترسی گرتنت نەكەوتەوە سەر ..!؟
– لە شۆڕش..!؟
* بەڵێ لە شۆڕش و لە هەر شوێنێ ژیاوی خەریك نەبووە دەستگیرت بكەنەوە..!؟
– هیچ جارێك نەبووە بۆ گرتنی من بێن بە تایبەت، بەڵام زۆرجار جەیش هاتووە و تەفتیشی گەڕەكەكەی كردووە بەڵام من حەوشەیەكی چۆڵ لە تەنیشت ماڵمانەوە بوو لەو حەوشە چۆڵەدا شوێنێكم بۆ خۆشاردنەوە دروستكردبوو جێی شك نەبوو هەر جارێ ترسی حەملە و تەفتیشمان بوایە ئەچومە ئەو شوێنەوە..
* كە حەوشەی چۆڵ بوو چۆن شوێنێكت دروستكردبوو وا جێگای شك نەبوو..!؟
– لەسەر زەویەكە چاڵێكم دروستكردبوو وەك ژێر زەوی و یەك گڵابە بلۆكمان هەڵڕشتبووە سەریدا ولەناو بلۆكەكانەوە رێگای چونە خوارەوەم دروستكردبوو كەس هەستی بەوە نەدەكرد كە لەژێر ئەو گڵابە بلۆكەدا(حەشارگە) هەبێ..
* هیچ خزم و هاوسێیەكت هەستیان بەوە نەكرد كە شوێنی خۆشاردنەوەت هەیە..؟
– نەخێر كەس نەیزانی ..
* ئەی هەستت بەوە نەكرد كە كەسێك بەو حاڵەی زانیبێ كە تۆ لە بیابانەوە گەڕاویتەتەوە و زانیاریت دەربارەی چارەنووسی ئەنفالەكان لایە..
– مەگەر خوا كەس نەیزانیوە..
* ئەی عوزێر..؟
– با عوزێر ئەیزانی بەڵام لەبەغدا كە لە(عوزێر)لە یەكتر جیابوینەوە ئیتر من نەمزانی عوزێر چی بەسەر هات و قەناعەتیشم وابوو كە گیرابێ..
* هیچ كات پرسیارت نەكرد لە ناسیاوێ خزمێ كەسێك كە بزانێ عوزێر چی بەسەر هاتووە..؟
– وەڵاهی راستیت دەوێ زۆر حەزم ئەكرد بزانم چی لێهات بەڵام نەم ئەوێرا و لەكەسم نەپرسی..
* ئەی ئەو شۆفێرەی لە بەغداوە تا كەركوك هێناتی ترسی ئەوەت نەبوو ئەو ئاشكرات بكات كە حەقیقەتەكەت هەمووی بۆ باس كردبوو.. خوا نەخواستە مەبەستم ئەوە نیە بڵێم پیاوێكی خراپ بووە لەو رووەوە دەیڵێم كە تۆ راتسپاردبوو كەس و كاری و تا پێی دەكرێت خەڵك ئاگادار بكاتەوە كە تەسلیم نەبن چونكە دەكوژرێن..؟
– نە ْ.. ترسی ئەوەم نەبوو چونكە راستە من هەمووشتێكم بۆ گێڕایەوە بەڵام نەمووت خەڵكی كوێم ئەو نەی ئەزانی من لەكوێ دائەنیشم تا بچێ بڵاوی بكاتەوەبڵێ كابرایەك لە چەمچەماڵ لە شۆڕشەو ئەو بەچاوی خۆی بینیویەتی ئەنفالەكان كوژراون..ئەگەر بڵاویشی كردبێتەوە هەر ئەوەی گێڕاوەتەوە كە كابرایەكی لە بەغداوە هێناوەتەوە بۆ كەركوك بۆ گەڕەكی شۆرجە و وای ووتوە..
* باشە كە دوای یەكەم شەو لەماڵی خوشكەكەت شوێنەكەت گۆڕی خۆ لەترسی ئەوە نەبوو كە بۆ شۆفێرەكەت گێڕابۆوە..؟
– نەبەخوا لەبەر ئەوە نەبوو.. من قەت پیاوەتی ئەو كابرایەم بیر ناچێتەوە ئەو نەبوایا بەحەیاتی ناگەیشتمەوە كەركوك.. من یەك غەدرم كرد لێم نەپرسی ناوی چیبوو، بەڵام ئێستا زۆر حەز ئەكەم بیناسمەوە تەمەننا ئەكەم بەهۆی ئەم مقابەلەیەوە كابرا بدۆزمەوە..
* كاتێ راپەڕین كرا و دەسەڵاتی سەدام و بەعس لەسەر بەشێكی كوردستان نەما كە شوێنی ژیانی تۆ(شۆڕش) ناوچەیەكی ئازاد بوو بۆچی دوای راپەڕین بە كەس و كاری ئەنفالەكانت نەووت، یاخود بۆ بە كەس و كارەنزیكەكەی خۆتت نەوت كە كەسیان نەماون..!؟
– بەخوا ئیتر نەمووت..
* ئاخر بۆ خۆ ئەمجا ترسی سەدامت نەمابوو..؟
– كورە چۆن ترسی سەدامم نەمابوو بەخوا تا ئەو رۆژەی روخا ترسی بۆ سەر هەموو كوردستان هەبوو نەك من..
* كەواتە بە پلەی یەكەم لەترسا نەتگێڕاوەتەوە..!؟
– لەترسا و لەترسی خەڵكیش..
* خەڵك بۆ..!؟
– مەسئولیەتەكەی قورس بوو تۆ بە هەزاران كەس بڵێیچاوەڕێ مەبە كوڕ و براو كەسەكانتان نەماون..من لام قورس بوو كاكە ژن وابوو پێنج هەر كوڕی ئەنفال بوو، خەڵك بوو دوانزە سیانزە سەر خێزانی تیاچوو بوو چۆن بوێرم پێیان بڵێم كەسیان نەماون..
* دوای گەڕانەوەت لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە تا راپەڕین هیچ جارێك شێخ موعتەسەم ئەو موستەشارەی تەسلیمتانی كرد نەتبینی..؟
– من ئەو ماوەیە هەروەك سجن وابووم كێم بینی تا شێخ موعتەسەم ببینم..
* ئەی دوای راپەڕین..؟
– هەر نەمبینی..
* خۆت نەتویست بیبینی یاخوت نەت ئەتوانی بیبینی..!؟
– وەڵایی نازانم ئەمتوانی یان نا.. بەڵام هیچ بیرم لەوە نەكردەوە كە بیبینم..
* بۆچی بیرت لێ نەكردەوە..؟
– ئاخر بۆ بیری لێ بكەمەوە..؟
* هەر لەبەر ئەوەی پێی بڵێی چارەنووسی ئەو خەڵكەی تۆ تەسلیمت كرد بەو دەردە چون كە تۆ بینیت..؟
– ئێ من بە ژنەكەی خۆمم نەووتبوو چۆن بەشێخ موعتەسەم بڵێم..!!
* ئاخر جیاوازی هەبوو.. دەبوو بەشێخ موعتەسەم بڵێی بۆئەوەی بیزانیایا كە ئەو هەموو گەنجە كوردەی دایانە دەستی سوپاوە هەمووی لە گۆڕی بەكۆمەڵدا كوژران..؟
– بەخوا ئیتر نەمووت..
* باشە با بێینە سەر ئەوەی چۆن گەیشتنە ئەمریكا..
– ئەی من یەكەمجار چیم پێت ووت نەموت مراعاتی ئەو وەزعە تایبەتیەی من بكە.. من ئێستا وەك شایەتحاڵ لە ئەمریكا دانراوم بۆ دادگای نێو دەوڵەتی نەموت ئەوانە باس ناكەین كە پەیوەندی بە ئەمریكاو شوێنی ئێستامەوە هەیە..
* با، منیش لەسەر ئەوانە رازیم و بۆ ئێستا كارمان بەوانە نیە.. بەڵام مەبەستم لەوەبوو چۆن زانرا كە تۆ كەسێكی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە گەڕاویتەتەوە و شایەتحاڵی زیندووی بەكۆمەڵ كوشتنی ئەنفالەكانی لە گۆڕی بەكۆمەڵدا..!؟
– ئەوەیان منیش نازانم..
* چۆن نازانی ئەی خۆ ئەمریكا غەیبی پێ نەبوو..!؟
– نا، نا غەیبی پێ نەبوو بەڵام وەك غەیب وابوو كاتێ ئەجنەبیەك هاتوو لە شۆڕش منی بینی سەیرم كرد زۆربەی شتەكان ئەزانێ. من ویستم حاشا لەوە بكەم من فەرەجم بەڵام ئەتووت لەناو دڵ مندایە زۆرشتی ئەزانی..
* چۆن هات بۆلای تۆ بەڕێكەوت بوو یاخود بەتایبەت بۆلای تۆ هاتبوو..؟
– رێكەوتی چی سۆراغی دنیای كردبوو تا منی دۆزیەوە..
* ئەی كاتێ هات و پرسیاری ئەوەی كرد تۆ فەرەجی.. نەتپرسی چۆن ئەزانی من فەرەجم..؟
– با پرسیم و ویستم خۆم بدزمەوە و هیچ قسەی بۆ نەكەم بەڵام ئەو ووتی كە(عوزێر)قسەی بۆم كردووە و عوزێر ناوی منی دابوو پێی..
* ئەی كاتێ باسی عوزێری كرد ئیتر رازی بویت قسەیان بۆ بكەی..؟
– نازانم ئەوان چۆن عوزێریان دۆزیبۆوە و چۆن رازیان كردبوو كە بەسەر هاتەكەیان بۆ بگێڕێتەوە بەڵام هەمووی بۆیان گێرابۆوە و ئەو باسی ئەوەی بۆ كردبون كە چۆن لە ئۆردوگاكەی نزیك رومادی عوزێر لە پاسێكی 18 نەفەریدا بووە و من لەسەر رێگاكەیان راوەستاوم و دەستم لە سەیارەكەیان راگرتووە و سواربووم و عوزێر هەر یەكسەر منی ناسیبوەوە و خۆی پێ رانەگیراوە و یەكسەر بانگی منی كردووە بچمە تەنیشتیەوە و دوای باسی ئەوەشی بۆ كردبوون كە چۆن زۆر بەدوای ماڵی خوشكەكەی عوزێردا گەڕاوین لە رومادی و نەماندۆزیوەتەوە و بەسەرهاتەكەی بەغدا و هەمووی بۆیان باس كردبوو.. ئیتر من چی نەگێڕمەوە بەڵام پێیانم ووت كە كاتێ بۆتان باس دەكەم جگە لەخۆم و وەرگێڕەكە و یەك كەسێكی ئەوان زیاتر نابێ كەسی تری لێبێ..
* رازیبوون..؟
– ئا،ئا.. ئەوان خوا خوایانبوو من قسەیان بۆ بكەم.. بەڵام رازی نەبووم كە رەسمم بگرن و دەنگیشم تۆمار بكەن..
* باشە كە دڵنیابووی لەوەی عوزێر هەموو شتی بۆ باس كردبوون ئیتر بۆچی ئەترسای و بۆ بەمەرج بۆیانت گێڕایەوە یان كاتێ زانیت عوزێر هەموو راستیەكانی دركاندووە بۆچی ئیتر بۆ خەڵكت نەگێڕایەوە كە ئیتر چاوەرێی ئەنفال نەكەن..!؟
– ئێ خۆ عوزێریش بۆ خەڵكی نەگێرابۆوە. ئەویش لای ئەو ئەجنەبیانە ووتبووی ئەوانیش بە عوزێریان ووتبوو بەهیچ شێوەیەك ئەم قسانە لای كەسی تر ناكەیت و نایگێڕیتەوە و وایشیان بەمن ووت كەنابێ بیدركێنم تا ئەوان ئەچنەوە ئەمریكا و ئیشی لەسەر دەكەن تا سەدام بدەن بە دادگای نێودەوڵەتی ئەوكاتە وەك شایەت ئێمە بانگ دەكەن .. من خۆم پێشتر چەنێ ئەترسام ئیتر لەدوای ئەو چاوپێكەوتنەوە تا ئەو رۆژەی بردمانیان بۆ ئەمریكا سەد ئەوەندە ئەترسام و هەموو رۆژێ بەتەمای ئەوە نەبووم بگەمە رۆژێكی تر و ئەمووت ئەمكوژن بۆ ئەوەی ئەو شایەتیە نەدەین.
* لەو دوو نێوانەدا لە مقابەلەكەت تا ئەوكاتەی چون بۆ ئەمریكا، هیچ مەترسیەك كەوتە سەرت..؟
– لەخوا بەزیادبێ نە ْ ..
* ئەوكاتەی وا نزیك بوونەوە كە ئەڕۆی بۆ ئەمریكا و ئیتر ترسی سەدامت نامێنێ ئەوكاتەش بەخەڵكت نەوت كە ئەنفالەكان نەماون..؟
– من ئەڵێم لە(1998) كاتێ خۆم و ماڵ و مناڵم بەرەو ئەمریكا ئەچوین لە توركیا لە سەفارەتی ئەمریكا بۆ ئەوەی دڵنیابن كەمن(فەرەج)م پرسیارەكانیان لێم كردەوە و منیش ئەوەی دیبووم لەوێ گێڕامەوە ژن و مناڵەكەم لەوێ لەدەممیان بیست..
* ئەی دوایی چیان ووت گلەیی ئەوەیان نەكرد بۆچی بۆت نەگێڕاونەتەوە..!؟
– تا سوار تەیارەش بوین هەر ئەگریان نەوڵا حەزیان ئەكرد هەر نەیان بیستایا قابیلە شتێ گەلێ خۆشم بۆیان گێڕاوەتەوە.
* من بیرم چوو سەرەتا شتێكت لێ بپرسم، وتت كاتێ ویستیان رەمیمان بكەن مەولویەكم قەول دا.. كاتێ هاتیتەوە ئەو بەڵێنەت بردە سەر.. خێرەكەت كرد..؟
– وەزعمان خراپ بوو هەر قەرزاری خوابووم تا دوای ئەوەی گەیشتمە ئەمریكا دوای ئەوە مەولوەكەم كرد..
* تۆ ئێستا دوای 16 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا و دوای ئەوەی وا شەش ساڵە لە ئەمریكا دەژیت، تا چەند ئەو رووداوە هەست ئەكەیت لە زاكیرەتدا بە زیندویەتی ماوەتەوە و ئازاری پێوە ئەچێژی..؟
– چەند رۆژە من ئەم شتانەی بۆت ئەگێڕمەوە، بەردەوام لەمێشكمدایە و قەتیش لەبیرم ناچنەوە.. من ئێستا هەر بەلاشە لە ئەمریكام بەخوا بەشەو رۆژ روحم لەم وڵاتەیە و وەك شریتی ڤدیۆ ئەو بەسەرهاتەی بەسەرمدا هات بە بەرچاومەوە دێت ودەچێت..
ئێستاش ئەو هەموو لاشەیە وا لەبەر چاومن كە سەربازەكان بە پۆستاڵەوە بەسەریدا ئەرۆیشتن و قرچەی ئێسكی پەراسویان ئەهات لەژێر پێی جەلادەكان دا ئێستاش دیمەنی ئەو دوو كوڕە گەنجەم لەبەر چاوە كە خەڵكی(قیرچە)بوون و بە بەرچاومەوە گیانیان دەرچوو بەقەدەر براكانم ئازاریان هەیە لام كە نازانم براكانم چۆن و لەكوێ گوللەبارانكران و كرانە ژێر خۆڵەوە..
* گەر بپرسم ئێستا تۆ پێناسەت بۆ ئەنفال چییە.. ؟ وەك گەورەترین قوربانی ئەنفال..!؟
– ئەنفال پێناسە ناكرێ.. ناتوانرێ بگێڕدرێتەوە.. نانووسرێتەوە.. بەزۆر روح كێشانی هەزاران كەسە بێ ئەوەی خوا بڕیاری مەرگیانی دابێ.. ئەنفالیان بە زۆر مران.
* حەز ئەكەی ئەو كارەساتەی بەسەر تۆدا هات بەسەر دارودەستەكەی سەدام دا بێتەوە..!؟
– نا نا نا.. قەت دوعای وا مەكەن.. ئەوەی بەسەر كوردا هات بەسەر كەسدا نەهاتووە و یاخوا بەسەر كەسی تردا نەیەت.. بەڵام حەز ئەكەم ئەوانەی وایان لە ئێمە كرد دایان بنێین و ئەم بەسەر هاتانەیان بۆ بگێرینەوە و دوای لێیان بپرسن بۆچی واتان كرد..
* ئەی دوای ئەوە ئێستا ترست نەماوە حەز ئەكەی ئەم بەسەر هاتەت خەڵك بیزانێ..؟
– ئەرەوەڵا ئەگەر لەبەر ئەو حاڵەتەی ئەمریكا نەبوایا حەزم ئەكرد لە تەلەفزیۆنەوە هەمووی بۆ خەڵك بگێڕمەوە..
* بەڵێنم پێ ئەدەی بۆ كەی موقابەلەیەكی تەلەفزیۆنیت بكەم..؟
– من وەعدم پێتدا ئەچمەوە پێیان ئەڵێم و ئەم داوایەی تۆ ئەخەمە پێش چاوی ئەو دەزگایەی لەمن بەرپرسە گەر رازی بوون دڵنیابە تەنها لەبەر خاتری ئەو مقابەلەیە دێمەوە..
* وا گەیشتینە كۆتایی من زۆربەی ئەوشتانەی ویستم لەم دیدارەدا بەدەستم هێنا و بڵاویشی ئەكەمەوە.. بۆ ئەمەیان چۆن چارەسەری ئەكەی..!؟
– ئەی لەسەر چی رێكەوتین نەموت ئەبێ بڵێی لەساڵی (1992) ئەم مقابەلەیەم كردووە..
* گەر ئێستا داوات لێبەكەم لە زمانی تۆوە چارەنووسی ئەنفالەكان رابگەێنی.. چیم وەڵام ئەدەیتەوە..؟
– كەسیان نەماون، هەمویان كراون بەژێر خۆڵەوە و ئەبێ ئیتر بەدوای ئێسك و پروسكەكانیاندا بگەرێین.
* پێت وایە دەتوانین هەموویان بدۆزینەوە..؟
– دەبێ هەمویان بدۆزینەوە..
* بەچ شێوازێك..؟
– سەرەتا ئەوانە بدۆزینەوە كە زانیاریان دەربارەی هەیە..
* مەبەستت لە گۆڕەكانە..؟
– نە ْ.. مەبەستم لەوانەیە وا زانیاریان دەربارەی گۆڕەكان هەیە..
* بۆ نمونە وەك كێ..؟
– وەك ئێمە.. من ئامادەم كەی بڕیار درا كە بیانهێننەوە بێم و بچین بۆ ئەو شوێنەی كە گوللەبارانكردنەكەی تیا ئەنجامدرا.
* رێ دەبەیتەوە سەری..؟
– بەڵێ..
* جگە لە ئێوە دەتوانین سوود لە زانیاری كێی تر وەرگرین..؟
– ئێ خۆ سەدام نەماوە ئەتوانین ئەوانەش بدۆزینەوە كە خۆیان خەڵكەكەیان كوشتووە، داپۆشیوە و بینیویانە..!!
* گەر ئەوانەمان دەست نەكەوت..!؟
– دەبێ كورد هەموو خاكی عێراق ژێرەو ژووركات ئەوجا بەجل و بەرگ و جامانە و پشتوێن و جلی ژنەكاندا ئێسك و پروسكەكان دەناسینەوە..
* پێت باشە دوای دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان چی لەو ئێسك و پروسكە بكرێت..؟
– خۆ قابیلە ماڵ بەماڵ دابەش ناكرێ دەبێ لەیەك شوێنێ هەموویان بەجوانی بنێژرێن و جل و جۆڕەكانیان وەك مۆزەخانە هەر لای گۆڕەكانیان دابنرێ..
* لە هەموو كوردستاندا چی شوێنێك بە گونجاوترین شوێن دەزانی بۆ ئەو(مۆنۆمێنتە)..؟
– تۆپزاوا..
* بۆ..؟
– لەبەر ئەوەی ئەنفالی هەموو كوردستان برایە تۆپزاوا و لەوێوە لەیەكتری جیا كراینەوە و دابەشكران.. بۆیە هەقە لەهەموو شوێنێكەوە ئێسكەكانیش بهێنرێتەوە و لە تۆپزاوا كۆبكرێنەوە..
* جارێ سوپاس تا دیدارە تەلەفزیۆنیەكە..!
– بە سەرچاو ئینشائەڵا ئەوە ئەبێ..
تێبینی : ئەم دیدارە لە ناوخۆی كوردستاندا بە(8) بەش لەرۆژنامەی (هەواڵا)و لەهەردوو سایتی (Kurdistannet.org)و (Kirkukcenter.com)دا بڵاوكراوەتەوە.
بەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر
تەمو دوكەڵا 1991
كەرنەڤاڵی مەرگ 1992
مارشی نەبەزین 1993 چاپی یەكەم
1997 چاپی دووەم
سەید جەوهەر جەوهەر بو بۆ كوردستان 1999
كۆچو كۆچپێكردن هۆكارو بنەماكانی 2000 چاپی یەكەم
2001 چاپی دووەم
شایەتحاڵەكانی ئەنفال (بەرگی یەكەم) 18/شوباتی 2002
شایەتحاڵەكانی ئەنفال (بەرگی دووەم) 6/ئەیلولی 2002
شایەتحاڵەكانی ئەنفال (بەرگی سێیەم) 18/شوباتی 2003
گەڕانەوە بۆ كەركوك شوباتی 2004
لەتۆپخانەو بۆ عەرعەر شوباتی 2004
كەركوكو پاكتاوی رەگەزی 2004
سوپاس بۆ:
* دەزگای هەواڵ بۆ راگەیاندنو رۆژنامەوانی.
* هیدایەت رەحیم توانیم بەهۆی ئەوەوە بگەمە خزمەتی فەرەج
* شوكر كوڕی فەرەج كە شوێنی دیدارەكەی بۆ رەخساندین
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.