• ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌

سه‌ردێره‌كان

  • پێشەکی نۆڤێلەی “سێوسێنان” …….نووسینی میران ئەبراهام
  • خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی .. هۆمەر محەمەد
  • یادی ئەنفال؛ لە «مریشکە بەکرەکەی» عەلی کیمیاوییەوە هەتا ئەمڕۆ…………………هۆمەر محەمەد
  • وانەیەک بۆ مێژوو……….. هۆمەر محەمەد
  • سینەما وەک پارێزەری مێژوو کورد ڕزگاربوویەکی بەهێزە، نەک قوربانییەکی زەلیل. ………………..هۆمەر محەمەد
  • ماڵه‌وه‌
  • هه‌واڵ
  • ئه‌نفال
  • شه‌نگال
  • كیمیاباران
  • به‌ڵگه‌نامه‌
  • ئامار
  • دەربازبووان
  • توێژینه‌وه‌
  • گۆڤاری ئەنفالستان
  • بڕیاره‌دادوه‌رییه‌كان
  • الكورد والابادةالجماعية

خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی .. هۆمەر محەمەد

نیسان 14, 2026 Omer ئه‌رشیف, ئه‌نفال, وتار 0


خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید.
دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی

هۆمەر محەمەد – ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦- سلێمانی

بەرایی :

  • تاوانباری ئەنفال عەلی حەسەن مەجید
  • خوێنەری بەڕێز ئەم لێکۆڵینەوە و شیکارییەی بەردیدەت، تەنها وەستانە لەسەر ناوەڕۆکی دووەم کۆبوونەوەی تۆمارکراوی عەلی حەسەن مەجید لە کۆی ئەو هەموو کۆبوونەوانەی لەماوەی ئەنفال و دوای ئەنفالدا ئەنجامیداون و لەچەند کاسێتێکی دەنگیدا هەڵگیراون. ئەم شیکارییەی بەردەستت تەنها سەرەتایەکە و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتری نووسین کە تێیدا سەرجەم کاسێت- نەوارە دەنگییەکانی تری تاوانبار عەلی حەسەن مەجید بە وردی شیکار دەکرێن و لە داهاتوودا لە چوارچێوەی کتێبێکی سەربەخۆدا پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و مێژووی جینۆسایدی گەلەکەمان دەکرێن.
  • لێرەدا قسەکانی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید وەک تاکەکەسێک بەهەند نەگیراوە بەڵکو وەک نوێنەری دەوڵەت و بڕیار دەری حزب و حکومەت تەماشای دەکەم، و هەر لەو سۆنگەیەشەوە خوێندنەوە و شیکردنەوەیان بۆکراوە دەنا کەسایەتی و دەم و زمانی زۆر لەوە نزمترە مرۆڤ کاتی بۆ تەرخان بکات.

پێشەکی

پێویست بوو زۆر زووتر شیکردنەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ تۆمارە دەنگییەکانی عەلی حەسەن مەجید کرابایە؛ ناوەڕۆکی قسەکانی، لێکەوتە نەرێنییەکان و دەرەنجامەکانی کە ئەنفال و کۆمەڵکوژی گەورەی لێکەوتەوە بنکۆڵ و شیکردنەوەیان بۆ بکرایە. ئەمەش نەک وەک تاکەکەسێک، بەڵکو وەک نوێنەری باڵای حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراقی ئەوکات. ئەم شیکردنەوەیەی بەردەستت بریتیە لەناوەرۆکی قسەکانی عەلی حەسەن مەجید لەتەنها کۆبوونەوەیەکدا کە لەکۆتایی مانگی مایسی ١٩٨٧دا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و پارێزگاری شارەکانی ناوچەی باکور ئەنجامیداوە، دەنا کۆبوونەوەکانی زۆرن و هەمووشیان لەسەر نەوار-کاسێت تۆمارکراون ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە تەنها ناوەرۆرکی دووەم کۆبوونەوەیەتی.

ئەم نەوار- کاسێتە دەنگیانە لە کاتی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستاندا لەماڵەکەی خۆیدا دەستیان بەسەردا گیرا، کاتێک بنکەوبارەگاکانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس یەک لە دوای یەک دەشکێندران و کۆنتڕۆڵ دەکران، لەشاری کەرکوک گەنجینەیەکی گەورە لە بەڵگەنامەی نهێنی و مەترسیدار کەوتنە دەستی هێزە کوردییەکان. ئەوانەش کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوسراوو تۆمارکراوی رژێم دەربارەی کاروباری رۆژانەی دەوڵەت بوون، لەنێو ئەم بەڵگەنامەو ئەرشیفە گرنگانەدا کە کێشەکەی نزیکەی ٣٠ تەن دەبوو، ئەم کاسێت نەوارە دەنگییانەش لە ماڵە تایبەتەکەی عەلی حەسەن مەجید دۆزرانەوە، کە تێیدا بکوژ بە دەنگی خۆی و بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک، باس لە وردەکارییەکانی ئەنفال و راگواستن و جینۆساید و پلانی لەناوبردنی گەلی کورد دەکات. ئەم بەڵگە دەگمەنانە دواتر بۆ پاراستنیان لە فەوتان ڕادەستی ڕێکخراوی “هیومان ڕایتس وۆچ” کران و ڕەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کران هەتا بپارێزرێن و ببنە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری تاوانێکی گەورەی مرۆیی.

ئەو قسانەی عەلی حەسەن مەجید لەناو ئەو تۆمارە دەنگییانەدا درکاندوونی، تەنها گوزارشت لە فەرمانی سەربازی ناکەن، بەڵکو پەردە لەسەر عەقڵییەتێکی دڕندە لادەدەن کە بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دان بە ئەنجامدانی کیمیاباران و شاڵاوەکانی ئەنفالدا دەنێت. ئەم کاسێتانە کە دواتر لە دادگاییکردنی سەرانی بەعسدا وەک چەکی دەستی دادپەروەری بەکار هاتنەوە، بایەخێکی یاسایی و مێژوویی بێوێنەیان هەیە؛ چونکە لێرەدا جەبەلادەکە خۆی دەبێتە گەواهیدەر بەسەر تاوانەکانی خۆیەوە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین شیکردنەوە بۆ ناوەڕۆکی قسەکانی عەلی حەسەن مەجید وەک نوێنەرو بڕیاربەدەستی حزبی بەعس و دەوڵەتی عێراق بکەم، کە چۆن بڕیاری لەناوبردنی کورد لەسەر زاری بڕیاردەرو پلان داڕێژەرە سەرەکییەکەیەوە تۆمار کراوە.

ئەم وتانەی عەلی حەسەن مەجید کە هاوجووت دێنەوە لەگەڵ بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٧ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، نیشاندەری قۆناغێکی مەترسیداری مێژووییە کە تێیدا دەوڵەت هەموو تواناکانی خۆی بۆ پرۆسەی جینۆساید تەرخان کردووە. کاتێک سەدام حوسێن دەسەڵاتی ڕەهای ناوچەی باکووری دایە دەست عەلی حەسەن مەجید، لە ڕاستیدا مۆڵەتی فەرمیی بۆ “سڕینەوەی نەتەوەیەک” دەرکرد. ئەم قسانە دەیسەلمێنن کە ئەنفال تەنها هێرشێکی سەربازیی کاتی نەبووە، بەڵکو پلانێکی وردی دەوڵەتێکی تۆتالیتار بووە کە باشترین کارەکتەری توندڕەفتار و دڵڕەقی بۆ جێبەجێکردنی نەخشەی “چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی کورد” هەڵبژاردووە.

بەداخەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، هێشتا هیچ هەوڵێکی ئەکادیمیی جیدی بۆ شیکردنەوەی ستراتیژی بۆ بڕیاری دەوڵەت و هەڵبژاردنی کەسایەتیەکەی و کردەوەو بڕیارەکانی ئەو کارەکتەرە توندڕەفتار و تاوانبارە لە بەردەستدا نییە. ئەوەی هەتا ئێستا کراوە و بەرچاوە، تەنها ڕاپۆرتە بایەخدارەکانی ڕێکخراوی (Middle East Watch) و (Human Rights Watch) ە کە توانیویانە ئەو تۆمارە دەنگییانە بەدەست بهێنن و دۆکیومێنتیان بکەن. خۆشبەختانە وەرگێڕانی کوردیی ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن مامۆستایان (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق و جەمال عەزیز میرزا) ئەنجام دراوە و هەریەکەیان چەند جارێک چاپکراونەتەوە.

سەرچاوەی سەرەکیی من لەم بابەتەدا، پاشکۆی  (A)ی ڕاپۆرتەکەی (Middle East Watch)ە کە لە کتێبی “جێنۆساید لە عێراق و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد”دا لەلاپەرە ٤٣٣هەتا لاپەرە ٤٤٠دا بڵاوکراوەتەوە؛ ئەو دەقەی بەردەستی من، چاپی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤ی خانەی وەرگێڕانە، کە مامۆستا محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

گرنگیی تێڕامان لە بەڵگەو قسەکانی ناوبراو لەناو نەوار- کاسێتە دەنگیەکانیدا

بە دیدی من، پشتگوێخستنی ئەم بەڵگەنامانە و خۆبەدوورگرتن لە شیکردنەوەی بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی عەلی حەسەن مەجید، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ نەبوونی ویستێکی گشتی بۆ تێڕامان لە قوڵایی تاوانی ئەنفال. یاخود ناسینی بەعس، هەر بۆیە، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی، بڕیارمدا سەرەڕای سەرقاڵی و کەم دەرفەتیم ئەم ئەرکەش لەئەستۆ بگرم و بەناچاری شانبدەمەبەر ئەم کارەو شیکردنەوەی قسەکانی نێو نەوارەکانی بگرمە ئەستۆ، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناوچەی باکورو پارێزگاری شارەکان ئەنجامیداوە، کە هەرلە سەرەتای پرۆسەی ئەنفالەوە هەتا دوا کۆبوونەوەی کە لەپۆستەکەی لای دەبەن و حەسن عەلی ئەلعامری دەخەنە شوێنی . بۆ هەر کۆبوونەوەیەکی  شیکارییەکی تایبەت بەپێی تواناو تیگەیشتنی خۆم پێشکەش دەکەم. ئەم بەشەی ئێستا قسەی لەسەر دەکەین بەشی دووەمە لە پاشکۆی کتێبەکەی هیومان رایتس وۆچدا، بۆیە لەم بەشەوە دەستم پێکرد واهەست دەکەم بەشی یەکەم لەدوای ئەم بەشەوە باشتر و ڕونتر مەبەستەکەم دەگاتە خوێنەر.

شیکاریی کۆبوونەوەی ٢٦/٥/١٩٨٧

یەکەم وێستگەی ئەم شیکردنەوەیە وەستانە لەسەر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەندامانی (مەکتەبی باکوور) و بەرپرسانی حیزبی بەعس و پارێزگارەکانی شارەکانی ناوچەی باکوور. کە ئەوسا بریتی بوون لە (هەولێرو سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و موسڵ) لەڕاپۆرتەکەدا نوسراوە “نەوارەكە بەرواری ٢٦ی مایسی ١٩٨٨ی لە سەرە، بەڵام بە پێی قسەكان‌ و بەراوردكاری لەوەدەچێ‌ هی ساڵی ١٩٨٧ بێت.” تێبینیەکەیان تاڕادەیەک لە جێگەی خۆیدایە چونکە بەروونی دیارە ئەم قسانەی ناو کاسێتەکە، کە لەکۆبوونەوەیەکەدا کراون هی ساڵی ١٩٨٧ە بەتایبەتیش دوای ئەوەی ڕاگواستن چەند قۆناغێکی بڕیوەو لەزۆر ناوچەدا پاشەکشەیان بە پێشمەرگە کردووە و زۆر ناوچەشیان ڕاگواستووە بۆیە بەو لوتبەرزییەوە قسەدەکات، بەڵام هێشتا هێرشە گشتگیرەکەی ئەنفال دەستی پێنەکردووە چونکە ئەوەیان دەکەوێتە ساڵی ١٩٨٨ ەوە بەدیاریکراویش لەبەرەبەیانی ٢٢ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیان پێکرد بۆ ئەو تێبینییەی کارمەندانی مێدیل ئیست وۆچ  تەنها لەوەدا لەجێگەی خۆیدا نییە چونکە خستویانەتە بەردەمی ئەگەرەوە.

لە ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیەدا، عەلی حەسەن مەجید بە وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بە سەنگینی و سەرکەوتنی پەلامارەکانی ڕاگواستنەوە دەست پێدەکات، کە ئەمەش سەرەتایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق و بەڕێوەچوونی کاروباری وڵات و تێگەیشتن لەو پرۆسە تاوانکارییەی گەیشتە جێنۆسایدێکی تەواو مەترسیدار.

ئەم قسانەی عەلی حەسەن مەجید بەڵگەیەکی مێژوویی هێجگار گرنگن بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی دەوڵەتی عێراقی لەو سەردەمەدا. لێرەدا عەلی حەسەن مەجید نەک وەک کەس، بەڵکو وەک دەمڕاست و نوێنەری باڵای ئایدۆلۆژیایەک دەردەکەوێت کە دەیەوێت بە بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور، کۆتایی بە “کێشەی کورد”بهێنێت. ئەگەرچی کۆمەڵێک بەڵگەی تر لەبەردەستن کە پشتیوانی لە قسەکانی عەلی حەسەن مەجید دەکەن وەک بەڵگەی روخاندنی گوندەکان و بەشداری شۆڤڵەکان و بەڵگەکانی پاریزگاری کەرکوک بۆ کۆکردنەوەی گوندەکان بەڵام بۆئەوەی شیکارییەکە یەکەی بابەت بپارێزێ و تەنها لەسەر نەوارەکانی عەلی حەسەن مەجید بووەستێ دەست بۆ هێنانی ئەو بەڵگەنامانە نابەین. دەنا دەتوانم بۆ زۆربەی قسەکان بەڵگەی بەردەست بخەمە بەردەست لەجێبەجێکردنی هەر قسەیەک کەلەو کۆبوونەوانەدا کردووەیەتی.

نەوارەکانی عەلی حەسەن مەجید :

بۆ ئەوەی بزانین قسە لەسەرچی دەکەین باشتر وایە سەرنجی خوێنەر بۆقسەکانی ناو نەوارەکە رابکێشین کە تێیدا دەڵێت :

ڕاستێكەی ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە شتێكە كەوا حیزب ‌و سەركردایەتی هەرگیز نەیانتوانی بیكەن تا ساڵی ١٩٨٧. بەشێك لەمە لە سایەی یارمەتی‌ و پشتیوانی خواوە بوو، هیچی تر نەبووە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئێوە تەنها بەو هێزانەی سوپا، كە بەشداری پەلامارەكە بوون، كارەكەتان ئەنجام بدایە ئەوە زەرەر‌و زیانێكی زۆرترتان دەبوو لەوەی كە ئێمە بوومان. بیری لێبكەنەوە لە كارێكی ئاوهادا چەندمان شەهید‌و زیانی قورس دەبوو!

باشە چی ڕوویداوە؟ ئا ئەمانەن تێكدەران؟ ئا ئەمانەن ئەو كەسانەی ئێوە لێیان دەترسان؟ ئەمە باری ڕاستەقینەی تێكدەرانە‌و ئێوەش ئەم هەموو كەرەستە‌و توانایەتان هەیە. ئەوان نەیانتوانی بەرەنگارتان ببنەوە. كاتی خۆی بەرەنگاری فیرقەیەكیش دەبوونەوە بە چەند ڕەشاشێكی كەمەوە. بەڵام ئەمجارە تەنها بە تۆپی سووك لە دوورەوە تۆپبارانیان دەكردین.

لەو دەمەدا كە من هاتم هەندێكتان لێرە كارتان دەكرد. من زۆر پەرۆشی ئەم كارە بووم‌و ئێوەش ڕەنگە لەدڵی خۆتاندا وتبێتتان “چاكە، كەمێك چاوەڕوان بە! كەمێك چاوەڕوان بە! ئەو كەسانەی پێش تۆ لێرە بوون هەمان شتیان دەوت ‌و دواییش هیچیان نەكرد!”. ئێوە هەر دەبێ‌ كارێك بكەن، ئەمە چەند ساڵە‌و تێكدەران هەرماون، لە كاتێكدا كە ئێمە ئەم سوپا گەورە ‌و بێشومارەمان هەیە! سوێندم بە خوا كارەكە وەك پێویست بەڕێوەنەچووە. تەواوی هێزەكانی سوپای عێراق نەیانتوانی ئەوە بكەن كە ئێمە كردمان، چوونكە ئەمە (واتە ڕاگواستن لە ناخەوە ئازاریان دەدا، ئەمە دەیانكوژێ‌.) لێرەدا دەنگێك كە بە ئەبو محەمەد ناسرا بەرزبۆوە‌و وتی: تەنها خوا دەتوانێ‌ لە تۆ زیاتر بكات، دەنا تۆ دەتوانیت هەموو شتێك بكەیت. ئەمە حیزبی بەعسە‌و دەتوانێ‌ هەموو شت بكات.)

تێكدەران تەماشای فەرمان ‌و ڕاسپاردەكان دەكەن. فەرمانەكان ئەو گوڕ‌و هێزەیان تێدانیە. ئەوانی پێشوو سەد ئەوەندە بەهێزتر بوون، بەڵام لەگەڵ قەناعەت‌و بڕوای ئەوانەدا كە جێبەجێیان دەكرد یەكیان نەدەگرتەوە. ئێستا ئەو بڕوایە هەیە. ئێمە وتمان لەو بەروارەدا دەست دەكەین بە جێبەجێ‌ كردنی پەلاماری ڕاگواستن‌ و بە پشتیوانی خوا لە هەموو شوێنێك كردمان. لە هەمان ڕۆژدا (لە ١٩٨٧دا) ئەوان بۆ تۆڵەكردنەوە قەرەداخیان گرت.

جەلال تاڵەبانی داوای لێكردم كەناڵێكی پەیوەندیی تایبەتیی لەگەڵدا بكەمەوە. ئەو ئێوارەیە من چووم بۆ سلێمانی ‌و بەچەك ‌و كەرەستەی تایبەت لێمدان( لێرەدا مەبەستی چەکی کیمیاییە، چونکە ئەوسا لەنوسراوو کۆدەکانیاندا بەم چەکەیان دەگوت عتاد الخاص). ئەوە وەڵامی من بوو، ئەوجا ئێمە هەر بەردەوام بووین لە سەر ڕاگوێزان. من بە موستەشارەكانم ڕاگەیاند كەوا ڕەنگە بڵێن ئێمە گوندەكانی خۆمان خۆش گەرەكە‌و نامانەوێ‌ بەجێیان بێڵین. وتم، من ناتوانم لە گوندەكەت بگەڕێم لە شوێنی خۆی بمێنێ‌، چوونكە بە چەكی كیمیایی لێیدەدەم‌و ئەو كاتە خۆت ‌و خێزانت تیادەچن، دەبێ‌ هەر ئێستا جێیبێڵیت. چوونكە من ناتوانم لە هەمان ڕۆژدا پێت بڵێم دەمەوێت بە چەكی كیمیایی هێرش بكەم. من هەر هەموویان بە چەكی كیمیایی تاقبڕ دەكەم! بزانم كێ‌ قسە دەكات؟ كۆمەڵی نێودەوڵەتی؟ لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەم‌و لەوانەش گوێیان لێدەگرن! .تەنانەت ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێرانیشدا بوەستێ ‌‌و ئێرانیەكان لە تەواوی ئەو شوێنانە بكشێنەوە كە داگیریان كردووە، من هەر دانوستان لەگەڵ ئەودا ناكەم (واتە تاڵەبانی)‌و ڕاگواستن ناوەستێنم.

ئەمە نیازی منە‌و دەمەوێ‌ بە چاكی ئاگاداری بن. هەر كاتێكیش لە ڕاگواستن بووینەوە لە هەموو شوێنێك دەست دەكەین بە پەلاماردانیان‌و بە پێی نەخشە‌و پلانێكی داڕێژراوی سەربازی پێگە‌و سەنگەرەكانیان دەكوتین. لەو هێرشانەدا سێ‌ یەك یان نیوەی ئەو شوێنانە دەگێڕینەوە كە لە ژێر دەسەڵاتیاندایە. ئەگەر توانیمان دوو لە سەر سێی شوێنەكانیان لێبگرینەوە ئەوە لە قوژبنێكی بچووكدا گەمارۆیان دەدەین ‌و بەچەكی كیمیایی لێیاندەدەین. من تەنها رۆژێك بەكیمیایی لێیاننادەم، بەڵكو بەردەوام ماوەی پانزە ڕۆژ بە چەكی كیمیایی دەیانكوتم. دوای ئەوە ڕایدەگەیەنم كە هەر كەسێك دەیەوێ‌ بە چەكەكەیەوە خۆی بداتە دەستەوە ڕێگەی پێدەدرێت. ئەوكاتە من یەك ملیۆن لەم پارچە كاغەزانە چاپ دەكەم‌ و لە باكووردا بە كوردی، سۆرانی، بادینانی، عەرەبی بڵاویدەكەمەوە. من ناڵێم ئەمە لە لایەن حوكوومەتی عێراقەوەیە ‌و ناهێڵم حوكوومەت تێكەڵی كارەكە ببێت. من دەڵێم ئەمە لێرەوەیە (واتە مەكتەبی باكوور). جا ئەوی حەز دەكا بگەڕێتەوە بەخێربێتەوە، ئەوانی نەگەڕانەوە دیسانەوە بە كیمیایی تازەی لەناوبەر پەلامار دەدرێنەوە. من ناوی كیمیایی نابەم چوونكە ئەوە زانیاریی پۆلێنكراوە. بەڵام دەڵێم بە چەكی كوشندەی نوێ‌ داتاندەڕزێنم. بەمجۆرە هەڕەشەیان لێدەكەم‌و هانیاندەدەم خۆ بە دەستەوە بدەن. ئەوسا دەبینن، كە هەموو ئۆتۆمبیلەكانی خوا، خۆیشی بەشی ئەوە نەكات هەموویان هەڵبگرێت. من لەو باوەڕەدام و وای بۆ دەچم كە ئەوانە بۆڕ دەدرێن ‌و دەبەزن. سوێند دەخۆم ‌و دڵنیام لەوەی كە دەیان بەزێنین.

بە هەڤاڵە پسپۆڕەكانم وتووە كە چەند دەستەیەكی گەریلام لە ئەوروپاوە پێویستە بۆ كوشتنی هەر كامێك لەوانە (واتە لە تێكدەران) كە دەیانبینن. بە پشتیوانی خوا ئەوەش دەكەم. دەیانبەزێنم‌ و تا ئێران لە دوایان نابمەوە‌و ئەوجا بە موجاهیدین دەڵێم لەوێش هێرشیان بكەنە سەر.

ئەوەی سەرەوە تەواوی قسە تۆمارکراوەکانن کە لەزاری عەلی حەسەن مەجید وەرگیراون و ئیدی منیش قسەیان لەبارەوە دەکەم و بەپێی تێگەیشتنی خۆم شیکارییان بۆ دەکەم.

شیکاری قسەکانی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید

١/ زمانی نزم و لووتبەرزی و هەڕەشە وەک ئامرازی تۆقاندن.

عەلی حەسەن مەجید لەقسەکانیدا زمانی “سەرکەوتنی ڕەها” بەکاردەهێنێت. ئەو بە ئاشکرا و بە شێوازێکی لووتبەرزانە قسە بۆ بەرپرسانی حیزبی و ئەفسەرانی سوپاو پیاوانی سەربازی دەکات. وەک کوڕی بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو بەهەمان لۆژیکی شێخی عەشیرەتێک سەرکۆنەو سەرزەنشتی چەکدارەکانی دەکات ئەویش ئەو ئەفسەرو بەرپرسانە سەرکۆنەو سوک دەکات، کە لە کوردستان وەک دەڵێن (گونی گونداریان دەردەهێنا) و هەریەکەیان لەناوچەیەکدا کارەکتەرێکی ترسناک و خوێناوی بوون، چ لەشکرەکانی بەردەستیان چ هاوڵاتیان لەهەرجوڵەیەکیان دەتۆقین و هەرکامیشیان بکوژی دەیان و سەدان و بگرە هەزاران کەس بوون، لە نمونەی پارێزگارەکانی هەولێر و سلێمانی و فەریق رکن سوڵتان هاشم پێشەوای فەیلەقی یەک و فەریق ڕکن کامل ساجت و فەریقی یەکەمی رکن نزارخەزەرجی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و لیوارکن یونس محمد ئەل زەرب و بەڕێوەبەرانی ئەمنی شارەکان ! هەموو ئەمانە کەسانی زۆر ترسناک و دەستبەخوێن بوون کە ئاوا زەلیل لەبەردەم قسە سوکەکانی عەلی حەسەن مەجید دانیشتوون تەنها لەبەر ئەوەی ئامۆزای سەرۆکە ! لەشوێن و پێگەی خۆیاندا هەرچییەک بن، لە دیدی ئەودا، هیچ کامیان شایانی ئەوەنین بەڕێزەوە تەماشایان بکرێت، بۆیە بەو شێوەیە قسەیان لەڕوودا دەکات. چونکە پێش ئەوەی خۆی ببێتە دەسەڵاتداری بێ ڕکابەری ناوچەی باکور “هیچ نەکراوە” و تێکدەران هەرماون و ئەوەشی کراوە، فەزڵ و ئازایەتی ئەم بووە؛ بۆیە دەڵێت : (باشە چی ڕوویداوە؟ ئا ئەمانەن تێكدەران؟ ئا ئەمانەن ئەو كەسانەی ئێوە لێیان دەترسان؟ ئەمە باری ڕاستەقینەی تێكدەرانە‌و ئێوەش ئەم هەموو كەرەستە‌و توانایەتان هەیە.) کەواتە ئەوەی ئێستا دەیبینن ئازایەتی ئێوە نییە هێزو ئایدیای منە. بۆیە (ئەوان نەیانتوانی بەرەنگارتان ببنەوە. كاتی خۆی بەرەنگاری فیرقەیەكیش دەبوونەوە بە چەند ڕەشاشێكی كەمەوە. بەڵام ئەمجارە تەنها بە تۆپی سووك لە دوورەوە تۆپبارانیان دەكردین.) ئەمە بەدیوێکدا دەڵێت ئەوەی ئێستا دەیبنن فەزڵ و بڕیارەکانی منە دەنا ئەوساش دەسەڵات و سوپاکەتان “لاواز” نەبوو کەواتە بۆ نەتانتوانیوە چارەسەری یەکلاکەرەوە بۆ پرسی کورد بدۆزنەوە.؟ بەڵام بەدیوەکەی تردا دان بەئازایەتی و گورزی پێشمەرگەدا دەبێت کە توانیویانە بەچەکی سوکەوە ڕوبەڕووی فیرقەیەک ببنەوە. کەچی شانازی بەوەوە دەکات کە بەزبری کیمیایی وای لێکردوون لەدورەوە تۆپیان پێوە بنێن.

ئەو بە بەکارهێنانی وشەی وەک (سوێند بە خوا) و گومانی ناشیرینکردن وسوک تەماشاکردنی کاری ئەوانەی پێش خۆی، دەیەوێت خۆی وەک ئەو کەسە دەربخات کە “کۆدی سەرکەوتن و عەسای سیحری بەدەستەوەیە. ئەو دەیەوێت بە بەرپرسەکان بڵێت کە ئەو “تێكدەرانەی” ئێوە لێیان دەترسان و تۆقاندبوویانن لە ڕاستیدا هێندە لاوازن، لەبەرانبەر فەرمانەکانی من و کەرەستەکانی بەردەستم کە بریتیە لە چەکی نوێ یان چەکی کیمیایی و بەوەش کۆتاییان پێ دەهێنێت.

ئەم زمانە تەنها زمانی توڕەبوون نییە، بەڵکو زمانی “پیاوی دەوڵەتە” کە بە ناوی حزب و دەوڵەتەوە نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیایەکی فاشستی تووندڕەو دەکات و بەلوتبەرزییەوە قسە دەکات و گوێگرەکانی ناچار دەکات گوێڕایەڵ و ملکەچی فەرمانەکانی بن. هەر ئەو زمانەی دواتر لەداعشدا جارێکی تر بەرگوێمان کەوتەوەو جێنۆسایدی شەنگالی کرد لەسەردەمی بەعسدا لەم کارەکتەرەی دەبیستین.

٢/ ستراتیژی سەربازی و سیاسی: لە شەڕی پارتیزانییەوە بۆ پاکتاوکردن

لە قسەکانیدا، جەختکردنەوەی لەسەر “تێكدەران” (کە بەم شێوازە ناوی پێشمەرگەی دەبرد)، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەوڵەت دەیەوێت چیتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی کلاسیکی لەگەڵ پێشمەرگەدا نەمێنێتەوە. ستراتیژی ئەو بریتییە لە “شکاندنی بڕبڕەی پشتی بەرگری”. لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێ کە نەرجسییەت و لوتبەرزی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت : (کاتێک كە من هاتم هەندێكتان لێرە كارتان دەكرد. من زۆر پەرۆشی ئەم كارە بووم‌و ئێوەش ڕەنگە لەدڵی خۆتاندا وتبێتتان “چاكە، كەمێك چاوەڕوان بە! كەمێك چاوەڕوان بە! ئەو كەسانەی پێش تۆ لێرە بوون هەمان شتیان دەوت ‌و دواییش هیچیان نەكرد!”. ) ئەم قسەیە ڕێک مەبەستی محەمەد حەمزە زوبێدییە کە پێش ئەم لەم پۆستەدا بوو، بەڵام رۆژی ١٨ی ئازار بەبریاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لابرا بەهۆی ئەوەی کەسێکی گونجاو نییە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. ئینجا درێژە بەقسەکانی دەداو هاوکات فەرمانیش دەکات و دەڵێت: ( ئێوە هەر دەبێ‌ كارێك بكەن، ئەمە چەند ساڵە‌و تێكدەران هەرماون، لە كاتێكدا كە ئێمە ئەم سوپا گەورە ‌و بێشومارەمان هەیە! سوێندم بە خوا كارەكە وەك پێویست بەڕێوەنەچووە. تەواوی هێزەكانی سوپای عێراق نەیانتوانی ئەوە بكەن كە ئێمە كردمان، چوونكە ئەمە (واتە ڕاگواستن لە ناخەوە ئازاریان دەدا، ئەمە دەیانكوژێ‌.).

٣/ بەرزبوونەوەی دەنگی کۆیلە :

لێرەدا دەنگێك كە بە ئەبو محەمەد ناسرا بەرزبۆوە‌و وتی: تەنها خوا دەتوانێ‌ لە تۆ زیاتر بكات، دەنا تۆ دەتوانیت هەموو شتێك بكەیت. ئەمە حیزبی بەعسە‌و دەتوانێ‌ هەموو شت بكات.) ئەم دەنگ هەڵبڕینەی ئەبوو محەمەد کەڕەنگە پلەدارێکی باڵای حزب و دەوڵەتیش بووبێت لەنێو ئەو هەموو ترس و تۆقاندنەی لە کۆبوونەوەکەدا هەبوو، دەنگی گزگلەکانە نموونەیەکی باڵای “پیاوی گزگل” یان بە وەسفەکەی ویلهێلم ڕایش، “جەنەراڵ و پلەداری سووک و تڕۆ” دەردەکەوێت. ئەم جۆرە کەسانە لە سیستەمە تۆتالیتارەکاندا، نامۆنین نەک تەنها وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک بەرهەمی سایکۆلۆژیای فاشیزم دەردەکەون؛ ئەوان لەڕێگەی بەخوداکردن و پیرۆزکردنی سەرکردەکەیانەوە هەست بەبوونی خۆیان دەکەن و دەزانن کەبەبێ ئەم ڕیاییکردنە هیچ نین بۆیە هەوڵ دەدەن سوکی خۆیان و ئەخلاقی نزمی خۆیان لەبەردەم بەرپرسە ترسناکەکاندا نمایش بکەنەوە. کاتێک ئەبو محەمەد دەڵێت تەنها خوا دەتوانێ لە تۆ زیاتر بکات، ئەمە نیشانەی چوونە ناو قۆناغێکی قوڵی بەبەردبوون و بەرهەمی ئایدۆلۆژییە، کە تێیدا تاکێتی مرۆڤ لەمرۆڤ بوون دەکەوێ و دەبێتە برغویەک بەماشێنی دەوڵەتەوە و لەنێو دەزگای حیزبیدا دەبێتە ئامراز و لەمرۆڤ بوون دەکەوێ و دەبێتە بەشێک لە ئامێری کوشتن. ئەم پیاوە قەزەمانە لە ڕووی ئەخلاقییەوە لەوپەڕی سووکاییدان، چونکە بەبێ هیچ هەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی، بەنیشاندانی ملکەچی بەشداری لە پاکتاوکردنەکاندا دەکەن و ستایشی دڕندایەتی کارەکتەری وەک عەلی حەسەن مەجید دەکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراقی لەو سەردەمەدا ژینگەیەکی دروست کردبوو کە تێیدا تەنها کەسانی بێ ئیرادە و ئەخلاق نزمی وەک ئەبوومحەمەد دەتوانن لە پلە باڵاکاندا بمێننەوە و ببنە دەنگی کۆرس و کۆمبارسی توندوتیژیی دەسەڵات. دەنا لەکاتێکدا عەلی حەسەن مەجید بە لوتبەرزیی و بە شانازییەوە سەرکۆنەی ئەفسەرانی سوپا دەکات کە نەیانتوانیوە ئەوە بکەن کە ئەم کردوویەتی ئەگەر سوپا نیشتمانی بوایەو ئەفسەرانی سوپا نرخ وبەهای خۆیان و نیشتمان و هاونیشتمانیان بزانیبایە دەبوو ڕووبەڕووی ببنەوە. بەڵام توتالیتاریزم ئەو ئەفسەرانەو سوپای نیشتمانی بەرهەم ناهێنێ بۆیە کاتێک دەڵێت : “ڕاگواستن لە ناخەوە ئازاریان دەدا”. خۆ هەمووان دەزانن کە ئەمە بە ڕاشکاوی دانپێدانانە بە ستراتیژی “پاکتاوکردنی رەگەزی” و “هەڵتەکاندنی بنەمای ژیانی کورد”؛ و تاوانی جەنگ و جێنۆساید ئەنجام دەدەن ! دەزانن کە ئامانجەکە تەنها سەربازی نییە، بەڵکو تێکشکاندن و پچڕاندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی خەڵکی کوردستانە بەزێدی مێژوویی خۆیان و بە خاکەکەیانەوە. کەواتە ئەفسەرانی سوپاش هەر ئەودیدو تێفکرینەیان هەبووە کە ئەلمەجید بەرانبەر بەکورد هەیەتی. ئەم بەڵگانە (قسەکانی عەلی حەسەن مەجید لەناو نەوارەکاندا) ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە یاخود ئەوەمان نیشان دەدات کە عەلی حەسەن مەجید چۆن تێڕوانینی بۆ سوپای عێراق هەبووە: سوپا وەک ئامراز: سوپای بە گەورە دەبینی، بەڵام پێی وابوو بێ “بڕیارێکی سیاسی تووند” کارەکانی بێ سوودبووە.

٤/ بەکارهێنانی خودا وەک شەرعیەتدان بە تاوان

ئەوەی کە ئەبو محەمەد دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێت: “تەنها خوا دەتوانێ لە تۆ زیاتر بکات”، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لەو سەردەمەدا گەیشتبووە قۆناغێک کە نوێنەرایەتی خودا بکات لەسەر زەوی (سەرۆک وەک خوداو دەسەڵاتی سوپا وەک هێزی خودا). کاتێک نوێنەری دەوڵەت خۆی لە سەرووی یاسا و دابونەریتەکانەوە دەبینێت، و گزگلەکانی هاوشێوەی ئەبومحەمەدیش پشتیوانی دەکەن و شتێک کەمتر لەخوار خوداوە وێنای دەسەڵاتدار دەکەن، ئەوا ئەنجامدانی جینۆساید دەبێتە “کارێکی ئاسایی”. ئەوان بەم شێوەیە هەوڵیان دەدا ڕەوایەتییەکی ئاسمانیش بەتاوانەکانی حیزب بدەن. چونکە لەشوێنیکدا دەڵێت: ئەوەی دەیکەین بەپشتیوانی خودایە ئەوەی بەکاری دەهێنین چەکی کیمیاییە کەواتە خودا ڕێگرنییە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئێرە (نوسینگەی باکوری حزبی بەعس (منظومة الشمال للحزب) لێی بەرپرسەو حکومەت ناهێنینە ناو ئەم باسەوە.چونکە لەروی نێودەوڵەتیەوە پۆلێنکراوەو نامانەوێت نیشانەی پرسیار بهێنینەسەرخۆمان دەنا ئیزنی خودای لەسەرەو لەهەرکاتێکدا بمانەوێ بەکاری دەهێنین. دواتر لەم بارەیەوە قسەی زیاترمان دەبێت چونکە لە کۆبوونەوەکانی تریدا قسە لەسەر نیازو ئەنجام و لێکەوتە ترسناکەکانی کردەوە تاوانکارییەکانی ئەم کارەکتەرە شەڕانگیزو وێرانکارەی دەوڵەت وحزبی بەعس و ئەو دۆخەی کورد تیایدا بووە لەسایەی دەسەڵاتیاندا. دێتە پیشەوە. بەڵام لەسەر ئەو بەشەی دەمێنینەوە کە پەلاماری قەرەداغیان داوە بەچەکی کیمیایی.

٥/ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی

لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت : (ئێمە وتمان لەو بەروارەدا دەست دەكەین بە جێبەجێ‌ كردنی پەلاماری ڕاگواستن‌ و بە پشتیوانی خوا لە هەموو شوێنێك كردمان. لە هەمان ڕۆژدا (لە ١٩٨٧دا) ئەوان بۆ تۆڵەكردنەوە قەرەداخیان گرت. جەلال تاڵەبانی داوای لێكردم كەناڵێكی پەیوەندیی تایبەتیی لەگەڵدا بكەمەوە. ئەو ئێوارەیە من چووم بۆ سلێمانی ‌و بەچەك ‌و كەرەستەی تایبەت لێمدان( لێرەدا مەبەستی چەکی کیمیاییە، چونکە ئەوسا لەنوسراوو کۆدەکانیاندا بەم چەکەیان دەگوت عتاد الخاص). ئەوە وەڵامی من بوو، ئەوجا ئێمە هەر بەردەوام بووین لە سەر ڕاگوێزان.)

ئەم بەشەی قسەکانی عەلی حەسەن مەجید، یەکێکە لەو بەڵگەنامە گرنگانەی کە ڕاستەوخۆ دەوڵەتی عێراقی وەک “تاوانباری شەڕ” و “جێنۆسایدکار” لە زاری خۆیانەوە دەناسێنێت. ئەوە وەڵامی هەرکەسێکی شۆڤێنییە کە نکۆڵی لەوە دەکات گازی کیمیایی لە کوردستان بەکارهێندرابێت بەدرۆخستنەوەی کەسانی وەک خەزرەجیشە کە نکۆڵی لەبەکارهێنانی کیمیایی دەکات.

لێرەدا عەلی حەسەن مەجید بە ڕاشکاوی ستراتیژیی “وەڵامی کیمیایی” بۆ هەر جوڵەیەکی سیاسی یان سەربازیی ئۆپۆزیسیۆن دووپات دەکاتەوە. کاتێک ئاماژە بە “کەرەستەی تایبەت” (العتاد الخاص) دەکات، دانپێدانانێکی یاساییە بەوەی کە چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە وەک ئامرازێکی سەربازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا، بەڵام کیمیاباران لە بالیسان و شێخ وەسانان و گۆپتەپەو عەسکەر و لەهەڵەبجەو سەردەشت لەدژی پێشمەرگە نەبوو بەڵکو لەدژی خەڵکی مەدەنی بوو بەم شیوەیە عەلی حەسەن مەجید مردنی خودایی و سروشتی دەگۆڕێت بۆ مردنی زانستی. ئەوهەموو خەڵکەی بەکیمیایی لەکوردستان لە باشور و رۆژهەڵات بە چەکی کیمیایی مردن نەخۆش و پەککەوتەی سەر جێگا نەبوون بەڵکو  سەدان و هەزارن گەنج و منداڵ و ژنی سک پڕ و کچ و کوڕی دەستگیرانداربوون. کەواتە چەکی کیمیایی وەک “ئامرازێکی تۆڵەکردنەوەی سیاسی” و “سزادانی دەستەجەمعی” بەکارهاتووە. نەک وەک چەکێکی ئاسایی لەمەیدانی جەنگدا.

کاتێک دەڵێت “ئەوە وەڵامی من بوو”، لۆژیکی دەسەڵات لەو سەردەمەدا دەردەخات؛ لە دیدی ئەودا هەر گفتوگۆیەکی سیاسی یان داوایەکی پەیوەندیی تایبەت لەگەڵ سەرکردەیەکی وەک جەلال تاڵەبانی، نەک تەنها مایەی قبوڵکردن نییە، بەڵکو دەبێت بە چەکی تایبەت و بە “کۆمەڵکوژی” وەڵام بدرێتەوە. بۆئەوەی پرۆسەی راگواستنی زۆرە ملێ وەک سیاسەتی دەوڵەت پەکی نەکەوێ و هەر بەردەوام بێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت نەیویستووە “کێشەی کورد” لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکات، بەڵکو بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کردووەتە بەدیلی دانوستان. بەمجۆرە، پەیوەندیی نێوان “جوڵەی سەربازیی پێشمەرگە” و “وەڵامی کیمیایی حکومەت”، بە تەواوی ئەو تێڕوانینە پوچەڵ دەکاتەوە کە گوایە ئەنفال تەنها ئەنجامی شەڕ و بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بووە؛ بەڵکو ئەوە “بڕیارێکی ئاگادارانە” و پلان بۆداڕێژراو بووەو نابێت پەکی بکەوێت بۆیە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو بەرامبەر بە هەر هەوڵێک بۆ وەستاندنی پرۆسەی راگواستن باشترین وەڵامە، ئەمەش بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینۆسایدە بە مەبەستی سڕینەوەی کورد. دەستەواژەی بەکارهێنانی “چەکی تایبەت”: بەتەواوی کۆدی ئەمنی و سەربازیی بەعس ئاشکرا دەکات. کەواتە عەلی حەسەن مەجید بەزاری خۆی ئەو بۆچوونانە پوچەڵ دەکاتەوە کە ئەنفال بە دەرەنجامی شەڕ دادەنێن، لەبەرئەوەی بەڵگە ئەوە بەدەست کوردەوەیە کە دەوڵەتی عێراق چەکی کیمیایی وەک “وەڵامێکی سەربازی” بەکارهێناوە نەک هەر شەڕ بەڵکو بۆ هەر هەوڵێکی پەیوەندی و گفتوگۆش کەنەیارە کوردەکەی داوای دەکات. یاخود لۆژیکی سیاسی دەوڵەت نیشان دەدات کە چۆن بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کردووەتە “بەشێک لە ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی”ی خۆی.

٦/ سوکایەتی بەموستەشارەکان و بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش

هەرلەدوای ئەوەی قسە لەسەر تاڵەبانی دەکات دەڵێت : (من بە موستەشارەكانم ڕاگەیاند كەوا ڕەنگە بڵێن ئێمە گوندەكانی خۆمان خۆش گەرەكە‌و نامانەوێ‌ بەجێیان بێڵین. وتم، من ناتوانم لە گوندەكەت بگەڕێم لە شوێنی خۆی بمێنێ‌، چونكە بە چەكی كیمیایی لێیدەدەم‌و ئەو كاتە خۆت ‌و خێزانت تیادەچن، دەبێ‌ هەر ئێستا جێیبێڵیت. چوونكە من ناتوانم لە هەمان ڕۆژدا پێت بڵێم دەمەوێت بە چەكی كیمیایی هێرش بكەم. من هەر هەموویان بە چەكی كیمیایی تاقبڕ دەكەم! بزانم كێ‌ قسە دەكات؟ كۆمەڵی نێودەوڵەتی؟ لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەم‌ و لەوانەش گوێیان لێدەگرن! .) لێرەدا لوتبەرزی و ملهوڕی ئەم نوێنەرەی دەوڵەت دەگاتە لوتکەی بەربەرییەت و سوکایەتی بەهەر کوردێک تەنانەت ئەگەر جاش و جەنگاوەری خۆشیان بن و لەدژی پێشمەرگەش وەستابنەوە ئیدی ناتوانن لەلۆژیکی راگواستن و گوند ڕوخاندن بەدەربن ئیدی چ جیاوازی نییە کەتۆ لایەنگری دەوڵەتی یان دژیت گرنگ ئەوەیە کوردیت و گوندنشینیت تۆ ئەگەر سەرپێچی بکەیت و دەستبەرداری گوندەکەت و زێدی باب و باپیرانت نەبیت بەچەکی کیمیایی لێدەدرێت وخۆت و خێزانت تیادەچن ! ئیدی کێ لەسەرت بەجواب دێت ؟ خودا پشتیوانی منەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و ئەوانەش کە گوێیان لێدەگرن هیچ بەهایەکیان نیە. ئەم قسانە گوزارشت لە لوتکەی عەقڵییەتی فاشیستی و ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی عیراق دەکەن کە هیچ بەهایەکی بۆ ژیانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان نەهێشتووەتەوە. لە ڕەهەندی یەکەمدا، ئەم وتانە سوکایەتییەکی بێوێنە و قووڵن بە شوناسی کوردی بە گشتی، بەتایبەتیش بەگوندنشینی کوردی، چونکە ئەو جیاوازی ناکات لە نێوان نەیارەکانی و ئەو کەسانەی وەک جاش و “موستەشار” خزمەتی ڕژێمەکەی دەکەن یان هەتا ئیستا خزمەتیان کردووە. بەڵکو بە ڕاشکاوی و ڕوبەڕوو قسەی پێگوتوون بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هاوکاری دەوڵەت بوون دەڵێت: کە تەنانەت دڵسۆزیی و جاشایەتیشیان ناتوانێت لەمەرگ بتان پارێزێ ئەگەر بەزوویی گوندەکانتان چۆڵ نەکەن. ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزییە بە کەرامەتی ئەوجاشانە و ئەوە نیشان دەدات کە لای ڕژێمی بەعس، کورد تەنها وەک ئامرازێکی کاتی بینراوە و لە بنەڕەتدا هەموویان شایستەی لەناوبردن بوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جەوهەری تاوانەکە ڕەگەزیی بووە نەک سیاسی.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو زمانە بازاڕی و پڕ لە جنێوەی بەرامبەر بە “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی” بەکاری دەهێنێت، ئاماژەیەکی ترسناکە، لە نیشاندانی دەوڵەتی عێراق کە لە هەموو پرەنسیپە سیاسی و نێودەوڵەتی و بەها مرۆییەکان داماڵدراوە. ئەو بەو پەڕی بێباکییەوە سوکایەتی بە هەموو دامەزراوە جیهانییەکان و ڕێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ دەکات، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە لەو سەردەمەدا ڕژێمی بەعس هەستی دەکرد بەهۆی هاوسەنگییە سیاسییەکان و شەڕی ئێرانەوە، جیهان چاوی لە ئاست تاوانەکانی دەپۆشێت. ئەم بێدەربەستییە وای لێکردبوو کە بە ئاشکرا باس لە کوشتنی بەکۆمەڵی کورد بکەن وەک دەڵێت بەکیمیایی “تاقبڕیان”دەکەم ئەو قسانە ڕەهەندێکی فراوانتریان هەیەو ئاماژە بە سڕینەوەی نەتەوەیەک دەکات بە چەکی قەدەغەکراو، بێ ئەوەی ترسی لە لێپرسینەوەو کاردانەوەی نیودەوڵەتی هەبێت. وشەی تاقبڕکردن لێرەدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە، چونکە نەک هەر کوشتن، بەڵکو مەبەستی قڕکردنی یەکجاری و بڕینەوەی نەوەکانی کورد دەگەیەنێت، کە ئەمە گەورەترین پێناسەی جینۆسایدە.

لەم قسانەدا دەردەکەوێت کە عەلی حەسەن مەجید چەکی کیمیایی نەک وەک چەکێکی سەربازی، بەڵکو وەک ئامرازێکی تۆقاندن و تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەکارهێناوە. ئەو بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە باس لەوە دەکات کە ناتوانێت کاتی هێرشەکان بە کەس بڵێت، تەنانەت بە جاشەکانیش کە دڵسۆزو ملکەچی فەرمانەکانی حکومەتن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو چێژی لە کتوپڕی و قەبارەی کوشتارەکە بینیوە. ئەم دەقانە لە ڕووی یاساییەوە گەورەترین بەڵگەی تاوانن، چونکە نەک هەر ئەنجامدانی تاوانەکە دەسەلمێنن، بەڵکو “نیاز” و پلانی پێشوەختە بۆ کۆمەڵکوژییش بە ڕاشکاوی دەردەخەن. لە کۆتاییدا، ئەم وتانە وێنەی دەسەڵاتێکمان بۆ دەکێشن کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر و شکاندنی کەرامەتی مرۆیی و گاڵتەکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتی و هەموو رێککەوتنامە جیهانیەکان دامەزرابوو.

لە قسەکانیدا، بە هیچ شێوەیەک گوندنشینەکان وەک مرۆڤ و هاوڵاتی نابینرێن، بەڵکو وەک “کێشە” یان دەستنیشانکراو بۆ “ئامانج”ی پاکتاوکردن دەبینرێن کە دەبێت لە زێدی خۆیان هەڵبکەندرێن و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بگوازرێنەوە، کە دەوڵەت یاخود حزب بۆیان دیاری دەکات. جا ئەوکەسانە جاش بن یان باش بن دەبێت رابگوێزرێن دەنا بێ قەیدوشەرت دەبێت بکوژرێن.

لەدوای ئەم قسانە دانپیدانانێکی زۆر گرنگ دەدۆزینەوە کەرێک بەرپەرچی هەرکەسێک دەداتەوە کە پێیوایە ئەنفال وهەڵەبجە دەرئەنجامی جەنگی ئێران و عیراق بووە، نەک پلانی پێش وەختەی بەعس، هەروەک ئەلمەجید بەزاری خۆی دەلێت : (تەنانەت ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێرانیشدا بوەستێ ‌‌و ئێرانیەكان لە تەواوی ئەو شوێنانە بكشێنەوە كە داگیریان كردووە، من هەر دانوستان لەگەڵ ئەودا ناكەم (واتە تاڵەبانی)‌و ڕاگواستن ناوەستێنم.) ئەم قسانە دەمانگێڕێتەوە بۆ راگواستنی گوندەکانی سەرسنور لەساڵی ١٩٧٩دا بەبێ ئەوەی هیچ شەڕو ئاژاوەیەک نە لەناوخۆدا و نەلەگەڵ ئێرانیشدا هەبووبێت نزیکەی ١٠ کم خاکی کوردستانی لەسەرسنورەکان لەگوندی کوردستان خاڵی کردەوەو هەموو گوندەکانی سەرسنوری راگواستە ناو کۆمەڵێک ئۆردوگای زۆرەملێی بەناو شارستانییەوە. بەڵام راگواستنی ئەمجارە لەناو تەپ وتۆزی جەنگدا هەموو کوردستانی گرتەوە.

٧/ کۆتایی قسە:

لەکۆتایی قسەکانیدا کەمێک هێمن دەبێتەوەو ئینجا وەک ئاگادارکردنەوەی ئەفسەرانی سوپاو پارێزگاری شارەکان دەڵێت : (ئەمە نیازی منە‌و دەمەوێ‌ بە چاكی ئاگاداری بن. هەر كاتێكیش لە ڕاگواستن بووینەوە لە هەموو شوێنێك دەست دەكەین بە پەلاماردانیان‌ و بە پێی نەخشە‌و پلانێكی داڕێژراوی سەربازی پێگە‌و سەنگەرەكانیان دەكوتین. لەو هێرشانەدا سێ‌ یەك یان نیوەی ئەو شوێنانە دەگێڕینەوە كە لە ژێر دەسەڵاتیاندایە. ئەگەر توانیمان دوو لە سەر سێی شوێنەكانیان لێبگرینەوە ئەوە لە قوژبنێكی بچووكدا گەمارۆیان دەدەین ‌و بەچەكی كیمیایی لێیاندەدەین. من تەنها رۆژێك بەكیمیایی لێیاننادەم، بەڵكو بەردەوام ماوەی پانزە ڕۆژ بە چەكی كیمیایی دەیانكوتم.) لێرەدا کۆمەڵێک ئاماژەی ڕوون هەیە یەکەم کاتێک هێرش دەکەنە سەرسەنگەرەکانی پێشمەرگە، کە تەواوی گوندەکانی سەرجادەو نزیک شارەکان و دەشتاییەکانیان راگواستووەو خانووەکانیان روخاندووە، ئەمەش دوو ئاماژەی گرنگی تێدایە یەکەم پێگەی جەماوەری و کۆمەڵایەتی پێشمەرگەیان لەناوبردووەو دووەم ترس وتۆقاندن بڵاودەکەنەوە وەک ستراتیژو تاکتیکی جەنگی و شەڕێکی سایکۆلۆژی سێهەم هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وتۆقاندنیان چوارەمیش فێلکردن و لەداونان لەبەرانبەر هەموو ئەو ئاڵۆزی و تەنگ پێهەڵچنینە بژاردەی خۆبەدەستەوەدانیش دەخاتەڕوو. لەکاتێکدا ئەوەی بەو بانگەوازە درۆینانە هاتنەوەو خۆیان رادەست کرد هەموویان بێ سەروشوێنکران.

ئەم بەشەی کۆتایی لە قسەکانی عەلی حەسەن مەجید، کە تێیدا بە تۆنێکی هێمنتر و وەک ڕێنماییەکی سەربازیی ڕەها قسە دەکات، مەترسیدارترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تاوانی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کردەوەیەکی کاتی یان کاردانەوەیەکی توڕەیی نەبووە، بەڵکو ستراتیژێکی داڕێژراوی دەوڵەت بووە. ئەو گۆڕانکارییەی لە شێوازی قسەکردنیدا ڕوودەدات و ڕوودەکاتە ئەفسەران و پارێزگارەکان، دەری دەخات کە ئەو خەریکی داڕشتنی نەخشەیەکە بۆ قڕکردنی بەکۆمەڵ. لێرەدا قسە تەنها لەسەر کوشتن نییە، بەڵکو باس لە پرۆسەیەکی ئەندازیارییانە دەکات بۆ گەمارۆدانی مرۆڤەکان لە “قوژبنێکی بچووکدا” و پاشان لەناوبردنیان. ئەمە گوزارشتە لە لوتکەی دڕندەیی، کاتێک ڕژێمێک هەموو تواناکانی سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین مرۆڤ لە کەمترین ڕووبەردا کۆبکاتەوە تاوەکو کاریگەریی چەکە کیمیاییەکان گەورەتر و کوشندەتر بێت.

ئەوەی کە دەڵێت تەنها یەک ڕۆژ چەکی کیمیایی بەکارناهێنم بەڵکو “بەردەوام ماوەی پانزە ڕۆژ” بەکاری دەهێنم، نیشاندەری نیەت و نیازێکی تەواو جیاوازە لە جەنگی ئاسایی. ئەمە بەلای کەمەوە ریسواکردنی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کاتێک بەپاساوی کێشەی ناوخۆیی چاویان لە جێنۆسایدی کورد دەپوشی. لە زانستی سەربازیدا، چەک بۆ تێکشکاندنی هێزی بەرامبەر بەکاردێت، بەڵام بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ لەسەر یەک و لە ناوچەیەکی گەمارۆدراودا، تەنها یەک ئامانجی هەیە ئەویش دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هیچ “زیندەوەرێک” لەو ناوچەیەدا بە زیندوویی نەمێنێتەوە. ئەمە جەنگی سڕینەوەی بایۆلۆژییە؛ مەبەست لێی ئەوەیە کە تەنانەت ئەوانەشی لە هێرشی یەکەم ڕزگاریان دەبێت، یان ئەوانەی لە ئەشکەوت و حەشارگەکاندا خۆیان حەشار داوە، بەهۆی بەردەوامیی ژەهرەکە و پیسبوونی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و هەواوە، دواجار هەر دەبێت بمرن. ئەمە ئەوپەڕی بێباکییە بەرامبەر بە ویژدانی مرۆیی و یاسای جەنگ، چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ ئەو ماوە درێژە، ناوچەکە بۆ دەیان ساڵ دەکاتە شوێنێکی نەشیاو بۆ ژیان.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم قسانە دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا. کاتێک ڕوودەکاتە پارێزگارەکان و ئەفسەرە پلەبەرزەکان، دەیەوێت پێیان بڵێت کە ئەمە “نیازی دەوڵەتە” و دەبێت هەمووان جێبەجێی بکەن. ئەمە دەیسەلمێنێت کە پرۆسەی ئەنفال تەنها یەک بڕیاری تاکەکەسی نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەکی یەکگرتوو بووە لە ڕاگواستن، گەمارۆدان، و پاشان کۆمەڵکوژیی بەکۆمەڵ. شیکردنەوەی ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە ڕژێم پێشوەختە پلانەکەی بۆ سێ قۆناغ دابەش کردووە: یەکەم، چۆڵکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی خەڵک. دووەم، هێرشی سەربازی بۆ تەسککردنەوەی مەودای جوڵەی کوردەکان. سێیەم، قۆناغی کۆتایی کە بە “پاکتاوی کیمیایی” ناوی دەبات. ئەم هێمنی و وردەکارییەی لە قسەکانیدا هەیە، مەترسیدارترە لە هاوار و توڕەییەکەی، چونکە نیشانی دەدات کە تاوانەکە بە عەقڵێکی سارد و پلانێکی وردەوە ئەنجام دراوە.

لەکۆتاییدا، ئەم بەڵگەنامە دەنگییە مێژووییە وەک گەورەترین شەرمەزاری بۆ ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی عێراق دەمێنێتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەوان هیچ حیسابێکیان بۆ مرۆڤایەتی نەکردووە، ئیدی دەبێت کورد چ وەک نەیار و چ وەک هاووڵاتی چ بەهایەکی هەبێت لە عێراقدا ؟ بەکارهێنانی وشەی “کوتان” بە چەکی کیمیایی بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ، گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنن بۆ سەرخستنی نیازەکەیان کە جینۆسایدە، دانپێدانانێکە لەزمانی جەلادەوە کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی مێژووی هاوچەرخدا بەم ڕاشکاوییە لە دەمی بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتەوە نەبیستراوە. ئەم قسانە نەک هەر سوکایەتین بە گەلی کورد، بەڵکو سوکایەتییەکی گەورەن بە دەوڵەتداریی و بە هەموو مرۆڤایەتی و ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی کە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە کاتی جەنگدا داڕێژراون. عەلی حەسەن مەجید بەم قسانەی، دەم و لەفزو ڕەفتاری خۆی و ڕژێمەکەی وەک تاقمێکی تاوانکار ناساندووە، کە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و یاسایییان نەناسیوە.

٨/ پەردە لادان لەسەر نیازی مەترسیدار

(دوای ئەوە ڕایدەگەیەنم كە هەر كەسێك دەیەوێ‌ بە چەكەكەیەوە خۆی بداتە دەستەوە ڕێگەی پێدەدرێت. ئەوكاتە من یەك ملیۆن لەم پارچە كاغەزانە چاپ دەكەم‌ و لە باكووردا بە كوردی، سۆرانی، بادینانی، عەرەبی بڵاویدەكەمەوە. من ناڵێم ئەمە لە لایەن حوكوومەتی عێراقەوەیە ‌و ناهێڵم حوكوومەت تێكەڵی كارەكە ببێت. من دەڵێم ئەمە لێرەوەیە (واتە مەكتەبی باكوور). جا ئەوی حەز دەكا بگەڕێتەوە بەخێربێتەوە، ئەوانی نەگەڕانەوە دیسانەوە بە كیمیایی تازەی لەناوبەر پەلامار دەدرێنەوە. من ناوی كیمیایی نابەم چوونكە ئەوە زانیاریی پۆلێنكراوە. بەڵام دەڵێم بە چەكی كوشندەی نوێ‌ داتاندەڕزێنم. بەمجۆرە هەڕەشەیان لێدەكەم‌و هانیاندەدەم خۆ بە دەستەوە بدەن. ئەوسا دەبینن، كە هەموو ئۆتۆمبیلەكانی خوا، خۆیشی بەشی ئەوە نەكات هەموویان هەڵبگرێت. من لەو باوەڕەدام و وای بۆ دەچم كە ئەوانە بۆڕ دەدرێن ‌و دەبەزن. سوێند دەخۆم ‌و دڵنیام لەوەی كە دەیان بەزێنین.)

ئەم قسانەی عەلی حەسەن مەجید پەردە لەسەر قۆناغێکی تری تاوانەکە لادەبەن، کە ئەویش بەکارهێنانی “فێڵ و تەڵەی دەروونییە” بۆ ڕاوکردنی ئەو کەسانەی لە هێرشە سەربازییەکان ڕزگاریان بووە. لێرەدا ئەو وەک ئەندازیارێکی جینۆساید دەردەکەوێت، کە تەنها پشت بە هێز نابەستێت، بەڵکو پلانی هەیە لەڕێگەی بڵاوکراوەو بەڵێنی درۆینەی “لێبوردن”ەوە، نەک هەر پێشمەرگە بەڵکو خەڵکە ڕزگاربووەکە لە حەشارگەکانی پشت کێوەکان و ناو شاخەکانی کوێستان و پیدەشتەکانی گەرمیان بهێنێتە خوارەوە بۆ ناو تەڵەو داوێک کەئاماج لێی فەوتاندنیان نەک دەرفەتدانەوە بەژیان. کاتێک باس لە چاپکردنی ملیۆنێک پارچە کاغەز بە هەموو زمان و زاراوەکان دەکات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ڕژێم بە وردی کاری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کردووە و نەیویستووە هیچ کەسێک، چ سۆرانی بێت یان بادینی، لەو بازنەی مەرگە دەربازی ببێت. ئەمە پلانێکی گشتگیر بووە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە پەیامە هەڕەشە ئامێزەکە دەگاتە هەموو ماڵ و خێزانێک. دواتر بەڵگەی ئەم فێلە لەقسەکانی تریدا دەخەمەڕوو

خاڵێکی زۆر مەترسیدار لەم قسانەدا، هەوڵی عەلی حەسەن مەجیدە بۆ پاراستنی ڕوکاری سیاسیی حکومەتی ناوەندیی عێراق. کاتێک دەڵێت ناهێڵم ناوی حکومەتی تێدابێت و دەڵێم ئەمە بڕیاری “مەکتەبی باکوورە”، ئەمە دانپێدانانێکی ڕاشکاوە بەوەی کە ئەوان دەیانزانی ئەوەی ئەنجامی دەدەن تاوانی گەورە و جێنۆسایدە بۆیە دەیانویست جۆرێک لە “پاساوی یاسایی” یان “سەربەخۆیی لە بڕیاردا” بۆ بەغدا دروست بکەن، تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نەبنەوە. ئەمە ئەوپەڕی فێڵبازیی سیاسییە؛ لە لایەکەوە جینۆساید دەکەن و لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت شوێنپێی تاوانەکە لەسەر ئاستی دەوڵەت و سەرۆکایەتیی کۆمار بسڕنەوە و وەک کێشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی نیشانی بدەن.

هەروەها گۆڕینی ناوی چەکی کیمیایی بۆ “چەکی کوشندەی نوێ” یان “چەکی ڕوخێنەر”، نیشانەی ئاگاداریی ئەوانە لەوەی کە بەکارهێنانی ناوی کیمیایی لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا مەترسیدارە. ئەو بە ئەنقەست زمانێکی تەمومژاوی و ترسناک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خەڵکەکە تووشی شۆکی دەروونی بکات. کاتێک دەڵێت “داتان دەڕزێنم”، ئەمە تەنها هەڕەشەی کوشتن نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی سادیستییە کە تێیدا چێژ لە وێناکردنی تێکچوونی جەستەی قوربانییەکان دەبینێت. ئەم زمانە نەک هەر سوکایەتییە بە مرۆڤ، بەڵکو نیشانەی نەمانی هەموو هەستێکی مرۆییە لە لای ئەو کەسەی کە بڕیاری چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤی لەدەستدا بووە.

٩/ ئاماژەی کوشتاری مەدەنی

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو سوکایەتییەکی بێوێنە بەژمارەی قوربانییەکان دەکات کاتێک دەڵێت “هەموو ئۆتۆمبیلەکانی خواو خۆشی بەشی گواستنەوەیان ناکات”. ئەم دەربڕینە نیشانی دەدات کە ئەو پێشوەختە چاوەڕوانی ئەنفالکردن و ڕاگواستنی سەدان هەزار مرۆڤی کوردی کردووە و وەک “کۆمەڵە شتێک” سەیری کردوون نەک وەک مرۆڤ. سوێندخواردنەکەی و دڵنیایی لە “بەزاندنیان” دەریدەخات کە ئەو ئەم پرۆسەیەی وەک جەنگێکی پیرۆز بۆ خۆی بینیوە. شیکردنەوەی ئەم بەشەی قسەکانی دەیسەلمێنێت کە ئەنفال تەنها هێرشێکی سەربازی لە دژی پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو پلانێکی داڕێژراو بووە بۆ پرۆسەیەکی گشتگیری کوشتاری کوردی گوندنشین کە تێیدا فێڵ، چەواشەکاریی میدیایی، گەمارۆی دەروونی و چەکی کیمیایی ئاوێتە کراون بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، کە ئەویش سڕینەوەی یەکجاریی بوونی کورد بووە لەو ناوچانەدا. دەنا ئەوسا خۆ ژمارەی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان نەدەگەیشتنە ١٥٠٠٠ پازدە هەزار کەس بۆ گواستنەوەی ئەو ژمارەیە تەنها ئۆتۆمبێلی تیپێکی سەربازییان بەس بووە، بۆیە هەموو ئۆتۆمبیلی خوداو خۆشی !! ئاماژەیە بۆ کوشتاری نەتەوەیەک.

١٠/ هەڤاڵە پسپۆڕەکانی ئەلمەجید کێن ؟

قسەی کۆتایی ناو ئەم کۆبوونەوەیەی رۆژی ٢٦ی مایس تەواو جێگەی تێڕامانەو رەنگە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت کاتێک دەڵێت: ( بە هەڤاڵە پسپۆڕەكانم وتووە كە چەند دەستەیەكی گەریلام لە ئەوروپاوە پێویستە بۆ كوشتنی هەر كامێك لەوانە (واتە لە تێكدەران) كە دەیانبینن. بە پشتیوانی خوا ئەوەش دەكەم. دەیانبەزێنم‌ و تا ئێران لە دوایان نابمەوە‌و ئەوجا بە موجاهیدین دەڵێم لەوێش هێرشیان بكەنە سەر.)*

ئەم بەشەی قسەکانی پەردە لەسەر ڕەهەندێکی زۆر مەترسیداری ستراتیژیی ڕژێمی بەعس لادەبات کە تەنها لە سنووری ناوخۆی عێراقدا نەمایەوە، بەڵکو پلانی بۆ تیرۆری نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی هێزی بەکرێگیراویش هەبووە. مەبەستی ئەو لە هەڤاڵە پسپۆڕەکان ئەو ئەفسەرە باڵا و بەرپرسە زانیارییانەی ناو دەزگای هەواڵگریی عێراق (مخابەرات) و دەزگای ئاسایشی گشتی (ئەمن) بوو، کە تایبەت ببوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی “تایبەت” و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژێم لە دەرەوەی وڵات. لێرەدا لوغزی جێنۆدان بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تارادەیەک دەردەکەوێ کە وەک کورد دەڵێت بەعسیەکان کڵاوی ئەوروپییەکانیشیان ناسیوە دەنا چۆن ئەم پسپۆڕانە لە لایەن ڕژێمەوە کە وەک ئامرازی “دەستەبژێریی دەوڵەت” سەیر دەکران، دەتوانن لە ئەوروپا بەو ئاسانییە نەیارەکانیان بکوژن ؟ ئەوە ڕوونە کە ئەو دەستەبژێرە ئەرکیان تەنها جەنگی سەربازی نەبووە، بەڵکو ڕاوکردنی سەرکردە و چالاکوانانی کوردیش بوو لە هەر شوێنێکی جیهان بن، بەتایبەت لە ئەوروپا کە لەو سەردەمەدا ناوەندی کاری سیاسیی کورد بوو. دیارە رژێمی عێراق بەشێک لەداهاتی نەوتی بۆ دەم چەورکردنی ئەوروپی و ئەمریکیەکان تەرخان کردبوو هەتا لەئاست کۆمەڵکوژی کورد چاوبەرەژیری بەرتیل بن و بێدەنگیان بکات.

ئەوەی کە عەلی حەسەن مەجید باسی دەکات دەربارەی ناردنی دەستەی گەریلا بۆ ئەوروپا، لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ “تیرۆری دەوڵەتی”. ئەو دەیەوێت بڵێت کە دەستی ڕژێم ئەوەندە درێژە دەتوانێت لە دڵ و پایتەختەکانی ئەوروپاشدا نەیارەکانی بکوژێت. ئەمە نیشانەی عەقڵییەتێکی مافیاییە کە هیچ ڕێزێک بۆ سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دانانێت. ئەو بەکارهێنانی وشەی گەریلا لێرەدا وەک جۆرێک لە چەواشەکاری بەکاردەهێنێت؛ مەبەستی ئەو گروپە تیرۆریستییە بچووکانەیە کە لە ژێر چاودێریی هەواڵگریی عێراقدا مەشقیان پێ کراوە بۆ ئەوەی بە بێدەنگی و دوور لە چاوی میدیاکان، نەیارانی کورد تەسفییە بکەن. ئەمە دەریدەخات کە ئەنفال تەنها پرۆسەیەکی ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو جەنگێکی گشتگیر بووە دژی هەموو کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییە بێت.

١١/ بەکاربردنی موجاهیدین

ئاماژەدان بە ملکەچی “موجاهیدین” تەواو جێگەی تێڕامانە لێرەدا مەبەستی لە ڕێکخراوی (موجاهیدینی خەلق)ی ئێرانییە. کە لەو سەردەمەدا، بەجلوبەرگی سوپای عێراییەوە مەشق وڕاهێنانیان دەکردو ڕژێمی سەدام حوسێن داڵدەی دابوون و وەک هێزێکی سەربازیی بەکرێگیراو و هاوکاری سوپای عێراق بەکاری دەهێنان. عەلی حەسەن مەجید بە ڕاشکاوی دەڵێت: کە ئەگەر کوردەکان بەرەو ناو خاکی ئێرانیش هەڵبێن، ئەو لە ڕێگەی ئەم هێزە ئێرانییە بەکرێگیراوانەوە لەوێش پەلاماریان دەدات. ئەمە ئاماژەیە بۆئەوەی ئەنفال چەندە تاوانێکی گشتگیر بووە دەنا بەکارهێنانی هێزێکی وەک موجاهیدینی خەڵق لوتکەی تاوانکاریی فاشیزمە بۆ داڕشتنی پیلانێکی نامرۆڤانە؛ ئەو دەیەوێت هەموو دەرگاکانی ژیان لە بەردەم کورد دابخات؛ لە گوندەکان بە کیمیایی، لە ئەوروپا بە تیرۆر، و لە ناو خاکی ئێرانیش بە موجاهیدینی خەلق. ئەم هاوکێشەیە نیشان دەدات کە ئەو چەندە بە دیقەتەوە پلانی بۆ “تاقبڕکردن” داڕشتووە و چۆن هێزە ناوچەییەکانی بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێناوە.؟!

خاڵێکی تری جێگەی سەرنج، بەکارهێنانی دەستەواژەی “بە پشتیوانی خوا”یە لە کاتێکدا باسی تیرۆر و کوشتنی مرۆڤەکان دەکات لە ئەوروپا و ئێران. ئەمە نیشانەی ئەو شێواندنە قووڵە ئەخلاقییەیە کە ڕژێمی بەعسی پێ ناسرابووەوە؛ بەکارهێنانی پیرۆزییەکان بۆ شەرعیەتدان بە چەپەڵترین و دڕندانەترین تاوانەکان. شیکردنەوەی ئەم بەشە لە قسەکانی دەیسەلمێنێت کە عەلی حەسەن مەجید نەک هەر سەرپەرشتیاری ئەنفال بووە بەڵکو جێبەجێکارێکی دڵڕەقی مەیدانیش بووە، یاخود ستراتیژیستێکی مەترسیدار بووە کە هەموو جومگەکانی ئەمنی و سەربازی و تەنانەت هێزە نێودەوڵەتییەکانیش کێشاوەتە ناو پرۆسەی لەناوبردنی کورد.

لەقسەکانیدا ئەگەرچی بۆ کۆمەڵێک بەرپرس وکاربەدەستانی ناوچەی باکور بوو بەڵام هاوکات پەیامێکی پڕ لە ترسیش بووە کاتێک دەڵێت: هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بۆ کورد ئارام نییە ئەگەر ڕژێمی بەعس بڕیاری کوشتنی دابێت.

١٢/ ئەنفال؛ لە گوتاری تاقبڕکردنەوە بۆ ئەندازیاریی جینۆساید

وەک دەرئەنجامێکی گشتگیر بۆ شیکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە مێژووییانە، دەتوانین بڵێین کە عەلی حەسەن مەجید بە لووتبەرزییەکی بێوێنەوە گوزارشتی لە ستراتیژییەک کردووە کە تێیدا گوندەکان و زێدی باوباپیرانی کورد تەنها وەک ئامانجێکی سەربازی بینراون. ئەم دیدگایە مەبەستی بوو نەتەوەیەک لە ڕەگەوە هەڵبکەنێت و ئیرادەی نەتەوەیی کورد تێکبشکێنێت، تاوەکو ناچاریان بکات بە ڕاگواستن و نیشتەجێبوون لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا. ئەو شوێنانەی کە لە ڕاستیدا وەک وێستگەیەک بۆ بەرەو مردنی هێواش یان گواستنەوە بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکانی خوارووی عێراق دیزاین کرابوون. ئەمە نیشان دەدات کە لای ڕژێمی بەعس، مرۆڤی کورد هیچ بەهایەکی نەبووە و جوگرافیای کوردستانیش تەنها وەک زەوییەکی سووتاو سەیر کراوە کە دەبێت لە هەموو شوێنەوارێکی ژیان پاکتاو بکرێت.

لە ڕەهەندێکی تردا، ئاماژەدان بە هەڤاڵە پسپۆڕەکان و ناردنی دەستەی بکوژ بۆ وڵاتانی ئەوروپا، گۆڕانی ڕژێمی بەعس وەک دەزگایەکی تیرۆری نێودەوڵەتی دەسەلمێنێت. ئەو پسپۆڕانەی کە عەلی حەسەن مەجید باسیان دەکات، لە ڕاستیدا ئەفسەرانی هەواڵگری و ئاسایشی گشتی بوون کە ئەرکیان ڕاوکردنی نەیارانی کورد بووە لە پایتەختەکانی جیهاندا. ئەمە دەریدەخات کە ڕژێم تەنها بە لەناوبردنی کورد لە ناوخۆدا نەوەستاوە، بەڵکو ویستوویەتی هەموو دەنگێکی ناڕەزایەتی لە هەر کوێیەک بێت کپ بکات. هەروەها بەکارهێنانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق وەک هێزێکی بەکرێگیراو بۆ پەلاماردانی کوردەکان لە ناو خاکی ئێراندا، لوتکەی دڕندەیی سیاسیی ئەو سەردەمە نیشان دەدات. ئەم بڕیارانە دەیسەلمێنن کە دەوڵەت هەموو ڕێگەیەکی نایاسایی و هێزە توندڕەوەکانی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە هیچ کوردێک لە هیچ قوژبنێکی ئەم زەوییەدا لە دەستی ئەوان ڕزگاری نابێت، کە ئەمەش جەنگێکی گشتگیر بوو تێیدا هەموو جۆرە چەکێکی بایۆلۆژی، کیمیایی و تیرۆری دەروونی و جەستەیی ئاوێتەی یەکدی کرابوون.

ئەو زمانە نزمەی کە بۆ سوکایەتیپێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاری هێناوە تەنها کەسایەتی عەلی حەسەن مەجید نیشان نادات بەڵکو دیوی دووەمی بێهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نێشان دەدات، چونکە جنێوەکانی ئەلمەجید ڕەنگدانەوەو لێکەوتەی ئەو پارێزبەندییە سیاسییە بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕژێم لەو سەردەمەدا لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەبەرکرابوو. عێراقیش بەتەواوی هەستی پێ دەکرد.

کاتێک ئەندامێکی باڵای دەوڵەت و بەرپرسی نوسینگەی ڕێکخستنی باکوری حزبی بەعس بە ئاشکرا گاڵتە بە ویژدانی جیهانی و یاساکانی مرۆڤایەتی دەکات، کە دڵنیابوو بەرژەوەندییە سیاسییەکانی وڵاتە زلهێزەکان لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا ڕێگر دەبن لە سزادانی عێراق لەبەرانبەر هەر پێشێلکارییەک کە عیراق لەدژی گەلی کورد دەیکات. ئەم بێباکییە وای لێکردبوو کە بە ساردی و بە وردەکارییەوە باس لە تاقبڕکردن و سەربڕینی مرۆڤە گوندنشینەکانی کورد بکات و دواتریش سەر بکێشێ بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەک تەنها جارێک و بەشێوەیەکی سنوردار بەڵکو بۆ ماوەی پانزە ڕۆژی بەردەوام. لێرەدا دەردەکەوێت کە عەلی حەسەن مەجید نەک تەنها وەک جێبەجێکارێک، بەڵکو وەک ئەندازیارێکی تیرۆری دەوڵەتی ڕەفتاری کردووە کە ئامانجی بووە مێژوو و جوگرافیای ناوچەکە بە خوێن و ژەهر سەرلەنوێ بنووسێتەوە.

لە کۆتاییدا، شیکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە دەنگی و مێژووییانە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە پرۆسەی ئەنفال ڕووداوێکی هەڕەمەکی یان کاردانەوەیەکی سەربازی نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەکی تەواوکاریی بووە لە پلان، تیرۆر، کیمیاباران و سڕینەوەی ڕەگەزی. ئەو فێڵە دەروونییانەی کە لە ڕێگەی چاپکردنی ملیۆنان پارچە کاغەز وبەڵێنی درۆینەی لێبوردنەوە ئەنجامی داون، تەنها بۆ ئەوە بووە کە زۆرترین قوربانی لە کەمترین کاتدا کۆبکاتەوە؛ هەتاوەکو بە ئاسانی بییانخاتە ناو پرۆسەی لەناوبردنی فیزیکی بەکۆمەڵ و کوشتاری کردەییەوە. قسەکانی ئەلمەجید کە لەو کاسێتانەدابوون کە ساڵی ١٩٩١ لە ماڵەکەی خۆیدا لەکەرکوک بەردەست پێشمەرگە کەوتن بۆ ئەمڕۆ گەورەترین بەڵگەی یاسایین بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆسایدێکی پلان بۆدانراوی دەوڵەت، کە تێیدا هەموو جومگەکانی دەسەڵات، لە سەرۆکایەتییەوە تا دەزگا هەواڵگرییەکان و هێزە میلیشیا بەکرێگیراوەکان، بەشداربوون لە تێکشکاندنی شکۆ و بوونی نەتەوەیەک کە تەنها تاوانیان داواکردنی مافی ژیان بووە لەسەر خاک و زێدی خۆیان.


*  وشەی گەریلا لێرەدا وەک ئامانەتی سەرچاوە بەکار هاتووەتەوە دەنا لەروی لۆجیکیەوە ناکرێت دەستە تیرۆرستییەکانی رژێمی پێشووی عیراق هەڵگری ناوی گەریلابن.

سه‌رنجه‌كان


  • tweet

وەڵامێک بنووسە هەڵوەشاندنەوەی وەڵام

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ڤیدیۆكان

وتار

  • پێشەکی نۆڤێلەی “سێوسێنان”                                   …….نووسینی میران ئەبراهام
    پێشەکی نۆڤێلەی “سێوسێنان” ...

    نیسان 14, 2026 0

  • خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی .. هۆمەر محەمەد
    خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و...

    نیسان 14, 2026 0

  • یادی  ئەنفال؛ لە «مریشکە بەکرەکەی» عەلی کیمیاوییەوە هەتا ئەمڕۆ…………………هۆمەر محەمەد
    یادی ئەنفال؛ لە «مریشکە بەکرەکەی» عەلی کیمیاوییەوە هەتا...

    نیسان 12, 2026 0

  • وانەیەک بۆ مێژوو……….. هۆمەر محەمەد
    وانەیەک بۆ مێژوو……….. هۆمەر محەمەد

    نیسان 08, 2026 0

  • سینەما وەک پارێزەری مێژوو کورد ڕزگاربوویەکی بەهێزە، نەک قوربانییەکی زەلیل. ………………..هۆمەر محەمەد
    سینەما وەک پارێزەری مێژوو کورد ڕزگاربوویەکی بەهێزە، نەک...

    نیسان 08, 2026 0

  • چاوەڕوانی لە نێوان عەشق و غەنیمەتدا گفتوگۆی من و پورزا عارف   ……………………هۆمەر محەمەد
    چاوەڕوانی لە نێوان عەشق و غەنیمەتدا گفتوگۆی من و پورزا عارف ...

    نیسان 08, 2026 0

  • لە یادی تاوانە گەورەکەی سەدەی بیستەم  دوو پێشنیار بۆ هەڵەبجە  ………………………هۆمەر موحەمەد
    لە یادی تاوانە گەورەکەی سەدەی بیستەم دوو پێشنیار بۆ هەڵەبجە ...

    ئازار 16, 2026 0

  • بینراو
  • دوایین
  • تاگ
  • بەرەویادی ئەنفال                             ………………….هۆمەر محەمەد
    بەرەویادی ئەنفال ………………….هۆمەر محەمەد

    نیسان 08, 2022 1

  • اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
    اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية

  • عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
    عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية

  • الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
    الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

  • پێشەکی نۆڤێلەی “سێوسێنان”                                   …….نووسینی میران ئەبراهام
    پێشەکی نۆڤێلەی “سێوسێنان” …….نووسینی میران ئەبراهام

    نیسان 14, 2026 0

  • خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی .. هۆمەر محەمەد
    خوێندنەوەی پشت قسەکانی عەلی حەسەن مەجید. دەربارەی ئەنفال و لێکەوتەکانی .. هۆمەر محەمەد

    نیسان 14, 2026 0

  • یادی  ئەنفال؛ لە «مریشکە بەکرەکەی» عەلی کیمیاوییەوە هەتا ئەمڕۆ…………………هۆمەر محەمەد
    یادی ئەنفال؛ لە «مریشکە بەکرەکەی» عەلی کیمیاوییەوە هەتا ئەمڕۆ…………………هۆمەر محەمەد

    نیسان 12, 2026 0

  • وانەیەک بۆ مێژوو……….. هۆمەر محەمەد
    وانەیەک بۆ مێژوو……….. هۆمەر محەمەد

    نیسان 08, 2026 0

  • هەرگیز لەیادیان نکەین زەداخەوە چیرۆکێکی بەسوێ و ناخ هەژێن و دڵتەزێنە...

    4 ساڵ ago

ئێمه‌ له‌ فه‌یسبوك

دیدار

  • عەلی رەحیمی:  دوای جەنگی جیهانی دووەم  سەردەشت یەكەمین شارە  بە چەكی كیمیاویی لێبدرێت
    عەلی رەحیمی: دوای جەنگی جیهانی دووەم سەردەشت یەكەمین شارە بە...

    کانونی دووهەم 01, 2022 0

  • مەرگی مرۆڤێکی مەزن
    مەرگی مرۆڤێکی مەزن

    ئاب 13, 2020 0

  • دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
    دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی...

    ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.

  • مستەفا قادر پیرۆت  دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .
    مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

  • دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.
    دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من...

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.

توێژینه‌وه‌

  • پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە، کولتوور…………………فەرەیدون سامان
    پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە،...

    شوبات 27, 2022 0

  • فیلمی هەموو دایکانی من
    فیلمی هەموو دایکانی من

    نیسان 08, 2021 0

  Designed and developed by ENG.Ali Qader|| © 2015 ||
  • ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌