تشرینی دووهەم 17, 2017 Omer ئهنفال, دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئێستاش ،كە بسكیتێك بەدەست منداڵێكەوە دەبینم، مردنی براكەم لە نوگرەسەلمان بیردەكەوێتەوە .
ئێستاش، كە بسكیتێك بەدەست مندالێكەوە دەبینم، مردنی براكەم لە نوگرەسەلمان بیر دەكەوێتەوە .
عومەر محەمەد
ناوەراستی ئابی ٢٠٠٨
ئەوكاتەی گوندی عەزیز قادر ئەنفالكرا، مستەفا منداڵ بوو، هێشتا تەمەنی لە هەشت ساڵ تێنەپەڕی بوو، پاشئەوەی لە گوندی ملەسورە کۆکرانەوە، بەرەوقەڵای قۆرەتوویان بردن، لەوێ چەند رۆژێک هێڵدرانەوەو بەكەمپەكانی كۆكردنەوەدا تێپەرین لە کەمپی سەرەکی کۆکردنەوە “تۆپزاوا” جیاكرانەوەو ئەوانیش وەك هەزاران هەزار خانەوادەی تر بەرەو گرتووخانەی نوگرەسەلمان راپێچكران.
ئەو خەڵکە هەژارەی پێشتر مەینەتی زۆریان بەدەست پیاوانی بەعسو بەرپرسانی تۆپزاواوە بینیبوو لەنوگرە سەلمان دۆزەخیان بەچاوی خۆیان بینی، مستەفا ئەوكات تەمەنی هەشت ساڵ بوو ماوەی 5 مانگ لە قەڵای نوگرەسەلمان بووەو دەربازبوویەكی خانەوادەكەیەتیو ئێستا لە ناحێی رزگاری ( صمود)ی ئەوكات دەژی، ووتی: من خوێندەواریم نیە بەڵام حاجی عەلی بۆی خوێندینەوە لەقەد دیواری لای دەرگا گەورەكەی نوگرەسەلمان نوسرابوو وەیل. “دۆزەخ”
مستەفا هێشتا بە قورسی لە ژێركاریگەری دیمەنی مردنی قادری برایدایە، كە بەدەم كروزانەوەوە لە باوەشی دایكیدا (خەیریە كەریم) گیانی لە دەستداوە، دەڵێت باوكم قۆندەرەی (حەجاج) ئەفسەرە دزێوەكەی نوگرەسەلمانی ماچكردو زۆرلێی پارایەوە بۆئەوەی كوتێك نانی بداتێ بۆ برا بچكۆلەكەم هەتا لە برسان نەمرێت، بەڵام ئەو زاڵمە نەیدایەو لە باوكمی دا، قەت ئەو دیمەنەم لە بیرناچێتەوە كە شەقێكی لەباوكم هەڵداو بەتوندی كوتایە ئەرزدا.
مستەفا بەنیگەرانییەوە دەیگوت: كاكە رەزالەتێك ئێمە دیمان كافرنەیبینێ، دەڵێت : حەجاج چاڵیكی كردو پری كرد لە ئاوباوكمو هەردوو خوشكەكەم فازیلەو سەمیرەی فرێدایە ناوی دەیگوت: با بخنكێن ئێوە دوژمنی ئیسلام و دوژمنی سەرۆكی فەرماندەن، هەرچی لە نوگرەسەلمان بووبێ ئەو دیمەنەی بە چاوی خۆی بینیوە .
هەتا ئێستاكەش كەنان دەخۆم برا شەش ساڵانەكەم (قادر)م بیردەكەوێتەوە كە چۆن بەبەرچاومەوە لەبرسا مرد، قادر لە دایكبووی ساڵی 1982 بوو، تەنها دووساڵ لەمستەفا بچوكتربووە، خانەوادەی مستەفا 6 كەس بوون 3 كەسیان (كامیلە خوشكە گەورەكەی قادر برا شەش ساڵانەكەی ماهیرە خوشكە بچوكەكەی). لەنوگرەسەلمان لەبرسا مردن.
مستەفا زوو زوو دەیگوت: هەتا مردن ئەوتاوانەو مردنی خوشكو براكانم لە بیر ناكەم. براكەم هەتا گیانی دەرچوو بەباوەشی داایكمەوە داوای نانوئاوی كرد، داوای باوكمی دەكرد ئێستا بمایە زەلامێك بوو، دایكو باوكیشم پاشئەوەی لە نوگرەسەلمان هاتنەوە لەداخی ئەو خوشكو برایەم مردن.
کە لێم پرسی ئێستا حەجاج ببینی دەیناسیتەوە، کەمێک وەستا وەک ئەوەی بەدوای وسفێکدا بگەڕێت بۆ ناسینەوەی، ئینجا زاری هەڵهێنایەوەو گوتی : بروا بفەرموو روخساری دزێوی حەجاج هەمیشە ها لەبەرچاوم، بنیادەمی واناشرینم نەدیوە ئێستا بیبنم ئەگەر شێوەی گەنجییەكەی مابێ دەیناسمەوە. پاشئەوەی لەقسەكردن وەستاو هەلوەستەیەكی كرد ووتی: رۆژێكی گەرم بوو حەجاج هاتە گیانمان خوشكەكانمی بەستەوەبە سیمێكەوە.
ئەم كورە كە ئێستا باوكی پێنج منداڵە، بەردەوام لە یادەوەری رۆژگارە سەختەكانی نوگرەسەلماندا دەژی، لەبارەی ناونانی منداڵەكانی دەلێت : دوو كوڕو سێ كچم هەیە تەنها كچێكمم بەناوی فەزیلەی خوشکمەوە ناو ناوەتەوە هەرچەندە فەزیلە لە ژیانیشدا ماوە بەڵام مەینەتیو رەزالەتی زۆری چەشت لە نوگرەسەلمان. هەرچیم كرد دڵم نەهات بەناو ئەنفالكراوەكانمەوە ناویان بنێم، تەنها فەزیلە نەبێت، بەڵام قەت ناوی ناهێنم.. چونكە كەنان دەخوم براكەم بیردەكەوێتەوە، كە مندالێك دەبینم بسكیت دەخوات براكەمم بیردەكەوێتەوە بڕوات هەبێت من ژیانم نەماوە.
مستەفا (جگەلە خوشكو براكانی ) زۆربەی كەسوكارەكەی ئەنفالكراون. لە دوای گەڕانەوەیان لە نوگرەسەلمان دایك وباوكیشی کۆچی دواییان کردو مردن، ئێستا مستەفاو فازیلەو سەمیرە لەژیاندا ماون، بەڵام هەریەكەیان بەمەینەتییەكەوە گیرۆدەن، سەمیرە دیسان بێوەژن كەوتووەتەو لەبەرئەوەی پیاوكەی لەسەیارەوەرەگەرا، ئێستا ئەویش منداڵەكانی بێباوكن..
گوندی عەزیزقادرئێستا ئاوەدان كراوەتەوەو 25 تا 30 مالێكی تێدایە. لەسەردانێکمدا بۆ ئەو گوندە بەرچەندین چیرۆکی قورستر لەوەی مستەفا کەوتم، ١٠ کەسیان بۆ ژماردم کە بەتەنها لە ئەنفال دەربازبوون و خانەوادەکانیان ئەنفالکراون، دواتر لیستێک ناویان دایە دەستم کە لەدەفتەرێکدا عومەر محەمەد فەرەج تۆماری کردبوو ناوی ٢١٢ کەسی لەخۆگرتبوو، کە لەو گوندە بچکۆلەیە ئەنفالکراون .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 20, 2024 0
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
ئازار 20, 2024 0
ئازار 16, 2024 0
کانونی دووهەم 29, 2024 0
تشرینی دووهەم 28, 2023 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.