نیسان 23, 2017 Omer ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کوڕەزاکەی زیتۆ
کوڕەزاکەی زیتۆ
ئەو کڵاوە ئاسنەت بۆ چییە؟ {دەیکەمە قەعدە بۆ تەنیای کچم}١
{ڕەسەنی هەر گەلێک لەسەر ڕەسەنی فەرهەنگ و زمانی وێستیاوە}٢
دوای ئەنفال، ساڵی ١٩٨٨، ئێمە، من یەکێک لەوانە، پۆلە پیێشمەرگەیەک بووین کە دوای شەڕەکان رێگەی گەڕانەوەمان لێبڕا، ناچار دووبارە بەرەو هەواری گوندە سووتاوەکانی دەشتی شوان، جەباری، گەرمیان و قەرەداغ و شارەوور، کشاینەوە. لەو ناوچانە، تاک و تەرا نەبێ، لێرەو لەوێ چەند کەس یان خێزانێک لە هەرەد و جەوڵەکان خۆیان شاردبێتەوە، تەنانەت ئاژەڵەکانیش تەفروتونا کرابوون ڕۆژانە سوپا و هۆریەڵەکان(جاشەکان) وەک نووسەر موحەمەد فەریق حەسەن باسی دەکا، دەهاتنەوەی بۆ تێکدانی پاشماوەی دیواری خانوی ئەو گوندانەی کە لەگەڵ زەویدا سارا کرابوون.
کە ڕۆمانی (کورەزاکەی زیتۆ)م خوێندوە، کامیرای تیشکهاوێژی ڕونی خامەی نووسەر، وێنەی ئەو پیرێژنەی (بناری گل)ی هێنایەوە بەرچاوم کە خۆی بەتەنیا، لە گەڵ کۆمەڵێ مر و ڕەشەولاخدا ژیانی دەبردە سەر. تەنیا لە گەڵ خۆی دەیتوانی بدوێ. ئاژەڵەکانیش هۆگری بووبوون.
کارایی نووسەر لەوەدایە کە بەبی ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری لەو چیرۆک و مژارەنەدا هەبووبێ، توانیویەتی وێنای ئێش و ئازاری کۆمەڵی خەڵک بە خوێنەر بناسێنێ، کە چۆن سوپاکەی عۆجە و (جاشەکان)هۆریەڵە کوردەکان پەلاماری گوندنیشنەکانیان داوە و خانوەکانیان سووتاندوون و خەلکەکەیان راپێجی بیابابەکەی مەرگ کردووە.
قارەمانی ڕۆمانەکە کورەلاوێکە بەناوی ئالان، کە دەتوانی فریای هەڵهاتن بکەوێ، خۆی ڕزگار بکا، بەڵام وەک فیلیمێکی ترسناك بەربەرچاوییەوە زەبری دەروونی(تراوما) بەدیلگرتنی دایک و باب و خۆیشک و برا و کەسوکارەکەی بدینێ. دیدەنی و هزری پڕبێ لە خەم ، پەشیمانی و هەست بەتاوانکردنی کە نەیتوانیبێ ڕزگاریان بکا. ماوەیەکی زۆر بەتەنیا لەو کێوانە بە گیاکێویلە خۆی دەژێنێ. من خۆم گوندەکانی قەرەداغ و گەرمیان، دەشتی کۆیە و قەندیلم دی کە چۆن ئاگریان لێ بەرزدەبووەوە و وێران دەکران.
وەک پێشمەرگەیەک، لە ماوەی مانەوەم لە گەرمیانێکی چۆڵدا دوای ئەنفال، تا پایزی ساڵی ١٩٨٨، چەندانی وەک ئالانم بینی، کە ئەمڕۆ بەو دەردەی ئالانەوە دەناڵێنن و زنار و ژێر تاوێر و کەندڕ حەشارگەیان بووە. ئێستەش وێنەی ئەو کوڕەی لاوەی گوندی (حەیدەرەسوورم) لە یادە، کە تووشی رێخۆڵەکوێربوو و لە بەر نەبوونی خواردن و پزیشک بەدەم ئازارەوە گیانی لەدەستدا. ئەدی ئەو پارتیزانانەی کە یەک یەک یان دوو دوو خۆیان دەشاردەوە و هەندێکیان هێندەی یەکباڵییان کێشا بوو کە قورگیان لە بی قسەکردندا ووشک بووبووە. ئەدی داڵەکانی ئاسمان کە چاوەڕێی ئەوەیان بوو کە کەی کامەمان لاربینیەوە لە چاوەکانمانەوە دەستبکەن بە خواردنمان.
شاکاری ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کە ئاوێنەی خەمی گەلێکی ژێردەستی لە نەمان ڕزگارکردوە، وێنەی کەلاوەکان، سیمای خەماوی کەسەکان، بەستنەوەی بە چیرۆکی دیلەکانی ژێر بەزەیی لم و سەگەکانی بیابانی عەرعەر و دڕندەیی کەسانی وەک حەجاج. بوونی ئەم جۆرە ڕۆمانانە بۆ خۆی سەرمایەیەکی فەرهەنگی بەنرخە، کە ئێمە وەک نەتەوە، کەم پەرژاوینەتە سەر ئەوەی تۆماری بکەین و بەجیهانیان بناسێنن. دەها وێنەی لە خۆگرتووە، کە دەکرێ بکرێنە فلیم و لە تابلۆدا وێنە بکرێن..
دەگەرێمەوە سەر کاری دزێوی ئەو کوردە وڵاتفرۆشانەی، کە ڕاوی ئەو کەس و پێشمەرگانەیان دەکرد کە لەناوچەکەدا مابوونەوە، پێش سوپاکەی سەددام، بن بەردو هەردەکانیان تەی دەکرد، بۆ ئەوەی وەک دیاری بیفرۆشنەوە. لە بیرمە نزیک گوندی (کەریم باسام) بەلای (تەکیەی) خۆارودا، لە ناوچەی زەنگەنە، مامەیەکی پیر، بەهەر شێوەیەک بێ، خۆی گەیاندبووە وێندەرێ و هەواڵی ئەوەی بە ئێمەدا، کە سەری هەریەکەمان ٢٥ هەزار دینار و یەکپارچە زەوی نایاب دەکەین، ئەگەر بەدیل یان بەکوشتن دەسیان کەوین. ئێمە هەموو سەروڕیشمان وەک مرۆڤی کۆنی لێهاتبوو، ئاژەڵەکانیش ئێمەیان دەناسییەوە.
ئەم ڕۆمانە، بە زمانێکی پاراو ناسک وا داڕێژراوە، کە دێڕ دیڕ، ڕستە ڕستە هوشی خوێنەری تەواو بە دنیای خۆیەوە گرێ بدات و بیکات، بە یەکێ لە کارئەکتەرەکانی. من لەسەرەتاوە تاکو کۆتایی بوومە یەکێ لەو کەسانە، ببمە بەشدارێکی چالاک و ئاوێتەی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی بم. لەوانە ناشتنی چەند پێشمەرگەیەک، کە هۆریەڵەکان، دوای کوشتنیان لە نزیکی هەردی سێپا، فریاندابوونە ناو کەندڕێکی بن کانی (توڕەکەوە). بەڵی! مانگەشەوێکی خۆش و لە هەمان کاتدا ترسناک و تەنیا بوو، کە ئەو فریشتانەمان ناشت. چوار لاو چەکیان لەشان بۆ ئازادی مرۆڤەکان و نیشتیمانەکەیان دانەگرتبوو.
ڕۆمانێکی وا، ئەگەر لەسەرەتاوە، خەمی نەتەوەیەکی دەخاتەڕو، لەکۆتاییشدا ورەیەکی وا دەبەخشێ، کە خوزەی ئاسنینی سەربازی داگیرکەران بکاتە قەعدەی منداڵ و پەیامی ئەوەیان پێ بدات، کە کوردستان نیشتیمانی ئەوان نییە.
وێڕای دەستخۆشی لە نووسەر ، پێشنیاری ئەوەشم هەیە، کە وەرگێڕدرێتە سەر زمانێکی بێگانە، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی و زمانەکانی دی. لی ئەمە وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا، گەنجینەیەکی فەرهەنگی و شاکارێکی مەزنی، وێژەی نەتەوەیییە.
ئاسۆ بیارەیی
١٤ ی ٢ی ٢٠١٧ سوێد
——————————————-
١. {ڕۆمانی زیتۆ لا. ٢٨٧} حەمە فەریق حەسەن، چاپخانەی مەحوی. ٢٠١٦: کوردستان، سلیمانی
٢. بڕوانە بەشی سییەمی هەورامان بێشکەو لانکەی نوێ..ڕەشید هەورامی. چاپ نەکراوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.