نیسان 16, 2025 Omer ئهنفال, وتار 0
تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا—- هۆمەر محەمەد
١٤/٤/٢٠٢٥ – سلێمانی
پێشەکی: لەبەرئەوەی لەم مانگەدا وتاری زۆر دەربارەی ئەنفال نوسراوەو دەنوسرێت نەمویست هیچ بنوسم. بەڵام کاتێک ئەوەی بەردیدەم کەوتن، بەگشتی هەرئەوەیە کە چەندین ساڵە دوبارە دەکرێنەوە، بەتایبەتیش دەربارەی کوشتن و گوند ڕوخاندن و پەلامارە سەربازییەکان دەنوسرێت .. یاخود دانانی وێنەی ئەنفالکراوان و ئێسک و پروسکی ناوگۆڕی بەکۆمەڵ وشین و گریان ..هتد ئەمانە ئاماژەی ئەوەن، کە کورد هێشتا تەماشای هەموو رەهەندەکانی ئەوتاوانە ناکات تەنها وەبیرهێنانەوەیەکی ئازارە نەک بیرکردنەوە لەئازادی . بەگشتی ئەوەی دەبیندرێت لەیادەکانی ئەنفال وهەڵەبجەدا هەر دوبارە دانانەوەو کۆپی کردنەوەی وێنەی قوربانیەکانە، نەک نیشاندانی وێنەی بەرەنگاری و هەستانەوەو داهێنان. دەتوانین بڵێین کە کورد هەوڵنادات وێنەی هەستانەوەو ئامادەبوونەوەی خۆی نیشانی ئەوانیدی بدات. هێشتا ئەو بەلایەوە گرنگە دەست بەشوناسی مەزڵومیەتی خۆیەوە بگرێت. هێشتا دەیەوێت بەبەرچاوی دونیاوە بگری و فرمێسکەکانی نیشانی دونیابدات بەنیازی دۆزینەوەی فریادڕەس. لەکاتێکدا ئەوەی گرنگە نیشانی دونیای بدەین. هێزی شوناسە هێزی خۆسەلماندن و داهێنانە چونکە چیدی دونیا گوێ لە مەزڵوم ناگرێت لەراستیدا “هەرگیز گوێی لەمەزڵوم نەگرتووە” بۆیە دونیا چاوەروانی داهێنانە نەک پاڕانەوەو خۆزەلیل نیشاندان.
ئەو چیرۆکە کۆتایی هاتووە کە بەخۆمان و دونیا بڵێین : تاوانی ئەنفال برینێکی گەورەیەو لەیادناچێ و لەیادی ناکەین. چونکە بۆ هەموو دونیا روونە ئەنفال قورسترین تراژیدیای کوردو گەورەترین تاوانی سەدەی بیستەمە لەدژی گەلی کورد، ئەوەش دەزانن کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق و سەدامەوە ئەنجامدراوە. بەڵام خۆنابێت ئەنفال تاوانەکانی ترمان لەبیربەرێتەوە. نابێت ئەنفال شەنگالمان لەبیر بەرێتەوە. بەرلە ئەنفال بارزانیەکان بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیەوە کۆمەڵکوژکران، فەیلییەکان پێش بارزانیەکان کۆمەڵکوژو وڵات بەدەرکران. ئەم تاوانانە بەبەرچاوی دونیاوە بوون و بەهیچ پەیماننامەو بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی ڕێگەیان لەسەدام و بەعسیەکان نەگرت وبەفریای کورد نەکەوتن.
لەدوای ئەوانەش تاوانە گەورەکەی ئەنفال و لەناویشیاندا کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە وسەردەشت بەبەرچاوی دونیاوە لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٩ ئەنجامدراو دیسانەوە دونیا بێدەنگ بوو. بەپێی قسەیەکی عەلی حەسەن مەجید بێت کە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەی باکور کردوویەتی و دەڵێت: “بەموستەشارە کوردەکانم گوتووە گوندەکانتان چۆڵ بکەن چونکە بەچەکی کیمیایی لێتان دەدەم کێ قسەدەکات ؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ؟ لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم ولەوانەش کە گوێیان لێدەگرن” ئەم قسانەی ناوبراو لە نیشانەی سەوزی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەچن نەک لەسەرکێشییەکی تەواوی ئەلمەجید.
هەڵوەستە لەسەر ڕەهەندێکی تری زیانەکانی ئەنفال
ئەوەی لەم تاوانە گەورەیەدا ئەنجامدرا هەر ڕوخاندنی گوندەکان و بەکۆمەڵکوشتنی مرۆڤەکان نەبوو، بەڵکو سەرەڕای ئەو زیانە گەورە مرۆییانەی کە بەر کوردکەوتن و ژمارەی قوربانیەکانی گەیشتنە نزیکەی ١٨٢ هەزارکەس، زۆر لایەنی تری ژینگەیی و کۆمەڵایەتی کەوتنە بەرهەڕەشە، زۆر شوێنەواری کورد دزران و روخێندران (قەڵای بۆگد بەنمونە) زۆر شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری مێژوویی و پەرستگا لەبەین بران شوناسی کلتووری کوردیش کرایە ئامانجی پەلامارە سیستەماتیکەکەی بەعس. یەکەم هەنگاوی بەعسیەکان لە مرۆڤ خستن و رەشکردن بوو. (نابێت چیتر وەک بزن بەچیاکانەوە بمێنن) تۆمەتبارکردنی کورد بە خائین و بەکرێگیراوی ئێرانی و زایۆنی، کافرو جنۆکە و عەجەم..هتد) هەموو ئەمانە هەوڵی لە کوردخستن و لە مرۆڤ خستنی کوردبوون بۆئەوەی لەکاتی پەلاماردانیاندا جەلاد باشتر دەستی بچێتە کوشتنی قوربانی و بەزەییان پێیاندا نەیەتەوە.
ئەم وتارە ناچیتە ناو هەموو ئەو رەهەندانەوە بەڵکو هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر ئەو زیانە کلتوورییانەی کە بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە روویانداوە و تا ئێستا کەمتر باسکراون.
پەلامارەکانی ئەنفال و زیانەکلتورییەکانی کورد
کلتووری کوردی زیانی گەورەی بەرکەوت دەشێت بەعس ئامانجێکی سەرەکی لە ئەنفالدا سرینەوەی کلتوربووبێت. لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆکردو ئێستاش جەخت دەکەمەوە کەوا تاوانی ئەنفال تەنها بریتی نەبوو لە گوندڕوخاندن و کۆمەڵکوژی و سرینەوەی فیزیکی، بەڵکو هەوڵێکی فاشیانەی سیستەماتیکی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردن وسرینەوەی شوناس و کلتووری کوردیش بوو. ئەگەر توێژینەوەی لەبارەوە بکرێت ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک جیاوازی لەپەلاماردان و کوشتارو مامەڵەکردندا هەبووە. بۆنمونە رێژەی کوشتن لەگەرمیاندا زۆرترە وەک لە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی ئەنفالی دوو. لەگەرمیاندا هەم کۆمەڵکوژی کراوەو هەم تەعریبی بەردەوامیش هەبووە هەتا بەگۆڕینی شوناسی نەتەوەیی دەگات، واتا ئەوکوردانە سەلامەت بوون کە دەستبەرداری ناسنامەی نەتەوەیی دەبوون و شوناسی خۆیان دەگۆڕی بۆسەر نەتەوەی عەرەب.
ئامانجی لە کوشتنی مرۆڤەکان بەو زۆریە کەمکردنەوەی رێژەی کوردبوو بۆ ئاستی رێژەی (نەمانی مەترسی) واتا بەعسیەکان نەیانویستووە لەقۆناغی یەکەمدا هەموو کوردێک بکوژن بەڵکو ویستویانە رێژەی کورد بەتایبەتیش لەنزیک کەرکوک و لەگەرمیاندا دابەزێننە ئاستی بوونێک کە مەترسی لەسەر ئایندەی دەوڵەتێکی عەرەبی نەبێت. ڕژێمی بەعس لە پرۆسەی ئەنفالدا چەندە ئامانجی کوشتنی مرۆڤەکان بوو دووهێندە ئامانجی لەناوبردنی هەموو ئاسەوارێکی مێژوویی و کلتوری کوردی بوو. ئەوستراتیژەی بەعس هەی بوو پێی دەوترێت “جینۆسایدی کلتووری” کە بریتییە لە هەوڵی بەئانقەست بۆ لەناوبردنی کلتووری گرووپێکی ئیتنی یان نەتەوەیی. دەتوانین بڵێین تارادەیەکی زۆر ئامانجەکەی بەدەستهێنا چونکە بەلای کەمەوە هەندێک دابوو نەریتی بەهێزی کوردی تێکشکاند یاخود هێندەلاوازی کرد بخرێنەجێگەی نەبوان بۆنمونە کاری هەرەوەزی گوندەکان کەیەکێک بوو لەجوانترین داب ونەریتەکانی گوندنشین .. گوندییەکان شەرمیان کردووە لەبەرانبەرکاردا یاخود هاوکاری کردنی هاوگوندەکانیاندا کرێی کاروەربگرن. لەپرسەوشاییدا بەتەواوی هەماهەنگ و هاوکاری یەکتری بوون و بەدڵگەرمییەکی زۆرەوە بەشداری شین و شایی یەکتریان دەکرد.
زیانە کلتوورییە سەرەکییەکان
١. لەناوبردنی ژینگەی فیزیکی کلتووری کوردی
ڕووخاندنی گوند و ناوچە کوردییەکان: زیاتر لە ٤٥٠٠ گوند بە تەواوی ڕووخێنران.
لەناوبردنی ژێرخانی کلتووری: مزگەوت، قوتابخانە،تەکیە و شوێنە پیرۆزەکان تێکدران. ئەگەرچی گۆڕستانەکانیان تێکنەدا بەڵام هەموو ئەوانەی کوژران بێگۆڕ نێژران هەروەک زۆربەی ئەو مەزارانەی لەکوردستاندا هەن کێلی رەمزی وسمبولیان بۆ دروستکراوە بۆنمونە لەگوندی (کڵێسە)ی سەربەقەزای کۆیە! یاخود مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە.
وێرانکردنی ژینگەو دارستان و کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو: ئەمانە نەک تەنها سەرچاوەی ژیان بوون، بەڵکو شوێنی گرنگ بوون بۆکۆبوونەوە وکارلێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری کە فاکتەرێکی بەهێزی مانەوەش بوون وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی .
٢. لەناوچوونی کەرەستە و سامانی کلتووری بەرهەست.
لەناوبردنی کەلەپور: جلوبەرگی کوردی، ئامێرە کشتوکاڵیەکان، گاسن و هەوجارو گۆزەو دیزەو ئامێرە میوزیکییەکان، شمشاڵ و زوڕنا، بەرەو مافورو لباد قاڵی و بەرهەمی دەستی.
لەناوچوونی سامانی کشتوکاڵی: ڕەزی ترێ ومێو، باخی میوە و بەرهەمە کشتوکاڵییە تایبەتەکانی تر وەک گەنم وجۆی پشتاوەکان و توتن و تەماتەو برنج و لۆکەی بەراوەکان و زۆی تری ناوچەکە. بەرهەمە ئاژەڵیەکان وەک ماست وشیروپەنیر و رۆنی کەرە (رۆنی خۆماڵی).
٣. شێواندن و لەناوبردنی میراتی نامادی
پچڕانی ئەڵقەی پەیوەندی بۆ گواستنەوەی کلتووری: بەهۆی کوشتن و دوورخستنەوەی کەسانی بەتەمەن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا واتا پچراندنی گواستنەوەی زانیاری کلتووری لەنەوەیەکەوە بۆنەوەیەکی تر.
نەمانی فۆلکلۆر و داستانەکان: چیرۆکی میللی، گۆرانی، هەڵپەڕکێ و داستانەکان کە پەیوەستبوون بە ناوچە دیاریکراوەکان.
لەناوچوونی زاراوە ناوچەییەکان: زاراوە و دەستەواژە تایبەتەکانی هەندێک ناوچە کە تایبەت بوون بە گوند و دەڤەرێکی دیاریکراو کەوتنە مەترسی لەناوچوون.
٤. شکستی ڕەنگ و جوانناسی لە کلتووری کوردیدا.
گۆڕانکاری لە ڕەنگە زیندووەکانی کوردەواری:
لەپێش ئەنفال جلوبەرگی ژنانی کورد لەگوندو شاردا هەمیشە رەنگاوڕەنگ وئاڵووڵاو پڕ رەنگ و گوڵداربوون، بەڵام لە دوای ئەنفال، بەشێکی بەرچاو لە جلوبەرگی کوردی، کە پێشتر بە رەنگی زیندوو جوان دەناسران، بەرەو تاریکی و ڕەنگی تاریک و کاڵ گۆڕانیان بەسەرداهات. ئیدی زاڵبوونی ڕەنگی ڕەش لەناو کۆمەڵگاکاندا بووە زەقترین رەنگی جلوبەرگ بەتایبەتیش جلوبەرگی ژنان، ئەمە تایبەت نەبوو بەکۆمەڵگاکان لەناوشارەکانیش تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگی ڕەش بەسەر تەواوی کایەکانی ژیاندا زاڵ بوو، هەر بەو شێوە زاڵەش لەیادەوەری کۆمەڵایەتی و ئەدەب و هونەرو شیعری شاعیراندا رەنگی داوەتەوەو وەک دەرهاویشتەی تاوانەکە لەکارە هونەرییەکاندا دەردەکەوێت. ئەنفالی ڕەش، کوردستانی رەشپۆش و ژنی رەشپۆش و جاشی ڕووڕەش ..هتد لە ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگیان داوەتەوە. تەنانەت شێرکۆی بێکەس قەسیدەیەکی بەناوی ڕەنگدانەوە هەیەو بەرەنگ گوزارشت لە کۆژان و تاوانی ئەنفال دەکات.
سنوورداربوونی ڕەنگەکان لە هونەری کوردیدا: لە دوای پەلامارەکانی ئەنفال، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ڕەنگی رەش زیاتر بەکاردەهێنن و دەربرینەکانیان زیاتر بەرەو بەکارهێنانی ڕەنگی تاریک و کاڵ چوون.
٥. گۆڕانکاری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و داب و نەریت.
• لەناوچوونی ژیان و کاریی پێکەوەیی هاوکاری کۆمەڵایەتی گوندەکان: زۆر لە ڕێو ڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان وەک “زیارەت”، “بەرەوپیری” کە تایبەتمەندی گوندەکان بوون لەناوچوون.
شێوازەکانی ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکان: گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکان ڕوویدا کاتێک خەڵک لەگوندەکانەوە بۆ شارەکان و کۆمەڵگا زۆرەملێکان گواسترانەوە. بەتایبەتیش کە ژیانی گوندنشینەکان لە کۆمەڵگاکاندا هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی ژیانی کشتوکاڵییان لێقەدەغەکراو لە کۆمەڵگایانەدا وەچەیان خستەوە ئیدی ئەوانەی لە شوێنی نیشتەجێکردنەوەیان (کۆمەڵگا زۆرەملێکان) لەدایک بوون نەمنداڵی لادێ بوون نەهی شار، چونکە ئەنفال بەتەواوی کلتوری گوندی گۆڕی و کاریگەری زۆریشی لەسەر کلتورو ژیان وداب ونەریتی شار هەبوو. بەلادێی بوونی ژیانی شار بەهۆی کۆچی زۆرەملێ کاریگەری قووڵی لەسەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و کلتووری کوردی هەبووە. بەواتای ئەوەی نەکلتوری گوندماو نەهی شار. هاوکات گۆڕانکاری لە بنیاتی خێزانی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت شێوەی هەڵسوکەوت و ڕوانینی نەوەی نوێ بە نیسبەت کلتووری کوردییەوە دروست بووە.
گۆڕانکاری لە نەریتە ئایینیەکان: زۆر لە نەریت و ڕێوڕەسمە ئایینیەکان کە پەیوەست بوون بە شوێنەوە (گوند-شوێن)، لەگەڵ ڕووخانی ئەو شوێنانە گۆڕانکارییان بەسەرداهات. ئیتر پەیرەوی ئاینی لە داب ونەریتی کوردەوارییەوە گۆڕا بۆ شێوازێکی تری عەرەبی و بەتایبەتیش دوای راپەرین و پەیدابوونی ئیسلامی سیاسی. بۆنمونە جلوبەرگی کوردی ژنانە گۆڕا بۆ (مانتۆ) سەرپۆشی ژنانە گۆڕا بۆ حیجابی ئیسلامی کە لەبنەڕەتدا عەرەبییە.
ئەوە جگەلەوەی ئەنفال بۆ ئیسلامی سیاسی بووە بناغەیەکی پتەو کەماتریالیە مرۆییەکەشی بۆ دابین دەکرد، بەتایبەتیش کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە هەم ژنانی بێ مێردو منداڵانی بێباوک زیادیان کردو هەم ئەوانەی پێشتریش بەهۆی ئەنفال و کیمیباران و جەنگەوە بێ هاوسەرو بێ باوک ودایک مابوون) لەرێگەی خێرپێکردنەوە ئیسلامی سیاسی توانی دەستیان پێوەبگرێ و سەرنجیان رابکێشێ و بۆئەجندای سیاسی خۆی بەکاریان بهێنێت. ئەو نەوەیەی ئەنفال کەکەوتنە دەست ئیخوانەکان هەیانبوو هەر ناوەکوردییەکانیان پێگۆڕین بۆعەرەبی و بەگشتیش کاریان لەسەرکردن و نەوەیەکیان لێ دروستکردن کەئینتمای نەتەوەییان نەمێنێت. هەر بۆنمونە کوری ئەنفالکراوێک، کە پەروەردەی ئیخوان مسلمین بوو بەشێوەیەکی ناڕەوا پەلاماری منیدابوو. بەپاساوی ئەوەی بەراوردێکم لە نێوان ئازایەتی (شێخ حوسێنی هەزارکانی و ترسنۆکی جەلادەکەی ئەنفال- (بارق حاج حنطة)دا کردبوو.. بەبروای ئەو گەنجە کەباوکیشی ئەنفالکراوە گوایە من هێرشم کردووەتە سەر ئیسلام !! بەبێ ئەوەی بەیەک وشەش باسی ئاین وئیسلامم لەوباسەدا کردبێت .. ئەم گەنجە کاتێک وشەی عروبەی لەناو بابەتەکەمدا دیبوو وای لێکدا بووەوە من سوکایەتیم بە (مەرجعی فیکری)یەکەی کردووە کە ئاینە بەڵام راستیەکەی ئەوەی من ئاماژەم پێکردبوو ڕۆح و رەفتاری فاشیزم بوو .. ئەو بۆی نوسی بووم راستە باسی ئیسلامت نەکردووە بەڵام کاتێک باسی عروبە دەکەیت مەبەستتە لە پیرۆزی زمانی عەرەبی بدەیت کە زمانی پێغەمبەری موسڵمانانە و قورئانی پێنوسراوەتەوە ؟ سەیرەکە لەوەدابوو من باسی ئازایەتی شێخ حوسێنم کردبوو، کە لەئەنفالدا لەگەڵ خێزانەکەیدا گیرابوون و هەندێک لەجاشەکان هەواڵی گرتنی شێخ حوسێنیان دابوو بەعزەت دوری و ئەویش ئەم هەواڵەی گەیاندبووە سەدام و سەدامیش بریاری ئازادکردنی خۆی و خێزانەکەی شێخ حوسێنی دابوو .. بەلام ئەو ڕەتی کردبووەو وتبووی یان من و ئەوخەڵکە هەمووی ئازادبکەن دەنا بەتەنیا لەم قەڵایە دەرناچم.” ئەمە لەبری ئەوەی سەرکۆنەی بەعسیزم بکات کەسورەتێکی قورئانی بەکارهێناوە سەرکۆنەی منی کردبوو، کە قسەم لەبارەی عروبەوە کردووە!
• دەرهاویشتە کلتوورییەکانی ئەنفال لەئێستادا
١. دابڕانی نەوەکان لە یەکتر و لەمیراتی کلتووری
نەوەی دوای ئەنفال بە شێوەیەکی سروشتی پەیوەندی لەگەڵ کلتووری نیشتمانی پێش ئەنفال نەماوە. بەشێکی زۆری ئەو نەوەیە لەکۆمەڵگا زۆرەمێکان و شارەکاندا گەورە بوون و ئاشنایەتیان لەگەڵ ژیانی گوندنشینی و کلتووری پێش ئەنفالدا نیە یان هەیانەو زۆر کەمە. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردو حزبەکان کە دەستیان بەسەر تەواوی دەزگا رۆشنبیرییەکاندا گرتووە و میدیاکانیان پشتیان کردووەتە رۆشنبیری و کلتوری کوردی و دراماو فەرهەنگی ئەوانیدی هاوردە دەکەن و بەسەر کۆمەڵگەی کوردی دوای ئەنفالیدا دەسەپێنن. بۆنمونە هەتا ئیستا تەلەفزیونێک فیلمی هەزارویەک سێوی تەهای کەریمی نەکریوەتەوە بەڵام دەیان فیلم ودرامای کۆری و ئێرانی و تورکیان کڕیوەو هاوردەیان کردووەو بەسەر خەڵکیدا دەسەپێنن.
٢. هەوڵەکان بۆ پاراستنی میراتی کلتووری
سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەنفال و سەرەڕای داگیرکردنی ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و هونەری لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام هێشتا هەندێک هەوڵی بەرچاوی باش هەن کە کار بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی میراتی کلتووری کوردی دەکەن، وەک:
چالاکەکانی بواری ئەنفال و جێنۆسایدی کورد و دامەزراندنی هەندێک مۆزەخانەی بچوکی ئەنفال بۆپاراستنی یادەوەری و کەلوپەلە کلتوورییەکان وەک ماڵی مرییەم لە کۆمەڵگای رزگاری و تۆمارکردن و کۆکردنەوەی چیرۆک و گێڕانەوەی ڕزگاربووان لەرێگەی گۆڤاروبڵاوکراوەی تایبەت بەو دۆسێیەو هەندێک فیلم و رێپۆرتاژی تەلەفزیونی. بەرچاوترینیان گۆڤاری ئەنفالستان و گۆڤاری تۆپزاواو کەسانی چالاکی وەک سمکۆسابیر شەریف سەلام عەلی وعارف قوربانی لەگەرمیان و هێمن عەبدوڵا گۆپتەپەیی لەناوچەی قەڵاسێوکە و ڕێکارێ مزوری لە ناوچەی بارزان وعەلی بەندی لە بادینان و موراد داود خەتاری لە شەنگال. لە هەڵەبجەش ناوەندێک بۆکۆکردنەوەو دۆکێومێنتکردنی کەلەپووری کوردی پێش ئەنفال و کیمیاباران وەک (دۆکێومێنتکردنی مێژووی هەڵەبجە).
دەرەنجام
تاوانی ئەنفال نەک تەنها کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکو هێرشێکی قووڵ بوو لەسەر کلتوور و شوناسی کوردی. لەناوبردنی ژینگەی فیزیکی کلتووری کوردی، شێواندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و دابڕانێکی قووڵ لە نێوان ڕابردوو و ئێستای کولتووری کوردی، بووەتە هۆی دروستبوونی برینێک کە تا ئێستاش ساڕێژنەبووە وپێناچێت وا بەخێرایی سارێژببێت بەتایبەتیش بەم دیدی بەریوەبردنەی ئیستایەوە. هەوڵدان بۆ تێگەیشتن، دۆکیومێنتکردن و پاراستنی ئەو لایەنە کلتوورییانەی کە زیانیان پێگەیشتووە، بەشێکە لە پرۆسەی سارێژکردنی ئەو برینەی ئەنفال کردوویەتیە جەستەو رۆحی کورد. بەرگریکردن لەکوردبوون و ریگری کردن لە دووبارەبوونەوەی تراژیدیایەکی هاوشێوەی ئەنفال لە داهاتوودا. پێویستی بەخەباتێکی نەبراوەی کوردییە بەتایبەتیش ئەرکی زانکۆکان و ناوەندە رۆشنبیریەکان توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو زیانە کلتوورییە بکەن، بۆنمونە رەنگاوڕەنگ کردنی کوردستان بەرپەرچدانەوەی ئەو گورزەیە کە بەر ڕەنگ کەوت، چونکە ڕەنگ لەناو کلتوردا دەتوانێت شەڕی مانەوەی پێبکرێت و تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جینۆساید لەسەر شوناسی کوردی پێشکەش بکات.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.