نیسان 08, 2021 Omer توێژینهوه 0
فیلمی هەموو دایکانی من
بەرهەمی وڵاتی ئێران و هەرێمی کوردستان
پرۆدیسەر عەباس غەزالی
دەرهێنەر : ئیبراهیم سەعیدی و زەهاوی سەنجاوی
کامیرا ئیبراهیم : سەعیدی Cameraman
بەهەمن قوبادی : راوێژکاری دەرهێنەر – consultant diercting
موزیکی زیندو : حوسین عەلی زادە : Original music
دەرهێنانی دەنگ + وێنە : ئیبراهیمی سەعیدی Sound + image Editore
دەنگ هەڵگر : بەهرۆز شەهامەت Sound mix
تۆمارکردنی دەنگ : تۆفان ئەبوبەکر Sound Recorder
گێڕەرەوە (راوی) : ئارام مستەفا Narrator
بەڕێوەبەری بەرهەم : ئازاد ئارگۆشی + فەرزین کەرین producthion Manager
یاریدەدەری کامێرا : تۆفان ئەبوبەکر، کامەران عەباس Camera assistant
کاپشن وگرافیکی جوڵەی کۆمپیەری: ئیرەج حەقی پور Computerized animation
ڕانان : عومەر محەمەد
فیلمی دایکانی بەشێوازێکی ستاتیکی باش وێنای تراژیدیای کردووە و هێزی وێنە تیایدا کاریگەرە، خاڵێکی سەرنجبەر لەو فیلمەدا کەمتر پشتی بەدیالۆگ بەستووە، زیاتر کەڵک لە وێنە وەرگیراوە، بینەر ناچارە تەماشا بکات، ژنەکان لەگەڵ چێڵەکان دەبینرێن و قسە ناکەن، کەمترین جار چاومان بەمنداڵ دەکەوێت، تەنها روانینێک لەودیوی پەنجەرەوە هی منداڵێکە ئەویش سێبەری خەیاڵێکە، کیژێک سەربانی ماڵەکەی بە باگردێن دەگێڕێ و وێنەکە پێماندەڵێت : ژنان لەم کۆمەڵکوژییەدا قوتاربوون بەڵام بۆ مەینەتی رۆژگار ماونەتەوەو هەموو ئەرکێکیان کەوتووەتە ئەستۆ، لەگەڵ خولانەوەی باگردینەکەو ئەو دەنگەی لێوەی پەیدا دەبێت ئاماژەی بەردەوامی ژیانمان دەداتێ بەڵام چۆن ژیانێک لەدوای ئەو هەموو خوێنەی بەخشیمان و بەلاش چوو، کورد حکومەتی هەیەو ئێمە هێشتا هەر مەینەتبارین ژنان لەهەموو مافەکانیان خاڵیکراونتەوەو ڕاپەرین و دەسەڵاتی پیاوانی کوردی ئازادی و ژیانی بۆ ئەوان نەهێناوەتەوە. منداڵ لە ئامیزی دایک وباوکیدا گەورە دەبێ و لەو رۆژە خۆشانەی تەمەنیدا هیچ ئەرکێکی لەسەر شان نییە بەڵام لە فیلمی دایکانی مندا منداڵ لەگەڵ گەورەکان لەبنیاتنانەوەی گوند بەشدارەو بەردێک هەڵدەگرێ هیچی وا لەبەژنی خۆی بچوکترنییە !
مرۆڤ بەرانبەر مەرگ دەستەوسانە کە هیچ دەسەڵاتێکی نەما هانا بۆ خودا دەبات و داوای هاوکاری لێدەکات، ئاین خراپ کەڵکی لەو تراژیدیایەی وەرگرتووە کەبەسەر کورددا هات، مەلاو کەشیش و ئاخوند خودا وەک فریاد رەس دەناسێنن، بەڵام هەرگیز وەلامی ئەوەیان پێنەبوو بۆ لەو تراژیدیایەدا بەهانای کوردەکانەوە نەهات ؟! بۆیە سەرتاپای ژنان خۆیان لەجلی رەش هەڵکێشاوەو بەو حاڵەشەوە دەچنە خیابان و ناومەزراکان بۆ پەیداکردنی بژێوی بەڵام هێشتا نەکۆمەڵگاو نەمەلاو واعیزو نەسیاسیەکان بەهانای ژنەوە نەهاتوون وەک بڵێی ئەوانیش هەمان ڕۆڵی خودا ببینن.
ئەم فیلمە هەرچەندە وا باسدەکرێت کە چیرۆکی ئەنفال دەگێڕێتەوە، دەرهێنەرانی
فیلمەکەش پاساوێکیان هەیە بۆئەمە، بەڵام ناوەرۆکی فیلمەکەو شوێن و شوناس و چیرۆکی کارەکتەرەکان
پەیوەندییان بە ئەنفالەوە نیە ! ڕاستە ئەوانیش کوردن چیرۆکەکەیان وەک ئەنفالە، یاخود قوربانیەکانی و چیرۆکەکەی لە زۆر شوێندا کت
ومت وەک ئەنفالن، بەڵام ئەنفالیش نین! فیلمەکە باس لە ژیان و مەینەتی ژنانی
بارزانیەکان دەکات، کە ساڵی ١٩٨٣ پیاوەکانیان لە کۆمەڵگاکانی نزیک هەولێردا
لەلایەن هێزێکی سەربە دەزگای ئاسایشی گشتی گیران و بەپاس بردیانن بۆ بەغدا بەڵام
هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو جارێکی تر بەزیندویی نەگەڕانەوەو ئەوانیش وەک گروپێکی
دەستنیشانکراو (نێرینە- پیاوانی بارزانی) جێنۆسایدکراون.* لێرەدا بواری قوڵبوونەوە
بۆ وردەکاری لەمەڕ جیاوازی نێوان ئەم دوو تاوانە ( جێنۆسایدی بارزانیەکان و ئەنفال)
[1] نیە، بەڵام دواتر ڕوناکی
دەخەمە سەر چەند خاڵێکی جیاواز چونکە دوو تاوانی جیاوازن لەکات و شوێنی جیاوازدا.
[1]* کۆمەڵکوژی بارزانیەکان تاوانێکە ٥ ساڵ پێش تاوانی ئەنفال ڕویداوە، گرتن و بزرکردنی بارزانیەکان ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال ساڵی ١٩٨٨ رویداوە، تێکەڵکردنی دۆسێی ئەم دوو تاوانە لەڕوی مێژوویی و زانستیەوە ناڕەوایەو خزمەت بەکورد ناکات، چونکە دۆسێی تاوانێکی جێنۆسایدکردنی کوردەکان لە ناو تاوانێکی گەورەتردا وون دەکات کە دەرهەق بە کوردەکان کراوە . دەرهێنەرانی فیلمی هەموو دایکانی من) بەهەر هۆیەک بووبێت، کەوتووتە ناو ئەو هەڵە زەمەنییەوە.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی جیاوازی نێوان ئەم دوو کردە جینۆسایدە بڕوانە – عومەرمحەمەد – جێنۆسایدی بارزانیەکان قۆناغێک بەرلە ئەنفال- سلێمانی -٢٠١٥ دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی یەکەم – چاپخانەی پیرەمێرد.
دەستپێکی فیلمەکە نەخشەی خاکی عێراقە کە بە گرافیک و تەکنەلۆژیای کۆمپیتەری بەرەنگی سور هێڵێک دەڕوات و نەخشەکە دەکێشێت، شوێن لە ناو نەخشەکە، عێراقە، ئەو خاکەی کە تیایدا عەرەب و کوردو نەتەوەی تریشی تیایدا دەژین و دەسەڵاتی دکتاتۆری بواری نەداوە نیشتمانی هەمووان بێ و شوناسێکی هاوبەشیان هەبێ، عێراق بووەتە شوناسی ستەمکاری و خاکەکەی شوێنی زۆر گۆڕی بە کۆمەڵە، شوناسی نەتەوەیی و کلتوری لە دەوڵەتدا بەروکەش دانپێدانراوەو لەراستیدا فەرامۆشکراوە. لەگەڵ جوڵەی بەرەو پێشچوونی هێڵێکی سور بۆ کێشانی نەخشەی وڵاتی عێڕاق بەدەنگ تیکستێکیش دەخوێندرێتەوە.
سکرێن بە گرتەی کەوتنی (پەیکەری دیکتاتۆر) ڕوناک دەبێتەوە، شوێن بەغدای پایتەخت ومەیدانی فیردۆسە، کە پارکێکی بەغدایەو پەیکەرێکی زەبەلاحی رەنگ خۆڵەمێشی، گرتەی یەکەم کەوتنی پەیکەرەکەی سەدامە کە بەدیکتاتۆری سەدە ناسراوە، روخانی پەیەکەرەکەی سەدام ئەرکێکی رەمزی هەیە، (کەوتنی دەسەڵاتی دکتاتۆری)ە، وێنە دەجوڵێ و دیکتاتۆر ڕوخا. بەڵام ستەم هەرماوە.
گرتەیەی دواتر دەرهێنەران بینەر پەلکێس دەکەنەوە بۆ کوردستان، ئەم جێگۆڕکێیە لە شوێندا واتای رەمزی هەیە، بە گرتەی ناوەندو گرتەی درێژ جێگۆڕکێ دەکەن بەغداد شوێنێکە، کە بڕیاری تراژیدی تێدا دەدرا، شوناسێکمان نیشاندەدات و لەوێوە دەمانباتەوە بۆ شوێنێکی جیاواز کە کوردستانە – ناوچەی بارزان ئەو شوێنەی زێدی هەزاران بارزانی بوو، کە ساڵی ١٩٨٣ رژێمی بەعس ٨٠٠٠ هەشت هەزار پیاوی ئەم دەڤەرە جوان و قەشەنگەی گرت و لە شوێنیکی تر – بیابانەکانی سەماوە لە گۆڕی بە کۆمەڵدا کوشتبوونی. شوێن گۆرکێ لە بەغداوە بۆ کوردستان و ناوچەی بارزان دەمانخاتە بەردەم وێنەو وێنای جیاواز بۆ شوێن و شوناسی جیاواز و یادەوەری و کلتوری جیاواز.
کەشی گشتی فیلمە رەنگدانەوەی ناخی ئەو ژنانەیە کە لە ژوری تاریکدا دانیشتوون، جارجار روناکی رۆژ لە نێو هەورەکاندا دەردەکەوێ کەمتر سود لەلایتین وەرگیراوە لە گرتەیەکدا لەرێگەی ئاوێنەیەکەوە کە بە دیوارەوە هەڵواسراوە روناکی دەرەوە بۆ ژنە رەشپۆشەکان دێتە ژوورەوە..ژنەکان بەتەمەن و خەمبارو رەشپۆشن، بەیەک زمان و شێوە زار قسە دەکەن روخساریان وەک بەرد رەق بووە. لە نێویاندا کچی گەنجیش کەم دەردەکەون، لەسەرەتاوە تەنها کیژێک هەیە، ئەویش بە خەمباری دانیشتووەو سەری داخستووە، ئاو بەگوێسەبانەی خانووە قوڕینەکانیاندا دێتە خوارەوە وەک ئاماژە بۆ زێندوێتی. لە دۆخێکی خراپدا.
هەڵاتنی رۆژ بەسەر سروشت و گوندەی (زۆرەگڤان) بە گرتەی درێژ تروسکایی هیوایە، دواتر بە گرتەی جیاواز جوڵەی ژیان بەرجەستە دەکات ژنان لەناو گونددا لە گەڵ (چێڵ)ەکانیان دەبینرێن، بەدڵی خەمبارو بەبێ بوونی پیاو بە دەست و بازووی خۆیان بە ئامێری زۆر سەرەتایی خانووەکانیان دەروست دەکەنەوە، کە دەوڵەت ڕوخاندبوونی، ئەو لۆژیکە دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە هەزاران ساڵە ژن وەک لاواز وێنا دەکات. دەرهێنەرانی ئەم فیلمە بینەر لەبەردەم پرسیاری قوڵدا ڕادەگرن بۆ لەم دەڤەرە هەر ژن دەبیندرێن ؟ بۆ رەشپۆشن ؟ ئەی ئەم گوندە پیاوی تێدا نیە ؟ بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە نابێت بینەر دەستەوسان دانیشێت. لێرەدا بەدیدی ئەندریا بازان بینەر بێ ئەرک نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێت چاو لەسەر دیمەن وگرتەکان خافڵ نەکات بۆئەوەی وەلامی چنگ بکەوێ ئەگەرنا دەبێت چالاکانە بگەڕێتەوە بۆ رابوردوو بە دوای مێژووی ئەم گوندەدا بگەڕێت، هەتا بە چیرۆکی (کوشتنی پیاوانی ئەم دەڤەرە لە شوێنی نادیاردا)*[2]دەگات.
کات و شوێن رەگەزێکی گرنگی هەر کارێکی هونەرییە (کەی ؟ لە کوێ؟) پیاوانی ئەم دەڤەرە کەی ئەنفالکران ؟ لە کوێ ؟ وەڵامی کەی ئەوەیە کە جێنۆسایدی بارزانییەکان پێنج ساڵ پێش ئەنفال بووە و بۆ وەڵامی لە کوێ ئۆردوگاکانی پارێزگای هەولیر (قوشتەپە –قادسیە- حەریرو دیانا) هەندێکیشیان لە بەغدادی پایتەخت ..کەواتە لەروی کات وشوێنەوە لەگەڵ ئەنفال جیاوازە کاتی ڕودانی ئەنفال ساڵی ١٩٨٨ بوو، ئەنفال لە شارو کۆمەڵگاکاندا نەبوو بەڵکو لە گوندەکانی کوردستاندا بوو.[3] ژنێک بەروخسارێکی ماندووەوە دەڵێت: (ئەرێ وەڵا بێنەوە هەردوک چاوم پێیان ڕون دەبێتەوە بەڵام کوا) ؟ ئەم دیالۆگە هەر چاوەڕوانییەکی درێژو کوشندە نییە هاوکات بێ هیواییشە ئەو پیاوانەی ٢٣ ساڵە ونن. ئەنفالکراوانیش ١٨ ساڵە ونن ئەم هەموو ونبوانە چین ؟ لە دیمەنەکانی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارە لە ئاهەنگی بوک وزاوایەکدا بە وێنە وەردەگرینەوە،
لە دیمەنی ئاپۆرای شاییەکەدا چەند کوڕێکی گەنج و زۆرینە ژنی رەشپۆشن و چەندانە جلی سوریش دەبیندرێن.
چەند ژنێک پیکەوە باسی کۆمەڵێک کچی گەنج دەکەن کە هەموو ماونەتەوەو مێردیان نەکردووە، بەڵام ئەم وەڵامەمان لە کیژێک چنگ دەکەوێ کە پرسیاری لێدەکەن ئاخۆ ناخوازی شوو بکەیت ؟ لەوەڵامدا دەڵێت با، بەڵام کوا جحێل[4] ماون ؟ “بە پێچەوانەی ئەمەوە، لە دۆخی سروشتیدا ژن بوونەوەرێکی بیرکەرەوەیەو توانای ئەزموونکردنی ژیانی هەیە بەوجۆرەی کە لە هزری خۆیدا لە ژیان و دیاردەکان ڕا دەمێنێت.”( حەسەن، مەعروف -ئەنفالستان ٢٠١٦ ) دونیای ئەم کێژە تەنها ئەو دەڤەرەیە کە گەنجی تێدا نەماوە، دەنا عیشقێکی بێدەنگ لە ناخێدایە بۆیە بە پێکەنینەوە لە مەعشوق دەپرسێ (کوا جحێل ماون) ؟ دایکانی ئێمە لە سادەترین ماف داماڵدراون، ئەم ژیانە بۆئەوان پڕە لە سەختی و نەهامەتی و ترس و پەشۆکاوی دەروونی، بینەر لەگەڵ ژنانێکدا دانیشتووە کە هەر زەبری فاشیزمی بەعسیان بەرنەکەوتووە بەڵکو ستەمکاری کۆمەڵگاش تەزاندونی، دۆخی دەرونی ئەم ژنانە بەباشی وێناکراون و مودی فیلمەکەش پێماندەڵێت هێشتا لە نێو تاریکیدان، بۆیە لەپرسی هاوژین دروستکردنەوەشدا هێلێکی سوریان هەیە. ژنێک دەموچاوی دەرناکەوێ دەڵێت : من نازانم میرد چییە؟ من ٢٠ رۆژیشم نەدیت کارم هەر گریان بوو! (ئێستاش هەردەگری) لە دیمەنی دایک وکچێکدا لە ژورێکی تاریکدا روناکییەکی کەمیان لەسەرە بەبێ هیچ رۆمانسێت و هەستێکی شیعری کچ ودایکێکی زۆر پیر عاشقانە پێکەوە قسە دەکەن و یەکتری ماچ دەکەن و هۆگر و شەیدای یەک بوون.
دەرهێنەران بەگرتەی (closup) چاویلکەی رەش وئەستور نیشان دەدەن،(بڕوانە پاشکۆی وێنەکان) ژنان لەبەردەم تابلۆیەکی پشکنینی چاودا راگیراون هەموویان چاویان لاواز بووەو چاوەڕوانی هێزی بینینی لێ زەوت کردوون. بەتایبەتیش کە فۆکس دەخاتە سەر روخساری ماتەمی ژنەکان .
فیلمی دایکانی من چیرۆکی ئەنفال ناگێڕێتەوە
حەفسێ خان وەک هەر ژنێکی دەڤەرەکە خەمبارو رەشپۆشە، لە گرتەیەکی میدیم دا لە سەر زەوی راکشاوەو بە دەنگی هەر ماشینێک بە ئاگاداێتەوە، لەسەر سکرین نوسراوە کە ٣٠ کەسی ئەنفالکراوە، ئەم ژنە هاوژینی پیاوێکی بارزانی و دایکی (٥) لەو کوڕانەیە کە ساڵی ١٩٨٣ لەپێش ئەنفال جێنۆسایدکراون، پرسیار ئەوەیە ئەوسا کە هێشتا وشەی ئەنفال نەهاتبووە ناو زمانی کوردییەوە، حەفسێ خان کە دەڵێت(٣٠) کەسم ئەنفالکراون! بینەر هەقە بپرسێ پێش پرۆسەی ئەنفال چ ناوێکی لە بێ سەروشوێن بوونیان نابوو؟ ڕاستە لە جێنۆسایدی بارزانیەکاندا(٣٠) کەسی لەدەستداوە، بەڵام ئەو تاوانە پێش ئەنفال بووە. لە دیالۆگێکدا دەڵێت (٢٣ساڵ و٦ هەیڤە) کەواتە ئەو ژنە هێشتا یادەوەری باشە و دەزانێ کەی تاوانەکە رویداوە چاوەروانە، ئەوسا ئەنفال ١٨ ساڵ و چەند مانگێکی بەسەردا تێپەڕیوە. دەبوو دەرهێنەر وریای ئەم مێژووە بێت.
حەفسێ لە ناوسروشتدا دانیشتووەو هەر چاوی لە ڕێگایە هەر ماشێنێک بە ڕێگاکەدا دەڕوات ئەو هیوا دەخوازێت یەکێک لە کوڕەکانی ئەوی تێدابێت، بەڵام پاسێک دەڕوات بەگرتەی دور وێنەگیراوە نە کوڕەکەی ئەو نە کوڕی هیچ کام لەو ژنانەی تێدا نییە، جگەلە شۆفێرەکە کەسی تری تێدانیە.
لە چەند گرتەیەکدا کە بەکامیرای ڕەش وسپی وێنەگیراوە دەرهێنەر دەمانگێڕێتەوە بۆ کاتێکی بەسەرچوو کە لە شوێندا شوناسی ئەم دەڤەرەو داب ونەریت و شێوە ژیانێک بەرجەستە بووەتەوە. شوێنێک کە ئەم ژنەو مێردو کورەکانی تێدا بوون، مێگەل وبەرخ و دیوەخان ومیوان و سفرەو خوان و ئاپۆرای خەڵک، ڕاستی ئەو قسەیەی حەفسێ دەسەلمێنێ کە کابانی ماڵی پیاوێک بووە، ئاغابووەو ١٢ گوندی لەبن دەستدا بووەو میواندار بووە، بەڵام ئێستا هیچ کەسێکی نەماوەو تەنیا ماوەتەوە. بەنیشاندانی تاقە دارێک لەبەرانبەر گوندەکە کۆتایی بە وێناکردنی دونیای حەفسەخان دێ و بەژنێکی دیمان ئاشنا دەکات ئەویش (پلەکە مەتێ)یە کە بە پرچێکی سپی و روخسارێکی خەمبارەوە لەبەردەم خانویەکی هەژارانەدا دەردەکەوێ نیشاندانی (پەنجەرەی بەنایلۆن گیراو ئاماژەیە بۆ ژیانێکی هەژارانە).
سورمێ یادەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە، سوتاندن و ڕوخاندنی خانووەکانیان و بۆمبارانی فرۆکە و هەڵاتنی خەڵک بۆ چیاو ئاوارە بوون، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بۆمباران و لە یەکێکی دیدا خانوو روخاندن تێکەڵ بە گێرانەوەی سورمێ دەکرێن( وێنەیەک کە لە زۆربەی راپۆرتەکانی تیڤی و فیلمی بەڵگەییدا دەربارەی ئەنفال وگوند روخاندن دوبارە دەبێتەوە) هەرچەندە ئەم بەکارهێنانەوەیە بۆ ئەم دۆسێیەو بۆ ئەم فیلمە بەگونجاو نازانم بەڵام شارەزایانی فیلمی کوردی ڕای پێچەوانەیان هەیەو زۆر بەکارهێنانەوەی ئەم وێنە ئەرشیفیە رەت ناکەنەوە بەتایبەتی ئەگەر بەڵگەی تر نەبێ یان کەم بێت و فیلمەکە دۆکێومێنتاری بێت، دکتۆر دڵشاد مستەفا دەڵێت: ( لەراستیدا دوبارەبوونەوەی وێنە بەتایبەتی ئەگەر ئەو وێنەیە دروستکراوبێت هێزی وێنەکە لاواز دەکات بەڵام بەکارهێنانەوەی دەربارەی جەنگ و تراژیدیا ئەگەر وێنەی ئەرشیفی بێت و سەرچاوەو وێنەی تر نەبێت. سەرنجی بینەر کەم دەکاتەوە بەڵام بەهای دۆکیومێنتاری وێنەکە ون ناکات) ( مستەفا، د. دڵشاد –ریکۆرد ١٤/٦/٢٠٢٠) نوسەرو فیلمساز دارۆ عەزیز ڕای وایە( بەکارهێنانەوەی وێنەی ئارشیڤی کارەکەو وێنەکە لاواز ناکات و کاریگەرییەکی خراپی نابێت)( عەزیز، دارۆ ریکۆرد –١٥/٦/٢٠٢٠) بەڵام ئەوەی مایەی لەسەر وەستانە لە کۆمەڵکوژی بارزانیەکاندا گوند روخاندن نەبوو. چونکە بارزانیەکان لە مێژبوو رەوانەی خواروی عێراق کرابوون و ساڵی ١٩٨٢ کە هێندرانەوە بۆ کوردستان ریگەیان نەدرا بچنەوە زێدی خۆیان بەڵکو لە کۆمەڵگاکانی نزیک پاریزگای هەولێر (قوشتەپە و حەریرو دیانا) نیشتەجێکرانەوە. هاوار مستەفاخان دەڵێت (بەکارهێنانەوەی وێنەی ئەرشیفی هەتا بەکاربهێندرێتەوە سودی زیاترە، بەڵام هاوڕام لەگەڵ ئەوڕایەی کە کۆمەڵکوژی بارزانیەکان گوندی تێدا نەڕوخاوە)( خان، هاوار مستەفا، ریکۆرد، ١٨/٦/٢٠٢٠)
فیلمی دایکانی من زۆر بەجوانی کاریگەری تاوانەکە لەسەر کەلتورو ستراکچەری ژیان دەخاتە ڕوو، هێزی وێنە خەمباری کۆی مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرە لە خاڵێکدا کۆ دەکاتەوە کە جێگەی تێرامانە، لە ئاهەنگی بوک و زاوادا، کە پێویستە پڕ لە دەنگ و رەنگ و موزیک و خرۆشان بێت، خەمباری و فەرامۆشکراوی خەڵکەکەی لە رەنگی رەش و ریتمێکی هێواش و شاییەکی سارددا وێنا دەکات. دەرهێنەران بۆ زیاتر دەرخستنی ئەم خەمبارییە گرتەیەکی پێش تراژیدیا بە ڕەش وسپی نیشان دەدەن، بەپێچەوانەی ئەم ئاهەنگەوە گەرم وگوڕو ریتمێکی خێراو جۆش وخرۆشی ژن و پیاوانی تێدا دەبینین. لەم دیمەنەدا دیسان هێزی کلتور دەبینین کە بەو کۆستە گەورەیەشەوە نایانەوێ ئەم خەنەبەندانە بێ شایی بەڕێوە بچێت بەو شاییە بەرەنگاری ستەمکاری دەبنەوەو کەلتورو سوناس دەپارێزن.
تراژیدیا شوناسی ژنانی دەڤەری بارزانی لە گوندنشینەوە بۆ ژنانی ناوئۆردوگاکانی ئێران، کۆمەڵگا زۆرە ملێکانی خواروی عێراق و ئۆردوگاکانی نزیک هەولێر گۆڕی. حەفسێ لە هاوسەری دەسەڵاتدارێکەوە شوناسی دەگۆڕێت بۆ ژنێکی کۆستکەوتوو لێقەوماوی ناو کۆمەلگای قوشتەپە، ئیدی لەگەڵ ژنانی وەک خۆی بۆ پەیداکردنی کار لەسەر شەقامەکانی هەولێر دەردەکەوێ ” بەو پەڕی دڵڕەقییەوە سوکایەتیان پێدەکرا.*[5]
رۆڵی ژن لەفیلمی کوردیدا بەرچاوە، بەڵام شوناسی ژن هەمان ئەو شوناسە باوەی کۆمەڵگایە کە نوێنەرایەتی پیاو سالاری و باوک سەروەری دەکات، جێنۆسایدی بارزانیەکان بەتەواوی شوناسی ژنیان گۆڕی ژنانی بارزانیەکان کە پیاوەکانیان بران و کوژران کەوتنە دۆخێکەوە تەنها ئەوە بوو بە زیندوویی مابوونەوە نە بەفەرمی لەلای دەوڵەت زیندان بوون و نە لە کۆمەڵگەشدا ئازاد بوون، ” لە دوای گرتنی نێرینەكان سەرباز گەمارۆی ئۆردوگاکانیان داو تەلبەندیان کردن و رۆژانە پیاوانی سوپا سوكایەتیان پێدەكردن، ئاوو کارەبایان بڕین، “ژنان بە تەنەكە ئاویان دەهێنا. سەربازەكان فیشەكیان بەتەنەكەكانی سەرسەریانەوە دەناو ئاوەكەیان دەرشت. بەعسییەکان لە دەسەڵاتیاندا هەموو رێسا و ئوسوڵێكیان پێشێلدەكرد. دەستدرێژیان دەكردە سەر ژنان و بە زۆر دەیانكردن بەدۆستی خۆیان. پیاوێك پێی وتم : ” ژنان خۆكوشتنیان پێ باشترە، تا قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە بكەن .”(مەکیە، کەنعان – ٢٠٠٥ ل ٢٣٨)
کۆتایی فیلمەکە سەرنجبەرە کاتێک مەراسیمی بەخاک سپاردنەوەی روفاتەکان نیشان دەدرێت کۆڕی ماتەمینی و ریتمی دەنگ وجوڵە بەو هێزو خێرایە، پانتاییەک لە ژنی رەشپۆش دەبینین، لەهەموو لایەکەوە خەڵک دەستبەرداری کاری خۆیان دەبن بە ماشین و بە پیادە بەرەو شوێنی مەراسیمی ناشتنەوەی ڕوفاتەکان دەچن کۆڕی ماتەمینی و شینگێران زۆر لە شایی بوک و زاواکە گەرموگوڕترە، لە شاییەکە گەنجەکانیش بێ خەندەو پێکەنین بوون، جوڵەیەکی کەمتر دەبینرا بەڵام لە شێنگیڕاندا پیرەژنەکان لەهەمووان بەجوڵەترو بەگوڕترن، سەمایان دەکردو جۆرێک جوڵە کە شوناسی تایبەت بەخۆیانە.
ئەم فیلمە وێنایەکی هونەری
وستاتیکی گرنگی بۆ تراژیدیاکە کردووە، بۆیە باش دەبوو ئەگەر لەباری مێژووییەوە
دیقەتی باشتر بدرایەو تێکەڵ بە دۆسێی ئەنفال نەکرایە، چونکە روداوەکە لەروی شوێن و
زەمەن و ئامانجیشەوە جیاوازە، لە دادگای باڵای تاوانەکان دۆسێی ئەنفال و
بارزانیەکان دوو دۆسێی جیاوازن. بەتایبەتیش کە ئەم فیلمە بە هاوكاری سەنتەری كورد
لە واشینتۆن شانسی ئەوەی هەبوو لە كۆنگرێسی ئەمریكا هەروەها لە پەرلەمانی سویدیش نمایش
بکرێت، ئەوەش بۆ یەكەم جارە فیلمی كوردی لە ناوەندێکی وا گرنگدا نمایش بکرێت. چەند
گرنگە وەها فیلمێک مێژوو بەدروستی بەوانی دی بگەیەنێ.
[1]* کۆمەڵکوژی بارزانیەکان تاوانێکە ٥ ساڵ پێش تاوانی ئەنفال ڕویداوە، گرتن و بزرکردنی بارزانیەکان ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال ساڵی ١٩٨٨ رویداوە، تێکەڵکردنی دۆسێی ئەم دوو تاوانە لەڕوی مێژوویی و زانستیەوە ناڕەوایەو خزمەت بەکورد ناکات، چونکە دۆسێی تاوانێکی جێنۆسایدکردنی کوردەکان لە ناو تاوانێکی گەورەتردا وون دەکات کە دەرهەق بە کوردەکان کراوە . دەرهێنەرانی فیلمی هەموو دایکانی من) بەهەر هۆیەک بووبێت، کەوتووتە ناو ئەو هەڵە زەمەنییەوە.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی جیاوازی نێوان ئەم دوو کردە جینۆسایدە بڕوانە – عومەرمحەمەد – جێنۆسایدی بارزانیەکان قۆناغێک بەرلە ئەنفال- سلێمانی -٢٠١٥ دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی یەکەم – چاپخانەی پیرەمێرد.
[2]* بارزانیەكان لە ٣١ی تەموزی ١٩٨٣ بەسەرپەرشتی و چاودیری بەرێوبەری گشتی ئاسایشی گشتی عێراق فازل براک بە فەرماندەیی وەتبانی برای سەدام حوسەین و تیپێكی موخابەرات و یەكەیەكی تایبەت لە سوپا چەند هەزار نێرینەیەكیان لە ئۆردوگاکانی دەوروبەری هەولێر كۆكردەوە، ئەوانەی تەمەنیان لەسەروی (١٢) ساڵاندابوو. گرتیانن و بەماشین بەرەو باشور گوێزارانەوەو بێسەروشوێن كران. ئەم زانیارییە لەو بەڵگەنامانەدا ساغکراوەتەوە کە دوای روخانی بەعس کەوتنە بەردەست و کەنعان مەکیە لە کتێبی دڵڕەقی وبێدەنگی دا بڵاوی کردووەتەوە . لەریزبەندی سەرچاوەکاندا کتێبەکەی مەکی دانراوە.
[3] * جگەلەم جیاوازیانە لەنیوان جێنۆسایدی بارزانیەکان و جێنۆسایدی ئەنفال کۆمەڵێک جیاوازی جەوهەری تریش هەن بۆ زانیاری زیاتر بروانە کتێبی جێنۆسایدی بارزانیەکان قۆناغێک بەرلە ئەنفال – عومەرمحەمەد .
[4] * لەهەندێک ناوچەی کوردستاندا بەتایبەت هەولیرو دەوروبەری سلێمانی لە دوکان وبیتوێن و پشدەر بە گەنج دەڵێن جحێڵ
[5] *ئەم دیاردەی سوکایەتی کردن بە ژنانی بارزانی لەسەروەختی دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا بوو، توێژەر بۆخۆی شایەتحاڵی ئەو دیمەنەیە، بۆ بەڵگەی زیاتر و ژیانی مەینەتباری ژنانی بارزانیەکان بروانە کەنعان مەکیە دڵڕەقی و بێدەنگی- جەنگ و ستەمكاری و راپەڕین لە جیهانی عەرەبیدا – وەرگێڕانی حەمە رەشید- دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ٢٠٠٥ ل ٢٣٨
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.