شوبات 01, 2017 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە شێواندنی مێژووی تاوانی ئەنفال و ستەم لە قوربانی و شایەتحاڵەکانی دەربارەی کتێبی جینۆسایدی کورد تاوانی ئەنفال ڕاستکردنەوەو بەدواداچوون عومەر محەمەد
شێواندنی مێژووی تاوانی ئەنفال و
ستەم لە قوربانی و شایەتحاڵەکانی
دەربارەی کتێبی جینۆسایدی کورد تاوانی ئەنفال
ڕاستکردنەوەو بەدواداچوون
عومەر محەمەد
1/2/2017
بەشی یەکەم
(جینۆسایدی کورد- تاوانی ئەنفال – ئامار، دۆکۆمێنت، زانیاری) ناوی کتێبێکی قەبارە گەورەیە کە کاک تەها سڵێمان نوسیوێتی و ساڵی ٢٠١٥ (ساڵی ٢٠١٦شی لەسەرە)و ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەرگێکی جوان و لە دوتوێی ٥٣٤ لاپەرەدا چاپی کردوە.
جێگەی خۆیەتی لەسەرەتاوە سوپاسی بکەم کەوا، بە واژۆی خۆی دانەیەکی پێشەکەش کردم و بە دیاری بۆی ناردم، بەڵام ئەفسوس دیارییەکەی ئەم نیگەرانیەی لێکەوتەوە،هەرلەیەکەم چاوپێداخشاندا چەند هەڵەیەکم تێدا بینی، ئینجا پۆستی مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیانم بیرکەوتەوە کە لە دوای دەرچوونی کتێبەکە لەبارەیەوە نوسیبووی و لە پێگەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەربارەی کتێبەکەی نوسیبوو، هەتا کتێبەکەم بەدەست نەگەیشتبوو، دڵخۆش بووم بەوەی کەوا کاک تەها سلێمان کارێکی نایاب و ناوازەی کردووە، چونکە مامۆستاکەی زانکۆ بەکارێکی بڵندو ناوازەو لەئاستێکی بەرزی ئەکادیمی و زانستیدا نرخاندبووی، هەر بەوەندە نەوەستابوو، بەڵکو نوسەرەکەشی بۆ ئاستی (نوسەرانی ئەرمەنی ئاچۆکا ترۆجیان) و( ساڵح ئیسماعیل میلۆڤیچ)ی بۆسنی هەڵکێشابوو! بەڵام ئەفسوس وانەبوو .
هەرچەندە کاتێک کتێبەکە، گەیشتە دەستم من لە دۆخێکدا بووم هیچ بوارم نەبوو لەچاوخشاندنێکی سەرپێی زیاتری بیخوێنمەوە، بەڵام ئەفسوس ! کتێبەکە بە ئەندازەی جوانی بەرگەکەی لە دیزاین و رەنگ و زەوقی هونەری،لەناوەوە هێندە پڕخەوشە وعەیبدارە بە کۆمەڵێک هەڵە! خۆزگە وا نەدەبوو، خۆزگە ڕەنجێکی زیاتری بدایەو ماندوبوونی بەهەدەر نەچووبایە، لەبری ئەوە دەستخۆشیم بۆ بنوسیایەو منیش ئەرکێکی ترم بۆ زیاد نەبوایە، لەبری ئەم نوسینە منیش سەرقاڵی کتێبەکانم بوومایە.
زۆربەی بابەبابەتەکانی ناو ئەم کتێبەی لەسەرەوە باسمان کرد، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ دا، لەلاپەڕە (٧) (ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ)دا بە ناونیشانی (قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفال ) بڵاوکراونەتەوە، بەلام ئەفسوس..! بەهەمان ئەو هەڵانەوە لەم ڕۆژنامەیەو زۆر شوێنی تریشدا چاپ وبڵاوکراونەتەوە بەهەر حاڵ نوسەر لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەلای کەمەوە لەلای من وا کەوتەوە و باری شانمی سوک نەکرد بەڵکو لەکاتێکدا کەبەهیچ جۆرێک بۆمن گونجاو نەبوو، ئەرکێکی تری بۆ زیادکردم و نەمتوانی ڕاستکردنەوەی هەڵە زۆرەکانی فەرامۆش بکەم. بۆیە ئەوەی ئێستا دەیخەمە بەردیدەتان کەمێکن لەو ڕەخنانەی من کە لە کتێبەکەی کاک تەها سلێمان دەستنیشمانم کردوون. لەبەرئەوەی پێشتر لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە منیش وەک نەریتێکی ڕۆژنامەوانی، پێمباش بوو هەرلێرەوە ڕەخنەکانم بڵاوبکەمەوە و ئەوەندەی تاقەتیشم بەسەریدا دەشکێت هەڵەکان راست بکەمەوە ڕاستترە بڵیم : ئەوەی من بەڕاستیان دەزانم بیانخەمە شوێنی ئەوانەی ناڕاستن، سوپاسم بۆ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کە دەستپێشخەریان لەبڵاوکردنەوەیدا کرد .
کتێبەکە پێکهاتووە لە: ٥٣٤ لاپەرەی قەبارە گەورەو لەبەرگ و دیزاینێکی نایاب و جواندا کۆکراوەتەوە، بەڵام لەناوەرۆک وێرانەو پڕە لە هەڵەو کەمووڕیی،دوو پێشەکی و چەند بابەتێکی گشتی لەمەڕ حزبی بەعس و ئەنفال و ئاین، کورتەیەک لە مێژوی جینۆسایدی لەخۆگرتووە (ئەنفال و ئاین،بابەتێکی ناوکتبەکەیەو لەچاپدا دوبارە بووەتەوە) هەروەها بڕیارە هەستیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕش و نوسینگەی باکوری حزبی بەعس بڕیاری (١٦٠ ) و بڕیاری ( ٤٠٠٨) و قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال (هەر هەشت قۆناغەکە)و ماوەی گشتی ئەنجامدانی تاوانەکە و بەشێك لەو گوندانەی بەر پەلامارەكانی ئەنفال كەوتوون. لەگەڵ ژمارەی کۆمەڵکوژکراوانی (٤٢) گوند لەئەنفالدا، هێرشە کیمیاییە پێزانراوەکان لەکوردستانی عێراقدا لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ بەشێکن لەناوەرۆکی کتێبەکە، دواتر خشتەیەکی ئۆردوگا زۆرە ملێکان و چەند لاپەرەیەکیشی بۆ خەمڵاندنی گشتی زیانی تاوانی ئەنفال تەرخان کردووە، ناوو دۆسێی تۆمەتبارو تاوانبارەکان، ناوو تەمەن و شوێنی نیشتەجێ بوون و (ئیفادە)ی شایەتحاڵ و سكاڵاكارەكانی دۆسیەی ئەنفال لە دادگا، دەستنیشانکردنی بەرپرسیارێتی و ناوی تۆمەتبارو تاوانباران لەگەڵ ووتەی بەشێك لە تۆمەتبارەكان لەو کتێبەدا جێگەیان بۆکراوەتەوە، بێجگەلە بەشی شایەتحاڵەکان لە دادگا، بەجیاواز چەند لاپەرەیەکی تری بۆ شایەتحاڵەکان داناوە بەڵام بەناونیشانێکی جیاوازەوە ( شایەتحاڵ بەدیار تاوانی ئەنفالەوە) لەگەڵ چەندین ئامار و بەڵگەنامە و وێنەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەڵگەو وێنە زۆرترین قەبارەی کتێبەکەی داگیرکردووە. بەداخەوە ! لەناو ئەم بەشانەی کتێبەکەیدا هەڵەی زۆرو شێواندنی مەترسیدار هەن، من هەوڵدەدەم لە لاپەرەکانی دواتردا تیشکیان بخەمە سەر. سەیرە کۆی ئەم کتێبە لە شوێنی تر وەرگیراوە، بەزۆریش لە دۆسێی داگای باڵای تاوانەکان و کۆنوسی دادگاکە وەرگیراون، کەچی لەبری ئەوەی وەک وەرگێڕ یان ئامادەکار ناوی خۆی بخاتە سەرکتێبەکەی وەک نوسەر ناوی لەسەر بەرگەکەی دانراوە. ئەوەی مایەی سەرنجە لەم کتێبەدا ناونیشانەکەیەتی ( جینۆسائدی کورد بەقەبارەیەکی گەورەو تاوانی ئەنفال بە قەبارەیەکی بچوکتر لەژێریدا، بەقەبارەیەکی بچوکتریش نوسراوە ( نوسین، دۆکۆمێنت، زانیاری) بەڵام لەڕاستیدا نەنوسینێکی قایلکارەو نەدۆکۆمێنتەکانیش وەک خۆیان مامەڵەیان لەتەکدا کراوە ئیدی کەئەم دوو ڕەگەزە ناتەواو بوون، زانیاریش هیچ واتایەکی بۆنامێنێتەوە، کتێبێک نوسینەکەی هەڵەبێت ( ڕێنوس، زمانەوانی، ناوی کەسەکان و گوندوناوچەکان و چیاکان، مێژووی روداوەکان) دۆکۆمێنتەکانیش بەهەمان شێوە (شێواندنی ناوی شایەتحاڵەکان و بەهەڵە وەرگێرانی دەقی کۆنوسەکان کە بەزمانی عەرەبی نوسراون و زۆر جار بەپێجەوانەی واتاکەیەوە وەرگێڕدرابنە سەر زمانی کوردی) ئیدی چ بەهایەکیان دەمێنێ و چ زانیاریەک دەبەخشنە خوێنەران ؟!
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بۆ وای کرد ؟
با ئەو نیگەرانیەش نەشارمەوە لەوەی کە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، دەرگای بۆ وەها بابەتێکی گرنگ بەڵام (بە شێوێندراوی) کرووەتەوە! نازانم چۆن ئەو هەموو هەڵەیە بەلاپەڕەکانیدا تێپەڕیون ؟! خۆ ئەگەر تەنها لەژمارەیەکیشدا بوایە بەهەر حاڵ بەڵام لە حەڤدە ژمارەدا ئەم هەموو هەڵەیە بڕۆن و کەس نەبێت بڵێت نا ئەمە کاری کردن نیە ! ئەمە تەواو جێگەی نیگەرانیە، نازانم چۆن دەزگاکانی ڕاگەیاندن یان رۆژنامەیەکی وەکو کوردستانی نوێ، بەبێ ئەوەی نوسەر پابەبەند بکەن بە بنەماکانی نوسین، ئایا بەڕاستی ڕەوایە دەزگاکانی چاپ وبڵاو کردنەوە نوسەر یان ڕۆژنامەنوس ناچارنەکەن کە بەنوسینەکانیدا بچێتەوە ؟ بەلای کەمەوە هەڵەبڕیان بۆ بکات و بنەماکانی ڕینوس وزمانیش لەبەرچاوبگرێت، ئەگەر بگەڕینەوە سەر بابەتەکانی نوسەر (نە لە ڕۆژنامەکەدا و نە لە کتێبەکەشیدا) رەچاوی رەگەزەکانی نوسینی نەکردووە و زۆۆرترین هەڵەی چاپ و زمانەوانی بە دیدەکرێن. جا بریا هەر بەوەندە ببڕایەتەوە، بەداخەوە بەهۆی هەڵە جەوهەرییەکانیەوە کتێبەکە وا کەوتە بەردەستی خوێنەران، کە زیانی لە سودی زیاتر بێ، چونکە نوسین ئەگەر (رێزی بۆ خوێنەر) نەبوو، بەلای کەمەوە دردۆنگی و بێمتمانەیی بەنوسین، دڵ کرمێ بوون بە کاری ڕۆژنامەوانی، لێدەکەوێتەوەو کوشتنی کاتی ئێمەومانانیش بەڕاستکردنەوەی هەڵەکانی لەولاوە بووەستێ.
هیچ ڕەوانییە، مرۆڤ بنوسێ و ڕێز بۆ خوێنەرەکانی دادەنێ ، ڕستەی ناتەواو و زانیاری هەڵەیان پێبدات، بەهەر حاڵ ئێمە لێرەدا قسەمان لەسەر دۆسێی ئەنفالە تاوانێک کە لەسەدەی ڕابوردودا کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی لێکەوتەوە، بۆیە بۆ هیچ نوسەرێک رەوانیە ئاوا دەربارەی تاوانی ئەنفال و دادگایی کردن و سزادانی تاوانباران و بەشداری کردنی شایەتحاڵەکانی دۆسێی ئەنفال لە دادگا بنوسێ، یاخود ئاوا بەبێ فلتەر قسەکانیان، رەگەز و تەمەنیان بشێوێندرێت و بە هەڵە بخرێنە بەرچاوی خوێنەران، هەڵە لەوە کوشندەتر دەبێت چیبێت، مێژوی دەستپێکی ئەنفال بشێوێنی ؟ شایەتحاڵێکی پیاو پیشەکەی بەژنی ماڵ بنوسیت! شایەتحاڵ هەیە ناوی باوکی و هەشە ناوی باپیری شێوێندراوە، تەنانەت هەڵەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ژمارە و ریزبەندی شکاتکاری ئاشکرا، خراوەتە شوێنی شکاتکارانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی کە ناویان لە دادگا پارێزراوە ! ئەمەیان کارەساتە یان شێواندنی مێژووی ڕوداوەکان، شێواندنی ناوی گوندو ناوچەکان و ناوی چیاکان هەڵەی زۆرو زەقی ناو کتێبەکەن و پێشتریش لە لاپەرەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بەهەمان هەڵەکانیەوە تێ پەڕیون. کە دواتر دەیانخەمە ڕوو.
بەڵام چەندە نیگەرانیشبم ناتوانم، ماندووبونی کاک تەها سلێمان لەبەرچاو نەگرم، چونکە هەرچۆنێک بێت ناچارین دان بەخۆماندا بگرین، بەتایبەتی کە لەمەڕ تاوانی ئەنفال گفتوگۆ دەکەین، هەقە ئینسانی میهرەبان و دڵفراوان بین، چونکە ئێمە ئینسانین و نابێت لە کاردانەوەدا تەنانەت لەگەڵ تاوانبارانی ئەنفالیشدا درندانە مامەڵە بکەین، من دەزانم تەها سڵێمان ویستویەتی کارێک بکات هەموومان پێی بڵێین دەستخۆش، بەڵام بە بروای من هێندەی پەلەی چاپکردنی کتێبی بووە هێندە بە تەنگ پوختی کارەکەیەوە نەبووە، ئەمەش تەنها گرفتی تەها سلێمان نیە بەڵکو زۆرن پەلەدەکەن و دەیانەوێ وا پیشان بدەن کە یەکەم دەست پێشخەربوون و یەکەم کەس بوون ، بەهەرحاڵ مادام کاری کردووە جابا هەڵەشی کردبێ، ئیدی شایانی ئەوەیە بەرێزەوە هەڵەکانی ڕاست بکرێنەوە، چونکە لە بنەرەتەوە ئامانج لەکۆی دۆسێی ئەنفالدا بنیاتنانەوەیە نەک شکاندن و بێ بایەخ کرنی ئەوی دی، خۆ بەدەست من بێت ئەوەی دەربارەی ئەنفال دەنوسێت، مەرجی بەسەردا دەسەپێنم (راستگۆ، زمان شیرین، دەستپاک، وریاو بەدیقەت)بێت. بەدڵنیاییەوە لەو شوێنەدا کە رەق وتوند دەردەکەوم لەهەمووکات زیاتر لەگەڵ تەها میهرەبانم، چونکە مەبەستمە پێی بڵێم بنوسە بەڵام تکایە (پەلەمەکە).
بۆچی نوسەر سەرکەوتوو نەبوو ؟
چەند هۆکارێک هەن بەڵام من تەنها سێ هۆکار بە هۆی سەرنەکەوتنی کارەکەی دەزانم
یەکەم : ئاشنایەتی لەگەڵ زۆربەی شایەتحاڵەکاندا نەبووەو کەمترین زانیاریشی لەبارەیانەوە هەبووە. ئەمانەو نوسەر لەبەرئەوەی عەرەبی زانێکی باش نەبووە و دەستی بۆ بابەتێکی زۆر هەستیار بردووە، هەرچی نەیزانیەوە ناوە عەرەبیەکەی داناوەتەوە بەبێ ئەوەی بیانخاتە کەوانەوە یان پەراوێزێکیان بۆ دابنێ، لەوانە هەندێکیان وشەی سادە و ساکارن بۆ نمونە ( جبل – لەبەرانبەردا نوسیوێتی جەوەڵ کەڕاستییەکەی چیا یان شاخ ڕاستە، یان وشەی (ثم) کە بەواتای سیر دێت نوسیوێتی (سەم) ئەمەی لەدوو شوێن دوبارە کردووەتەوە، یاخود لەبری بۆمباران نوسیوێتی (قەسف) کە مەبەستی (قصف)ە لە زمانی عەرەبیدا .
دووەم : دەیتوانی لە بری نوسین، (وەرگێران یان ئامادەکار)ی لەسەر کتێبەکەی نوسیبایە ، چونکە کۆی بابەتەکە نوسینی خۆی نیە، بەڵکو وەرگیراوە بە ئامارەکانیشەوە، دۆسێی شکاتکارو سکاڵاکارەکان و تۆمەتباران و قۆناغەکانی ئەنفال هەمووی لە زمانی عەرەبی وەرگیراوە، بەڵام ئاماژە بەناوی وەرگێڕ نەکراوە . دەنا ڕوونە کە زۆربەی بابەتەکەی لە کتێبەکەی دادوەر محەمەد عورێبی و مافناس بەهزاد عەلی ئادەم (قرار محکمة الانفال- وثیقة قانونیە،سیاسیة تاریخیة) وەرگرتووە، یان لەو فایلانەی کۆنوسەکانی دادگای وەرگرتوون، ئەو دەیتوانی پشوو درێژبێت و لەگەڵ عەرەبی زانێکی باش هەموویان وەربگێرایە و بەهەمان قەبارە و دیزاین چاپ وبڵاویان بکردایەتەوە، نەک هەمان هەڵە زەقەکانی ناو بەڵگەنامەکانی دادگاو کتێبی (قرار محکمة) کت ومت وەک خۆی و بگرە بەهەڵەی زیاترەوە بهێنێ و لەگەڵ کۆمەڵێک ئامارو بەڵگەو (وێنەی زۆر بڵاوکراوە)ی ناو ماڵپەڕو پەیجەکان تێکەڵیان بکات، زۆر لەوەش خراپتر بڵاویان بکاتەوە، کە لە چاپە عەرەبیەکەدا بڵاوکراوەتەوە، کاک تەها سلێمان دەبوو ئەمانە بزانێ، ئەوە ڕاستە، کە کتێبەکە (قرار محکمة الانفال- وثیقة قانونیە،سیاسیة تاریخیة) دۆسێی گرنگی لە خۆگرتووە، بەڵام دەبوو بزانێت ، کە ئەویش عەیبدارە بە شێواندنی مێژووی روداوەکان و ناوی شایەت و سکاڵاکارەکان، عەیبدارە بە هەڵەی چاپ و بێباکی لە نوسینەوەی کۆنوسی دادگاو چاپکردن، ئەمەش زیان بەدۆسێکە دەگەیەنێ، بەلای کەمەوە گومان دەخاتە سەر ئەوانەش کەڕاست و بێ خەوشن . بەداخەوە کتێبەکەی خۆشی عەیبدارە بەتێ ترینجاندنی بابەتی هەمە جۆر کە پێشتر هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکانی پێشتریدا بەو هەموو هەڵە زەقانەوە بڵاوی کردوونەتەوە، عەیبدارە بە بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانەی لەماڵپەڕوگۆڤارەکاندا بڵاوکراونەتەوەو ئەوانیش بەدەرنین لە هەڵە و کەموکوڕی، ئاخر ئەمە لە پای چی ؟ نازانم !
سێهەم : پەلەی کردووە لە چاپکردنی، لەکاتێکدا پیشتر هەمان بابەتی لە کتێبی ترو لە ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکاندا بڵاوکردووەتەوە، کەچی تەنها گوێی لەو کەسانە گرتووە کە پێیان گووتووە دەست خۆش ، بەڵام هەموو ئەوانەشی بەهەند نەگرتووە کە پێیان گوتووە پەلەت کردووە .
لەبەر ئەم هۆکارانە دەڵێم، ئەفسوس ..! نوسەری کتێبی (جینۆسایدی کورد تاوانی ئەنفال) لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە.
هیوادارم رەخنەکانم سودێکیان بۆی هەبێت، نەک وەک هەولێک بۆ شکاندن وەری بگرێت، بەلای کەمەوە ئەوەی لەبەرچاو بێت کەمنیش شەونخونیم بەدیار هەزاران وشەوە کێشاوە کە ئەو بەهەڵە نوسیونی ومن ئەرکی ڕاستکردنەوەیانم گرتووەتە ئەستۆ، بە دڵنیاییەوە ئەگەر کتێبەکەی کاک تەها لەمەڕ ئەنفال نەنوسرابا ئەوا ناچار نەدەبووم خۆمی پێوە ماندوبکەم و کاتی گرنگی خۆمی پێببەخشم، بەڵام لە دۆسێی ئەنفال و بەرانبەر قوربانیەکانی هەمیشە خۆم بەبەرپرسیار دەزانم و ناتوانم بێدەنگ بم، بۆیە هەمیشە بە قسە رەق تۆمەتبار دەکرێم،چونکە ناتوانم، بەبێ وردبوونەوەو خوێندنەوەی کتێبەکەی لە کۆمێنتێکدا بڵێم دەستخۆش، ناکرێت لەبەر خاتری هاوڕێیەتی و خزمایەتی و دۆستایەتی و حزبایەتی چاو لەڕاستیەکان بنوقێنین و بەخراپیش هەربڵێین باش. بەلای کەمەوە من ناتوانم پشت بکەمە ئەو هەموو ئەنفالکراوانەو نەوەکانیان و خوێندەواران و فێڵ لە هەست و ویژدانی خۆم بکەم و ڕاستیەکان نەڵێم.. بەتایبەتی لەمەڕ ئەنفال وەک شەڕم بەکەس نەفرۆشتووە، رەحمم بەکەسیش نەکردووەو بەنیازیش نیم لە داهاتوودا بیکەم . بەڵام ئەوەی مافی من نیە بێریزی کردنە بەوکەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرم .
خۆزگەیەک
خۆزگە لەبەرانبەر دۆسێی ئەنفالدا بەر پرسیارانە مامەڵەمان دەکرد، خۆزگە وەک ئێستا نەدەبووین، زۆر دەمێکە وتوومە لەدەیان دیدارو کۆروسیمناردا دوبارەم کردووەتەوە، گرنگترین رێزگرتن لە ئەنفالکراوان راستگۆییە، سەد ساڵ لەگوماندا رابووەستین باشترە لەوەی یەک درۆ بە ناوی ئەنفالەوە بکەین، سەد گومانلێکراو بەبەرچاومانەوە بسوڕینەوە باشترە لەوەی یەک تاقە کەس بەناهەق نەک سزابدەین .تەنانەت تۆمەتباریشی بکەین، بمرین لەبرسان جوانترە لەوەی بازرگانی بە ئەنفالەوە بکەین . ئەم خۆزگەیەم بۆ گشتە نەک بۆتەنیا کەسێکی دیاری کراو.
بریا ئەم نوسەرە بەرێزەش هێندە پەلەی نەکردایەو تەواوی نوسینەکەی بخستایەتە ژێر وردبینی خۆیەوە ، چونکە دەساڵی تر ڕابووەستایە، بەڵام دەهەڵە لە کتێبەکەیدا کەمبوونایە، مرۆڤ خاوەنی یەک ڕستەی جوان بێت زۆر باشترە لەوەی خاوەنی (١٠) کتێبی پڕ لە هەڵەبێت. بەتایبەتی لە مەڕ دۆسێی ئەنفال، خاوەنی یەک کتێب بوایە بەڵام شاکارێکی بخستایەتە بەردەستمان و شانازیمان بە قەڵەمیەوە بکردایە، ئاخر بەڕاستی ستەمێکی گەورەیە لە کتێبێکی قەوارە گەورەدا زۆرترین هەڵەو کەمترین ڕاستی تێدابێت! باشە من دەپرسم ئەگەر لە ناو (١٣٢ ) وشە ( ١٩ ) وشە هەڵەبن، لە پێنج لاپەرەدا نزیکەی ١٠٠ هەڵەی جۆراوجۆر هەبن! ئەی دەبێت لەکۆی کتێبەکەدا چەندی هەڵەبێ و چەندی بەڕاست مابێتەوە ؟ بە ڕاستی ئەمە ستەمێکی گەورەیە لە نوسین و لە خوێنەرو لە ئەنفالکراوان و کەسوکاریان و لە داهاتی گشتی ئەم میللەتە !
با ئەوەش بڵێم، ڕەنگە کەس وەک کاک تەها شانسی ئەوەی نەبێ کەوا عەرەبی زانێکی باوەڕپێکراوی وەک (خالید سلێمان)ی لێوە نزیکە، چ وەک کەسایەتیەک کە لە ڕابوردودا گرنگی بە دۆسێی ئەنفالداوە و چ وەک برایەک کە دەتوانن پێکەوە گفتوگۆ لەو بارەیەوە بکەن، خۆزگە هەردووک برا پێکەوە ئەم پڕۆژە گرنگەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دەگەیاندە ئەنجام.
نوسراوەکانی دادگاش هەڵەیان تێدایە !
ستەمێکی تر لەعاسی مستەفا!
بەشبەحاڵی خۆم ئاوای دەبینم عەیبە چالاکوان ولێکۆڵیارو ئەنفالناس بیت و گرنگترین کەسایەتی و گەورەترین قوربانی و زیندوترین شایەتحاڵی ئەنفال بەتایبەتی کەسێکی ناسراوی وەک (عاسی مستەفا ئەحمەد) و ئەوانی دی وەک خۆی نەناسی و لە بەرانبەر بونیان بێدیقەت بێت. عاسی مستەفا ئەحمەد کە خاوەنی چیرۆکێکی زۆرتایبەتەو ماوەیەکی زۆریش بووە جێگەی سەرنجی میدیا جیهانیەکان، زۆر عەیبە بۆ ئێمەی کورد وەک خۆی نەیناسین . بەڕاستی ئەو پیاوە هەردەڵێی بۆ ئەوەهاتووەتە ژیانەوە کە دۆست ودوژمن ستەمی لێبکەن! ئەو کەسەربازی رژێمێک بوو، کەچی هەر ئەو رژێمەش ماڵی وێرانکردووە، عاسی مستەفا لە دوای ٩ ساڵی دیلێتی بەسەر هەواری خاڵیدا هاتەوە، هەموو قەرەبوو سەبورییەکەی ئەوەبوو لە دادگای ئەنفال بەشداربووە، کەچی دادگاکەش لە کۆنوس و ئەرشیفی دانیشتنەکانیدا ناوو مێژوی ئازاد بوون و گەڕانەوەی بۆ عێراق، عاسی شێواندووە!
عاسی مستەفا کلیلی دەرگاکەی دایە دەستم.
کاتێکی زۆر بەسەر دیارییەکەیدا تێپەڕی بوو، هیشتا کتێبەکەی کاک تەها سڵێمان نۆرەی خوێندنەوەی نەهاتبوو، بەڵکو لە ڕیزبەندی ئەو کتێبانەی دامناون بۆ خوێندنەوە، بەڵام ئەو خۆی سەپاندو ناچاری کردم بەو نۆرە بڕییە قایل بم. دەنا هێشتا نۆرەی خوێندنەوەی کتێبەکەی نەهاتبوو، بەڵام کاتێک (سێرچ) گەڕانم بۆ بابەتێک لەگۆگڵی دەکرد (ماڵپەڕی کوردستانی نوێ) هاتە بەرچاوم، کە تەماشام کرد بابەتێکی کاک تەها سڵێمان بوو دەربارەی قۆناغەکانی ئەنفال و سکاڵاکارانی دۆسێی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان، کە نوسەری بواری ئەنفال (تەها سلێمان) ئامادەی کردبوو. بەڵام ئەوەی منی ڕاگرت لەسەر بابەتەکە، زۆریش ئازاریدام هەڵەی ناوی باپیری عاسی مستەفا ئەحمەدو مێژووی گەرانەوەی بوو بۆ نیشتمان لەدوای (٩) ساڵ دیلێتی، لە دۆسێی عاسیدا نەک هەر ناوی باپیری هەڵە بوو، بەڵکو ڕۆژی ئازادبوونیشی شێوێندرابوو. بۆیە بە نیازی ئەوەی ئەم هەڵانە لە کتێبەکەشیدا تێنەپەڕیبن، بەپەلە هەستام و چووم کتێبەکەی کاک (تەها سلێمان)م لە کتێبخانەکەم دەرکرد، هیوام خواست ئەم هەڵە زەقانەی چاک کرابنەوەو ئەو بەرگە جوانەی کەتیبەکەی بەناوەرۆکێکی هەڵە عەیبدار نەبووبێ، بەڵام ئەفسوس ! هیواکەم نەهاتەدی و کت ومت بەهەمان هەڵەکانیەوە لە کتێبەکەشدا چاپ بوون و کارە تاقەت پروکێنەکەی بەهەدەر چووە. خۆزگە لەبری ئەم شەن و کەوکردنەی بۆ خەرمانی هەڵەکانی ئەو کتێبە دەیکەم، ئاهێکم پێدا بهاتبایەو ئۆخەیم بکردایە لەوەی کە دۆسێی ئەنفال و سکالاکارانی لە دادگای باڵای تاوانەکان کرایە کتێب و چاپ و بڵاوبووەتەوە وخەمێکمان لەکۆڵ بووەتەوە،چونکە من زۆر هاوارم کرد و پێشنیارم کرد بۆ وەزارەتی شەهیدان بەوکارە هەستن و دۆسێکانی دادگا بەسێ زمان چاپ وبڵاوبکەنەوە بەڵام بەداخەوە هەر گوتیان لەبەرنامەماندایەو دەیکەین و نەیانکردو کەمتەرخەمیان نواند. کاک تەهاش بەو کەمتەرخەمی یەوە دەستی بۆ بردووەو بەرپرسیارێتی لەئەستۆی نەناوە ! .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.