ئاب 02, 2016 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە شەهیدانی وەرێ و هەست بە شەرمەزاری
شەهیدانی وەرێ و هەست بە شەرمەزاری
شاسوار هەرشەمی
گوندی وەرێ، یەکێکە لە گوندە ناسراوەکانی هۆزی گەورەی خۆشناو. وەرێ دەکەوێتە نزیک سەروچاوە و بێتواتە. لە ڕووی بەڕێوەبەرایەتیەوە، سەر بە ناحیەی بێتواتەی قەزای ڕانیەیە. واتا دەکەوێتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی. لە ڕاستیدا دۆڵی بالیسان،لە نێوان دوو سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڕانیە و شەقڵاوە دابەش بووە، کە سنورەکانیان لە هێڵی مێرگەسەر- چیوەی سەرێ دا تێدەپەڕێت. واتا بەشێکی دیاری خۆشناوەکان، لە دوای ساڵی ١٩٥٤ز، کە بیتوێن و ڕانیە، خرایە سەر سلێمانی، ئەوانیش ئیدی خەڵکی پارێزگای سلێمانین.
وەرێ شوێنی نیشتەجێی هەندێک بەگی خاوهن زهوی بوو. هەندێک لەوانە، لە زووەوە پێشمەرگە بوون. ئاشنایەتی من لەگەڵ وەرێ، بۆ ساڵی ١٩٨١ز دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە، لە ڕێگای هاوڕێیەکی شانەی ڕێکخستنی ناو شار ئاگادار کرامەوە، کە کوڕێکی کەرکوکی، کە خوێندکاری زانکۆی سەلاحەدینی هەولێرە، (له راستیدا، ههر زانکۆی سلێمانی بوو، که تازه بهو ناوه تازهیهوه، بێ هیچ ئامادهکاریهک، بۆ ناو ههولێر و خهبات گواسترابووهوه)، بڕیاری گرتنی بۆ دەرچووە و، دەیەوێت پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە بکات. واتا ئاسایشی ڕژێم به دوای کهسهکه دهگهڕێن. من ئامادە بووم تا لە ماڵی خۆمان بیشارمەوە و، دواییش بیگەیەنمە ناوچە ئازادکراوەکان. دوای ئەوەی یەکدیمان دیت، بۆم دەرکەوت کە (زاهیر)، دانیشتوی شاری کەرکوکە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی وەرێیە. زاهیرم گەیاندە ناو هێزی پێشمەرگە. دایکم ههر جارێک که سهردانی دهکردم، له زاهیریشی دهپرسی. به داخهوه، ئەو ههر تا ساڵی ١٩٨٣ پێشمەرگە بوو. لە هاوینی ئەو ساڵە، زۆر دوور نا لە وەرێ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دی پێشمەرگە، که یهکێکیان ناسیاوی من بوو، ئۆتۆمبێڵەکەیان کەوتە سەر “مین” و، شەهید بوو.
* * *
ئێمەی پێشمەرگە، کە لە دۆڵی بالیسان بووین، ساڵی ١٩٨٨ز، ئەزموونی چەندان بۆردومانی چەکی کیمیاویمان لا کۆببووەوە. بۆردومانی دۆڵی بالیسان. تۆپبارانی کیمیاوی ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی. بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجە. ئەمانە هەمووی، هەندێک ئەزمونی خۆپاراستنی لامان کۆکردبووەوە. لەوانە ئاگر کردنەوە لەبەر دەم دەرگای ژوور و، کونی سەنگەرەکان، یان کونە تەیارە. خۆ خستنە ناو ئاو، یان سەر خستنە ناو ئاو. واتا ڕاکردن بۆ دەم چەم و ڕووبارەکان، یان سەر کانیاوەکان. خەڵوزی ورد لە لوت نزیک خستنەوە. هەروەک چوونە شوێنی بەرز، بەو مەبەستەی کە پێکهاتە قورسەکانی چەکی کیمیاوی، وەک سارین و خەردەل، بە خێرایی لەسەر زەوی دەنیشێتەوە.
دیارە هەموو ئەو ئامۆژگاریانە بۆ ئەو کەسانە بوو کە دەمامکی خۆپاراستنیان نەبوو. بەشێکی هەرە زۆری پێشمەرگەی بنکەکان، ماسک، یان دەمامکیان هەبوو. هەروەک دوو جۆر ئەمپولیشمان وەرگرتبوو، بۆ خۆ پێ کوتان، لە کاتی پێکراندا. واتا بە کردەوە ئێمە ئەو زانیارانەمان بۆ هاوڵاتیان بەکار دەهێنا، کە هێشتا بە ڕێژەیەکی کەم، لە ناوچە ئازادکراوەکان دەژیان، یان هاموشۆی ئەو ناوچانەیان دەکرد.
ئێمە لەگەڵ دەستەکانی پێشمەرگە، بە گوندەکاندا دەسوڕاینەوە و ئەم ئامۆژگاریانەمان دەدا خەڵکی. لە ڕاستیشدا خۆم بینیم کە سودی هەبوو. سەرەتای مانگی مایس، چەند فڕۆکەیەک هاتنە سەر ئاسمانی توتمە و نزرۆکە. من ماسکم هەبوو، بەڵام دایکم و باوکم و هەردوو خوشک و برام، بێ ماسک بوون. بە ناچاری چووینە ناو ئەو سەنگەرەی کە لەبەردەم ماڵەکەماندا هەڵمانکەندبوو. زۆری پێ نەچوو کە فڕۆکەیەک نزم بووەوە و وا دیار بوو کە بۆردومانی دەورەوبەرمانی کرد، بێ ئەوەی دەنگی تەقینەوە بێت. من گومانم بۆ ئەوە چوو، کە کیمیاوی باران کراین، بۆیە ئاگری بەردەم سەنگەرەکەم خۆشتر کرد. دیارە ماسولی سەر ئاگرەکە، جیاوازیەکی پاڵەپەستۆ، لە ناو هەوای سەروی خۆی پێک دێنێت، بەمەش ڕێگا دەگرێت لە هاتنی هەوای دی بە ناویدا، بەمەش ئاگرەکە دەبێتە دەرگایەکی پۆڵایینی داخراو. لەو کیمیاوی بارانەدا، تەنیا لە بەرامبەر ئێمە، کە ماڵ و بارەگای شەهید حەسەن کوێستانی لێ بوو، چەند کەسێک ڕشانەوە. واتا نزیکهی بێ زیان دەرچووین.
* * *
ڕۆژی ١٧- مایسی ساڵی ١٩٨٨،([1]) که ئێوارهی پێش جهژن بوو، من لە سەر ڕێگای (دەرەدار) بووم. واتا لە (مەلەکان)ەوە بە ڕێگای (شێخ وەسانان) دەگەڕامەوە نزرۆکە. زووتر سەردانی نەخۆشخانەی شۆڕشم کردبوو، کە لەناو ئەشکەوتێکی دەرەوەی مەلەکان دروستکرابوو، چونکە هەندێک داوو دەرمان و کەلوپەڵی تیشکی ڕای(ئەشیعە)م گەیاندبووە لایان، که ڕێکخستنهکانی ڕانیه و سلێمانی پهیدایان کردبوو.
ئێمە لە ناو قەدی شاخەوە بەڕێوە بووین، کە چەند فڕۆکەیەک دەرکەوتن. بە بەر چاوی منەوە، بە ئاراستەی بێتواتە وهەرتەل، واتا بناری شاخی ماکۆک دابەزین و بۆردومانیان کرد. دیاره بۆردومانی کیمیاوی، دهنگی گهورهی لێ نایهت، چونکه تهقینهوهی به دوادا نیه. کە گەیشتمە خوارەوە، بۆم دەرکەوت کە قوربانی ئەم جارە، دانیشتاوانی گوندی (وەرێ) بوون.
ئهم بۆردومانه بۆ ئێمە، شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. ئەمەش لەبەر چەندان هۆ. لە هێروەوە، گوندی وەرێ هەرگیز بنکەی پێشمەرگەی لێ نەبووە. واتا به گوندێکی ئازاد کراو دانهدهندرا، هەروەک بەگەکانی وەرێ، کە زوو پێشمەرگە بوون، ماوەیەک بوو خۆیان ڕادەستی دوژمن کردبووەوە و لە ناو شۆڕش نەمابوون. گوندەکە لە ناوەندی ناحیەی بێتواتە، کە بنکەی جاشەکانی نەوزادی ئەنوەر بەگی بێتواتەی لێ بوو، زۆر نزیک بوو. ژمارەیەک لە جوتیارانی گوندەکەش جاش بوون. ئەمانە هەمووی، ڕێگر بوون کە وەرێ ببێتە ئامانجی چەکی کیمیاوی، یان هەر جۆرە لێدانێکی دی. ئیدی بۆمان دەرکەوت، کە ڕژێمی بەعس، کوردی کردۆتە ئامانج، جا هەر کوێ و ههر کێ بێت. ئەوەتا لە سەردەشت، بانە، نۆدشە، دۆڵەتۆ، دۆڵی بۆتێ، کوردانی ڕۆژهەڵاتیشی دەکردە ئامانج.
ئێمە بۆ کاری فریاگوزاری، به پهله خۆمان گەیاندە وەرێ. ژمارەیەک بریندارمان دیتەوە و، هەمووانمان بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش لە (خەتێ) ڕاگواست. بە داخەوە چەند بریندارێک، لە ژێر چارەسەریدا، لە ژێر دەستی دکتۆر زریان گیانیان لە دەست دا و، ئەوانەی دیش لە مەرگ ڕزگار بوون. ژمارەی شەهیدەکان نزیکەی ٣٠ کەس دەبوون. وابزانم ٢٦ شەهید و، سەرجەم ٣٠ بریندارێک هەبوون. دواتر ئهوانهش که به هۆکاری بهرکهوتنی کیمیاوی گیانیان لهدهستدا، ژمارهی سهرجهم شههیدان گهیشتنه نزیکهی 42 کهس.
کانیی مهرگ
ئەوەی کە هەرگیز لە بیری ناکەم، ئەوە بوو، کە بە هۆی ئامۆژگاریەکانی ئێمەوە، ئاوی کانیاوی دێیەکە، ببووە ڕوگەی خەڵکی بێ دەرەتانی وەرێ. که فڕۆکهکان به نزمی بهسهر دێدا سوڕابوونهوه، دانیشتوان له نیازی خراپی دوژمن گهیشتبوون. ژمارەیەکی دیاری خەڵکەکە، بۆ سەر کانی وەرێ ڕایان کردبوو. لە بەختی ئەوان، یەکێک لە ڕاکێتەکانی فڕۆکەکە، ڕێک کەوتبووە دەم کانیاوەکە. کە ئێمە گەیشتین، زۆرترین ژمارەی شەهیدەکان، ئەوانە بوون کە پەنایان بۆ سەر کانی هێنابوو. ئەو دیمەنە ئەمەندە کاریگەر بوو، کە تا ئێستاش خۆم بە گوناهبار دەزانم و، وا دەزانم ئەوە من و هاوڕێکانم بووین، ئەو خەڵکەمان ناردبووە سەر کانیی مەرگ.
[1] هەموو ئەوانەی دەربارەی کیمیابارانی گوندی وەرێ قسەدەکەن یان نوسیویانە بە گشتی كۆك نین لەسەر ڕێکەوتی ١٧/٥/١٩٨٨ بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە هەر لەرۆژی ١٧ی ئایاردا یادی کۆمەڵکوژی گوندی وەرێ دەکرێتەوە، بەپێی بەدواداچوونی “ئەنفالستان” ١٥ی مایس –ئایار رۆژی کیمیابارانکردنی گوندی وەرێیە، لەسەردانێکی ئەنفالستاندا بۆ گوندی وەرێ ئەوەی گوندنشینەکان دەیگێڕنەوە، دڵنیان کە دواهەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بووە . ئەو ڕۆژەش دەکاتە ١٥/٥/١٩٨٨ نەک ١٧ی ئایار، پێویستە خەڵکی کوردستان و دانیشتوانی گوندی وەرێ بەتایبەتی مێژووی کیمیابارانکردنی گوندەکەیان بزانن .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.