نیسان 08, 2026 Omer ئهنفال, وتار 0
وانەیەک بۆ مێژوو

نووسینی: هۆمەر محەمەد
٨/٤/٢٠٢٦ – سلێمانی
ئەمجارەش دەچمەوە سەرباسێک کە زۆرجاری تریش لە بۆنەی تردا باسم کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر دانسقەو تایبەتە لە دۆسێی ئەنفالدا، هەرجارەو ڕەهەندێکی چیرۆکەکەی دەم وروژێنێ وزەی زیاتری لێوەردەگرم و قسەی جیاوازترم بۆی دەبێت بۆیە نەک هەر شایانە زوو زوو بەڵکو مافی خۆیەتی هەموو ڕۆژێک بیری هەمووان بخرێتەوە.
ئەوەی دەمەوێ باسی بکەم چیرۆکی کارەکتەری “شیخ حوسێنی هەزار کانی”یە کە یەکێکە لە دراماتیکیترین و بەهێزترین چیرکی مرۆڤی کورد لەناو ئەنفال و وێستگەکانیدا کە تێدا کەرامەتی مرۆیی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا دادەڕێژێتەوە. ئەم چیرۆکە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو مانیفێستێکی ئەخلاقییە کە تێیدا “تاک” دەبێتە “کۆ” و “بەرژەوەندیی تایبەت” لەبەردەم “ویژدانی گشتی”دا دەچەمێتەوە. لێرەدا ئەو بەسەرهاتە بە زمانێکی ڕۆژنامەوانیی ئەوەندەشی تاقەتم بەسەریدا بشکێ بە ڕەهەندێکی فەلسەفی دادەڕێژمەوە:
شێخ حوسێنی هەزارکانی؛ ئەو پیاوەی مەرگی بەکۆمەڵی بە ژیانی تەنیا نەگۆڕییەوە
لە ناو جەرگەی ئەنفالدا بەرلەوەی ئەنفالکراوان بگەیەنرێنە بیابانە سارد و بێبەزەییەکانی خواروی عێراق قەڵای “قۆرەتوو” دووەمین کەمپی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوانی گەرمیان بوو، بۆیە دەڵێم دووەمین لەبەرئەوەی چەند کەمپێکی کاتی بۆکۆکردنەوەی ئەنفالکراوان هەبوون وەک مللەسوورەو لیواڕەشەکەی کەلارو میلقاسم دواجاریش هەموو ئەنفالکراوانی ناوچەکەیان لەو قەڵا بەدناوە کۆکردبووەو لەوێشەوە بردیانن بۆ تۆپزاوا. لەو شوێنە کەهەندێک بەقەڵای قۆرەتوو ناوی دەبەن و هەندێک بەقەڵای مەیدان ساڵی ١٩٨٨ بۆنی مەرگ و ئەنفال هەموو گەرمیانی تەنیبوو، چیرۆکێکی دانسقە و دەگمەن لە قۆرەتوو تۆماربوو کە تێیدا ململانێی نێوان “دەسەڵاتی ڕەهای بەعس ” و “کەرامەتی بێوێنەی مرۆڤ” گەیشتە لوتکە. شێخ حوسێنی هەزارکانی، ئەو کارەکتەرە بوو کە سەلماندی “ئازادی” تەنیا دەرچوون لە پشتی تەلە دڕکاوییەکان نییە، بەڵکو ئازادیی ڕاستەقینە لە ناوەوەی ویژدانی مرۆڤ خۆیدایە.ئەمە هەمان ئەو لێکدانەوەیە کە ئەریک فرۆم بۆ ژیان وئازادی هەیەتی کاتێک دەڵێت : ژیان گرنگە بەڵام مردن لە پێناوی ئازادیدا گرنگترە.
کاتێک جەستە دەبێتە قەڵغان بۆ غەریبەکان
لە ساڵی ١٩٨٨دا، کاتێک ئامێری بکوژی بەعس خەریکی پاکتاوکردنی گوندەکانی کوردستان بوو، شێخ حوسێن و خێزانەکەی لەگەڵ سەدان خێزانی ناوچەی گەرمیان ڕاپێچی زیندانی قۆرەتوو کران. لەوێ، لە ژێر جەبری فەرمانە توندەکانی ” عەلی حەسەن مەجید”دا، هەمووان تەنیا ژمارەیەک بوون بۆ ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان. یاخود حەشاماتێکی بێ ماف و بێ خەرجی بوون بەڵام پێگەی کۆمەڵایەتیی شێخ و هەوڵی هەندێک لە سەرۆک خێڵەکان، کە هەندێکیان جاش بوون، وایکرد ناوی بگاتە لای عیزەت دووری و پاشان سەدام حوسێن. کەئەوسا جڵەوی مەرگ وژیانی هەموو عێراقییەکی بەدەستەوەبوو.
فەرمانی ئازادکردن دەرچوو؛ دەرگای زیندان بۆ شێخ حوسێن، دوو هاوسەرەکەی و منداڵەکانی واڵا کرا. لە چرکەساتێکدا کە هەر مرۆڤێکی ئاسایی ڕەنگە تەنیا بیر لە ڕزگارکردنی پێستی خۆی بکاتەوە، شێخ حوسێن هەڵوەستەیەکی کردو وتی (نا) ئەمە تەنها هەڵوەستەیەکی ئەخلاقی نەبوو بەڵکو وەستایەک بوو لەدروستکردنی مێژوو و یادەوەریدا. ئەو ڕووبەڕووی فەرماندە سەربازییەکان بووەوە و مەرجێکی دانا کە عەقڵی سەربازیی بەعسی شۆک کرد: “یان هەموو ئەم خەڵکە ئازاد دەکەن، یان منیش وەک ئەوان لێرە دەمێنمەوە.” ئەمە بڕیاری شێخ حوسێنی هەزارکانی بوو.
فەلسەفەی ژیان و دۆزینەوەی بەها لە ناو مەرگەساتدا
شێخ حوسێن لەو ساتەدا گەیشتبووە ئەو قەناعەتە فەلسەفییەی کە “ژیانێک کەرامەتی تێدا نەبێت، تەنیا بەزیندوومانەوەیە نەک ژیان چونکە هەموو زیندوومانەوەیەک ژیان نییە بەڵکو هەندێک ژیان هەیە جۆرێکی تری مردنە.” ئەو نەیویست بە تەنیا بژی و ئەو خەڵکەی لەگەڵیدان لە قەڵای قۆرەتوو بەجێ بهێڵێت لەکاتێکدا کەس نەیدەزانی چارەنوسیان چییە کەسیش نەبوو بزانێت بەرەو بیابانەکانی عەرعەر و نوگرەسەلمان دەبرێن لەبەرئەوەی ئەو شوێنانە هەر ناویشیان نەبیسترابوو، چ جای ئەوەی بزانرێت بۆ مەرگی بەکۆمەڵ و نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵکردن دەبرێن. ئەو تێگەیشتبوو کە “من”ی ئەو، بەستراوەتەوە بە “ئێمە”ی گەلەکەیەوە.
وەڵامەکەی بۆ ئەفسەرانی بەعس، گوزارشت بوو لە لوتکەی یاخیبوونی ئەخلاقی:
“سەدام حوسێن فەرمانی بە ئێوە کردووە من ئازاد بکەن، بەڵام منیش فەرمان بە خۆم دەکەم کە ئازادیی من لەگەڵ ئەم خەڵکەدایە. “ئەگەر مردنە ئەگەر ژیان” واتا ئەگەر ئەمان دەکوژرێن، منیش یەکێکم لەوان، ئەگەر دەشژین، با پێکەوە بژین.”
وانەیەک بۆ مێژوو
شێخ حوسێن ڕەتیکردەوە ببێتە هەڵاوێردراوێک “بەدەرکراوێک” لە ناو چیرۆکە تراژیدیاکەدا. ئەو نەیویست ببێتە ئەو کەسەی کە بەسەر تەرمی هاوزمانەکانیدا هەنگاو دەنێت بەرە و ژیانێک کە ڕەنگە کۆتاییەکەی شەرمەزارانە بێت چ لە کەلاریان لە سلێمانی. ئەو مەرگی بەکۆمەڵی هەڵبژارد، نەک لەبەر ئەوەی ژیانی خۆشنەدەویست، بەڵکو لەبەر ئەوەی مۆدێلێکی تری لە “مانا” نیشانی مێژوو دا. ئەو گووتی (نا) بۆئەوەی رێزێک بۆ بەڵێ بهێڵێتەوەو مرۆڤ هێندە بەڵێ ملکەچی نەکاو هێندە سەرشۆڕی کەسانێک نەبێت کە رۆژگار کردوونی بەفەرمانداری مەرگ و ژیانی ئەوانیدی.
ئەمڕۆ، ناوی شێخ حوسێنی هەزارکانی وەک هێمایەکی درەوشاوەی کەرامەت دەدرەوشێتەوە. ئەو پیاوەی کە لە بەردەم گەورەترین دیکتاتۆری سەدەدا لەناو تاوانی سەدەی بیستەمدا وتی “نا”، نەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەک، بەڵکو بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی. چیرۆکی ئەو، چیرۆکی عەقڵێکی گەورەیە کە تێگەیشتبوو مردن بە سەربەرزی، زۆر لەو ژیانە پیرۆزترە کە لە ژێر سایەی منەتی بکوژاندا بێت.
ئەم هەڵوێستەی شێخ حوسێن، برینێکی قووڵە بە دەموچاوی مێژووی ئەنفالەوە، بەڵام وانەیەکیشە بۆ بەهادانەوە بەژیان و کەسایەتی مرۆڤ کە پێمان دەڵێت: لە تاریکترین ساتەکانیشدا، مرۆڤ دەتوانێت بە هەڵوێستێکی بچووک، ڕووناکییەکی ئەوەندە گەورە دروست بکات کە تا هەتایە لە ویژدانی نەتەوەیەکدا بژی.
بێگومان، ئەم بڕگەیە ڕەهەندێکی شکۆدارتر دەبەخشێتە کەسایەتیی شێخ حوسێن، چونکە نیشانی دەدات کە هەڵوێستەکەی لە “قۆرەتوو” کاردانەوەیەکی کاتی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە پرەنسپی نەگۆڕی ژیانی.
ڕەتکردنەوەی ژیان لەژێر سێبەری شەمەزاریدا
بەر لەوەی پەلاماری ئەنفال بگاتە ناوچەکە و گوندەکان ڕاماڵێت، هەر لەدوای ئەوەی گوندەکان وەک ناوچەی قەدەغەکراو لەنیسانی ١٩٨٧دا ڕاگەیەندران. هەندێک سەرۆک جاش کە خزمایەتییان لەگەڵ شێخ حوسێندا هەبووە، پەیامی حزبی بەعس و هۆشدارییان پێگەیاندبوو. کە “دۆخەکە مەترسیدارەو ژیان لە گوندەکاندا درێژەی نابێ و بەرەو وێرانکاری دەچێت و چارەنووسی گوندنشینان نادیار و ترسناکە”، بۆیە داوایان لێکردبوو گوندی هەزارکانی جێبهێڵێت و بچێتە شارۆچکەی کەلار یان هەر شوێنێک پێیخۆشە لەژێر چاودێری و پاراستنی ئەواندا بژی. بەڵام شێخ حوسێن، نەفسبەرزی و کەرامەتی ڕێگەی نەدابوو، ئەو پێشنیارەی بە توندی ڕەتکردبووەوە و فەلسەفەی خۆی لە یەک ڕستەی مێژووییدا کورتکردەوە: “من ئامادە نیم لە سێبەری جاشدا بژیم و زێدی خۆم بەجێناهێڵم.” ئەم وەڵامە پێشوەختەیە، سەلمێنەری ئەوە بوو کە ئەو پیاوە پێش ئەوەی بکەوێتە دەست جەلادەکانی ئەنفالیش، بڕیاری خۆی دابوو کە مەرگ لەناو خاکی خۆی و لەگەڵ خەڵکی خۆی، هەزار جار بە شکۆترە لە ژیانێکی پارێزراو کە سێبەری خیانەت و سوکایەتی بەسەرەوە بێت. بۆیە ناکرێت کەبریارەکەی قۆرەتووشی وەک هەڵچونێک و کاردانەوەیەکی کاتی تەماشابکەین و بیرمان بۆ ئەوە بچێت لەوێستگەیەکدا ژێوان بووبێتەوە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە اربيل .. ضرورة تعريف الجرائم بحق الطوائف الدينية كجرائم للابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عدم إنضمام العراق لمحكمة الجنايات الدولية يحول دون الإعتراف بالابادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
نیسان 08, 2026 0
نیسان 05, 2026 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.