دەستگیرکردنی عەجاج، خاڵی وەرچەرخانی پرسی جینۆسایدە لەکوردستان!
نووسینی/ ڕزگار عومەر – هۆمەر محەمەد
ڕۆژی ١ – ٨ – ٢٠٢٥ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هەواڵی دەستگرکردنی بەدناوترین ئەفسەری رژێمی بەعسی ڕاگەیاند بەناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان) ئەو ئەفسەرە دڵڕەقەی بە حەجاج ناسرابوو، ئازار و ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەری قوربانییەکانی ئەنفالی دابوو لە قەڵای نوگرەسەلمان. وێرای دەستخۆشی و سوپاسمان بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بە دوایەوە بوون و هەتا بەئەنجامیان نەگەیاند کۆڵیان نەدا. دەستگیرکردنی لەسەر سەرداواو سکاڵای ڕزگاربووانەوە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە خۆشاردنەوەی بەردەوام و بڵاوکردنەوەی درۆی “مردنی” لە نێوکەس و کارەکەیدا، خاڵێکی وەرچەرخانەو ئیدی لە چاوەڕێی داداگایی کردنیداین بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی دادگاییکردنەکە، ئێستا کە ڕووبەڕووی یەکەم سکاڵای فەرمی بۆتەوە لەسەر تاوانەکانی، ئەرکی کەسوکاری ئەنفالکراوانیشە کە بەخۆبکەون و نابێت بەوەندە سکاڵایەی فەزیلەو هاوڕێکانی کۆتایی بێت.
بەپێی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق (INSA)، دوای چەندین ساڵ لە خۆشاردنەوەو شوێن گۆڕین و خۆدزینەوە لە دادپەروەری، عەجاج لە پارێزگای سەڵاحەدین دوای ووردبینی شوێنپێکەوتنی درێژخایەن دەستگیرکراوە. بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی، کەسوکارەکەی بە درۆ ئیدیعایان کردبوو کە مردووە. ئەو پیاوە ئەفسەرێک بوو، بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بوو، هێشتا نازانرێت ئاخو ماوەی چەند بەرپرسی بەرێوەبردنی زیندانی نوگرەسەلمان بووە، بەڵام ئەوەی ڕوونە لەماوەی دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوان لەو قەڵایەدا ئەفسەرێکی دڵڕەق و توندڕەفتار بووەو فەرماندەیی ئەشکەنجەو کوشتن و برسی کردن و تۆقاندنێکی گشتی دەکرد لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی نوگرە سەلماندا.
نوگرەسەلمان شوێنێک بوو، بۆ داماڵی مرۆڤ لەهەموو بەها مرۆییەکانی، تەنانەت لەدەرەوەی یاساو ڕێساکانی دەوڵەتیشدا بوو. بۆیە ناوهێنانی وەک زیندانیش هێشتا پێناسەیەکی ناتەواوە، چونکە نەزیندان بوو، هەتا دەستبەسەرکراوان وەک زیندانییەک هەندێک مافییان هەبێت وەک ( سەردانیکردنی کەسوکاریان، یاخود دادگایی کردن و داکۆکی لە خۆکردن و گرتنی پارێزەر) ئەنفالکراوان لە نوگرەسەلمان هیچ یەکێک لەم مافانەیان نەبوو. لەراستیدا دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوان لە نوگرەسەلمان هێشتنەوەیان بوو لەدۆخێکدا هەتا ژیانێک بژین ئاوێتە بەمەرگ و مردنێک بمرن بۆ لەیادچوونەوەی هەتاهەتایی. ئەنفالکراون تەنانەت مافی ئەوەیان نەبووە گۆڕیشیان هەبێت. چ ئەوانەی بەدەستەجەمعی کوژراون و لەچاڵی ئامادەکراودا شاردراونەتەوە، چ ئەوانەی لە نوگرەسەلمان لەترسان و لەبرسان مردون بێ کفن و گۆڕ ژێرخۆڵدراون.
دوای ڕوخانی رژێمی بەعس و دادگایی کردنی هەندێک لەسەرکردەکانی بەعس و ناوهێنانی لەزاری شایەتحاڵەکانەوە، لە ناو هۆڵی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکاندا، وای کرد کە ئەم جەللادەی ئەنفال بیرلە حاڵی خۆی بکاتەوەو بۆماوەیەک خۆی لە چاوان وونبکات و لەدەست دادگاو سکاڵاکاران رزگاریی بێت. لە ساڵانی خۆشاردنەوەیدا پەنای بۆ ڕێ و شوێنی جیاواز بردووە. ماوەیەک هەڵاتووە بۆ سوریاو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ زیدی خۆی جگەلەوەی نەشتەرگەری جوانکاری کردووەو خاڵەکانی سەر روخساری لابردووە هەتا نەناسرێتەوە. ئینجا پروپاگەندەی مردنی بڵاوکردووەتەوە و لە ناوچەیەکی لاچەپ خۆی خەریکی ئاژەڵداری کردووە، لەهەوڵی ئەوەدابوو ئەم ڕابردووە خوێناویەی خۆی لە سایەی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتدا بشارێتەوە. بەڵام؛ خوێنی بێتاوانەکان لەگەڵ کاتدا لەناو ناچێت، بە تەوێڵی مێژووەوە دەلکێت و هەرکاتێك خاوەنێک بۆ ئەم مێژووە پەیدا دەبێت سەندنەوەی مافیش ڕێگەیەک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
تۆماری تاوانەکان و دڕندەیی عەجاج بەجۆرێکە، کە لە تێڕامانیدا مرۆڤ توشی ساردبوونەوەو بێ تاقەتیەکی زۆر دەکات.
ئەنفال
ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانە، لە سەدەی بیستەمیشدا رژێمی بەعس ئەو پرۆسە سەربازییانەشی بەناوەوە نا، کە ساڵی ١٩٨٨ لە هەشت قۆناغی پەلاماری سەربازییدا لە دژی گوندنشینانی کورد ئەنجامدرا. ئەگەرچی (ئەنفال) تەنها بۆ پەلامارو قۆناغەکانی ئەنفال ڕاستە، بەڵام تاوانەکە بەوەندەوە نەوەستا بەڵکو زۆربەی هەرەزۆری ئەوخەڵکانەی لەلایەن سوپاوە گیرابوون. بەکۆمەڵکوژران و بێسەروشوێنکران. لە سەرەتادا گوندنشینانی کورد دەستنیشان دەکرێن و لە هەشت قۆناغی پەلاماری سەربازیدا سوپای نا نیشتمانی وەک ئامرازێکی پارێزەری ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن دژی کورد دەجوڵێ. گوندەکان دەڕوخێنن و هەموو ئەو خەڵکە کۆدەکەنەوە کە دەستنیشانکراون بۆ لەناوبردن- دوای کۆکردنەوەیان هێزەکانی سوپا هەموو خەڵکە گیراوەکە ڕادەستی دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری دەکەن چارەنوسی خەڵکە دەستگیرکراوەکە لە سنوری چالاکی و دەسەڵاتی سوپادا نامێنێ.
تۆپزاوا کەمپی کۆکردنەوەو پۆلێنکردن:
لێرە ئەرکی ئاسایش و هەوڵگری ئەوەیە خەڵکە دەستگیرکراوەکە لە سەربازگەی تۆپزاو کۆبکەنەوەو پۆلێن بکەن. ژن و پیاو، پیرو گەنج لێک جیادەکەنەوە، هەتا بزانن کێ بۆ مردنی خێراو بە کۆمەڵ و کێ بۆ مەرگی شینەیی بنێرن. دوای پۆلێنکردن و جیاکردنەوەیان تەنها شەوێک ئەوپەڕی دوو شەو لەتۆپزاوا هێڵدرانەوە ئەمەش لەبەر زۆری خەڵکەکە بوو. هەرچی گەنجەکان بوون بە خێرایی بەپاسی (بێپەنجەرە) لەتۆپزاوا دەبرێنە دەرەوەو دابەش دەکرێنە سەر پارێزگاکانی عێراق کە پێشوەخت شوێنی گوللەبارانکردنیان بۆ دەستنیشان کردبوون و چاڵیان بۆ شاردنەوەیان ئامادەکردبوو. لەناویاندا پارێزگاکانی (دیوانییەو سەماوەو موسڵ و تکریت) زۆرترین گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدا دۆزراوەتەوە.
نوگرەسەلمان:
لە یەک دوو مانگی سەرەتادا هەرچی پیرەمێردو پیرەژنەکان بوون. رەوانەی قەڵای نوگرە سەلمان کران و ژن ومنداڵیش رەوانەی سەربازگەی دوبزکران. نوگرەسەلمانیش شوێنی دەستبەسەرکردنی پیرەمێردو پیرە ژنان بوو، ئەگەرچی دواتر چەند کاروانێکی پاسی پڕ لە ژن ومنداڵیشیان لە دوبزەوە بۆ بردو تێکەڵ بە پیرەمێردو پیرەژنەکانیان کردن. بۆئەوەی لەوێ لە برسان و لە فەرامۆشیدا بمرن. دوای ئەوانیش ئەو هەڵەبجەییانەیان گەیاندە نوگرەسەلمان کە بەپڕوپاگەندەی لێبوردنی گشتی گەڕابوونەوە بۆ نیشتمان، بەڵام بەعسیەکان درۆیان لەگەڵدا کردن و ئەوانیشیان ڕاپێچی نوگرەسەلمان کرد، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە هەتا دوا دەرفەتی رزگاربوون هیچ گۆڕانکارییەکی باشی بەسەر دۆخی نوگرەسەلماندا نەهێنا، بەپێچەوانەوە دڵڕەقی و دەستدرێژی بۆسەر گەنجەکان بەتایبەتیش کچ و ژنەکان ئازارێکی ویژدانی و دەرونی خستەسەر ئازاری دەستبەسەرکراوەکان. ئەگەرچی هەڵەبجەییەکان تاڕادەیەک دۆخیان لەوانەی پێشوتر باشتربوو، بەلای کەمەوە هەندێک زەخیرەی خواردنیان بەشی چەند رۆژێک لەگەڵ خۆیان بردبوو، بەڵام ئەوە دادی نەدان و نزیکەی ٥٢ کەسیان لەوێ لەبرسا مردن. ئیتر نوگرەسەلمان بوو بەشوناسی مەزڵومییەتی کوردو فاشیزمی دەوڵەت و وەک هێمای قوڵترین تۆقاندن بۆ ئەو زیندوانەی لە پۆلێنکردندا بۆ کۆمەڵکوژی نەبران لەوێ ئەشکەنجەی حەجاج و مەرگی شینەییان پێبڕا.
ئەوانەی لەوێ ئازاریان چەشتووە و بەڕێکەوت ڕزگاریان بووە، بیریان دێتەوە کە عەجاج وەکو دڕندەیەکی بێبەزەیی لە نێو حەوشەو هۆڵەکاندا دەگەڕا، ئازاری هەموو کەسێکی دەدا. ئەفسەرێکی دڵڕەق و پیاوێکی باڵابەرز و دەموچاو تاریک بوو کەهەموو جاران دەرکەوتنی بە مانای مردن یان ئەشکەنجەدان بوو. شێوازەکانی بۆ شکاندنی حورمەتی مرۆڤەکان نەک تەنها جەستەیی بوو، بەڵکو ئازاردانی ڕۆح و شکاندنی شکۆی دەستەبەسەرکراوان بوو: پیاوان هەڵدەواسران و ئەندامەکانیان پارچە پارچە دەکران، منداڵان لە باوەشی دایکان دەکوژران و کچانی گەنجیش لەبەردەم دایک و باوکە بێدەسەڵاتەکانیان ئەتک دەکران و دەستدرێژی سێکسیان دەکرایە سەر.
سەردان بۆ نوگرەسەلمان و سەرەداوی دۆزینەوە:
” دوای ئەوەی چەندجارێک کەسوکاری ئەنفال سەردانی نوگرەسەلمان دەکەن، لە ١٥ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣دا بەڕێژەیەکی زیاترو بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر، کەسوکاری ئەنفال و هەندێک لە چالاکوانانی ئەو بوارە چوونەوە بۆ نوگرەسەلمان. ئەو رۆژە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا، بەکاروانێک ماشێن و پاس چالاکوانەکان چوون بۆ نوگرەسەلمان. بەڵام خزمێکی قایمقامی سەلمان زۆری لێکردبوون کە “هەردەبێ بچنەوە بۆ قەزای سەلمان و ڕێگەنادەم بە شەو لەم بیابانە بمێننەوە” دوای ئەوەی چالاکوانەکان لەماڵی قایمقام کاتێک بە بەقسەو دۆخی عێراق وکوردستان بەسەر دەبەن، بۆ خەوتن دابەشکران بەسەرچەند ماڵێکدا، خاوەن ماڵێک لەگەڵ نوسەری دیاری بواری ئەنفال “سمکۆ سابیر” دەکەوێتە گفتوگۆ، لەوێ باسی کتێبەکەی خۆی بەناوی (نوگرەسەلمان قەڵای مەرگ وپاکتاوی نەژادی) بۆکرد. کاتێک باس هاتە سەرعەجاج و رەفتارەکانی خاوەن ماڵ بە(عەجاج) ناوی دەبات، تەنانەت جەخت دەکاتەوەو بەعەرەبی دەڵێت: ( کاکە اخوية إنتَ غلطان، هو اسمه عَجّاج مو حَجّاج… يعني عَجّاج بالعين مو بالحاء.) بۆ بەیانیەکەی چالاکوانەکان دەچن بۆ نوگرەسەلمان لەوێ عەرەبەکان دڵنیایان دابوو کە ناوی عەجاجەو لە عەشیرەتی ئەبولناصرەو ئێستاش لەناو خزمەکانیدا دەژی. ئەمە بۆ سمکۆ وەڵامێکی شۆک ئامێزدەبێت چونکە شایەتحاڵێک بەبێ دوودڵی قسەی بۆکردووەو لەکتێبەکەیدا چاپی کردووەو وتوویەتی کە لە سوریا مردووە! جگەلەویش عەرەبێکی خەڵکی قەزای سەلمان قسەی بۆ کەناڵی روداوکردووەو دیسان جەخت دەکاتەوە لەوەی کەمردووە. ئیتر دوای ئەوەی عەرەبەکانیش چەندجارێک سەردانی گەرمیان و کەلار دەکەن و میواندارییان دەکەن دڵنیا دەبن لەوەی حەجاج لە ژیاندا ماوەو دیوەخانداریشە.
دوای بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لە راستییەکە چەند کەسێکیان دەچنە سەماوە و لەوێ سکاڵای یاسایی لەسەر عەجاج تۆمار دەکەن و دوای کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر بەسەر تۆمارکردنی سکاڵاکەدا عەجاج دەگیرێت. بەڵام دوای دوو رۆژ ئینجا هەواڵی گرتنەکەی بڵاودەکرێتەوە “
فەزیلە محەمەد، کە ئەوسا کچێکی ١٥ ساڵان بووەو بەختی ڕزگاربوونی لە نوگرە سەلمان، هەبووە، ئەم یادەوەریە خوێناویانە سی وحەوت ساڵە لەسەر ڕۆحی برینداری خۆی هەڵگرتووە. ئەو ئێستا یەکێکە لەو کەسانەی سکاڵای لە دژی عەجاج تۆمارکردووە. بیری دێتەوە کە عەجاج بە لێدانی زیندانییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی گەنج و کوشتنی خوشکەکەی وێنەی دڕەندەیی بێ هاوتای جێگیرکرد. بیری ناچێتەوە کە لە بە یانییەوە تا ئێوارە لەگەڵ خوشکە گەورەکەی ئەشکەنجە درا، پێستی دەستەکانیان بە ئاسنی زیندانەکەوە مابوو، شکایەت ئیفادەکەی فەزیڵە لە ئەمڕۆدا تەنها بیرهێنانەوەی چیرۆکێک، یاخود برینێکی ڕابردوو نییە. بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ دۆسێی کراوەی کۆمەڵکوژی کورد. فەزیڵە و ڕزگاربووانی دیکە نیشانیاندا کە کاتێک قوربانییەکان بوێری قسەکردن و تۆمارکردنی سکاڵایان هەیە، دەتوانن سەرلەنوێ دادپەروەریش بگێڕنەوە، جابا درەنگیش بێت. لە ١٦ی ئایاردا، سکاڵاکەی فەزیڵە و ڕزگارو عەلی. دەرگای زیندانی بەڕووی بەدڕەفتارترین و دڕندەترین مەخلوقدا کردەوە ئەوان نەبوونایە (عەجاج)ی جەلاد. هەر پیاوی ناو پیاوانی دیوەخان دەمایەوە. فەزیلەو هاوڕێکانی دەنگی ڕزگاربووەکانن؛ کە بە شەهامەتەوە دەرگایەکی کردەوە کە “بێباکی سیاسی” بۆ دەیان ساڵە دایخستبو!.
ئێمە لەبەردەم ڕووداوێکی گەورەداین، نابێت “گرنگی” ئەم ساتەوەختە لەدەست بدەین. دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە بۆ لێپێچینەوەو دادگایی کردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدو تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەعێراقدا دامەزرا، چەند کەسێکیشی بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەنفال دادگایی کرد، بەڵام دوای ئەوەی دۆسێکانی یەکلایی کردەوە هەڵپەسێردراو ئێستا لە ڕووی یاساییەوە ناچالاکە، بۆیە دەستی یاسایی تایبەت بە کۆمەڵکوژی بەهۆی گۆڕانی ئەولەویەتەکان و پشتگوێخستنی سیاسییەوە نزیکەی دە ساڵێکە مات ببوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا زۆرێک لە تاوانباران بە ئازادی لە سەرانسەری عێراق و دەرەوەی عێراق دەژین بەبێ ئەوەی دادگا بێ تاوانی یەکلایی کردبنەوە.
بۆیە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە دۆسێکە بەکراوەیی بهێڵێتەوەو دادگاکەش چالاک بێت بۆ هەر حاڵەتێکی دەستگیرکردنی تۆمەتباران یاخود هەرکەسێکی وەک ئەم نمونەیەی ئێستا لەبەردەستدایە، چونکە ئێستا نابێت کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی کوردستان قایل بن بەوەی لەدادگایەکی بەرایدا (عەجاج ئەحمەد حەردان) دادگایی بکرێت. بەڵکو ئەرکی دەوڵەتە ئەم تۆمەتبارەش وەک هەر تۆمەتبارێکی ئەنجامدەری جێنۆساید دادگایی بکات و هەمان ئەو یاسایانەی بەسەردا جێبەجێبکرێت کە لەبەندەکانی (١١ و١٢ و ١٣)دا هاتوون.
ڕاستە بێدەنگی و خەمساردی و داڵدەدانی ئاشکراو شاراوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ ئەوانەی ناویان لە لیستی داواکراوانی ئەم دادگایە دایە؛ ژانی ئەم برینەی قووڵتر کردووەتەوە؛ پرسی جینۆساید بووەتە بارگرانییەک کە کەم کەس هەیە لە حیزب و فیگەرەکانی دەسەڵات بیانەوێ هەڵیبگرن کاتێک ڕووبەڕووی قەیرانە بێکۆتاکانی ئەمڕۆ و ململانێی دەسەڵات دەبنەوە. بەڵام دەوڵەت و دەوڵەتداران نابێت لەئەرکی یاسایی و دەستوریدا کەمتەرخەمی بنوێنن بە پاساوی ئەوەی حزبەکان و قەوارە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق هاوکارنین. چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە دۆسێی جینۆسایددا تێپەڕبوونی کات بەسەر تاوانەکەدا نابێتە ڕێگر لەبەردەم دادگاو مافی بەدواداچوونی دۆسێی جینۆساید هەر بەکراوەیی دەمێنێتەوەو کۆن نابێت و هەرچەندی ماوەی بەسەردا تێپەڕبێت، تاوانباران لەسزا دەربازنابن و مافی قوربانیەکان بەهۆی کۆن بوونەوە نادیدە ناگیرێت.
“ڕازی بوون” بە بێدەنگی زۆر مەترسیدارە. کاتێک جینۆساید لە هۆشیاری گشتیدا کاڵ دەبێتەوە، تۆوی نائومێدی دەڕێژرێ و زەمینەی دڕندەیی نوێ خۆش دەبێ و لەوەها حاڵێکیشدا نائومێدی و هەستی دڕندایەتی و تاوانکاری دەتوانێت بە هێمنی ڕەگ داکوتێت. زیندووکردنەوەی یادەوەری ئەنفال پەیوەندی بە کردنەوەی برینە کۆنەکانەوە نییە بەڵکو لە دوور مەودا پەیوەندی بە ڕێگریکردنە لە برینە نوێیەکان. پەیوەندی بە گەڕاندنەوەی کەرامەتی نەتەوەییەوە هەیە، لەنگەرگرتنی ناسنامەی بەکۆمەڵ لە ڕاستیدا نەک لە”بیرکردن”. هەموو تاوانبارێکی ڕاکردوو لە سزا بوێری ئەوانی تر دەدات کە پێیان وایە کات دەتوانێت گوناهەکانیان بسڕێتەوە.
گرتنی عەجاج تکریتی بەڵگەیە کە زەمانە یان مێژوو لێی خۆش نابێت؛ جا با توانیبیشێتی بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی بشارێتەوە. ڕزگاربووان و چالاکوانانی بواری جینۆسایدی کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر بخوازن دەتوانن ئەم گرتنە بکەنە خاڵی وەرچەرخان.
یەک سکاڵا تۆمار کراوە دەبێ سەدان سکاڵای ئامادەکراوی تۆکمەی یاسایی هەبن. پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە دادگاییکردنی مانەوەی تاوانبارانی ئەنفالدا کارابکاتەوە، گرنگ نییە لە ئەمڕۆدا شوێنی حەشاردانیان هەبێت.
گرنگە دلسۆزبین، بەڵام مەترسیدارە دڵسۆزی نەزان بین
بەداخەوە هەندێک کەس لە دڵسۆزیانەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن؛ دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارە بهێندرێتە گەرمیان یان کوردستان بەڵام ئەو داوایە جگەلەوەی زۆر خراپەو دەشێت دۆسێکەی لە جێنۆسایدەوە بگۆڕن بەدۆسێی “کەسی” ئەوەش واتا سوک کردنی تۆمەتەکە لەسەری تێنەگەیشتنێکی یاسایشە لە تاوانی جێنۆسایدو تاوانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەو تۆمەتبارانە نەک هەر لەکوردستان بەڵکو لە هیچ دادگایەکی تری عێراقیشدا ناتوانرێت ئەو جۆرە تۆمەتبارانە دادگایی بکرێن. تەنها لە دادگای باڵای تاوانەکان نەبێت. تکایە وەها داوایەک مەکەن و رێگەمەدەن بەهیچ یاسایەکی تر تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن تەنها بەمادەکانی (١١ دژ بەکۆمەڵکوژی و ١٢ دژ بەتاوانی دژەمرۆڤایەتی و ١٣) نەبێت بەهەموو بڕگەکانیانەوە لە یاسای ژمارە ١٠ی یاسای سزادانی لە دادگای باڵای تاوانەکان ٢٠٠٥.
دادپەروەری بۆ خوشک وبراکانی فەزیڵەو ئەو کچانەی لە نوگرە سەلمان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، یان بۆ ئەو منداڵانەی لە نێو باوەشی دایکیان کوژران، بۆ ئەو دایکانەی منداڵەکانیان بەبەرچاویانەوە لە تینوێتیدا خنکان و لەبرسان وشک بوونەوەو مردن دەبێت بخرێنەوە بەردەم دادگا. ئەگەرچی ئەمە تەنها “ئەرکی دادگا و دادوەرەکان نییە” بەڵکو بەرپرسیارێتی هەر دەنگێکە کە تا ئێستاش دۆسیەی ئەنفال لەیادەوەریدا زیندووە.
گرتنی عەجاج نابێت وەک مانشێتێک بمێنێتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا کاڵ ببێتەوە. دەبێت ببێتە هاوارێکی کۆکردنەوە: بۆ ڕاستی، بۆ لێپرسینەوە و بۆ ئەو بەڵێنەی کە تەنانەت دەیان ساڵ دواتر هیچ جەلادێک نەتوانێت لە دەستی دادپەروەری ڕزگاری بێت. ئەمەش سادەترین مافی قوربانییە کەدەبێت وەری بگرێتەوە.
نیسان 08, 2022 1
ئاب 03, 2025 0
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
ئاب 03, 2025 0
ئاب 03, 2025 0
تەموز 31, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.