ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا- وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە ………………….
هۆمەر محەمەد
١٣/٤/٢٠٢٥ سلێمانی
لە یادی تاوانی ئەنفالدا، چی بگێڕینەوە؟ چیمان هەیە بۆ وتن؟ زۆربەئازارە کاتێک سەیری حاڵی خۆمان و گفتارورەفتاری دەسەڵاتداران و سیاسییەکانی کورد دەکەیت یاخود گوێبیست و بینەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی دەبین یاخود شێن وشەپۆڕی ئیسلامی سیاسی بۆهەرکەسێک دەگاتە ئاسمان و بۆبرینی خۆشی کڕومات ئەوسا زیاتر قوڵی برینی کورد هەست پێدەکەین. کە هێشتا نەک لەسەر ئاستی جیهانی بەڵکو لەناوخۆشدا هێندەی پێویستە نەناسراوە. ئەم هاوارە هێشتا وەک پێویست نەگەیشتووەتە گوێی جیهان. ساڵی ٢٠١٢ لە ژمارە (٩)ی گۆڤاری ئەنفالستان کە ئاماری ئەو زانیاری دۆکیومێنتانەی دەربارەی نغرۆبوونی کەشتی تایتانیک بڵاوکرابوونەوە نزیکەی ١٨٤٤ جار زیاتر لە ئەنفال لەگۆگڵدا ناوی تایتانیک هێنراوە، پرسیار ئەوەیە: چی وای کردووە ئەم تاوانە گەورەیەی بەعسیەکان دژ بەکوردانی باشور ئەنجامیاندا و سەدان هەزار مرۆڤی کوردیان کۆمەڵکوژکرد، کەچی هێشتا هێندەی نغرۆبوونی تایتانیک نەچووەتە یادەوەری مرۆڤایەتیەوە ئایا لەخۆمان پرسیوە ئەم بۆچی دەبێت مەرگی ئەو هەموو مرۆڤەو چارەنوسی ئەم میللەتە نادیدە بگیرێت؟ ئایا ئەم بەکەم گرتنە هەر سوچی دەسەڵاتدارانە یان هی تاک بەتاکی کوردە ؟ ئەگەرچی کارکردن بۆ ئەنفال و ناساندنی و رێزگرتنی لەقوربانیەکانی ئەرکی تاک بەتاکی کوردە. بەڵام لەپێش هەموویانەوە هی دەستەبژیرو نوخبەی رۆشنبیران و ئەدیبان و هونەرمەندانە، کەدەیانتوانی یان دەتوانن بێ گوێدانە سیاسی و دەسەڵاتداران بۆی تێبکۆشن.. چونکە هەریەکێک بخوازێت بەوکەرەستانەی بەدەستییەوەیەتی دەتوانێت بەپێی توانای خۆی ئەگەر زۆر کەمیش بێت کارێک بکات. راستە هونەرمەندانیش موعاناتی خۆیان هەیە بەدەست بێ بودجەییەوە بەڵام خۆ کامێرایان پێیە؟ خۆ ئایدیایان هەیە خۆئەگەر نەتوانن کاری گەورە بکەن دەتوانن هەنگاوی بچوک بهاون. ئەدیبان ونوسەران خۆ قەڵەمیان هەیە ئەگەر کەمتەرخەمی نەنوێنن لەرێگەی کۆمپیتەرەکانیانەوە دەتوانن بەردێک بخەنە سەربینای یادەوەری.
بەهەرحاڵ من لەم یادەدا روودەکەمەوە هونەرمەندانی کورد، بەتایبەتیش فیلمسازان کە زەخیرەیەکی فراوانیان لەچیرۆکی نەمر لەتراژیدیای کوردو قارەمانێتی کورد لەبەردەستدایە دەتوانن ئەو چیرۆکانەی بەرگوێیان دەکەون بەوێنە بیگێرنەوە. چونکە ئەگەر کەس نەزانێت هونەرمەندان دەزانن هێزی وێنە بەتایبەتیش وێنەی جوڵاو چەندەو دەتوانن چ کاریگەرییەک لەسەر بینەردابنێن.
هێزی وێنەی جوڵاو لە گێڕانەوەدا
سینەما هونەرێکی ئەفسوناوی کاریگەرە، کە ئەمرۆ وەک میللەتانی دونیا لەبەردەست کوردیشدایە ئەم هونەرە تەنها بۆ کات بەسەربردن و بازاڕو سەرگەرمی نییە، بەڵکو هێزێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی یادەوەری دەستەجەمعی، هێزێکە بۆ تێگەیشتنی ڕوداوی مێژوویی. چ شکست چ سەرکەوتن. هۆڵۆکۆست، وەک تاوانێکی جیهانی مرۆیی، چەندە لەپێش ئەنفال و هەڵەبجەو شەنگالەوە ڕویداوە کەچی هێشتا چیرۆکێکی زیندووە لە یادەوەری مرۆڤایەتیدا، ئەوەش ئەگەر بەشێکی سیاسەت و چالاکی ڕێکخراوەکانی جو بووبێت ئەوا بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سینەماوئایدیای داهێنەرانەی هونەرمەندان بەتایبەتیش سیناریۆ و دەرهێنان.
فیلمەکانی وەک “شیندلەرلیست و پیانیست و “هایە ڤیتاو “ژیان جوانە و دەیان فیلمی تر، تاوانی هۆڵۆکۆستیان خستەناو یادەوەری گشتییەوە و لە چوارچێوەی کاری داهێنەرانەو دۆکێومێنتی مێژووییدا نەیانهێشتەوە بەڵکو بەهەر نرخێک بووە لە دۆخی فەرامۆشی ڕزگاریان کردو کردیانە ئەزموونێکی بەهێزو هەستیار. چونکە سینەما بەئەفسونی وێنە مرۆڤ دەخاتە دۆخی بیرکردنەوەوە چونکە ئەگەر فەلسەفە کارلەعەقڵ بکات ئەوا فیلمی سینەمایی کار لەعەقڵ و هەستیش دەکات. ئەم فیلمانە توانیان چیرۆکی قوربانییەکان بگەیەننە ملیۆنان کەس کە لەوانەیە هەرگیز کتێبێکی مێژوویی دەربارەی ئەم کارەساتە پێی نەکرابێت یان لەتوانایدا نەبێت بیکات. چونکە ئەوە ڕاستییەکەو نکۆڵی لێناکرێت کە هێندەی فیلم بینەری هەیە هێندە کتێب خوێننەری نییە.
بۆشایی گەورە لە سینەمای ئەنفالدا
بەداخەوە، سەرباری ئەوەی کۆمەڵیک فیلمیش دەربارەی ئەنفال دروستکراون بەڵام لە سینەمادا ئەو ڕەنگدانەوەیەی نەبووە کە دەبێت هەیبێت. ڕاستە ژمارەیەک فیلمی دۆکیومێنتاری و کورتەفیلمی سەربەخۆو هەندێکی درێژیش بەرهەمهێنراون و هونەرمەندان هەوڵیانداوە ئەم بەشە گرنگەی مێژووی کورد تۆمار بکەن، بەڵام ئەمە بەراورد بەوهەموو چیرۆکەی لەبەردەستدایە زۆر کەمە.
ئەگەر جیمیس کامیرۆن بە فیلمێکی وەک “تایتانیک” توانی ئەو کارەساتە بکاتە بەشێک لە یادەوەری جیهانی، هەرتەنها بودجە زەبەلاحەکەی نەبوو بەڵکو ئیدیای هونەرمەندانەو دیدی دەرهێنەرانەی خۆشی بوو کەتوانی چیرۆکەکە بەجۆرێک بگێڕێتەوە، کە مرۆڤەکان لەتەواوی دونیا بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بینینی بوون. بۆیە ئێمەی کورد دەبێت بپرسین: ئایا کەی فیلمێکی جیهانی لەسەر ئەنفال دروست دەکرێت کە بتوانێت ویژدانی جیهان بهەژێنێت؟ خۆزگە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەماوەی ئەم چەندساڵەی رابووردودا لەبری ئەو پارەیەی لەیادەکانی ئەنفال وهەڵەبجەدا خەرجیان کردووە تەنها یەک فیلمی سینەمایی باشیان بەرهەمبهێنایەو یادی ئەنفالیان نەکردایەتەوە.
وانەکانی هۆڵۆکۆست: چۆن سینەما دەتوانێت یادەوەری نەتەوەیی و نیشتمانی بپارێزێت؟
دروستکردنی یادەوەری هاوبەش بەهۆی سیحری سینەماوە هۆڵۆکۆستی وەک چەمکێک، کردووەتە بەشێک لەزمانی ڕۆژانەی خەڵک.وێنەی کارەکتەرەکانی جوو لەهۆڵۆکۆستدا لەزەینی ملیونان مرۆڤدا جێگیرکردووەو و وەک پێداویستیەکی کلتوری مامەڵە لەگەڵ هۆڵۆکۆستدا دەکات چونکە ئەم هونەرە (سینەما) توانیویەتی شایەتحاڵەکان لەدۆخی زەلیلی ڕزگاربکات و تاڕادەیەک ئاسودەیان بکات بەوەی دەنگیان بگەیەنێتە جیهان.
وەنەبێت فیلمەکان تەنها بۆ بازارو ناوهۆڵی سینەماکان بن نەخێر بوونەتە بەشێک لە پەروەردەی قوتابخانەکانیش نەک هەر وڵاتی خۆیاندا بەڵکو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، چیرۆکەکانی هۆڵۆکۆست کاریگەرییان لەسەر بینەر هەیە لەناوخۆشدا هەر منداڵێک لە تەمەنێکی گونجاودا بەهۆڵۆکۆست ئاشنا دەکرێت و زۆربەشیان لە ڕێگەی فیلمەکانەوە زانیاریی بەدەست دەهێنن. نەک هەرئەوەندە بەڵکو ڕۆڵ وهێزی وێنەی سینەمایی کۆمەڵێک دیمەنی هێماداری خوڵقاندووە کە ڕایەڵێکی جیهانی لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست کردووەو کۆی مرۆڤایەتی پێکەوە دەبەستنەوە، وەک کوریژگەی بیجامە خەت خەت یاخود کچە بچکۆلەکە بەچاکەتێکی سوورەوە لە فیلمی “شیندلەر لیست”.دا نوێنەرایەتی بێ تاوانی قوربانیانی جوو دەکات.
کەواتە دەبێت چی بکەین بۆ ئەنفال؟ دەبوو چی بکرێت ونەکراوە؟
بۆ ئەوەی ئەنفالیش وەک هۆڵۆکۆست و جێنۆسایدی ئەرمەن بچێتە یادەوەری جیهانیەوە، پێویستە:
١. وەبەرهێنانێکی بەرچاو بەچێرۆکی باشەوە لە سینەمای کوردیدا بکرێت. هەوڵی دروستکردنی فیلمی ئاست بەرز و کاریگەر لەسەر ئەنفال بەرهەمبهێنێت. بەلەبەرچاو گرتنی ئەوراستییەی “فیلمی باش لەسەر چیرۆکی باش دادەمەزرێ”
٢. پەیوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی ناسراوی جیهانی دروست بکرێت سەرنجیان بۆ چیرۆکە بەهێزەکانی ئەنفال ڕابکێشرێت و هاوکاری بکرێن و سود لەئەزمون و تواناو ناوبانگیان وەربگیرێت.
٣. زانکۆکانی کوردستان بەتایبەتیش کۆلێژی هونەرەجوانەکان خوێندکارانیان هان بدەن توێژینەوەی زانستی دەربارەی فیلم وئەنفال ئەنجام بدەن.
٤ . سود لە زیرەکی دەستکرد (AI) و تەکنۆلۆژیاو پلاتفۆرمە نوێیەکانی دیکە وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنان و گەیاندنی چیرۆکی کورد “ئەنفال، هەڵەبجە، ئیزدی وبارزانی و فەیلیەکان) بەنەوەی نوێی کورد و لەرێگەی توانایانەوە بگەیەندرێتە جیهان و لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بیگوازنەوە بۆ کێشەیەکی جیهانی.
چونکە سینەماو وێنەی جوڵاو لەتوانایدایە کە نەک تەنها وێنەگەورەکەی کوردو تراژیدیاکەی بەڵکو جەوهەری تاوانەکەو شوناسی کلتوری کوردی و بەها مرۆییەکەی کورد و ناوەرۆکی ئازارو تراژیدیای کورد بەجیهان بگەیەنێت. مێژوو سەلماندویەتی ئەو نەتەوانەی یادەوەری خۆیان دەپارێزن، دەتوانن بژین و بمێننەوە. چونکە چیدی جیهان گوێ لەمەزڵوم ناگرێ بەڵکو پێشوازی لەوانە دەکات داهێنەرن و بەرهەمیان هەیە.
ئەنفال تاوانێکی نێودەوڵەتیە، راستە برینێکە بەجەستەی کوردەوە، بەڵام هەرئەوەندەی بە جیهان ناسێندرا ئیدی دەبێتە ئازارێکی جیهانیش نەک تەنها وەک پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی بەعسیەکانەوە بەڵکو نیشانەیەکی پرسیاریشە بە ئابرومەندی مرۆڤایەتیەوە ئەگەرچی ئێستا بەجیهان نەناسێندراوە بەڵام تاوانێکە لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو تۆمارکراوەو ئەزموونێکی مرۆییە کە نابێت دووبارە ببێتەوە.
بۆیە لە ئێستاو داهاتوودا پێویستمان بە هونەرێکی کاراو سینەمایەکی بەهێزە، کە چیرۆکی ئەنفال تێیدا بدرەوشێتەوە و ببێتە هەوێنی یادەوەری جیهانی.
لەیادی ئەنفالدا، ئەرکمانە دەنگمان هێندە بڵندبێت کە جیهان بیبیستێت ئەوەش بەپلەی یەکەم بەسینەما دەکرێت. چیرۆکی ئەنفال دەبێت بگێڕدرێتەوە، ئەوەی سیاسیەکان و میدیاکان دۆڕاندویانە ئەرکی فیلمسازو سینەمایە وەری بگرێتەوە.
سەرچاوەکان
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.