ئیلول 14, 2024 Omer ئهرشیف, ئهنفال 0
چیرۆکی ئەو عاشقە پیرەی لەگوڵستانی نۆدشەوە گەیشتە بیابان
لە دامێنی چیاکەدا، لە نزیک باخە قژ سەوزەکەی گوندو جۆگەی پرئاوو دارتوە بەتەمەنەکان لە گەڕەکی خواروی ئاوایی، دوماڵ لەودیو ماڵی ئێمەوە لەژێرخانی خانویەکی گڵدا کە بەخێر جێگەیان کردبوەوە، تەنیا دەیگوزەراند، بۆیە دەڵێم دەیگوزەراند چونکە بەزیندومانەوەو گوزەراندن ڕەنگە مانای تەواوەتی ژیان نەبێت. ئەو پیاوە ماڵی نەبوو، بەڵکو سەرپەنایەکی هەبوو لە ژورێکی ژێرخانێکدا گیرسابووەوە، کە پەنجەرەی تێدا نەبوو، تەنها دەرگایەکی هەبوو کە بەدارو تەنەکە دروستکرابوو، کە لەلاشیپانەوە هەموولاکانی تری ژورەکە، کەلێنی گەورەی تێدابوو، ژورێکی تاریک و بێ پەنجەرە، سەرینێکی کوردی و لبادێک و لێفەیەکی شڕ هەمووسایەو ماڵ و سامانی ئەو پیاوە بوو! هەندێ دارو چروچیلکەی هەبوو، کە لەوەرزی سەرمادا لەئاگردانەکەی ناوەراستی ژورەکەدا ئاگری دەداو خۆی پێ گەرم دەکردەوە، هەندێک پارچە ئاسن و شاخی ئاژەلیش لەلایەکی ژورەکەوە دانرابوون، کە چەقۆی پێ دروست دەکرد و دواتریش بەدیاری دەیبەخشییە خەڵکی ئاوایی.
ئەو وەستایەکی دەست رەنگین بوو، دەمەداس و تەوراس و پیشکی* دروست دەکرد کورەیەکی هەبوو بۆ جۆشدان و گەرمکردن و سورکردنەوەی ئەو پارچە ئاسنانەی، کە چەقۆ و پیشکی لێدروست دەکردن، لە شاخی ئاژەلیش دەسکی بۆ دروست دەکردن. هەر بەدەست ئیشی بە کورەکە دەکرد وهەواکەی لە هەمبانەیەکەوە دەردەچوو ئاگرەکەی دەگەشاندەوە.
ئەو پیاوە فەتاح بوو، بەلای کەمەوە لەحەوت دەیەی تەمەنی دابوو، باڵایەکی مام ناوەندو دوو چاوی سەوز و ڕوخسارێکی سورو سپی هەبوو، هێندە لە بەر بەڕۆژکە دانیشتبوو پێستی روخساری ڕەش هەڵگەرابوو، ئەسمەر ڕەنگییەکەی زیاتر لەناو برۆ و برژانگ و ریش و سمێلیدا دەردەکەوت کە ئەتووت چۆڕی شیرە. بەڵام هێندەی سیغار کێشا بوو سمێلە سپییەکەی بە دوکەڵ زەرد ببوون، هەمیشە ئەو ستارخانی و مرادخانیانەی لەبەردابوو، کە خەڵکی ئاوایی دەیاندایەو چیتر بۆخۆیان لەبەریان نەدەکرد، هەرکەس لە جل و بەرگەکەی بێزارو وەرس بوایە بەفەتاحیان دەبەخشی.
فەتاح هەندێک تایبەتمەندی هەبوو، کەلەخەڵکی ئاوایی جیاوازبوو، بۆنمونە : هەرگیز پشتێنی نەدەبەست، کڵاوو جامانەی لەسەری نەدەبەست، تەنها لەوەرزی سەرمادا جامانەیەکی شڕی بەبێ کڵاو لەسەری دەئاڵاند، هەمیشە پێلاوەکانیشی بەسەر پێیەوە دەکرد. پاڵتۆیەکی درێژی لەبەردەکرد، کە تەنها یەک قۆلی تێهەڵدەکێشاو قۆڵەکەی تری لە دەرەوە بوو، لایەکی پاڵتۆکەی هەربەشانییەوە بوو! کیسەیەکی دەکرد بەلاقەدیەوە، کە قوتویەکی دەفتەری سیغارەکەی و بەردو ئەستێ و پوشوو* و ئەوتوتنەی تێدابوو، کە جوتیارانی ئاوایی بۆخۆیان بەرهەمیان دەهێناو بەشی ئەویشیان دەدا، بەوتوتنەیان دەگوت توتنی بۆندار. فەتاح دوربینێکی بەقایشێکەوە دەکردە ملی، کە لەکاتی زەردەپەردا لەسەربانە گڵەکانی گوندەوە دەیڕوانییە لوتکەو بناری چیاو ئەو نێری و بزنە کێوییانەی بەدی دەکرد، کە لەبەرزایی چیاکەوە سەیری ناوئاوایی یان دەکرد، هەندێجاریش چاوی دوربینەکەی دەگواستەوە سەر سەنگەرو رەبیەکانی رژێم و تەماشای جوڵەی سەربازەکانی دەکرد، کە لە خوارووی ئاواییەوە وەک هەڕەشەیەک لەسەر ژیانی خەڵک دامەزرابوون و سەربازی تێدا نیشتەجێ بوون. ڕەبیەکانی رژێم هەروا سەعاتە ڕێیەک بەپێ لەگوندەوە دوربوون.
ئەو پیاوە کەسێکی گۆشەگیرو تەنیاکەوتوویەکی ناو ئاواییەکەمان بوو، نان و ئاوی لە ماڵەکانی ئاواییەوە پێدەگەیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو خەڵکی ئاوایی خۆشیان دەویست کەچی سەردانی هەموو مالێکیشی نەدەکرد، پیاوێکی دەست و دەم و داوێن پاک بوو. لە مزگەوت نەبوایە نوێژی نەدەکرد، پەیوەندی یەکی ڕۆحی بەهێزی لەگەڵ خودای خۆی دروست کردبوو هەتائەو ڕادەیەی، کەخەڵکی ئاوایی توشی گرفتێک بونایە بە فەتاحیان ئەوت دوعاو نزایان بۆبکاو لەخوا بپارێتەوە بۆیان.
فەتاح هەستی شەشەمی بەهێز بوو، زۆربەی پێشبینی یەکانی راست دەردەچوون، بۆیە خەڵکی ئاوایی ئەیانوت وەستا فەتاح
کەراماتدارە، زۆربەی جار کراسێکی چلکنی خۆی دەکردە بوخچەو جلە چلکنەکانی تێدەپێچاو دەیهێنا بۆ دایکم و ئەیوت: (ئایشێ ) ئەوجلانەم بۆ بشۆ، هەندێک جاریش چەقۆیەکی دەست کردی خۆی بە دیاری ئەدا بەدایکم، دایکم خوڵکی نانخواردنی دەکردو جەختی لێدەکردەوە، کە بۆ نانخواردن بێیتەوە بۆ ئێرە. فەتاح هەر بەشەنگێ بانگی دەکردم چونکە ناوی منی بۆ نەئەهاتە سەرزمان.
ئەگەر برسی بوایە، بەهەرد و پەنچەکانی (شایەتمان و بالابەرزەی) ئاماژەی بۆ دەکردم و ئەیوت: شەنگی بەدایکت بڵێ دوهێلکەم بۆ بکوڵێنێ، کە لەمزگەوت هاتمەوە ئەیانخۆم.
وەستا فەتاح، سەری لە چاککردنەوەی ساچمەزەن و تاپر و دەمانچەش دەرئەچوو، باوکم دوو دەمانچەی هەبوو، یەکیان لەوجۆرە بوو، کەپێیان ئەوت ستار، فەتاح زۆر حەزی لەو دەمانچەیە بوو. بۆیە باوکم دڵی نەشکاندو پێی بەخشی، زۆر دڵی بەدەمانچەکە خۆشبوو، بەنیتاقێکەوە کردبوی بەلایەکی کەمەریەوە، زۆر ئەترسا لە جاش و عەسکەری رژێمی بەعس لە ژیاندا سەردانی شاری نەدەکرد و هەرگیز شاری نەبینیبوو .
هەمیشە ئەوەم لەلا پرسیاربوو فەتاح کێ یە ؟ بۆ تەنیایە؟ بۆ ماڵی نیە ؟ ئەو پرسیارانەم لە دایکم دەکرد و منی مناڵ سەرم لێی دەرنەدەچوو. وەلامی دایکیشم هەر ئەوەبوو، ئەیوت: خەڵکی نۆدشەیە دڵیان شکاندوە و بریاری داوە سەری خۆی هەڵبگرێ بۆیە ئێستا بەبێ کەس لێرەیە، پرسیارەکەم لەگەڵ رۆژگار تێدەپەری و هیچ وەڵامێکی یەکلایی کەرەوەم چنگ کەوت و تێنەدەگەیشتم، کە گەورەبووم لەوە دڵنیابووم، کە فەتاح خەڵکی نۆدشەو پاوەی رۆژ هەلاتی کوردستانەو کاتێک گەنج بووە عاشقی کچێکی ئاوایەکەی خۆیان بووە، چەندجارێک چووەتە خوازبێنی و نەیانداوەتێ و مەعشوقەکەی بە شوئەدەن و لێی دائەبڕن، ئیتر ئەویش سەری خۆی هەڵئەگرێ و لە گوندەکەی ئێمە دەگیرسێتەوە.
لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، دوای ئەوەی جەیش وجاش هێرشیان کردە سەر ئاوایی و ئاوایەکە گیراو سوتێنرا، خەڵکی ئاوایی پەرتەوازە و ئاوارەبون. هەریەک بەلایەکدا ڕۆیشتن و فەتاحیش ئاوایی جێدەهێلێت و رێگەی سەخت و بەفرگرتووی چیا دەگرێتە بەر بەرەو سەرگەڵو، بەڵام سەرماو شەختە هەنگاوەکانی خاودەکەنەوە، هەتا لەپێچێکدا جاش و حەرەس جمهوری بەدیل ئەیگرن و دەمانچە ستارەکەی باوکیشم، کە بەدیاری پێی دابوو لێی ئەبێ بە بەڵاو ئەوەندەی تر جورمی قورس دەکات. دوای ئەوەی دەیگرن، بەکۆپتەر دەیگوێزنەوە بۆ شوێنێکی نادیار، چەند جارێک ویستبویان لە بەرزایی ئاسمانەوە لە کۆپتەرەکەوە فڕێی بدەنە خوارەوە، بەڵام نەیانکردبوو، وەک باس ئەکرێ ئەوکاتە لەراگەیاندنەکانی رژێمەوە وابڵاودەکرێتەوە کە جێگری جەلال تاڵەبانیان بەدیل گرتووە، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆۆۆر کە بۆیان دەردەکەوێ کە هیچ بەرپرسیارێتیەکی لەناو پێشمەرگەدا نیە، لەگەڵ پیرو پەککەوتەکان رەوانەی نوگرە سەلمانی دەکەن و دوای چەندمانگێک ئینجا بەری دەدەن.
فەتاحی ڕزگاربوی ئەنفال، کە هەموو ژیانی بە خەیاڵی عەشقی ژنێکەوە بەسەربرد. بەو تەمەنەو بەو برینەی ناو دڵییەوە بە نەخۆشی لە ماڵی (حاجی حسین) هەتا هەتا دواچرەکە ساتەکانی ژیانی خزمەتیان کرد. لەدوای ماوەیەکی زۆرکەم فەتاحی عاشق و دڵشکاو و برینداری رزگاربوی ئەنفال لە دوکان چاوە سەوزەکانی لێکناو خەم و کەسەری مەعشوق و خاک و خۆلی نیشتمان و غەریبی لەگەڵ خۆی دا نێژرا. هیچی تر بەرگەی نەگرت و کۆچی دوایی کرد. ئەم بەسەرکردنەوەیەی منیش تەنها بۆئەوەیە ئەو عاشقە ئەنفال دیدەیە بۆ هەتا هەتایە ناوی و چیرۆکەکەی وون نەبێت.
هەر لەبەر ئەوەش ئەمرۆ لەیادی ئەنفالی یەکدا گۆرەکەیم هەڵبەست.
——————————————————–
*- پیشک پارچەئاسنێکی دەم تیژی باریکەلەیە، کلکێکی لەدار بۆدروستکراوە، گوندنشینەکان بۆ هەڵکەندنی گۆزروان و کنگر بەکاریان دەهێنا.
* – ئەستێ و پوشوو ئاسنێکی سێ گۆشەیەو لەبەردێکی تایبەت دەخشێنرێ وپریشکی ئاگری لێدەبێتەوە. پوشوو، لەودارانە دەردەهێنرێ کەناویان کلۆردەبێت و ئەوەی لێیهەڵدەوەرێ پێیدەوترێت پوشوو، شێوەی وەک لۆکەیەکی زەردهەڵگەڕاو وایەو زوو ئاگردەگرێت پارچەیەک لەگەڵ بەردوئەستێکە دەگیرێت و لەکاتی لێکخشاندنی بەردوئەستێکە پوشووەکە گڕ دەگرێ و جگەرەی پێدادەگیرسێ و ئاگری پێدەکرێتەوە.
تێبینی / لەبەر ئەوەی ناوی سیانی و رێکەوتی لەدایک بون و مردنیم نەزانی بۆیە نەمتوانی لەوەزیاتر لەسەر کێلەکەی بنوسم
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.