پەلامارە سەربازییەکانی ئەنفال .………………………………………ئامادەکردنی ئەنفالستان
پەلامارەسەربازییەکانی ئەنفال، کۆی هەموو تاوانەکانی ئەنفال نییە وەک میدیای کوردی دەیخاتە ڕوو، بەڵکو یەکێک بوو لەهەنگاوەکانی پرۆسەکە، دەنا پێش پەلامارەسەربازییەکانیش پرۆسەکە لەئارادبووە، سەرەتا لە ٢٩ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕش بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێن کوبووەوەو تیایدا بڕیاردرا عەلی حەسەن مەجید کرایە بەرپرسی نوسینگەی باکوری رێکخستنی حزبی بەعس و بریاردەری یەکەمی ناوچەی باکور، لەدوای ئەم بریارەوە ناوبراو دەستی کرد بەپلان دانان، بۆجێبەجێکردنی پاکتاوکردنی گوندەکان و نەخشەی بۆ ١٢ کۆمەڵگای زۆرە ملێ داناو بانگەوازی بڵاوکردەوە بۆ گوندنشینەکان هەتا بێنە ناو ئەو کۆمەڵگا زۆرەملێیانەوە نیشتەجێ ببنەوە، هێشتا هیچ کۆمەڵگایەک دیوارێکی تێدا دروست نەکرابوو، کە لەمانگی مایسی ١٩٨٧دا دەستی کرد، بەروخاندنی گوندەکانی نزیک شکارەکان و سەرجادەگشتیەکان. لە ٢٢ی شوباتی ١٩٨٨ هێرشە سەربازییەکان دەستیان پێکرد، کە گەورەترین تاوانیان دژبە گوندنشینەکان ئەنجامداو دەستیان کرد بەروخاندنی گوندەکان و گرتنی خەڵکەکەی و رادەستی هێزە ئەمنیەکانیان دەکردن، هێرشەکان لەلایەن ئەفسەرانی پلەبەرزی سەربازییەوە نەخشەیان بۆ داڕێژراوبوو، سەرەتا بۆ بەچۆکداهێنانی گوندەکان و ئەوهێزانەی بەرگریان دەکرد چەکی کیمیایی بەکاردەهێنا، بەوەش خەڵک دەشڵەژان و بەترس و تۆقاوی خۆیان رادەستی هێزەکانی جاش و سوپا دەکرد. سەرئەنجام پەلامارەسەربازییەکان بە هەشت قۆناغ و لەماوەی شەش مانگدا لە پەلاماری جیاوازدا لەناوچەی شارباژێرو دۆڵی جافایەتیەوە دەستی پێکردو لەبادینان رۆژی ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ بەیانی کۆتایی لەلایەن فەرماندەی فەیلەقی پێنج خوێندرایەوەو کۆتایی بەپرۆسە سەربازییەکان هات، لەماوەی ئەوپەلامارەسەربازییانەدا بەسەدان هەزار کەس بەژن ومنداڵ و پیروگەنجەوە گیران و رەوانەی بنکەی سەرەکی کۆکردنەوە کران، لەناوچەی سۆران لەسەربازگەی تۆپزاواو لەناوچەی بادینانیش لە قەڵای نزارکێ خەڵکەکە کۆکرانەوەو لەوێوە جارێکی تر پۆلێن دەکرانەوە ژن و منداڵ بەجیاو گەنج بەجیاو پیربەجیا هەریەکەیان بۆچارەنوسێکی جیاوازو مامەڵەیەکی جیاواز رەوانە دەکران. گەنجەکان راستەوخۆ لەتۆپزاواو قەڵای نزارکێوە دەبران بۆگوللەبارانکردن لەناو ئەوچاڵانەی لەبیان بۆیان ئامادەکرابوو. پیرەکانیش رەوانەی قەڵای نوگرەسەلمان دەکران. ژن ومنداڵەکانیش ئەوانەی تۆپزاوا رەوانەی سەربازگەی دوبزو تکریت دەکران و ئەوانەی قەڵای نزارکێش رەوانەی سەربازگەی سەلامیەی نزیک موسڵ دەکران.
هەرلەکاتی پەلامارە سەربازییەکاندا، پێش ڕوخاندنی خانوی گوندنشینەکان لەلایەن سوپاو جاشەوە هەرچی سامان و ماڵی جوتیاران و گوندنشینەکان هەبوو دەدزرا و تاڵاندەکران، ئینجا خانووەکانیان ئاگر تێبەردەداو بەشۆفڵ دیوارەکانیان دەروخاندن و تەختی زەوی دەکران.
ئەگەرچی هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی جێگەمتمانە لەبەردەست دانییە بەڵام ئاماری نافەرمی باس لەکوژران وبێسەروشوێنکردنی ١٨٢٠٠٠ مرۆڤ و ٤٥٠٠ گوند دەکرێت.
ئەنفال و کەلتوری بەعس
راگەیاندنی دەوڵەتی عێراق و دەزگا میدیاییەکانی حزبی بەعس لەسەرەتای پرۆسە سەربازییەکانی ئەنفالەوە بەشانازییەوە باسی ئەو تاوانەی دەکردو بەهەموو شێوەیەک رەوایەتی پێدەداو هەمیشە وێنای ئەنفالکراوانی وەک خائین و بەکرێگیراوانی ئێران دەکرد، هاوکات بۆ سەرنج راکێشانی دونیای عەرەبی ئەم درندایەتیەی تێکەڵ بە کەلتور و فەرهەنگی عەرەبی و ئیسلامی دەکرد، و بەشانازییەوە باسی دەکرد. ئەگەرچی ناوی سوسیالستی بەحزبی بەعسەوە بوو بەڵام ئاڵای عێراق بە اللەاکبر نەخشێندرابوو تێدەکۆشا حزبی بەعس و ئیسلام و عروبە لەشوناسێکی هاوبەشدا نیشانبدات و لەیەک ئامانجدا کۆییانبکاتەوە و هەمووشیان لەپیرۆرزی عروبەدا پێناسەبکاتەوە.
هەڵمەتی سەربازی و قۆناغەکانی ئەنفال
قۆناغى یەکەم:
قۆناغی یەکەم لە شارباژیرو سورداش و دۆڵی جافایەتی و بنگردو مەرگەوە دەستی پکرد، ئامانجیش گرتنی سەرگەڵو بەرگەڵوو بوو کە بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن و خەستەخانەو مەکتەبی عەسکەری لێ بوو، هێرشەکە نزیکەی ٤٠ رۆژی خایاند لە شەوی ٢٢/٢٣/ی شوباتى ١٩٨٨ دەستیپێکرد و لە ١٩ى ئازار دوای بەرگرییەکی زۆری پێشمەرگە کۆتایی پێهات. هەرئەو رۆژە بەیانی کۆتایی لەلایەن سەرکردایەتی گشتی هێزەچەکدارەکانەوە خوێندرایەوەو رایگەیان کەکۆتایی بەقۆناغی یەکەمی ئەنفال هات.
پێشەوایەتی هێزەچەکدارەکان و سوپای عێراق بەللیوارکن (سوڵتان هاشم ئەحمەد) سپێردرابوو کە راستەوخۆ سەرکردایەتی هێزەپەلامار دەرەکەی ئەنفالی دەکرد. بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان هیزە بەشدارەکانی ئەم قۆناغەی ئەنفال بریتی بوون لە هێزەکانی فەیلەقی یەک و ٢٠لیوا و ٦٠ فەوجی سوپا فەوجی جاشە سوکەڵەکانی بەرگری نیشتمانی کەبریتی بوون لەهێزی میلیشیای کورد، کەبەزۆری لەهێزی خێڵەکوردەکان پێکهێندرابوون.
قۆناغى دووەم:
دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی ئەنفال تەواو بوو، سەرکردایەتی یەکێتی گیراو پێشمەرگە لە دۆڵی جافایەتی ومەرگەو شارستێن و شارباژێر پاشەکشەیان کرد، هێزەکانی سوپاش نەخۆیان پشویانداو نە هێشتیان پێشمەرگەش بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە ئەنفالی دووەهەمیان دەست پێکرد،سەرۆکی ئەرکانی سوپا نزار عبدولکەرم فەیسڵ ئەلخزرەجی، لەبارەی ئەنفالی قۆناغی دووەمەوە لە بیرەوەرییەکانیدا نوسیوێتی : (سوڵتان هاشمم راسپارد و داوام لێکرد کە پەلە بکات و لەزوترین کاتدا چەکدارانی کوردو هێزی ئیرانی لەناوچەی قەرەداغ و قۆپیەکانی دەرپەڕێنێ، بۆئەو مەبەستە تیپی ٣٦ و ئەوکەرتانەی ئەزمونیان هەبووە، لە روبەروبوونەوەی ئێرانیەکان لەکەرتی دەربەدیخان تەرخان کران، لەگەڵ فرۆکەی سەمتی وهێزێکی مغاویریش لە قۆپیەکان وبەرزایەکاندا بەفرۆکە دابەزێندران)[1]لەقەرەداغ لیوارکن ئەیاد خەلیل زەکی فەرماندەیی هێزەکانی دەکرد، ئەیاد خەلیل بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوییەوە لەقۆناغی یەکەمدا بووەتە جێگەی برواو متمانەی خەزرەجی و دیارە هەرخۆشی هەڵیبژاردووە بۆیەکلایی کردنەوەی ئەم قۆناغە([2]) جگەلەم ئەفسەرە بروا پێکراوە، چەندین ئەفسەری بەئەزمونیش لەگەڵیدا، کاریگەریان هەبوو،لەوانە لیوارکن قوات خاسە عدنان ناجی فەرماندەو پیشەوای هێزی خالیدی کوری وەلید. یەکەم پەلاماری بۆسەر قەرەداغ بەچەکی کیمیایی بوو بۆسەر گوندی قەرەباڵغی سێوسێنان لە٢٢ی ئازاردا واتا رۆژێک دوای ئاگری نەورۆز گوندی سێوسێنان درایە بەر کاتوێشای کیمیایی و زیانێکی گیانی زۆری لێکەوتەوەو ٦٩ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا. بۆرۆژی دوایش هێرشی زمینی دەستی پێکردو لەچەندین قۆڵەوە هێرشکرایە سەرناوچەی قەرەداغ.
لە ڕۆژی ٢٣/٣/١٩٨٨ هێزەكانی سوپای بەعس کە لیواركنی زرێپۆش ( ئەیاد خەلیل زەكی ) فەرماندەیی وپێشەوایەتی دەکردن، هێرشیان كردە سەر تەواوی ناوچەکە، لە گردەشێر، میریاسی لەلایەكی تریشەوە بۆگڵەزەردە، زڕگوێزو دارەرەش. لە چەند قۆڵێكی تریشەوە هیرشی ئەنفال بەم شێوەیە دەستی پێكرد :
• لە قۆڵی دەربەندیخانەوە: بۆكانی سارد، باوەخوشێن. بۆ چرچەقەڵا، شاخی زەردە، هۆمەرقەڵا، بەلەكجاڕ، تەكیەو سێوسێنان، دوكان .
• لە سلێمانیەوە بۆ زڕگوێز، دارە ڕەش، ناحیەی قەرەداغ .
• لەزەرایەنەوە بەرەو جۆلان و بەلكان .
• بیركێ بەرەو ناوتاق .
• لەزەردەوە بەرەو بەرزاییەكانی قۆپی .
• لەزەردەوە بەرەو چرچەقەڵاو بەكر بایەف ( ئەوسا بارەگایەکی پێشمەرگەی یەکێتی لە چرچە قەڵابوو)
• لەكەلۆشەوە بەرەو باوەخۆشین و بەلەكجار. ئەوسا بارەگاکانی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە بەلەگجاردا بوون.
• دسكەرە بەرەو بەلەكجار .
• لە ئەڵڵاییەوە بۆئاڵی بزاو، هەنجیرە، باڵانجۆ، شێخ مەن ودەربەند سوتاو.
• ئەڵڵایی بۆ هالەی سەرچاوە، خێوەتە، دێلێژە.
• ئەڵایی بۆكانی شایە، وەرمزیار، داریكەلیو گاوانیو باڕۆیی .
• لەبازیانەوە ڕاستەوخۆ بۆ سەرشاخ تاكو دەربەندی باسەڕە.
• لەچەمچەماڵەوە بۆمەلا حسین، دەربەند باسەڕەو ژاڵە.
• لەسەنگاوەوە بۆ سەگرمەو سەرچیای قەرەداغ .
لەبەر کەمی پێشمەرگە، هەرچەندە هێزی لایەنەکانی تر هەبوون، وەک شیوعی وپارتی و حسک و ئۆپزسیونی عێراقی بەڵام هەرگیز هێزەکانیان هێندە کاریگەر نەبوون بتوانن پێش بەو لەشکرە زۆرەی بەعس بگرن.
قۆناغى سێیەم:
ناوچەکانى گەرمیان بەگشتی گرتەوە، خۆرئاواوە خورماتوو،
کفری و کەلار، لەرۆژەهەڵاتیشیەوە چەمچەماڵ و گوندەکانی کەرک و قادرکەرەمی گرتەوە،
ئەم قۆناغەش لە ٧ ى نیساندا دەستیپێکرد، ئەگەرچی هێشتا هیچ فەرماندەیەک وەک پێشەوای
ئەم قۆناغە نەزانراوە بەڵام بەزۆری ناوی للیوارکن بارق حاج حنتە دێت کە ئەوسا پلەی
سەربازییەکەی عەمید رکنی قات خاصە بوو، بەڵام هەندێکیش دەڵێن، عەلی حەسەن مەجید
سەرپەرشتیی کردووە.
لەبەرئەوەی هێزی پێشمەرگە بەهۆی رۆیشتنیان بۆ شەری بەرگری
لە سەرکردایەتیەکەیان و لەوێ لەئەنفالی یەکەمدا توشی شکست ببوون و هێشتا بەرێگاوە
بوون بگەنەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوانەشی گەیشتبوون ماندوو شەکەتی رێگابوون و ماوەی
مانگێکی تەواویش لەشەڕی ئەنفالی یەکەمدابوون هیچ پشوویەکیان نەدا کەدووبارە توشی
شەڕی ئەنفال بوونەوە لەناوچەکەیان بۆۆیە بەپشتیوانی هێزی بەرگرییشەوە توانییان هەروا
هەفتەیەک بەرگری بکەن، بە تایبەتیش لەگوندی شێخ تەویل ماوەی ٥پێنج رۆژێک بەرگرییان
کرد، بەڵام لە تازەشارو ئۆمەربل، تەنها رۆژێک بەرگرییان پێکرا لەتازەشار هەموو پێشمەرگەکان
شەهیدبوون، بەڵام لەئۆمەربل توانیان بکشێنەوە.
بەڵام لێرە خەڵک زۆر بەخراپی و بەرێژەی زیاتر لەهەر
جێگەیەک کەوتنە داوی سوپاو جاشەوەو بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر گیران و بێسەروشوێن کران.
لێرەدا بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە رژێم بۆ گرتن و کۆکردنەوەی خەڵک پلانێکی تری دانا
بەلای کەمەوە دەرچەیەکی هێشتەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە لێوەی دەرچن و بەو داوەوەبن کە
بۆیان نرابووەوە ئەویش کۆبوونەوەی خەڵکەکە بوو لەگوندی مللەسورە. بەتایبەتیش بۆ گوندەکانی
سەربە قەزای کفری و کەلار، دەنا لەگەرمیان سێ مەڵبەندی سەرەکی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی
خەڵک، خەڵکی گوندەکانی سنووری قادرکەرەم لە ئالیاواو مەرکەزی پۆلیسی ناحێکە
کۆدەکرانەوەو خەڵکی سەنگاویش لەسەرقەڵای سەنگاوو دواتریش هەموو خەڵکە کۆکراوەکەی قادرکەرەم
و سەنگاوو ناوچەی جەباری بەسەیارەی سەربازی و پاسی کۆستەر بەرەو للیواکەی چەمچەماڵ
بران لەوێشەوە بۆتۆپزاوا.
خەڵکی ناوچەکانی قەرەحەسەن و لەیلان و داوێ بە زۆری
بەرەو خورماتوو دەبران. لەوێش لەمەرکەز شەبابەکەی
دۆزکۆکرانەوە.
بەڵام هەرچی ئەوخەڵکەی لە للیواکەی کەلارو گوندی مللەسورە کۆکرابوونەوە
کە بەزۆری خەڵکی گوندەکانی سەرقەڵا و کفری و پێباز
و دەوروبەریان بوون، گواسترانەوە بۆ قۆرەتۆ کە بارەگای تیپی ٢١ سوپا بوو،
ئەگەرچی هیچ ئامارێکی تەواو لەبەردەستدانیە بەڵام
باس لە ٢٥٠٠٠ کەس دەکرێت ، کەلەم پەلامارەدا گیراون و ئەنفالکراون. رۆژی ١٤/٤/١٩٨٨ هەموو ئەوخەڵکەی لەگوندی مللەسورە
کۆکرابوونەوە رەوانەی قەڵای قۆرەتوو کران، هەر بۆیە ئەو رۆژە بۆیادکردنەوەی ئەنفال
دانراوە.
قۆناغى چوارەم:
ناوچەیەکی زۆر فراوانی گرتووەتەوە، لەتاسڵوجەوە بۆ
خەلەکان، بەری رۆژئاوای جادەی دوکان سلێمانی، بەشێک لەگوندەکانی قەزای چەمچەماڵ و
دوکان و کۆیەو ئاڵتون کۆپری شوان و شێخ بزێنی هەتا دەگاتە دێگەڵە هەردووبەری ناوچەکانى زێی بچووکی گرتەوە، لە قەزای
دوکانەوە هەتا دێگەڵەو پردێ، واتە دوکان، کۆیە، تەقتەق، ئاغجەلەر، چەمی رەزان، گۆپتەپەو
عەسکەرو بناری خاڵخاڵان و ناوشوان و قەرەهەنجیرو گوندەکانی سەربە قەزای چەمچەماڵ.
ئەم قۆناغە لە ئیوارەی ٣ی ئایار بەکیمیابارانی
هەردووک گوندی گۆپتەپەو عەسکەر دەستی پێکرد هەتا ٨/٥/١٩٨٨ی خایاند، بەزۆریش خەڵکی
گوندەکانی گۆپتەپەو عەسکەرو بناری خاڵخاڵان لەچەمی بابەڕوشەدا گیران کەدەکەوێتە
بناری چیای خاڵخاڵان هەربۆیە ئەم پەلامارە زیاتر بە ئەنفالی قەڵاسێوکەو خاڵخاڵان
ناسراوە.
لە ئێوارەی ٣/٥ بەکیمیابارانکردنی گۆپتەپە و عەسکەردەستیپێکرد،
نزیکەی ٢٠٠ هاووڵاتی مەدەنی بەگاز شەهید بوون، دەیانکەسیش بریندار بوون، جگە لەوەش
بۆ رۆژی دوایی هێرشی زەمینی دەستیپێکردو لەماوەی چەندرۆژێکدا تەواوی ئەوخەڵکەی
خۆیان لەچەم و دۆلەکاندا شاردبووەوە بەزەبری هێز دەرپەڕێندران و دەستگیرکران وئەنفالکران.
بەرەبەیانی ٤/٥ هێرشی پیادە لەم قۆڵانەوە دەستیپێکرد
:
لە تەکیە ـ ئاغجەلەرەوە بۆ
قەڵاسێوکە
لە چەمچەماڵەوە بۆ ناوشوان
لە سوسێوە بۆ چیای گەورەدێ و شیلەخان و عەوداڵان.
لەسوسێوە بۆ چەمی رەزان و زەرزی
لەتەقتەقەوە بۆ
ناوگوندەکانی دەشتی کۆیەو بناری خاڵخاڵان بەم بەرو ئەوبەری زێی بچوکدا.
لە کۆیەوە بۆ گوندەکانی دەشتی کۆیە
لە دوکانەوە بۆ چیای کەڵکەسماق
لەچیای کەڵکەسماقەوە بۆ
کڵێسەوکانی بی.
٢٣٧ گوند لەم ناوچەیە روخێندراون و لەگەڵ زەوی تەختکراون.
نزیکەی ٢٥٠٠کەس لە بەری کۆیە و ٣٠٠٠ کەس لەناوچەی شوان
و شێخبزێنی و قەڵاسێوکە گیراون و ئەنفاکراون.
تەنانەت لە شوێنێکی وەک بناری خاڵخاڵاندا و لە چەمی بابە رووشەی جەلەمۆرد بە سەدان کەس لەو گوندانە ئەنفالکران، تەنها لەگوندی جەلەمۆرد باس لەگیران و بێ سەروشوێنکردنی ٤٧١ کەس دەکرێت، ئەگەرچی ئامارێکی وردوتەواو لەبەردەستدانیە بەڵام بەلای کەمەوە ناوی ٣٠٠ کەس گەیشتووەتە گۆڤاری ئەنفالستان.
قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم:
پێناچێت هیچ راپۆرتێکی سەربازی دەربارەی ئەم قۆناغانە لەبەردەستدابێت بەڵام لەدوای ئەنفالی چوارەم ناوچەکانى هیران و نازەنین و بێستانەو سماقوڵی و خۆشناوەتی و شەقڵاوە و رواندز و خەلیفان کەوتنە بەرپەلامارەکانى ئەنفال، بۆیە پێدەچێت سوپا زۆر بەخێرایی پرۆسەکەی بەبێ بەرگری ئەنجام دابێت بەڵام لەقۆناغی حەوتەمدا توشی بەرەنگاری قورس بووەتەوە.
قۆناغی حەوتەم :
ئەم قۆناغە مەڵبەندی سێی یەکێتی و ئەو هێزانەی تری
مەڵبەندی یەک و دوو لەناوچەکانی وەرتێ و دۆڵی ئاکۆیان و دۆڵی مەلەکان و شەقڵاوەو
رەواندوز لەچیای کۆرەک و گەرەوانان و دۆڵی ئاکۆیان و چیای هەورێ و کونەکۆتر و
قەندیل کەوتنە بەرەنگاریی و ماوەیەکی زۆر سوپای عێراقیان ڕاگرت، لە ١٥ى مایسەوە تا٣١ى
ئابی ١٩٨٨ بەردەوام بوو.
لەم قۆناغەشدا دۆڵی بالیسان و گوندەکانی نازەنین و
سماقوڵی و وەرێ و کونەسیخور و گەرەوانان بەر بۆمبی کیمیایی کەوتن، ئەگەرچی هەندێک لە
گوندەکان پێشتر چوڵکرابوون و هەندێکیان چووبوونە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، وەک
باسترمەو شکارتەو حاجیاوا، بۆیە لەچاو گوندەکانی گۆپتەپەو عەسکەرو سێوسێنان کەمتر
زیانی مرۆییان بەرکەوت، بەڵام وەنەبێ بێ زیان بووبن تەنها لەگوندی وەرێ ئێوارەی
١٥ی ئایار ٣٤ کەس بەبۆمبی کیمیایی گیانیان لەدەستدا، لە کونەسیخوڕیش ئەو خێزانانەی
مابوون لە ئەشکەوتەکانی دەوروبەری بالیسان بەبۆمبی کیمیایی شەهیدبوون لەوانە
خانەوادەی جەعفەر حەمەد هەموویان شەهید بوون.
لەم ناوچەیەشدا، خەڵکێکی زۆری دۆڵی مەلەکان و بلەی خوارو، دەستگیرکران و رەوانەی تۆبزاوا کران وچارەنوسیان وەک خەڵکی ئەنفالکراوانی ناوچەکانی یەک ودوو سێ بوو.
ئەگەرچی بۆمایەوەیەک هێرشەکانی سوپا راگیران بۆ بەپێداچوونەوە بەپلانەکانیان، دوای مانگێک دیسانەوە هێرشەکان لە دۆڵەکانی مەلەکان و وەرتێ و هیران و سماقوڵی ۆ بالیسان دەستیان پێکردەوەو ئینجا هێزەکانی پێشمەرگە ناچاربوون ناوچەکانیان چۆڵبکەن.
قۆناغى هەشتەم:
ئەنفالی بادینان ، دواقۆناغی پەلامارەسەربازییەکانی
سوپا بوو، ناوچەکانى زاخۆ ئامێدى و ئاکرێ، و گوندو ناحێکانی سەربە پارێزگای دهۆک
وبەشێک لەگوندەکانی ناوچەی شێخانی سەربە پارێزگای موسڵی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە ٢٥ى
ئابدا بەبۆمببارانی کیمیایی لەگوندەکانی دهۆک بەتایبەتی لە بورجینی و یەک ماڵاو
بناری گارا دەستی پێکرد، لەگوندی برجینی ١٣ هاوڵاتی بەچەکی کیمیایی کوژران، رۆژی
٢٨ی ئاب لەگوندی کورێمی ٣٣ پیاو لەژن و منداڵەکانیان جیاکرانەوەو هەرلەجێدا گوللەباران
کران، لەناویاندا ٦ کەس بەبرینداری لەژێر تەرم وخوێندا خۆیان رزگارکرد، ئەگەرچی
لەم قۆناغەدا شەڕوبەرگرییەکی بەرچاو نەبوو، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکەوە هێرش و
پەلامار هەتا تا ٦ى ئەیلولى ١٩٨٨ خایاند. لەگوندی
مێرگەتی ٨ پیاو وەک ئەوانەی گوندی کورێمی گوللەباران کران لەناو ئەوانیشدا کورێکی
گەنج بەناوی بەنگین مستەفا رزگاری بوو، بەڵام دواتر، خزمەکانی رادەستی ئەمنیان
کردەوە بەنیازی ئەوەی سەلامەت بێت بەڵام ئیتر جارێکی تر بەنگین نەبینرایەوە،
لەوانەی کورێمیش فەتاح عەبدولقادر دەست سوپاکەوتەوەو رەوانەی قەڵای نزارکێ کرابوو،
بەداخەوە لەوێ بەبەرچاوی منداڵەکانیەوە بەبلۆک کوشتبوویان.
[1] بروانە نزارعبدالکریم الخزرجی- الحرب العراقیة- الایرانیة -١٩٨٠-١٩٨٨ مذکرات مقاتل- ٢٠١٤- ص ٣٨١ پیدیف . لاپەرەکانی ژمارەیان لەسەر نیە بەڵام بەخوێندنەوەی ئەلیکترونی ٣٨١ دەخوێنێتەوە .
[2] لە بەڵگەنامەیەکدا کە لەبەردەستە نوسراوێکە تیایدا هاتووە بە فەرمانی بەڕێز سەرۆکی فەرماندە بە بەخشینی مەدالیای ئازایەتی بۆ لیوا روكن (درع) ئەیاد خەلیل زەكی فەرماندەی پرۆسەی ئەنفال بە هۆی رۆڵی بەرچاوییەوە لە فەرماندەیی كردنی پرۆسەی ئەنفالی دووهەم . بە ژمارە ( ٣٤٧)مەرسومی كۆماری بۆ دەرچووە لە ١١ی نیسانی ١١٩٨٨ . بۆ زانیاریتان، ئەیاد خەلیل زەکی فەرماندەی عەمەلیاتی ئەنفالی دووەم بوو لەناوچەی قەرەداغ ودواتریش لە ئەنفالی گەرمیان و ئەنفالی قۆناغی چوارەم و لەناوچەی بادینانیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە ئەم ئەفسەرە تاوانبارە کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە لەبەرئەوەی سەربەئاینی شیعە مەزهەب بوو لەداداگای باڵای تاوانەکان دەریانکردوو رێگەیان نەدا داگایی بکرێت . سەبارەت بە لیوارکن ئەیاد خەلیل زەکی خەزرەجی دەڵێت دوای ئەوەی ئەو (خصالە) و ئیدارەو ئازایەتیەم لێ بینی لە پرۆسەی پیرەمەگروندا کەمەبەستی (پرۆسەی ئەنفالی یەکە) پێشنیارم بۆ سەرۆک کرد ئەیاد خەلیل پۆستی پێشەوای فەیلەقی پێنج وەربگرێت، بەلام بەرێوەبەری هەواڵگری سەربازی لیوا صابر ئەلدوری لە پێشنیارەکەم نارازی بوو، یاداشتێکی دابوو بەسەرۆک کە ئەیاد حزبی نیەو بەوە ناسراوە کاتێک خوێندکاری ئامادەیی بووە لایەنگری ئیخوان مسلمین بووە. بەڵام سەرۆک بەقسەی نەکردو رەدی دایەوە کە ” بەلامانەوە گرنگ نیە حزبی نیە، بەڵکو ئەو ئازایەو رۆڵی باشی بینوە لەجەنگی قادسیەدا، ئێمە وای دادەنێن کە بەعسی یە، بەڵام ئینتمای نیە” یەکسەر بریار دەرچوو بەمەرسومی کۆماری کرا بە پێشەوای فەیلەقی پێنج. دواتریش کرایە پارێزگای (موثنی) سەماوەو لەناو هێزە چەکدارەکاندا نەما. بروانە نزارعبدالکریم الخزرجی- الحرب العراقیة- الایرانیة -١٩٨٠-١٩٨٨ مذکرات مقاتل- ٢٠١٤- ص ٣٨١ پیدیف . لاپەرەکانی ژمارەیان لەسەر نیە بەڵام بەخوێندنەوەی ئەلیکترونی ٣٨١ دەخوێنێتەوە .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.