تشرینی یەکەم 26, 2023 Omer وتار 0
چی لە سالە و ئەوانیدی بکەین ……………هۆمەر محەمەد
بەر لەوەی هیچ لە بارەی ئەو هەموو سوكایەتی كردنە بە میمكە ئەنفالكراوەكان و داواكارییە ڕەواكانیان و مەینەتییەكانیان بڵێم. پێویستە پرسیار لە یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان بكەم داخۆ ڕاستە وەها کەسێک ئەندامی كارای ڕێکخراوەکەیانە ؟ بە هیوام وانەبێت، ئەگەر واشە هەقە شەرەفی ئەندامێتی لێوەربگیرێتەوە. ئەو پرسیارە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەشە داخۆ قایلن بەوەی ئەفسەرێك، سوكایەتی بەهاونیشتمانیان بكات ؟ هاونیشتمانیانی سوكایەتی پێكراویش کێ ؟ كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان. !
من ئەو كوڕە ناناسم، بەڵام جارێک لەبەرنامەیەكی كەناڵی نالیادا بینیم زۆرم خۆشویست، چونكە هەستم كرد توانایەكی زۆری هەیە لە هونەری لاسایی كردنەوەدا. دەكرێ باش پەروەردە بكرێ و خێر بۆ هونەری كوردی بداتەوە. خۆشم ویست چونكە لە گێرانەوەی هەژاری و مەینەتیەكانی خۆی و خانەوادەكەی و میللەتەكەیدا بە سەركەوتوویی بینیم و بوێریم تێدا بینی، بۆیە چاوەڕوان بووم، ئەویش ببێتـە خاوەنی رێچكەی تایبەتی خۆی و لە ناو قوڵپی گریاندا قاقای پێكەنینمان بۆ بەرهەمبهێنێ.
وەلی ئەفسوس بە بینینی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە زۆر نابەرپرسیارانە سوكایەتیەكی بێ ئەندازە بە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكات و بە بێباكی و خوێنساردییەكی زۆرەوە مەینەتی و تراژیادیای نەتەوەیەك دەكاتە بابەتی گاڵتەجاڕیی زۆر هەرزانی ناو دانیشتنێكی شەوانە و لە ڕێگەی مۆبایل و پێگەی فەیسبوكەوە بڵاودەكرێتەوە.
تاوانێك كە لە سەدەی رابوردوودا نەك بەعس و دنیای عەرەبی، بەڵكو ئابڕووی مرۆڤایەتی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە، برینێك كە لە دوای تێپەرینی چارەكە سەدەیەك هێشتا بەجەستە و رۆحی كوردەوە ئازار بەخشە و ئاسەوارە خراپەكانی بەردەوامە. كەچی گەرمیانیەك ڕونتر بڵێین سەنگاوییەك، كە لە دەڤەرەكەی خۆیدا زۆرترین خەڵك ئەنفالكراون. زۆرترین چیرۆكی ئازاربەخش و مرۆڤ تەزێنی تێدایە بێن و بیكەنە بابەتی كات بەسەربردن !؟ دڵنیام زۆربەی ئەنفالكراوانی ناوچەی سەنگاو ئەگەر كەسی زۆر نزیكی ئەوكەسە نەبن كەلاساییان دەكاتەوە و ئەوانەشی لەو دانیشتنەدا حیلكە حیلك پێدەكەنن ئەوا خزم و كەسی دوریانن. كەچی لە بری ئەوەی قۆڵی بنیاتنانەوەی لێهەڵبماڵن و لە هەموو ڕەفتارێكی دزێو دور بكەونەوە لەبری ئەوەی بە سوك تەماشاكردنی مرۆڤ بە تایبەتیش قوربانیانی ئەنفال بكەنە هێڵی سور، كەچی خۆیان ببن بەكارەكتەری سەرەكی ئەو سوكایەتی پێكردنە !! بەڕاستی ئازاربەخشە. ئەوە نەنگی تاک نییە، بەڵکو تراژیدیای جەهلی میللەتێكە نەك بێباكی و خوێنساردی تاكە كەسێك .
لەگەڵ لێپرسینەوەدام بەڵام هەرگیز ئازاردانی ئەو كەسەی كەوا سوكایەتی بە كەسوكاری ئەنفالكراوانكردووە، ئاسودەم ناكات، بەهیوام ئەو كەسانە چ ئەوەی گاڵتەجارییەكەی كردووە و چ ئەوانەی بڵاویانكردووەتەوە بێن و لەسەر شاشەی تەلەفزیونەكان و لە میدیاكانەوە داوای لێبوردن لەو مرۆڤانە بكەن، كە ئەنفال لە ناخەوە سوتاندونی پەشیمانی لەو بەدڕەفتارییەی خۆیان دەربڕن.
بەهیوام كەسوكاری ئەنفالكراوانیش وەكو كێشەی شەخصی خۆیان سەیری نەكەن، چونكە سوكایەتیەكی گشتییە و پێش هەموو كەس گاڵتەكردنە بە كورد بوونی خۆیان. بە هیوام هەموو خۆیان لە جنێوو قسەی برینداركەر بەدور بگرن چونكە جنێودان ڕەفتاری ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال بوو، با هەرگیز داوا نەكەین زیندانی كرێن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە و سزای قوربانیش بە هەمان لۆژیكی جەلاد نەبێ، چونكە ئەنفالكراوان زۆرترین جنێو وتۆمەتیان پێگوتراوە و زۆریان بەدەست زیندانەوە چەشتووە. هەرچەندە من لە ژمارە (8) گۆڤاری ئەنفالستاندا بڵاوم كردووەتەوە و لەوساوە بە دوای ئەو كەسەدا دەگەرێم بۆ ئەوەی بیدەینە دادگا بەڵام هەرگیز مەبەستم شكاندن و ئازاردانی نەبووە، هێندەی مەبەستم بووە تاوانكار بە ئاگابێتەوە چ هێلێكی سوری بەزاندووە، چونكە سوكایەتی كردن بە قوربانیانی جینۆساید سوكایەتیە بە هەموو پیرۆزیەكانی مرۆڤ. مافی قوربانیانی تاوانی جینۆساید لەسەر تەنها حكومەتێك نیە بەڵكو لەسەر كۆی مرۆڤایەتیە .
رەنگە باشترین سزای ئەو كورە لێبوردنی بێت. هەلبەت لێبوردن بەو واتایەی لە زیندانی كردن و ئازاردانی دەبورین بێئەوەی ئەوەمان لە بیربچێتەوە كە كەسانێك لەسەر مەینەتیەكانی ئێمە چێژ دەبینن، چاویان هەڵوەرینی دەست و پەنجە و مشتەچاوی هەڵڕژاوی گەنج و پیروژن و منداڵانی كورد لە بیابان نابینێ، كەچی چاوتیژن لە دۆزینەوەی دەرفەتدا بۆ گاڵتەكردن بەهەست و بەهای مرۆڤە ستەملێكراوەكان .. نەخێر هەرگیز ئەوەمان لەبیر ناچێتەوە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.