تشرینی یەکەم 01, 2023 Omer ئهنفال 0
جوان بژێر
گێڕانەوەی رزگار ئیبراهیم مەحمود
نووسینەوەی ( سەلام خەلیفە)
پێشەکی: ناولێنانی ئەم چیرۆکە .
(کاتێک منداڵێک لەدایک دەبێت، هەر زوو یان پێشوەخت دایک و باوک و کەسوکاری دەچنە پیری منداڵەوە ، ناوێکی دڵخوازی خۆیان بۆ ئامادەو جلوبەرگی بۆ سازدەکەن ، منیش کاتێک گوێم لەم چیرۆکە ئەنفالە گرت ، نەم زانی چی ناوێکی لێبنێم کاتێک لە ناوڕاستی چیرۆکەدا گوێم لە گێڕانەوەکە بوو، جێشەعبی و بەعسێکان دەهاتنە ناو (سجن) بەندیخانەکەوە هەرچی کچ و ژنی جوان وشەنگ هەبوو دەیان بردو ئیتر نەدەبیرانەوە. بەڵی ئەنفال هەموو شتەجوانەکانی کەلتووری کوردبوو، بەکچ و ژنی جوانمانەوە هەڵیانبژاردوو بردیان بۆیە ڕەنگە ناوی ئەم چیرۆکە بە”جوان بژێر”شیاوبێت
من ڕزگارم ناوە کوڕی ئیبراهیم مەحموود .
دایکم ڕەحمە خالد مەعروڤ ، لە هەردەی گەرمیانی گەرمیان و ڕەشپۆشەوە لەدایک بووم .
نۆبەرەی منداڵی دایک و باوکمم
سێ براو خوشکێکم هەییە ، لەگوندی پیرەمۆنی لەساڵی۱۹۷٨ چاوم بەژیانی کراوەتەوە .
” ئاوای پیرەمۆنی ،وەک تەواوی گوندەکانی گەرمیان لە قۆناغی سێ ئەنفالدا بەر ئەو شاڵاوە نەفرەتییەی ڕێژێمی بەعس کەوتووە ، خەڵکی پیرەمۆنی زیاتر لە خێڵی هۆزی داوێی و زەنگەنەن ، کە ئەم دوو هۆزە لەشاڵاوی سێ ئەنفالدا قوربانی زۆریان بەرکەوت ، ئەمەش بەهۆی بەرفراوانی و زۆرییانەوە کە لە دەڤەرەکە لەگوندەکاندا نیشتەچێن “
“پێرەمۆنی دەکەوێتە باوشی گەرمیانەوە هاوسێ سنوورە لەگەڵ ئاوایی بنەکە ، قەڵاچەرمەڵە ، گەرمک ، قەواڵی”خەڵکی ئاوایی وەک تەواوی ئاواییەکانی گەرمیان بۆ بژێوی ژیان ، ڕۆژانەی ساڵەکان سەرقاڵی بەخێو کردنی ئاژەڵ و بەرووبوومه چووتیاوی بۆیسانی و دەیمێکان دەبوون .ئێمەی منداڵی ئاوایی ڕۆژانە بەردەسی ئیشوکاری ماڵەوەمان دەکرد ، ئەوەی تۆزێک ئاوا هەراش بواییەت شوانیمان دەکرد یان دەچووینە لای بەرخ و کارەکان و دەبوینە ساوەلەوان ، یان بۆ خۆمان لە ناو ئاوایدا ڕمبازکێ و یاری چاوشارکێ و گوللەگولان و شاخەگەڕە بزنەگەڕە و هەلویکان و دۆمبەڵان و خانەخشکێمان دەکرد ، زۆر بەی وازێکانیش کچەکانیش لەگەڵمان یاریان دەکرد زیاتر ئەوان یاری خانەخانەو قاچانیان لەگەڵ یەکتر دەکرد .ژن و پیاوەکانیش ڕۆژانە سەرقاڵی ئیشه قورسەکان بوون ، ژنان زیاتر ئیشی ماڵەوەیان دەکرد ، وەک چێشت لێنان ، کەلپەل شۆرین بەخێوکردنی منداڵ و پاکڕاگتنی حەوشەوماڵ ،
پیاوانیش کاری زۆر قورس و دەرەوەیان دەکرد ، زۆربەی ئیشەکان هەرەوەزی بوون ژن و پیاوان پێکەوە قۆڵیان لیهەڵەماڵی و شان وەشانی یەکتری ئەرەقەی ماندووبونیان دەتکان .وەرزەکان لە ئاوایی هەر یەکەو تایبەتمەندی خۆیان هەبوو .هاوینان ـ دەستدەکرا بە کۆکردنەوەی ئەو دانەوێڵانەی کە لەسەرەتایی وەرزی زستان و پەڵەدا چێنراون . یان بۆیسان دەکراو ، هەندێ لە بەروبومە بۆیسانێکان بۆ وەرزی زستان وشکدەکرایەوە یان خۆشە دەکران پایزان خەڵکی ئاوایی خۆی کۆدەکردەوە بۆ وەرزی زستان و دەست دەکرا بە دووسواقەو قایم کردنی خانوو دیواری حەوشەو جێگای ئاژەڵەکان بتەو دەکرا هەموو درز و شەقکەکان قوڕکاری دەکرێن .زستانان زیاتر لای لەکاتی پەڵەدا جۆ و گەنم دەوەشێنرا ، لە ڕۆژە بارانەوەکانیشدا شوان مەڕی ڕانەدەدا لەماڵدا بەخێودەکران و کاو جۆی پێویست دەخراییە کۆلەکانیانەوە .
تەمەنم دە ساڵە ساڵی ۱۹٨٨ وەرزی بەهارەبەهاری ئەو ساڵە تابڵێت تەڕ و سەوز و گەش بوو ، لە هەرچیت دەڕوانی گەشەی دەهات لەجوانی ، کانییە وشکەکان دەستیان کردبووە دەردانی ئاوی سازگاری ژێر خاکی گەرمیان ، تەپەو تەلان تارای گوڵزاریان داپۆشیبوو ، چوتیارو تەواوی خەڵک بەو بارانە باشانەی دڵخۆش بوون ، داسیان تێژکردبوو تا بەروبومەکانیان درەوبکەن ، مەڕۆ بزن لە جیاتی دانەیەک دووانەیان دەبوو ، کاتێک دەچویتە ئەو دەرودەشت بۆ هێنانەوەی بەرهەمە بەهارێکان ، ئەوە کوڵەکەو پیازگەت پڕ دەکرد لە قنگرو دۆمەڵان و قاڵچک و پیشۆک و هەپڵۆک و ترویشکەو تۆڵەکەو چاوبازەو دەهێناییەوە .شوانەکان بەیانیان بە کەیف و سەفاوە ڕانیان ڕادەدا بۆ ئەو کەژ و کێووە.
لەگەڵ کاڵبوونەوەی تاریکی شەوداو دەرکەوتنی ئاسۆی بەرەبەیان ، بە دەنگی قوقەقووقی کەڵەشێر و قاپوقاچاخەکانی دەستی دایکم و نوێژخوێننی باوکم و نزاکانی دایکمەوە بەخەبەر دەهاتین .کاتێک خۆڕ بەیانی باشی لە ئاوایی دەکرد تاریکی شەو دەتۆرا ، دایکم هەموو پێداویستێکانی بۆ باوکم ئامادە دەکرد و دەیخستە جاخێکەوە لە هەگبەی کەرەکەی تووند دەکرد تا باوکم بچێ بۆ شوانی ئاژەڵەکان .ڕانیان ڕادەدا بۆ ئەو کەژ و کێوە ، هەندێ جار لەگەڵ باوکمدا دەچووم ، ئێوارە کە دەهاتنەوە هەنێ لە مەڕ و بزنەکان بەچکەیان دەبوو ، هەر زوو شوانەکەش بەرخ و کارە تازە لەدایک بووکانی دەخستە تاکە هەگبەکانەوە تا دەگەشتنە ماڵەوە .وە هەندێ ئاژەڵەکانیش دەدۆشران و دواتر بەرخ و کارەکان تێکەڵ دەکران ، قاڕەقاڕو باعەباعی ئاژەڵەکان هێندەیتر ئێوارەی گوندی جوانتر دەکرد ، چریوەی پاساری و پەڕەسێلکەکان ئاوازێکیان بە ئاسمانی دێ بەخشیبوو هەر مەپرسە .
زۆربەی بەیانێکان دایکم دەستی دەکردە مەشکە ژەنین ، ئێمە هێشتا لە تۆی جێگاکەوەین کاتێک گوێمان لە شڵقەشڵقی مەشکە ژەنینی دایکم دەبوو وەک ئەوە وابوو (موجتەبای میرزادە ئاواز بۆ گۆرانێکانی زیرەک دەژەنی). سوودی زۆرمان لە شتی خۆمانە دەبینی ، بژێ و ژیان زوربەی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی بوو ، لە گەنم ، ساوەر و دۆینەو قەرەخەرمان و گەنمە کوڵا و گەنمەکوتاو ئاردیش مان هەبوو ، لە شیری ئاژەڵەکان ماست و دۆ و کەرێ و ڕۆن و کەشک و پەنێر بەرهەم دەهات .
کاتێک پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ دەهاتنە ئاوایی و بەسەر ماڵەکاندا دابەش دەبوون ، مالی دووسێ پێشمەرگەیەک بۆ دەهاتن، بینینی پێشمەرگە لای ئێمە چێژبەخش بوو، وەک پاڵەوان و ئەفسانەمان دەبینین ، دڵمان پێیان خۆش بوو، بەجوانترین و بەباشترین خواردن خزمەت دەکران و جلوبەرگیان دەشۆراو لەکاتی ڕۆشتنیشدا بەگوێرەی پێویست خواردنیان بۆ دەبەسترا .
ئاوایەکەمان قوتابخانەی تێدا نەبوو منداڵەکانی ئاوای بۆ خوێند دەچوون بۆ ئاوایی قەواڵی ، قەواڵی لەسەر چەمی ئاوەسپی بوو. نزیک سی خولەکێک وەپێ دەگەشتی ، من نەم دەخوێند ، لەبەر ئەوەی کوڕی گەورەی باوکم بووم بەردەستی ئیشوکاری ماڵ و باوکمم دەکرد،یان لەبەر ئەوەی قوتابخانە له دێکەی خۆمان نەبوو ، نازانم باش بیرم نییە ڕەنگە دوای تەمەنی حەوت ساڵی من قوتابخانە هاتبێتە قەواڵی ، خۆزگە وانەدەبوو منیش ئەو سەردەمە بمخوێندایەت ، یان خۆزگە هەر ئەنفال بەسەرماندا نەهاتایەت قیروسیا لە نەخوێنەواری من.. خەڵکی ئاوایمان زۆربەی خزم و کەسوکاری یەکتری بووین ، نزیک سی و پێنج ماڵ و خێزانێک ، لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشی یەکترین .کاتێک ماڵێکی ئاوایی ئیشیان هەبواییە ، وەک خشت بڕین یان دووسواقەی بکرادایەت هەموو بەهەرەوەزی بە تاقێک کارەکەیان تەواو دەکرد ، یان لە کاتی پێگەیاندنی جۆ و گەنمدا هەر یەک لای خۆیەوە داسی هاوکاری تێژ دەکردوو خەلەیان دەدورییەوە دەیان کرد بە عەمبارەوە ، بەگشتی ئیشوکارەکان بەهەرەوەزی کۆتایی دەهات .لەکاتی پرسەدا و ناخۆشیدا هەر یەکی لای خۆیەوە شاخی کاوڕێکی دەگرت و یەکێ تەنەکەی ڕۆنی دەهێنا ، خزمێک بڕێ برنج ، خزمێک ئاردو پیارزگەیان لە نۆک و فاسوڵیان دەهێنا ، وە بۆ سەبوری کەسوکاری خاوەن پرسە هاوخەم و هاوشانی دەوەستان تا چەند ڕۆژێک .پێش ئەوەی کچی بکرێ بە بووک و تارای سوری بەسەریدا داپۆشی ، دووسێ ڕۆژ پێش ڕۆژی شایی خۆشی و شادی دەگێڕا ، زیاتر شەوان لە بەردەم ماڵی زاوا دهۆڵ و کوتان بوو دەنگ و ئاوازی زۆڕنا تا دەگەشتە ئاوایەکانی تر شەپۆلی دەدا. لەماڵی بوکێش بەزم و خەنە بەندان بوو ، لەڕۆژی شایدا دەکرایە ڕمبازکێ ئەسپسواری ، شای بۆ ئێمەی منداڵ زۆر خۆش و چێشبەخش بوو ، بە هەوەسی خۆمان کەیفمان لەو شایە دەبینی ، ژنان و پیاوان بە جلی کوردی ڕەنگاو ڕەنگەوە لەبەردەم دهۆڵدا هەڵدەپەڕین ، خەڵکیش بە دەوری ڕەشبەڵکدا دەوستان و لەسەربانەو بەچواردەوردا کچان و ژنان لە شادیان دەڕوانی ، لە سیمای هەر کەسێکت دەڕوانی وەک مانگ دەدرەوشایەوە بزەی پێکەنینی دەباران .زۆربەی ژن خواستن لەو کاتە دابونەریەتی خۆی هەبوو ، زۆر جار ژن بەژن دەکرا ئێستا ئەو دابونەریتە ماوە کە ژن بە ژن دەکرێت ، ئەگەر کوڕێک خوشکی نەبوایەت ئەوە ژنهێنان بۆی قورس دەبوو ، کەم کەس توانای ئەوەی هەبوو بە شیروایی ژن بهێنێت ، زۆربەی هاوسەرگیرێکان سەرکوتوو دەبوون . بەجۆرێک بەهار باڵی کێشابووبەسەر خاکدا تەنانەت بان کونەڵان و پاڵ ئاگردانی مەقاڵەش گیای ڕواندبوو ، بەهاری ساڵی هەشتاو هەشت و بارانی بە بەرەکەت بوو ، کەیف وسەفای بەخەڵکی ئاوایی دابوو ، بەڵام ئێمە بێئاگا بووین لەوەی چەند ڕۆژێکی تر دەوارێکی ڕەش لە خوارەوە دێت و هەموو شتەکان دەبن بە خۆڵەمێش ڕەشبەڵەک دەبێت پرسەو گژووگیا بە تەڕی دەسوتێنی . قۆناغەکانی یەک و دووی ئەنفال ڕوی دابوو ، خەڵک بەگشتی لە نائومێدیدا دەژیا ، شۆڕش و پارتەکانی شاخ ئەوانیش تەواو لاوازببوون ، دەسەڵاتی بەعس بەهۆی شەڕی لەگەڵ ڕژێمی ئێران ماڵەێک نەبوو کەسێکی لە شەڕی ئێراق و ئێراندا نەکوژرابێ یان برینداری بۆ نەهاتبێتەوە ،لە ناو خۆشدا زندانەکانی پڕ کردبوو لە کوردی بێتاوان تاوانی کورد ئەوییە تەنها کورد بوون بوو ، گەر ئاورێک لە کتێبە مێژووی و یادەوارێکان بدەینەوە ، دەکەوێتە پێش چاومان کە کلۆربوونی ڕەگی داری ئازادی کورد کرمی خۆیەتی ، دەسەڵاتی بەعەس بەناوی جیاجیا کوردی دەکردە جاش و بۆ لێدان لە کورد ،
سەرەتایی مانگی چواری ساڵی ۱۹٨٨ بوو جێشی و جاشێکی زۆر وەک ئەوەی لافاو لە خوارەوە بۆ ژوربێت ڕووی تێکردنین ، ئەو پرۆسە ڕووی لەهەر شوێنێک بکردایەت وێرانی دەکرد .خۆمان کۆکردەوە بڕێ شتومەکی پێویستی ڕۆژانەمان کردە جاخەوە ، بەناجاری پشتمان لەو دێ کرد کەسەدان ساڵە باوباپیرانمان تێدا ژیاون ، بەو شەویی بارانە ڕوو لە ملەسوورە دەکەین ….خۆمان کۆکردەوە بڕێ شتومەکی پێویستی ڕۆژانەمان کردە جاخ و هەگبەی کەرەکانەوە ، بەناجاری پشتمان لەودێ کرد کەسەدان ساڵە باوباپیرانمان تێدا ژیاون ، بەو شەویی بارانە ڕوو لە ملەسوورە دەکەین .ماڵی ئێمەو دووماڵی تر بووین پێش ئەوەی بگەینە ملەسوورە ، یەکێک لەماڵەکان وتیان دەبێت بچینەوە بۆ ئاوایی ، لەبەر ئەوەی تەواوی پێناسەکانی خێزانەکەمان بیرچووە ،سەرەڕای ئەوەی واحوکومەتی عێراق و دەسەڵاتی بەعسی عێراقی لە قڕ کردنی کوردە ، کەچی خێزانی کورد لە هۆڵی ئەوەدایە کە جنسێ عێراقێکەیان نەفەوتێ ” بەو شەوە درەنگە تاریکە و باران و سەرماییە بووە مقۆمقۆی ئەوەی چیبکەین بۆ کۆی بچین .دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەر خێزانێکی ئاوایەکان لە شار زەوی پێدەدەن خانووی بۆدەکەن ، ئەم قسە لەتاوی گەرمیاندا بڵاوی کردبوو، بۆ ئەوە بووخەڵکی ئاوایەکان خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتی سەدام بکەن و بە کەیفی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی کورد بات ، ئەمە وای کردبوو زۆربەی خەڵک دەچوون خۆیان ڕادەست دەکرد “لەوێ گەورەکان بڕیاریاندا بچنەوە بۆ ئاوایی ، هەرچەند ئێمە ڕێگایەکی زۆرمان بڕیبوو ، کەمێکمان مابوو بچین بۆ ملەسوورە لەوێ خۆمان ڕادەستی دەسەڵاتی دووژمن بکەین . بەڵام گەڕاینەوە بۆ ئاوایی . ئیمجا بڕیاریان کۆڕی وتیان با بچین بۆ خورماتوو لەوێ خۆمان ڕادەستی ڕژێم بکەین .
” هەڵبەت مانەوە لەئاوایی نەدەبوو ، ئاوایی کەسی تێدا نەمابوو ، هەر خێزانوو بە لایکدا دەچوون. هەبوو بۆ قادرکەرم هەبوو بۆ ملەسوورە ، هەبوو بۆ خورماتوو، ئەوەیشی ئاژەڵی هەبوو لای شوان جێیان دەهیلا لەو دەشتە دەمانەوە خۆیان دەداییە دەستی قەدەری خوا “لەئاوایی ئەوماڵەی کە جنسێکانی نەهێنابوو
دۆزیانەوە ، هەر بەو شەوە بەرزایەکەی وارانییەوە کەوتینە ڕێ بۆخورماتوو .تەنها بەشەوو دەمان توانی ڕێبکەین ئەویش بێ ئەوەی هیچ ڕووناکیەک داگیرسێنین ، بوونی ڕووناکی وای دەکرد ئەو جێگا تۆباران بکرێ، چونکە جێش و جاشێکی زۆر لە سنووری گوندەکانی گەرمیاندا بڵاوی کردبوو، بە ڕۆژ دەگەڕان و ئاوایی دوای ئاوایی وێرانیان دەکرد ، زیاتر بەشەویش ترسی ئەوەیان هەبوو پێشمەرگە پارتیزانەکان هێرش بکەنە سەریان و زیانیان پێبگەیەنن بۆیە زیاتر بە ڕۆژ هێرشیان دەکرد بۆ کاولکردن و ئەنفالکردنی گەلی گەرمیان ” بەناو داوێدا لە نزیک گوندی شۆراوەوە بەرەو خورماتوو ڕێدەکەین ، هەموومان وەپا ڕێمان دەکرد ، تەنها منداڵە بچووکەکان نەبێ لە ناوهەگبەی کۆێدڕێژەکان بوون، یان بەباوشی دایک و باوکەوە بوون یان خوشکی گەورە یان برای گەورە. بە ناڕەحەتی لە چەمی ئاوەسپێ پەڕێمانەوە ، بەهۆی بارانەوە ئاوێکی زۆر هاتبوو ، ڕێگاکەش هەر قوڕەلیتەبوو . نزیک ڕۆژبوونەوەبوو گەیشتینە خورماتوو. کاتێک چوینە ناوشارەوە . جەیش گرتمانی و لەپاڵ مەکینەی ئاوێکدا ڕایان گرتین، خەڵک تێدەپەڕین و لە ئێمەیان دەڕوانی ، ژیانمان زۆرناخۆش بوو نەماندەزانی چیمان بەسەر دێت .
” ڕۆژانی ئاوایمان خۆش بوو ، سەرەڕایی قورسی ئیشوکاری ئاوایی بەڵام ڕاهاتنوو ئازادبوون فرە خۆشە ، ئەم بەیانیمان زۆر جیاوازە وا لەبەردەم جێشێکی بەعسدا لەبەردەم ئەو سەرما هەموو جەستەمان تەڕو قوڕاوییەو دانیشتوین چاوڕێی دەکەین بزان دووژمن چیمان بەسەر دێنی “نزیک دوو کاتژمێر لەپاڵ مەکینەی ئاوێکی خورماتوودا دامانیان نا ، لە بان ڕێگاکەش (شارع)کە جێش بازگەیان دانابوو ، سەربازێکی زۆر بەو ناوەدا بڵاوی کردبوو ، مەل نەی دەتوانی بپەڕێتەوە ، هەرچی گوومانی ئەوەیان بکردایە کەخەڵکی ئاواییەکانە دەست بەسەر دەکران و دەگیران .ئێمەش داماو بێکەس ، هیلاک وبرسی، بەجلی تەڕوو قوڕاوییەوە، لەپاڵ مەکینەی ئاوەکەدا. تەنانەت خۆمان بەزەیمان بەخۆماندا دەهاتەوە، هیچ کەسێ لە ڕێبواران نەیدەوێرا ئاورێکمان لێباتەوە ! منداڵ لەبرسیاو سەرماو لەترسا دەگیریان، ژن و پیاویش وەک دیلێکی تاوان بار لەخۆیانیان دەڕوانی، بەکاتیان دەوت کەی و چیمان بەسەر دێت ؟ ” ئێمە لە ئاوایی ژیانمان وانەبوو ، دوونیا سارد بوایەت ، زۆپای داریان ئاگرد دەدا ، لەپاڵ زۆپادا هەموو دادەنیشین نان و چایی مان دەخوارد و دەحەساینەوە ، ئەگەر برسیمان بوایەت دۆینەیەکمان دەگرتە دەستەوە وردە وردە لێمان دەخوارد یان لەناو جامێکی فافۆنا ئەمان خوسان کەمێ شەکەرمان بەسەیردا دەکرد ئەمان خوارد “بەڵام ئێستا وا بەو بەرەبەیانە لەبەر سەرما بەزگی بەتاڵەوە لەبەردەم دووژمندا دیلین چاوەڕێ دەکەین بزان چیمان بەسەر دێت !جێشەکە لاندگرۆزێان بە زۆرهێنا ئێمەیان بارکرد ، نازانیین بۆ کۆێمان دەبەن ، قەیەرێ وەناو خورماتوویدا ماشینەکە ڕێگای بڕی ، گەیشتینە قەد بڕێ مونشائەی گەورە ، کە گەیشتینە ئەوی ئێمەیان داگرت و بە شۆفێر مونشائەیان وت تۆبچۆ. ” چەند مونشاپەکەیک وەستابوون بەجێش دەور درابوو ، چاودێری دەکرا نەکا کەسێ ڕاکات و خۆی دەرباز بکات ، ” ئێمەیان گەیاندە لای مونشائەکان بڕێ خەڵک تری تێدا بوو هەر یەکێ خەڵک ئاوایەک بوو لەخەڵکی داوێ و زەنگەنەو گەرمیان بەزۆری ، نزیک سێ بۆ چوار مونشائە دەبوو ئێمەیشان لە مونشائە بارکرد ، وەک گەراج چاوەڕیان دەکرد پڕبێت و دواتر بەڕێبکەوێ .وردە وردە خەڵکیان دەگرت و دەیان هێنا ، کات گەیشتە نزیک نیوەڕوو لایدا ، سەیارەکان کەوتنە ڕێ . ” نازانین بۆ کۆێ دەچێ ، ئێمە تەنها ڕێگای ئاوایەکان شارەزا بووین ، یان شارە کوردەکان ، هەنێ گەورەکان دەیانزانی بۆ کۆێ دەبرین ئەیانووت بۆ خوارووە دەچین “گەیشتینە شوێنێک وتیان ئەیرە تکریتە …ئێمە تەنها ڕێگای ئاوایەکانی نزیک گوندەکەمان شارەزا بووین ، یان شارە کوردەکانی وەک کفری و کەلار و خورماتوو و کەرکوک (مونشائەکان )دوای کەمێک لە ڕۆیشتن ، لەبەردەم بینایەکی گەورەدا وەستا ،(سجن)ـەکە دەوور درابوو بە سەربازوو هێزی ئەمنی .کراینە (قاعە)ـەکانەوە هەر هۆڵێک زیاد لە سەد کەسی تێدا بوو، نەماندەزانی چیمان بەسەر دێت . ماڵی ئێمەو ماڵ بابام و خاڵۆم پێکەوە بووین ، بەندیخانەکە بە سیمی دڕکاوی و سەرباز تەنرابوو ، هیچ هەواڵێک نەبوو جێگای دڵخۆشی بێت . ڕۆژانە ئەگەر (صمون)ە ڕەقێک دەست دەکەوت . جێگایەکی پیس و سارد و ناخۆش بوو ، جار جار کۆمەڵی خەڵکیان دەهێناو دەکران بە هۆڵەکاندا ماوەی نۆ ڕۆژ لە بەندیخانەکەی (تکریت) بەندکراین. ئێوارەیەک دووای خۆر ئاوا بوون ، ئەوەی لەوێ بووین دەرکراینە (ساحە)ی بەندیخانەکەوە . ڕز کراین و بە دوو بەرەدا ئەوەی تۆزیک ئەملاو ئەولای بکردایەت هەڵیان ئەوکتاییە سەری و لیان دەدا ، ئەوڕژە جیاواز هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکردا دەکرد ، ئەتووت سەگن بۆ کورد هاربوونە !(ضابط)ئەفسەرێک هات و داریک بەدەستیوە بوو ، جار جار ئەیدا بەسەر ڕانی خۆیداو وەک ئەوە وابوو بەدوای نێچیردا دەگەڕێ بەناومادا .ئێمەی منداڵ تەنها چەکمان بەدەستی پێشمەرگەوە دیبوو، یان لەماڵدا بۆ ئەوەی لە ئاژەڵی دڕندە خۆمان و ڕانەکانی لێبپارێزین ، کاتێک بەشانی پێشمەرگەوە دەماندی هەستێکی خۆشمان بۆی هەبوو ، لەدڵی خۆماندا ئارەزوومان دەکرد کەی ڕۆژێک ئێمەش گەورە بینو دژی ستەمی حوکومەتی (بعس) بچەنگین ، بەڵام ئێستا واچەک وەک شتێکی سامناک هابەشانی (جیش شعبی)کانەوە ئێمەش گەورەو بچوون وەک نێچیرێکی ڕاو کراوە دیلیی ژێردەستی گورگێکی برسین ” دەستی کردە خەڵک جیاکردنەوە ،لە هەر خێزانێک ئەوەی کوری گەنج و کچی عازەو بوایەت دەستنیشانی دەکرد و دەبران ، کەس نەیدەوێرا بڵێت لەل ، بەنۆرە ، دارەکەی بۆ گەنجێ یان کچێکی عازەو درێژ دەکرد ، دوو (جند)ی سەرباز وەک چەقەڵ بۆی دەچوون و باڵیان دەگرت و دەبران چیا دەکرانەوە. گەیشتە لای خێزانەکەی ئێمە دوو میمکم لەگەڵماندا بوون عازەوو بوون ، دەستنیشانی کردوو، بران دادام وتی کچەکان بۆ کوێ دەبەن بۆ جیایان دەکەنەوە لیمان ؟ هیچ وەڵامێکی دادامیان نەداییەوە، وەک ئەوە وابوو ، بۆ کەڕوڵاڵێک قسەبکا ، بەردەوام بۆ ماوەی دوو کاژمێرێک ئەوەی جوان جاحێڵ بوو گۆڵبژێری کرد .ئەوە دوواین جار بوو میمکەکانم میمکەکانم (ڕازێ و خەچێ) ببینینەوە، ئیتر بردیانن، مەگەرخوا بزانی چیان بەسەر هاتووە چۆن و لەکوێ کران بەژێر خۆڵەوە ! ئەفسەرەکە بەخواستی خۆی خەڵکی هەڵدەبژارد و دیاری دەکرد . کەس نەیدەوێرا فززەبکات، هەڵبژاردەکان هەموو گەنج و کچی عازەوبوون .نزیک دوو کاتژمێر ، ئەفسەرکە هەرچی گەنج و کچ بوو، چۆن بێڵێت گووڵەچنەی کرد و جوانبژێری کرد. دوای جوانبژێرمان خوردنیان بۆ هێناین ، خواردنەکە ماستێک بوو لە قوتویەکی (جقجقە) سەفەری حازرکرابوو. زۆربەی خەڵک خواردنەکەی وەرنەدەگرت، نەک لەبەرئەوەی برسی نییە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێشتا زۆر نییە، کەسێ ئازیزی کچێکی یان کوڕێکی براوە کەس نازانێ بۆکوێیان بردن، ئێستا چۆن دانیشێت و خواردن وەرگرێت دەست بکات بە ماست خواردن” خواردنی لە قووتوکراو سەموون لای ئێمە نامۆبوون” ئێمە لەئاوایی هەموو خواردنەکانمان خۆماڵی بوو بەیانیان دۆینەو کەرێ و کەشک و ڕۆنی کوردی و ماستی ئاژەڵەکانی خۆمان دەخوارد ، ئەم ماوەی لە بەندیخانەی تکریت لەگەڵ خواردنی قووتو و سەموون ڕاهاتبووین یان لەبرسا هەرچییان بهێنایەت گەر ژەهریشی تێدا بووایەت ئەوە خەڵک لەبرسا دەیخوارد. “ئەوانەی خواردنەکەیان دابەش دەکرد، دیاربوو شتێکیان دەزانی دەیان ووت وەریگرن زەرەرناکەن ! دایکم بڕێ سەموون و ماستی وەرگرت وتی منداڵمان وردە بەکەڵکمان دێت .دوای بردنی گەنج و کچە عازەوەکان. ئەوەی مایەوە منداڵ و ژن و پیاوی بەتەمەن بووین .هەرچۆنبێت ژیان مان خراپ نەبوو تا ئەوئێوارە درەنگەی کە گوڵبژێرمانیان کرد، ئیتر ژیانی ناخۆش و دابڕانی خێزانەکان دەستی پێکرد. دوای بردنی ئەوان ئێمەیشیان سوارکرد، پاسی مونشئەیان هێناو پڕیان کرد لەخەڵک سواردەکراین بێئەوەی بزانین دەمانبەن بۆ کوێ شەوەو ئیتر نازانین بۆ کوێ مان دەبەن چیمان بەسەردێت. ئەو شەوە لە بەندیخانەی تکریتەوە ماشینەکان ڕێیان کرد تا دەمەو شەبەق ، لەگەڵ خورکەوتندا گەیشتینە شوێنێک وتیان ئێرە خواروی ئێراقەونوگرە سەلەمانە !
بەیانی زوو لەگەڵ خۆر کەوتندا گەیشتینە نوگرەسەلمان. کە گەیشتینە ئەوێ ، دایان بەزاندین و لە دەرگای خۆرئاواوەوە کە دەرگایەکی دوولای ئاسنینی گەورە چووینە ژوورەوە ، ئیمجا ئەفسەر و سەربازەکانی ڕژێمی سەدام حوسێن خێزان خێزان خەڵکیان جیادەکردەوە و دەیان ناردین بۆ قاعەکان .دیواری ناو قاعەکان زۆری بە (جریدە) ڕۆژنامەی جیاواز داپۆشرابوو ، دیاربوو ئەم جێگا نەفرەتیە پێشتر خەڵکی زۆری لێ بەندکراوە ، یان وێنە و یادگاری جۆراوجۆری بە زمانی عەرەبی نووسرابوون و گیرابوون” لێرەدا دەمەوێ لە باسی گێڕانەوەی چیرۆکی جوان بژێردا پێنووسەکەم ڕابگرم و بچمە سەر ناساندنی قەڵای نوگرەسەلمان ، کە ئەم قەڵاییە بۆ کوردانی فەیلی و سۆرانی بەشێکیتر لە نەتەوەکانی عێراق دۆزەخێک بووە . “
جوگرافیای قەڵای نوگرە سەلمان .
ناو ، نوگرە سەلمان.
شوێن ، نزیک ئاوایی سەلمان قەزای سەلمان ، پارێزگا مووسەنا . باشووری عێراق ، نزیک سنووری وڵاتی سعودیایە . دروستکردنی ئەم قەڵا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە سوپای ئینگلیز وڵاتی عێراقی داگیرکرد لە سەرەتای ساڵەکانی بیستی سەدەی بیستەم واتا پێش سەد ساڵ پێش ئێستا درووستکراوە. زیندانی نوگرەسەلمان مێژووی تاڵی بۆ گەلی عێراق بە تایبەت کورد هەیە ، ئێستاش بە بیستنی ناوی مووچورکە بە لەشی لێقەوماوانی ئەو جێگا ترسناکە دێت .ئەم زیندانە یادەوەری ناخۆشی لەلای هەموو ئەو کەسانە هەیە كە زیندانی ڕژێمی سەدام حسێن بوون ، بە تایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا و ئەوانەی سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی و حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوون. ئەندامانی ئەم حیزبانە زیندانی دەكران بۆ زیندانی نوگرە سەلمان دوور دەخرانەوە. وە یەکێکە ناوبانگرتین زیندان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تێدا ئەنجامدراوە .نوگرە سەلمان بۆ نەتەوەی کورد جێگایەک بوو بۆ ئەوەی کورد بۆ مەرگ تێدا زیندانی بکرێت . لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا ، ئەنفالكراوەكانی كوردستان بران بۆ باشووری عێراق و پێش زیندەبەچاڵكردنیان لە ناو زیندانی نوگرە سەلمان وەكو دوا قۆناغی ژیان و ئامادەكردنیان بۆ كۆمەڵكوژی دادەنران . لەم زیندانەدا بەهەزاران خەڵک لە پیر، گەنج، مناڵ و ژن لە برسێتی تینوێتیدا یان لە ئەنجامی ئەشكەنجەداندا مردوون. دەوروبەری قەڵاكە چەندین گۆڕی تاك تاكەی لێیە کەئێستایش ئێسکو پروسکی بەدەرەوەن .لە هاوینی ساڵی ۱۹٦٤ کاتێک خەڵکێکی زۆر لە لاینەگرانی حزبی شوعیی عێراقی دەستگیر دەکرێن ، دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر ، دەسەڵاتی عێراق دەیویست نزیک هەزار لەو زیندانە سیاسیانە ، لە بەغداوە بە شەمەندنەفەر بگوازێتەوە بۆ قەڵای نوگرە سەلمان . خەڵکی بە هەڵوێستی سەماوە ڕێگری لە شەمەندنەفەر دەکەن و زۆربەی زیندانیان ڕزگار دەکەن و نان و ئاویان پێددەن ، هەر چەند نزیک سەد زیندانییەک بەهۆی گەرما و برسێتی و تینوێتی و ئەشکەنجەدانیانەوە مردبوون ، ئەم ڕووداوە ئێستا مێژوونووسان بەفەخرەوە باس لە ئازایەتی خەڵکی سەماوە دەکەن و دەیگێڕننەوە .لە ئابی ساڵی ١٩٨٨ سەدان زیندانی لە هەڵەبجەوە بران بۆ نوگرەسەلمان ، کە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە، ڕەوانەی نوگرە سەلمان کران. گرووپی هەڵەبجە بریتی بوو لە خەڵکی هەموو تەمەنێک لە پیاو، ژن و منداڵ .
ئەم قەڵا لای کورد وەک جێگایەکی پیرۆز لیی دەڕوانێت نەک لەبەر ئەوەی جێگایەکە کە خزمەتی بە نەتەوەکەمانکردووە ، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە هەزاران کەس کەسوکاری لەو جێگا ژیاون یان ڕزگاریان بووە یان لەوێوە بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ براون و یان کەسی نزیکیان بە هۆکاری جیاجیا ژیانی لە دەستداوە و دەوروپشتی قەڵاکە بووەتە نیمچە گۆڕی . وە پاراستنی ئەو جێگا بۆ ئەوەی بۆ مێژوو بمێنێتەوە بپارێزێت بکرێت بە مۆزەخانەی ئەنفال .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.