ئاب 03, 2023 Omer شهنگال, وتار 0
لە یادەوەری تاوانی جینۆسایدی شەنگال دا:
ڕاستیەکی تاڵ بۆ مێژوو،
چیرۆک و ئەزموونی وەرگێڕێک
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ کاتێک بە مەبەستی کارکردن لەگەڵ سووپای ئەمەریکیدا گەڕابوومەوە بۆ کوردستان. شەڕی هێزی پێشمەرگە و حکومەتی فیدڕاڵی بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و زەمینی ئەمەریکا و هاوپەیمانان گەرم بوو.
لە یەکێک لە سەردانەکانماندا بۆ هێڵەکانی بەرگری و شەڕ لە دەوروبەری تەلەعفەر، چاوومان کەوت بە هێزی بەرگپۆشراو لەژێر ناووی زێرەڤانیدا بەڵام هەموویان ئێزیدی بوون.
پاش پرسیار و گفتوگۆکردن، دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێش و سەیرم بینی لە پێشەوەی تەپۆڵکە و تەلە دڕکاویەکاندا کە بۆ پارێز و خۆپاراستن چەقاندبوویان.
دەرگایەکی کورت دروستکرابوو بۆ پەڕینەوە لەگەڵ سۆندە و بەلوعەیەکی ئاودا، پاشان تا چاوو بڕ بکات جل و بەرگ و عەبا و پەچەی ژن و منداڵ و کچ کە لەسەر ئەو زەویە کەوتبوون.
دیمەنێکی زۆر سەیر بوو کە وێنە و دیمەنەکانی تاوانەکانی ئەنفالیان وەبیر ئەهێنامەوە
پاش وێنەگرتنێکی زۆر بە مۆبایلەکەم وە هەم بەو کامێرایەی کە پێم بوو، پرسیارم کرد لە هۆکاری ئەو هەموو جلوبەرگە فڕێدراوەی ژنان و منداڵ و کچان کە تیادا نەعل و پێڵاویشم ئەبینی.
کوردە ئێزدیەکان چیرۆکەکەیان بۆ گێڕاینەوە کە ئەو جل و بەرگانە هی ژن و منداڵ و کەسوکاری داعشەکانیان کە بە تاریکی شەودا لە لایەن داعشەکانەوە ئەهێندرێن و دەربازیان ئەکەن و پێان ئەڵێن بچنە لای کوردەکان چوونکە ئەوانە نە توشی دەست درێژی سێکسی (تەعدای جنسی) وە نە ئازار وە نە کوشتن ئەبنەوە.
زۆر سەیرم لێهات کاتێک گوێم لەو چیرۆکانە بوو کە ئەمیرەکانی داعش خێزان و منداڵەکانیان دەرباز ئەکەن لە کوشتن و لەناوبردن بەدەستی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە دەستیان نە ئەپاراست لە قەتڵ و عام و غەزا و بە کەنیزە گرتنی ماڵ و منداڵ و ژن و کچەکانی داعشەکان.
لە هەمووشی سەیرتر ئەوەبوو هەمان ئەو داعشانەی کە پێش سێ ساڵ لەوەو پێش زۆر دڕندانە و وەحشیانە هێرشیان کردبووە سەر کەسوکار و ماڵ و منداڵی ئێزیدیەکان و پاش کوشتن و ئەشکەنجە و سوتاندن و گرتنیان، بازرگانی جەستەییشیان بە کچ و ژن و منداڵەکانیانەوە کردبوو. ئەوەی خوا و ویژدان و ئەخلاق و مرۆڤیایەتی بوون پێ ناخۆش و ئازار بەخش بوو بێت، ئەو وەحشیانە زۆر دڕندانە بە کەسوکار و خێزان و منداڵانی ئەو پێشمەرگە ئێزیدیانەیان کردبوو.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەموو دڕندەیی و تاوانە قێزەونانەی ئەو داعشانەدا، ئێزدیەکان نەک پەرچەکرداری خراپیان نەبوو بوو بە پێچەوانەوە ئاوو و خۆراک و شیریان بۆ خێزان و منداڵانی داعشەکان دابینکردبوو وە زۆر مرۆڤانە و کوردانە لەگەڵیاندا ئەجوڵانەوە.
لەمەش سەیرترە ئەو هەستکردن بە ئارامی و ئازاد بوونەوەی ژنان و کچانی داعشەکان بوون کاتێک کە دەگەیشتنە سەر سنورەکانی کوردستان (هەرێم)، هەستیان بە ڕزگار بوون دەکرد لەو ترس و شەڕ و جەنگ و ئەشکەنجانەی کە ڕوو بە ڕوویان ئەبووەوە لە لایەن کەتیبەکانی حەشدی وەحشیەوە.
دوو گرووپی وەحشی و تاریک بین و دڕندە و دەمار و جەستە پڕکراو لە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایی مەرگ و جەنگ و تۆڵەسەندنەوە و تێکدەر ڕوو بە ڕووی یەکتری ئەبوونەوە وە ئەوەی مرۆڤ چاوەڕێ و پێشبینی نەدەکرد تەنانەت بە خەیاڵیش لەو بەرەی شەڕ و جەنگ و پێکدادانی ئەو گرووپە دڕندانەدا.
لە هەموو ئەمانەش گرنگتر گۆڕینی وێنەی کێشرا و پیشاندراوی ئێزیدیەکانە لە قوربانیەوە بۆ قارەمانێتی و جوامێری.
لێرەدا سەربازە ئەمەریکیەکان هەستیان بە شەرمێکی گەورە و پەشیمانیش دەکرد کاتێک ئەم جۆرە لە مرۆڤ و بووبی باڵایان ئەبینی کە مانا و بەهای بەرزی مرۆییان لە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ کەسوکار و خێزانی داعشە دڕندەکاندا پیشان ئەدات.
من زۆر باش ئەزانم و تێئەگەم کە ئێمەی کورد لە جیهانێکی تەنرا و نەخشە بۆ داڕێژرا و ڕێکخراوی تەنرا و بە نادادی و زوڵم و زۆرداریدا ئەژین. مێژوەمان شایەتی زۆر ئەو نادادی و زوڵمە و تێکدانە ئەدات. وە زۆر باش ئەزانم مامەڵە و جوڵانەوەی ئەوانی تر چۆن بووە لە گەڵماندا، بەڵام ئەوەم لا گرنگ و جوانە کە ئەو هەموو ناشرینی و نادادی و زوڵم و زۆرداریەی کە بەرامبەرمان کراوە، نەبوونەتە هۆکاری گۆڕین و تێکدانی سروشت و تایبەتمەندێتی زۆرینەمان وەک کورد.
ڕاستە ئێمە هەموو کاتێک سەرکەوتوو نەبووین لە بەرەکانی جەنگ و شەڕ و ململانێکاندا، یان لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان و ڕێکەوتننامەکاندا
بەڵام دڵنیام ئێمەی براوەی سەرەکی و یەکەمین لە مرۆڤ بوون و ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی گەلان و نەتەوە و گرووپ و خەڵکانی تردا.
گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکی گەلان و نەتەوەکان هەبێت بۆ پرسی ئاشتی و ئازادی و لێبوردەی، مەلەف و مێژووی کورد پاکترین و جوانترین وێنە و ئەرشیف و دۆسیەی جیهان دەبێت بۆ بەرجەستەکردن و پیشاندن و نمایشکردنی.
ئەو کاتە دەبێت هەمووان هەست بە شەرمەزاری خۆیان و سەربەرزی ئێمەی کورد بکەن کە سەرەڕای ئەو هەموو وەحشیگەری و بێ بەهایی و پوچێتیەی کە دروستکرا و بڵاوکراوەتەوە، ئێمەی کورد لە هەمووان زیاتر لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و هەمیشەیدا بووین بۆ مانەوەمان و بەرگری لەبەها و کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و هەڵکردنە ئاشتیخوازانەدا.
ئێمە ئەمڕۆکە کە لە بەردەم ٩ ساڵی یادەوەری ئەو تاوانە گەورە و ناشرین و قێزەونەی شەنگالین کە بەرامبەر بە خووشک و برا کوردەکانمان کراوە، لە هەمان کاتدا وەبیر خۆمان ئەهێنینەوە کە چەندین چیرۆک و گێڕانەوەی بەرز و باڵای ڕاستەقینەمان هەیە کە پێمان دەڵێن ئێمە بە تەنها قوربانی و مەزڵوم نین، بەڵکو شکۆمەند و سەربەرزین کە لەناو ئەم ژیان و بوونە ناشرینکراوەدا، لە بەرامبەر ئەم هەموو توندوتیژی و دڕندەیی و تاوانانەدا، هێشتا بە پێوە ماوین و لە هەمووشی گرنگتر مرۆڤ بوونی خۆمان لەدەست نەداوە وەک ئەوانی تر.
با من لێرەدا بوەستم و ڕێگە بدەم وێنەکانیش بۆ خۆیان بدوێن.
نەفرەت لە درۆزنی و ناشرینی و زوڵم و زۆرداری.
دروود بۆ خووشکان و برایانی ئێزیدیمان.
شەرمەزاری بۆ داعش و هاوشێوەکانیان
لەعنەت لە فاشیزم و بەعسیزم و ئیسلامیزم.
تێبینی: هیچ کەس و میدیا و ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندن کارێک مافی بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانەی نیە بەبێ پرس و ئاگاداری خاوەنەکەی کە خۆمم.
کامەران کوردی – ئەمریکا – ٣ی ئابی ٢٠٢٣
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.