تەموز 13, 2023 Omer ئهرشیف, وتار 0
ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆخۆی
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕا و سەرنجی ئەو برادەرانەی کە لەسەر چوونی، وەک دەگوترێت، هەژدە کەس لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتیی یان جیهانیی جینۆساید International Association of Genocide Scholars (IAGS)، کە هەر دوو ساڵ جارێک لە وڵاتێک دەبەسترێت، بە هەمانگیی لەگەڵ زانکۆیەکی سەنگین و ناوداری ئەو وڵاتە و ئەو شارەی کۆنفرانسەکەی ئەو ڕێکخراوەی تێدا دەبەسترێت. زۆر جار وادێتە پێشەوە کەسێک یان زیاتری تیمی ئەو وڵاتەی کە بەشدارە لەو کۆنفرانسەدا و تەواوی بەشدارانیش دەبێ ئەندامی رێکخراوەکە بن و ساڵانەش بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدەنە ڕێکخراوەکە لەبری ئەندامبوونیان و هەر کەسێکیش ساڵانە ئەو بڕە پارەیە نەدات ئەوە ئەندامێتییەکەی نوێ ناکرێتەوە و هەڵدەپەسێردێت و مافی بەشداری نابێت لە کۆنفرانسەکانی ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییەدا، کە پێشتر ساڵانە بوو بەڵام لە دوای کۆنفرانسەکەی ساڵی ٢٠١٥یەوە کە لە شاری یەریڤانی ئەرمینیا بەسترا و بەندەشی تێدا بەشدار بووم، ئیتر بووە بە دوو ساڵ جارێک.
ئەگەر هەڵە نەبم هیچ حکوومەتێک لە جیهاندا لەم کۆنفرانسانە نە وەک تاک و نە وەک تیم بەشدار نابێت، مەگەر لە دەسپێکی کردنەوەیدا نەبێت کە بەرپرسێکی حکوومەتی ئەو وڵاتە وتەیەک پێشکەش دەکات و ئەمەش دەگمەنە و لە کۆنفرانسەکەی ساڵی ٢٠١٥ی ئەرمینیادا سەرکۆماری ئەو وڵاتە وتەیەکی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.بەدەر لەوە بەشداران پسپۆڕ و لێکۆڵەرانی زانکۆکانی جیهانن یان کەسانی شارەزا یان چالاکی بوارێکی جینۆسایدی گەلەکەیانن، چ وەک تاک یان ئەندامی ڕێکخراوێکی ناحکوومیی کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک لە بواری جینۆسایدی وڵاتەکانیاندا بن و ئەویش بە مەرجێ پابەندی یاسا و ڕێسای ئەندامێتیی ئەو ڕێکخراوە بووبێتن. ئەوی ئێمە ئاگاداری بین بەشداریی لەم کۆنفرانسانەدا لەسەر ئەرک و مەسرەفی تاکەکەس خۆیەتی، یان ئەو زانکۆیەی وەک توێژەرێکی خاوەن پەیپەریان لێکۆڵینەوەیەکی بوارێکی جینۆساید دەتنێرێت. بۆ پەسەندکردن یان نەکردنی توێژینەوەکانی ئەو کۆنفرانسەش دەبێ بەلای کەمەوە شەش مانگ پێش بەستنی، باسەکەی یان پوختەکەی ناردبێت بۆ دەستەیەکی هەڵسەنگاندنی تایبەتی ڕێکخراوەکە و ئەگەر وەڵامی پەسەندیت بۆ هاتەوە ئەو کاتە دەتوانیت لە پانێڵێکدا پێشکەشی بکەیت، کە بە پێی خشتەی کارەکانی کۆنفرانسەکە دیاری دەکرێت و پێشتر ئاگادار کراویت. من لەگەڵ گرووپە خەڵکێکی پەیوەندیدار بە جینۆسایدی کوردەوە، چ وەک توێژەر یان چالاکوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بواری جینۆساید، سێ جار بەشداریم لەو جۆرە کۆنفرانسانەدا کردووەو لەسەر ئەرکی خۆشمان و تەنها بە بانگهێشتی فەرمیی ئەو کۆنفرانسانە و ڕێکخراوی IAGS ڤیزەمان وەرگرتووە و نە تاک و تیمی هیچ حکوومەتێکم نەدیوە بەشدار بووبێت. لە هەر سێ کۆنفرانسەکەشدا بە پەیپەرێکی توێژینەوەی جینۆساید بەشدار بووم. پێویستە ئەوەش بگوترێ کە زمانی قسەکردن و موناقەشە لە پانێڵەکانی ئەم کۆنفرانسانە تەنها ئینگلیزییە و هیچ زمانێکی تر نییە و خزمەتگوزاریی وەرگێڕانیشیان تێدا نییە و وەک نەریت هەر لە سەرەتای مانگی تەمووزیشدا دەبەسترێن. وەک بیرهێنانەوەیەک ئێمەی گرووپێک توێژەر و چالاکوانی کوردی بواری جینۆساید لە تەمووزی ٢٠١٤دا بەشداری کۆنفرانسی ئەم ڕێکخراوە بووین کە لەشاری وینیپیگی کەنەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی مانیتۆبادا بەسترا، کەوا لە سەدەی ١٨ و ١٩ و بەشێکی ٢٠یشدا گەورەترین پرۆسەی جینۆسایدی خەڵکە ڕەسەنەکەی تێدا بەڕێوەچووە، ئەوانەی کە پێیان دەگوترێ هندییە سوورەکان، لەسەر دەستی سپیپێستە ئەوروپییە کۆڵۆنیایستەکاندا و وەک نەریت ڕێکخراوی توێژەرانی جیهانیی جینۆساید لەو وڵات و هەرێمانەدا دەبەستێت کە جینۆسایدیان تێدا ئەنجام دراوە. لێرە پەیپەرە باسەکەی بەندە بە ناوی ئەنفال وەک جینۆسایدی کورد Anfal as Kurdish Genocide بوو، کە لە پانێڵی پێشکەش کرنیدا و لە ئەنجامی لۆبیکردنی برادەرە دڵسۆز و چالاکەنماندا لە جیاتی بیست خولەک زیاد لە سەعاتێکیان بۆ تەرخان کردین کە موناقەشە و پرسیارێکی زۆری بەرپاکرد و خەڵکێکی زۆریش، بەتایبەتی ئەرمەن و جوو تێیدا بەشدار بوون و سەدا و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو. هەروەها خانمێکی کوردی دانیشتووی کەنەداش بە ناوی گوڵستان ئەبوزەید باسێکی بەپێزی لەسەر جینۆسایدی کورد پێشکەش کرد. خۆش ئەوەیە کە هاتینەوە هیچ لایەک بەم وەزارەتەی شەهیدان و ئەنفالیشەوە نەیپرسی ئەرێ برالە چیتان کرد و مەسەلەی جینۆسایدی کوردتتان گەیاندە کوێ!! من خۆشحاڵم ئەمساڵ بۆ کۆنفرانسی ڕێکخراوەکە لە بەرشەلۆنەی ئیسپانیا و زێدی خەڵکی بەشخوراوی کەتەلۆنیا ئەم تیمە گەورەیەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکەی حکوومەتی هەرێم بەجینۆسایدەوە بەشدارن و بەپێچەوانەی نەریتی ئەم ڕێکخراوە کە پێشتر نەدەبوو کەسانی سەربە هیچ حکوومەتێکی تێدا بووایە و دیارە لایەکی خێر لە کورد کراوەتەوە و بەهیوام ئاقیبەتی خێر بێت.
بێگومان تەواوی خەرج و مەسرەفیشیان بەزیادەوە لە سەر وەزارەتە. من دڵنیام ئەم تیمە چەند کەسێکی کەم شایستە و پسپۆڕی پرسی جینۆسایدیان تێدایە و سوود دەگەیەنن، بەڵام ئاخۆ بەدەر لەو چەند کەسە کەمە کە بەهیوام شەش مانگ لەمەوپێش باس و بابەتەکانیان ناردبێت و پەسەند کرابن بۆ پانێڵەکانی کۆنفرانسەکە و شتێک لە مەزڵوومییەتی کورد بدەن بە گوێی دنیادا. بۆ زۆرێکیشیان مەسەلەکە هەر سەفەر گەشتی کات بەسەربردنی ئەوروپا نەبێت لە دوای پێنج ڕۆژی کۆنفرانسەکەوە! باشە ئاخر ئەم وەزارەتە نەیپرسی کەوا بێجگە لەکارمەندانی خۆی خەڵکانێکی تری توێژەر و ماندووی ئەم بوارە هەن و بە کردەوە خۆیان سەلماندووە؟ بەڵام لەبەر خەرجی سەفەر نەیانتوانیوە بەشداربن. توێژەرێکی مامۆستای یەکێک لە زانکۆکانی کوردستانیش کە خاوەنی کتێبێکی ئاستبەرزە لە سەر جینۆسایدی کورد بە زمانی ئینگلیزی و بەربژێریشە بۆ یەکێک ئۆرگانە باڵاکانی ئەم ڕێکخراوەی IAGS و دەبوو وەزارەت و هەموو کوردیش پشتگیریی بکردایە، کەچی بەداخەوە ئەم وەزارەتە وادیارە تەنها پەیڕەوی پەندە کوردییەکەی کردبێت: پاروو لە دەم بکەوێتە خوارەوە بۆ کۆش باشە!
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.