شوبات 15, 2023 Omer كیمیاباران 0
منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە و هەڵوەستەیەك لەسەر دۆسێیەكەیان
ئاماددەكردنی : شادی غازی عبدالكریم
ئەم بابەتە لە ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠١٣ گۆڤاری ئەنفالستان بڵاوکراوەتەوە. باسی منداڵە ونبووەکانی محمود فەتاح و دۆزینەوەی شڤان دەکات.. هاوکات ناوی کوردەوانیش لەگەڵ خوشکێکی بەناوی نیشتمان بەسەر گۆڕێکەوەیە.
پیشەكی
جینۆساید تاوانێكی ترسناكە و بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی دادەنرێ؛ سەرەڕای ئەوەش، ڕژێمی بەعس زیاد لە جارێك بەرامبەر بە میللەتی كورد ئەنجامیداوە؛ بێئەوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەنگی لێوەبێت. لە ناوبردنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیلی كورد بە هۆی ئەنفال و كیمیابارانەوە، زەقترین تاوانەكانی جینۆسایدن لەكوردستان كە بوونە هۆی شڵەژان و پەرتەوازەبوونی كۆمەڵگەی كوردەواری ولێكترازانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان؛ ئەمەش گەورەترین تێكچونی باری سایكۆلۆجی و كۆمەڵایەتیی لێكەوتەوە و بووە هۆی شێواندن و تێكدانی داب و نەریتی ڕەسەنی كوردەواری كە بنچینە وبنەمای سەرەكیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن لە نێو كۆمەڵگای كوردەواریدا.
هەربەهۆی ئەو كارە قێزەونانەی بەعسەوە بوو لەپاش لاچونی تەم و مژ لەسەر ڕووداوەكان دەركەوت كە ژمارەیەكی زۆری منداڵ ئاوارە و دەربەدەربون و دوور لە باوك و دایك و خێزانەكانیان لە وڵاتی غەریبیدا ژیان دەگوزەرێنن و بە دەم ئازارەوە دەناڵێنن. ئەوانیش ئەو منداڵە ونبووانەن كە دەبێ لە چاوەڕوانیدا دەستەو ئەژنۆ دابنیشن یان دەبێ چاوەڕوانی مەرگ بكەن. بۆیە زێدەڕەوی نیە گەر بڵێین ڕێژەی نەخۆشیی دەرونی لە نێو منداڵە ونبووەكانی ئەنفال و كیمیاباران، یەكسانە بە ڕێژەی نەخۆشیە جەستەییەكان و ئەو ڕێژەیەش ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بووندایە. زۆربەی ئەو منداڵانەی كە ونبوون، لە خوێندن دابڕاون و لە پاش دۆزینەوەی كەس وكاریشیان خەریكی كاركردنن و بژێویی ژیانیان زۆر خراپە. ئەم بابەتەی دەیخوێنیتەوە، بەسەرهاتی منداڵێكی ونبووی شاری هەڵەبجەیە كە لە كاتی كیمیاباراندا لە خێزانەكەی ونبووە.
لە هەڵەبجەوە بۆ ڕانیە
منداڵە ونبووەكە بەسێ ناو دەناسرێتەوە. لەسەر كێلەكەی لەمەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بە (نیشتمان مەحموود فەتاح) ناوی نوسراوە، لە كاتی ونبوونیدا بە (بەختیار عەلی ساڵەح) ناسراوە، لە كاتی دۆزینەوەشیدا كەسوكارەكەی ناویانناوە (شڤان) و ئێستاش ناوی (شڤان)ە. شڤان لە دیمانەیەكدا كە لە گەڵیدا سازمانكردبوو ئاماژەی بەوە كرد: من ئەوكاتە تەمەنم (5 بۆ 6) ساڵان بوو، هەرچەندە بەباشی ڕووداوەكانم بیر ناكەوێتەوە، بەڵام لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا لە خیزانەكەم دابڕاوم و كەوتوومەتە وڵاتی ئێران. لە یەكێك لە شارەكانی ئێران كە نازانم چ شارێك بوو ڕێم كەوتە خوێندنگایەكی گەورە كە منداڵی زۆری تێدا بوو و لەلایەن حكومەتەوە خواردنمان بۆ دابین دەكرا. لەوێ وا بەدەممدا هاتووە كە ناوم (بەختیار)ە و ئەم (بەختیار)ە كەوتووەتە بەر زمانم و بەو ناوەوە بانگ دەكرام (عەلی ساڵەح) بەڕێوەبەری ئەو مەكتەبە بوو كە خواردنی بۆ دەهێناین و سەرپەرشتیی دەكردین ئیتر ئەو بووە هاوكارم و هەر بە ناوی (بەختیار عەلی ساڵەح)ەوە بانگ دەكرام و منیش وەكو باوك و باپیرم حسابم بۆدەكرد. ماوەیەكی زۆر لەوێ مامەوە پاشان هاتوومەتە شاری ڕانیە. بەڵام نازانم چۆن گەیشتومەتە رانیە، لەوێ ڕۆشتمە مزگەوتێك و ئێوارانێك، لەوكاتەدا كە خەڵك ئەڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە، پیاوێك بەناوی كاك (حەسەن) لە منی پرسی تۆ چی ئەكەی لێرە ؟ وتم من خەڵكی هەڵەبجەم و كەسم نەماوە و هیچ شوێنێك نییە بۆی بڕۆم، بە نیازم لێرە بمێنمەوە. ئەویش ووتی: من ئەتبەمەوە بۆ ماڵەوە. مام حەسەن خێزانی پێكنەهێنابوو, بردمی بۆ ماڵی برایەكی بە ناوی (خدر نەجمەدین سێوەلی) لەوماڵە مامەوە و ژیانم بردە سەر، هەر وەكو خوشك و برای خۆیان حسابیان بۆ دەكردم و زۆر ڕێزیان لێ ئەگرتم و زۆر بۆم باش بوون.
ساڵی 2002 برادەرێك پێی وتم: پێت چۆنە لە ڕێی رۆژنامەوە ناوەكەت بڵاوبكەمەوە؟ پاشان بڵاوی كردەوە و چەندین كەس سەردانیان كردم كە زانییان خەڵكی هەڵەبجەم. جارێكیان كابرایەك هات بە زۆر ویستی بمبات بۆ سواڵكردن. ئەوپیاوە، كە منی برد بۆ بازاڕ خۆی لێدەشاردمەوە و نیازی خراپبوو بەرامبەرم. منیش كە گەورەبووم هەستم دەكرد كە نیازی خراپە؛ پاشان گەڕامەوە بۆ ماڵەكە و وتم ئەم پیاوە خۆی لێدەشاردمەوە و نیازی خراپە بەرامبەرم. ئەوماڵەش وتیان نایەڵین جارێكی دیكە كەس بتبات وەكو كوڕی خۆی و بەوشێوازە خۆی بكات بە خاوەنت. پێیان وتم لێرە دانیشە وەكو كوڕ و كەسی خۆمان. جاریكی تركەسێكی تر بەناوی (ماردین)ەوە هات كە لە گەڵ باوكم بوون، دایكم وخوشك وبرام نەمابوو، سۆزمان بۆ یەكتری دەجوڵا، پاشان رۆشتین بۆ وڵاتی ئێران و لە تاران پشكنینی(DNA)مانكرد، ئەو ماڵە یارمەتییان دام بگەڕێمەوە بۆ هەڵەبجە.
لە دوای ئەمەشەوە سێ ساڵە تووشی نەخۆشیی بوورانەوە و لەهۆشچوون بووم و شتم لە بیر ئەچێتەوە و ئەبوورێمەوە و تا (15) دەقیقە لە هۆشی خۆم دەچمەوە و بێئاگا ئەبم. چەند جارێك سەردانی دكتۆرم كردووە و داوودەرمان بەكارئەهێنم و تاوەكو ئێستاش بەو دەردەوە دەناڵینم، لە بارێكی دەروونیی زۆرخراپدام و ژیانم پڕە لە خەم و ئازار. لێرەوە ئەپرسم كەی بێت بتوانم ئەو ئازارە لە خۆم بكەمەوە و وەكو كەسێكی ئاسایی بە لەش ساخی ژیان بگوزەرێنم؟ بەداخەوە هەتاوەكو ئێستاش حكومەت هاوكاریی نەكردووم و سوودمەند نەبووم؛ زۆریش پەشیمانم هاتوومەتەوە بۆ هەڵەبجە، چەندەها جار قسەم كردووە و هیچ سودێكم لەم حكومەتە نەبینیوە.بۆیە داواكارم لە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان هاوكاریم بكەن و كاری پێویستم بۆ ئەنجام بدەن بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشییەكەم و دابینكردنی ژیانێكی تەندروست بۆم. خوشكێكی تریشم بە شێواز و هۆكارێكی پڕ لەئازار دۆزرایەوە.
لێدوانی خدر نەجمەدین (خدر سێوەیلی) دانیشتووی گەڕەكی ڕاپەڕین لە ڕانیە
كاتێك پرسیارم لێكرد چۆن ئەو منداڵەتان دۆزیەوە؟ وتی : ساڵی 1988 پرسەمان هەبوو، دوای چوارەم ڕۆژی پرسەكە مامێكم لە مزگەوتێك نوێژی كردبوو، ئەم منداڵەش(كاك بەختیار) بە بەردەمیدا هاتوچۆی كردبوو، ئەویش پرسیاری لێكردبوو تۆ كێیت و لەكوێ ئەژییت؟ ئەویش وتبووی: من خەڵكی هەڵەبجەم و هیچ كەسێكم نییە. مامیشم هێنابووی بۆماڵی خۆیان، دواتریش هێنای بۆ ماڵی ئێمە. ئەو كاتە من لە كار بووم لەماڵ نەبووم، كە هاتمەوە ئەو منداڵە لەوێ بوو.
زانیاریی تەواوی دەربارەی خۆی و خێزانەكەی نەبوو؛ بەڵام ئەیوت من ناوم (بەختیار عەلی ساڵەح)ە. هەندێ جار ئەیوت دایكم ناوی (ئامین)ە و هەندێ جار ئەیوت ماڵمان نزیكی شارە و بابم نەئەهاتەوە ماڵەوە تەنها بە شەوان ئەهاتەوە. لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە تاوەكو ساڵی چەند لەگەڵ ئێوە ئەژیا؟ ووتی: لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ساڵی 2002 چووینە گوند. لەو ماوەیەدا چەند كەسێك هاتن بۆ بینینی(بەختیار) و پاش بینینی ئەیان وت ئەم كوڕە كەسوكاری ئێمە نییە. برایەكم دوای ئەوەی ئامادەیی پیشەسازیی تەواوكرد لە گەڵیدا چایخانەی دانا.
ئەو كاتە لەڕانیە كەسێك بە ناوی (جوتیار) سەرۆكی شارەوانی بوو. كە چووبوو بۆ چایخانەكە چاوی بە (بەختیار)كەوتبوو و پرسیاری كردبوو، وتبوویان ئەوە خەڵكی هەڵەبجەیە. ئەویش بەڵێنی پێدابوو كە زەوییەكی بداتێ؛ تەنانەت ڕەقەم زەوییەكەشی پێدابوو، بەڵام لە سەر ئەوەی كە لە تەلەفیزیۆن چاوپێكەوتنیان لەگەڵكردبوو و سوپاسی جوتیاری نەكردبوو پەشیمان بووەوە لە پێدانی زەوییەكە. ئەوكات كەناڵی كوردسات هات و چاوپێكەوتنیان لەگەڵكرد؛ وتی من خەڵكی هەڵەبجەم و لە كیمیابارانەكەدا بەركەوتووم. ئەو كاتە ماڵی كاك مەحموود هاتبوون.
كاتێك كە كەناڵی كوردسات هاتن چاوپێكەوتنیان لەگەڵكرد، ئەوان وێنەی ئەوكاتەیان پێبو كە وێنەكانیان بەراوردی یەكتری كرد خوشكەكەی (ماردین) گومانی لادروست بوو، بە قسەكردنیان گومانێكیان لادروست بوو كە ڕۆشتنەوە و دوای هاتنەوە وتیان ئێمە ئەیبەین پشكنینی بۆ ئەكەین كە منداڵی ئێمە بوو باشە ئەگەر وانەبوو ئەوا ئەتاندەینەوە. كە بردیان بۆ ئێران لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و شیكاریی بۆ كرا، خۆشبەختانە منداڵی ئەوان دەرچوو. ئێستاش وەكو برا دایدەنێین، وادەزانین برایەكمان لە هەڵەبجەیە لە براكەشم خۆشتر ئەوێت. لە ڕووی یاساییشەوە برای ئێمەیە و ناسنامەشمان بۆ دەركردوو.
سەبارەت بە هەڵسوكەوتمان لە گەڵی، ئیمە لە گەڵ براكانی خۆمان جیاوازیمان نەكردووە، وەكو ئەندامی خێزانەكەی خۆمان حسابمان بۆ دەكرد. لە ئیشوكاریشدا منداڵێكی زۆر چالاك بوو و وەكو كوڕی ماڵەوە هەڵسوكەوتی دەكرد. ئەو كارانەی كە ئێمە دەمانكرد لە گەڵماندا ئەیكرد. كە ئاژەڵمان هەبوو زیاتر شوانیی دەكرد. پێشتر زۆر هەوڵماندەدا كە بخوێنێت بەڵام مێشكی وەرینەئەگرت و نەیتوانی بخوێنێت. وەسفی شڤان زۆر بێ ئەندازەیە، زۆر ڕێك وپێك و باشە، كەسێكی دەست پاك و جێی متمانەیە.
هەرهاتە لای ئێمە نەخۆش بوو وەكو ئەوەی تەزووی كارەبای لێبدەی وای لێئەهات. پێشتریش لە لای ماڵێكی دیكە بوو لەڕانیە، بەڵام نازانم چۆن بوو. ئەوماڵەی دیكەش دەناسم؛ مالێكی باش بوون. تاوانی ئەم كارەش ئەخەمە ئەستۆی سەدامی گۆڕبەگۆڕ.
كاك خدر لە دواوتەیدا گوتی: داواكارین كە هاوكاریی بكەن بە تایبەتی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكەی، ئەگەر بكرێت خانەنشین بكرێت. ماڵی خۆشمان لە ڕووی هاوكاری كردنەوە هیچمان بۆ نەكراوە، چاومان لەوە نییە كارمان بۆ بكرێت بەڵام تەنها باوكم خانەنشین كراوە و مافی خۆمانە ئیشمان بۆ بكرێت.
شڤان خوشكەزامە
ڕەحمان حاجی كەریم حەسەن لەباوەنوور وتی: (شڤان) خوشكەزای منە؛ بەڵام بە هۆی منداڵەكانی براكەمەوە پێمدەڵێت: مامە، ئەم كوڕە لەكاتی كیمیابارانەكە لەگەڵ دایكیدا بووە و دوو خوشك و دوو برا بوون، یەكێك لە خوشكەكانی، باوكی لەگەڵ خۆیدا ڕزگاری كردووە، خوشكێك و دوو برا لەگەڵ دایكیدا بوون و دیارنەماون، یەكێك لەو خوشكانەی نازانرێ چۆن كەوتووەتە ئێران و لەوێ چووەتە ڕەوزە و پیاوێكیش ئەوكچەی بردووەتە لای خۆی و لەگەڵ منداڵەكانی خۆیدا بەخێوی كردووە و ئەوپیاوەش سەربە كۆمەڵەی كوردستانی رۆژهەڵات بووە و لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە حوكمی لە سیدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە. كاتێك برا و كوڕ و كەسوكاری هاتوون بۆ لای، پێی وتوون دوای من ئەم كچە ناژی لای ئێوە؛ بیبەنەوە بۆ سلێمانی لە كوردستان بەڵكو كەسوكاری بدۆزێتەوە، ئیتر ئەم كچە هاتە سلێمانی. چۆنیەتیی دۆزینەوەی ئەمیش وەك دۆزینەوەی شڤانی برای وابوو.
ماڵێك گرتوویانەتە خۆیان و بە خێویان كردووە و پاشان پوورێكی كە خوشكی (مەحموود)ی باوكی بووە زانیویەتی و وتوویەتی: مەحموود ئەمە (ماردین)ە لێرەیە كە تەلەفۆنی كردووە بۆ باوكی، چوون هێنایانەوە و ئیستا لە لای باوكیەتی و شووی كردووە. بەداخەوە سەرباری ئەوەی هەژارە نەخۆشیشە. ئەو كاتە تەمەنی (7) ساڵان بووە. (ماردین) یەك ساڵ لە (شڤان) گەورە ترە، ئەویش ناوی خۆی نەزانیوە و لە ئێران ناویاننابوو(هێرۆ) و خوێندنی تەواو كردووە لە بەشی كارەبا. دوای (7) حەوت ساڵ دۆزراوەتەوە.
(شڤان)یش دوای (14) ساڵ لە ڕانیە پەیدابووەوە و دۆزراوەتەوە. ئەڵێن دوای دووەم و سێیەم ڕۆژ لە كیمیابارانەكە خەڵك هاتووەتە ناوشارەكەو ئەمیش منداڵ بووە، برسیی بووە لەو ناوە بینراوە خەڵك بردوویانە بۆ ئێران و لەوێ خراوەتە باخچەی ساوایان، دواتر چووەتە چوارقوڕنە و ڕانیە، لەوێ چووەتە مزگەوتێك پیاوێك سەیر دەكات منداڵێكی داماوی ڕووتەڵەی لاوازی برسیی لێیە، پرسیاری لێدەكات ئەڵێت چیت ناوە و خەڵكی كوێیت و چیت بەسەرهاتووە؟ ئەویش هەر ئەوەندەی ووتووە كە من هەڵەبجەییم. ئیتر مام حەسەن بردوویەتییە ماڵی خۆیان و شۆردوویانە و خواردن و جلوبەرگیان پێداوە و لەوێ كردوویانە بە كوڕی خۆیان و (14) ساڵ لەوماڵەدا بووە و لەگەڵ منداڵەكانی خۆیدا دایناوە وجیاوازییانی نەكردووە. دوای (14) ساڵ كە تێگەیشتووە بانگەوازی كردووە تاوەكو كەسوكاری خۆی بدۆزێتەوە. پاشان خەڵكانێكی هەڵەبجەیی هاتوون بۆ بینینی و سۆزیان بۆی نەچووە و وتوویانە هی ئێمە نییە. پاشان باوكی چووە و سۆزیان بۆ یەك چووە و وتوویەتی ئەمە (شڤان)ە كوڕی منە. ئەو ماڵەش كە شڤانیان گرتبووە خۆیان، وتوویانە ئێمە بەو شێوازە ناتدەینێ تاوەكو بەڵگەیەك نەبێت بە دەستەوە؛ پاشان دوای شیكاریی(DNA) لە ئێران، بۆیان دەركەوتووە كە منداڵەكەی خۆیەتی، ئەمانیش بە زەمانەت داویاننەوە.
خێزانەكەی ڕانیە زۆر زیاتر لە باوكی خۆی ڕەحمیان بۆی هەیە؛ بنەماڵەیەكن زیاتر لە (20) كەسن لە برا و خوشك و كەسوكاری خۆیان زیاتر خۆشیان ئەوێت. شڤان ماوەیەك لەگەڵ ماڵی باوكیدا بوو پاشان بە هۆی نەگونجانیان لەگەل باوەژنی، ماڵی خۆیانی بەجێهێڵا و چو بۆ باوەنوور بۆ ماڵی باوكم. باوكم و دایكم پیر بوون، هات بۆلای من وتی مامە چی بكەم؟ منیش لە مەڵبەندەوە كتابم بۆ كرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، كردم بە پۆلیس. كە بوو بە پۆلیس شەوان لە مەركەز ئەخەوت؛ منیش وتم بۆ لە مەركەز ئەمێنیتەوە؟ وتی باپیر و نەنكم پیر بوون و ناتوانن، نامەوێ ببم بە بار بەسەریانەوە. منیش پێموت وەرە بۆ ماڵی خۆمان؛ دوو كوڕم هەیە تۆ ببە بە یەكەم كوڕ و دوانەكەی تر ببن بە دووەم و سێیەم. وەعد بێت پیش ئەوان ژنت بۆ بێنم. دۆست وخزمانم ئەیانوت خۆت كچت هەیە بۆ ژنی نادەیتێ؟ منیش وتم گەر كچی منی بوێت و بە یەك ڕازی بن، من هیچ كێشەیەكم نییە؛ منیش بە خێزانەكەمم وت و ئەویش دواندی، وتی: من حەز ناكەم لە مامم دوور بكەومەوە چونكە مامەم زۆر دڵسۆزە بۆم؛ منیش كچەكەی خۆمم پێدا و كردم بە خاوەنی خێزان وخانوو. ئێستا خاوەنی دوو منداڵە؛ كورێك بەناوی (فەهەند) وكچێك بە ناوی (سروە) دوای چەند ساڵێك توشی نەخۆشی درێژ خایەن بووە و كاریگەریی لە خۆی و ئێمەش كردووە. ئێستاش (شڤان) ماڵی لە هەڵەبجەیە، منیش بە هۆی نەخۆشییەكەی ئەوەوە ماڵەكەم هێناوە بۆ هەڵەبجە. چارەسەری نەخۆشییەكەشی دیارنییە. كوڕێكی زۆرباش و ڕێكوپێكە.
داواكارین لە حكومەت ولایەنە بەرپرسەكان كاری پێویستی بۆ ئەنجام بدەن بە مەبەستی هاوكاری كردن و چارەسەركردنی؛ جا لە دەرەوەی وڵات بێت یان هەرجێگایەكی تر، چونكە بەركەوتەی چەكی كیمیاییە و بە بڕێك پارە دەتوانریت نەخۆشییەكەی چارەسەر بكرێت. خۆی توانای چارەسەری نییە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.