یادی ئەنفالی ئەمساڵ جیاوازە
هۆمەر موحەمەد
٩ی نیسانی ٢٠٢٢ -سلێمانی
ئەمساڵ لەیادەوەری ئەنفالدا هەستێکی ترم هەیە، هەستی دڵخۆشی، بەوەی خەریکە خەڵک خۆیان لەبری ئەوەی دۆسێی ئەنفال بەحکومەت و دەسەڵاتێکی پاسیف بسپێرن، خەریکن کارێک دەکەن، کە دەمێکە چاوەڕوانی دەکەم، خاوەندارێتی دۆسێیەکە لە حکومەت و خەڵکی پاسیف و هیچ لەباردا نەبوو دەستێننەوە، دڵخۆشم بەوەی خەریکە خەڵک ڕێگەی ڕاستی خۆیان و یادکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆیان دەدۆزنەوە. لەبری مانگرتن (بایکۆت) کاردەکەن، بەکردەوە یادی ئازیزانیان دەکەنەوە.
زۆر دەمێک بوو لەهەوڵی ئەوەدابووم کەسوکاری ئەنفالکراوان بهێنمە سەرئەو قەناعەتەی خۆیان بەپارەو هەوڵی خۆیان لە دەروازەی گوندەکانیاندا دیوارێک دروستبکەن و ناوی هەموو ئەنفالکراوەکانی گوندەکەیانی لەسەربنوسن. نەک هەرئەوەندە بگرە هەرکەسەو ناوی هەموو ئەنفالکراوەکانیان لەسەر بەردێکی مەڕمەڕ یاخود لەسەر پلێتێک یان تابلۆیەک بنوسن و لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆی بەتەنیشت ئامێری زەنگی دەرگاکەیانەوە هەڵی بواسن بۆئەوەی هەم ببێتە رێزلێنانێک بۆ ئەنفالکراوەکان و هەم بۆ کەسوکاریان و هەم بشبێتە ڕێگەیەک بۆدۆکێومێنتێکی راستەقینە. ئەوا خۆشبەختانە خەریکە خەونەکەم و هیواکەم دێتە دی و خەڵکێک پەیدابوون کە هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەن، دەیانەوێ کارێکی بەرزئەنجام بدەن، کارەکەی وەستا فەرمان هەوێنی کاری داهاتووی خەڵک و هۆی دڵخۆشییەکەمە.
هەمووتان دەتوانن وەک فەرحان بکەن.
فەرحان سلێمان کوڕێکی گەرمیانی خەڵکی گوندی قەڵاچەرمەڵەی سەربە قەزای کفرییە، ماوەی دووساڵێک دەبێت مەراقێک هەراسانی کردبوو، ئەوا ئێستا مەراقەکەی بەرهەمی هەیە دیواربەندێکی بۆ ئەنفالکراوانی گوندەکەی دروستکردووەو ناوی هەموویانی لەسەر نوسیوە، ئەم کارو مەراقە هەم رێزی بەکردەوەیە لەئەنفالکراوان و هەم رێزە لەخودی خۆی وەک مرۆڤ، چونکە مرۆڤ بەبێ یادەوەری جگەلە کۆتەرەدارێکی وشکهەڵاتوو هیچی ترنییە، بۆیە وەک مرۆڤێکی زیندوو چالاک، دەیەوێ یادەوەریی لە زەینی خۆی و ئەوانیدیدا بهێڵێتەوە.
تێڕابمێنەو ئەم کارە مەزنەی فەرحان بەکەم مەگرن، بەڵکو چاوی لێبکەن، هاوکاری بکەن، ئێوەش هەریەکەتان دەتوانن لە گوندەکانتاندا هەمان کاری فەرحان بکەن، هەم خۆتان بەکارێکی باش دڵخۆش بکەن و هەم ڕۆحی ئەنفالکراوەکانیشتان ئاسودە بکەن.
بیرتان نەچێت ئەم هەوڵە جوان و بایەخدارەی (وەستا فەرحان) بەنەرمی کارێکی تریش دەکات .. وەک خەباتێکی کلتوری ئەگەر ئەمە ببێتە بەنەریتی گوندنشینانی دی. تاوانبارانی ئەنفال و تۆمەتباران و ئەوانەی هەتا ئێستا شەرمەزاری و خەجاڵەتییان نەکێشاوەو تامی تەریق بوونەوەیان نەنۆشیوە بەبینینی ئەم دیوارانە ئەگەر کەمیش بێت خەجاڵەتی دەنۆشن . بەسە تۆش چیدی مەڵێ چیکراوە بۆ ئەنفال، بڵێ من چیم لەدەستدێت بیکەم ؟ فەرحان ئەوەی کرد، نەوەستا بەدیار پرسیارە بێ بەرهەمەکەوە، خۆی دەستی پێکرد و ئەوەی کرد کە لەدەستی هات. هەرهێندەم لە دەستدێت بڵێم : دەستتخۆش وەستا فەرحان دڵخۆشم بەبوونت.
کارەکانی پێشتر
هەرچەندە پێش وەستا فەرحان، کاری ترم بینیوەو کەم وزۆر لەگۆڤاری ئەنفالستاندا بەسەرم کردوونەتەوەو دەربارەیانم نوسیوەو نابێت لەنرخاندنی کارەبەهادارەکەی وەستا فەرحاندا ئەوانیش نادیدە بگرم، بەڵام نایشارمەوە هیچیان هێندەی ئەو دڵخۆشیان نەکردم.
ساڵی ٢٠١١ لەگوندی ئۆمەربل دیوارێکم بینی بەڵام ئەوان تەنها ناوی شەهیدەکانی سەنگەریان لەسەر نوسی بوو، هەرئەوکاتە من ئەوەم بەخەیاڵدا هات و داوام لێکردن کە ناوی هەموو ئەنفالکراوانیش بنوسن. ئەگەرچی رەتیان نەکردەوەو پێیان باش بوو، بەڵام هێشتا لەوێ هیچ هەنگاوی بۆ نەنراوە، ساڵی ٢٠١٣ چوم بۆ خورماتوو بینیم کە خەڵکی دوزخورماتوو لەناو گۆڕستانی شارەکەدا ناوی ئەنفالکراوانی ناوچەی داوێیان لەسەر دیوارێک نوسیوە.
دیواری ئەنفالکراوانی نەوجول
هەرئەوساڵە خەڵکی نەوجول هەمان ئەم کارەیان کردو دەربارەیانم نوسی، بەڵام هێشتاکارەکەی وەستا فەرحان جوانترو کاریگەرترە. بەتایبەتیش کە بەتەنیا شانی داوەتەبەرو لەسەربەردی مەرمەرو بەدیزاینێکی شایستە کردوویەتی، خۆزگە هەموو خەڵکی گوند هاوکارییان دەکرد.
گوندی قەیتول
گوندی قەیتولیش لەناحێی قادرکەرەم لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣ ەوە زۆر پێش ئەوان لەسەر بودجەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەسەرپەرشتی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەهەوڵی محەمەد قەیتولی و خەڵکی گوندەکە مۆنۆمێنت و دیوار بۆ ئەنفالکراوەکانیان دروستکراوە، بەڵام لەبەردوری ناوچەکە رێم نەکەوتووەتە لایان دەنا کارەکەیان جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە. بەهیوام ئەمە ببێتە نەریت وکلتورو ناوی ئەنفالکراوەکان لەهەموو گوندێک پارێزراووبێت.
خەریکە دەبێتە کلتور
خۆشبەختانە ئێستا خەڵکی دێی بنەکەش هەمان کارەباشەکەیان کرد، وەک لەوێنەکەدا دیارە خەڵکی بنەکە خەریکی کاری دروستکردنی دیوارەکەن، بەپێی زانیارییم ماوەی سێ مانگە خەڵکی گوند بەکاری هەرەوەزی خەریکن، وەک بڕیاریان دابوو بۆ یادی ئەمساڵ تەواویان کردووەو فریای یادی ئەنفالی ئەمساڵان خست.
جوانی کارەکەی دێی بنەکە لەوەدایە بەهەرەوەزی دەیکەن و پێکەوە خاوەندارێتی لەم دیوارەو لە دۆسێی ئەنفال و کەسوکارە ئەنفالکراوەکەیان دەکەن.
بەهیوام خەڵکی بنەکە کە ٢٦٣ کەسیان ئەنفالکراوە، بۆ ئەم کارە گرنگە ڕو لە حزب و حکومەت نەنێن، بەڵکو هەربەموچەی ئەنفالکراوەکانیان کارەکەیان تەواو بکەن و ئەم شەرەفە تەنها بۆ ئەنفالکراوەکانیان بێت و بەشان وقۆڵی خۆیان و بەوموچەیە بێت کەلەبری خوێنی ئازیزانیان وەری دەگرن بۆئەوەی هەم ببێتەشەرەفێک بۆئەنفالکراوەکانیان و هەم کەسیش نەیکات بەمنەت بەسەریانەوە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.