گوڵ و یاسا بە کوردی
سەرکەوت جەلیل *
ئاشنابوونم بە دکتۆر مارف عومەر گوڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2007 و 2008. ئەوکات لە پۆلی سێی کۆلێج بووم، ئەویش ماوەیەکی کەم وەک جێگرەوەی مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی، وانەکەی پێ وتینەوە. لە دوای ئەوەوە، توانیم چەند کتێب و توێژینەوەیەکی بخوێنمەوە، لەوانەش کەسایەتیی یاسایی نێونەتەوەیی گەلی کورد، جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا، پۆلێنکردنی تاوانەکانی ئەنفال بەپێی جۆرەکانی جینۆساید، پێکهاتنی یاسای نێودەوڵەتان و پێوەندیی بە یاسای ناوخۆیی دەوڵەتەوە، لەگەڵ بارودۆخی کورد لە چەند بابەتێکی یاسای نێودەوڵەتاندا.
وەک لە ناونیشانی کتێبەکانەوە دەردەکەوێت، هەندێک لە نووسینەکان باسی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان(جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی)ـن دژی کورد لەبەر ڕۆشنایی حوکم و پەیماننامە و بڕیاری ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکاندا؛ لەوانەیدا زیاتر لەگەڵ بابەتی یاسای تاواندا مامەڵەی کردووە و کرۆکی لێکدانەوەکانیشی تاوانی دەوڵەتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریایە دژی کورد. وەک ئەوەی دەڵێت: “خاڵی سەرەکیی سەرجەم سیاسەتی هەر چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان، هاوبەشە و هەمیشە توانیویانە لەسەر لێدانی بزووتنەوەی کورد و وێرانکردنی کوردستان و فەوتاندنی نەتەوەیی کورد وەک گەلێکی سەربەخۆ، یەک بگرن”. لە هەندێکی تریاندا دەیپەرژێتە سەر دیو و پرسی گرنگی تر، هەندێک پرسیاری تیۆریایی بایەخدار، لەوانەش پرسی کەسێتیی یاسایی لە یاسای نێودەوڵەتیدا: ئایا گەلانی بێ دەوڵەت و بەتایبەت کورد، چ پێگەیەکی یاساییان لە یاسای نێودەوڵەتی و نیزامە جیهانییە باڵادەستەکەی ئێستادا هەیە؟ وەک دکتۆر خۆی دەڵێت: “دەکرێت حکومەتی خوارووی کوردستان بکرێتە ئۆرگانی بەجێگەیاندنی کەسایەتیی یاسایی نێونەتەوەیی، بەو مەرجەی زەمینەی دەستووریی هەبێت و لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا بەشدار بێت … چونکە ئەو کەسایەتییە بەبێ بەشداربوونی حکومەتی کوردستان نایەتە دی”.
کتێب و توێژینەوەکانی دکتۆر مارف بە گشتی، دوو شت، یان دوو خاڵی گرنگ نیشان دەدەن:
یەک: دکتۆر مارف بەشێک یان چمکێک لە مەعریفە و شارەزایی (یاسایی)ـی خۆی، بۆ پرس و دۆزی نەتەوەیی تەرخان کردبوو. ڕاستە ڕەنگە هۆکار ئەوە بووبێت، کە پسپۆڕییەکەی یاسای نێودەوڵەتی بوو، بەڵام هەر دەبوو و دەبێت وا بێت! ئاخر خۆدزینەوە لە پرس و پرسیاری نەتەوەیی کورد بە ناوی پسپۆڕی و بابەتیبوونەوە، بیانوویەکی لاواز و بگرە شەرمهێنەریشە! دۆخی کورد، بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، دۆخێکی تایبەت و ناوازە بووە: گەلێکی ستەمدیدە، خنکێنراو، گەمارۆدراوی داگیرکراو، بە چەندان هەوڵ و تێکۆشانی شۆڕشی چەکدارییەوە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و دەوڵەتی سەربەخۆ. پێشتریش بەشێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران لە ڕابردوودا جەختیان لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، کردووەتەوە و باری سەرنجی خەڵک و خوێنەوارانیشیان بە لای دۆزی نەتەوەییدا، بردووە، لەوانەش عەبدولڕەحمان زەبیحی لە کتێبی ڕەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم و مام جەلال لە کتێبی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی.
دوو: دکتۆر بە زمانی کوردییش دەینووسی. ڕەنگە لای زۆرێک سەیر بێت، کە بۆچی نووسینی بە کوردیی مامۆستایەک(ـی زانکۆ) هێندە گرنگ بێت؟! بەڵام گەر لە یەکێک لە کۆلێجەکانی هەرێمی کوردستان، یاسات خوێندبێت و بزانیت کە کەمن، دەگمەنن ئەو یاساییانەی کوردییەکی پوخت و ڕەوان بزانن و پێی بنووسن، ئەوکات دەزانیت کە کوردیزانین و بەکوردی نووسینی یاسایی چەندە کەم و بایەخدارە! لێرەدا مەسەلەکە زار و قسەکردن نیە، بۆ ئەوەیان هەموومان کوردین، زۆرێک لە مامۆستا و شارەزایانی یاساش بە کوردی دەدوێن و وانەش دەڵێنەوە. بەڵکو مەبەست هەبوونی توانای نووسینی بەتایبەت یاساییە بە کوردی. هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ یان نانووسن، یان کەم دەنووسن، کاتێکیش دەنووسن بە دەگمەن دەبینیت بە کوردییەکی ڕەوان بنووسن و بڵاو بکەنەوە. پەیوەندیی نێوان زانستی یاسا و زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان و لای خوێندکار و مامۆستا و دەرچووانی کورد (دادوەر، مافپەروەر، پارێزەر، مامۆستای بەشەکانی یاسا لە زانکۆ و … هتد)، پرسێکی ئاڵۆزە، وردبوونەوە و کنەکردنی زیاتر و تایبەتی دەوێت: چۆنە دوای سی ساڵ حوکمڕانی بە زمانی خۆت، هێشتا لای کەمی زانست بەگشتی و یاسا بەتایبەتت نەکورداندووە؟ بۆچی تا هەنووکە زۆرێک لە مامۆستا و شارەزایانی یاسا لە هەرێمی کوردستان، نەک هەوڵی تێپەڕاندنی زمانی بیانی، بەتایبەت عەرەبییان نەداوە، بەڵکو پێشیان وایە هەولێکی لەو جۆرە بێهوودە و بێسوودە؟ لێرەوەیە هەوڵ و ڕیسکی دکتۆر مارف و چەند کەسێکی تری کەم، کە ئاوڕیان لەو خاڵە داوەتەوە و هەوڵی خۆیانیان داوە و ویستوویانە تەنیا بۆ نوخبەیەکی بیانی نەنووسن، بەڵکو مەعریفەکەیان بە گەلی خۆیشیان بگەیەنن. هەوڵەکانی ئەو بەڕێزانە، سەرەتا بوون، هەنگاوی یەکەم بوون، کە ئومێد دەکەم کەسانی تریش لەسەری بڕۆن و بەردەوام بن و بە بیانووی وەهمی و خەیاڵاوی، لەوە زیاتر خۆیان و زمانەکەیان پەک نەخەن!
٭ خوێندکاری دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی.
سپاس بۆ هاوڕێ تەحسین تەها و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.